په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١١\٢٠٢٤

گەشەكردنی كەركووك

لە قەبارە و ژمارەی دانیشتوان.


عەلی مەحمود محەمەد   

تایبەتمەندییەكانی شاری كەركووك.

كەركووك وەك هەر شارێكی لە شارەكانی ئەم گەردوونە ، ئەو هۆكارانەی بە شێوەی گشتی ، بوونەتە هۆی گەشە و گەورە بوونەوەی شار و ڕێژەی شارنشینی لە جیهان ، هەمان كاریگەرییان لەسەر گەشەكردنی شاری كەركووك و بەرزبوونەوەی ڕێژەی شارنشینی لەم دەڤەرە داناوە ، لە نێوان گەورە بوون و پوكانەوە *، كۆچی جوتیارانی هەرێمی كەركووك ، لە لادیكانییەوە بۆ ناوەندی شار ، بەدەر نییە لە یاسای جیهانی لە گۆڕانی پێكهاتەی كۆمەڵ ، لە گواستنەوەی كۆمەڵگە لە قۆناغی دەرەبەگایەتییەوە بۆ قۆناغی سەرمایەداری ، كە سیمای سەرەكی ئەم گۆڕانكارییە ، خۆی لە كۆچی بە كۆمەڵی جوتیاران لە لادێوە بۆ شار ، لە ژیانی لادێنشینییەوە بۆ شارنشینی دەبینێتەوە .
وەلێ نابێت ئەوە لە یاد بكەین شارەكان ، بە ئاست و پلەی جیا لە یەكتر گەشەیان كردووە ، هەموو بە یەك هێڵی هاوتەریب گەشە ناكەن لە مێژوودا ، پێشكەوتنی ئابوری ، لە باربوونی جوگرافیا و ژینگە ، هێمنی هەلومەرجی سیاسیی ناوچەكە ، ڕۆڵی خۆیان دەبیننن لەم بوارەدا .
گەشەكردنی شارەكان لە هەرێم ، وڵات ، كیشوەرەكان ئاست و شێوازی جودا جودا دەگرنە بەر ، شاری وا هەیە لەماوەیەكی دیاریكراودا لە نەش و نما دەكەوێت و دەپوكێتەوە ، تەنانەت لەسەر نەخشە دەسڕێتەوە ، شاری دیكە هەیە بە پێچەوانەوە بە ڕادەی پێشبینی نەكراو لە ماوەیەكی كورت خایەندا گەشە دەكات .
گرنگترین ئەو پێشمەرجانەی پێویستە لەو پارچە زەوییەدا هەبێت ، كە شارەكەی لەسەر دروست دەكرێت ، بۆ بەردەوام بوون و گەشەكردنی شار ، دەتوانیین لەم وتەیەی ئیبن خەلدونەوە بە گوێرەی كات و سەردەمی خۆی لەم خاڵانەدا چڕ بكەینەوە : (( ئیبن خەلدون لە سەدەی ١٤ ز باسی لەوە كردووە ، بوونی لەوەڕگە ، زەوی كشت و كاڵ ، سوتەمەنی ، كەرەستەی خانوسازی بۆ شوێنی شار گرنگە ، تاكو هاونیشتمانیان بتوانن پێداویستییەكانیان دابین بكەن ١ .
ئەگەر ئەمانە گرنگترین پێداویستی دروستبوون و گەشەكردنی شار بێت ، لە ٧ سەدە لەمەوپێش ، دیارە ئەم پێوەرانە لە ئێستادا گۆڕانیان بەسەردا هاتووە ، ژیانی نوێ پێشمەرجی نوێی بەرهەم هێناوە . شارێكی وەك دوبەی دڵۆپێك ئاوی شیرینی تێدا نییە ، كەچی بۆتە گرنگترین و پێشكەوتوترین شاری عەرەبی و هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست . سەنگافورە و هۆنگ كۆنگیش ناتوانن بە هەردوكیانەوە مێگەلە مەڕێك مام ناوەندی تێر بكەن ، یان خۆراكی بولبولی هاووڵاتییەكانیان بەرهەم بهێنن ، كەچی هەموو جیهان ئاواتە خوازن تێیاندا بژێن .
بە پێی ئەم پێوەرانەی ئیبن خەلدون دیاریكردوون ئەو پارچە زەوییەی شاری لەسەر دروست دەكرێت دەبێت دارای هەندێك تایبەتمەندی بێت ، لەو تایبەتمەندییانەوە دەتوانیین ئەوە هەڵێنجین ، ناوچەی كەركووك هەموو پێداویستییەكی بە شاربوون و گەشەكردن و نەشونماكردنی هەبووە ، چ لە ڕابردوودا ، یاخود لە ئێستادا ، كە پێداویستیەكانی گەشەكردنی شار گۆڕاوە .
هەرێمی كەركووك ، ئاوهەوایەكی گونجا و سازگار و لەباری هەیە نە گەرم نە سارد ، بۆ ژیان ، كشت و كاڵ ، بەخێوكردنی مەڕوماڵات
پلەی گەرماكەی لە نێوان ٨،٦ بۆ ٤٢،٨ پلەی سەدی یە (ئەتڵەسی كەركووك - ل٣٠) ، ڕێژەی باران بارینی لە نێوان زیاتر لە ٥٠٠ملم بۆ كەمتر لە ٢٠٠ ملمە ، لێ لە ناوەندی شار ٣٠٠-٤٠٠ملمە٢ .
زۆری لەوەڕگای بەرینی نایاب بۆ مێگەلەكانییان لە پێدەشتەكانی كەركووك ، هانی كۆچبارەكانی دەوروبەری داوە بۆ نیشتەجێ بوون لێی ، لەوەرگەی مەڕو ماڵاتی ڕەوەندەكانی باشور بووە لە وەرزە قات و قڕییەكاندا ، لەو دەشتاییە ئۆردویان هەڵدەدا ، زەوی تەخت و بەراو بۆ كێلان و كشت و كاڵكردن ، دەشتییەكی كاكی بە كاكی دەورەی شاری داوە ، دەشتایی دڵگیر تا دڵ حەزبكات جۆگەو جۆباری پڕ ئاوی پێدا دەڕوات ، لە پاڵ كارێز و ڕوبارەكان ، دەشتایی بان ساڵەیی تاكو دیدەی چاو تەختانی و پڕ لە گژ و گیایە ، تا دڵ بیەوێت بە پیت و بەرەكەتە .
گەنم و جۆ یەكێكە لە گرنگترین بەروبومە كشت و كاڵییەكانی هەرێمی كەركووك ، ئەم دوو بەروبوومە بە خواردنە ستراتیژییەكانی مرۆڤ دادەنرێت لە تەواوی مێژوودا ، دەتوانرێت بۆ مێژووی دوور هەڵبگرترێت و پاشەكەوتبكرێت ، هاوكات بەرگەی ڕێگەی دوور و سەخت بگرێت بۆ بازرگانی و گواستنەوە ، خواردنی سەرەكی و بەردەوامی مرۆڤیشە . هەندێك لە مێژوونوسان لەو باوەڕەدان ، جوتیارانی گەنم و جۆ ، بەهۆی بونی كاتی زۆری بەتاڵەوە لە زستان و بەهار ( گەنم و جۆ كاتی زۆری ناوێت بۆ وەبەرهێنان) ، زیاتر بیر دەكەنەوەو داهێنان دەكەن ، بۆیە زووتر تێكەڵ بە شارستانی بوونە لە مێژوودا . بە پێچەوانەی ئەو ناوچانەی جوتیارەكانی لە جیاتی گەنم و جۆ بە كاری چاندنی مەرەزەوە خەریك بوونە ، ساڵ ١٢ مانگ ، خەریكی بەرهەم هێنانن ، كاتیان نامێنێت بۆ بیركردنەوە .
گەنم بۆ یەكەم جار لە مێژوودا لەم ناوچەیە بەرهەم هێنراوە و بە جیهاندا بڵاوبۆتەوە . پاشماوەكانی گوندی چەرمووی ٣٠ ماڵەی نزیك كەركووك ، چەمی ڕێزانی دەڤەری قەڵاسێوكە ، باشترین بەڵگەن بۆ ئەو ڕاستییەی ناوچەی كەركووك دایانگەی شۆڕشی كشتوكاڵە .
(( كەركووك بارانی زۆر و ئاوهەوای فێنكە ، ناوچەیەكی بە بەرەكەتە بۆ بەروبوومی دێمی ، چاخی كشت و كاڵی سەرەتایی لە نزیك ١٠ هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە لە كوردستان ، چەمچەماڵ - چەرمو - چەم ڕێزان سەری هەڵداوە . یەكەم ئاوەدانی لە شێوەی گوندی كشت و كاڵی لە كوردستانەوە سەری هەڵدا ٣ .
لە مێژوودا كشتوكاڵ و بازرگانی لە پێشەوەی بزاوتە ئابورییەكانی كەركووك بوونە . كەركووك وەك شار و ناوچە ، گرنگی سێ لایەنەی هەبووە لە ڕابردوودا (( ناوچەیەكی كشت وكاڵی ، سەرەڕێی بازرگانی ، ستراتیژی شوێنی سەربازی)).
كشت و كاڵی ناوچەی كەركوك ، بەشێوەی گشتی دێمییە ، بەشێك لە زەوییەكەی گاسنی پێدا نەهاتبوو ، هاوكات بەراویش لە دەمزێ و چەم و جۆگەلەو كانی و كارێزەكانی كراوە . دەوروبەری كەركووك بە باخی میوەو ڕەزوو كارێزە پڕ ئاوەكانی ناسراوە لای گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناس و گەشتیارەكان .
بوونی لەوەڕگەی بەرینی نایاب ، ئاووهەوای گونجاوو لەبار ( نە سارد و نەگەرم) یارمەتیدەری پەروەردە كردنی بەربڵاوی مەڕوماڵات و ڕەشە وڵاخ و تەنانەت گامێش بووە لەم ناوچەیە .
لایەنێكی دیكەی گرنگی ئەم دەڤەرە ، بوونی سامانی ژێر زەمینی زۆر و زەبەنی ئاوی سازگارە .
بونی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە لە نزیك شار ، هۆكاری سەرەكییە بۆ بوونی هەر شارێك و گەشەكردنی .
كەركووك ناوچەیەكی دەوڵەمەند لە ڕووی هەبوونی ئاوەوە ، پاشەكەوتێكی گەورەی سامانی ژێر زەمینی ئاوی هەیە ، لەم ناوچەیە زۆر بە ئاسانی بیر دەگات بە ئاو ، سەرباری بوونی ئاوی سەرزەمینی زۆر تیایدا وەك زێی بچوك ، خاسە ، عەرەفە ، ناوچەی قۆرییە ، سیروان ، ... كانی و كارێز و ناعورەكانی .
ئاوی خاسە سەرباری خواردنەوە ، بۆ كشت و كاڵ و ئاودێری و كارپێكردنی ئاسیاوەكانی شار بەكار دەهێنرا . شوێنەكەی لە بەرزاییە ، بۆیە مەترسی لافاو لە سەر شار نییە .
هەرچی لە ڕووی كەرەسەی خانوەوەیە ، دەتوانیین كەركووك بە دەوڵەمەندترین شاری ناوچەكە دابنێین لەم بوارەدا ، دارای خاكێكی پتەو ، قوڕی جیڕو خۆڕاگر ، بەردو مەڕمەڕی بەهێزە ، جۆری كەرەسەی خانوو ، تەمەنی خانوو و شێوەی دروستكردنی دیاری دەكات .
كەركووك دارای ئاوهەوای مام ناوەندیییە ، بە پێی پێوەری ئیبن خەلدون بێت ، خەڵكەكەی ویستییان لە خانووی بەردینە (( ئیبن خەلدون باوەڕی وایە خەڵكی ناوچەی ئاووهەوای مام ناوەندی خانوەكانییان بە بەرد دروست دەكەن و بەشێوەیەكی هونەرییانە دەیڕازێننەوە ٤ .
كەرەسەی سەرەتایی خانوو دروستكردن لە كەركووك بریتییە : (ئاوی خاسە ، گەچ ، قایە ، گڵی سوور ، قەمیشەڵان ، دیرەگ .... ).
بوونی كورەی بەرهەم هێنانی گەچ لە كەناری شاری كەركووك بە دوری نزیك بە ١-٢ كم لە قەڵاوە ، قایە و بەردی مەڕمەڕی سپی زۆر و زەبەن كە بەناوبانگە لە هەمان شوێن. هەروەها ڕوباری خاسە لە نزیكترین پنتی ئاوەدانیی كەركووكەوەیە ، قەڵا چەند مەترێك لێوەی دوورە ، سەرباری ئەوەی وەك ئاماژەمان پێیدا ، نزیكی لە سەرچاوەی ئاوەوە ، زوو گەیشتن بە ئاو بۆ لێدانی بیر و ناعور و كارێز .
گڵە سوورەی ناوچەی كەركووك ، بەناوبانگە لە خۆراِگری و جیڕی بۆ سواق دان و پڕكردنەوەی بان خانوو ، یاخود دروستكردنی خشت . تەنووری كەركووك لە هەموو عێراق و ناوچەكانیی دەوروبەرەوە دێن بۆ كڕینی ، بەهۆی باشیی گڵەكەی و خۆڕاگری و جیڕی قوڕەكەی .
نزیك بوونی شار لە ناوچەی ڕەزو باخ و دارستانەكانەوە ، وەك قۆرییە ، چەمی زەنگەنە ، سەرخاسە ، قەڵاسێوكە ، شێخ بزێنی خواروو سەروو ، قەرەحەسەن ، تازە ، خورماتوو .... ، هەروەها بێشەڵانی چڕ و پڕی كەنار چەم و ڕوبارەكان ، دەتوانێت پێداویستیەكانی خانوو دروستكردن دابین بكات ، لە داری دیرەگ و تەختەی دەرگا و پەنجەرە و قەمیش ڕێژكردنی خانوو ، لە قامیش كۆلێت و كەپر دروست دەكرێت ، سەری خانووی پێ دادەپۆشرێت ، كەركووك ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە پیشەڵانی قامیش .
هاوكات دابینكردنی پێداویستی ماڵان و حەمامەكانی شار لە سوتەمەنی ، هەروەها دەرگای ماڵان لە دار گوێزی پتەو دروست دەكران ، بزماری سەرپانی گەورە بەسەرییەوە ، تەنانەت بە ١٠ كەسی بەهێزیش ناكرایەوە .
زۆربەی شارە گەورەكان یان لەدەشتایین ، یاخود كەوتونەتە قەراغ ڕوبار و دەریاوە . كەركووك كەوتۆتە ناوەندی ناوچەی گەرمیانەوە ، جگە لەباربوونی كەشەكەی و بە پیتی خاكەكەی ، هاوكات كەوتۆتە دەشتاییەكی پان و بەرینی ئاودارەوە ، گەلی و دۆڵ و ملەی تەنگەبەر لە كەركووك نییە ، بۆیە قەڵای بۆ دروستكراوە بۆ پاراستنی لە هێرشی داگیركەران ، شار كەوتۆتە ناو قەڵایەكی لە گرتن نەهاتوو ، لە دامێنی دەشتێكی بەرینی پڕ لە هەڵەت و تەپۆلكە ، گردەكانی ستراتیژین بۆ كاروباری سەربازی ، ، ڕەزو باخی سەوزەی كەركووك لە وەبەرهێنانی تور و سڵق و سەوازایی بەناوبانگە لە ناوچەكە و هەموو عێراق .
پێكهاتەی جوگرافی شار ، كاریگەری لەسەر قەبارەكەی دادەنێت ، دەشتایی بوونی سنووری شار ، هۆكاری گەورەبوونەوەیەتی بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانی . كەركووك كەوتۆتە جەرگەی تەختاییەكەوە ، بە هەر چوارلادا توانای گەورە بونەوە و فراوان بوونی هەیە ، بە پێچەوانەی سلێمانی و ڕەواندز و ئاكرێ و ئامێدیی و ...... .
هەروەها لەباربوونی ئاووهەوا ، هاوكاری زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانە ، تا ئاووهەوا لەبار بێت ، تەندروستی هاووڵاتیان باش دەبێت و نەخۆشی كەم دەبێتەوە ، هاوكات پەیداكردنی خۆراك سانا دەبێت ، بۆ نموونە ئاوهەوا هۆكاری سەرەكی بوونی نەخۆشییە لە ناوچەی ئیستیوائی ، كە ئەمەش بە یەكێك لە خاڵە نەگەتیفەكانی كیشوەری ئەفریكا دادەنرێت ، یەكێك لە هۆكارەكانی زۆربوونی مردن و دواكەوتویی ئابوریی .
لایەنێكی دیكە بۆ درێژەدان بە ژیان و گەشەدان بە چالاكی ئابوری ، بوونی سوتەمەنی و وزەیە لە نزیك شار . لە چاخەكانی ناوەڕاست ، وزە بریتی بوو لە دار و پاشماوەی ئاژەڵ و ئاوو هێزی دەست و ئاژەڵ (دار و پاشماوەی ئاژەل زیانیان هەیە بۆ ژینگە) ٥ .
مێژوونووسە یۆنانییەكان لەپرۆسەی (ئەلیكسەندەری گەورەدا) ئاماژە بۆ سێ شتی گرنگی ستراتیژی سەردەمە كۆنەكان دەكەن لە كەركووك ئەویش ( قەڵا، ئاگر،ڕووباری نەوت)ە ٦. كەواتە كەركووك دەوڵەمەندە بە هەموو سەرچاوەكانی وزە .
وەك ئاماژەمان پێیدا ، كەركووك ناوچەیەكی لەبارە بۆ پەروەردەكردنی ئاژەڵ ، خەڵكی كەركووك ، بە بەرفراوانی كەڵكیان لە پاشماوەی ئاژەڵ وەردەگرت بۆ سووتەمەنی ماڵان و گەرمكردنی حەمامەكان ، ئەمەش زۆرجار سەرچاوەی نەخۆشییە كوشندەكان بووە لە مێژوودا . هەرچەندە دەرهێنانی نەوت لە كەركووك كۆنە ، وەك گرنگترین بەشی وزە ((لە ساڵی ١٦٣٩ وە نەوت بەشێوەی سەرەتایی لە كەركوك دەرهێنراوە ٧ . ((یەكەم بیری نەوت لە جیهان لە ساڵی ١٨٥٩ ز لێدراوە ٨.
قیر لای كریستانەكان پیرۆزی خۆی هەیە ، لە سواقدانی پەرستگاكان بەكاری دەهێنن . لە مێژووی كۆنیشدا بەكار هاتووە (( لە نێو گۆڕێك لە ئەشكەوتی ( شانەدەر) چەقۆیەك دۆزراوەتەوە ، كە لە بەردی مەڕمەڕ دروست كراوەو مستەكەی ئێسكەو بە قیر داپۆشراوە ٩. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی گرنگی بازرگانی شارەكەی زیاد كردووە.
بەم شێوەیە دەبینیین هەموو ئەو تایبەتمەندییە سروشتییانەی پێویستن بۆ دروستكردنی شار لە ناوچەیەك و گەشەكردنی ، بە گوێرەی پێداویستی سەدەی ١٤ و پێشتریش ، لە كەركووكدا بوونی هەبووە ، هەر بۆیە كەركووك توانیوییەتی بەردەوامی بەخۆی بدات وەك شار و گەشەشبكات .
بوونی نەوت بەتەنها لەم سەردەمە لە كەركووكدا بەسە بۆ بوونی ئەم شارە بە ناوەندێكی گرنگی سیاسی و كاڕگێڕی . هەر نەوتە كوێتی كردووە بە شار لەو بیابانە لماوییە ، دوبەیەكی دواكەوتویی كردووە بەگرنگترین شاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (( دۆزینەوەی نەوت بووە هۆی كۆبونەوەی دانیشتوان بە دەوری كۆمپانیاكان ، بێجی نمونەیەكە ١٠ .
لە پاڵ هەموو ئەمانەی تا ئێستا ئاماژەمان پێیاندا ، كەركووك مەزارگە و ئارامگەی كەسایەتی ئاینی جیاجیای تێدایە ، مەڵبەندی چەندین تەریقەتی سۆفییانە بووە لە كۆنەوە ، بوونی مەرقەدەكانی دانیال پێغەمبەر ، ئیمام قاسم ، زین العابدین لە كەركووكدا ، خاڵی بەهێزن ، هەروەها هۆكارن بۆ بەردەوامی دان بە كۆبونەوەی دانیشتووان لە دەورو بەریان ، بە تایبەت هەردوو مەرقەدی ئیمام قاسم و زین العابدین ، ساڵانە ژمارەیەكی زۆر شیعە دەچن بۆ سەردانی ، ئەمەش گەشە دەدات بە گەشت و گوزاری ئاینی ناوچەكە ، لە گەڵیدا بازاڕی شارەكە دەبوژێنێتەوە ، بوونی خانێك بەناوی هیندی خانلەر(خانی هیندییەكان) لە كەركووكدا ، كە بۆ زیارەتی شوێنە پیرۆزەكان لە هیندوستانەوە بۆی هاتوونە ، باشترین بەڵگەیە بۆ بۆچونەكەمان .
بوونی قەڵا لە كەركووك
لە ڕابردوو قەڵا قەڵغانی شارە بووە بۆ بەرەو ڕوبوونەوەی هێرشبەرانی دەرەوە ، بەبێ بوونی قەڵا و بورج شار ناتوانێت بەرەو ڕووی سوپای زۆر و زەبەنی هێرش بەران ببێتەوە ، شار بەرامبەر بە هەڕەشەی دەرەوە ، دەبێت پارێزراو بێت بە شورای قایمكراوو و قەڵای قایم .
بۆ بەرەو ڕوبونەوەی مەترسی دەرەوە ، دروستكردنی قەڵا پێویستی سەرەكی بوو بۆ درێژەدان بە ژیان ،(( قەڵا لە توانای سەربازی شار زیادەكات وتوانای بەرگری دەباتە سەر ١١.
مرۆڤ لە چاخە كۆنەكاندا ، لە سەردەمی نەبوونی پەیماننامەی نێودەوڵەتی و یاسا و ئاشتی دا ، هەموو كات لە قۆناغی جەنگدا بووە بەرامبەر بە دەرەوە . دەسكەوتی جەنگ ئابوری وڵاتی دیاریكردووە ، بەرهەمی نەتەوەیی وڵات بەشی زۆری لە ڕێگەی غەزەواتەكانەوە دابینكراوە ، بۆ خۆ پاراستن لە كارەساتەكانی شەڕی هێرش بەران ، قەڵا باشترین ئامراز بووە بە دەست گەلانەوە بۆ داكۆكی لە مانەوە . زۆربەی شارە كۆنەكان لەسەرەتادا بریتی بوونە لە قەڵایەك یاخود كەوتوونەتەوە ناو شورایەك ، لەوێوە گەشەیان كردووەو پەلیان هاویشتووە و گەورە بونەتەوە ، تاكو لە كۆتاییدا قەڵا بووە بە ناوەندی شار .
كەركووك بەهۆی شێوەی دروستكردنەكەی و چڕبوونەوەی لەناو قەڵا ، قەبارەی بۆشاییەكەی نزیك بوو لە ١١٪ ، نەبوونی ڕێگاو بانی بەرین وەڵام بە پێشكەوتنی هۆیەكانی گواستنەوەو داخوازی سەردەم بداتەوە .
گرنگی پێ نەدانی قەڵا لەلایەن دەوڵەتەوە ، خراپی خزمەتگوزارییەكانی ، لەم دەیان ساڵەی دوایندا ، دانیشتووانە دەوڵەمەندەكەی قەڵا بەرەو گەڕەكە هێمن و نوێكانی كەنار شار كۆچییان كرد ، لە جێگەیان هەژاران نیشتەجێ بوونە .
لەم ساڵانەی دوایندا بەشی زۆری دانیشتووانی قەڵا ، یان لەتوركمانە هەژارەكانی پێك دەهاتن ، یاخود لەو جوتیارە كوردانەی لە لادێوە كۆچیان دەكرد بۆ شار ، بەهۆی هەرزانی كرێ خانوو لە قەڵا دەگیرسانەوە .
لە سەدەكانی ڕابردوو ، دەسەڵاتی ناوچە لە لایەن قەڵاوە بەڕیوە دەبردرا . لەو سەردەمانە وەزیفەی شار زیاتر وەزیفەیەكی سەربازی بووە ، نەك وەزیفەی بەرهەم هێنان و ئابووری و كارگێڕی . بۆیە دەبینیین شارەكان بریتی بوونە لە سەربازگەیەكی گەورە : ((قەڵا لەسەرەتاوە دەزگایەكی سەربازی بووە ، كاری كردووە بۆ دابین كردنی ئاسایشی ناو قەڵاو و دەوروبەرەكەی . سەرباری ئەوەی ناوەندی كارگێڕیی ناوچەكەش بووە . لەگەڵ ئەوەشدا قەڵا تایبەتمەندی شاری نەبووە ، دانیشتوانەكەی بەشێوەی سروشتی لە سەربازان پێك دەهاتن ، ئەو سەربازانەی كاریان بە قەڵاوە پەیوەست بووە)) ١٢.
قەڵای كەركوك دانیشتوانەكەی لە سەربازان و دەست و پێوەندەكانییان و هاووڵاتیان پێك دەهات كە بە بازرگانی و پیشەگەری و فەرمانبەری و كشت و كاڵی ژیان دەگوزەرێنن .
وەك باسمان كرد شارە قەڵا، ڕۆڵی بنكەی سەربازی گێڕاوە ، لە زۆر كاتدا شوێنی كۆبونەوەی سەربازان و خێزانەكانیان بووە ، لەو شوێنەوە پەیوەندی بە دەوڵەتی ناوەندییەوە دەكرا ، قەڵای كەركووك نموونەیەكە بۆ ئەمە ، ناوەندی دەسەڵاتی مەركەزی بوو لە ناوچەكەدا .
كەركووك لە كۆتایی سەدەی نۆزدەهەم هەزاران سەربازی تێدا مۆڵدرابوو بە وتەی بارۆن ئیدوارد نۆڵد (( لەبەر چەند هۆیەك توركیا بە چاوێكی تر دەیڕوانییە ئەم شارە ، لێرەدا نزیك ٤٥٠٠ چەكداری دەوڵەتی تێدا مۆڵ درابوو ١٣ .
دروست بوون و گەشەی شار ، یان هۆكاری سەربازی لە پشتەوە بووە هەروەك كەركووك و هەولێر بە بوونی قەڵاكەی ، یاخود هۆكاری ئاینی بووە وەك نەجەف و كەربەلا ، یان هۆكاری سیاسی بۆ داسەپاندنی دەسەڵات بەسەر ناوچەدا وەك بەغدا، یاخود هۆكاری ئابوری بووە وەك موصڵ و بێجی .
شاری نەجەف لە سەدەی ٩ كۆچی وەك ئیبن بەتوتە دەیگێڕێتەوە ((باشترین شاری عێراقی بووە ، لە ڕوی بینا سازی و ڕێك و پێكییەوە ، بازاڕی باش و پاكژی هەبووە ، لە ڕێگای دەرگای ئاوەدانییەوە چوینە ژورەوە ، بازاڕی بەقاڵەكان و چێشتچی و نانەواكان پێشوازییان لێكردین ، دوایی بازاڕی سەوزەو میوە ، پاشان بازاڕی بەرگ دروو ..... ١٤ . كۆبونەوە لە دەوری ناوەندێكی كارگێڕی بۆ داسەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر خێڵەكان ، سەربازگیری ، باج سەندن ئەركەكانی شارن لە ڕابردوودا .
هەروەها ڕێكخستن پێویستە بۆ كۆبونەوەی دانیشتوان لە دەوری بازاڕ ، بۆ ڕێكخستنی كارەكان و پاراستنی نەزم و یاسا بازارگانییەكان و ڕێ گرتن لە فێڵ و تەڵەكەبازی و دزی و تاڵان ، ئەمانەش بەبێ دەسەڵات ناكرێت .
بازاڕ پێویستی بە چاودێری و باج و لێپرسینەوەو پاراستن هەیە ، باج نەدان بە دەسەڵاتی مەركەزی گەورەترین بەرەنگاربونەوەو تەحەدای سیاسی بوو لە ڕابردوو . بۆ دابینكردنی هەموو ئەمانە شار پێویستی بە دەسەڵات هەیە ، بەرزترین ئۆرگانی دەوڵەت لەو سەردەمە قازی قوزات و والی ولات و قائیدی قوات بووە ، كە ئەمانەش لە شار دادەنیشتن ، پادشاش لە پایتەخت ، هەروەها زیندان وەك شوێنی لێپرسینەوە لە پێشێلییەكان بەهەمان شێوە لە شاردا هەبووە .
بوونی سەربازگە پێویستە لە هەر ناوچەیەك ، لە لایەكەوە بۆ پاراستنی ناوچەكە لە داگیركاری دەرەوە ، كە بەردەوام لە بەردەم هەڕەشەی هێرشدا بووە ، لە لایەكی دیكەوە بۆ پاراستنی ڕێگاو بانەكان ، و سەركووتی یاخی بونەوەكان . هەروەها هاوكات ناوەندی كۆكردنەوەی باجی ڕاهداری(پاراستنی ڕێگاو بان لە دزی) لە خەڵك لەو كاروانانەی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ، باكوور و باشورەوە بە شاردا تێدەپەڕین بۆ ناوچەو وڵاتەكانی دیكە .
گەشەی شار پێویستی بە دابینكردنی ئاسایش و جێگیری سیاسی ، ئابوری ، كۆمەڵایەتی هەیە، شەڕ هەموو كات مەترسییە بۆ سەر گەشەی شار و مانەوەی .
كەواتە لە ئەنجامدا دەتوانیین بڵێین : باشترین ئامراز بۆ پاراستنی شار ، لە سەردەمی پێش پەیدا بوونی چەك و تفاقی سەربازی نوێ ، بوونی قەڵایە .
هاوكات ئەو شارانەی قەڵایان نەبووە ، شوراو دەرگای شارییان هەبووە ، نموونە ئەسكەندەرییە لە میسر ٤ دەرگای هەبووە ، شەوان دەرگاكانی داخراون ١٥ . بەغدا بەهەمان شێوە دەرگای هەبووە ، بەڵام موصڵ قەڵاو شورای پێكەوە هەبووە .


كەركووك بازاڕی ناوچەكە.


شار ناوەندی بازرگانی و چالاكی ئابورییە ، هەموو شمەكێكی بۆ دێت و لێوە دەرەچێت ، نیشانەی شارنشینی و بەرز بونەوەی ئاوەدانییە لە ناوچە .
ژیانی لادێ سادەو ساكارە ، شار شوێنی كولتوری بەكاربردنە ، خەڵك بە دوای خۆشیدا دەگەڕێن ، بۆیە بازاڕی بەردەوام لە گەشەكردندایە . لادێ ژیان تێیدا سادەو ئاسودە و هێمنە ، بەڵام ژیانی شار جەنجاڵ و ئاڵۆزە .
كەركوك نێوەندێكی بازرگانی گەورەیە لە ناوچەكە ، دەورو بەری ئاوەدانەو پڕە لە شارۆچكەو قەڵای ئاوەدانی، بازاڕی ساغكردنەوەی بەروبوومە كشتوكاڵییەكانی ناوچەكە و دەوروبەرەكەشی بووە.. . ناوەندی ناردەی خوری و مەڕوماڵات وبەروبوومی كشت و كاڵی هەرێمەكە بووە بۆ دەرەوەی ناوچەكە و وڵاتیش .... .
لە بەرزاییەكانی زاگرۆسەوە ، جوتیاران بەروبوومەكانیان لە بازاڕەكەی ساغكردۆتەوە . زۆربەی ئەو بەروبومانەی دەنێردرانە دەرەوە ، لەو بەروبوومانە پێك دەهاتن ، توانای بەرگە گرتنی ڕێگەی دوور و، مانەوە بۆ كاتی درێژخایەن ، بەرگەگرتنی سەختی ڕێگای پڕ هەوراز و نشێوییان هەبووە ، وەك دانەوێڵە و خوری و پێستەو .. .
(هەروەها هەمان هەڵكەوتو وای كردوە دامەزراوە بازرگانییەكان شارەكانی كوردستان لە یەكتری بچن ١٦ .
لە دائیرەی مەعارفی بەریتانیدا كەركووك وەك یەكێك لە بازاڕە سەرەكییەكان كوردستان سەیركراوە ١٧.
لەدائیرەی معارفدا بەم شێوەیە وەسفی كەركوك كراوە : (( بنكەیەكی گرنگ و سەرەكی بازرگانییە لە كوردستان )) هەروەها دەنوسێت (( كەركوك بە بازاڕی بەرهەم هێنانی كشت و كاڵی ناوچەكە دەژمێردرێت . جێگەیەكە بۆ هەناردنی خوری و دانەوێڵەو ماڵات و نۆك و كەتیرەی بەرهەم هێنراو لە بەرزاییەكانی زاگرۆسدا ١٨ .
لە بەرواری ٢٥-٦- ١٨٢٠ كلۆدیۆس جیمس ڕیچ ، لە گەشتەكەی كوردستانیدا ، كاتێك دەبێتە میوانی میری بابان لە سلێمانی ، لە یاداشتەكانیدا ئەمەی خوارەوەی نوسیووە : (( شەوی ڕابردوو من و عومەر ئاغا سەبارەت بە بەرووبوومی كوردستان زۆر دواین . شاری كەركوك ئەو بازاڕەیە كە هەموو بەرووبومی ئەم بەشەی كوردستانی بۆ دەبردرێت ١٩ .
كەركووك جگە لەوەی بازاڕی ساغكردنەوەی بەروبوومی جوتیاران بووە ، هاوكات بازاڕەكەی ناوەندی پەیدا كردنی پێداویستییەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كەركووك و شارەكانی دەوروبەریش بووە ، ئەمە وا دەكات بڵێین : كەركووك شارێكی بازرگانی هەرێمی گرنگ بووە لە ناوچەكە (( لە هەندێك تێبینی ڕیچدا ئەوە دەرەكەوێت گەلێك شتومەكی دەگمەن و بە بەها لە كەركوكەوە بۆ سلێمانی دەنێردرا ٢٠ .
كەركووك پەیوەندییەكی ئابوری بەهێزی بە شاری سلێمانییەوە هەبووە ، بازاڕی دووەمی خەڵكی ناوچەكە بوو ، ئەمەش وایكرد خەڵكی هەردوو شار پەیوەندیی بەهێز پێكەوە ببەستن ، تا ئاستی هەڵگرتنی پاش ناوی كەركووك لە لایەن بازرگانانی سلێمانییەوە (( ئەم جۆرە پەیوەندییە بەهێزە ئابوورییانە وایكرد كە هەندێك لە خانەوادە بازرگانییە ناسراوەكانی سلێمانی نازناوی (( كەركوكی - كەركوكلی)) بۆخۆیان دابنێن ٢١ .
هەرێمی شار ، ئەو پانتاییە جوگرافیایەیە ، نزیكترین بازاڕ لێوەی شاری سەرەكی هەرێمەكەیە، هەموو خەڵكی ئەو سنوورە ، پەیوەندیی سەرەكییان بەو شارەوەیە و پێداویستییەكانیان لێی دابین دەكەن . كەركووك یەكێكە لە شارە هەرێمییە گرنگەكان ، پانتایی جوگرافیای هەرێمی كەركووك بەرفراوان و تەختاییە ، هاوكات دەوڵەمەند و بە بەرهەمە ، بۆیە پەیوەندی كردن بە شارەوە سانایە ، بەهۆی دەوڵەمەندی و فراوانی دەوروبەرەكەیەوە ، پێویستی بازاڕی دەوڵەمەند و گەورە هەیە .
هەندێك هەرێمی شار كە دوورن لە ناوەندەوە ، دانیشتوانەكەی دابەش دەبن بەسەر دوو بەش ، لە نێوان دوو شار ، وەك دەشتی تەقتەق و ناوچەی تەكییەی چەمچەماڵ و گوێر و سێبیران .... .
بەهۆی لە باری پێكهاتەی زەوی و كەش و هەوای هەرێمی كەركووكەوە ، دەوروبەرەكەی هەموو ئاوەدان بووە بە درێژایی مێژوو ، هاوكات هیچ بەربەستێكی سروشتی سەخت نەبووە لە نێوان كەركووك و هەرێمەكەی ، لە یەكتریان داببڕێت و پەیوەندی سەخت بكات لە نێوانیان ، بۆیە دەبینیین بەشێكی زۆری هەرێمەكە بە شارو شارۆچكەكانییەوە ، تەنانەت هەرێمی شارەكان دەوروبەریش ، بازاڕیی هەمیشەیی و بەردەوامیان كەركووك بووە ، تەنانەت بەهۆی سەرە ڕێ بوونییەوە بۆتە بازاڕی هەرێمی شارەكانی دەوروبەریش .
بازرگانی گرنگترین فەرمانی نێوان شار و هەرێمەكەیەتی ، سەرباری ئەركە كارگێڕییەكان كە لادێ بەشار دەبەستێتەوە .
جووتیار لە شاردا ئەو بەرهەمانە دەفرۆشێت كە لە بەكاربەری خۆی زیاترە ، هاوكات پێداویستییەكانی ڕۆژانەی دەكڕێت ، بۆیە بوونی شار و بازاڕ بۆ درێژەدان بە بزاوتی ئابوری و پێشڤەچوونی شار پێویستە ، چەندە ژیان پێش بكەوێت ، هێزی بەكاربەری هاووڵاتیان سەردەكەوێت ، پێداویستی هاووڵاتیان دەچێتە سەر ، لادێ و شار زیاتر پێویستیان بە یەكتر دەبێت . شار و لادێ لە ڕێگەی كاڵا ، سەرمایە ، خزمەتگوزاری ، بازرگانییەوە لە یەكتر نزیك دەبنەوە .
بازاڕ هۆی سەرەكی گەورە بوونەوەی شارە ، چەندە بازاڕ گەشە بكات ، چالاك بێت ، دەوڵەمەند بێت ، ئەوەندە لق و پۆپەكانی لە كاڕگێڕی و خزمەتگوزاری لە گەڵیدا گەشە دەكەن ، هاوكات پێویستی بەهێزی كاری زیاتر دەبێت بۆ پێڕا گەیشتن بەكاروبارەكانی ، لە گەڵیدا ژمارەی دانیشتووان پێ بە پێی گەشەی بازاڕ دەچێتە سەر .
سەرباری ئەوەی لە دەوڵەمەندیدا نەخۆشی كەم دەبێتەوە ، ئاستی تەمەن دەچێتە سەر ، كۆمەڵگەی تێر كەمتر دەكەوێتە بەر هەڕەشەی نەخۆشی كوشندە .
بەهەمان شێوە ، چەندە ژمارەی دانیشتووان زیاد بكات ، دەبێتە هۆی گەورەبونەوەی بازاڕە كۆنەكان ، هاوكات پەیدا بوونی بازاڕی تازە . واتە بازاڕ و ژمارەی دانیشتووان پەیوەندییەكی ڕاستەوانەیان لەگەڵ یەكدیدا هەیە .
لە گەڵ گەشەی بازاڕ و زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان ، ژمارەی خانوو و ڕێگاو بان و مزگەوت و حەمام و خان و قوتابخانەو ... زیاد دەكات ، بەمانەش ڕوپێوی شار گەورە دەبێتەوە ، لە گەڵیدا كارگێڕییەكەی فراوان دەبێت .
بەهۆی گەشەكرنی بازاڕ و زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان و ئاڵۆزبوونی كارگێرییەوە ، شاری كەركووك لە سنوری خۆی كە قەڵایە دەرچووە دەرەوە ، لە سەرەتادا بە هەر چوارلای شاردا بە شێوەی بازنەیی گەورە بوەوە ، كەركووك و هەولێر نموونەیەكن بۆ ئەم گەورە بوونەوەیە . هیچكە ١٧ دوكانەكەی گەڕەكی مەیدان و بازاڕی شمشێر دروستكردنەكەی نایەتوانی پێویستی شار و دەوروبەر دابین بكات ، هاوكات ژمارەی خانووەكانی نایەتوانی ئەو حەشاماتە بحەوێننەوە ، بۆیە شار پێویستی بە دەرچوون بوو لە ناو قەڵا .
شار یان بەشێوەی بازنەیی بەدەوری خۆیدا گەشە دەكات ، بەسەر ڕێگا سەرەكییەكانی شار ، یاخود بە دەوری ناوەندە بازرگانییەكاندا پەل و پۆ دەهاوێت . بۆ كەركووك لە دوو قۆناغی جودا جودادا ، هەردوو شێوە گەشەكردنەكەی بەخۆوە بینییوە .
لە سەرەتادا كەركووك بە دەوری بازاڕدا ، بە چواردەوری قەڵادا گەشەیكرد ، لە قۆناغی دواتردا بە دەوری خۆی و ڕێگا سەرەكیەكاندا گەورە بوەوە و پەل وپۆی هاویشت ، دوای ئەوەی دەورو بەری بازاڕەكان توانای پڕ كردنەوەی ئەو حەشاماتەیان نەما لە ئەنجامی بەرزی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و كۆچی جوتیاران لە لادێوە ڕوو لە شار دەستی پێكرد ، لە قۆناغی ئاوابوونی دەرەبەگایەتی و سەرهەڵدانی سەرمایەداری .
شار جگە لەوەی بازاڕی ئاڵ و گۆڕی هەرێمە ، هاوكات بازاڕی فرۆشتنی هێزی كاریشە لە ناوچەكە ، بێكارانی هەرێمی شار بۆ پەیداكردنی بژێوی خۆیان ڕووی تێدەكەن ، بۆیە پنتی گیرسانەوە كۆچی بێكارانی هەرێمە .
كارە گرنگەكانی ڕابردوو لە شار بریتی بوون لە : بیناسازی ، پێستەسازی ، دەبەخانە ( سركە- عەرەق - ترشیات ) دروستكردن ، هەروەها بەرهەمی ئاژەڵداری و هەویركاری .
لە سەرەتادا ناوچەی نیشتەجێ بوون ، ناوچەی بازرگانی و پیشەسازی لە شاردا هەموو تێكەڵ بوون ، بەڵام لە قۆناغەكانی دوواتردا بە گەورەبوونەوەو مۆدێرن بوونی شار ، ئەو كەرتانە لەیەكتر جیاكرانەوە ، گەڕەك و ناوچە پیشەسازییەكان دەركرانە دەرەوەی شار .
چینە كۆمەڵایەتییەكان لە شاردا ، بە دەوری یەكتردا جەمسەر دەبەستن ، گەڕەكەكان لەسەر بنچینەی چینایەتی ، هەندێك جار لەسەر بنچینەی پیشەیی دابەش دەبن ، جەماوەری شار دابەش دەبن بەسەر گەڕەكی میللی( هەژارنشین و مام ناوەندی) ، هەروا هاووڵاتیانی ناو كۆلێت و چینكۆكان ، لە لایەكی دیكەوە گەڕەكی ڕاقی قەراغ شارەكان . ئەم گەڕەكانە( بە تایبەت گەڕەكە دەوڵەمەند نشینەكان) سنوری نەتەوەیی لە شارێكی فرەنەتەوەیی وەك كەركووك دەبەزێنن ، شێوەی سەرو نەتەوەیی بەخۆوە دەگرێت .


بازاڕی شار.


كەركووك شارێكی سەرە ڕێی بازرگانی بووە لە مێژوودا ، ئەمەش وای كردووە گرنگی ئابوری تایبەتی خۆی هەبێت .
پەیوەندی نێوان بەغدا - كەركوك لە چاخە سەرەتاییەكانی ئیسلامدا لاواز بوو . لەو سەردەمە ڕێگای بەغدا - كفری - داقوق - ئەربیل زۆر بە كەمی بەكار دەهێنرا ٢٢، لە بەرامبەردا ڕێگای موصڵ سامەڕا بەغدا زیاتر بەكار هاتووە ، دیارە گرنگی ڕۆڵی ئابووری شاری موصڵ هۆكاری ئەمە بووە .
ڕێگای ئەربیل - ئاڵتون كۆپری- دێی شاقرد ، قەڵای كەرخینی(كەركەك) -داقوق- قەڵای خورماتوو- بەغدا ، تەیمور لەنگ دووجار پێیدا تێ پەڕیووە ، یەكەم جار لە ساڵی ١٣٩٤ . هەروەها شاە محەمەد بن قەرە یوسف لە ساڵی ١٤١١ ز هەمان ڕێگای بڕیووە ٢٣ .
پردێ لە سەدەی ١٦ەدا هەبوو ، كاتێك گەشتیاری ئەوروپی لئون رالوف بینیوییەتی ، ناوی ناوچەكەی بە پردێ نوسیووە ٢٤
بەڵام بە شێوەی گشتی ئەم ڕێگایە ، سەرباری بوونی ڕێگەی موصڵ - سامەڕا - بەغدا یەكێك بووە لە ڕێگا گرنگە پڕ بایەخەكانی بازرگانی لە ناوچەكە . لە نێوان هەردوو دەوڵەتی ئێران و عوسمانی ، شەنگار- موسڵ - هەولێر - پردێ- كەركوك -داقوق - كفری- خانەقین - مەندەلی- كرماشان ، یاخود بۆ بەغدا . دواتریش بە هاتنی ئینگلیزەكان و پێشڤەچوونی هۆكارەكانی گواستنەوە و پەیوەندی ئەم گرنگییەی لە دەست نەدا ، بەڵكە بەهۆی سنوری بوونی ناوچەكەوە ، گرنگی زیاتری پەیدا كرد .
((بەریتانییەكان هەوڵیاندا كەركوك و هەولێر بكەنە بنكەیەك بۆ پتەوكردنی پەیوەندی یە ئابورییەكان ، بە ڕۆژئاوای ئێران - كوردستان - ئازەرباینجانەوەی ببەستن . بە مەبەستی ئەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ناوچەكانی قەفقاس و ئەو دیوو قەفقاس ، كە دەكەوێتە سنوری سۆڤیەتەوە لەكار بخەن ٢٥ .
بەهۆی سستی هۆیەكانی گواستنەوە ، بوونی كەركووك وەك شاری سەرە ڕێی بازرگانی ، بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر (خان)ی لێ دروست بكرێت وەك وێستگەیەك بۆ پشودان ، ، ئەم میوانخانەو كاروان سەرایانە ، یاخود ئەم خانانە دوو ئەركیان ئەنجام دەدا ، لە لایەكەوە فرۆشگاو و بازاڕی ساغكردنەوەی بەربوومی جوتیاران بوون ، لە لایەكی دیكەوە وەزیفەی میوانخانەیان دەگێڕا ، هاوكات شوێنی حەواندنەوەی ئاژەڵەكانیشیان بوون و باری گالیسكەو ئەسپەكانی تێدا دادەگرترا .
هەروەها سەرە ڕێبوونی كەركووك ، وای دەكرد ، شار بەردەوام قەرەباڵغ بێت لە نێو ئاپورەی فرۆشیار و كڕیاردا ،، بە بازرگانان و ئەو ڕێبوارانەی لە ناوچەو شار و وڵاتانی دیكەوە بە كەركووكدا گوزەریان دەكرد ، بۆ شار و وڵاتانی دیكە .
خانەكان لە دوكان و ژوری خەو و حەسانەوە پێك دەهاتن ، دەكەوتنە ناوەندی بازاڕەوە ، زۆربەیان دوو نهۆم بوون ، نهۆمی سەرەوە بۆ حەسانەوەی میوانەكان ، لە ژمارەیەكی زۆر ژوور پێك دەهات ، خوارەوەش وەك كۆگەی كەل و پەل و شوێنی ئەسپ و كەر و .. بەكار دەهێنران .
بە دیوی دەرەوەش لەسەر ڕێگاكان دەرگای فرۆشگاكان دەكرانەوە . تا ئێستاكەش لەبازاڕی گەورە و جووت قاوەی كەركووك ، ژمارەیەك لەو خانانەی تێدا ماون بە هەمان نەخشەی كۆن .
سەرباری بوونی ژمارەیەك خان ، كەركوك بە ژمارەی زۆری گەرماوەكانی دەناسرایەوە . لەبەر ئەوەی هەموو ماڵێك توانای نەبوو گەرماوی تایبەتی بۆ خۆیان دروست بكەن ، ئاوو سوتەمەنی پەیداكردن بۆ گەرماو لە كەركووك سانا نەبوو ، بە تایبەت لە قەڵا ، هەروەها پانتایی شار ڕێگەی بەوە نادا ، هەموو ماڵێك گەرماوی تایبەت بە خۆیان هەبێت ، چونكە سنووری شار لە قەڵادا قەتیس مابوو ، سەرباری ئەوەی لە ڕوی ئابورییەوە قازانجی زۆری هەبوو ،نەخۆش و دەوڵەمەند و سەربازو گەشتیار و بازرگان و ڕێبواران بۆی دەچوون ، بۆیە ژمارەیەكی زۆر حەمام لە كەركووك دروستكران . گەرماو بە یەكێك لە لەزەتەكانی ژیان دادەنرا .
(( شاری دیمەشق ١٦٠ گەرماوی تێدابوو ، لەبەر ئەوەی ماڵەكان گەرماوییان نەبوو ، وتەیەك باو بوو (( نعیم الدنیا الحمام)) ٢٦ .
مزگەوت و بازاڕ و حەمام و خانەكانی شار هەموو لە نزیكیەكترەوە بوون ، كەركووك بە ژمارەی زۆری حەمام و خانەكانییەوە دەناسرایەوە .
لە شار كار دابەش دەبێت ، بازاڕ سەرباری بوونی ژمارەیەك زۆر فرۆشگای وردەواڵە فرۆش ، سەوزە فرۆش ، قوماش فرۆش ( تەنانەت فرۆشتنی ئاورێشم و قوماشی زێڕچن ) ، گەنم فرۆش ، قەساب ، كەباب خانە ، چێشتخانە دوكانی بۆن و بەرامە و بخوڕ ، ، ژمارەیەك پیشەسازی سەرەتایشی تێدا بوو نموونە كاسە ، گۆزە ، مەشكە ، شەربە ، كوپە ، تەنوور دروستكردن . بازاڕی توتنچی ، قمچی ،قازان سپیكەرەوە، كەبابچی ، قوماش فرۆش ، كورتان دوور، بەرگ دوور، لێفەدوور ، چەخماخچی ، زێڕەنگەر، پاك كەرەوەرەی چەك ، شەغرە چی ، ئاسنگەر ، پیشەسازی چەقۆ و خەنجەر ، گاسن ، پەنجەرە ، قاپ و قاچاغ و سەتڵ دروستكەر، نەجاڕی سندووقی دوڵدوڵی و قاپی و پەنجەرەو ڕەفت ...... دروست كەری تێدا بوو .
لە نەجەف و بەغدا و موصڵ بازاڕەكان لە یەكتری جیابوون ، سەوزە فرۆش - قەساب- ئاسنگەر - نەجاڕ ..... هتد ٢٧ . بۆ كەركوكیش ئەمە ڕاستە .
. بەشێوەی گشتی شار لەم پێكهاتانەی لە خوارەوە ئاماژەی پێ دەدەم پێك دەهات : قەڵا - شورا - سەرای - زیندان - بازاڕ - خانوو - كۆڵان - مەرقەدی پیاوچاكان - قەبرستان- مزگەوت - تەكیە - خانەقا - خان - چایخانە - قوتابخانە - مەخزەن - فرۆشگا .
قەبرسان و مزگەوت گرنگی خۆیان هەبوو ، گەورەیی شار بە بوونی ژمارەی ئەو مزگەوتانەی نوێژی هەینی تێدا دەكرا دیاری دەكرا ، شارێكی وەك بەغدا لە سەدەی ٨ كۆچی ١١ مزگەوتی تێدا بوو نوێژی هەینی تێدا دەكرا ٢٨ .
كەركووك پاش قەتیس مانەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە ٤٥ سەدە، لە ناو قەڵا ، لە دەوروبەری ٣ سەدەی ڕابردوودا ، سنورە كۆنەكەی خۆی دەبەزێنێت و گەورە دەبێتەوە ، بە دوو ئاراستەدا گەشە دەكات ، لە ڕوی ڕوپێوی شار وە ژمارەی دانیشتووان ، لە خوارەوە دێینە سەر هەردوو بوار و ئاراستەكە .

گەشەكردنی كەركووك لە ڕوی پانتایی و قەبارەوە.

وەك ئاماژەمان پێی دا ، لە سەرەتادا زۆربەی شارەكان قەڵا شاربوون ، تەواوی پێكهاتەكانی شار ، لە بازاڕ و كارگێڕی و گەڕەكی نیشتەجێ بوون ، دەكەوتنە ناو سنوری قەڵاوە ، یاخود شورای شارەوە .
لە دەرەوەی قەڵا و شورا ، ژیان لەبەر هێرشی بەردەوامی دوژمنان ئەستەم بوو ، مرۆڤەكان هەموو كات لە ترسی هێرشی لە ناكاو لەسەنگەردا بوون ، بۆیە لە قەڵادا ژیانیان بەسەر دەبرد . لەوێدا بەرامبەر كوشتن و تاڵان و بە كۆیلەكردن پارێزراو بوون ، شاری بێ قەڵاو شورا ژیانی تێیدا گران بوو .
هاوكات قەڵا ناوەندی كارگێڕی و هێزی دەوڵەتی ناوەندیش بوو لە هەرێمەكە ، قائیدی قوات و قازی قوزات و والی ولاتی لێ دادەنیشت ، كە گەورەترین دەسەڵاتداری هەرێمایەتی بوون .
جوانترین پێناس بە زمانی كوردی تاكو ئێستا بۆ كەركووكی كۆن كرابێت ،بە باوەڕی من ئەم چەند ڕستەیەی خوارەوەیە : ((لە بنەڕەتدا وەك قەڵاتێكی خڕ لەسەر گردێكی چوارگۆشەیی بینا كراوەو ، ١٢٠ پێ لەو دەشتانە بەرزترە كە دەوریان داوە ، دەڕوانێتە دۆڵی ڕووبارۆكۆكەیەكی كەم ئاو )) ٢٩ .
قەڵا

ڕەپێوی قەڵا ٢٢ هــكتارە ، كە دەكاتە ٢،٢كم٢ ، بە بەرزایی ١٨ مەتر ٣٠ . قەڵا لەم گەڕەكانە پێك هاتووە (قەڵا-مەیدان - زندان - حمام مسلم- حمام مسیح).
گەڕەكی مەیدان دەكەوێتە باكوری قەڵاوە ، گەڕەكی قەڵا دەكەوێتە ناوەڕاستی قەڵاوە ، گەڕەكی حەمام دەكەوێتە باشوری قەڵاوە .
دەرگاكانی قەڵا ئەمانەن (( داش قاپی ، تۆپ قاپی ، یەدی قزلار ، حەلوچییە)) ، ٢ دەرگایان بەكار دەهات بۆ دەربازبوونی گالیسكە ، ٢شییان بۆ هاتوچۆی پیادە .
تاكو كۆتایی هەشتاكان ، قەڵا لە ٥٦٠ خانوو پێك دەهات ، كە كۆی گشتی ٤٠٠٠ كەسی تێدا دەژییا .
بەكارهێنانی زەوی بۆ خانوو ٤٢٪ پانتایی قەڵای گرتبوەوە .
٤٪ خانووەكانی باش بوو .
٤٥٪ خانووەكانی مام ناوەندی بوون .
٨٪ خانووەكانی كەلەپورین .
٣١٪ خانووەكانی خراپن .
١٢٪ خانووەكانی ڕوخاون بە كەڵك دانیشتن نایەن
٨٪ ناوچەی سەوزایی .
٨٪ دوكان و ناوچەی پیشەگەری .
١٢٪ كۆڵان .
١٠٪ شەقام ٣١ .


گەورەبوونەوەی شار لە دەرەوەی قەڵا.

هەندێك پێیان وایە لە سەدەی ١٣ دا ، كەركووك لە دەرەوەی قەڵاش ئاوەدان بووە ، واتە كەركووك تەنها شارە قەڵا نەبووە : (( وڵاتناسی لە مێژینە(یاقوت الحموی) كۆچكردو لە ١٢٢٩ز ئاشكرای كردووە كە قەڵای كەرخینی لە دەرەوەش ئاوەدانە ٣٢ .
یاقوت حەمەوی كە لە ساڵی ١٢٢٨ كۆچی دوایی كردووە ، سەبارەت بە كەركووك دەنوسێت : ( كرخینی بكسر الخا‌و المعجمە پم با‌و ساكنە ونون و یا‌و فعالە وهی قلعە فی وگا‌و من الارچ حسنە حصینە بین داقوقا و اربیل رایتها وهی علی تل عال و لها ربچ صغیر - ٣٣ بەڵام هەندێكی دیكە پێیان وایە ، لە كۆتایی سەدەی چواردەهەمیشدا كەركووك تەنها لە قەڵا پێك هاتووە (( لەسەرەتای كانونی یەكەمی ١٣٩٣ز ، تەیمور لەنگ گەیشتە داقوق ، لەوێوە بە ئاراستەی قەڵای كەركووك هەنگاوی نا ، كە گەیشتە كەركووك خەڵكی قەڵا پێشوازییان لێ كردو دڵسۆزییان بۆی دەربڕی .
قەڵاكانی كەركووك(كەرخینی) و داقوق و خورماتوو ، وە ئەو گوند و شوێنانەی سەر بە ئەوان بوون ، ئەمیرە كوردەكانی ناوچەكەو دەسەڵاتدارە توركمانەكان و فەرماندە سەربازییەكان حوكمڕانی بوون . وڵاتی كەرخینی و داقوق بە دەست خێڵێكی كوردەوە بوو ژمارەی پیاوەكانی لە ٧٠٠كەس زیاتر بوو ٣٤ .
وەك دەبینیین كەركووك وەك خورماتوو و داقوق ، بەقەڵا ناوزەد كراوە نەك شار ، ئەمەش دەربڕی ئەوەیە، كەركووك لەو كات و ساتەدا ، تەنها لە قەڵا پێك هاتووە ، وەك سەرجەم شارە قەڵاكانی دیكەی ناوچەكە و بگرە جیهانیش ، ئەگەر پەراوێزی بچوكیشی هەبوبێت وەك ئەوەی حەمەوی ئاماژەی پێ دەدات ، بەهۆی بچوكییەوە شایانی ئاماژە پێدان نەبووە ، یاخود هاوین نشینی بووە بەهۆی ئەوەی كەركووك هاوینان زۆر گەرمە ، بە ناچاری خەڵكەكەی بە تایبەت دەوڵەمەندەكان پەنا دەبەنە بەر گوند و ئاوەدانی و كەپرو ناوچە كشت و كاڵییەكان دەوروبەر كەركووك .
نابێت ئەوە لە یاد بكەین ، لەو كاتەدا داقوق لە ڕووی ئابوری و كارگێڕییەوە ، گرنگی زیاتری هەبووە لە كەركووك ، بگرە كەركووك بەشێك بووە لە شاری داقوقا ، بۆیە لە سەرچاوە مێژوییەكان ، ئاماژەكان لەو سەردەمەدا ، زیاتر بۆ سەر داقوق بووە نەك كەركووك ((كەركووك وەكو شارێك ئەو دەمە نێوی لە نێو ناواندا نەبووە ، بەڵكە ئەو ناوچەیەی كە شاری كەركووكی ئێستای لێ هەڵكەوتووە لەگەڵ ناوچەكانی دەوروبەری بە چەند ناوی دیكە ناسراوە : بەناوبانگترین شاری ئەو وەختەی دەڤەری كەركووك ، شاری داقوقا(داقوق) بووە * كە لە سەرچاوەكاندا تا ڕادەیەك زانیاری مێژوویی لەسەر تۆمار كراوە ٣٥ .
((تا كۆتایی سەدەی ١٤ لە ڕوی كارگێڕیی و ئابورییەوە بەشێك بوو لە داقوق ٣٦ .
لەم خشتەیەی خوارەوە ، كە ئاماری داهاتی كوردستانی بەشی عوسمانییە ، لە ساڵی ١٣٤٩ ز ئەنجامدراوە ، تیایدا ئاماژە بە داقوق كراوە نەك كەركووك ، هەروەها خشتەكە دەوڵەمەندی ناوچەی كەركووك دەردەخات ، كە لە دوای سنجار زۆرترین داهاتی هەبووە بۆ دەوڵەتی ناوەندی :
زەنگاباد ١١٥٠٠ دینار
خانەقی ن ١٢٢٠٠
اربیل ٢٢٠٠٠
ئاكرێ ٢٧٠٠٠
داقوق ٧٨٠٠٠
سنجار ١٤٧٥٠٠
ئامەد ٣٠٠٠٠ ٣٧ .
كەركووك ناوێكی تازەیە بۆ شارەكە ، تاكو سەدەی پانزەهەمی زاینی ، كەركووك بە قەڵای كەرخینی ناوبراوە ((بۆ یەكەم جار ناوی كەركووك بەم شێوەیەی ئێستای لەساڵی ١٤٢٤-١٤٢٥ ز بەكار هاتووە ، لە پەرتوكی زەفەرنامەی شەرەفەدینی عەلی یەزدی ٣٨ .
یەكەم بەكارهێنانی ناوی كەركووك لە لایەن عەلی یەزدییەوە بوو لە سەدەی ١٥ ی ز ٣٩ .
وەك ئاماژەمان پێیدا ، زۆر پێیان وایە ، كەركووك تەنها لە قەڵایەك پێك هاتووە ، تەنانەت لە سەدەی شانزەهەمیشدا (( بە گوێرەی (منمنە) یەكی مێژوویی، كە هێرشەكانی سوڵتان سلێمان قانوونی بۆسەر عێراق لە ساڵی ١٥٢٥دا دەردەخات ، تەنها ئاوی خاسەو قەڵا دەردەكەوێت ، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ، لەو كاتەدا شاری كەركووك تەنها لە قەڵا پێك هاتووە ٤٠ .
هەمان نووسەر ، ئاماژە بە قەبارەی شار دەكات ، لە ناوەڕاستی سەدەی ١٦ ((بە گوێرەی بەڵگەنامەكان ، كە مێژوییان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٥٤٨ ، شار پێك دەهات لە ١٤٥ خانوو كە خێزانەكان تێیدا دەژیان ، وە ٢٣ خانوو سەڵتی تێدا دەژیا ، سەرباری بوونی بۆیەچی و ئاش و مزگەوت لە شاردا ٤١ .
یەكێك لەو مزگەوتانەی ئاماژەی پێداوە ، مزگەوتی ئولۆیە (( مزگەوتی ئولو لە سەر پاشماوەی كەنیسە دروستكراوە ، مێژوی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٦ ٤٢ .
مزگەوتێكی گرنگی پیرۆزی دیكەی شار ، مزگەوتی دانیال پێغەمبەرە ((مزگەوتی دانیال پێغەمبەر لە ڕابردوودا كەنیسە بووە ، نووسینەكان سەری دەیگەڕێنێتەوە بۆ سەدەی چواردە ٤٣ .
((سوڵتان مەحمود غازان ، كە حوكمی ئێران و عێراقی كردووە لە ساڵی ١٢٩٥ - ١٣٠٤ دا ، پاش ئیسلام بوونی زۆر توندڕەو بووە ، كەنیسەی كریستانەكانی كردووە بە مزگەوت ، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو كەنیسەی دانیالی كردبێت بە مزگەوت ٤٤ .
قەڵا سەرباری دانیشتوانەكەی ، شوێنی نیشتەجێبوونی سەربازانیش بووە ، بە هۆی ئەوەوەی شار سەنگەری پارێزگاری ناوچەكە بووە لە هێرشی تاڵانچی و داگیر كەران ، بۆیە هەموو كات وەزیفەی سەربازی هەبووە . گەڕەكی ئەغالق چونكە شوێنی نیشتەجێی سەركردە سەربازییەكانی ئینكشارییەكان بووە بۆیە بە گەڕەكی ئاغالق ناوبراوە ((گەڕەكی ئاغالیق لە قەڵا شوێنی نیشتەجێی سەربازان بووە ٤٥ .
بە هەمان شێوە گەڕەكی حەمام ، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە ، چونكە حەمامێكی گەورەی تێدا بووە ، گەڕەكی مەیدانیش بازاڕی لێ بووە ، بازاڕی شمشێر دروستكەرەكان ، هەروەها پاشماوەی ١٧ دوكانی لێ دۆزراوەتەوە . حەمام مەسیحیش چونكە كریستانەكانی تێدا ژیاوە ... .
((كۆنترین باڵەخانە لە قەڵا ، یەدی قزلەرە ، كە لە٥ نهۆم پێك هاتووە ، نهۆمی یەكەمی زیندان بووە ، بۆیە بەو گەڕەكەیان ووتووە ( زیندان) ٤٦ .
بوونی زیندان و سوپا لە قەڵای كەركووكدا ، بە مانای بوونی فەرمانداری سەربازی و قازی دێت لە قەڵادا ، لەو سەرو بەندەدا ئەم دوو پلە كارگێڕییە، بەرزترین پلەی دەسەڵاتداریەتی هەرێمایەتی بوون لە پاڵ والی وڵات ، ئەو كەسایەتییانە بەو پلە كارگێڕییە بەرزەوە تەنها لە شاردا دادەنیشتن ، پاش ئەوەی كەركووك پلەی كارگێڕییەكەی بەرز بوەوە والیشی تێدا جێگیر بووە .
گەڕەكی ئیمام قاسم لە ناوەڕاستی سەدەی ١٦دا ئاوەدان بووە ، دووری قەڵا لە ئیمام قاسمەوە لە دەوروبەر ١ كم ە ، بۆیە دەتوانیین ئەم ئاوەدانییە بە بەشێك لە شار دابنێین ((بە گوێرەی ئەو سەرچاوانەی بە دەستمانەوەیە كە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٥٤٨ گەڕەكی ئیمام قاسم لە ٢١ ماڵ پێك هاتووە ، بەڵام مێژووی مزگەوتی ئیمام قاسم نەزانراوە ، لێ ئەوەی ڕوونە ئەم مەرقەدە لە ساڵەكانی ١٦١٤ - ١٦٩١ - ١٨٩٤ چاك كراوەتەوە ٤٧ .
مێژووی مەزارگاكا زۆر كۆنترە لە سەردەمی چاك كردنەوەی چەند جارەی ، هەروەسا مەزارگای كەسایەتییەكی وەك ئیمام قاسمی پیرۆز لای شیعەكان ، بە بێ ئاوەدانی نابێت لە دەوروبەرەكەی ، مەزارگای كەسایەتیەكی گەورە لای مەزهەبێكی گۆڕ پەرستی وەك شیعە ، پێویستە بە موەزین و خزمەتگوزاری هەیە ، بەردەوام شیعەكان بۆ سەردانی هاتوونە ، بوونی خانێك بە ناوی هیندلر خانی لە كەركووكدا ، كە بە ناو زیارەتكەرانی هیندییەوە ناو نراوە ، باشترین گەواهییە بۆ ئەم بۆچوونە .
وەك ئاماژەمان پیێدا ، نووسراوەكان ئاماژە بە بوونی ئاوەدانی لە دەرەوەی قەڵا ، هەروەها نەبوونی دەدەن ، بابزانیین گەشتیارە بێگانەكان لەم بارەوە چی دەبێژن : ((ئۆتێر كە یەكەم گەشتیاری فەرەنسی بووە ، لە ساڵی ١٧٣٥ سەردانی كەركووكی كردووە ، لە ساڵی ١٧٣٩ دووبارە سەردانی كردۆتەوە ، باسی ئەوە دەكات كەركووك شارێكی قەبارە مام ناوەندییە . هەرەها ئاماژە بە ئەوەش دەكات كەركووك لە دووبەش پێك دێت ، بەشی یەكەم قەڵاكەیە و بەشی دووەمی ناوچەی دەوروپشتی قەڵایە كە بازاڕی شار پێك دەهێنێت ٤٨ .
بە پێچەوانەی(یاقوت الحموی) و ئەو سەرچاوانەی ئاماژەمان پێیان دا ، كە باس لەوە دەكەن ، كەركووك لە دەرەوەی قەڵا ئاوەدان بووە ، هەندێك سەرچاوەی دیكە پێیان وایە (( لە سەرەتای سەدەی ١٨ شاری كەركوك لەناو قەڵا قەتیس ماوە ، لەدوای ئەو مێژوەوە دانیشتوان لە دەشتاییەكەی خوار قەلاوە خانویان دروست كردووە . لە ساڵی ١٧٦٦ گەڕۆك كارستن نیبۆر سەردانی كەركووكی كردوەو دەڵێت: ((كەركوك دەكەوێتە دەشتاییەكی جوانی بەبەرەكەتەوە ، بەڵام ئاوەدانی كەمە . تەنها كەمێك لە شارەكە لەسەر تەپۆلكەكە ماوە ، تەپۆلكەكە (قەڵا) قەرەباڵغە بە دانیشتوان ، شوریەكی بە قوڕ بۆ دروست كراوەو حامییەی یەنیجەری تێدایە (حامیە : بەشێك لە سووپا كە پارێزگاری لەو شارە دەكەن كە تێیدان ) ئەمە پێی دەڵێن قەڵا ... . خانوەكانی ئەم قەڵایە بێ جیاوازی لەو پەڕی خراپیدان ، لەناو قەڵا ٣ مزگەوتی بە منارەی تێدایە . كەركوك بارەگای پاشاكانە بە پلەی (گوغتین) بەڵام پاشاكان لەناو شارەكە ناژێن ، بەڵكە لە دیوەكەی دیكەی ڕوبارەكە دەژێن و ناوچەی دەسەڵاتی بچوكە ٤٩ .
وەلێ بە پێی هەردوو سەرچاوە ، كەركووك دەكەوێتە دەشتاییەكی قەشەنگی دەوڵەمەندەوە ، بەڵام كەم ئاوەدانە . قەڵایەكی پڕ لە دانیشتوان ، بەڵام خزمەتگوزەرانی تەندروستی لاوازە . هاوكات ئاشی زۆری تێدایە ، لەوێوە ئارد لێ دەكرێت و ڕەوانەی باشوور دەكرێت .
لەبەر ئەوەی ئاوەدانییەكانی قەڵا و دەرەوەی ، دابڕانێك لە نێوانییان هەبووە ، هەروەها ئەو ئاوەدانیانە كۆبونەوەی چڕی دانیشتوان نەبوونە ، بەڵكە چەند پوازێكی لێرەو لەوێی بچوكی دانیشتووان بوونە ، بۆیە ئەو پوازە نیشتەجێیانە لای هەندێك بە بەشێك لە كەركووك دیاری نەكراوە .
كارستن نیبۆر هەر خۆی وەلامی خۆی دەداتەوە ، ئاماژە بۆ ئاوەدانی لە دیوەكەی ئەوبەری شار(ئەوبەر خاسە) دەكات ، ئەمە سەرباری ئەوەی مەزارگای ئیمام قاسم بوونی حەتمیی بووە لەو كات و شوێنە ، ناتوانرێت هاشای لێبكرێت .
نابێت ئەوە لە یاد بكەین ، لە دوای هەڵوەشاندنەوەی خەلافەتی عەباسی ، هێرشی مەغۆل و تەتەر و سەفەوییەكان بۆ سەر عێراق و ناوچەكە بە كەركووكیشەوە ، زۆربەی شارەكان كەوتنە بەر شاڵاوی وێرانكردن و تاڵان و بڕۆ ، ئەمەش وایكرد لە ماوەی چەندین سەدەدا ، باری ئابوری - كۆمەڵایەتی - شارستانی لە ناوچەكە لە دابەزیندا بێت ، شارەكان هیچ پێشڤەچونێكی وایان بەخۆوە نەبێنیبێت شایانی ئاماژە پێدان بێت .
ئەوەی لای مێژوونوسان باوە، سەردەمی خەلافەتی عوسمانی ، تەنانەت دوا سەدەكانی دەسەڵاتی عەباسی ، سەردەمی پوكانەوەو مت بوون بووە لە مێژووی دەسەڵاتی ئیسلامی ، سەردەمی گیانەلای دەسەڵاتی ئیسلامی توركی بوو ، سەدەكانی خاوبونەوەو دواكەوتن و گەندەڵی و تێكشكان و هەرەسهێنان بوو ، دەوڵەت بەشێوەی سستماتیك بەرەو هەڵوەشاندنەوەو هەرەس دەچوو ، بۆیە چاوەڕوانی گەشەكردنی شاری لێناكرا .
جەنگ ، پەلاماردان ، كاولكردن ، تاڵان و بڕۆ ، كۆیلەكردن ، نەخۆشی ، لافاو ، بومەلەرزە ... لە مێژوودا زۆر شارو شارۆچكەی لە مرۆڤ پاك كردۆتەوە ، زۆر شاری گەورەی بچوك كردۆتەوە ، زۆری دیكەی لە بنەچەوە كوێر كردۆتەوە و لەسەر نەخشە سڕیوییەتییەوە ، ئەمە بۆ كەركووك دروستە .
لە خوارەوە چەند نموونەیەك دەخەمە ڕوو :
((لە ساڵی ١٢٤٨ز بارانێكی زۆر باری ، لادێیەكان كەوتنە ژێر ئاواوەوە ، قەڵای كەرخینی ڕوخا ٥٠ . ساڵی ١٧٣٣ سەدان گولە نرا بە قەڵاوە ، بەڵام داگیر نەكرا .
(( ساڵی ١٧٤٣ هێزەكانی نادر شا ٨٠ ڕۆژ كەركووكیان ئابلوقە دا ، ٢٠٠٠٠ گولە تۆپی گەورەو ٢٠٠٠٠ گولە مەنجەنیقییان بە قەڵاوە نا ، خەڵكێكی زۆری لێ كوژرا ٥١ . نادر شاە لە ساڵی ١٧٤٣ كەركووكی داگیر كرد ، لە ساڵی ١٧٤٦ عوسمانییەكان گرتیانەوە .
ساڵی ١٧٦٩ بومەلەرزە لە شاری دا ، ساڵی ١٨٢١ ئێران هێرشی بۆ كەركووك كرد ، قەڵایان گرت ، بەڵام لە مانگی شەعبان دەركران ، لە ساڵی ١٨٢٢ ئاژاوەو پشێوی شاری داگرت ٥٢ .
لەبەشەكانی داهاتوودا بە چڕی باسی بەشێك لەو نەخۆشی و ئافاتانە دەكەین ، پەلاماری دانیشتووانی شاری كەركووكییان داوە ، بەشێكی زۆر دانیشتووانی شارییان كوشتووە ، خەڵكی كەركووكیان بە ناچاركردنی شار چۆڵ كردن كردووە .
وەلی بە باوەڕی من ئەگەر كەركووك لە دەرەوەی قەڵا بەشێوەی ڕێك و پێك و فراوان بە پاڵ قەڵایا ئاوەدان بوایە ، ئەگەری ئەوە هەبوو شورای شاریان بۆی دروست بكردایە ، وەك زۆر لەو شارانەی لەبڕی قەڵایان شورایان هەبووە ، یاخود ئەو شارانە هەردووك قەڵاو شورایان پێكەوە هەبووە ، نموونە بۆ شێوەی دووەم شاری موصڵە قەڵاو شورای پێكەوە هەبووە ، ئەوەی وای كردووە بیر لە دروستكردنی شورا نەكرێتەوە بۆ ئاوەدانی دەرەوەی شار ، ئەوەبووە ئاوەدانییەكان پوازی بچووكی لێرەو لەوێی دابڕاو بووە لەشار و لە یەكتر .
بوونی ئاوەدانی بچووك لێرەو لەوێ لە شێوەی پوازی بچووك بچووك لە نزیك شارەكان ئاساییە .
ئەو گوند و ئاوەدانییانەی لەو سەردەمە لە دەوروبەری كەركووك هەبوونە ، بەشێك نەبوونە لە شار ، بەڵام بە گەورەبوونەوەی شار ، دواجار بوونە بە بەشێك لێی نموونە قۆرییە و تسن و بڵاوەیە . یاخود ئاوەدانی دەرەوەی قەڵا لەوانەیە هەر پەراوێزی ئاوەدانی ناو قەڵا بوبێت ، خەڵكەكەی هەندێك لە وەرزەكانی ساڵ ، بۆ ڕاپەڕاندنی كارەكانیان ( ئاژەڵداری ، كشت و كاڵ ، ئاش ، درەو ، كۆكردنەوەی سوتەمەنی ) لە دەرەوەی قەڵا ، جێگیر بووبن بۆ ماوەیەكی دیاریكراو ، یاخود ماڵ و هەواری هاوینەی دەوڵەمەندان بوبێت . دەوڵەمەندان بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشی ، تەنگی جێگاو ، كەمی ئاو ، خراپی خزمەتگوزاریی پەڕیونەتەوە ئەوپەری چەمی خاسە و تێیدا نیشتەجێ بوونە ،پاشان دەبینیین هەموو دەزگا كارگێڕییە گرنگەكان وەك قشڵەو مەجیدییە هەر لەو بەر دروست دەكرێت ، دواتریش هەر بەو شێوەیە دەچێتە پێشەوە ، تەواوی دەزگا كارگێڕییەكان گرنگەكانی شار دەكەوێتە ئەوبەری شارەوە .
لە سەدەی ١٨ بە دواوە ، دەبینیین كەم كەم ، دەورو بەری كەركووك ، لە ڕوی ئاوادانییەوە گەشەی سروشتی لەسەرخۆ دەكات ، لە دەستپێكدا بە پاڵ قەڵایا ئاوەدانی پەیدا دەبێت ، قەبارەی ئاوەدانییەكان لەوە دەردەچێت مێژوونوس و گەڕیدەو گەشتیاران ئاماژەی پێ نەدەن (( لە كارگێڕی عوسمانیدا بازاڕەكان بەگوێرەی پسپۆری و جۆرەكان ڕاستەوخۆ دەوری قەڵاتە نیشتەجێ كراوەكەیان دابوو ، بەڵام دایەرەو سەراكانی حكومەت لەناو قشڵەكەی كە لە لای ڕۆژئاوای ڕووبارۆكەكەوەیە دروست كرابوون بڵاوبوونەوەو ٥٣ .
سەرباری گەڕەكی ئیمام قاسم ** و قۆرییە *** و شوان **** و تسن***** لە پێش ئەو مێژوەوە لە دوری قەڵا هەبوونە .
لێرەوە دەبینیین ، بەرتەكییە بوو بە بەشێك لە ناوكی ئاوەدان كردنەوە سەرەتاییەكانی شار ، لە كەركووك بە گشتی وە ڕۆژهەڵاتی قەڵا بە تایبەتی ، بە دوای ئەو مێژووەدا لەسەرەتاوە شار بە دەوری قەڵادا بەرین بوەوەو پەلو پۆی هاویشت .
سەرباری ئەو ئاوەدانیانەی ئاماژەمان پێیان دا ، ((تەكیەی شێخ عەبدوالڕەحمان (تاڵەبانییەكان)لە ساڵی ١٧٠٦ لە دەرەوەی قەڵا دروستكرا ٥٤ .
دانیشتووانی شار بە ئەندازەیەك زۆر بوون ، بازاڕ و كارگێڕی شار بە شێوەیەك بەرفراوان بوون ، شار نایتوانی هیچكە لە پانتایی قەتیس ماوی قەڵادا وەك ڕابردوو بمێننەوە ، ڕوپێوی قەڵا نایەتوانی پێداویستی گەشەی بازرگانی ، پیشەسازی ، خزمەتگوزاری ، زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان ، بەرینبوونەوەی كارگێڕی دابین بكات ، بۆیە شار پَویستی بە پێست گۆڕین و دەرچوونە دەرەوە بوو لە قەڵا . قەڵا نە جێگەی دروستكردنی بازاڕی نوێی هەبوو ، نە دەتوانرا قەسرو قسوری نوێ و ماڵ و خان و قوتابخانە و مزگەوتی تازەی تێدا دروست بكرێت ، بۆیە دەرچوونە دەرەوە لە قەڵا شۆڕشێك بوو بەسەر شار قەڵایی كەركووكدا بەرپاكرا .
(( لە قەڵا ٧٥٦ خانوو هەبوو لە ماڵ و مزگەوت و تەكیە ، لە ٣ گەڕەك پێك دەهات ، بەشی باكور ناوی مەیدانە ، گەڕەكی ئاغالق لە ناوەڕاست و حەمام مسلم یان زیندان لە باشوور ٥٥ .
هیچی دی كەركووك لە توانایدا نەما لە قەبارەو شێوازی كۆندا بمێنێتەوە ، وەڵام بە زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و پێشكەوتنە ئابوری وكۆمەڵایەتی وفەرهەنگییەكان بداتەوە ((دانیشتوانی قەڵات بۆ دەرەوەیان گواستەوەو لە ڕواڵەتەكانی شارستانی ئەوروپی نزیكبوونەوە كە دەستیكرد بە باڵكێشای بەسەر لای ڕۆژئاوای ڕووبارۆكۆكەكە دوای ئەوەی كۆچبەرەكان تێیدا نیشتەجێبوون و زۆربەیان لە مەسیحییەكان بوون ٥٦ .
هەرچەندە گەشەی شار لە سەدەی ١٨ و ١٩ لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، زۆر بە سستی و لەسەرخۆیی دەچووە پێشەوە ، لە چاو ڕۆژئاوا ، كە بە دوای شۆڕشی پیشەسازی ، گەشەی گەورەی كرد ، كەركووكیش وەك شارەكانی دیكەی ناوچەكە گەشەی گەورەی بەخۆوە نەبینی (( كەركوك شارە جوانەكە زۆر نەگۆڕا لە دوو سەدەی دوایندا ٥٧ .
نابێت ئەوە لە یاد بكەین كە كەركوك بە درێژایی ماوەی ململانێی نێوان عوسمانی و سەفەوی ، بە دابڕاوی و فەرامۆشكراوی مایەوە ، گرنگی پێ نادرا ، چونكە خاڵی تەماس و بەروڕوبونەوە و بەرەی پێشەوەی جەنگ بوو لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتە ، لەگەڵ لەشكر كێشان و داگیر كردندا بە شێوەی ئاسایی شار دەبوو بە وێرانە .
لە كۆتایی سەدەی ١٨ ەوە ، كەركووك بەرفراوانترین قۆناغی بەرین بونەوەی بەخۆوە بینی لە مێژووی خۆیدا ، لە دوای دروستكردنییەوە تاكو ئەو كات . بازاری فراوان و مۆدێرن ( قەیسەری) ، مزگەوتی نوێی ڕەنگاوڕەنگی لێ دروست دەكرێت ، گەڕەكەكانی هاووڵاتیانیش دەرە چنە دەرەوەی قەڵا بۆ پێدەشتەكانی دامێنی قەڵا (( حەلواچییەكان و مزگەوتی غەوس دروستكردنیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٧٨٠ ٥٨ .
لە ساڵی ١٧٥٩ قوتابخانەی غەوسییە لە گەڕەكی حەلواچییەكان دروستكرا ٥٩ . لە ساڵی ١٧٩٠ ز قوتابخنەی مەیدان دروستدەكرێت ٦٠ .
لە دوای حەلواچییەكان ، بە دووری چەند مەترێك لە قەڵاوە ، بازاڕێكی مۆدێرن بە گوێرەی ئەو كات ، كە بازاڕی داخراوی قەیسەرییە درووست دەكرێت ، هەرچەندە قەیسەری كەركووك لە چاو بەشێك لە شارەكانی تر زۆر درەنگ دروستكرا ، نموونە لە شاری موصڵ چەند سەدە لەوەپێش قەیسەری هەبووە ، دروستكردنی قەیسەری بەدوایدا قشڵە ، گەورەترین ئینجازی خانە سازییە لە سەدەی ١٩ لە كەركووك دا ، سیمایەكی نوێیان بە شارەكە بەخشی ، شەقییان لە قەڵابوونی شار وەشاند .
سەرباری ئەوەی بازاڕی قەیسەری بەو ژمارە زۆرەی دوكانەوە ، تەكانێكی گەورەی بە بازاڕی شارەكە دا ، هەر بۆیە دەبینیین بە دوای دروستكردنی قەیسەرییدا ، ناوچەكانی نزیكی پڕ دەبێت لەماڵ ، زۆر گەڕەكی نوێ دروست دەكرێت ((قەیسەری لە ساڵی ١٨٠٠ دروستكرا ، ٧ دەرگای بۆ دروستكرا ، لە ٣٠٠ دوكان پێك هات ٦١ .
ساڵی١٨٠٤ گەشتیاری هیندی میرزا ابو تاڵب خان سەردانی كەركووكی كردووە ، دەڵێت كەركووك شارێكی مەزن و مەحكەمە ، خانووەكانی بە بەردو قایە دروستكراوە ، زۆربەی بەرەو ڕوخان دەچن ٦٢ .
گەڕۆكی ئینگلیزی بكنغام ، دوای ٤ دەیە ، لە سەردانەكەی كارستن نیبور ، لە ساڵی ١٨١٦ ، سەردانی كەركووكی كردووە ، بەم شێوەیە باسی شارمان بۆ دەگێڕێتەوە : ((كەركوك لە ٣ بەش پێك دێت ، هەربەشێكیان ڕوپێوێكی فراوانی هەیە ، بەشی سەرەكی لەسەر تەپۆلكەیەكە كە بە تەپۆلكەكەی ئەربیل دەچێت ، لەناو ئەم قەڵایە ژمارەیەكی زۆر خانوو هەیە ، منارەی هەر ٣ مزگەوتەكە لە خانوەكانی دیكە بەرزترن ، ژمارەی دانیشتوانی لە نێوان ٥-٦ هەزارە . بەشی دووەمی شار ، كە گرنگە بۆ پارێزگاری لە شار ، ئەم بەشە ڕوپێوی فراوانتر و ژمارەی دانیشتوانیشی زۆرترە لە بەشەكانی دیكە . دەكەوێتە دەشتایی پاڵ قەڵاوە ، لە وێدا خانە سەرەكییەكانی شارو چایخانەو بازاڕەكان هەیە ، دانیشتوانی ئەم بەشە نزیكە لە ١٠٠٠٠ كەسە . بەشی سێیەمی شار نیو میل لە دوو بەشەكەی دیكەوە دوورە ، ئەم بەشە بچوكترین بەشە ، خانووەكانیشی پەرتە ، ژمارەی دانیشتوانی لە ١٠٠٠ كەس تێپەڕ ناكات ، بەمەش كۆی ژمارەی دانیشتوانی كەركووك لە ١٥٠٠٠ تێپەڕ ناكات ٦٣ . هەرسێ بەشەكەی كەركوك گەورەیە ، بە پلەیەك وامان لێدەكات وا بیر بكەینەوە ، بڵێین لەوانەیە یەكێك بوبێت لە ناوچە ئاوەدانەكان لەمێژوی زوودا . كەركوك هێشتا گەورەترین شاری دەشتاییەكانی ڕۆژهەڵاتی دجلەیە ٦٤ .
لە دوای دروستكردنی بازاڕی حەلواچییەكان لە دەرەوەی قەڵا ، لەتەنیشت بازاڕی گەورەی شار ، بە دەوری بازاڕ و قەڵایا گەڕەكی نیشتەجێبوونیش دروست دەكرێت ((بریادی و ئاوچی و مزگەوتی نەعمان مێژووی دروستكردنیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨١٨ ٦٥ .
ساڵی ١٨١٢ پەرتوكخانە لە گەڕەكی موسەڵا دروستكرا ، ١٥٠ پەرتووكی تێدابوو ٦٦ .
گەڕەكە ئاوەدانەكانی خوار قەڵا ، لە سەرەتادا بریتی بوون لە : (( ئیمام قاسم ، ئەخی حوسێن ، پریادی ، چقور ، ئاوچی و موسەڵا و چای ، هەموییان لە دەورو بەری یەك ماوەی مێژووییدا دروستكراون ٦٧ . لە ساڵی ١٨١٥ قوتابخانەیەك لە لایەن جولەكەكانەوە دروستكرا ، بە ناوی ( موسوی مكتبی ) (( ناوەكە توركییە ، ئەمەش باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی مەرج نییە ، ئەو شوێنانەی ناوی توركیان هەڵگرتووە ، مۆركی توركی بونیان پێوە بێت )) ، ئەم قوتابخانەیە ٦٠ قوتابی كوڕ تێیدا دەیخوێند ٦٨ .
گەڕیدەی بەریتانی كلودیس جیمس لە ساڵی ١٨٢٠ ز سەردانی لەیلانی كردووە لە ١٠كم ی شاری كەركووك ، هاوكات سەری لە قەڵاش داوە ، باس لەوە دەكات ، چەند گەڕەكێك لە دەرەوەی قەڵا هەیە ٦٩ .
گەڕیدەی بەریتانی كلودیس جیمس لە ساڵی ١٨٢٠ ز سەردانی لەیلانی كردووە لە ١٠كم ی شاری كەركووك ، هاوكات سەری لە قەڵاش داوە ، باس لەوە دەكات ، چەند گەڕەكێك لە دەرەوەی قەڵاكەی هەیە ٧٠ .
بە دوای زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی شار ، گواستنەوەی بازاڕی سەرەكی شار بۆ دەرەوەی قەڵا ، ناوچەی خوار قەڵا دەبێتە ناوەندی ئابوری شار ، بۆیە بەرفراوان دەبێت و گەشە دەكات ، بازاڕی جۆراوجۆری لێ پەیدا دەبێت ، بە گوێرەی كار و پیشەكانییان بازاڕەكان دابەش دەبن (( ناوچەی خوار قەڵا لە ساڵی ١٨٢٢ ەوە گەشەی كرد ، بازاڕ ، چایخانە ، خان ، ماڵ ، ئاسنگەر و خمچی و دارتاش و ... لێ دروستكرا ٧١ .
هاوكات بەهۆی زۆربوونی ئاوەدانی دەرەوە ، قەڵا پێویستی بە دەرگای نوێ هەبوو ، بۆ پتەوكردنی پەیوەندی ناو قەڵا لەگەڵ دەرەوەی ، كە بە هەر چوارلادا شار پەل و پۆی هاویشت ، كار و كاسبی و چالاكییە ئابورییەكانی شاریش هەموو كەوتنە دەرەوەی قەڵا . قەڵا ٤ دەرگای هەیە ، دەرگای ڕۆژئاوا ( تۆپ قاپی) لە ١٨٢٢ كرایەوە (( تۆپ قاپی لە ساڵی ١٨٢٢ كرایەوە ، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لە نزیكترین ماوەدا بگەنە سەر پردەكە ٧٢ .
بەڵام بە گوێرەی سەرچاوەیەكی دی ، لە ساڵی ١٨٢٤ ز لە ڕۆژئاواوە دەرگای باش قاپی لە بەرامبەر قەڵا لە گەڵ ڕیزێك دوكان دروستكرا ، هاوكات دەرگایەكی دیكە و لەگەڵ كۆمەڵێك دوكان لە بەشی ڕۆژهەڵات كرانەوە ٧٣ . لە سەر هەر دەروازە و دەرگایەكی قەڵا كۆشكێك دروستكراوە كە دیدەوانی گورز بە دەست دەیپاراستن ،ئەم دەرگا تازانە پەیوەست بوو بە گەورەبوونەوەی شارەوە .
لە سەرەتادا وەك ئاماژەمان پێی دا گەورە بوونەوەی شار ، تەنها بە دەوری قەلدا بوو . بەشێكی دەوری قەڵا ( خۆرئاوا) بەدیوی خاسەیا ، بەهۆی چەمی خاسەوە ، توانای گەورە بونەوەی نییە ، كە لە هەندێك خاڵدا بەینی قەڵاو خاسە زۆر تەنگ دەبێتەوە بۆ چەند مەترێك ، بۆیە گەورە بوونەوەی كەركووك شێوەی بازەیی بەخۆوە نەگرت .
ئەوبەر خاسە ، بە تایبەت قۆریە گەشەی زۆر ناكات لە چاو بەشەكانی دی شار ، بەهۆی دوری لە ناوەندی شار و نەبوونی پردی مەحكەم لە نێوان هەردوو بەشەكەی شار ، پردەكە بریتی بوو لە (( پردی دارین ، بە پانایی ٥ مەتر ، لە نێوان هەردوو پردەكەی ئێستا ، بۆ گواستنەوەی گالیسكە كە ئەسپ ڕای دەكێشا بەكار دەهێنرا ٧٤ .
خاسە شاری كردبوو بە دوی بەشی دابڕاو لە یەكتر ، بە تایبەت لە زستان و بەهار كە ئاو هەڵدەستێت پەیوەندی گران دەبێت لە زۆربەی كاتەكاندا (( لە ساڵی ١٨٢٢ قۆریە بچوكترین بەشی كەركوك بوو ، دانیشتوانی لە ١٠٠٠ كەس تێ ناپەڕی ٧٥ .
لە ساڵی ١٨٢٥ ئاشێكی گەورە، ساڵی ١٨٢٦ مزگەوتی نائیب ئۆغڵی لە گەڕەكی ئاخر حوسێن ، ساڵی ١٨٣٦ قەرە سەرای لە گەڕەكی شاترلو كە كرا بە بارەگای دەوڵەت ، ساڵی ١٨٤٥ بەیوك تەكیە لە گەڕەكی بڵاخ دروستكرا ن ٧٦ .
بە دوایدا ئاوەدان كردنەوە پەڕیوەوە بۆ ئەوبەر خاسە ، دروستكردنی قشڵەو مەجیدییە لەوبەر تەكانی دا بە گەورەبوونەوەی شار لەو بەشە . دروستكردنی قشڵەو مەجیدییە (( قشلە لە قشلاق ەوە هاتووە ، قش بە مانی زستان ، لاق یش بە مانای شوێن دێت )) لە پاڵ قەیسەری هەنگاوی گەورە بوو بۆ بە مۆدێرن كردنی شێوەی شار و گەشەدان بە تەرزی بیناسازی لە مێژووی نوێی كەركووكدا ، تەنانەت چەسپاندنی كەركووك وەك گرنگترین شاری ناوچەكە .
(( قشڵەی كەركووك لە ساڵی ١٨٦٣ محەمەد نامیق پاشا دروستی كرد ٧٧ .
((قشڵە لە ساڵی ١٨٣٦ لەسەر پانتایی ١٥٠٠٠ مەتر چوارگۆشە دروستكرا ، قەسری مەجیدییە لە ساڵی ١٨٤٠ دروستكرا ، كە لە ٧٠ ژور پێك دەهات ، ماوەیەكی زۆر متەسڕفییە و دارایی و تاپۆو دادگای تێدا بوو ، كە گرنگترین دەزگاكانی ئەو سەردەمە بوون ٧٨ . بەم شێوەیە دەبینیین كەركووك لە پاڵ گەورە بونەوەی بازاڕ و گەڕەكەكانی ، كارگێڕییەكەشی گەورە بوەوە و شێوەی مۆدێرنی بەخۆوەبینی ، ئەمەش وەڵامدانەوە بوو بە پێشكەوتنەكانی ڕۆژگار .
((لە ساڵی ١٨٧٠ لە پاڵ قەڵا بازاڕی گەورە دروستكرا ٧٩ .
درووستكردنی بازاڕی گەورە ، بەو پانتایی و ڕوبەرە بەرفراوانەوە ، وەڵامدانەوە بوو بە پێداویستی سەردەم ، لە گەورە بونەوەی شار و زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و نیشتەجێ بوونی ڕەوەندەكان لە لادێكان . مەدحەت پاشا لە ساڵی ١٨٦٩ هەوڵی دا ، عەشیرەتەكان نیشتەجێ بكات ، عەرەبەكانی ناوچەی حەویجەی كەركووك بەشێكن لەوانە .
بۆ دروستكردنی پەیوەندی بەهێز نێوان هەردوو بەری شار ، كە كارگێڕی و سەربازگا كەوتبوونە بەشە نوێكەی شارەوە، بازاڕ و ئاوەدانیش بەرەكەی دیكە ، دروستكردنی پردێكی بەهێز لەسەر خاسە پێویست بوو ، هەر بۆیە (( لە ساڵی ١٨٧٥ پردی بەردینی خاسە دروستكرا ، ئەمەش بووە هۆی گەشەی بەشی دیوی قۆریە ، پردەكە لە ٢ - ٤ - ١٩٥٤ ڕوخێنرا ، لە شوێنی پردەكەی ئێستا دروستكرایەوە ٨٠ .
دەرچوونە دەرەوەی شار بۆ دەرەوەی قەڵا ، بەرین بونەوەی لەهەردوو بەری خاسە ، پێویستیبوونی هۆیەكانی گواستنەوەی هێنایە پێشەوە بۆ پەیوەندی و گواستنەوە ، بۆیە پردی بەردینی خاسە زۆر گرنگ بوو ، بۆ بەیەك بەستنەوەی هەردوو دیوی شار .
((لە ساڵی ١٨٨٢ خان و چایخانە و بۆیە خانە لەسەر خاسە دروستكران ٨١ .
بەدروستكردنی پردی خاسە ، دیوی قۆرییەو مەجیدییە گەشەی كرد ، بۆیە پلەی دووەمی گەشەی شار بەرینبوونەوی قۆرییە بوو لەوبەر پردەكە . ((ساڵی ١٨٩٠ قۆریە لە ٣ : شاترلو ، ساریكەهیە ، بەگلەر پێك دەهات ٨٢ .
((بەشە دەشتایەكەی شاری كەركوكیش (قۆریە )، سەرەتای سەدەی هەژدەیەم دەست بە ئاوەدان كردنەوەی كراوە ، ناوی قۆریەش لە گوندێكی بەو ناوە وەرگیراوە ٨٣ .
هاوكات لە پاڵ چایخانەی مەجیدییەوە ((تەكیەی سەید ئەحمەدی خانەقا ، لە ساڵی ١٨٦٠ لە دروستكردنی بونەوە ٨٤ .
دروستكردنی تەكییەی سەید ئەحمەد خانەقا ، كە كەسایەتییەكی كوردی بەهێزی خاوەند نفوزی هەموو ناوچەی كەركووك بوو ، هەنگاوێكی گەورە بوو بۆ گەشەدان بە شار و پەیدا كردنی هژمۆنیای زیاتری كورد لە كەركووكدا ، هاوكات پەیوەندی مورید و هەوادارەكانیشی بە كەركووكەوە بەهێز دەكرد .
گەداو هاووڵاتیان ، جوتیار و ئاغاكان بە خۆیان و دیارییەكانیانەوە دەهاتنە خزمەت شێخ ، شێخ لە لایەن ماڵباتەكەیەوە پشتیوانی لێ دەكرێت ، بۆیە ئەگەر كەسایەتی بەهێزو نیشتمان پەروەر بێت ، بەهۆی پەیوەندی نەرێت پارێزی باوەوە لەو سەردەمە كارایی لەسەر پارسەنگی نفوزی نەتەوەكانیش دادەنا لەشار .
كەركووك لە ساڵی ١٨٨٠ پێك دەهات لە (( ٤٦٣٠ ماڵ ، ١١٨٣ دوكان ، ٢٨٤ عەرەسە ، ١٢ نانەواخانە ، ١٢ حەمام ، ٦٤ باخچە ، ٦٨ ڕەز ، ... ٨٥ .
هەرچی نووسەری ئەلبانی شەمسەدین سامییە لە لە ئەنسكلۆپیدیای عوسمانی كە لەساڵی (١٨٩٦) لە چاپخانەی(میهران) لە ئیستانبۆڵ چاپ كراوە لە سەر كەركووك بەم شێوەیە نوسیوییەتی((قەڵایەك، ٣٦ مزگەوت ، ٧ قوتابخانە، ١٥ تەكیە و زاویە، ١٢ خان ، ١٢٨٢ دوكان ، ٨ حەما م ، پردێك ، روشدییەك ، ٣ كەلیسای هەیە.
شارەكە بە نێو قەڵا و ئەو گەڕەكانەی لەدەوروبەر و لای راستی قەڵا درووست كراون پێك دێت . سێ لەسەر چواری دانیشتوان كوردن و بەشەكانی دیكەش لە نستوری، تورك و عارەب و هتد، پێك دێن. ٧٦٠ ئیسرائیلی(خۆی نەنووسراوە یەهودی، نووسراوە ئیسرائیلی) ٤٦٠ كلدانی. سەرەڕای ئەوەی كە چەند كاروانسەرایەكی بۆ بازرگانی هەیە، كشتوكاڵی بەراو هەیە و لەدەوروبەرییەوە باخی میوە هەن.لەدەوروبەری شار ئاوی كانزایی و نەوت زۆرە.
لەشار ئامێری رستن و چنینی قوماش هەیە.
لە شاردا نزیكەی ٢٠ ئامێری رستن و چنینی قوماش هەیە.لەشار دەباغی دەكرێت و تەنانەت ئاوریشم بەرهەم دێت. ئاوی شكوفەی پرتەقاڵ دەگیرێت. لەهاوین ئاو و هەوای گەرمە. ئاو و هەوای شار فێنك و پاكە. لە شارەكەدا چەند مەقبەرەیەكی لێیە و هەندێ پیر و چاكیش قەبرەكانیان خەڵك دەچێتە سەری)) *.
بەم شێوەیە دەبینیین كەركووك لەم ماوەیەدا گەورە بونەوەیەكی فراوان بەخۆوە دەبینێت ، لە دوای دروستكردنییەوە تا ئەوكات بێ هاوتا بووە .
گرنگترین قوتابخانە سەرەتاییەكانی كەركووك ئەمانەی خوارەوەن ، لەگەڵ ساڵی دروستكردنی :
-قوتابخانەی غەوسییە ( حەلواچییەكان ) ساڵی ١٧٠٩ .
-قوتابخانەی الایوبییە ، ساڵی ١٧١٠ گەڕەكی شاترلو.
-قوتابخانەی پیشەسازی ١٨٦٨ لە كۆتایی شەقامی ئەتلەس .
- قوتابخانەی ڕشدیە ساڵی ١٨٦٨ ( یەكەم قوتابخانەی نڤامی لە كەركوك دامەزرا لە گەڕەكی ئەخی حوسێن .
-قوتابخانەی ئیبراهیم پاشا لە شاترلو ساڵی ١٨٩١ .
قوتابخانەی نائب ئۆغلی ئەخی حوسێن ٨٦ .

١٥ ساڵی یەكەمی سەدەی بیست ، لە كەركووك ژیان وەك خۆی مایەوە ، پاشان بەهۆی گەشەی بازرگانی و هاتنی بێگانەوە بۆ ناو عێراق ، لە دوای داگیركردنییەوەلەساڵی ١٩١٨ گەشەی كرد . وەلێ لە ڕووی قەبارەو ژمارەی دانیشتووانەوە ، جگە لە سەردەمی گرانی گەورە ، شار هەر لە مەزن بوون و گەورە بونەوەدا بوو .
((ڕوپێوی شاری كەركوك و هەولێر لە نێوان ساڵانی ١٨٩٠- ١٩١٤ بوو بە دووجاری خۆی ٨٧ .
(( ساڵی ١٩٢٠ ڕوپێوی كەركووك بوو بە ٤،٨كم٢ ٨٨ .
بە دوای داگیركردنی عێراق لە لایەن ئینگلیزەوە . ((پۆلیسخانە لە ڕۆژهەڵاتی خاسەوە لە ئەشەك مەیدان دروستكرا ، مەلهایەك ( دعارە) لە تەنیشتییەوە كرایەوە بۆ پۆلیسەكان ٨٩ .
لە سەردەمی جەنگی جیهانی یەكەم ، دەست كرا بە دروستكردنی هێڵی ئاسنینی بەغدا - كەركوك . بە دوایدا ویستگەی شەمەنەفەری كەركووك دروستكرا . بوونی شەمەندەفەر و هاتنی ئۆتۆمۆبێل گەشەی بە شار دا ، بوونی شەمەندەفەر و ئۆتۆمۆبێل هۆكاری گەشەی شارن ، هاوكات گەشە بە پەیوەندی و بازرگانیش دەدات . ئیتر سەردەمی كۆڵانە تەسكی ئەوپەڕ داخراوی بن تاقدارەكانی بڵاخ و چقور و موسەڵا نەما ، كۆڵانەكان دەبێت فراوان دروست بكرێن ، چونكە ئۆتۆمبێل و عارەبانچی پێدا تێ دەپەڕن . دروستكردنی شەقامی بەرین ، قەبارەی شاری گەورە كردەوە ، سەرباری ئەوەی زۆر پیشەو كارگێڕی نوێی وەك پۆلیسی هاتوچۆو دوكانی فیتەری و فرۆشیاری یەدەكی ئۆتۆمۆبێل و پەنچەرچی .... لەگەڵ خۆیدا هێنا .
دەزگای پۆلیس ، گومرگ ، باج ، یانەی وەرزشی ، نەخۆشخانەی سەربازی هەموو ئەمانە پێویستی ئینگلیزەكان بوو لە عێراقدا ، بۆیە سوپای ئینگلیز كەوتنە دروستكردنی ئەم دەزگایانە لە شارەكانی عێراق .
شاری كەركووك لە ڕوی كاڕگێڕییەوە لە ماوەی ٤ دەیە ، دوو گۆڕانكاری بەسەردا هات ، ساڵی ١٨٧٩ متەسەرفییەی كەركووك بوو بە بەشێك لە ولایەتی موسڵ ، دوایی بوو بە ولایەتێكی سەربەخۆو لە ساڵی ١٩١٩ هەولێری لێ جیا كرایەوە ٩٠ .
هاتنی ئینگلیزەكان سەرباری ئەوەی وەك ئاماژەمان پێی دا ، بۆ پێداویستی خۆیان كەوتنە دوستكردنی دەزگا ئیداری و خزمەتگوزارییەكان ، لە لایەكی دییەوە تەرزی نوێ لە خانەسازی و نەخشەی شەقامی نوێشیان لەگەڵ خۆیاندا هێنا .
لە سەردەمی داگیركەری بەریتانیاشدا ساڵی ١٩١٩ ئینگلیزەكان سەرایكی دوو نهۆمی یان لە ڕۆژئاوای شارەوە بە بەرد وقسڵ دروست كرد و بانیشیان بە ئاسن و برغو قایم كرد تا ساڵی ١٩٧٢ یش هەر سەرای حكومەت بوو ٩١ .
پەیدابوونی خانوی چەند نهۆمی ، بەكارهێنانی چیمەنتۆ و شیش و شێلمان ، تەشەنەكردنی تەرزی خانووی ڕۆژئاوایی گرنگترین سیماكانی تەلارسازییە لە دوای هاتنی ئینگلیزەكان بۆ عێراق .
هەروەها دوای هاتنی ئینگلیزەكان ، گرنی دان بە دیوی دەرەوە بە تایبەت باخچەی بەر دەرگا زیادی كرد ، بە پێچەوانەوە لە تەرزی خانوی ڕۆژهەڵاتی گرنگی بە ناوەوە دەدرا .
بەڵام ئەك گۆڕانكارییانە تاكو دەیەكانی دوایی لەسەرخۆو بە هێمنانە دەچووە پێشەوە ((چەمەنتۆ لە چوارچێوەیەكی تەسك بەكارهێنراوە ، بەهۆی بەرزی نرخەكەی و بەكارنەهێنانی لەوە پێش ٩٢ .
كاتێك دەوڵەت كەوتە دروستكردنی خانوو بۆكارمەندانی كەرتی نەوت لەسەر تەرزی ڕۆژئاوایی ، ئیتر ئەم مۆدەیە لە شاردا بڵاو بوەوە و جێكەوت ((لە سەرەتای پەنجاكان سەدان خانوو بەناوی گەڕەكی عەرەفە دروستكرا(كركوك جدیدە)، زۆربەی دانیشتوانییان ئاشوری و ئەرمەن و توركمان بوون ٩٣ .
هەروەسا بۆ وەڵامدانەوە بە پێویستی سوپای ئینگلیز لە شارەكە (( هێزەكانی ئینگلیز ئوتێلی رەستهۆئوسە ییان دروست كرد . بە دوایدا لە ساڵی ١٩٢٥ ، ئوتێلی ئەحمەد پاڵاس لە شوێن ئوتێلی كەركوكی ئێستا دروستكرا ٩٤ .
واتە كەركووك لە قۆناغی خانەوەگواستییەوە بۆ قۆناغی ئوتێل پاڵاس ، ئەمەش هەنگاوێكی مێژوییە بۆ مۆدێرنە بوونی شار .
تێكەڵ بوونی عێراق بە جیهانەوە ، ڕادیۆو تەلەگراف و تەلەفۆن و تەلەفزیۆن و سینەمای لەگەڵ خۆیدا هێنا ، ئەمانەش هەموو كەركووكییان گرتەوە (( ساڵی ١٩٤٠ سینەما غازی دروستكرا ، لە نزیك پردی بەردین ٩٥ .
لە ناوەڕاستی سەدەی ١٦ەوە وەك ئاماژەمان پێیدا ، ژمارەی خانووەكانی كەركووك ، تەنها لە ١٦٨ خانوو پێك دەهات ، لە ناوەڕاستی سەدەی بیست و لە ماوەی ٤ سەدەدا ، ژمارەی خانووەكانی زیاتر لە ٤٧،١ جار زیاد دەكات بۆ زیاتر لە ٨٠٠٠ خانوو .
((ژمارەی خانوەكانی خۆی لە ٨٠٠٠ خانویەك دەدا ، ژمارەی دانیشتوانەكەشی لە ٦٠٠٠٠ كەسێك زیاترە كە زۆربەیان بەتوركی و كوردی دەدوێن ٩٦ .
((گرنگترین شەقامی شارەكە دەژمێرن كە ١٨ شەقامن ٩٧ .
گواستنەوەی قەوارەی بەرهەم هێنانی ئابوری وڵات لە كشت و كاڵەوە بۆ بەرهەم هێنانی نەوت ، تەكانی گەورەی بە شار دا ، بەمەش سەنگی ئابوری لە لادێوە گواسترایەوە بۆ شار ( كەركووك - موصڵ- بەسرە- بەغدا ).
((ساڵی ١٩٥٢ ەوە بۆ ١٩٥٥ ژمارەی ٣٤١ خانوو لە عەرەفە دروستكرا ٩٨ .
((ساڵی ١٩٥٢ ژمارەی ١٢ خانوو )) وە(( ١٩٥٣ ژمارەی ٩٨ خانوو )) . ((ساڵی ١٩٥٤ ژمارەی ٢٠٢ خانوو تەواو كرا )) (( ١٩٥٥ ژمارەكە گەیشتە ٣٤١ خانوو)) ٩٩ .
تەنها لە نێوان ساڵی ١٩٤٩ بۆ ١٩٥٢ ، لە شاری كەركووك بە فەرمی داوای مۆڵەت بۆ دروستكردنی ٧٠٥ خانوو كراوە ، هەرچەندە لەو سەردەمە ڕێگری یاسایی لە بەردەم خانوو درۆستكردن هەبووە ، بۆ ئەوەی جوتیاران لادێ بەجێ نەهێڵن بگوازنەوە بۆ شار .

ساڵ ١٩٤٩ ١٩٥٠ ١٩٥١ ١٩٥٢
كەركوك (ژ مۆڵەت) ١٤٨ ١٦٢ ١٥٨ ٢٣٧
كۆی عێراق ٣٣٤٧ ٢٩٥٠ ٢٩٥٦ ٤٣٤٣ ١٠٠ .
لە بەشەكانی داهاتوودا بە چڕی و تێرو تەسەلی لە گەشەكردنی شاری كەركووك لە نێوان ساڵانی ١٩٤٧ بۆ ١٩٥٧ لە هەموو بوارەكان دەكۆڵینەوە .
بەم شێوەیە كەركووك لە گەورە بونەوەی بەردەوامدا بوو لە ساڵی ١٩٧٣ ڕوپێوی گەیشتە ٢٤،٧ كم٢ ، دوانزە ئەندازە قەبارەی قەڵا ١٠١ .
*مەختوتەی ژمارە ٢٦٣٦ لە پەرتوكخانەی ئەوقافی بەغدا هەیە ، لە ساڵی ١١١٧ هیجری كەركووك بە بەلدە هاتووە ، لە مەختوتەیەی دیكە كە لە ١١٣٥ هجری بە ژمارە ٢٠٦٢٩ بڵاوكراوەتەوە بە لادێ ناوی هاتووە ، دیارە لەو ماوەیەدا ڕوداوو برسێتی كەركووكی گرتۆتەوە ( هویە كركوك - محمد علی قەرەداغی -ئاراس -ص٨-٩ ).

* بە پێی سەرچاوەی ( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ایلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ) كارستن نیبۆر فەرەنسییە ، وەلێ بە پێی سەرچاوەی ١٠٢ .
**(( گەڕەكی ئیمام قاسم كۆنترین گەڕەكی كەركوكە ١٠٣ .
***(( بەگوێرەی كۆنترین سەرچاوە لە بەردەستماندایە ، كە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٥٤٨ ، لە گەرەكی قۆریە ٧٠ ماڵ هەبووە ، بە ئەندازەی لادێیەكی بچوك بووە ١٠٤ .
****((گەڕەكی شوان ، شوێنەواری ماوە بەرامبەر ئەحمەد ئاغایە ١٠٥ .
*****((تسن لە سالی ١٥٤٨ لە ٩٣ ماڵ پێك دەهات ١٠٦ .
****** بەڵام نوسەرێكی دیكەی توركمان پێی وایە لە ٣٦٠ دوكان پێك دێت (( قەیسەری كەركوك ٣٦٠ دوكانی تێدایە ، ١٢ شوقە لەسەریەوەیە ١٠٧ . ناوبراو پێی وایە ٣٦٠ دەربڕی ڕۆژەكانی ساڵ و ١٢ ەكە دەربڕی مانگەكانی ساڵە.
******* قشڵە ((قشلاق وشەیەكی توركییە)) .

گەشەكردنی ژمارەی دانیشتوانی شاری كەركووك.

وەك پێشتر ئاماژەمان پێی دا ، كەركووك شارێك بووە زۆر كەم گەڕیدەو گەشتیار و ڕۆژهەڵاتناس سەردانییان كردووە و ڕێیان تێی كەوتووە ، بۆیە كەمترین زانیاری لەبەردەستدایە سەبارەت بە قەبارەی شارەكە و ژمارەی دانیشتووانی .
بۆ داریكردنی قەبارەی شارێك ، دەشێت خەمڵاندنەكان زیاتر ئامانج بپێكێت ، چونكە لە ئاستی دیاریكردنی گەڕەك و ڕێژەی ئاوەدانی شاردایە . بەڵام ئەم خەمڵاندنانە بۆ دیاریكردنی ژمارەی دانیشتوان ئەنجامی نادروست دەدات بە دەستەوە ، چونكە بەبێ ئەنجامدانی ئامار ناتوانرێت لە ڕێگەی خەمڵاندنەوە ، ژمارەی دانیشتووانی شارێك دیاری بكرێت ، ئەمە لە كاتێكدا ئەو ئامارانە لە مەزەندەی ئەو كەسانە زیاتر نەبوونە . سەرباری ئەمە زۆر لەو زانیارییانەی كە هەن ، لەگەڵ یەكدیدا ناكۆك دەكەونەوە . بۆیە ئەو ئامارانەی لەبەردەستدان هەموو مەزەندە و قەبڵاندنی گەڕیدە و گەشتیارانە ، ئەوانیش ماوەی كەم لە شارەكە ماونەتەوە ، نەیانتوانییوە زانیاری تەواو لەسەر ژمارەی دانیشتووان كۆبكەنەوە .
تاكو دوای داگیركردنی عێراق لە لایەن ئینگلیزەوە ، دەوڵەت هیچ جۆرە ئامارێكی نەكردووە بۆ دیاریكردنی ژمارەی دانیشتووان ، بۆیە لە ڕوی زانیارییەوە لەم بوارە كەركووك هەژارە ، ئەوەی هەیە و لەبەردەستدایە جێگای متمانە پێكردن نی یە .
ئاماری مۆدێرنی جیگەی متمانە ، تاكو ساڵی ١٩٤٧ز ئەنجام نەدراوە لە شاری كەركووك ، ئەوەی هەیە گریمانەو مەزنەدەیە ، نەتەوەییە بەرچاو تەنگەكان ( كورد و توركمان) ئەو وتەو ژمارانەی لە قازانجی خۆیانە بەكاری دەهێنن ، ئەوانەشی بە پێچەوانەی دروشمە سیاسییەكان ئەمڕۆیانە ، چاوی خۆیانی لە ئاست دەنوقێنن ، ئەمڕۆ جەنگ لە سەر خاوەندارییەتی شاری كەركووك لە جەنگی ژمارەكانی ڕابردوەوە سەرچاوەی گرتووە .
گەڕۆكی ئینگلیزی بكنغام لە ساڵی ١٨١٦ ، سەردانی كەركووكی كردووە ، بەم شێوەیە ئاماژە بە ژمارەی دانیشتووانی شار دەدات : ((كەركوك لە ٣ بەش پێك دێت ، هەربەشێكیان ڕوپێوێكی فراوانی هەیە ، بەشی سەرەكی لەسەر تەپۆلكەیەكە كە بە تەپۆلكەكەی ئەربیل دەچێت ، لەناو ئەم قەڵایە ژمارەیەكی زۆر خانوو هەیە ، منارەی هەر ٣ مزگەوتەكە لە خانوەكانی دیكە بەرزترن ، ژمارەی دانیشتوانی لە نێوان ٥-٦ هەزارە . بەشی دووەمی شار ، كە گرنگە بۆ پارێزگاری لە شار ، ئەم بەشە ڕوپێوی فراوانتر و ژمارەی دانیشتوانیشی زۆرترە لە بەشەكانی دیكە . دەكەوێتە دەشتایی پاڵ قەڵاوە ، لە وێدا خانە سەرەكییەكانی شارو چایخانەو بازاڕەكان هەیە ، دانیشتوانی ئەم بەشە نزیكە لە ١٠٠٠٠ كەسە . بەشی سێیەمی شار نیو میل لە دوو بەشەكەی دیكەوە دوورە ، ئەم بەشە بچوكترین بەشە ، خانووەكانیشی پەرتە ، ژمارەی دانیشتوانی لە ١٠٠٠ كەس تێپەڕ ناكات ، بەمەش كۆی ژمارەی دانیشتوانی كەركووك لە ١٥٠٠٠ تێپەڕ ناكات ١٠٨ .
وەلێ كلیمانی فەرەنسی ٤ دەیە دوای بیكنغام ، لە ساڵی ١٨٥٦ز سەردانی كەركووكی كردووە، ڕونتر پەنجە لەسەر ژمارەی دانیشتووانی شار دادەنێت .، ئەو ژمارەی دانیشتووانی شاری كەركووك دیاری دەكات بە ٢٥٠٠٠ كەس ، جگە لە سەربازانی عوسمانی لە شارەكە ، ئەوەش دیاری دەكات كوردەكان ٧٥٪ دانیشتووانی شار پێك دەهێنن ١٠٩ .
دوای كلیمان بە ١٧ ساڵ ، ئەندازیاری ڕوسی یوسیب تشیرنیك ، كە لە ساڵانی ١٨٧٢-١٨٧٣ سەردانی كەركووكی كردووە ، ژمارەی خەڵكی شارەكەی بە ١٢٠٠٠-١٥٠٠٠ دیاری كردووە . باس لەوە دەكات هەموو دانیشتوانی شارەكە كوردن ، جگە لە ٤٠ خێزانی كریستان نەبێت ١١٠ .
لە كۆتایی سەدەی نۆزدە بەگوێرەی زانیاری بارۆن ئیدوارد نۆڵد (( كەركووك شار و ناوچەیەكی گرنگە بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە توركیا بەرچاوم كەوتن ، دانیشتووانی كەركووك ١٧ هەزار كەسە ١١١ .
دوای دوو دەیە لەو گەشتەی یوسیب تشیرنیك ، شەمسەدین سامی ژمارەی دانیشتوانی شاری كەركوكی لە قاموس ئەعلامی توركی بە ٣٠٠٠٠ دیاری كردووە ، لێ دوای ١٠ ساڵ لەو مێژووە ، میجەرسۆن ئەو ژمارەیە كەم دەكاتەوە بۆ نیووە .
((میجەرسۆن لە ساڵی ١٩٠٧دا ، ١٦ ڕۆژ لە یەكێك خانەكانی كەركوك ماوەتەوە ، ژمارەی دانیشتوانی كەركوكی بە لانی كەم ١٥٠٠٠ دیاری كردووە ١١٢ .

١١ ساڵ دوای گەشتەكەی مێجەرسۆن ، ئەدۆنیس ژمارەی شاری كەركووكمان دەداتێ ((ئەدۆنیس : كاتێك بەریتانییەكان داگیرییان كرد ژمارەی دانیشتووانی شارەكە دەگەیشتە ٢٥ هەزار كەس ١١٣ .
ساڵی ١٩٢٠ ژمارەی دانیشتووانی بەشی ڕاستی شاری كەركووك گەیشتە ٣٢١٩١ كەس ، كۆی دانیشتووانی شار گەیشتە ٥٩٢١٠ كەس ١١٤ .
لێرەوە ئەم جیاوازییە ئاشكرایانەمان بۆ دەردەكەوێت لە دیاریكردنی ژمارەی دانیشتووانی شار ، دەبینیین هەر كەسە كە سەردانی شاری كەركوكی كردووە ، ژمارەیەكی داوە بە دەستەوە ، ئەمەش بەهۆی ئەوەوە بووە ، زانیاری درووست نەبووە لەسەر ئاماری شار .
لە لایەن دەسەڵاتدارییەتییەوە ئاماری دروست نەكراوە ، تاكو ئەو بێگانانە كەڵكی لێ وەربگرن لە یاداشتنامەو نوسینەكانیان .
نەبوونی سەرژمێری دەوڵەتی و بانكی زانیاری لە شار ، هۆكاری ئەم سەرلێشێوانەیە ، كە بێگانەكان گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان ، لە دەفتەری بیرەوەری و نوسراوەكانیان ، بە مەزەندەی خۆیان ژمارەی دانیشتوانی شاری كەركووكیان دیاریكردووە ، بۆیە ژمارەكان ناكۆك لەگەڵ یەكتر، ناتوانرێت پشتیان پێ ببەسترێت و وەك بەڵگەنامەی بە متمانە كەڵكی لێ وەربگرترێت ، بكرێنە سەرچاوە بۆ توێژینەوە و یەكلایكردنەوەی كێشە مێژوییەكان و ساغكردنەوەی ناسنامەی شارەكە .
هەرچەندە هۆكار زۆر لە ئارادا بووە ، بۆ ئەوەی ژمارەی دانیشتووان بەردەوام لە بەرزبونەوەو دابەزیندا بێت ، لە گشتدا گەشە نەكات و لە شوێن خۆی ڕابوەستێت ، لەوانە : گرانی ، نەخۆشی ، لافاو ، شەر ِ، قات و قڕی .... .
سەرما و گەرما ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە زۆربوونی ڕێژەی مردن ، سەرباری نەخۆشی . با چاوێك بخشێنیین ، بە بەشێك بچووك ، لە گرنگترین ئەو ڕوداوە سروشتیانەی ، لە ماوەیەكی كوورتی مێژوییدا ، لە ناوچەی كەركووك ڕویانداوە ، كە بوونە بە هۆكاری مردنی بە كۆمەڵ و ماڵ وێرانی بۆ هاووڵاتییانی شارەكە . ئاكامیان بە كەمبونەوەی ژمارەی دانیشتوانی شار و چۆڵ بوون و وێران بوونی تەواو بووە ، ئەمە سەرباری جەنگ و هێرشەكان ، بە تایبەت هێرشی سەفەوییەكان بۆ سەر كەركووك ، گرتن و مەنجەنیق بارانكردنی وەك پێشتر ئاماژەمان پێی دا ((نادر شاە لە ساڵی ١٧٤٣ كەركووكی داگیر كرد ، لە ساڵی ١٧٤٦ عوسمانییەكان گرتیانەوە )) . یاخود ((لە ساڵی ١٦٢٤ خان ئەحمەد خانی ئەردەڵان بە لەشكرێكەوە چووە سەر شارەزور و كەركوك و قەڵای كەركوكی زەوت كرد ١١٥ .
شارەكانی عێراق و ناوچەكە لە ڕوی شێوازی دروستكردنەوە زۆر كەم و كوڕییان هەبووە ، ئەم كەم و كوڕیانەش بۆتە هۆی تەشەنەكردنی نەخۆشی تیایاندا ، لەوانە : (( قەرەباڵغی ، پیسی ، كەمی ئاوو بە تایبەت لە ناو قەڵاكان ، خراپی ڕێگاو بان ، بوونی گیانەوەری پیس لە شار ، بەخێوكردنی ئاژەڵ لەناو ماڵان ، كەمی ڕێژەی بۆشایی ناوشار و باخچەو سەوزایی ، داخراوی كۆڵانە تەسكەكان ، بەهۆی ئەوەوەی كۆلانە داخراوەكان فێنك بوون ، هاوكات ڕەشا با نایگرتەوە ، هەروەها بوونی ژێر زەمین بۆ پاراستن لە گەرما و سەرماو ڕەشەباو تكە ، لەبەر بچوكی خانوو تەسكی حەوشە .... )) .
شارەكان بە گشتی و قەڵاكانییان بە تایبەت ، كۆڵانەكانییان زۆر تەسك بوو ، ئەمەش بە هۆی كەمی ڕوبەری شارەوە ، هەروەها پاراستنیی خەڵكەكەی لە گەرمایی هەتاوی هاوین . (( كۆڵانی تەسك ، خۆرەتاو نایگرێتەوە ، شتی تێدا بۆگەن دەبوو ، ماڵەكان پەنجەرەیان نەبوو لە نهۆمەكانی خوارەوە ، تا هەوای تازە بچێتە ژورەوە ، بە تایبەت ئەو ماڵانەی دەكەوتنە سەر كۆڵانەكان ، كەمی ڕوپێوی شارەكان و زۆری ماڵ ، وای دەكرد شوێنی باخچە لە شاردا نەبێتەوە ، كۆڵانەكان پڕ بوون لەگیاندار ، لە ئەسپەوە بۆ كەر و حوشتر و مانگاو مەڕو ماڵات و... گەوەڕەكانیان لە تەنیشت شوێنی ژیانی خەڵكەكەوە بوو ، یان لەو خانانەی نزیك بوون لە گەڕەكەكانەوە . ئەوەی ببوە دیاردەی ئاسایی ئەو پاشماوە و پیساییانە بوو لە گەڕەكەكان هەڵدەگیران ، دواتر دەكران بە سوتەمەنی بۆ حەمامەكان ، دەبوونە دایانگای مێش و مەگەز و سەرچاوەی نەخۆشی ١١٦ .
شارەكانی عێراق لە سەدەی ١٥ ەوە ، لەهەموو خزمەتگوزارییەكی تەندرووستی بێ بەش بوون ، كەوتنە بەر شاڵاوی زۆر جۆرە نەخۆشی كوشندە ، لە چەشنی تاعون و كولێرا و مەلاریا و تیفۆید ، لە ساڵەكانی ١٦٨٩ و ١٧١٩ و ١٧٧٣ و ١٧٧٤ و ١٧٧٦ و ١٧٨٠ و ١٧٩٠ و ١٨٠١ و ١٨٢٧ و ١٨٣٠ و ١٨٧٣ و ١٨٧٤ و ١٨٧٥ و ١٨٧٦ و ١٨٧٧ و ١٨٩٩ و ١٩٠١ و ١٩٠٢ و ... هتد .
((لەو ماوانەدا زۆر جۆر نەخۆشی عێراقیان گرتەوە . هەر یەكێك لەم نەخۆشیانە ، زیانی ئابوری و مرۆیی گەورەیان لێ كەوتۆتەوە ، ئەمەش بەهۆی ئەوەوەی ، دەسەڵاتدارییەتی عوسمانی گرنگی نادا بە كەرتی تەندروستی ١١٧ .
مشك و جرج ، یەكێك لە هۆكارەكانی تاعوونن لە مێژوودا . كە بەرفراوانی لەو شارە قەڵا ماڵە بچوك و تاریكانەدا بڵاو ببونەوە .
گرنگترین ئەو ڕوداوانەی لە كەركووكدا هاتنە ئاراوە ، ئەوەی تۆمار كراوە بریتین لە :
((لە ساڵی ١٢٤٨ز بارانێكی زۆر باری ، لادێیەكان كەوتنە ژێر ئاواوەوە ، قەڵای كەرخینی هەرەسی هێنا ١١٨) .
ساڵی ١٧٤٤ كولە دای بەسەر ناوچەی كەركووكدا (من احداپ كركوك ١٧٠٠-١٩٥٩- نجات كوبرلی اوغلو ).
((ساڵی ١٧٥٧ ... ( بەهۆی كارەساتی سەرماو بەفرەوە ، ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتیانی كورد گیانیان لە دەست دا ، تەنانەت كەس نەبوو تەرمەكانیان بشارێتەوە ١١٩ )
(( هەمان ساڵ ناوچەكە كەوتە بەر هێرشی بەرفراوانی كولە . سەرباری برسێتی بەهۆی پەلاماری كولەوە. لە دواییدا نەخۆشیشی هاتە سەر . مردن ئەوەندە زۆر بووە ، كە فریای ناشتنی تەرمەكانیان نەكەوتن ١٢٠ ) .
ساڵی ١٧٧٠ پلەی گەرما هاتە خوارەوە ، بووە هۆی فەوتانی بەروبوومی كشت و كاڵ و هاتنی گرانی (من احداپ كركوك ١٧٠٠-١٩٥٩- نجات كوبرلی اوغلو ).
ساڵی ١٧٧١ جارێكی دیكە كەركووك كەوتە بەر شاڵاوی كولە ، لە ئاكامدا بەروبوومی كشت و كاڵ فەوتا و گرانی لێكەوتەوە .
ساڵی ١٧٧٢ تاعون كەركووكی گرتەوە كە لە ئەستەنبوڵەوە هاتبوو ، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی خەڵك شارەكە بەجێ بهێڵن .
ساڵی ١٧٧٣ باران زۆر باری بووە هۆی زۆری بەرهەم و هەرزانی (من احداپ كركوك ١٧٠٠-١٩٥٩- نجات كوبرلی اوغلو ).
ساڵی ١٧٨٥ وشكە ساڵ بوو ، بووە هۆی گرانی و كەمبوونی خۆراك و برسێتی لەناو هەژاران (من احداپ كركوك ١٧٠٠-١٩٥٩- نجات كوبرلی اوغلو ).
ساڵی ١٧٩٢ جارێكی دیكە وشكە ساڵ بوو ، بووە هۆی گرانی و برسێتی .
ساڵی ١٨٠٢ تاڵانی ناوچەی شنۆو لاجان هێنرایەوە بۆ شار ، كە لە هۆزی بڵباسیان گرتبووە ، دابەشكرا بەسەر دانیشتووانی شاری كەركووك ( ٦٠٠٠٠ سەر مەڕ- ٢٠٠٠ مانگا - ٢٠٠٠ گا) ١٢١ .
(( ساڵی ١٨١٥ گرژی كەركوكی گرتەوە ، چەند مانگ درێژەی كێشا ١٢٢ .
((فارسەكان لە نێوان ساڵانی ١٨٢١-١٨٢٣ شارەكانی كەركوك -سلێمانی- موسڵیان داگیركرد ، بەڵام بەهۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەوە پاشەكشەیان كرد ١٢٣ .
ساڵی ١٨٢١ كولێراو زەردویی كەركووكی گرتەوە كە لە هیندستانەوە هاتبوو ، نزیك ١٠٠٠ كەسی لە شار كوشت ، ٢٠ ڕۆژی خایاند ١٢٤ .
ساڵی ١٨٢٤ جارێكی دیكە باران كەم باری ، گرانی ناوچەكەی گرتەوە ، زۆركەس لە برسان مردن ، ساڵی ١٨٢٧ جارێكی دیكە كولێرا ژمارەیەك هاووڵاتی شارەكەی كوشت ، ساڵی ١٨٢٨ كولە پەلاماری شاری دا ، ساڵی ١٨٢٩ قات و فڕی جارێكی دیكە كەركووكی گرتەوە .
ساڵی ١٨٣٠ تاعون لە تەبرێزەوە گەیشتە سلێمانی ، لەوێوە بۆ كەركووك ، ڕۆژانە هەزارانی دەكوشت ، دەسەڵاتی عوسمانی هانای بۆ ئینگلیز برد ، خەڵك لە ترسان شاریان بەجێ دەهێشت ، هەواریان لە دەرەوەی شار هەڵدا ١٢٥ .
یەكێك لەو نەخۆشییە كوشندانەی لە مێژوودا كەركووكی گرتۆتەوە ، تاعونەكەی ساڵی ١٨٣٠ ە ، تەواوی سەرچاوەكان ، ئاماژە بۆ تاعونێكی سەخت دەكەن لە ساڵی ١٨٣٠ ، لە شاری كەركووك ، زۆر سەرچاوە پەنجەیان درێژكردووە بۆ ئەم ڕشانەوە گەورەیە ، هەموویان ئاماژە بە زیانە زۆر و زەبەندە گیانییەكانی دەكەن .
(( ڕشانەوەی گەورە لە ساڵی ١٨٣٠(٣٠-٥٠٪)خەڵكی كەركوكی كوشتووە . سوپای عوسمانی تەرمی مردووەكانی بە كۆمەڵ بە عەرەبانە گواستۆتەوە بۆ شوێنی ئیسكانی كۆنی ئێستا لەو شوێنە ژێر گلی كردووە ١٢٦ . بەڵام بە داخەوە ئاماری ژمارەی دانیشتووانی كەركووكمان لە پێش و پاش تاعونەكە لەبەر دەستدا نییە ، تاكو قەبارەی زیانە گیانییەكانمان بۆ ئاشكرا بێت .
((لە سەپتەمبەری ١٨٣٠ ، نەخۆشی تاعون لە كەركوك بڵاو بوەوە ١٢٧ ) .
((ساڵی ١٨٣٠ تاعون لە كەركوك بڵاو بوەوە ) .
((تاعون بەشێكی زۆری شاری وێران كرد ، خەڵكی لە شار دەركرد ١٢٨ .
((تاعون و برسێتی هات ، بەجارێ خەڵكی داڕزان و دوژمنی بۆ هێشتینەوە ، بە جۆرێك كاتێ دزی دەكرا هەر كۆمەڵە تۆمەتەكەی دەخستە پاڵ ئەوەی تر ١٢٩ )
((دوای ئەمە نەخۆشی تاعون وڵاتی داگرتوە بە جۆرێك نیوەی دانیشتوانی شارەكەو دێهاتەكانی دەوروبەری لەناو برد ١٣٠ .
ساڵی ١٨٣٢ و ١٨٤٥ كولێراو تاعون جارێكی دیكە كەركووكی گرتەوە ، هەر جارەی ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتی شاری كوشتووە ، ئەوە نییە ئەمە یەكەم و دوا نەخۆشی بووبێت ، خەڵكی شاری كەركووكی بە كۆمەڵ لەناو بردبێت ، لەم بوارەدا نموونەی دیكەمان زۆرە :
(( ڕشانەوەی بچوك هاوكات لەگەڵ ساڵی گرانییەكە زیانی گەورەی نەگەیاندوە ١٣١ ) .
((لە گرانی گەورە ، برسێتی و گرانی بێ ئەندازە ، سەدان كەسی لە كەركوكدا لە برسێتی كوشت ١٣٢ .
مردن بە برسێتی و نەخۆشی گرانی گەورە ، كاریگەری جەنگ و تاڵان و بڕۆی عوسمانییەكان بوو لە سەر خەڵك ، عوسمانی دەوڵەتێكی سەربازی بوو ، بۆیە بەردەوام لە جەنگدا بووە ((لە سەرەمی عوسمانییەكان خەڵك كەوتنە بەر شاڵاوی تاڵان و بڕۆ ) .
سەرباری تاڵان و بڕۆی خەڵك ، باجێكی زۆریشی بە دوادا هات ((لە هەر كەرێكی بێ بار ١ فلس باج وەردەگرترا ، بەڵام كەری باردار ٤ فلوس باجەكەی بوو ) .
لەبەر ئەوەی سوارە پیادە باجی لەسەر نەبوو خۆی لێ دەبوارد (( خەڵك خۆیان بارەكەیان هەڵئەگرت تا ٤ فلسی باجەكە نەدەن )
((لە لادێكان هەر سەرە مەڕو بزنێك ٤ عانە باجی لەسەر دانرا ) .
سوپای داگیركەری ئینگلیز ، هەڵوێستی عوسمانییەكانییان گرتە بەر بەرامبەر بە چەوساندنەوەی خەڵكی هەژار ، درێژەیان بە سیاسەتی عوسمانییەكان دا ((ئینگلیزەكان ئاغاكانیان كردە وەكیلی خۆیان بۆ وەرگرتنی باج ١٣٣ ) .
جەنگ كاریگەری زۆری لەسەر خەڵك دانا ، جگە لە مەرگی بە كۆمەڵ لە بەرەكانی شەڕ ، هاوكات تاڵان و بڕۆ و گرانی و بێكاری و برسێتی و نەخۆشی لەگەڵ خۆیدا بۆ جەماوەر هێنا .
ئەم خشتەیەی لە خوارەوە دەیبینن ، سەرژمێری گوندێكی كوردستانە ، لە پێش جەنگ و دوای جەنگ ، ئەوە دەر ئەخات ، جەنگ چ كارێكی ناهەمواری كردۆتە سەر دێ یەكی بچووكی لاڕێی وەك ((تەبلا)).
پێش جەنگ لە پاش جەنگ
ژمارەی ماڵەكان ٢٠ ٢٠
هێش و گاسنی جووت ١٥ ١٠
٢٥ ( ١٣٤) . مەڕ و بزن ٣٥

بەم شێوەیە وەك بینیمان جەنگ ، برسێتی ، نەخۆشی ، سستەمی زاڵمانەی كارگێڕی هۆكاری ئەوەن كە ژمارەی دانیشتووان بەرز نەبێتەوە .
ئەم ئامارانەی تاكو ئێستا پێشكەشمان كردن ، وەك پێشتر ئاماژەمان پێیان دا ، هەموو خەمڵاندنی خەڵكانی بێگانەیە بۆ سەرژمێری دانیشتووانی ناو شار ، نەك لیوای كەركووك بە شار و لادێكان دەوروبەرەوە .
لە دوای داگیركردنی عێراق لە لایەن ئینگلیزەوە ، بۆ یەكەمجار ئاماری ناو شار و دەوروبەرەكەی دێتە پێشەوە . (( ساڵی ١٩١٩ بە گوێرەی خەمڵاندنی بەریتانیا ، ژمارەی دانیشتوانی كەركوك ٩٢٠٠٠ بوو ، بەڵام بە گوێرەی ئاماری لیژنەی عوسبەی ئومەم ژمارەی دانیشتوانی ١١١٦٥٠ كەس بوو ، ٣،٦٪ دانیشتوانی سەرجەم عێراقی دیاری دەكرد ١٣٥ .
((ساڵی ١٩٢١-١٩٢٤ ، بە گوێرەی خەمڵاندنی حكومەتی عێراقی ، ژمارەی دانیشتووانی لیوای كەركوك ، گەیشتۆتە ١١١٦٥٠ كەس ١٣٦ .
(( ڕاپۆرتی كۆمەڵەی نەتەوەكان (عوصبە الامم) كە لە لایەن لیژنەی تایبەتییەوە لە ناوچەكە لە كوردستانە لە ساڵانی (١٩٢٢-١٩٢٤)ئەنجام دراوە : ژمارەی دانیشتوانی لیوای كەركووك ، گەیشتە ١١١،٦٥٠ كەس و بە پێی نەتەوەكانیان بەم پێیە دابەش بوونە : كورد ٤٢،٥٪ و عەرەب ٣١،٩٪ و توركمان ٢٣،٤٪ و ئەوانی تر ٢،٢٪، كۆی ژمارەیان ١٠٠٪ ١٣٧ ) .
سەرژمێری ١٩٢٥ لیوای كەركووك ١٣٨٨٥٠ كەس بووە ، بە گوێرەی ئاماری حكومەتی عێراق ژمارەی دانیشتووانی لیوا ١٣٦٧٩٥ كەس بووە ١٣٨ .
لە ساڵی ١٩٣٠دا ، بۆ یەكەمجار لە مێژوودا ، دەزگایەكی حكومی ، ئاماری ناو شاری كەركووك دەكات ، هەرچەندە پێی ناچێت ئامارەكە فەرمی و زۆر ورد بوبێت ، بەڵام دەشێت تاكو ئەوكات نزیكترین ژمارەی نزیك لە ڕاستییەوە بوبێت ((ساڵی ١٩٣٠ ئامارێك كە شارەوانی كەركوك پێی هەڵسا ، بەگوێرەی ئەو ئامارە ژمارەی دانیشتووانی شاری كەركوك ٣٥٠٠٠ بوو ١٣٩ ) .
هیچ كام لەم سەرژمێریییانەی ئاماژەمان پێیان دا تا ئێستا بە شێوەی ڕێك و پێك و مۆدێرنانە ئەنجام نەدراون ، بۆیە بازنەی كەم هێنان بەرفراوانە . دەتوانیین لە ساڵی ١٩٤٧ ەوە ، پشت بە سەرژمێرییەكان ببەستین ، كە شێوەی فەرمی و سەرتاسەریی ئەنجامدراوە (( هەرچەندە سەرژمێری ساڵی ١٩٤٧ یەكەم سەرژمێری ڕەسمییە كە دەكرێت پشتی پێ ببەسترێت ، بەڵام ئەو سەرژمێرییەش دوا بە دوای شاڵاوی سوپا بۆسەر كوردستان لە سییەكان و چلەكاندا كراو ئەو دەمەش خەڵكی هوشیارییەكی ئەوتۆیان نەبوو لە ترسی باج و خزمەتی سەربازی خۆیان دەشاردەوەو خۆیان ناونووس نەدەكرد ١٤٠ ) .
((لە ساڵی ١٩٤٧ لەسەر بنچینەی مۆدێرن ئامار كرایەوە ، ژمارەی دانیشتوانی لیوا گەیشتە ٢٨٦٠٠٥ كەس كە دەیكردە ٥،٩٪ ی هەموو عێراق ١٤١ ) .
بەڵام ناو شاری كەركووك ((ژمارەی دانیشتوانەكەشی لە ٦٠٠٠٠ كەسێك زیاترە كە زۆربەیان بەتوركی و كوردی دەدوێن ١٤٢ ) .
((ساڵی ١٩٤٧ ژمارەی دانیشتووانی كەركووك ٦٧٧٥٦ كەس بوو ، كە ١٨٠٠٠ لە وانە شوێنی لە دایكبونیان شارەكانی دیكەیە ١٤٣ ) .
١٠ ساڵ دوای ئەو سەرژمێرییە ، سەرژمێرێكی فەرمی دیكە لە ساڵی ١٩٥٧ ئەنجام درا ، تاكو ئێستا بە متمانە پێكراوترین سەرژمێری دیاری كراوە لە عێراق ، بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەی ناسنامەی كەركووك پشتی پێ دەبەسترێت ((سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ گونجاوترین سەرژمێرییە كە پشتی پێ ببەسترێت ، چونكە لە بارودۆخێكی گونجاوتردا كراوە ١٤٤ ) .
بە گوێرەی ئەو سەرژمێرییە ، ژمارەی دانیشتووانی ناوەندی شاری كەركووك ، گەیشتە ١٢٠٤٠٢ كەس .
بەم شێوەیە دەبینیین لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٣٠ بۆ ١٩٤٧ - ١٩٥٧ ژمارەی دانیشتووانی شاری كەركووك ، تەكانی بێوێنەی بە خۆوە بینیووە ، لە ماوەی ئەم ٢٧ ساڵەدا ، نزیك بە ٣٥٠٪ گەشە دەكات .
لە بەشەكانی داهاتوودا ، لە گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتی و ئابورییەكان دەكۆڵینەوە كە لەو ماوە مێژووییەدا (١٩٤٧-١٩٥٧) لە كەركووكدا ڕویان داوە ، لێ ئێستا بەكورتی دەتوانیین گرنگترین ئەو هۆكارانە لەم سەرە خاڵانە كورت بكەینەوە :-
- كۆچی جوتیارانی بێكار ڕوو لە شار .
- زۆربوونی ژمارەی لە دایك بوون و كەمبونەوەی ڕێژەی مردن .
- بوونی كۆمپانیای نەوت لە كەركووك پێویستی بەهێزی كار .
((سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن ، ژمارەی كۆچبەران بۆ شاری كەركووك ، لە شارەكانی دیكەوە ، لە نێوان ١٩٤٧ - ١٩٥٧، زیاتر لە ٣٩٠٠٠ كەس بووە ١٤٦ ) .
وەك ئاماژەمان پێیدا ، بەرزبوونەوەی ڕێژەی لە دایك بوون و دابەزینی ڕێژەی مردن ، هۆكاری ئەم گەشەكردنەی ژمارەی دانیشتووانە ، دیارە باری تەندرووستی ، خۆراك ، خوێندن لەو ماوەیەدا چووە سەر .
ڕێژەی لە دایك بوون لە پارێزگای كەركووك (١٩٥٧-١٩٨٧) بە هەزاران
ساڵ لە دایك بوون بە هەزار
٥٧-٥٨ ٧،٣
٦٠-٦٧ ١٩،٥
٧٧-٨٧ ٢٨،٧ (١٤٧)
هەرچی ڕێژەی مردنە ، بە پێچەوانەی لە دایك بون لە دابەزیندا بووە :
ڕێژەی مردن لە پارێزگای كەركووك لە ماوەی ٢١ ساڵدا :
ساڵ ٥٧- ٥٩ ٦٠- ٦١ ٧٢ -٧٣ ٧٧-٧٨
كەركووك ٤،٨ ١،٧ ٢،٧ ٤،٨
عێراق ٣،٩ ٣،٨ ٢،٩ ٤،٥ (١٤٨) .
د. شاكر خەسباك لە پەرتووكی (العراق الشمالی ) بەم شێوەیە ژمارەی مردوان لە شاری كەركووك دیاری دەكات : ژمارەی مردووان ساڵی ١٩٥٧(٤٠٧) كەس ، ساڵی ١٩٥٨(٧٩٦) كەس ، ساڵی ١٩٦٠(١٠٧٢) كەس ، ساڵی ١٩٦١(٨٤٤) كەس ، ساڵی ١٩٦٢(٧٠٠)كەس ، ساڵی ١٩٦٥(٦٧٢) ، ساڵی ١٩٦٦(٨١٥) ١٤٩ .
پاش ٨ ساڵ لە ئاماری ساڵی ١٩٥٧ ، دوای گۆڕانكارییەكانی ساڵانی ١٩٥٨ و ١٩٦١ و ١٩٦٣ لە كوردستان و عێراق ، ئامارێكی نوێ لە عێراق ئەنجام دەدرێت ، ژمارەی دانیشتووانی شاری كەركووك بەم شێوەیە بەرزبوەوە :
((كۆی گشتی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای كەركوك لە ساڵی ١٩٦٥ گەیشتە ٤٧٣٦٢٦ كەس ١٥٠ .

ڕێژەی شارنشینی لە ساڵی ١٩٦٥ ، لە پارێزگای كەركووك و عێراق بەم شێوەیەی خوارەوە بووە:


(( لە پارێزگای كەركوك ڕێژەی شارنشینی ٤٨،٥٪ بووە ، ژمارەی دانیشتوانی ناو شاری كەركووك ١٦٧،٤١٣ كەس بووە ، كە دەیكردە ٣٦،٢٪ دانیشتوانی سەرجەم پارێزگا . لە پارێزگای بەغدا ڕێژەی شارنشینی ٥١،٢٪ ، بەصرە ٤٦،٥٪ و سلێمانی ٢١٪ بووە لەهەمان ساڵدا ١٥١ . ، دیارە شارنشینی دژ بە لادێنشنییە ، بە پێچەوانەی یەك سەردەكەون و دادەبەزن .
لێرەوە بۆمان دەرەكەوێت ، ڕێژەی شارنشینی لە پارێزگای كەركووك ، لە پێش پارێزگای بەصرەوەیە ، هەروەها زیاتر لە دوو بەرابەری پارێزگای سلێمانی بووە لە ساڵی ١٩٦٥ ، كە ئەمەش لەو كات بلە پلە بەرزەكان دادەنرا لە عێراقدا .
ڕێژەی شارنشینی لە شاری كەركووك ، لە ماوەی ٣٠ ساڵ (١٩٤٧-١٩٧٧) بەم شێوەیەی خوارەوە لە گەشەكردندا بووە:
ساڵ ژمارەی دانیشتووان ڕێژەی شارنشینی
١٩٤٧ ٢٨٦٠٠٥ ٣٣٪
١٩٥٧ ٣٨٨٤٦٢ ٣٩٪
١٩٦٥ ٤٧٣٦١٦ ٤٨٪
١٩٧٥ ----- ٥١٪
١٩٧٧ ٤٩٤٧٦٧ ٧٠٪ ( ١٥٢ ) .
هەرچی ژمارەی لادێیە ، لە پارێزگای كەركووك و سەرجەم عێراق ، بەم شێوەیەی خوارەوە ، لە گۆڕاندا بووە لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٥٧ بۆ ١٩٨٧ :
ساڵ كەركووك عێراق
١٩٥٧ ١٣٧٢ ١٤٠٥٠
١٦٩٩٦ ٥٦٦ ١٩٧١
١٦٩٧٥ ٧٧٢ ١٩٧٥
١٩٨٧ ٥١٩ ٩٩٥٤ (١٥٣ ) .
لە كۆتایی ئەم بەشەدا ، خشتەیەك لە ئامارەكانی ڕابردووی بەشێك لە ئامارەكانی ئەم بابەتی پێشكەش دەكەم ، لەسەر زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانی شاری كەركووك لە ماوەی سەدەو نیوێكدا :
ساڵ ئەوەی پێی هەڵساوە ژمارەی دانیشتوان
١٨١٦ بكنغام ١٥٠٠٠
١٨٥٦ كلیمان ٢٥٠٠٠
١٨٧٢-١٨٧٣یوسیب تشسرنیك ١٢٠٠٠-١٥٠٠٠
١٨٩٦ شەمسەدین سامی ٣٠٠٠٠
١٩٠٧ میجەرسۆن ١٥٠٠٠
١٩١٨ ئەدۆنیس ٢٥٠٠٠
١٩١٩ بەریتانیا ٩٢٠٠٠(لیوا)
١٩٢١-١٩٢٤ عێراق ١١١٦٥٠(لیوا)
١٩٢٢-١٩٢٤ عصبە الامم ١١١٦٥٠
١٩٣٠ شارەوانی كەركووك ٣٥٠٠٠
١٩٤٧ حكومەت ٦٧٧٥٦
١٩٥٧ -- ١٢٠٤٠٢
١٩٦٥ -- ١٦٧٤١٣
-------------------------------------------
سەرچاوەكان:
١- (جغرافیە المدن- صبری فارس الهیتی -٢٠٠٢ - عمان- در الصفا‌و -ص١١-١٢).
٢-(ئەتڵەسی كەركووك -ل٣٢).
٣-( سایتی - تجمع الفلاحین والمزارعین العراق ).
٤-( ل١٤١- عصبیەت و تیۆری دەوڵەت لە بیری ئیبن خەلدوندا - ئەلبیرت عیسا -٢٠٠٥- چاپخانەی ڕوون .
٥-( سراب النفگ- شیرین یونس- ٢٤-٨-٢٠٠٥ جزیرە نیت).
٦-((باسەڕە -ژمارە ١٢٣ - ١٣-١٠-٢٠٠٥ - كەركووك لە تەرازووی ستراتیژی پێش سەدەی بیست - ئاكۆ خالید ئەحمەد ))
٧-(منگقە كركوك -د.نوری گالبانی -١٩٩٥ لندن - ص ٣٨)).
٨-( حیپ یوجد نفگ فپمە صینییون - حیاە ١٤-٩-٢٠٠٥).
٩-(( كەركووك لە ڕوانگەی مێژوەوە - د. نوری تاڵەبانی - باسەڕە ١٢٢ - ٦-١٠-٢٠٠٥)لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە (( گە باقر - مقدمە فی تاریخ الحڤارات القدیمە -ص١٨٨)
١٠-(نشاە مدن العراق و تگورها - تالیف - د.عبدالرزاق عباس حسین ١٩٧٣ - معهدالبحوپ والدراسات العربیە -ص٧١).
١١-(نشاە مدن العراق و تگورها - تالیف - د.عبدالرزاق عباس حسین ١٩٧٣ - معهد البحوپ والدراسات العربیە -ص٧١).
١٢-(المدینە الكوردیە -من القرن ١٠-١٣ م-فرهاد حاجی عبوش -جامعە دهوك-ل٤٧-٤٨).
١٣-((باسەڕە -ژمارە ١٢٣ - ١٣-١٠-٢٠٠٥ - كەركووك لە تەرازووی ستراتیژی پێش سەدەی بیست - ئاكۆ خالید ئەحمەد )).
١٤-(رحلە ابن بگوگە -٧٠٣-٧٧٩ هجری - مكتبە توفیقیە القاهرە -١٦١).
١٥-(رحلە ابن بگوگە -٧٠٣-٧٧٩ هجری - مكتبە توفیقیە القاهرە-ص١٧ )
١٦-(كەماڵ مەزهەر - كوردستانی نوێ-ژمارە ٣٢٧٣).
١٧-.(كركوك و توابعها حكم تاریخ والچمیر -د.كمال مڤهر احمد-جز‌و اول-ص٥٤-٥٥).
١٨-(كوردستانی نوێ-ژمارە ٣٢٧٣- ١٩- ١ - ٢٠٠٤- كەماڵ مەزهەر ).
١٩- (كەماڵ مەزهەر - كوردستانی نوێ-ژمارە ٣٢٧٣).
٢٠-(كەماڵ مەزهەر - كوردستانی نوێ-ژمارە ٣٢٧٣) .
٢١- (كەماڵ مەزهەر - كوردستانی نوێ-ژمارە ٣٢٧٣).
٢٢-(كەماڵ مەزهەر - كوردستانی نوێ-ژمارە ٣٢٧٣).
٢٣-. (كوردستانی نوێ-ژمارە ٣٢٧٣- ١٩- ١ - ٢٠٠٤- كەماڵ مەزهەر )
(كردستان فی قرن الپامن الهجری -د.زرار صدیق توفیق -موئسسە موكریان-٢٠٠١-ص٣١٢- سەیری مجم بلدان : بەشی دوو ل٣٨ ،- ٤٥٩،٣١٠ ، بەشی ٤ ل ٤٥٠).
٢٤- (كركوك و توابعها حكم تاریخ والچمیر -د.كمال مڤهر احمد-جز‌و اول- (٥٦).
٢٥-(كوردستانی نوێ-ژمارە ٣٢٧٣- ١٩- ١ - ٢٠٠٤- كەماڵ مەزهەر ).
٢٦- حمامات السوق الدمشقیە تكافح للبقا‌و من خلال السیاح والباحپین شرق الاوسگ - ٧-١١-‏٢٠٠٥)).
٢٧-(رحلە ابن بتوتە . ص١٦١- ص ٢٠٤.) .
٢٨- (رحلە ابن بتوتە . ص ٢٠٤.) .
٢٩-(سەنتەری برایەتی -ژمارە ٢٠ - هاوینی ٢٠٠١- كەركوك لە چەرخە كۆنەكاندا- پرۆفیسۆر -د.جەماڵ ڕەشید -ل٥١).
٣٠-((التاخی ٤١٥٨ تاریخ ١٢-١-٢٠٠٤ كركوك قلب كوردستان - ا.د.فۆاد حمە خورشید -فصل الپالپ )).
٣١- ( كركوك مدینە قرابین والگاعە والتجارە - د.جلیل عگیە).
٣٢-(سەنتەری برایەتی- ناوچەی كەركووك لە سەردەمی عەباسییەكاندا -٧٥٠-١٢٥٨ز - قادر محمد ئەشكەنەیی-ل١٠٨ ).
٣٣- د.مصگفی جواد - كركوك فی تاریخ - مجلە اهل النفگ العدد ٤٠ لسنە ١٩٥٤ ) .
٣٤- كردستان فی قرن الپامن الهجری - د.زرار صدیق توفیق -موئسسە موكریان-٢٠٠١-ص٢١٩- سەرچاوەی سەرەكی الشامی - ڤفرنامە - ص١٤٤- ١٤٥-الیزدی: ڤفرنامە ، ٤٦٩-١ . روچە الصفا، ٢٢٢- ٦،التاریخ الغیاپی ، ص١٨٩)(ابن فچل اللە العمری : مسالك الابصار، ١٢٥-٣ ، صبح الاحشی ،٣٧٥ -٤).
٣٥-( سەنتەری برایەتی -ژمارە ٢٠ - هاوینی ٢٠٠١-ناوچەی كەركووك لە سەردەمی عەباسییەكاندا ٦٥٦ز-١٢٥٨ز-قادر محەمەد ئەشكەنەیی -ل١٠٢).
٣٦-(كركوك : تاریخ عریق وواقع مریر - جبار قادر - الحوار المتمدن العدد ١٣٣١ - ٢٨-٩-٢٠٠٥).
٣٧- (كردستان فی قرن الپامن الهجری -د.زرار صدیق توفیق -موئسسە موكریان-٢٠٠١-٣٣١،٣٣٢،٣٣٣ -حمداللە المستوفی:نزهە القلوب ،ص٤٢-٤٣، ٧٧-٧٩ ، ٩٧-٩٨ ، ١١٧-١٢٩ ).
٣٨- .(كركوك : تاریخ عریق و واقع مریر - جبار قادر - الحوار المتمدن العدد ١٣٣١ - ٢٨-٩-٢٠٠٥).
٣٩-( حدود كردستان الجنوبیە تاریخیا الجنوبیە تاریخیا و جغرافیا - عبدوالرقیب یوسف - گبعە الاولی ٢٠٠٥ - ص٢٥٧).
٤٠-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ایلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٤١-. ( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ایلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٤٢-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ایلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٤٣-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ایلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٤٤-. (كركوك ژمارە ٩ بەرواری هاوینی ٢٠٠١ -المعالم الاپریە والتراپیە فی مدینە كركوك - عبدالرقیب یوسف - ص١١٨).
٤٥-.( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ایلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٤٦-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ایلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٤٧-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ایلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٤٨-(كركوك : تاریخ عریق وواقع مریر - جبار قادر - الحوار المتمدن العدد ١٣٣١ - ٢٨-٩-٢٠٠٥).
٤٩-( المدینە والحیاە المدنیە - جز‌و ٢ - ص ٢٧٢-٢٧٣)*.
٥٠-( كركوك عبر التاریخ - عزیز قادر صابنجی).
٥١-( كركوك ژمارە ٩ بەرواری هاوینی ٢٠٠١ -المعالم الاپریە والتراپیە فی مدینە كركوك - عبدالرقیب یوسف - ص ١١١).
٥٢-( من حوادپ كركوك ١٧٠٠م-١٩٥٩م-مجات كوپر اوغلو ).
٥٣- (( سەنتەری برایەتی -ژمارە ٢٠ - هاوینی ٢٠٠١- كەركوك لە چەرخە كۆنەكاندا- پرۆفیسۆر -د.جەماڵ ڕەشید -ل٥١).
٥٤-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ایلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٥٥-( كركوك ژمارە ٩ بەرواری هاوینی ٢٠٠١ -المعالم الاپریە والتراپیە فی مدینە كركوك - عبدالرقیب یوسف - ص١١٠).
٥٦- سەنتەری برایەتی -ژمارە ٢٠ - هاوینی ٢٠٠١- كەركوك لە چەرخە كۆنەكاندا- پرۆفیسۆر -د.جەماڵ ڕەشید -ل٥١)).
٥٧-(اربعە قرون فی تاریخ العراق الحدیپ - الستر ستیفن - ترجە جعفرالخیاگ - گبعە السادسە - ١٩٨٥ - ص٢٨٢).
٥٨-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ئیلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٥٩-(( من حوادپ كركوك ١٧٠٠ م - ١٩٥٩ م- نجات كوپر اوغلو)).
٦٠-(( من حوادپ كركوك ١٧٠٠ م - ١٩٥٩ م- نجات كوپر اوغلو)).
٦١-.( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ایلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ) ******.
٦٢-(( من حوادپ كركوك ١٧٠٠م٠١٩٥٩م- نجات كوپر اوغلو ).
٦٣- (المدینە والحیاە المدنیە - جز‌و ٢ - ص ٢٧٣-٢٧٤).
٦٤-(المدینە والحیاە المدنیە - جز‌و ٢ - ص ٢٧٤).
٦٥-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ایلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٦٦-((من احداپ كركوك ١٧٠٠-١٩٥٩- نجات كوبرلی اوغلو ).
٦٧-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ایلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٦٨-(( من حوادپ كركوك بین ١٧٠٠-١٩٥٩ز-مجات كوپر اوغلو ).
٦٩-.( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ایلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٧٠-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ایلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٧١-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ایلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٧٢-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ایلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٧٣-( من حوادپ كركوك ١٧٠٠م-١٩٥٩م-نجات كوپر اوغلو ).
٧٤- ((التاخی ٤١٥٨ تاریخ ١٢-١-٢٠٠٤ كركوك قلب كوردستان - ا.د.فۆاد حمە خورشید -فصل الپالپ )).
٧٥-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ایلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٧٦-(( من خوادپ كركوك ١٧٠٠-١٩٥٩ -نجات كوپر اوغلو ).
٧٧-( كركوك عبر التاریخ - عزیز قادر صابنجی)*******.
٧٨- ( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ایلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٧٩-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ایلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٨٠-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ایلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٨١-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ئیلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٨٢-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ئیلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٨٣-((كەركوك -ژمارە ١٠-كەركوك لە مەوسوعەیەكی عێراقی ساڵی ١٩٤٧دا-د.نوری تاڵەبانی ل١٧)).
٨٤-( كركوك ژمارە ٩ بەرواری هاوینی ٢٠٠١ -المعالم الاپریە والتراپیە فی مدینە كركوك - عبدالرقیب یوسف - ص١٣٢).
٨٥- التاخی ٤١٥٨ تاریخ ١٢-١-٢٠٠٤ كركوك قلب كوردستان - ا.د.فۆاد حمە خورشید -فصل الپالپ )).
٨٦-( موسوعە تركمان العراق - المدارس التركمانیە فی كركوك للفترە من ١٦٥٦ - ١٩٠٩ - نجاە كوپر اوغلو - ئەنتەرنێت ).
٨٧-(( المجموعە الاحصائیە السنویە العامە لسنە ١٩٥٢ - مگبعە الزهرا‌و - ص ٩٧).
٨٨-(( التاخی ٤١٥٨ تاریخ ١٢-١-٢٠٠٤ كركوك قلب كوردستان - ا.د.فۆاد حمە خورشید -فصل الپالپ )).
٨٩-( كركوك فی عهد الاستعمار البریگانی والعهد التالی - بقلم الملا جمیل روزبیانی - ترجمە انور مندلاوی - ئەنتەرنێت ).
٩٠- (( التاخی ٤١٥٨ تاریخ ١٢-١-٢٠٠٤ كركوك قلب كوردستان - ا.د.فۆاد حمە خورشید -فصل الپالپ )).
٩١- ((كەركووك ژمارە ٢٢ -٢٣- زستانی ٢٠٠٤ -مێژووی هونەری بیناكاری و نەخش و نیگاری ناوچەی كەركوك لە نێوان ساڵانی ١٩١٤-١٩٧٥-((مستەفا نەریمان-بیرەوەرییەكانی ژیانم -بەغدا ١٩٩٤ ل١٣-١٤)) سمكۆ بەهرۆز محەمەد- ل١٤٢)).
٩٢-((كەركووك ژمارە ٢٢ -٢٣- زستانی ٢٠٠٤ -مێژووی هونەری بیناكاری و نەخش و نیگاری ناوچەی كەركوك لە نێوان ساڵانی ١٩١٤-١٩٧٥- سمكۆ بەهرۆز محەمەد-١٢٦-١٢٧)).
٩٣-(( منگقە كركوك -د.نوری گالبانی -١٩٩٥ لندن -ص ٣٩-٤٠)).
٩٤-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ایلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٩٥-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ئیلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
٩٦-((كەركوك -ژمارە ١٠-كەركوك لە مەوسوعەیەكی عێراقی ساڵی ١٩٤٧دا-د.نوری تاڵەبانی ل١٧-١٨)).
٩٧- (كەركوك -ژمارە ١٠-كەركوك لە مەوسوعەیەكی عێراقی ساڵی ١٩٤٧دا-د.نوری تاڵەبانی ل١٨.
٩٨- ماژا فی كركوك - تالیف فهمی عرب و فاچل محمد - گبعە كركوك - ص ٥٣).
٩٩- (ماژا فی كركوك - تالیف فهمی عرب و فاچل محمد - گبعە كركوك - ص٥٤).
١٠٠-(المجموعە الاحصائیە السنویە العامە لسنە ١٩٥٢ - مگبعە الزهرا‌و - وزارە الاقتصاد - ١٠١((التاخی ٤١٥٨ تاریخ ١٢-١-٢٠٠٤ كركوك قلب كوردستان - ا.د.فۆاد حمە خورشید -فصل الپالپ )).٩٥٤ - ص ١٣٥).
١٠٢-(( كركوك عدد ١٦- كركوك فی القرنیین ١٨-١٩ كما وصفها الرحالە والمستشرقون - اكو برهان محمد- ص٢٢٥-٢٣٢)ناوبراو ئەڵمانییە.
١٠٣-(كركوك ژمارە ٩ بەرواری هاوینی ٢٠٠١ -المعالم الاپریە والتراپیە فی مدینە كركوك - عبدالرقیب یوسف - ص ١٣٠).
١٠٤-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ئیلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
١٠٥-( گۆڤاری كەركوك ژ ٨ - بەهاری ٢٠٠١ - بیرەوەرییەكانم - فاتیح حەمە ڕەش ل ١١٧ )
١٠٦-( شژی التاریخ فی احیا‌و كركوك - د.صبحی ساعتجی - ایلاف ١٤-٧ - ٢٠٠٥ ).
١٠٧-( الوجود التركمانی فی كركوك - نصرت مردان - سویسرا )
١٠٨-(المدینە والحیاە المدنیە - جز‌و ٢ - ص ٢٧٣-٢٧٤).
١٠٩- (كركوك : تاریخ عریق وواقع مریر - جبار قادر - الحوار المتمدن العدد ١٣٣١ - ٢٨-٩-٢٠٠٥).
١١٠- (التركیب الاپنی لسكان كركوك خلال قرن ١٨٥٠-١٩٥٨ -د.جبار قادر ).
١١١- ((باسەڕە -ژمارە ١٢٣ - ١٣-١٠-٢٠٠٥ - كەركووك لە تەرازووی ستراتیژی پێش سەدەی بیست - ئاكۆ خالید ئەحمەد )).
١١٢- (التركیب الاپنی لسكان كركوك خلال قرن ١٨٥٠-١٩٥٨ -د.جبار قادر ).
١١٣- (سەنتەری برایەتی -ژمارە ٢٠ - هاوینی ٢٠٠١- كەركوك لە چەرخە كۆنەكاندا- پرۆفیسۆر -د.جەماڵ ڕەشید ( ل٦٤).
١١٤-((التاخی ٤١٥٨ تاریخ ١٢-١-٢٠٠٤ كركوك قلب كوردستان - ا.د.فۆاد حمە خورشید -فصل الپالپ )).
١١٥-(كورد و كەركوك - لەتیف فاتیح فەرەج - ئەنتەرنێت ).
١١٦- (المدینە والحیاە المدنیە - جز‌و ٢ - ص ٢٧٨).
١١٧- (المدینە والحیاە المدنیە - جز‌و ٢ - ص ٢٨٦) .
١١٨-( كركوك عبر التاریخ - عزیز قادر صابنجی).
١١٩-. (كەركوك -ژمارە ٧پاكتاوكردنی كورد و تەعریبكردنی كوردستان لە مێژووی كۆن دا - ل ٤٦-٤٧).
١٢٠-(كەركوك -ژمارە ٧پاكتاوكردنی كورد و تەعریبكردنی كوردستان لە مێژووی كۆن دا ل٤٧.).
١٢١- (من احداپ كركوك ١٧٠٠-١٩٥٩- نجات كوبرلی اوغلو ).
١٢٢- (اربعە قرون فی تاریخ العراق الحدیپ - الستر ستیفن - ترجە جعفر الخیاگ -١٢٢ گبعە السادسە - ١٩٨٥ - ص ٢٨٢).
١٢٣- (لوتسكی-تاریخ الاقگار العربیە الحدیپ-دارالتقدم موسكو-ص٢٧).
١٢٤-(من احداپ كركوك ١٧٠٠-١٩٥٩- نجات كوبرلی اوغلو ).
١٢٥- ((من احداپ كركوك ١٧٠٠-١٩٥٩- نجات كوبرلی اوغلو ).
١٢٦- (باسەڕە ،ژمارە ٩-٣-٢٠٠٥ -ئاكۆ خالید ئەحمەد).
١٢٧-(كركوك- لمحات تاریخیە - لیلی نامق- منشورات خبات- ص٤٠).
١٢٨- (اربعە قرون فی تاریخ العراق الحدیپ - الستر ستیفن - ترجە جعفرالخیاگ - گبعە السادسە - ١٩٨٥ - ص ٣١٨).
١٢٨-(اربعە قرون فی تاریخ العراق الحدیپ - الستر ستیفن - ترجە جعفرالخیاگ - گبعە السادسە - ١٩٨٥ -ص٣٢٥).
١٢٩-. (گەشتەكەی فرێزەر ساڵی ١٨٣٤ -ئومێد ئاشنا وەریگێڕاوە -١٩٩٨ چاپخانەی تیشك -ل٦٠ ).
١٣٠- . (( گەشتەكەی فرێزەر ساڵی ١٨٣٤ -ئومێد ئاشنا وەریگێڕاوە -١٩٩٨ چاپخانەی تیشك ل٣٩ )).
١٣١- (باسەڕە ،ژمارە ٩-٣-٢٠٠٥ -ئاكۆ خالید ئەحمەد).
١٣٢-( كركوك قی عهد الاستعمار البریگانی والعهد التالی - بقلم الملا جمیل روزبیانی - ترجمە انور مندلاوی - ئەنتەرنێت ).
١٣٣- ( كركوك قی عهد الاستعمار البریگانی والعهد التالی - بقلم الملا جمیل روزبیانی - ترجمە انور مندلاوی - ئەنتەرنێت ).
١٣٤- ( ل٢٣-یاداشتەكانی میجەرنۆئیل لە كوردستان -وەرگێڕانی حسێن ئەحمەد جاف و حسێن عوسمان-بغداد ١٩٨٤).
١٣٥- (كركوك -دراسات فی التكوین القومی للسكان-د.خلیل اسماعیل محمد- ص٢٩ ).
١٣٦- (كركوك -دراسات فی التكوین القومی للسكان-د.خلیل اسماعیل محمد-ص٨).
١٣٧- (سەنتەری برایەتی -ژمارە ٢٠ - هاوینی ٢٠٠١-كێشەی بەعەرەبكردنی كەركوك لە كۆنەوە تا ئەمڕۆ-د.ڕەفیق شوانی-ل٢٢٦).
١٣٨- ((كەركووك ژمارە ٢٢ -٢٣- زستانی ٢٠٠٤ - بایەخی چیۆپۆلەتیكی پارێزگای كەركوك - پشتیوان حسێن كەریم و كارزان ئیبراهیم ساڵەح - ل٦)).
١٣٩- (التركیب الاپنی لسكان كركوك خلال قرن ١٨٥٠-١٩٥٨ -د.جبار قادر ).
١٤٠- ( جوگرافیای هەرێمی كوردستانی عێراق -سەنتەری برایەتی- جوگرافییای دانیشتوان -د.خەلیل ئیسماعیل-ل١٧٨ ).
١٤١ - ( كركوك -دراسات فی التكوین القومی للسكان - د. خلیل اسماعیل محمد -ص٢٩).
١٤٢- ((كەركوك -ژمارە ١٠-كەركوك لە مەوسوعەیەكی عێراقی ساڵی ١٩٤٧دا-د.نوری تاڵەبانی ل١٧-١٨)) .
١٤٣- (كركوك : تاریخ عریق وواقع مریر - جبار قادر - الحوار المتمدن العدد ١٣٣١ - ٢٨-٩-٢٠٠٥).
١٤٤- (جوگرافیای هەرێمی كوردستانی عێراق -سەنتەری برایەتی- جوگرافییای دانیشتوان -د.خەلیل ئیسماعیل-ل١٧٩ ).
١٤٥- (جوگرافیای هەرێمی كوردستانی عێراق -سەنتەری برایەتی- جوگرافییای دانیشتوان -د.خەلیل ئیسماعیل-ل١٧٩ ).
١٤٦- (كركوك : تاریخ عریق وواقع مریر - جبار قادر - الحوار المتمدن العدد ١٣٣١ - ٢٨-٩-٢٠٠٥).
١٤٧- كەركووك ژمارە ٢٢ -٢٣- زستانی ٢٠٠٤ - بایەخی چیۆپۆلەتیكی پارێزگای كەركوك - پشتیوان حسێن كەریم و كارزان ئیبراهیم ساڵەح - ل١٧)).
١٤٨- (( كەركووك ژمارە ٢٢ -٢٣- زستانی ٢٠٠٤ - بایەخی چیۆپۆلەتیكی پارێزگای كەركوك - پشتیوان حسێن كەریم و كارزان ئیبراهیم ساڵەح - ل٢١)).
١٤٩- ( كەركووك ژمارە ٢٢ -٢٣- زستانی ٢٠٠٤ - بایەخی چیۆپۆلەتیكی پارێزگای كەركوك - پشتیوان حسێن كەریم و كارزان ئیبراهیم ساڵەح - ل٢٣)).
١٥٠- (كركوك المدینە الچاحكە بالناروالنور -عونی داودی -الاتحاد ٤٨٠ -٥-٧-٢٠٠٢).
١٥١- (نشاە مدن العراق و تگورها - تالیف - د.عبدالرزاق عباس حسین ١٩٧٣ - معهدالبحوپ والدراسات العربیە - ص٧٧) .
١٥٢-( ئەتڵەسی كەركووك - هەولێر ٢٠٠٥ - لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بەعەرەبكردنی كوردستان -ل٤٥).
١٥٣-( ئەتڵەسی كەركووك -هەولێر ٢٠٠٥ - لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بەعەرەبكردنی كوردستان ت٦٤ ).

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک