په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٨\٢٠١٦

گەشتێک بە فانتازیاکانی مەبەستدا بۆ شادڕەوان ''جەلیل قەیسی''.

 

   سەڵاح حەمەئەمین

وەرگیڕانی لە عەرەبییەوە: عەبدولڕەحیم سەرەڕۆ

وەک چۆن بەدریژایی تەمەن ئاشنای بووم ، تائەم دەمە ھەوڵدەدات سەوزایی خەونە پرشنگدارو ھەمەچەشنەکانی لە کووچەکانی (ئەرابخا) دا کۆبکاتەوە، لە میھرەندی بێدەنگی و لاتەریکیەوە دێتەدەر بۆ ئەوەی خۆی لە توێی تابلۆیەکی (ڤان کوخ) دا ببینێتەوە، توێکاری دەکات بۆ ئەوەی دیدێکی نوێ بخاتە سەر کارەکانی ئەم خولقێنەرە بلیمەتە. کە دەڕوانێتە تابلۆی (گۆرنیکا) وەک ئەوە وایە بۆ یەکەمجارە بیبینێت لە کاتێکدا دەیان ساڵە پێکەوە دەژین، بە ئەسپی خەونەکانی تاوبەخۆی دەدا تا رۆژھەڵات و رۆژاوای زەوی لە (حیلەی ھاتوچۆکەران بە دەوری زەویدا)(١) پەی بکات. ھەر لە منداڵیەوە تائەم ئێستا بە کووچەو کۆڵانە چۆڵ و کەلاوەکانی قەڵای کەرکوکدا دەسوڕێتەوە، لەو خانووبەرەو کووچانە نزیک دەبێتەوە کەجێدەستیان لەسەرئەفراندنەکانی جێھێشتووەو لەگەڵ ھاوڕێکانی دەدوێت، لە ھۆنراوەیەک دەکۆڵێتەوە کە (سەرگۆن پۆڵس)(٢) ئەم ئێستا لە داڕشتنەوەی بۆتەوە، دەستە یاخییە سەرمەدیەکانی (جان دەممۆ)(٣) زۆر بە توندی دەگوشێت، گلەیی لە نامۆییک دەردەبڕێت کە لە قولایی ناخی (سەڵاح فایەق)(٤) دا جێگیر بووە، لەبەردەم بەرئەفراندنیکی نوێی (فازل عەزاوی)(٥) دا بێدەنگی دایدەگرێت، دواتر دیدی دەخاتە سەرھاتنەوەی گیڤارا لە (گیڤارا ھاتەوە دەرگاکان بکەنەوە)(٦)، تا بە بێدەنگی ھاوبەشی شۆڕشە نوێیەکەی بکات..
 

بە (نیگینسکی) وە خەون دەبینێت ولەگەڵیدا بەدوای مانایەکی نوێی شۆرش و گۆڕانکاریدا دەگەڕێت، رادەچڵەکێت لە کاتێکدا بەدەنگی تیکشکانی خەون و ئاواتەکانی بەئاگادیتەوە و لەو کاتەدا لەگەڵ تیکشکانی خەون و خواستە تێک شکاوەکانی نیگینسکی دا ئاوێتە دەبن، ئەوسا بە بێدەنگی دەگەڕێتەوە سەر ھەڵکورمانە درێژخایەنەکەی.


ئا ئەوەتا ناوبانگی بە تەنھایی و بە غەوارەیی لەناو گەڕەکەکانی خودی چۆڵو ھۆڵتدا بە جێت دەھێڵێت بۆئەوەی لەو رێیەوە رۆبچیتە ناواخنی میژوویەک کە قامکە نەرمەکانی رۆحە شەفافەکەت لەسەر چەندین کتێب و لاپەڕەکانی چەنەھا رۆژنامەو گۆڤاری بێ ھەژماردا بەری کەوتوون، لێمگەڕێ تا رۆحم بخەمە نێو بەشێکتەوەو لاپەڕەکانت ھەڵدەمەوە لەکاتێکدا تۆ بە (کەشتی مەستی) ی (گەوەرە فریشتەکانی شیعر)(٧) دا بە ھەموو جیھاندا پیاسەدەکەیت و تا ئاستی مەدھۆشی بە شیعرەکانی (رامبۆ) ی داھێنەردا دەچیتەوە، لە پاریس بەدوای قاوەخانەی (مۆدریۆنی) دا دەگەڕێیت بۆ ئەوەی کۆیبیستی ھیریسیزمی شاعیرەکان ببیت.

 
لە بەشێکی تری ئەم جیھانەدا و لەناخی خۆتدا بە تەنھا دادەنیشیت تا بڕوانیتە سەما یاخیبووە ئەزەلیەکەی (نیگینسکی)، دوای ھەنوکەیەک (لەیەک کەشتی)(٨) دا پێکەوە دەگەڕێنەوە بۆئەوەی بڕوانیتە فەنەرەکانی باوە گوڕگوڕی ئەزەلی، دوای ئێسنێک بە غەوارەبوونێکی سەختەوە دەگەڕێیتەوە بۆ ئەوەی لە گۆشەیەکی کتێخانەکەتدا دابنیشیت و شانۆنامەیەکی نوێی شاعر (لۆرکا) بخۆینیتەوە دوای ئەوەی پیتەکانی بەخۆینی خۆی ئاودا. ئینجا شانۆنامەی (ئەنارشیزمەکان)ـی (ئۆسکار وایڵد) و دواتر شانۆنامەیەکی (ئەبسن) بەسەر دەکەیتەوە دوای ئەوەی سەردەم بەرگەکەی شیتاڵ شیتاڵ کردووە و ئینجا روو دەکەیتە بیستنی سیمفۆنیای (قەدەر) ی (بیتھۆڤن) و ھاوکات سۆناتایەکی (گیلینکا) ، ئەوسا لەگەڵ دەنگی گۆرانیبیژی یاخی و دژەباوی فەرەنسی (ئەدیپ بیاڤ) لەچوارچێوەی بیرکردنەوەو دنیابینییەکانت دەردەچیت.

 
ئەوە تۆی دیسانەوە دەگەڕێتەوە سەر شانۆنامەیەکی شکسپیرو ھێندە بە پەرۆشەوە دەیخوێنیتەوە وەک ئەوەی یەکەمجارت بێت بیخوێنیتەوە، بەناو کتێبەکانی مێژوودا گوزەر دەکەیت بۆ ئەوەی ھەرچییکت لەبارەی کەرکوکەوە نەخۆیندووەتەوە و ھەرچییەکیش نوێە سەبارەت بەو شارە بەپەرۆشەوە بیانخوێنیتەوە تا نەبەردی و گەورەییەکی ترت پێ ببەخشیت لەکاتێکدا تۆ یەکێکیت لە وارسە گەورەکانی ئەو شارە ، ئەوە تۆی لە گۆشەگیری وتەنھاییەکەت دەردەچیت و لە جەژنی (ئیکیتۆو) دا بەشەقامەکانی ئارابخادا تیپەڕئەبیت و بەسەر پردە ئاسنینەکیدا گوزەر ئەکەیت و چاوت بە (ئانکی) ی خواوەند و (مەردۆخی گەورەی خواوەندکان) دەکەوێت تا پێکەوە لە شەوی جەژنی (ئیکیتو) دا بەنیو شەقام و کوچەو کۆڵانەکانی ئارابخا دا گوزەربکەن.


ئەوە منم دەتبینم پاڵپشتیم دەکەیت تا باڵ بە خەیاڵ و ئەندیشەکانم بگرم و خەونەکانم بژنمە ھەندی لە تۆوەو لاپەڕەکانت ھەڵدەمەوە.....


بمبەخشە ئەی جەلیلی باڵا.. مافی ئەوەم بەخۆمدا لەجیاتی تۆ وڕێنە بکەم و خەون ببینم وخۆم بئاخنمە جیھانە ئەفسوناوییەکەت و شتێک لە خودی تۆ ھەڵکڕێنم ، ئەوە من کە دەتبینم بە بی مەبەست جارێکی دی چیرۆکەکانی (ئەدگار ئەلن پۆ) و قەسیدەکانی (بۆدلێر) دووبارەو بە پەرۆشییەوە دەخوێنیتەوەوئەوسا بەھەمان پەرۆشییەوە لەناو کتێبخانەکەتدا بەدوای (وێرانە خاک)ـی تۆماس سپنسر ئەلیوتدا دەگەڕێیت و پییدا دەچیتەوە و بەپیچەوانەی راھاتنت ئەم جارەیان ھەندی لە ھۆنراوەکانی بەدەنگیکی بەرز دەخوێنیتەوە تا (وێرانە خاک) کەی بەدەستی خۆت ئاوبدەیت ، دوای ئێستێک خەیاڵت ئازاد دەکەیت بۆ ئەوەی (پلازمای خەیالت بدرەوشێتەوە)(٩) ئەوسا تۆ روبەڕووی( فیۆدۆر میخائیل دستۆیفسکی) دەبیتەوە، ئەو زاتە وەک ئەوەیە کە ھەمیشە بیرت لێدەکردەوەو لە نەستی خۆتدا دەتخەمڵاند. باڵا بەرز، جەستەیەکی لاواز، برۆکانی پێکدادراو، دوو روومەتی قووڵ گوزارشت لەو روخسارە مۆن و پر لە بەھرەمەندی و زیرەکییە دەکەن کە لە پشتی ریشێکی چڕوپڕەوە کاریگەری بەسەر ھەستێکی نامۆوە جێدەھێڵن، لەگەڵ خۆشەویستی بۆ بچوکترین ھەست تیایدا....) ئەوەتا کاسەیەک ڤۆدگات لەگەڵدا دەخواتەوەو لە ناو ژوورەکەتدا لە کتێبخانەکەت نزیک دەبێتەوەو کتێبی (برایانی کارامازۆف) دەردەھێنێت، چاوێکی پیدا دەخشینیتەوەولێت دەپرسێت ئەی ھاوڕێی خۆشەویستم چەند جارت خوێندۆتەوەو بێ ئەوەی چاوەڕوانی وەڵام بکات داوای پێکێکی ترت لێ دەکات ، ئەی ھاوڕێم جەلیل قەیسی، سەرما لە دەرەوە تووشەو چاکەتەکەت لەبەربکەو تا پێکەوە بەناو شەقام و کووچەکانی ئەرابخادا بگەڕێین و سەردانی (قەڵا دێرینەکەی) بکەین کە ھیندەت لەسەر نووسیوە تا شەیدای بینینی بووم.

 
ھاوڕێم ئەوە منم کە ھەندێک جار وەک مەتەڵێکی سەیر دەتبینم، جاری واش ھەن زۆر روون و بێگەردی، ھەندێک جاریش لە خۆم دەپرسم.. (تۆ لەگەڵ کێ و لە دژی کێی)(١٠) ئەی بۆ لە خەونەکانی (دۆنکی گۆتای سوارەی غەمبار)(١١) دا دەتبینم .. ھەروەھا لە (رەگی چوارجای ئازار)(١٢) دا دەتبینم ...
لە دوای ھەموو ئەم خەونانەوە دەتبینم کە بەسەر رووپاییەکی بەرفراوانی بێدەنگی و گۆشەگیریدا سەردەکەویت، ئینجا دەگەڕێیتەوە بۆ ئەوەی لە دوایین ئارامگاتا بنوویت.


بە کۆچێکی لەناکاودا جێت ھێشتین تا لەسەرووی بۆشاییکدا لەنگەر بگرین کە ھەمیشە لەوەی لیمان ماوەتەوە دەخوات و لەناخمانداوەک برینێکی پیس ھێلانە ئەکات.


ئەوەتا من لێت دەگەڕێمەوە تا بەدەنگێکی بڵند قەسیدەکەی محەمەد ماغووت بخوێنمەوە کە تێدا دەڵێت:

(ئەی ھاورێی بێ بەشی و سەرەرۆیی
خەمەکانم درێژن وەک دارێکی رووت
چونکە لە تەنیشتتەوە رانەکشاوم
بەڵام رەنگە
لە ھەر ساتەوەختێکدا ببمە میوانت و
کفنی سپی خۆم وەک
ژنە مەغربیەکان لەبەردەکەم
ھیچ فەنەرێک
بەسەر گلکۆکەتەوە دامەنێ
بەرەو ئەوێ دێم
ھەر وەک چۆن خومار بەرەو شووشەکەی و
ساوا بەرەو مەمکی دایکی دێت).

_____________________________
پەراوێزەکان:
١- (حیلەی سوارەکان بەدەوری زەویدا): کۆمەڵەی یەکەمی چیرۆکەکانی جەلیل قەیسی.
٢ و٣ و ٤ و ٥ - سەرگۆن پۆڵس (١٩٤٤ ــ ٢٠٠٧) جان دەممۆ: (١٩٤٣ ــ ٢٠٠٣) سەڵاح فایق، فازڵ عەزاوی (١٩٤٠ ــ ....) ھاوشان لەگەڵ جەلیل قەیسی کۆمەڵێک ئەدیب و شاعیری کەرکوکیین و خاوەن زۆرترین بەرھەمی ئەدەبی بەپێزن و دامەزرێنەرو ئەندامانی کۆمەڵی کەرکوکی ئەدەبین ، کەرۆڵی بەرچاویان لە بەرەو پیشچوونی ئەدەب و رۆشنبیری عێراقیدا ھەبووە.
٦ - (گیڤارا ھاتەوە دەرگاکان بکەنەوە) ناونیشانی یەکێکە لە کۆمەڵە شانۆنامەکانی جەلیل قەیسی.
٧ - (فریشتەی گەورەی شیعر) ناونیشانی یەکێکە لە جیرۆکەکانی جەلیل قەیسی.
٨ - (لەیەک کەشتیدا) ناونیشانی یەکێکە لە کۆمەڵە جیرۆکەکانی جەلیل قەیسی.
٩ - (درەوشانەوەی پلازمای خەیاڵ) ناونیشانی یەکێکە لە جیرۆکەکانی جەلیل قەیسی ، لەم بابەتەمدا ھەندی لە ناوەرۆکی ئەم جیرۆکەم داڕشتووەتەوە.
١٠ - (تۆ لەگەڵ کێ و دژی کێیت) ناونیشانی یەکێکە لە جیرۆکەکانی جەلیل قەیسی.
١١ - (کۆنکی گۆتای سوارەی غەمگین) ناونیشانی یەکێکە لە جیرۆکەکانی جەلیل قەیسی.
(رەگی چواروجای ئازار) ناونیشانی یەکێکە لە جیرۆکەکانی جەلیل قەیسی.

 

 

salah1325681@gmail.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک