په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\١\٢٠١٧

گەشتێک بە ناو ژیانی خەلیفەکاندا.

ژیلوان شۆڕش محەمەد ساڵح

- بەشی یەکەم -

 

(جلال الدین السیوگی)ھۆی کۆ کردنەوەو نوسینەوەی مێژووی خەلیفەکانی ئیسلام ئەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی کە مێژووە نوسراوەکانی پێشخۆی ھەریەکە بۆ قۆناغێکە لەو مێژووە,بۆیە ئەمیش بە پێویستی زانیوە بە پشتبەستن بەو بەرھەمانە تەواوکەری نووسینەوەی ئەو مێژووە بێت تاوەکو دوا ڕۆژی ژیانی خۆی کە لە ساڵی ٩١١ ی کۆچی,کۆچی دوایی کردوە,بۆ ئەم مەبەستەش لە مێژوەکەی (الژھبی و ابن الکپیر و مسالک و ابناء الغمری ابن الحجر) و ١٠ بەرگی مێژووی بەغداد و ٥٧ بەرگی مێژووی دیمەشق لە نووسینی (ابن العساکر) و گەلێ سەرچاوەی دیکە سوودی وەرگرتووە.

خوێندنەوەی ئەم مێژووە خوێناویە ئەرکی سەرشانی ھەموو ئەوانەیە کە ئەیانەوێ لەوە بگەن بۆچی ئەم مێژووە لە سەرەتای بڵاوبونەوەی ئایینی ئیسلامەوە و ئەمڕۆشی لە گەڵدا بێت ئاوەھا بە خوێن ڕەنگکراوە و چۆنیش کۆتایی خلافەتی عەباسی لە بەرامبەر ھێرشی (تاتاریەکان)ھەرەسی ھێناو دوا خەلیفەشیان بە زەلیلی خۆی دایە دەستی تاتاریەکان و بە پێلەقەو شەق مەرگی نۆشی.


خوێندنەوەی ئەم مێژووە خوێناویە پێویستە بۆ ئەوەی باش لەوە بگەین کە ئەوانەی ئەمڕۆ بە ناوی ئیسلامی سیاسیەوە و بە بیانوی ئەوەی کە گوایە ئیسلام چارەسەرە بۆ ھەموو کێشەکان,چۆن ئەیانەوێ وەک میراتگر بۆ دەستەڵاتدارانێک کە ئەو مێژووە ڕەشە خوێناویەیان تۆمار کرد ڕەوڕەوەی مێژوو بەرەو دواوە بگێڕنەوە و ببنە تەگەرە لە ڕێگەی پێشکەوتنی ئەو گەلانەی کە دووچاری ئەم حزبە ئیسلامیە سیاسیانە بوون.

لە گەشتێکدا بەناو ئەم کتێبەدا زۆر بە زەقی کێشمەکێش و شەڕوکوشتن و فێڵ و تەڵەکەبازی و پاشقول لە یەکدان ئەبینرێ کە لە پێناو دەستبەسەراگرتنی دەستەڵاتدا ئەو ناو بە خەلیفانە گرتویانەتە بەر لە یەکەم ڕۆژی گیان لەدەستدانی پێغەمبەری ئیسلامەوە تاکو ئەو ڕۆژەی لەشکری تاتاریەکان بە سەرکردایەتی ھۆلاکۆ کۆتاییان بە خلافەتی عەباسیەکان ھێنا بە داگیرکردنی شاری بەغداد .ئەم ڕەوشەشیان بە ھەمان شێوە ھەر بەردەوام بوە لە لایەن دەستەڵاتدارانی پاشماوەکانی ئەم خەلافەتانە لە میسرو ڕۆژئاوای باکوری ئەفریقیاو ئەندەلوس و ئەستەنبوڵ,کە ئەمڕۆشی لە گەڵدا بێت بوە بە میراتێکی ڕەش بۆ زۆربەی ھەرە زۆری ئەو وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیانەی کە بە ھەمان شێوە دەستەڵات لە باوکەوە بۆ کوڕ لە دکتاتۆرێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەستاو دەست ئەکەن.

کاتێ پێغەمبەری ئیسلام بە دەم ئازاری نەخۆشیەوە گیانی ئەسپارد و عائیشەی ژنی و فاتیمەی کچی و عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب و زوبیر کوری ئەلعوام و ھەندێ لە سەحابیە نزیکەکانی تر بە دیاریەوە بوون,ئا لەو کاتەداو دوای بڵاوبونەوەی ھەواڵی گیان لە دەستدانی بە ناو مەدینەدا(ئەنسارەکان کە بە ڕەسەن خەڵکی ئەو شارە بوون)بە سەرۆکایەتی (سەعدی کوڕی عەبادە)ی سەرۆکیان لە ساباتەکەی بەنی ساعدە کۆبوبونەوە بە نیازی دیاریکردنی سەعد وەک جێگرێک بۆ پێغەمبەر,کاتێکیش ئەو ھەواڵە گەیشتە قورەیشیەکان بە پەلە و ھەڵەداوان(عومەری کوڕی خەتاب و ئەبا عوبەیدەی جەراح و ئەبو بەکر)تەرمەکەی پێغەمبەریان بە سەر کەسوکاریەوە بەجێھێشت و خۆیان گەیاندە شوێنی کۆبونەوەکە بۆ ئەوەی نەھێڵن دەستەڵاتەکە لە دەستیان دەرچێت و ھەر لە ناو ھۆزی قورەیشدا بمێنێتەوە,لەو پێناوەشدا چیان بۆکراکردیان بە نانەوەی دووبەرەکی لە نێوان ئەنسارەکانداو بە بەکارھێنانی فرتوفێڵ و ترسو تۆقاندن بەرامبەر ھەوادارانی علی کوڕی ئەبو تالیب بۆ ئەوەی ئەبو بکر وەک خەلیفەی پێغەمبەر بچەسپێنن بە بێ ڕەزامەندی سەعدی کوڕی عەبادە و بەشێکی زۆر لە ئەنسارەکان و عەلی کوڕی ئەبو تالیب و ھەوادارانی,(تا کار گەیشتە ئەوەی کەسێکی وەک عومەری کوڕی خەتاب و زوبێری کوڕی ئەلعەوام دەستبدەنە شمشێر لە یەکتری,کە ھەر یەکەیان لەو ١٠ کەسەن کە پێغەمبەر مژدەی بەھەشتی بونی داونەتێ)ھەر ئەو کردارەشیان بوو بە ھۆی چاندنی تۆوی دوو بەرەکی و ئاژاوەگێڕیی لەناو ئیسلامدا و کە تاکو ئەمڕۆش ھەر بەردەوامە لە نێوان شیعە و سونەدا.

ئەم کەین و بەینی شەڕی گرتنی دەستەڵاتەی نێوان ئەنسار و مھاجرەکانی ئیسلام لە سایەی سێبەری ساباتەکەی بەنی ساعدە ئەو شەوەی وەبیر خستمەوە کە چۆن دوای یەکەم ھەڵبژاردنەکەی پەرلەمانەکەی کوردستانی لای خۆمان بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەنجامەکەی بە سوودی یەکێک لە دوو دەستەڵاتەکەی ئەمدیوو ئەودیو,دەستمان لە سەر دڵمان بو نەوەک بۆ ساغکردنەوەی ئەنجامەکانی ھەردوولا دەست بدەنە چەک و شەڕێکی خۆکوژی بەرپا بکەن,تا کو تای تەرازوەکەی دەستەڵات بەرامبەر یەک وەستاو پەنجا بە پەنجا لە نێوان ھەردوو ئیمارەتی سۆران و بادیناندا کورسیەکانی پەرلەمان بەشکران و بە شێوەیەکی کاتی کۆتایی بەو شەڕی دەستەڵاتە ھات و بوە ھۆی چاندنی تۆوی دووبەرەکیەک کە تاوەکو ئێستاو ڕەنگە تا چەند دەیەێیەکی دیکەش ھەر بەردەوام بێت.

مێژووی خلافەتی ئیسلام دەکرێت بە سێ بەشی سەرەکیەوە:


بەشی یەکەم:-مێژووی خەلیفە ڕاشدیەکان کە بە خەلافەتی ئەبو بەکری سەدیق دەستی پێکردو بە کوشتنی خەلیفە عەلی کوڕی ئەبو تالیب کۆتایی ھات,(ھەندێکیش لایان وایە کە بە خەلافەتی حەسەن کوڕی ئەبو تالیب کۆتایی بەو خەلافەتە ھاتووە کاتێک کە حسن بە ناچاری و لەژێر ھەڕەشەی معاویەی کوڕی ئەبی سوفیان ناچار بو دەست لە خەلافەت بکێشێتەوە بۆ معاویە لە سەر بەڵێنێک کە دوای معاویە حەسەن بێتە خەلیفە,بەڵام پێش مردنی معاویە حەسەنی کوڕی ئەبو تالیب بە فیتی معاویە و بە دەستی ژنەکەی,بە بەڵێنی ئەوەی کە دوای مردنی حەسەن ژنەکەی بھێنێ بۆ یەزیدی کوڕی و ژنەش حەسەنی مێردی ژەھر خواردو کرد و دواجاریش معاویە بەڵێنەکەشی نەبردە سەرو ژنەش لە داخا مرد,معاویەش پێش مردنی خۆی یەزیدی کوڕی کردە وەلی عەھد,دوای مردنی باوکیشی یەزید بوە دووھەم خەلیفەی ئەمەویەکان).

ئەم قۆناغەی خلافەتی ڕاشدینە تا کوشتنی خەلیفەی چوارەم بە دەستی عەبدولرەحمان کوڕی مەلجەم چوار خەلیفە تێیدا دەستەڵاتداربون کە ئەبو بەکری سەدیق و عومەری کوڕی خەتاب و عوسمانی کوڕی عەفان و عەلی کوڕی ئەبو تالیب بوون,لەم چوار خەلیفەیە سیانیان بە کوشتن کۆتایی بە حوکمڕانیەکەیان ھاتووە.

خەلیفەی یەکەم-ئەبو بەکری سەدیق:-ناوی عەبدوڵای کوڕی ئەبی قەحافەیە,دوای مردنی پێغەمبەر لە ڕێگەی بەکارھێنانی کاری ژێر بە ژێر و ترس و تۆقاندن لە لایەن عومەری کوڕی خەتابەوە و بە بێ ئاگاداری و ڕەزامەندی و بەشداری عەلی کوڕی ئەبو تالیب و زوبەیری کوڕی ئەلعەوام و خالیدی کوڕی سەعیدی کوڕی ئەلعاس و سەعد کوڕی عەبادە ئەلئەنساری و ژمارەیەکی زۆری ئەسحابەکان لە موھاجرین و ئەنسار بەیعەی بۆ کراو کرا بە خەلیفە.

ئەبو بەکر یەکەم کەسە کە ئیسلام بوە و یەکێکە لە دڵسۆزترین دۆستەکانی پێغەمبەر,لە ماوەی حوکمڕانی ئەبو بەکردا شەڕی لە ناوبردنی(اھل الردە) ئەوانەی لە ئیسلام ھەڵگەڕانەوە و نەیاندەویست چیتر زەکات بدەن ئەنجامدرا و(ھەر لەم شەڕانەدا خالدی کوڕی ولید وەک جەنگاوەرێکی ئازاو دوور لە ھەستی مرۆڤایەتی ناوبانگی دەرکرد).لە ماوەی حوکمڕانی ئەبو بەکردا ناوچەی بەسرە و مەدائینی کیسرا لە عێراق و بەشێکیش لە شام داگیر کرا,خەلیفە ئەبو بەکر دوای حوکمڕانیکردنی بۆ ماوەی دوو ساڵ و چوار مانگ,لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا کۆچی دواییکرد.

خەلیفەی دووھەم,عومەری کوڕی خەتاب:-لە لایەن ئەبو بەکرەوە کرا بە خەلیفە,لە ساڵی شەشەمی بانگھێشتی پێغەمبەرایەتی (محەمەد)بۆتە ئیسلام,یەکێک بوە لە دەستەڵاتدارانی ھۆزی قوڕەیش,تەنھا کەس بوە کە بە ئاشکراو بێترس کۆچی کردوە بۆ مەدینە,شانازی کردوە بەوەی کە چوار جار خواوەندی گەورە لە قورئاندا بە ویستی ئەو ئایەتی دابەزاندوە ھەرچەندە بە گوێرەی قسەی ئەوانەی پێیاندا ھەڵداوە لە مێژوونوسانی ئیسلام و موفەسرین گوایە زیاتر لە بیست جار قسەی عومەری کوڕی خەتاب لە قورئاندا دیارە.

لە ماوەی خەلافەتی عومەری کوڕی خەتاب شاڵاوی داگیرکردنی وڵاتە دراوسێکان دەستی پێکردو لەو ماوەیەدا عێراق و شام و ئەھواز و خوزستان و ئەسفەھان و ھەمەدان و کرمان و سجستان و فەلەستین و میسر و یەمەن داگیرکران تا لە تەمەنی ٦٣ ساڵیدا بە دەستی ئەبو لوئلوئە عەبدولموغەیرە بە خەنجەرێکی ژەھراوی کوژرا.

خەلیفە عومەر بەوە ناسراوە کە لە ساڵەکانی وشکە ساڵی(الرمادە)بە لێشاو تاڵانی لە میسرەوە گەیاندۆتە حجاز و دانیشتوانەکەی لە قات و قڕی ڕزگارکردوە و یەکەم خەلیفەش بوە پاشماوەی جولەکەکانی لە حیجازەوە دەرکردوە بۆ شام و دانیشتوانی (نجران)ی گواستۆتەوە بۆ کوفە و نازناوی (امیر المومنین)یشی بە خۆیەوە لکاندوە.

خەلیفەی سێھەم-عوسمان کوڕی عەفان:-کوڕی ئەبی ئەلعاس,لە کۆنەوە ئیسلام بوە,دوو کچی پێغەمبەر ژنی بوون,یەکێکە لەو دە کەسەی مژدەی بەھەشتی بوونیان پێدراوە,لە ماوەی خلافەتی ئەودا قورئان نوسراوەتەوە,دوای ئەبو بەکر و عەلی و زەیدی کوڕی حارسە بوە بە ئیسلام.


لە بڕیارێکدا کە جێگەی شکو گومانە و لە لایەن زۆربەی موسوڵمانانەوە بە تایبەتی ھەوادارانی عەلی کوڕی ئەبو تالیب,عومەر پێش مردنی عەبدولڕەحمان کوڕی ئەبو عۆفی وەک بڕیاردەر داناو(لە شانۆیەکی گوماناویدا)بڕیاریدا عوسمان کوڕی عەفان ببێتە جێگری عومەر لە جیاتی عەلی کوڕی ئەبو تالیب.

لە ماوەی خەلافەتی عوسماندا ھێرش و داگیر کردنی وڵاتانی دەوروبەر بەرەو ڕۆژھەڵات و باکوری ڕۆژھەڵاتدا بۆ خوراسان و نیسابور بەرەو ڕۆژئاواش تەواوی باکوری ئەفریقیاو حەبەشە داگیر کراو لە دەریاش پەڕینەوە و ئەندەلوسیان داگیرکرد و لە دەریای سپی ناوەڕاستیش دوورگەی قوبرسیان داگیرکردو لە گەڵ دانیشتوانەکەیدا بە وەرگرتنی(جزیە و خەراج)وازیان لێھێنان.


عوسمان کوڕی عەفان یەکەم خەلیفەیە کە پلەو پایەی دەستەڵاتی بە سەر کەسوکار و عەشرەتیدا دابەشکردوە بێگوێدانە ڕابردوی ئەو کەسە لەوانەش(وەلیدی کوڕی عەقەبەکوڕی ئەبو معیتکە برای دایکی بوە)کردە والی کوفە لە جیاتی سەعد کوڕی ئەبی وقاس,ئەم وەلیدە بە ڕەسەن گومان لێکراوە و بە ئەتواریش کابراێیەکی مەیخۆر و داوێنپیس بوە,لە یەکەم ڕۆژی دەستەڵاتیا لە پێش نوێژی نوێژی بەیانیدا لە کوفە بە سەرخۆشی چوار رەکعەت نوێژی بە نوێژکەران کردوە و ئاوریشی داوەتەوە و وتویەتی ھیچیکەتان ناوێت...لە کردارێکی دیکەیدا عومەری کوڕی عاسی لە والی میسر لابردو عەبدوڵای کوڕی سەعد کوڕی ئەبی سەرحی دانا لە جێگەکەی,ئەم کابرایە کاتی خۆی نووسەری بەردەستی پێغەمبەر بوە و دواجار لێی ھەڵگەڕاوەتەوە,بۆیە کاتی داگیرکردنی مەککە پێغەمبەر ئەمری فەرمو کە دەبێت ئەم عبداللە کوڕی سەرحەد بکوژرێت ھەتا ئەگەر لە پشتی بەردەکانی کەعبە خۆی شاردبێتەوە.


سەعدیش بۆ ڕزگارکردنی گیانی خۆی لە کوشتن پەنایبردە بەر عوسمانی کوڕی عەفان,ئەویش بردیە لای پێغەمبەر داوای لێبوردنی بۆ کردو لە سەر دەستی ئەو بو بە موسوڵمان.


لە ماوەی خەلافەتی عوسماندا سنوری دەوڵەتی ئیسلامی زۆر فراوانبوو داھاتیشی لە ڕادە بە دەرزیاد بو,بۆیە عوسمان کەوتە ئەوەی بێحساب ئەو داھاتە بە سەر کەسوکار و سەرۆک ھۆزەکاندا دابەش بکات و مافدارانیش لەو داھاتە بێبەش بکات,تا کار گەیشتە ئەوەی لە پێنج بەش بەشێکی داھاتی باکوری ئەفریقیا بداتە مەروانی کوڕی حەکەم.


ئەم کردەوانەی عوسمان بوە مایەی توڕەیی و ڕق و کینەی زۆربەی ھەرە زۆری سەحابەکانی پێغەمبەر,دژایەتی کردنیشی بۆ عەبدوڵای کوڕی مەسعودو ئەبی زەر ئەلغەفاری و عەمار کوڕی یاسر و زوڵم و زۆری سەعدی کوڕی ئەبی سەرحیش لە میسر کاری گەیاندە ئەوەی زیاتر لە ٧٠٠ کەس لە موسوڵمانان بە سەرۆکایەتی محەمەدی کوڕی ئەبو بەکر ھاتنە لایی و کەوتنە سکاڵاو داواکردنی لابردنی سەعد لە دەستەڵات لەمیسر و محەمەدی کوڕی ئەبو بەکر لە جێگەکەی دابنرێت,لە ژێر فشاری ئەم ھەڵچونەی ئەو سەحابی و موسوڵمانانەو پشتگیریکردنی عەلی و گەلێ سەحابەی تر بۆ داخوازیەکانیان عوسمان ناچار بوو داواکەیان قبوڵ بکات و محەمەدی کوڕی ئەبو بەکر بکاتە والی میسر,کاتێکیش محەمەد لە کاتی گەڕاندنەوەدا بۆ میسر لاوێکی ڕەش پێستی دیت بە پەلە بە پەلە بەرەو میسر ئەڕۆیشت,ڕایگرت و کاتێ کەوتنە لێکۆڵینەوە لە گەڵیدا دەرکەوت نامەیەکی پێ یە لە عوسمانەوە بۆ والی میسر,کەی محەمەدی کوڕی ئەبو بەکر و فڵان و فڵان گەیشتنە لات بە فێڵێک بیانکوژە و لە جێگەکەی خۆت بمێنەوە و چاوەڕوانی ئەمرم بکە.

بۆیە محەمەدی کوڕی ئەبو بەکر گەڕایەوە مەدینەو نامەکەی بە بەڵگەوە پیشانی کۆمەڵێک لە سەحابەکانداو لەوانە عەلی کوڕی ئەبو تالیب و تەلحەو زوبەیر و سەعد و کەسانێکی دی و کەوتنە گەمارۆدانی ماڵەکەی عوسمان و داوایان لێکرد مەروانی کوڕی حەکەمیان بداتە دەست کە شک وابو نوسەری نامەکەیە بەڵام بێ سوود بوو,ئاژاوەکە وا گەرم بوو گەیشتە ئەوەی ھێرش بکرێتە سەر ماڵی عوسمان و لە لایەن محەمەدی کوڕی ئەبو بەکر و دوو کەسی دیکە,لە سەر بەرماڵی نوێژکردن,لە ماڵەکەی خۆیدا بیکوژن.

بەمەش ئاگری فیتنە و ئاژاوە لە ناو ئیسلامدا بە تەواوی گڕی سەندو ئا لەم بارو دۆخەدا عەلی کوری ئەبو تالیب بوە خەلیفە لە جێگەی عوسمان.

خەلیفەی چوارەم-عەلی کوڕی ئەبو تالیب:-دووھەم ڕۆژی دوای کوشتنی عوسمان کوڕی عەفان کرایە خەلیفەی ئیسلام بە کۆی دەنگی ھەموو ئەو ئەسحابانەی کە ئەو ڕۆژە لە مەدینە بوون,بەڵام بە ھۆی شەڕی دەستەڵات و فتنەیەی لە ژێر ساباتەکەی بەنی ساعدەوە و لە کوشتنی عوسمانەوە ڕێچکەی وەرگرت,ھەر لە دەستپێکی حوکمڕانیەکەیەوە شەڕ و ئاژاوە دەستی پێکرد بەوەی عائشەی ژنی پێغەمبەر ھەر دوو سەحابە تەلحەو زوبەیر بە سەرکردەیی لەشکرێک لە مەککەوە بەرەو بەسرە کەوتنە ڕێ,بە بیانوی تۆڵە سەندنەوەی خوێنی عوسمان و عائشەش(کراسە خوێناویەکەی کردبو بە بەیداخ)و سواری حوشترێک بوبو,بویە عەلی کورشی ئەبو تالیب بە لەشکرێکەوە بەرەو بەسرە کوتە ڕێ و لە بەسرە بەرەنگاریان بوو لە شەڕێکدا کە بە شەڕی (الجمل –حوشتر)ناو براوە زیاتر لە ١٣٠٠٠ ھەزار کەسی تێدا کوژرا لەوانەش ھەردوو سەحابی تەلحەو زوبەیر و ژمارەیەکی زۆری سەحابەکانی پێغەمبەر,عائیشەش بە دیل گیراو شەڕەکە بە سەرکەتنی عەلی کۆتایی ھات.

دواتر موعاویەی کوڕی ئەبو سوفیان لە شام لە عەلی ھەڵگەڕایەوە و بانگەشەی بۆ خۆیکرد وەک خەلیفەی ئیسلام,عەلیش بە لەشکرێکەوە بەرەو شام کەوتە ڕێ و ھەر دوو سوپای عەلی و موعاویە لە(ێفین)ی نزیک(الرقە)لە سەر قەراغی ڕوباری فوڕات بەرەنگاری یەکبون,ووتراویشە گوایە ژمارەی لەشکرەکەی علی ١٢٠ ھەزار کەس و ژمارەی لەشکرەکەی معاویە ٩٠ھەزار کەس بوە و شەڕی نێوانیان ماوەی ١١٠ ڕۆژی خایاندوە و ٩٠ جاریش رژاونەتە ناو یەکتری ژمارەیەکی بێشومار لە سەحابەکانی پێغەمبەر یەکتریان قەڵاچۆکردوە کە مەزەندە ئەکرێن بە ٩٠ ھەزار کەس,لەوانە ٢٥ ھەزار لە سوپاکەی علی و ٤٥ ھەزار لە سوپاکەی معاویە,تا بە فێڵێکی عومەری کوڕی عباس و بە بەرزکردنەوەی قورئان بە نووکی ڕمی ڕیزی پێشەوەی شەڕکەرەکانی سوپای موعاویە شەڕەکە وەستاو عومەری کوڕی عباس وەک نوێنەری موعاویە و ئەبو موسا ئەلئەشعەری وەک نوێنەری عەلی کوڕی ئەبو تالیب کرانە(حەکەم)ناوبژیکەر بۆ دوا پێھێنانی ئەو شەڕە,لە شانۆگەرییەکی گاڵتە جاریدا عەلی لە خلافەت لابرا و موعاویە خرایە جێگەکەی ئەوەش بەوەی (عومەری کوڕی عاسی کوڕی النابغە سەلمی کچی حەرمەلەیە کە بە لەشفرۆش لە کۆمەڵگای مەککە ناسرا بوو خاوەن ئاڵا بوە ھەریەک لە ئەبو لەھەب و ئومەیە کوڕی خەلەف و ھوشام کوڕی ئەلمەغیرە و ئەبو سوفیانی کوڕی حەرب(باوکی موعاویە)و ئەلعاس کوڕی وائیل ئەلسەھمی,لاقەیانکرد لە یەک ڕۆژدا و دوای ٩ مانگ عومەری بوە,ھەریەکە لەوانە داواکەری عومەر بون بەڵام ئەلنابغەی دایکی دای بە العاسی بن وائل چونکە لەوانی دیکە زیاتر یارمەتی ئەدا,بۆیە ناونرا بە (عومەری کوڕی ئەلعاس)عومەری کوڕی العاس توانی بە فێڵ و تەڵەکە بازی ئەبا موسا ئەلئەشعەری بھێنێتە سەر ئەو بڕوایەی کە ھەریەک لە علی و موعاویە لە خلافەت بخەن بۆ چارەسەری کێشەی ئەو شەڕە,ئەویش بە دڵپاکی خۆی تێکەوت,لە ھەمان کاتیشدا بە بیانوی ئەوەی کە ئەبا موسی بە تەمەن گەورە ترە پێش خۆی خست و وای کرد لە سەر (منبر)علی لە خلافەت بخاو کە نۆرەش ھاتە سەر خۆی معاویەی کردە خەلیفە.

دوای ئەو شانۆ گەریە گاڵتە جاریە علی کوڕی ئەبو تالیب کەوتە گێژاوی شەڕو ئاژاوە لەگەڵ (خەوارجەکان)و گەلێکیش لە سەحابەکانی پێغەمبەر لێی زویر بون لە سەر ئەوەی کە بەو (تەحکیمە-ناوبژیکردنە)ڕازی بو چونکە بە بۆچونی ئەوان(حەکەم) ھەر خودایەو بەس.

عەلی کوڕی ئەبو تالیب پاش ماوەیەک و دوای ئەوەی نزیکەی ٤ ساڵ حوکمڕانیکرد بە دەستی یەکێک لە خەوارجەکان کە ناوی عەبدولرەحمان کوڕی مەلجەم بوو لە کاتی ھەڵسان بۆ نوێژی بەیانی لە مزگەوتی کوفە کوژراو دوای مردنی عەلیش کوڕەکانی عەلی عەبدولرەحمانیان زۆر بە شێوەیەکی دڕندانە کوشت بەوەی ھەر دوو دەست و قاچیان بڕی و لە ناو سەبەتەیەکدا سوتانیان.

بە کوشتنی عەلی کوڕی ئەبو تالیب کۆتایی بە خلافەتی ڕاشدین ھات و ئەشوترێت کە لە دوای عەلی خلافەت درا بە حەسەنی کوڕی لە لایەن دانیشتوانی کوفەو شەش مانگ لە کوفە مایەوە و موعاویە نیازی ھێرشکردنی بو بۆ کوفە,بۆیە ناچاربو وەڵام بنێرێ بۆی کە ڕازیە دەست لە خلافەت ھەڵگرێ بە مەرجێ دوای خۆی خلافەتەکە بگێڕێتەوە بۆ حەسەن و لە دانیشتوانی مەدینە و حجاز و عێڕاق ببورێ لەوەی کە پێشو رویداوە و قەرزەکانی بۆ بداتەوە,موعاویە ئەوی مەرجانەی لا باش بو بۆیە بەم ڕێکەوتنە خلافەت چوە دەستی موعاویە و خلافەتی ئەمەویەکان لە ساڵی ٤١ کۆچیەوە دەستی پێکرد.

 

 

zhilwanshilana@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک