|
١٣\٨\٢٠٢٦
گەشتێک بۆ
دارستان.
|

لوئەی ئەمین |

وەرگێرانی لە
عەرەبییەوە: فەرھاد
ئەحمەد |
سامان ئەمڕۆ زووتر لە کاتی
هەمیشەیی خەبەری بووەوە، چونکە بڕیاریدابوو لەگەڵ مەزنی هاوڕێیدا بچێتە
گەشت. خێرا لە جێگاکەی هەستا، دەموچاوی شوشت و ددانی شت. پاشان پەردەی
ژورەکەی لادا ، بۆ ئەوەی سەیری دەرەوە بکات، بەڵام هەورێکی خەست و
تاریکی لە ئاسماندا بینی. سامان بە نیگەرانییەوە گوتی : "چەند ڕقم لە
هەورەکانە! هەمیشە کاتی کەیفخۆشیم تێکدەدەن.".
ئەو نەیدەزانی ئەو هەورە دەیەوێت ببارێت بەسەر کێڵگەی جوتیاراندا کە
چاوەڕێی بارانیان دەکرد بۆ ئەوەی تێرئاو بن. کاتێک هەورەکە گوێی لە
قسەکانی سامان بوو، هەستی بە بێزاری کرد لەوەی کە بوونی ئەو لەو
شوێنەدا نەخوازراوە. بڕیاری دا بکشێتەوە وبچێتە شوێنێکی ترکە چاوەڕێی
باران بن.
هەورەکە کشایەوە، تیشکی خۆر دەرکەوت و پیاوێک لە شوێنەکە تێپەڕی و
کاتێک سامانی بینی پێدەکەنی ولەبەر خۆیەوە دەیگووت: " دواجار هەورە
بێزارکەرەکە ڕۆیشت و کەشوهەوا خۆش و گونجاو بوو بۆ گەشتێکی بەچێژ.".
پاش چەند خولەکێک مەزنی هاوڕێی بە پاسکیلە سوورەکەیەوە گەیشت، کە
جانتایەکی گەشتی ڕاستەقینەی لەپشت بوو، لەگەڵ قولابی ماسیگرتن. سامان
کاتێک مەزنی بینی زۆر دڵخۆشبوو، خێرا تۆپەکەی و ڕادیۆیەکی بچووکی برد
کە لەگەڵ خۆی هێنابووی. لەوێ هەردووکیان لە شوێنێکی سێبەر و ئارامدا
حەسانەوە. سامی هیوای خواست ئەم سەردانە بەسوود و سەرکەوتوو بێت لە
دۆزینەوەی ناوچەیەکی جوان لە دارستانە دوورەکەدا بۆ ئەوەی کاتی تێدا
بەسەر بەرن.
مەزن ویستی سامان فێری ئارامگرتن بکات، چونکە ماسیگرتن پێویستی بە کات
و چاوەڕوانی هەیە بۆ ئەوەی بگەنە ئامانج. پێش ئەوەی قسەکانی تەواو بکات،
قولابەکەی مەزن لەرزی، سامان هاواری کرد: "مەزن.. مەزن، وا دیارە
ماسییەکت گرتووە!" مەزن بە هێمنی گوتی: "کەمێک ئارام بگرە و پەلە مەکە.."
مەزن بە وریاییەوە پەتەکەی کێشا و ماسییەکی گەورە لە نێوان شەپۆلەکانی
ئاوەکەدا دەرکەوت، لە کەناری گۆمەکەدا لە خۆشیاندا دەستیان بە هاوارکرد.
مەزن بە خۆشییەوە لەبەر خۆیەوە وتی: "ئای چ ماسییەکی جوانە، دەبێت
کێشەکەی زۆر بێت بۆ ئەوەی ببێتە ژەمێکی بەتام." سامان بە پەلە هاواری
کرد: "من دەچم کەلوپەلەکان دەهێنم بۆ ئەوەی ماسییەکە ببرژێنین." پاشان
لەبەر خۆیەوە وتی: "من چاوەڕێی ئەم ساتە دەکەم بۆ ئەوەی حەزەکەم کە
ماسیگرتنە بەکاربهێنم." مەزن گوتی: "باشە، منیش ئاگرەکە دەکەمەوە و دار
کۆدەکەمەوە.".
کاتێک چوونە ناو قووڵایی دارستانەکەوە، گەیشتنە لای دارێکی (بی).
دارەکە کاتێک ئەوانی بینی خەمبار بوو، چونکە دەیزانی ئەوان بۆ دار
کۆکردنەوە هاتوون، لەبەر خۆیەوە گوتی: "بۆچی نامبەخشن؟ بۆچی نامپارێزن؟"
دارەکە بە خەمبارییەوە پرسی: "ئایا تۆ ئەو کەسە نیت کە هەورەکانت
دەرکرد و نەتهێشت ئاو بدەن بە کێڵگەکان؟" سامان ئەم قسانەی بیست، بەڵام
گرنگی پێنەدا و داوای لێبوردنی لە دارەکە نەکرد، بەڵکو بە پەلە بەدوای
داری وشکدا گەڕا. کاتێک هەردوولا داری پێویستیان کۆکردەوە، ئاگرەکەیان
کردەوە بۆ برژاندنی ماسییەکە.
سامان و مەزن خێرا ماسییەکەیان پاککرد و خستیانە سەر ئاگرەکە. پاشان
ماسییەکەیان خواردو کاتێکی خۆشیان بەسەر برد بە گێڕانەوەی
یادگارییەکانی قوتابخانە وهەروەها بەیاریی و پێکەنین.
پێش ئەوەی ئێوارە دابێت، کەلوپەلەکانیان کۆکردەوە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە.
بەڵام ئاگرەکەیان بە تەواوی نەکوژاندەوە و کەمێک پشکۆ مابووەوە. چەند
هەنگاوێک دوورکەوتنەوە، هەستیان بە شتێکی سەیر کرد؛ باڵندەکان بە
شڵەژاوی دەفڕین و ئاژەڵەکان ڕایان دەکرد! کاتێک ئاوڕیان دایەوە،
دووکەڵێکی سپی خەستیان بینی کە لەو شوێنەی لێی دانیشتبوون بەرز
دەبێتەوە. ئاگرەکە گەیشتبووە دارەکانی دەوروبەر و بە خێرایی بڵاو
دەبووەوە.
هەردووکیان ترسان و خێرا کەوتنە کۆکردنەوەی ئاو بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە،
بەڵام بێسوود بوو، چونکە ئاگرەکە زۆر گەورە ببوو. لەو کاتەدا دارێکی
تری نزیك لە ئاگرەکەوە هاواریکرد: "دارستانەکەمان دەسوتێت بەهۆی بێباکی
ئێوەوە!" دارەکە هاواری کردە سەر سامان: "ئەگەرهەورە هاوڕێ دڵسۆزەکەت
لێرە بووایە، یارمەتی دەداین." سامان زۆر پەشیمان بووەوە و سەیری
ئاسمانی کرد و بە دەنگی بەرز هاواریکرد: "پەشیمانم ئەی هەوری میهرەبان،
تکایە بگەڕێوە و ڕزگارمان بکە.".
هەورەکە کە هاواری سامانی بیست، دڵی پێیان سوتا و گەڕایەوە. خێرا بەسەر
دارستانەکەدا باری و ئاگرەکەی کواژاندەوە. دارستانەکە دیسانەوە سەوز و
جوان بووەوە، باڵندەکان گەڕانەوە بۆ سەر هێلانەکانیان و سامان و مەزنیش
بە خۆشی و بە وانەیەکی گەورەوە گەڕانەوە ماڵەوە.
rahanddrwd@gmail.com
|