په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٨\٢٠١٦

    گەشتێک لە کرێتە.


شوان حه‌سه‌ن

وا پێدەچوو
کەشتیەوانەکان دەریایان هارکردبێ
بۆیە شەپۆڵەکان بەردیان تێدەگرتین، دەیانویست کەنارمان پێ چۆڵ بکەن
تا لە لمەکان نزیک نەبووینەوە، نەگەیشتین بە نەرمایی دڵی
لەوێ، بە چرپە پێمگوت:
دەزانی زریانی بیابان لوولی نەدەبام، لەوانەبوو
منیش زمانی پۆسەیدون فێربام و ماسیەکانیش ئەو پێستە مردووانەیان لە قاچەکانم بکردباوە
کە نەریتێکی نەخۆش بۆی گواستومەتەوە
دە سەر بخە سەر پەڕە ئەفسانەییەکانم
تا چێژلە دەنگە سەرشیتەتەکەت وەرگرم
رابردووە خۆڵ لەسەر نیشتووەکەم، لە دامێنت بشۆم
   *   *   *
ئەفرۆدیت شوێنەواری کراسە پەمبەکەی لە ئێلەفۆنیسی جێهێشتبوو
کچ و کوڕ
کەنارەکانیان تەی دەکرد
کەفوکوڵت، قاچەکانی دەشوشتین
ئێمەش، بە بێ دەنگیی (سەعی) گەڕانمان دەکرد
کەسم نەدیت لە دەرەوە بگەڕێ!
هەر کێی دەهات، سەرمەستانە کەمەری لە شەپۆڵێک دەبەست و
بە دواتدا دەهات
نەمزانی ئەوە جادووی تۆ بوو، یا نەریت؟
دەتگوت لە تابلۆی خەیاڵدا، جوانیی دەچنینەوە
ترسام بڵێم سێبەری مەڕ و بزنەکانی ئەنکیدۆم دیت
دەمزانی کەس بە عەشتار تۆ ناناسێ!
کە بەئاگا هاتم و پرسیم
کێ نێچیری دوێنێ شەوت بوو؟
پەنجەرە بچووکەکەی ئەفسانەم شکا و
تۆش، بە کراسە سپیەکەت
هاتیەوە ناو تابلۆی ژووری هوتێل
   *   *   *
منداڵەکانمان، بە پێکەنین لە کووچە و کۆڵانەکانی داهاتوودا دەگەڕان و
ئێمەش، بە غەمباریی ئاوڕمان لە رابردورێکی بەسەرچوو دەداوە
میهرەبان بوون، جێیان نەهێشتین
دەنا، نیازمان وابوو
شوێنپێی ئەو رەوە گورگە هەڵگرین
کە زمانیان بە پێستی تاریکییدا دەهێنا
   *   *   *
من درەختێکی سروشتییم و دەمەوێ بە ئاسودەیی خۆم
لقوپۆپ و رەگەکانم پەلبهاوێن
ئەوە چڵێکم
لە ئامێزی کرێتەی جوان موتربەکرد
لەگەڵ ئەو چڵە زەیتوونەی
کە چۆلەکەیەک هات و، موژدەی ئاوەدانی بۆ هێناین
دەترسم بخەوم و تارمایی عوسمانییەکان سێبەرەکەم بدزن و
دیسان
قژە پڕشنگەکەی تۆش لە دوای خۆیان راکێشن و
لە کەمەری منداڵەکانت بئاڵێن
چاوە زەیتوەنیەەکانت بکەن بە غولام و
پاش سەما و هەڵدانی راکی
بەرەو مزگەفتەکەی حەسەن پاشا بڕۆن!
بەڕاست ئەوە، ئەو حەمامە بوو غوسلیان لێدەردەکرد
چ بۆنێکی قێزەوەن، ناوەوەی سواغداوە
ئایە ژیان جوانتر نییە بێ ئەو شوێنەوارانەی
تاوان خشت بە خشتی هەڵچنیون؟
لە دەروازەی مێژوو لە دنیایەک پرسیار ئاڵاوم و
نازانم، بۆ ناتوانێ دۆسیەی تاوان و تاوانبار دابخا!؟
   *   *   *
سێڤس لە سەر چیایەک راکشاوە و
پاسەوانی هیراکلیۆن دەکات
گەشتیارەکانیش وەک ئەرکیلۆگێک سەریان بە ژووری ئەفسانەکاندا دەکرد و
داستانەکانیان لە کامیرەکانیان کۆدەکردەوە
تا دەهات تەنیاتر دەبووم
زانیارییەکانم بەسەر رستەی خەیاڵم دادا و
هەستم وەک کۆلارەیەک، بەسەر شاردا هەڵدا
ئاخر
من کەسێکی دیکە دەناسم پاسەوانی رووحی ئەو شارە دەکا
بیرەوەری منداڵییم، دایە دەست شوفێرێک و
لەبەردەم پەیژەی پەرتووکەکان، وشەکانی دەستیانگرتم
کازانتزاکی راکشاوە و بە هەردوو دەستی کێلەکەی خۆی گرتوە و
بانگم دەکا
ئەمن هیچ هیوایەک ناخوازم
ئەمن لە هیچ ناترسم
ئەمن ئازادم
نووسینی سەر کێلەکەی بە دەنگ بۆ خوێندمەوە
كچەکەم گوتی:
- چۆنی تێگەیشتی؟
- دەزانم چی دەڵێ!
ئەو کە مرد، رووحەکەی خۆی بەسەر زەویدا پەخشکرد و
ئەو رۆژە بەخت یاوەرم بوو، هەناسەم هەڵمژی
کچەکەم بە پێکەنینەوە، بە دوای خەیاڵم کەتبوو
منیش تا سەمای زۆربام نەکرد
ئەوێم جێنەهێشت
   *   *   *
ئەو شەوەی مۆسیقا لە باوەشی ئۆزۆ
دڵۆپ دڵۆپ گۆرانیی دەکردە خوێنم و
ئەوە من نەبووم
زۆربا بوو، سەمای بە رووحم دەکرد
هەرگیز باوەڕناکەم، جەنگ دوو چاوی ساغی هەبووبێ و
لێرە گوزەری کردبێ
ئەرێ سەکردەیەک ئەشقی مۆسیقا و گۆرانی بێ
کەنگێ کاتی هەیە بۆ شەڕ؟
هاوڕێ دەزانم و بە چاوی خۆم دیتم
سەربازەکانی ئێرە، چەکەکانیان لە مۆزەخانە دانابوو
ببوورە
هات، بەسەما هات
ئەو کچە جوانە بە ریزێک پێکەوە
با هەڵیدەین
خەیام دەڵێ: ژیان پێنج و دوو رۆژێکە
   *   *   *
هەڵدەکشێم و
لە جوگرافیایەکی دیکە دەنیشمەوە
سێبەری هەورێک رەنگی پێستم دەدزێ
لەوانەیە سبەینێ لە خواردنگەیەکی گۆتنبۆرگ بەدواتدا بگەڕێم
چاوە زەیتونیەکانت، وەک سەبوورییەک
لە مێزێکدا کۆمان بکاتەوە.


ماڵپهڕی شوان حهسهن
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک