گه‌شتی سلێمانی، شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی، لەم بارودۆخەدا .
خه‌بات لاوباخ
تا زۆرتر مرۆڤ له ئاواره‌ییدا بژێت ، هه‌ستی نامۆیی به‌رده‌وام لای ده‌بێته میوان و بیر و ئه‌ندێشه‌کانی ده‌بنه باڵنده‌یه‌کی سه‌رلێشێواو له ئاسمانی خه‌وه‌کانیاندا په‌روازه ده‌بن و هه‌وڵی نیشتنه‌وه ده‌ده‌ن له سوچێکی کۆڵانی بیره‌وه‌رییه‌کانی سه‌ر ده‌می منداڵیان له‌و ووڵاته شیرینه‌دا، که له خه‌ویشدا بێ‌دار ده‌بنه‌وه ، ڕاده‌چڵه‌کێین و ده‌که‌ونه ناو ده‌ریاییه‌کی قوڵی پڕ له ئازاری دووره‌ووڵاتی و بیر ده‌که نه‌وه له که‌مترین ده‌رفه‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ باوه‌شی نیشتیمان بۆ ده‌ربازبوونیان له ئازاری جه‌سته‌ی ده‌ربه‌ده‌ریان . به‌ڵام کام نیشتیمان،كام شار ؟؟؟؟ شارێكی داگیرکراو ،دێی وێران‌کراو ،خاك دزراو ، به‌عه‌ره‌بکراو ، تەواو پشتگوێخراو ،بەئەندازە گه‌نده‌ڵکراو ، بێ پلان و به‌رنامەی داڕێژراو ، بێ سه‌روبه‌ر و بێ یاسا‌و ڕێسای دیاریکراو ، بێ کاره‌باوئاوی پێدراو ،بوونی ئاوی زێراب و چڵكاو ، پڕ لەڤایرۆسی كولێرای هێنراو، شتومه‌ك گرانکراو ، نرخی زه‌وی و خانوو فڕاو ، شه‌قام و کۆڵانی پیس وقوڕاو، بڵاوبوونه‌وه‌ی ژنی له‌ش فرۆشراو ، شه‌قامی پڕ له گه‌نجانی سه‌رلێشێواو ، بڵاوبوونه‌وه‌ی عه‌ره‌بی دزداشه دڕا‌و ، پڕ بوو له سیخوڕی ووڵاتانی بێزراو ، خواردنی به‌سه‌رچووی ژه‌هراوی کراو ، پێشبڕکێ له کۆکردنه‌وه‌ی پاره‌ی دزراو ، هێنانی ژنی دووه‌م و سێهه‌م بۆ لێپرسراو ، زۆربوونی ژنی په‌چه‌داری له گروپی ئیسلامی ترسا‌و ، نه‌مانی هه‌ستی کوردایه‌تی له خاك دابڕاو ، کۆکردنه‌وه‌ی فلیمی سێکسی کچی کوردی دڵشکاو ، یان ده‌وڵه‌مه‌ندبوونێکی له‌ناکاو !!!!!!!!!!! پاش بڕیاردانمان بۆ گه‌شتێکی کوردستانی خۆشه‌ویستمان و دوورکه‌وتنه‌وه‌مان له ژیانی ته‌نهایی و ئاواره‌ییمان و سه‌ردانی که‌سوکار و هاوسۆزانمان، به‌ڕێکه‌وتین به‌ره‌و کوردستانی شیرینمان ،بەفڕۆكە گه‌یشتینه ئاسمانی شاری سلێمانی ، هه‌ستێکی زۆر خۆشه به ئاسمانی ئه‌و شاره‌دا بفڕیت و به کامێره‌ی چاوه‌کانت ،دیمه‌نێکی جوانی سروشتی بکێشیت و بیخه‌یته ناو هه‌گبه‌ی یادگارییه‌کانت . دوای نیشتنه‌وه‌مان ،کارمه‌ندان به ڕێز و خۆشه‌ویستیه‌وه پێشوازییان لێ‌کردین ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌رنجی ڕاکێشایین، سه‌ره‌تایی بینینی یه‌که‌م کاری گه‌نده‌ڵیو جیاوازی لێ به‌دی ده‌کرێت ، چه‌ند که‌سێك هاتوونه‌ته ناو هۆڵی فڕۆکه‌خانه‌که‌وه بۆ پێشوازی که‌سوکارییان (که سه‌ر به لێپرسراوانن) ،ئه‌وانی تریش له دووری چه‌ند کیلۆمه‌ترێك له ده‌ره‌وه ده‌بێت چاوه‌ڕێ بکه‌ن ، نه‌گبه‌تیش له‌وه‌دایه ئه‌وه‌ی که‌س نه‌یه‌ت به‌شوێنیا ، ده‌بێت تا ڕۆژ ده‌بێته‌وه له‌وێ چاوه‌ڕێ بکات تا ته‌کسییه‌کی ده‌ست ده‌که‌وێت.( خۆزگه ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌م دیارده‌ییان نه‌ده‌هێشت ، یان که‌س نه‌ده‌هاته ژوورێ یان بۆ هه‌موو که‌س ده‌بوو ، چونکه که هه‌موو که‌س کۆنتڕۆڵ کرا بێت، ئیتر ترسی نابێت، له ووڵاتی دیموکراتیدا دیارده‌ی وا به‌دی ناکرێت، چونکه فڕۆکه‌خانه ماڵی گه‌له نه‌ك چه‌ند که‌سێكی دیاریکراو .)هه‌ر له ئاسمانی سلێمانیه‌وه به‌دی ده‌کرێت که ڕوپێوی شاره‌که فراوان بووه و ئه‌وا بڕوات تا عه‌ربه‌ت و بازیان درێژ ده‌بێته‌وه، به‌ڵام که ڕۆژ بووه‌وه و چاوێکم به شاره‌که‌دا خشاند، پیاو به‌زه‌یی به شاردا دێته‌وه ، به ئاشکرا پشتگوێی پێوه دیاره بۆته دێیه‌کی گه‌وره ، شه‌قامی ته‌سك و ئوتومبێلێکی زۆر ، دانیشتوانێکی زۆر‌و شوێنی نیشته‌جێبوونێکی که‌م ، یاسایه‌کی هاتووچۆی زۆر په‌ڕپووت ،نه‌بوونی هێڵی سه‌ر شه‌قامه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی تر هاتووچۆی ئاڵۆزتر و ناشیرینتر کردو‌وه ، دروستکردنی گه‌ڕه‌کێکی زۆر و بێ خزمه‌تگوزاری ونەبوونی شه‌قام. بڵاوبوونه‌وه‌ی بێ‌کاری و وه‌ستانی گه‌نجان له سه‌ر لێواری شۆسته‌کان ، دیمه‌نی شاره‌که‌ی ناشیرین کردو‌وه ، سه‌ڕه‌ڕایی ئه‌مه‌ش تێڕژانی عه‌ره‌ب به لێشاو بۆ ناو شار ئه‌وه‌نده‌ی تر ژیانی سه‌خت کردو‌وه ،گرانی شتومەك و هه‌ڵپه‌ی هه‌ر تاکێکی کۆمه‌ڵ بۆ زۆرتر به‌ده‌ستهێنانی بژێووی ژیان و هه‌وڵدانی هه‌لپه‌رسته‌کانیش بۆ زۆرتر خۆ ده‌وڵه‌مه‌ند کردن ، بۆته بنه‌بڕکردنی هه‌ستی که‌ساییه‌تی و هاوڕێیه‌تی و کورداییه‌تی ، ئه‌وه‌ی ئیمڕۆ بیری لێ ناکرێته‌وه ئه‌و هه‌سته‌یه که هه‌موو میلله‌تان شانازی پێوه ده‌که‌ن ،شانبه‌شانی ئه‌مه‌ش گاڵته به ده‌سه‌ڵاتداران و فه‌رمانڕه‌وایانی کورد ده‌کرێت و ڕۆژانه قسه‌یان پێ ده‌وترێت و ئاوات به ڕۆژانی ڕابوردوو ده‌خوازن ، ئا ئه‌مه سه‌ره‌تای ڕۆژگاری نه‌هامه‌تی کورده ، گه‌ر بێتوو هه‌وڵ نه‌درێت چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م گرفتانه بدۆزرێته‌وه و ده‌سه‌ڵاتداران بیری لێ نه‌که‌نه‌وه ، ئه‌وه به زیانی خۆیان کۆتایی دێت وچاره‌نوسی میلله‌تیش هه‌ر ڕه‌ش ده‌بێت . پێشکه‌وتن و گه‌وره‌بوونی شارێك به دروستکردنی خانوبه‌ره‌ی له مه‌ڕمه‌ڕ دروستکراو و باڵه‌خانه‌ی به‌رزکراوه‌ی بێ بناغه‌ی زانستی به‌دی نایه‌ت،به‌ڵکو له‌سه‌ر دانانی پلانێکی ڕاست و دروست و نه‌خشه‌کێشراو و بیرکردنه‌وه له چه‌ند ساڵانێکی داهاتوو داده‌ڕێژرێت . ساڵانی ڕابوردوو ، شاری سلێمانی به شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی و هونه‌ر و که‌لتور و شاری زانست و پێشکه‌وتن به ناوبانگ بوو ، چه‌نده‌ها که‌ڵه پیاوی ناو گۆڕه‌پانی سیاسی و هونه‌ری و وێژه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تی تێدا بوو ،که خه‌مخۆری شاره‌که بوون و هه‌وڵی پێشخستنیان ده‌دا ، تا له کاروانی زانستی سه‌رده‌م دوانه‌که‌وێت ،نمونه‌ی شاری خۆڕاگری و هه‌ڵگیرساندنی ئاگری شۆڕش و قوتابخانه‌ی به‌رهه‌مهێنانی هه‌ستی کوردایه‌تی و نه‌ته‌واییه‌تی بوو ، له سه‌رده‌مانێکیشدا ،که زۆربه‌ی دانیشتوانه‌که‌ی نه‌خوێنده‌وار بوون ، کلپه‌و گڕی کوردایه‌تی به‌تین تر بوو ، ئه‌وه‌ی ئیمڕۆ به دی ده‌کرێت ، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ڕابردووه ، پێشبڕکێی خۆ ده‌وڵه‌مه‌ند کردنه له سامان و ژنهێناندا ، هه‌لپه‌رستی و چاوچنۆکی و ده‌ستبڕین و درۆزنی و ناپاکی بوونه‌ته جوانترین ڕه‌وشتی سه‌رده‌م. سه‌ڕه‌ڕایی گاڵته‌پێکردنن به کوردایه‌تی و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و بێزار بوون به ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی کوردی ، له‌کاتی ئاخاوتنمدا له‌گه‌ڵ زۆرتر له 250 که‌س له هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگای سلێمانی وه‌ك دکتۆر، ئه‌ندازیار ، خوێندکار ، دوکاندار ، نه‌خوێنده‌وار ، شۆفێری تاکسی ، ژنی ناوماڵ ، گه‌نج و پیر و مناڵ ، 99% یان بێزار بوون له ده‌ست ده‌سه‌ڵاتداران و سیاسه‌تمه‌دارانی کورد ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له کاتی سه‌ردانی خزم و که‌س وکار و هاوڕییان و شوێنی گشتی و ئاهه‌نگ گێراندا، به‌ده‌گمه‌ن گۆرانی و که‌ناڵی ته‌له‌فیزێۆنی کوردیمان به‌رچاوده‌که‌وت ، یان عه‌ره‌بی یان تورکی بون، له‌ده‌ره‌نجامدا ده‌رده‌که‌وێت هه‌ستی کوردایه‌تی و نه‌ته‌وایه‌تی به‌ره‌و کزی و نه‌مان ده‌چێت ، هه‌موو میلله‌تێکی بێ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی به‌ره‌و له ناو چوون ده‌چێت ، من نازانم که‌ناڵه کوردییه‌کان و ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد تا که‌ی بیر له به‌رنامه‌یه‌کی داڕێژراو ناکه‌نه‌وه بۆ میلله‌ت،به‌تایبه‌تی مناڵان‌و هه‌رزه‌کاران و گه‌نجانی کورد وفێرکردنیان چۆن شانازی به خۆیان و نه‌ته‌وه‌که‌یانه‌وه بکه‌ن و خه‌مخۆرییان بن و خزمه‌تی نه‌ته‌وه‌که‌یان بکه‌ن. ڕاسته ده‌سه‌لاتداران هه‌ندێ خزمه‌تیان کردوه‌و چه‌ند کاری خزمه‌تگوزه‌رانیان جێ به جێ کردو‌وه به‌ڵام به پێی پێویست نیه ، هه‌رچه‌نده که‌م وکوڕی هه‌یه به‌ڵام هه‌وڵدراوه ، شانبه‌شانی ئه‌مانه‌ش ووڵاتانی دراوسێ ده‌ستێکی پۆڵایینیان هه‌یه له بڵاو کردنه‌وه‌ی پڕۆپاگه‌نده دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد له هاندانی میلله‌ت له دژییان ، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ که‌م و کوڕی ده‌سه‌ڵات ، که هه‌وڵ نادرێت ڕێبگیرێت له هاتنی سیخوره‌کان به هه‌ر ناوێکه‌وه بێت ، یان کردنه‌وه‌ی ئۆردوگاییه‌ك بۆ په‌نابه‌رانی عه‌ره‌بی هاتوو بۆ کوردستان . خۆزگه فه‌رمانڕه‌وایانی کورد له هه‌ولێر ئه‌و گرنگییه‌ی به شاری هه‌ولێری ده‌ده‌ن( ده‌ستخۆشیان لێ ده‌که‌م، چونکه هه‌مووی کوردستانه) به هه‌موو شاره‌کانیان بدایه ، نه‌ك هه‌وڵبدرێت هه‌ولێر بکه‌ن به دوبه‌ی ،به‌ڵکو هه‌موو کوردستان بکه‌ن به ئه‌وروپا ، ئه‌و بڕه پاره‌ییه‌ی که بۆ کوردستان ته‌رخانکراوه ، ده‌توانرێت هه‌موو کوردستان ئاوه‌دان بکرێته‌وه ، ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی و دزی و هه‌لپه‌رستی و خۆ ده‌وڵه‌مه‌ند کردنی به ناڕه‌وا نه‌مێنێ و به یه‌کسانی و دادپه‌روه‌رانه دابه‌ش بکرێت. به‌داخه‌وه ده‌لێم سلێمانی پشتگوێ خراوه و شار شله‌ژاوه و ناڕێکی و پێکی سه‌رتاپایی شاری گرتۆته‌وه ، ئه‌گه‌ر فریای نه‌که‌وین له ده‌ست ده‌چێت و شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانیمان لێ ده‌بێته شاری دواکه‌وتویی و نه‌زانی. خۆزگه دڵسۆزان و ڕۆشنبیرانی ڕه‌سه‌نی شاره‌که ده‌ستیان بکردایه به هه‌ڵمه‌تێك بۆ جوانکردن و خزمه‌تکردن و پێشخستنی شاره‌که و ده‌نگی ناره‌زاییان به‌رز بکردایه‌ته‌وه بۆ ڕزگارکردنی له‌و نه‌هامه‌تیه‌ی تێی که‌وتووه.
Kardo961@yahoo.de
|