گەورەترین کارى نایاسایى لەلاى بەرپرسە باڵاکانەوە دەکرێت.
ئیسماعیل عهبدولڕەحمان
هەربۆیەش دەبینین ئەو وڵاتانەى یاسا تێیدا پێشێل دەکرێت توشى چ کارەساتێکى دوو بەرەکى و زوڵم زۆر لە یەکتربونەتەوەو ئەوەى دەستى دەڕوات غەدرو ناپاکى دەکات ، هەڵبەتە یاسا نەوەک تەنیا بۆ ژیانى بەکۆمەڵى مرۆڤەکان پێویستە بەڵکو هەرچى گیانلەبەران هەیە ئەوانەى بەکۆمەڵ پێکەوە دەژین وەک ڕەوە باڵندەکان و هەنگ و زەردەواڵە و زەرگەتەو مێرولە بەهەموو جۆرەکانیەوە ، ئەو گیانلەبەرانە یاساى تایبەت بەخۆیان هەیەو هەرگیز لێى لانادەن چونکە گەورەکەیان سەد لەسەد پابەندە بەو یاسایەى کەهەیانە زانایانى مرۆڤیش زۆر سەرسامن بەپابەندبونى ئەو لەگیانلەبەرانە بەیاساکانیان ، دیارە ژیانى بەکۆمەڵ بەبێ یاسا وەک ژیانى گاڕانى وایە کێ قۆچى تیژو چوستوچالاک و بەهێزبێت ئەوەى تر دەداتە بەرقۆچ و ناهێلێت لەوەڕەکەى بخوات و بەناڕەوا مافى داگیر دەکات ، لەوانەیە بەبێ یاسابونى مرۆڤەکانیش هەمان شێوەى گاڕانى بێت ، بۆیە ئەو هەموو پێغەمبەرە هاتوە بۆ ڕێکخستنى ژیانى مرۆڤەکان ، یان چەندین کەس لەمرۆڤەکان بەهۆى شارەزابون و پەرۆشیان بۆ مرۆڤایەتى بەردەوام لەهەوڵى دانانى یاسا بونە بۆ ڕێکخستنى ژیانى مرۆڤەکان.
هەڵبەتە ڕێزگرتن و پابەند بوون بەیاساوە خۆی لەخۆیدا ڕێکخستنى ژیانى مرۆڤەکانە لەسەر بنەماى دادپەروەرى و ڕێزگرتنى یەکتردا ، بەڵام مەرجى سەرەکى لەبەرقەراربونى یاسا لەهەر کۆمەڵگایەک پەیوەستە بەپابەندبونى گەورە بەرپرسانى وڵات بۆ ئەوەى ببنە نمونە بۆ پابەندبونى کۆمەڵگا بەیاساوە ، ئێستا لەو سەردەمەى ژیانى مرۆڤایەتى لەزۆرێک لەوڵاتان تائاستێکى زۆر باش یاسا هەیە بۆ ڕێکخستنى ژیانى مرۆڤەکان ، ئینجا لەو یاسایەنەدا هەندێک بەڕگەى نەگۆڕ هەیە کەزۆر گرنگن بۆ ڕێک و پێک مانەوەى یاسا وەک خۆى ، بۆ نمونە لەهەموو دنیادا ژمارە نەگۆڕەو لەو هەموو ژمارەى کەهەیە لەیەکەوە تاتریلۆن و بەرەو سەرەوەش هیچ ژمارەیەک دوو بارە نابێتەوە ، یان ژمارەى ناسنامەى هیچ کەسێک لەوڵاتەکەى خۆى لەگەڵ ژمارەى ناسنامەى کەسێکى تر لەیەک ناچن ئینجا لەهەموو جۆرە ناسنامەو ڕەگەزنامەو پاسەپۆرت و ناسنامەى هەموو جۆرە پیشەیەک یان ژمارەى خانوى شارێک و وڵاتێک هیچ خانوەک ژمارەکەى لەخانویەکى تر ناچێت ، ژمارەى ئۆتۆمبیلیش یەکێکە لەو بەڕِگانەى یاسا کەنابێت هیچ ژمارەى ئۆتۆمبیلێک لەوڵاتێکدا لەیەک بچن واتە نابێت دو ئۆتۆمبیل هاوشێوەى یەکبن و یەک تابلۆى ژمارەیان هەبێت بەڵکو دەبێت هەموو ئۆتۆمبیلێک تابلۆى ژمارەى خۆى هەبێت وەک چۆن هەموو ئۆتۆمبیلێک ژمارەى مەکینەو شانسى خۆى هەیەو لەگەڵ ئەوانى ترجیایە ،
جیابوونى ژمارەى خانوو ئۆتۆمبیل و ناسنامە وەک جیاوازى سەرى پەنجەى هەموو مرۆڤێک پێویستە ، بەڵام لاى بەرپرسە باڵاکانى کورد لەهەرێمى کوردستان نەک ژمارەى دوو ئۆتۆمبیل هاوشێوە لەیەک دەچێت بەڵکو چەندین قافڵەى ئۆتۆمبیلى بەرپرسانى باڵا کەهاوشێوەى یەکن ولەدوى یەک دەڕۆن هەمووشیان تابلۆى ژمارەکەیان یەک ژمارەیە ، کەپێچەوانەى یاساى ئەرزو ئاسمانە ، ئینجا لەگەڵ ئەو یاسا شکێنیە گەورەیەى بەرپرسە باڵاکان دەیکەن کەچى سەر زارو بن زاریان باس لەسەروەرى یاسا دەکەن ، کەچى خۆشیان پابەندى یاسا نابن و بەدەیان ئۆتۆمبیلى ژمارە لەیەک چو بەدواى یەکدا بەناو وڵاتدا ئەو سەرو ئەو سەردەکەن و ڕێزى یاسا ناگرن ، کاتێک میللەتیش ئەو پێشێلکردنەى یاسا دەبینێ لەلایان بەرپرسەباڵاکانى کوردەوە، بۆیە میللەتیش نەهەقی نییە فشەی بەهەبونى یاسا بێت لەکوردستان .
ary_esmail@yahoo.com
|