په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٦\٢٠١٣

گەزیزە عومەر:
شانۆ.. دەریایەکە تا مەلەی تێدا بکەی ھەر پێویستت بەوە ھەیە پەل بهاوی.


سازدانی: یوسف خەلیل


گەزیزە عومەری شانۆکار لە دایک بووی ١٩٦١ لە سلێمانی و لە ١٩٦٩وە بۆ یەکەم جار چووەتە سەر شانۆ و لە ١٩٨٨ لە ئەکادیمیای ھونەرەجوانەکانی بەغداد بەشی شانۆ / نواندن بڕوانامەی (بکالۆریۆس) ی بەدەست ھێناوەو کچی مامۆستا(عومەری عەلی ئەمین) ی نوسەر و شانۆکارە و ھەروەھا ھاوسەری ھونەرمەندی شێوەکار (ئیسماعیل خەیات) ە واتە لە سەرچاوەیەکی ھونەرییەوە چاوی ھەڵھێناوە.. ئێستاش خاوەنی مێژوویەکە بۆ شانۆی کوردی بۆیە بەم چەند پرسیارە تاوێ دواندم:

 

 

یوسف: ئەزموونێکی درێژخایەنت لەگەڵ شانۆدا ھەیە.. رووانگەت بۆی چییە؟

 

گەزیزە: من سەرەتا بە کاری نوواندنەوە خۆم خەریککرد پاشان ھەوڵم دا بۆ نووسین جا کارکردن لە بواری دەرھێناندا ، ھەستم کرد دەتوانم جموجوڵێک دروست بکەم بۆ نووسینی دەق بە قەڵەمی ژنێک و وروژاندنی ئەو کێشانەی کە کەمتر ئاماژەی پێدەکرێت ئەمە بووە ئەزموونێک بۆ ھونەری من ، وە ئەو حاڵەتانەی کەوای لەمن کرد کە بتوانم وەککاری دەرھێنان کاربکەم ھەستم کرد پێویستم بەوەیە زیاتر چالاک بم و وەکو ژنێک بوونم ھەبێت لەسەر شانۆ و زیادەیەک بخەمە سەری ، چونکە کارکردنی ژنان لە شانۆدا ھەر ئەوە نییە بۆشاییەک پڕ بکاتەوە .. پێش ھەموو شتێک پێویستە ھونەرمەند و ھۆشمەند و رۆشنبیربێت ، ئێمە کێشەمان لە چەندایەتی ئەو کچانەدا نییە کە کار دەکەن بەڵکو کێشەی ئێمە لە چۆنایەتییاندایە ! پێویستە ئەو کچانەی کار ئەکەن زۆر رۆشنبیر بن تا بتوانن عەشقێکی تەواویان ھەبێت بۆ شانۆ ،وە پێویستە رێزیان لێبگیرێت چونکە کارکردن لە شانۆدا لە ھەموو بوارەکانی دیکە گرانترە .. کەم کارکردنیشیان بێگومان گەلێک ھۆکار ھەیە بۆی لەوانە ژنێک کە ئەبێتە خاوەن ماڵ و منداڵ لێپرسراوێتی گەورەتری دەکەوێتە ئەستۆ لەوەی بتوانێت لە شانۆدا کار بکات ،وە ھەتا کارکردنی ھونەر نەبێتە پیشە ئێمە کێشەمان ھەر ئەبێت لە ئەکتەری ژندا جا لە ئەکتەری پیاودا ، پێویستە ژیانمان بۆ شانۆ تەرخان بکەین جا دەتوانین شانۆیەک لە ئاست خۆزگەکانی خۆماندا بە دەست بھێنین.

یوسف: بێ بوونی بینەر پێتوایە شانۆ دروست ببێت..؟

گەزیزە: تەواوکەری کاری شانۆیی بوونی بینەرە .. کە نەبێت شانۆش نابێت چونکە کار بۆ ئەو دەکرێت .. شانۆ بریتییە لە (دەق + ئەکتەر + دەرھێنەر + بینەر + رەخنەگر) ئەمانە ھەموویان زنجیرەیەکن یەک بە دووای یەکدا دێن بۆ تەواوکردنی کارێکی شانۆیی ، بینەر بەردەوام گڕ و تینێکی تازەتر ئەداتەوە بە شانۆ .. ئەو تازەکردنەوەیە وا دەکات کە شانۆ ھەناسەی درێژتر بێت .. بەڵام گەلێک جاریش ناتوانین بوونی بینەری زۆر ! بەسەرکەوتنی بەرھەمی شانۆیی دیاری بکەین بۆ نموونە گەلێک بەرھەممان ھەبووە کە ئاستی ھونەری لاوازبووە و ماوەی چەند مانگێکیش بەردەوامی ھەبووە و بینەرێکی زۆر زۆریشی ھەبووە .. بەھەرحاڵ بینەر بەشێکی زۆر سەرەکییە و وەھیچ شانۆیەکیش بێ بوونی نابێت بە شانۆیەکی تەواو.

یوسف: کە خۆت لەسەر شانۆ بینییەوە .. ئەو ھاندەرانە چیبوون کە تۆیان ھاندا سەما لەگەڵ خەونەکاندا بکەیت؟

گەزیزە: بوونی من لەسەر شانۆ سەرچاوەیەکی درێژتری ھەیە کە ناتوانم بە ھەنگاوێک بڵێم بەو شێوەیە خۆم لەسەر شانۆ بینیەوە ، بەڵام ھەر لەسەرەتاوە ھەستم کردووە کە بۆ شانۆ خوڵقاوم ، خەونەکانم زۆر گەورەن کە تەنیا من ئەتوانم بە شانۆ گوزارشتیان لێبکەم ، خەونی ئەو ژنانەی کە کێشەکانیان لە شوێنێکی داپۆشراودایە و ناتوانرێ بھێنرێتە دی ، زۆر جار ئەخرێتە سەر شانۆ بەڵام مەرج نییە بێتە دی ! بەڵام دەرخستنی راستییەکان گەلێک جار رێگەیەکت بۆ ئەکاتەوە کە تۆ بتوانیت ئەو چارەسەرە بدەیت بەدەستەوە ، زۆرجار لە دەرکەدانی حەقیقەتەکان بۆخۆی ھاتنەدی خەونێکە ، وەھەر رۆژێکیش ھەستم کرد بەرەو ئەوە ئەچێت گڕوتین نەمێنێت لەوانەیە بووەستم یا بچمە سەر شێوەیەکی تر لە کارکردنمــدا.

یوسف: ئەو میکانیزمانە چین تۆ کاریان لەسەر دەکەیت و ئەوانەی لەگەڵت کاردەکەن چۆن و لەسەر چ پێوەرێک رایاندەھێنیت؟

گەزیزە: بە حوکمی ئەوەی زەمەنێک لە ئەکادیمیای ھونەرەجوانەکان خوێندکار بووم وە سودێکی زۆرم وەرگرتووە لە شێوەی کارکردن لەلای دەرھێنەرە جیھانییەکان ھەرلە (ئارتۆ ، پیتەر بروک ، کرۆتۆفسکی ،مایەر ھۆڵد ،....) کۆمەڵێک لەو تیۆرییانەی کە دایانناوە ، بەڵام من کەکار ئەکەم گەلێک جار نزیک دەبمەوە لە واقیعەوە .. نامەوێ بە شێوەیەک کاربکەم نامۆبێ بە جەماوەرەکەم ، پێوەرێک ھەیە پێویستم بەوەیە کە کاری لەسەر بکەم کە ئەکتەر تیایدا خاوەن ھەڵوێست و رەوشتێکی ھونەری تەواوی ھەبێت ، ئەو رەوشتەی ھەر لە بناغەی زانستی شانۆوە فێربووین لە تیۆرەکانی ستانسلافسکیەوە کە پێی دەوترێت رەوشتی ھونەری ، ئەمانەخاڵی سەرەکین ئەگەر بتوانین کاری لەسەر بکەین ، ھەر کاتێک ھەستت کرد کارەکتەرەکان ئەیانەوێ بەو شێوەیە کاربکەن ھەر لە عەشقیانەوە بۆ ھونەری شانۆ ھەر لە پابەندبوونیانەوە بەکاتی پڕۆڤەکردن و راھێنانەوە ، من پێم خۆشە ئەو ئەکتەرانە وتاری خۆیان ھەبێت تەنھا بوونی من ھەموو شتێک نەبێت بەقەدەر ئەوەی ئەوانیش زیادەیەک بخەنە سەر کارە ھونەرییەکە ، من بۆ ئەو ئەکتەرانە ئەگەڕێم کە بتوانن لەسەر شانۆ دەوڵەمەندییەک بدەن بە کارەکە نەک تەنھا ئەو شتانە جێبەجێ بکەن کە من لێیانم ئەوێت ، ھەرچەندە ئەوە بۆخۆی خاڵێکە بۆ پێشکەوتنی کارەکە ، پێویستە ئەکتەریش خاوەنی پەیام و وتار و ھەڵوێستی خۆی بێت و بە ھەردوولا بتوانن کارێکی دەوڵەمەند و ھونەری تر پێشکەش بکەن٠

یوسف: دەمەوێ‌باسێکی شانۆی پێش راپەڕین و ئێستامان بۆ بکەیت و ئەو کاردانەوانە چیبوون ئەوسا ھانی ھونەرمەندانیان ئەدا بۆ نمایش و لە ئێستاشدا چین؟

گەزیزە: ئەو کاتە زەمەنێک بوو زۆر جیاواز لە ئێستا ، ئەگەر پێش راپەڕین شانۆ شانۆیەک بوبێت ..بینەر و ھونەرمەندی بە توانا ھەبووبێت وەک ئەڵێن شانۆیەکی زێڕین بووە ، پێم وایە ئەو زێڕینی شانۆیە تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ زیرەکی و توانای ھونەرمەندان کە لەو کاتەدا شانۆ ئاوا بە گڕوتین بووە بێگومان بارودۆخێک یارمەتیدەربووە کە بەو شێوەیە بێت بۆ نمونە ئەو کاتە ھەموو کەس ھونەرمەند نەبووە ھۆڵی شانۆ زۆر نەبووە .. خەڵک دەست بەتاڵ بووە و توانیویەتی بەردەوام شانۆ بکا و جەماوەریش لە شانۆیەک و یەک کەناڵی تەلەفزیۆنی زیاتری نەبووە کە خۆی پێوە خەریککا و بچێت بۆی ، لەسەرووی ھەموو ئەمانەشەوە ئەو کاتە شانۆ بۆخۆی کێشەیەک بووە وتارێکی سیاسی بووە .. خەڵک خۆی تێدا دۆزیوەتەوە ، ھەوڵی داوە بەردەوام بچێت تا خۆی لەوێدا ببینێتەوە ، زۆرینەی دەقەکانی ئەوکاتە کە پێشکەش کراون دەقێک بوون ئەشکەنجە و خۆزگەی میللەتی کوردیان تێدا دۆزیوەتەوە ئینجا نمایشیان کردووە ، کە ئەمە ھاندەرێکی سەرەکی بووە کە تۆ بەردەوام بینەرت بوبێت ، بەڵام دوای راپەڕین ئەو شتانە ھەمووی گۆڕانکاری بەسەردا ھات وەک بوونی کەناڵ و دەزگای راگەیاندنەکان بە رادەیەکی زۆر کە بووە ھۆی قووتدانی زۆرینەی ھونەرمەندان ، جاری وا ھەیە دەتەوێ کارێکی ھونەری بکەیت ئەکتەرێکت دەست ناکەوێت .. دەرامەت وایلێکردووە بە دووای بژێوی ژیاندا رابکات ، جاران شانۆ کێشەیەکی سیاسی بووە و خەڵک بۆی ھاتووە ئێمە ئەمڕۆ چ شتێک بدۆزینەوە خەڵک بە ھەڵپەبێت بۆ شانۆکەمان و بگەڕێنەوە باوەشمان ؟ بێگومان ئەگەر تۆ شانۆ و دەق و گروپی ئیشکردنت ھەبوو جەماوەریش ناتەکێتەوە لە شانۆ ، بەڵام تۆ لە ساڵێکدا ئێشێک یا دوو ئیش دەکەیت ئەمە بێگومان وا لە خەڵک دەکات دوورکەوێتەوە ، کەواتە چۆن سەرکەوتنی شانۆ لە پێش راپەڕیندا تەنیا ھونەرمەندان بەرپرس نەبوون ئێستاش ئەگەر سستییەک ھەبێت تەنیا ھونەرمەند بەرپرس نییە ! بۆ نمونە ئەمڕۆ شانۆ خەڵک بە خۆڕایی دێت بۆ سەیری کە وای کردووە ئەو رێزەی کەمتر بێتەوە ، یا تۆ لە ھۆڵێکدا نمایش دەکەیت رۆژانە ئەبێت بڕێکی زۆر بدەیت بۆ کرێی ئەو ھۆڵە تا بتوانیت نمایشەکەتی تێدا بکەیت ، ئەمانە ھۆکارن بە ئاسانی ناتوانین ئێستا بەسەرپێیی باسی بکەین ھیوام وایە ھونەرمەندان و ئەوانەی عەشقی شانۆیان ھەیە بتوانن کاری شانۆیی بەردەوام پێبدەن.

یوسف: لە دوێنێدا دایالۆگ بنەمای سەرەکی نمایش بوو، لە ئێستادا پانتاییەکی فراوانی بێ دیکۆر شانۆی داگیرکردووە و لە ھەمان کاتدا ھێما و جوڵەی کارەکتەرەکان جێی دایالۆگی گرتۆتەوە ، لەم حاڵەتەدا کامیان دەتوانن سەرنجی بینەر و ھەست و نەستی داگیربکەن؟

گەزیزە: شانۆ شتێک نییە تۆ یاسایەکی بۆ دابنێیت ، کە دایالۆگ یا جوڵەی زۆر بێت سەرنجی خەڵک رادەکێشێت.. نەخێر! شانۆ دنیایەکی زۆر بەرفراوانە و ھەموو شێوەکان لەخۆ دەگرێت ، ئەگەر سەردانێکی وڵاتانی دەرەوە بکەیت لە شەوێکدا سەد شێوە کارکردن لە جێگەی جیاجیا دەبینیت کە ھەریەکەیان جۆرێکە لە سەما لە جوڵە لە دایالۆگ ھەمووشی بینەری خۆی ھەیە! لەبەر ئەوە تۆ کاتێک کە بابەتێک ھەڵدەبژێریت نابێت بڵێیت ئەم بابەتە بینەری نییە بەڵکو پێویستە چۆن ئیشی تێدا بکەیت بۆ ئەوەی بینەر پەیدا بکەیت؟ چۆنێتی کارکردن سەرنجی بینەر رادەکێشێت .. ئێدی تۆ ناتوانیت فەزلی شانۆیەک کە دایالۆگی ھەیە بیدەی بەسەر شانۆیەکدا کە تەنھا جوڵەیە یان بە پێچەوانەوە ، چونکە شانۆ خوێندنەوە نییە بەڵکو بینیینە.. بە چ شێوەیەک بگەڕێین بە دوای ھۆکاردا ئەوە ئەبێت بە خاڵی سەرکەوتن بۆ کارە ھونەرییەکە.

یوسف: ئەو ئەکتەرە کامەیە کە ســەرنجی تۆی راکێشاوە و کردودەتە بنەما بۆ کاری خۆت؟

گەزیزە: سودم زۆر لە ئەکتەرانی دنیا وەرگرتووە چ وەک کاری نواندن چ وەک دەرھێنان ،وە ئەو ئافرەتانەی کە زۆر کاریان تێکردوم (سۆفیا لۆرین) ە کە یەکێکە لەوانەی زۆر سەرنجی راکێشاوم لە کاتی کارکردنیدا ،وە ھەندێ لە ئەکتەرە عەرەبەکانیش .. بەڵام بۆ بنەما .. بنەمایەکی تایبەت نییە کە لەوانەوە وەرمگرتبێت ، من ئەتوانم سود لە واقیعی خۆمان ببینم لە کارکردنمدا کە رۆژانە لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان دەیبینم کە بۆ خۆیان کاریگەری تەواویان ھەبووە بە سەرمەوە .. گەلێک جار لەوانەوە لە خوێندنەوەی دێرێک شیعرەوە لە گوێگرتنم لە گۆرانییەک یا بینینی روداوێکی واقیعی لەسەر شەقامێک یا لە ماڵێکدا یا لە شوێنێکدا ئەمانە بوونە ھاندەر بۆم کە بتوانم بیانکەمە بنەمایەک بۆ کاری ھونەری خۆم.

یوسف: دوو ھونەرمەند کە ھەریەکەیان ئەزمونێکن گەر ئاوێتەی یەک بوون دەبێت بچنە سەر رێگەیەک یا ھەریەکەیان بۆخۆیان کاربکەن یا تەواوکەری یەکتربن ، لەم نێوەندەدا ئێوە چۆن خۆتان دەبیننەوە؟

گەزیزە: ئەوە دوو شێوەی کارکردنە زۆر شێوەکاری و زۆر شانۆییانە ، پێم وایە ھەموو ھونەرەکان ئاوێتەن لەگەڵ یەکدا .. زۆرجار کە لە بواری شانۆدا کاردەکەین ھەمیشە ئەڵێین شانۆ دایکی ھەموو ھونەرەکانە واتە ھەموویان لە ئامێز دەنێت ، ئەم دوو شێوە ئاوێتەبوونە دەوڵەمەندییەک دەبەخشێت لە بواری کارکردنمدا .. زۆرجار رای ئیسماعیل وەردەگرم لە دانانی رەنگ و رووناکی و پۆستەر و دیکۆردا چونکە ئەو وەک ھارمۆنییەک لەوانەیە لە گونجاندنی رەنگەکاندا ئەزموونی لەمن زیاتر بێت بە حوکمی کارکردنی لە ھونەری شێوەکاریدا وە زۆر یارمەتیدەریشم بووە ، کاری ھونەری شانۆ گەلێک جار دەبێتە تابلۆیەکی زۆر کارپێکەر .. چونکە زۆر دیمەنت ھەیە تابلۆیەکە بۆخۆی ، کەواتە ھیچ کاتێک ناتوانیت ھونەری شانۆ داببڕیت لە شێوەکاری و میوزیک چونکە ھەرسێکیان ئاوێتەن لەگەڵ یەکدیدا و پێکەوە مۆرکی ھونەری رەسەن دەبەخشن.

یوسف: ئەو کارە شانۆییانەی لێرە و لەوێ دەکرێ بە حوکمی ئەوەی ئەزمونێکت ھەیە چ جیاوازییەک لە نێوانیاندا دەبینیتەوە؟

گەزیزە: ئەو بزوتنەوەیەی لێرە دەبینرێ بە ھیچ شێوەیەک ناکرێت بەراورد بکرێت بەوەی کە لە دنیای دەرەوە دەبینرێ ! جیاوازییەکان زۆرن ھەر لە توانای ئەکتەرەوە ھەتا ئەو شتانەی کە کارە ھونەریەکە تەواو دەکەن ، لەوێ ھونەر بەشێوەیەک بووەتە پیشە خەڵک رێزێکی تایبەتی لێدەگرێت ، یەکێک لەو ھونەرانەی زۆر لە ئاستێکی بەرزدایە و زۆرگرانە ھونەری شانۆیە ! بەڵام ئەوان بارودۆخیان باشترە بە حوکمی ئەوەی دەوڵەتن و ھونەر بووەتە پیشە لایان لە ھەمان کاتدا جێگە و رێگە و شانۆیەکی زۆر باشیان ھەیە کە دەوڵەت باڵا دەستە و کارەکانیان بۆ دەبات بەڕێوە.. ھەر ھونەرێکیش بەم شێوەیە بێت بێگومان زۆر پێشکەوتوو ئەبێت لەوەی کە ناوەکیانە ھەوڵی بۆ بدرێت وەکو تیپێکی سەربەخۆ وەک ئەوەی کە لێرە ھەیە ، بەڵام لە ئەنجامی ئەوانەی من دیومە لە دەرەوە ھونەرمەندی کورد توانایەکی زۆر باشی ھەیە ئەگەر ئەو تەکنیکانەی بۆ بڕەخسێنرێ ! کە ئەمڕۆ لە ئەوروپا رەخسێنراوە ، بەڵام تۆ ئێستا لە شوێنێکدا کارئەکەیت ئەو شتانەی کە ئەتەوێ زۆر بە زەحمەت دەستت ئەکەوێ .. داھێنانیش پابەندە بە تەکنیکەوە.

یوسف: ناوەرۆکی بابەتەکانت لەسەر خەونە خەفەکراوەکانی ژن ئەدوێن ئەمانە لە کوێوە سەرچاوە ئەگرن وە چی وا لە تۆ ئەکات بەم شێوەیە کار بکەیت؟

گەزیزە: زۆر خۆم لە قەرەی ئەو بابەتانە داوە کە لە ناخی ئافرەتدا کۆبۆتەوە .. تا بتوانم جارێکی دیکە بیوروژێنم وە ھەندێ جاریش لەوانەیە توانیبێتم پەیامی خۆم بگەیەنم ! ھەستدەکەم ئەزمونێکی نوێیە کە بتوانم لە بواری کێشەی ژناندا کار بکەم چونکە پەیوەندیمان پێکەوە ھەیە ، کە دەڵێن ژن زەرەرمەندە و قوربانی دەرە و بە حوکمی سۆز و خۆشەویستی بەردەوام باج دەدات لە پێناو ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت لە ژیان بێئەوەی ھیچ شتێکی پێ ببەخشرێت ! لەوانەیە باشتر بتوانم لە باری سایکۆلۆژیای ژنێک بدوێم بە حوکمی نزیکبوونەوەم لێیان وەک کەسیەتییەکی ژن ، وە چەندە کۆمەڵ ئەو کێشانە بۆ ژن دروست بکات گەلێک جاریش ژن خۆی حوکمێکی دیکتاتۆریانە ئەدات بەسەر بەرامبەریدا یا بەسەر خۆیدا کە وای لێبکات لەناو ئەو کێشانەدا بمێنێتەوە ، دەمەوێ لەم بازنەیەدا بخولێمەوە تا بتوانم بگەمە ئەوەی بڵێم ئێدی بەسە و پێویستە لە دەرگای تر بدەم بەڵام کێشەکان ئەوەندە زۆرن رەنگە زەمەنێک یا مێژوویەکی تری بوێت تا بەردەوام بم تیایدا.

یوسف: پاش ئەم تەمەنەت دەتەوێ چی بڵێیت بۆ ئایندەی شانۆی کوردی؟

گەزیزە: ھەستدەکەم سەرەتای کارکردنمە و ئەزموونەکانم لەمڕۆوە دەست پێدەکات ، ناتوانم وەک نوسەرێکی ئاقڵ و دەرھێنەرێکیش خۆم لە قەڵەم بدەم چونکە دنیای شانۆ بەرفراوانە .. بێ سنوورە .. دەریایەکە تا مەلەی تێدا بکەیت ھەر پێویستت بەوە ھەیە پەل بھاویت ، من ناتوانم شتێک بەشانۆی کوردی بڵێم تەنیا ئەو تاقیکردنەوانە نەبێت ساڵانە لە بەرھەمەکانمدا پێشکەشی بینەرانی دەکەم ، بۆیە من ئەمەوێ بزانم ئاخۆ شانۆی کوردی چی لە ئێمە دەوێت تا خۆمانی بۆ بکەینە قوربانی؟!

سەرنج:

شانۆ ئەو دونیا جوانەیە کە راستگۆیانە چی لە دڵیدایە بێ پەردە ھەمیشە ئامادەیە پێمان بڵێت .. ھەموو شۆڕشێکیش بێگومان سەرەتایەکی ھەیە .. کۆمەڵێک سوارچاک رابەرایەتی دەکەن .. ئەم رێڕەوەش بێ قوربانیدان ھەرکیز ترۆپک بەدەست ناھێنێ ئەمە بە شێوەیەکی گشتی .. بەڵام بۆ ژن بەشێوەیەکی تایبەتمەند لەبەرئەوەی ئێمە نەوەی رۆژھەڵاتین و خاوەن کۆت و بەندی کەلتوور و کۆمەڵایەتین ..سانا نییە ژنێ بتوانێ بێتە سەر شانۆ و نەفرەت لە کەم و کورتییەکانی کۆمەڵگا بکات .. (گەزیزە عومەر) یش یەکێکە لەو شێرە ژنانەی کە سنووری ھەموو کۆت و بەندەکانی پساند و بووە سەربازێکی کارامەی ئەم بوارە..


ماڵپەڕی یوسف خەلیل

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک