گفتوگۆ
لەگەل سارا ڤاگنکنێشت.

(ئەندامی پەرلەمانی ئۆروپاو لە سەرکردایەتی حزبی
چەپ لە ئەڵمانیاو دامەزرێنەری پلاتفۆرمی کۆمونیستی)

و. سهلام عهبدوڵا
پرسیار: خانم
ڤاگنکنێشت، تەمەنتان چەند بوو کاتێک بۆ یەکەمجار کتێبی "سەرمایە"تان
خوێندەوە؟
وەڵام: تەمەنم 18ساڵ بوو. ئەو کاتە
بەبۆنەی رۆژی لەدایکبوونم هیوامخواست هەر 42جلدەکەی (مارکس/ئەنگلس)م
پێشکەش بکرێ.
پرسیار: بەڕاستی پێمان بڵێ: بەڕاستی چەند
جلدتان لێ خوێندەوە؟
وەڵام: زۆربەیان و هەندێ لاپەڕەش دووبارە
دەیانخوێنمەوە.
پرسیار: چ تێزەیەکی مارکس زیاتر لەوانی
تر کاریگەری لەسەرتان هەیە؟
وەڵام: دەبێ ئەڵتەرناتیڤ بۆ کۆمەڵگەی
سەرمایەداری هەبێ. ئەوە لەم قەیرانە داراییە خۆی بەروونی پیشان دەدا.
پرسیار: تا چ رادەیەک ئابووری بازاڕ
شکستی هێناوە؟
وەڵام: ئەو تەسەورە کە بازاڕە ئازادەکان
بۆ خوشگوزەرانی هەمووان کاریگەرە، لەبەردەم واقیع بەتەواوەتی رسوا بووە.
کاتێ سەرۆکی بانقی ئەڵمانی(یوسف ئەکەمان)هاوار بۆ دەوڵەت دەهێنێ، دیارە
بۆ ئەوە نییە تا ئابووری بەهێزتر خزمەت بە خۆشگوزەرانی گشتی بکات،
بەڵکو بۆ ئەوەیە،(رەیع)ی کوێرکەرەی رێکبخات، چونکە بازاڕی ئازاد ئێستا
رەیع و سەروەت لەناودەبات. دەوڵەت دەبێ ئەوە پینەپەڕۆ بکات.
پرسیار: بەو شێوەیە رێگری دەکەن لەوەی
زیانێکی زیاتر بە بەرژەوەندی گشتی بگات.
وەڵام: بەو شێوەیە فریای ئەوانە دەکەون
کە چەندین ساڵە لە ئاهەنگی بازاڕی ئازاد قازانجیان کرد و ئێستا دەبێ
باجدەران زیانەکەیان لەئەستۆ بگرن. ئەمە بێشەرمییە.
پرسیار: ئایا ئەمە ئەو لایەنە روون
دەکاتەوە کە بۆچی تەنها لەهەر دوو ئەڵمان یەکێکیان لەو بڕوایەیە کە
دەبێ پیشتوانی لە ئابوری بازاڕی کۆمەڵایەتی بکات؟ پێش8ساڵ 70%بوون.
وەڵام: ئێمە چیتر لە ئەڵمانیا ئابووری
بازاڕی کۆمەڵایەتیمان نییە، بەڵکو سەرمایەداریمان هەیە. سیستێمی بیمە
کۆمەڵایەتییەکان کە بەدەستمانهێنا وێرانیان کرد. ئێستا زۆر مرۆڤ کە
رۆژی 8کاتژمێر کاردەکەن ناتوانن لە حاڵەتی هەژاری(هارتس 4)دەربچن و
ئەمە سەرئەنجامی سیاسەتی کردنەوەی دەرگایە بەڕووی کەمکردنی کرێی کارو
لیبرالیزەکردنی(کاری بەقەرزە- کویلەکاری). ئەم جۆرە کرێکارانە یەکەم
کەسن کە لەم قەیرانە کارەکانیان لەکیس دەچێت. ئێمە بە ئاراستەی
سەرمایەداری مانشیستەر دەبزوێین.
پرسیار: چۆن دەتوانرێت ئابووری بازاڕ لەم
قەیرانە رزگاری ببێت؟
وەڵام: هیوادارم لەم قەیرانە هەموو
ئیدۆلۆژی نیولیبڕاڵ بخرێتە ژێر پرسیارەوە. ئێمە زیاتر پێویستیمان بە
کارتێکردنی گشتی هەیە لەسەر ئابوروی و موڵکایەتی گشتی و پێش
هەمووشیانەوە لە کەرتی دارایی و پیشەسازییە گەورەکان. هەروا بە دووبارە
دابەشکردنی داهات لە سەرەوە بۆ خوارەوە. هەر هەنگاوێک لەمانە بەدەر بێ،
تەنها ئۆپیراتسیونی ئارایشکردنە.
پرسیار: لە چ خاڵێکی قەیرانە داراییەکە
راوەستاوین؟
وەڵام: ئێمە هێشتا نەگەیشتوینەتە پلە
باڵاکەی و لە ساڵی ئایندەدا، ئابووری جیهانی دەکەوێتە قەیرانێکی
قووڵەوەو لەم ماوەیەدا قەرزەکانی خاوەن کارەکان بۆگەن دەبن و ئەمە
هەموو وەڵاتەکان دەگرێتەوە. هەندێ وەڵات دەگەن بەوپەڕی قەرزی نوێ کە لە
ئێستاشەوە دەستیان پێکردووەو ناتوانن خۆیان رابگرن و دەوڵەتەکەیان
دەگاتە لێواری ئیفلاسی.
پرسیار: بۆیە وەڵاتگەلێک وەک هەنگاریا،
ئیسلەند و پاکستان داوای یارمەتی لە سەندوقی دراوی جیهانیان کردووە.
پێتانوایە رۆڵى ئەو دەزگایە لەداهاتوودا بەهێزتر بکرێت؟
وەڵام: ئەمە مانای وایە بەران بکەی بە
باخەوان! سەندوقی دارایی جیهانی هەمیشە قەیرانە داراییەکانی
بەکارهێناوە تا ئەو دەوڵەتانە کە گیرۆدەی بوون، ناچاربکەن بۆ
خۆکردنەوەو بازاڕی سەرمایەکەیان بگونجێنن(لەگەل نیولیبڕالیزم). لەکاتی
قەیرانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا ئەم کارەیانە کرد. ئەو وەڵاتانە
لەهەموویان زیاتر ئازاریان پێگەیشتووە، چونکە پێشتر بازاڕەکانی
سەرمایەکەیان زۆر ئاوەڵاکردبوو. سەندووقی دراو ئەوپەڕی بەرپرسیارییەتی
لەئەستۆیە لەبارەی ئەم پەیوەندییە کە ئێستا تێکەوتووین. هیواخواستن
بەوەی کە سەندووقی دراو رێسایەکی ژیرانە بگرێتە بەر، بە دووربینی
نازانم.
پرسیار: ئەدی لەبریدا، پێشنیاری چی بۆ
ئەو وەڵاتانە دەکەن تا باریان لێژ نەبێ؟
وەڵام: نابێ ئەو دەوڵەتانە قەرزی نوێ
وەربگرن، بەڵکو باج لەو دە هەزار کەس و خاوەن سەرەوەتە زلهێزەکان
وەربگرن کە لە ساڵانی رابردوودا کەڵەکەیان کردووە. ئەمریکا ئێستا
شێوەیەکی مۆدێرن(فشاری فریاکەوتن) بەکاردەهێنن و هەر ئیمڕۆ 10بلیون
دۆلار قەرزارە و ئەگەر چین و وەڵاتە پێگەیشتووەکان لە هەر کاتێک
وازبهێنن لە کڕینی قەرزی دەوڵەتی ئەمریکا، هەموو ستروکتوری سیستێمی
دارایی هەرەس دەهێنێ.
پرسیار: لە چ روویەکەوە چاودێری دارایی
جیهانی شکستیخوارد؟
وەڵام: نزیکە بڵێم لە هەموو روویەکەوە.
سەرلەنوێ رێکخستنی بازاڕەکانی دارایی لە 20ساڵی رابردوو، هەڵە بوو و
سیاسەت خۆیی بە جانبازە داراییەکان گرێدا.
پرسیار: چۆن دەتوانین لە دوارۆژ خۆمان
لەو هەڵەیە لابدەین.
وەڵام: دەبێ بزاوتیی جیهانی دراو کۆنتڕۆڵ
بکەین و باجێکی بەرز لە جامبازەکان وەربگیرێ لە بواری بازرگانی بە
پارەو قازانجی بۆرێە.
پرسیار: کێ لە ماوەی ئەم قەیرانە
بەشێوەیەکی پۆزەتیڤ ئێوەی حەپەساند؟
وەڵام: قەت چاوەڕوانی ئەوە نەبووم،
ئەمریکا و بەریتانیا بەشە جەوهەرییەکانی سیستێمی بانقەکانیان خۆمالی
بکەن و داواکارییەکەی سارکۆزی لەوانەش پڕبایەختر بوو، واتە کەرتی
پیشەسازییە سەرەکییەکان بکرێن بە موڵکایەتی گشتی. بەلام لە هەردوو
حاڵەتدا دەسەڵاتی دەوڵەتەکەیان بەکارناهێنن تا بەشێوەیەکی واقیعیى
مۆدێلی کۆمەڵگایەکی تر دابمەزرێنن. لە ئەڵمانیا حکومەت بەشێوە سواڵ
دەکەن لە بانقەکان، تا پارەی باجدەرەکان وەربگرن. شانۆگەرییەکی پڕ
سەیروسەمەرمان پێشکەشدەکەن کە پێدەچێ دەرهێنەرەکەی لە سیستێمە
ئابوورییەکەی خۆی هیچ تێنەگەیشتووە.
پرسیار: خۆتان بەشتان هەیە لە بۆرێە؟
وەڵام: نەخێر. وەک پرەنسیپ نەخێرو ئێستا
بەوە خۆشحاڵم کە نیمە.
پرسیار: هەندێ لە پسپۆرەکان پێیانوایە
ئێستا کاتێکی باشە بۆ کڕینی(ئەکسن)؟
وەڵام: من هەرگیز نامەوێ لەو جۆرە
جامیازییە بەشداری بکەم، جونکە هەر خاوەن(ئەکسن)ێک قازانج دەکات، کاتێ
خاوەن کارەکەکان کارمەندەکانیان بێکار دەکەن و کرێی کار کەم دەکەنەوە.
هەرا وای بە باش دەزانم کە سیاسەتمەداران نابێ ببن بەخاوەن (بەشیان)،
چونکە بەو رێگەیەوە خۆیان پێوەوە گرێ دەدەن.
پرسیار: چەندە چینی کرێکار لەناو تۆدا
هەیە؟
وەڵام: وەک بنەماڵە؟ من لەلای داپیرەو باپیرە گەورە بووم. باپیرەم لە
کۆمپانیای کارل تسایز لە شاری یانا ئۆستا بوو و داپیرەم فرۆشیار بوو.
پرسیار: ئەی ئیمڕۆ؟
وەڵام: هەڵسوکەوتکردنی پەرلەمێنتارەکان
لەگەل سیاسەتمەداری تر یان لۆبییەکانی ئابووری، ئەو مەترسییە گەورە
دەکەن کە متمانە لەدەیت دەدەن. زۆربەی ناسیاوەکانم لەو مرۆڤانە پێکدێن
کە کاری سیاسی ناکەن. ئەوەی بەڵامەوە گرنگ بێت سمینارەکانە لەلای
سەندیکاییەکان.
پرسیار: بۆ ئێوە هەژاری لەکوێوەوە دەست
پێدەکات؟
وەڵام: هەژاری هەمیشە رێژەییە. هەژار بۆ
من ئەو کەسەیە کە لە ژیانی کۆمەڵایەتی سنووردار دەکرێ، چونکە شتگەلێک
کە بۆ زۆربە ئاساییە، ئەو ناتوانێ دەستیبخات. لەوانە ئیمرۆ بۆ نموونە
هەندێ جار ژەمێک لە چێشتخانە بخۆیت یان سەفەر بکەی. ئیمرۆ زۆر کەس لە
ئەڵمانیا تەنانەت ئەوەندە هەژارن ناتوانن پێداویستی خواردن باش یان
دەفتەر بۆ منداڵەکانیان بکڕن.
پرسیار: ناسیاوی هەژارتان هەیە؟
وەڵام: ئەگەر مەبەستان ئەو مرۆڤانەیە کە
لەسەر(هارتس4) دەژێن، بەڵێ.
پرسیار: ئەی ناسیاوی خاوەن سەروەتیشتان
هەیە؟
وەڵام: بۆ من ئەو کەسانە دەوڵەمەندن کە
سەروەتی پارەیان زیاتر لە یەک ملیون ئۆرۆیە. ئەم جۆرە دەوڵەمەندانە لە
ئەڵمانیا نزیکەی 000 800هەزار کەسن. ئەم جۆرە کەسانە ناسیاوو برادەری
من نین.
پرسیار: چۆن دەکرێ ئەو سەروەتە
یەکلایەنییە بەشێوەیەکی دادوەرانە دابەش بکرێ؟
وەڵام: ئەڵمانیا پێویستی بە باجوەرگرتن
هەیە لە ملیونەرەکان. ئەوەی لە ملیون ئۆیڕءۆ زیاتر پارەی هەبێت، دەبێ
10%ی باجی لەسەر بدا. تەنها بەم کارە دەوڵەت دەبێتە خاوەن داهاتی زیاتر
لە 200ملیارد ئۆیرۆ و دەتوانێ ئەم بڕە پارەیە بەشێوەیەکی جوان لە بواری
فێرکردن، تەندرووستی و کۆمەکی کۆمەڵایەتی خەرج بکات. بۆ ماوەیەکی درێژ
ئامانجێکی گرنگ هەیە: نابێ دابینی ئەوە بکەین کە هیچ کەس لە ژیانی
کۆمەڵایەتی دوور بخرێتەوە. خوارترین داهاتی مانگە دەبێ1500ئۆیرۆ بێت و
هەر مرۆڤێک دەبێ لەلانی کەمەوە مانگانە ئەوەندە وەربگرێ.
پرسیار: چۆن دەتانەوێ بەشێوەیەکی
دادوەرانە بەری کار، بدەن؟
وەڵام: بەڕێگای کرێی کاری شیاو. ئەوە چ
بەرە کاری کۆمەڵایەتییەکە کاتێ پارە بۆ خاوەنەکانی کەڵەکەدەکاو
بەشێوەیەکی ناعادیلانە زیاتریان دەستدەکەوێت لەوانەی کە بەڕاستی
کاردەکەن.
پرسیار: بەخۆتان لە چ لوکسۆسێک ناتوانن
دەستهەڵبگرن؟
وەڵام: لە چیاکانی ئەلب بە پێ گەشت بکەم
و تێدا چاوم بە هەڵهاتنی رۆژ بکەوێ یان لەسەر کناری دەریایەک سەرەنجی
شەپۆلەکان بدەم. ئەمانە بۆ من لۆکسۆسن.
ئەم گفتوگۆیە لەلایەن فرانس سۆلمس- لاوباخ بۆ
رۆژنامەی دێر ڤێڵت سازدراوە.
|