١٧\١\٢٠١٢
گفتوگۆ لەگەڵ
(لیوا محێدین)
سەرۆکی دادگای ھێزەکانی ناوخۆی عێراق لە کوردستان.
•
کودەتا بە ھێزەکانی
ناوخۆ و بەرگری بەسەر دەسەڵاتی عێراقدا ناکرێ.
•
کێشەی تاریق ھاشمی بە شێوەیەکی سیاسی
چارەسەر دەبێت نەک یاسایی.
•
پۆلیسی عێراق ئیمتیازی
زیاترە لە ھێزەکانی ناوخۆ و پۆلیسی ھەرێم.
دیداری: شوان سدیق
سەرۆکی
دادگای ناوچەی یەکی ھێزەکانی پاسەوانی ئاسایشی سنوور،
لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق. لیوای پۆلیسی
مافپەروەر (محێدین محەمەد یونس) لەم دیدارەدا، تیشک
دەخاتە سەر شێوای ئیشکردنیان لە ھەرێمی کوردستان،
بەدووریشی دەزانێت لە ئێستادا بەڕێگەی سەربازی ھیچ
کەسێک بتوانێت، کودەتا بکات بەسەر دەسەڵات لە بەغدا.
شوان سدیق:
دادگای ھێزەکانی ناوخۆی عێراق کە لە "٢٥/٥/٢٠١٠" دامەزراوە، لە ئێستاش
بنکەیەکی لە کوردستان کراوەتەوە، دەکرێت وردەکاری ئیشکاری ئەو بنکەیە
بخەنەڕوو کە جەنابتان بەر پرسینی؟
لیوا محێدین:
بێگومان دادگاکەمان لە چوارچێوەی چەند بەشێکی دادگاییە لە ھەموو عێراق،
راستەوخۆش سەر بەوەزارەتی ناوخۆی عێراقە لە بەغدا، ئەم دادگایەش چەند
بەشێکی لێ دابەشکراوە، بەسەر ناوچەکانی عێراق یەکەم دادگا لە ھەرێمی
کوردستانە و پەیوەندی بەئیشوکارەکانی ھەرێمەوە ھەیە لە چوارچێوەی ئەو
ھێزانەی کە سەربە بەغدان.
شوان سدیق:
جیاوازی بەشی ناوچەی یەکی ھێزەکانی ناوخۆ کە لە کوردستانن، لەگەڵ
بەشەکانی تری خواروی عێراق چییە؟
لیوا محێدین:
ھیچ جیاوازییەکی نییە ھەموو ئەم دادگایانە دابەشکراون بەسەر ناوچەکانی
عێراقدا لەوانە ناوچەی یەک لە ھەولێرە، ھەروەھا ناوچەی دوو دادگای دوو
لە شاری موسڵە پەیوەندی بە موسڵ و کەرکوک و تکریتەوە ھەیە، دادگای سێش
لە شاری بەغدایە، محکمەی چوار لە حلە و دیوانیە و سەماوایە، محکمەی
پێنج لە بەسرایە محکمەی شەشیش ھەر لە بەغدایە ئیشوکارەکانی ناوچەی کەرخ
دەکات.
شوان سدیق:
ئیشوکاری ئەم دادگای ئێوە لە چوارچێوەی ھێزەکانی ناوخۆی عێراقە، لە
ھەرێمی کوردیستانیش تەنیا پاسەوانی سنور سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە،
پرسیارەکەم ئەوەیە ئێوە چۆن ئیشوکاری پۆلیسێک رێک دەخەن ئەگەر ھاتو
کێشەیەکی یاسایی یان ئیدارییان ھەبێت؟
لیوا محێدین:
بەڵێ وایە، ھێزەکانی پاسەوانی سنور ھەرکێشەیەکی یاسایی قەزائی ھەبێت،
دەتوانن ئاراستەی ئێمەی بکەن، ئێمەش بەپێی رێنماییەکانمان بڕیاری
خۆمانی لەسەر دەدەین. بەڵام بۆ روونکردنەوەی زیاتر پەیوەندیمان
بەلایەنی ئیداریەوە نییە ئەوەی پەیوەندی بەئێمەوە ھەبێت راستەخۆ لایەنی
موخالەفە و تاوان و ھەڵھاتنە لەناو ھێزەکانی ناوخۆ ئێمەش بەپێی یاسا
مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین.
شوان سدیق:
لەناوھێزەکانی ناوخۆدا
تاوان و ھەڵھاتن و رووداوە ھەستیارەکان لە چ ئاستێکدان؟
لیوا محێدین:
لەبەر ئەوەی دادگای ھێزەکانی ناوخۆ لە "٢٥/٥/٢٠١٠" دەست بەکاربووە،
تەنیا لە ساڵی ٢٠١٠ ھەروەھا ٢٠١١ نزیکەی (٥٦) دۆسێمان کۆتایی پێناوە.
شوان سدیق:
دۆسیەکان چی بوون زیاتر؟
لیوا محێدین:
زۆربەی زۆریان غیاب و نەھاتن بووە بۆ دەوام.
شوان سدیق:
پێشتر باسی ئەوەمان کرد لە ھەولێر و سلێمانیش ھەمان دادگا ھەن لە
ھێزەکانی ناوخۆ، ئێوە ھیچ کۆنتاک و پەیوەندیەکتان لەگەڵ ئەواندا نیە؟
لیوا محێدین: بەڵێ، لە ھەولێر و سلێمانیش دامەزراوە، بەڵام ئێمە ھیچ
پەیوەندیەکمان لەگەڵ ئەواندا نییە.
شوان سدیق:
رێژەی کورد لە ھێزەکانی ناوخۆی عێراق دیاری کراوە؟
لیوا محێدین:
بەبڕوای من ئەوەی پەیوەندی ھەبێت بە ھێزەکانی ناوخۆوە ھیچ ژمارە و
ئامارێک نییە کە بڵێت لە سەدا ئەوەندە کوردە یان ئەوەندە عەرەبن، ئەوەی
ھەیە تەنیا ناوچەکانە بۆنموونە ناوچەی یەک تا ناوچەی شەش و حەوت. ئێمەش
کە ناوچەی یەکین لە کوردستان راستە سەر بە بەغداین، بەڵام ھەر بەشێکین
لە ھێزەکانی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان.
شوان سدیق:
دەگوترێت سەرۆکی وەزیرانی ئێستای عێراق (نوری مالیکی) ھێزەکانی ناوخۆ و
بەرگری بەجۆرێک قۆرغ کردووە، واھەست دەکرێت ھێزێکی تایبەت بەخۆیەتی و
زیاتریش لەپێناو مەرامی سیاسی بەکاریان دێنێت، بەڕێزت بۆچوونت چییە لەم
بارەوە؟
لیوا محێدین:
ئەو ھێزانەی سەر بەھێزەکانی ناوخۆ و بەرگری بن، دەسەڵاتیش ھەوڵ دەدات
بیانخاتە ژێر ھەیمەنە و کاریگەری خۆی بۆیە لە ئێستاش ئەو ھێزانە چوونە
ژێر باری بڕیاری ئەو سیاسەتەی کە دەسەڵات دارە، بەڵام سەبارەت بە ئێمە
راستە سەر بە بەغداین، بەڵام بەشێکین لە ھێزەکانی ناوخۆی ھەرێم.
شوان سدیق:
عێراق وڵاتێکە ھەمیشە
لەڕێگەی سەربازی و ھێزی چەکدارەوە کودەتا کراوە بەسەر دەسەڵاتدات و
حکومەتەکانیدا، بە بڕوای بەڕێزت لە ئێستا ئەو ترسە رەویوەتەوە، لە
ھێزەکانی ناوخۆ یان بەرگری بۆ کودەتا کردن؟
لیوا محێدین:
ئەو گریمانە و ئیحتیمالانە لە ئێستادا زەحمەتە لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ لە
عێراقدا لایەنێک زیاتر دەسەڵاتی گرتووە بەسەر ھێزەکانی ناوخۆ و بەرگری،
بۆیە ئەو لایەنەش کەترسی لێ دەکرێت کودەتا بکات بەسەر حکومەتدا،
بەبڕوای من ئەو دەسەڵاتەی نییە و ناشتوانێت ھێز بەکار بێنێت تا ئینقلاب
بکات. بۆیە زەحمەتە ئەمڕۆ لەڕێگەی ھێزەوە کودەتا بەسەر دەسەڵاتدا بکرێت.
شوان سدیق:
ھەفتەی پێشوو "٩٠" ساڵ بەسەر دامەزراندنی پۆلیسی عێراقدا تێپەرٍی بە
بڕوای ئێوە لە ئێستادا پۆلیس لەچی بارودۆخێکدایە وەک دەسەڵات و توانای
بەڕێوەبردنی ئەمنی وڵات؟
لیوا محێدین:
لە یادی ٩٠ ساڵەی دامەزراندنی پۆلیسی عێراقدا، سەرۆک وەزیران باسی
ئەوەی کرد کە دەسەڵاتی زیاتر بدریـَت، بەپۆلیس بەتایبەتی رادەستکردنی
دۆسیەی ئەمنی ناوخۆ، بەڵام بەبۆچوونی من ھێزەکانی پۆلیس تا ئێستاش
نەگەیشتونەتە ئەو ئاستەی کە بتوانن کۆنتڕۆڵی بارودۆخی ئەمنی عێراق بکەن،
چونکە ھەتا ھێزەکانی ئەمریکاش لە عێراق بوون، ئەوان نەیان دەتوانی
سەیتەرە بەسەر بارودۆخی ئەمنیدا بکات، جا لەوەختێکی ئێستا کە ھێزەکانی
ئەمریکا کەمبوونەتەوە یان نەماون. لەبەر ئەوە بەبڕوای من ھەتا کێشەی
سیاسی لە عێراقدا چارەسەر نەکرێت، زەحمەتە بارودۆخی ئەمنی بەرەوپێش
بچێت.
شوان سدیق:
لە ئێستادا رێژەی ھێزەکانی ناوخۆی عێراق ژمارەیان دەگاتە چەند؟
لیوا محێدین: لە ئێستا رێژەی ھێزەکانی ناوخۆ لە عێراق دەگاتە ٥٠٠ ھەزار،
واتە نیوملیۆن زیاتریشن، بەڵام ئەم ھێزە زۆربەیان ھەڵناسن بەئیشوکاری
خۆیان، لەبەر ئەوەی بەشێوەیەکی باش رێک نەخراون، بێگومان ئەو ژمارەیەش
تەنیا بۆ موچەن، بەڵام ئەوانەی دەوامی رەسمی خۆیان دەکەن ژمارەیان
کەمترن.
شوان سدیق:
ئەو گۆڕانکاریانە چین بەسەر یاسایی ھێزەکانی ناوخۆدا کراون؟
لیوا محێدین:
لەپەرلەمانی عێراق دوو یاسا دەرچوو یەکێک لەو یاسایانە یاسایی سزادانی
ھێزەکانی ناوخۆیە ئەویتریان یاسایی ئوسوڵی دادگای جەزایی ھێزەکانی
ناوخۆیە ئەم دوو یاسایە لە ساڵی ٢٠٠٨ جێبەجێکرا لەسەر دادگاکان، بەڵام
لە کوردستان پێموایە دوومانگە لەسەر ھێزەکانی ناوخۆ جێبەجێ کراوە.
شوان سدیق:
باسی ھێزەکانی ھەرێمت کرد،
رۆڵ و ئیشوکاری پۆلیس چۆن دەبینن لێرە؟
لیوا محێدین:
بێگومان ئیشوکاری ھێزەکانی ناخۆ لە کوردستان زۆر پێشکەوتووە، بەڵام لە
بەغدا ھێزەکانی عێراق زیاتر پاڵپشتی مادی و چەکیان ھەیە. لە ئێستا
بەپێی یاسایی تازە بێگومان لە کوردستانیش جێبەجێ دەکرێت، بەپێی ئەو
یاساییە موچەی ھێزەکانی ناوخۆ کەمترین موچەیان دەگاتە ملیۆنێک دینار
زیاتر.
شوان سدیق:
دوا پرسیارم سەبارەت بەپرسی (تاریق ھاشمی)ە وەک کەسێکی یاسایی پێتوایە
ئەو تۆمەتانەی دراونەت پاڵ ھاشمی ئەجێندایەکی سیاسی لە پشتەوەیە؟ ئایا
ئەو کێشەیە بە یاسا چارەسەر دەکرێت؟
لیوا محێدین:
بێگومان مەسەلەی (تاریق ھاشمی) کێشەیەکی سیاسیە بەبڕوای من ئەو کێشەیەش
دەبێت بەشێوەیەکی سیاسی چارەسەر بکرێت، ئەگەر بیانەوێت بەشێوەی یاسایی
و دادگای چارەسەری بکەن، بەدڵنیاییەوە چارەسەر نابێت، چونکە تاریق
ھاشمی کەسێک ئاسایی نییە.
ماڵپهڕی شوان سدیق
|