په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٥\٢٠٢٣

    گفتوگۆیەک لەسەر ژوانی ئەندێشە.


دڵکەش قادر

من و تۆ و تەنیاییمان
بووینەتە دوا ھەواری ئەندێشە
بووینەتە دوا پلەی ژوانێك
بووینەتە دوا دێوەزمەی ئەم گەردوونە
من و تۆ ھەمیشە لە ماڵەكەی ئەندێشە دوا ژوان دەگرین و
دوا ماڵئاوایی لە چوونەوە دەكەین
من سەر بە پۆپەی تەنیاییم
تۆ سەر بە ماڵە پڕ شەڕابییەكەی سێوی
سێو خود خواردنەوەی منە لە سەر دەنگی ناسكی ژنبوون
خود ئەندێشەیێ بیمارە
ژن، دارھەنارێكە لە باڵای باران و
بەجێھێشتنی فرمێسك
من شێتترین و
تۆ ئەندێشەییترین رێگای ئاوریشمیت
تۆ
واتا گەڕانەوە
من واتا نەڕۆیشتن.
من و تۆ لەو پێكە دەنۆشین ناومان ناوە
یەك و یەك ناكاتە دوو
من و تۆ لەو سەربازە دەچین
دڵی بۆ ژوانێك لە سەنگەری نەدیتن لێدەدات
دڵی تۆ
ماڵێكی هەمیشەییە و
سێوی من بۆنی دەستی تۆی گرتوە
دەستی تۆ
گفتوگۆیەکە بۆ كێشانی تابلۆیەك لە ئەندێشەی من
تۆ، هەمیشەییترین جەنگاوەری بۆ كوشتنی نیگەرانیی
بەدیار ''خالقی''یەوە
سەمات بۆ دەكەم
بەدیار خۆمەوە گۆرانیت بۆ دەڵێم ئەندێشە.

 

سلێمانی

ماڵپه‌ڕی دڵکەش قادر



 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک