په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

گفتوگۆیه‌ک لەگەڵ '' یوسف عیزەدین ''.

 

سازدانى: ئیدریس عەلى

 

ئیدریس عەلى: ئەو ئیشکردنەى لەدەقەکانى ئێوەدا دەبینرێتەوە، لەنێوان تەوزیفکردنى خەون و بەخەونکردنى دەقدا خۆى بەرجەستە دەکات، بەدەر لەدنیاى ئەدەب چۆن دەڕواننە خەون لەکاتێکدا"شۆلتس" پێى وایە لەخەوندا حەقیقەت هەیە، خۆمان بەو شێوەیە دەبینینەوە کەهەین، کەسێکى باش لەخەونیشدا کەسى پێناکوژرێت؟!، ئاخۆ خەون رەنگدانەوەى واقیعییانەى کەسایەتیى ئەو کەسەیە کەخەون دەبینێت، یان شتێکى دیکەیە؟

 

یوسف عیزەدین: خەون هێندە پەنهان و پڕنهێنییە کەهەردەم مرۆڤى ئەوداڵى کەشف و دۆزینەوەى ئەو دنیایە کردووەو دەیان راڤەو شرۆڤەى لەنێو چەندان تێزى دەروونیدا بەرجەستەکردووە. هەر لەدێر زەمانەوە تێڕوانینە میسۆلۆژییە جیاجیاکان سەبارەت بەخەون هەبوون و پانتاییەکى بەرچاوى ئایین و کولتوورەکانى داگیرکردووە، گریکەکان هێندە خەونیان پآ گرنگبووە تەنانەت کاهینەکانیان لەچارەسەرکردنى نەخۆشەکانیاندا پەنایان بۆ بردووە، سەردەمانێک نەخۆشە گریکییەکان دەچوونە پەرستگەکان و لەکەشێکى تایبەتدا دەشۆردران و دەشێلدران و دواتر لەسەر کەوڵى قوربانییەک دەخەوێندران و پاش خەوتن و خەونبینینى نەخۆشەکە، خەونى بەوگژوگیاو داودەرمانانەوە دەبینى کەپێى چاکدەبێتەوە، یان ئەو هێماو رەمزانەى دەبینى کەدواتر کاهینەکان راڤەیان دەکردو بەو پێیە دەرمانیان بۆ دەدۆزییەوە. رەنگە سەیرترین شتێک وەک یادەوەریى بەبیرى زۆربەماندا بێت، یەکەمین خەونێکى منداڵیمان بێت، بەتایبەت ئەو خەونانەى کەلێى ترساوین، دەبینین هەر لەمنداڵییەوە گوێبیستى گێڕانەوەى خەونى گەورەکان بووین و لەهەمووشى سەیرتر ئەو خەونانەن کەدواتر کەدواتر هاتوونەتەدى و پێشوەخت لاى ئەوەى کەخەونەکەى بینیوە زانراوە. تەنانەت پێوەندیى خەون بەمەرگەوە تابڵێى پێوەندییەکى پەنهان و پڕنهێنییە، دەبینیت کەسێک پێشئەوەى بمرێت بەپێى خەونێک کەبینیوویەتى، یەقینى ئەوەى لادروست دەبێت کەدەمرێت، یان پاش گێڕانەوەى بۆ کەسێک یان کەسانێک کەگوێبیستى دەبن، هەستێکى دەستەجەمعییان لادروست دەبێت کەئەو کەسەى خەونەکەى بینیووە هێندەى لەژیاندا نەماوەو دەمرێت. ئێستاش وەبیرم دێتەوە، پێش ئەوەى کەباوکم بمرێت چەند جارێک هەمان خەونى دووبارەبۆوەى دەبینییەوە کە لەنێو باخەکەماندا دەستى بۆ لکێکى گەورەى دارتووەکە بردووەو بەئاسانى هاتووە بەدەستییەوەو لەبنڕاشکاوە، پاش گێڕانەوەى لەنێو مەجلیسێکى قەرەباڵغدا، یەکێکیان گوتى:" باپیرم پێش ئەوەى بمرێت خەونێکى وەک ئەوەى تۆى بینى"، ئیتر ئەوە دوارۆژى باوکم بوو لەژیانداو ئەو ئێوارەیە خەوت و بەیانییەکەى هەڵنەستایەوە. خەون بۆخۆى حیکایەتى هەموو کەسێکەو لەنێو هەموو خێزان و گروپ و کۆمەڵێکدا دەگێڕدرێتەوەو بەشێکى زۆرى خەونەکانیش کەزۆرجار دێتەدى پێوەندیى بەموسیبەت و مەرگەوە هەیە، بۆ نموونە دەبینیت دایکێک پێشئەوەى کوڕەکەى یان کچەکەى سەفەربکات، لەمیانى خەونێکەوە کەبینیوویەتى دڵنیایە لەوەى کەئیتر نایبینێتەوە، یان کەسێک جا چ گەنج بێت یان پیر پاش بینینى خەونێک هەر لەخۆیەوە دڵنیایە لەوەى کەهێندە نابات دەمرێت و رەنگە وەسیەتیش بکات لەکاتێکدا ئەوانەى کەلێوەى نزیکن رەنگە هەر گاڵتەیان پێى بێت و بڕوا نەکەن. سەبارەت بەو بۆچوونەى شۆلتس-یش دەتوانم ئاماژە بەراوبۆچوونێکى"ێسن" بدەم کە بەپێچەوانەى راوبۆچوونەکەى شۆلتس-ەوە دەڵێت:" ئێمە لەخەوندا باشتر نابین، بەڵکو بەپێچەوانەوە ویژدان لەخەوندا لاڵە، مرۆڤ هەست بەبەزەیى ناکات، لەوانەیە دزێوترین تاوان ئەنجام بدات، بدزێت و بکوژێت و دەستدرێژى سێکسى بکات". هەر بۆیە ئەگەر خۆمان بدەین لەراڤەکارییە جیاوازەکان سەبارەت بەخەون و جودایى قوتابخانە دەروونییەکان لەو بارەیەوە، رەنگە وابەئاسانى لێیدەرنەچین و نەکرێت لەگفتوگۆیەکدا تاوتوێى بکەین. خەون پانتاییەکى بەرچاوى نێو دەقە ئایینییەکانى داگیرکردووە، بەسەرهاتى"یوسف" لەگێڕانەوەى خەونێکەوە دەست پێدەکات. یان خەوتن و خەون نەبینین، وەک خەوتنى"ئەسحابولئەکهەف" کە چەندین ساڵ دەخەون و خەون نابینن، بەڵام دواتر کە بەئاگادێنەوە وەک خەون دەڕواننە دنیایەک کەمەسیحییەت تێیدا باڵادەستە، بەڵام چۆن پێشتر بەدنیاى پێشوویان نامۆبوون هەر ئاواش بەدنیاى ئێستایان نامۆدەبن و دەزانن کەناتوانن تێیدا بمێننەوەو بەویستى خۆیان مەرگ هەڵدەبژێرن.

 

ئیدریس عەلى: بۆرخیس دەڵێت:"ئەدەب وەک دەرئەنجامێک خەونێکى ئاراستەکراوە"، ئێوە چۆن دەڕواننە ئەم گوتەیەى "بۆرخیس" لەکاتێکدا هەمیشە تێڕوانینێکى ریالیستییانە بەشێوەیەکى بەرچاو ئەدەبى کردووەتە ئاوێنەى واقیع و رەنگدانەوەى؟

 

یوسف عیزەدین: ئەگەر بڕوانینە ئەوەى "بۆرخیس" لەچاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بەخۆى دەیخاتەروو، زۆرشتمان بۆ رووندەبێتەوە کەدەڵێت:"پێش ئەوەى کەکوێر ببم هەمیشە دەمڕوانییە شتەکان و دەمبینن، تەنانەت لەخوێندنەوەشدا، بەڵام ئێستا مەحکومم بەبیرکردنەوە، بەو پێیەى کەتواناى بیرکردنەوەشم باش نییە پەنام بۆ خەون بردووەو لەرێى خەونەوە درێژە بەژیانم دەدەم". "بۆرخیس" پێشئەوەى کوێرببێت زیاتر دنیایەکى تەڵخ و تاریک لەدەقەکانیدا بەرجەستەدەکات و پاش کوێربوونیشى بەشێوەیەکى سەیر رەنگ دێتە نێو دەقەکانییەوە، دەبینین ئەو پیاوەى کەژمارەیەکى بێشوومار کتێبى خوێندۆتەوە کەکوێر دەبێت، خوێندنەوە دەبێتە مۆتەکەى خەونەکانى بەتایبەت ئەو کاتانەى لەخەونیدا دەیەوێت بخوێنێتەوە، وشەکانى لێدەبێتە شتى زیندوو کەجێگۆڕکآ دەکەن و دواتر لک و پۆپ دەردەکەن و بەشێوەیەکى سەرسوڕهێنەر گەورەدەبن. سەبارەت بەحیکایەتەکانى"هەزارو یەک شەو"ە دەڵێت:" زۆر شتم دۆزییەوە بەڵام تەنها خەونم بەشتێکەوە بینى، ئەویش ئەوەبوو کەببمە خاوەنى بەڕەیەکى سیحرى تا بمگەیەنێتە هەموو شوێن و زەمەنەکان". خەون لاى"بۆرخیس" گەڕانەوەیە بۆ خود، چونکە سەرچاوەى خەون لاى ئەو خودى مرۆڤ خۆیەتى، لەکاتێکدا تۆ لەبەئاگاییتدا  هەندێک لەو شتانەى کەدێتەناوتانەوە رەنگە پێشتر پێیان ئاشنانەبووبیت، لەبەئاگاییتدا هەموو ئەو شتانەت بەسەردا دەسەپێنرێت کەبەدەر لەویست و دەسەڵاتى تۆ هەن و ناچاریت بیانبینیت، گوێڕادێریان بیت هەستیان پێبکەیت. هەموو ئەوەى کەلەبەئاگایى ئێمەدا هەیە شتێک نییە زەینى ئێمە خووڵقاندبێتى، بەڵکو وەک خۆیان لەدنیاى ماتریالدا هەن و کەم تا زۆر کاریگەرییان بەسەرمانەوە هەیە، بەڵام سەرچاوەى سەرەکى خەون خۆمانین سەربارى هەموو ئەوەى کەپێشتر لەزەینماندا جێى بۆتەوەو دواتر لەکاتى خەونبینیندا شتێکى لێدەخووڵقێت رەنگە هێندە ترسناک بێت مۆتەکە ئاسا لێى هەڵبێین و چنگەکڕآ بۆ بەئاگابوونەوە بکەین یان هێندە خۆش بێت حەزنەکەین وەخەبەر بێینەوە، زیاتر خەون بەخووڵقاندن شتەکانى تێدا بەرجەستە دەبێت، نەک رەنگدانەوەى کتومتى ئەوەى کەلەواقیعدا دەیبینیت، کەمجار ئەوەى کەبینیووتە وەک خۆى لەخەوندا دووبارەدەبێتەوە، زیاتر دەبێتە شتێکى ترو مەرجیش نییە ئەوە بێت کەتۆ ئاواتى پێدەخوازێت یان رکت لێیدەبێتەوە یان لێى دەترسیت و ...تاد. "بۆرخیس" ئەو کەسەیە کەخەون دەبینێت و دەزانێت  کە لەهەمانکاتدا خەونى پێوە دەبینن و دەڵێت:"رەنگە خەون بەیەکێکەوە ببینم، ئەویش خەونم پێوە ببینێت و رەنگە هەریەکەمان پێى وابێت ئەوەى کەخەون دەبینێت خۆیەتى". خەون و وەهم تۆپۆگرافیاى کارکردنەکانى"بۆرخیس" وەک تەونێک دەتەنن و دواتر ناهێڵن لەشوێن کاتێکى دیاریکراو و مەئلوفدا بمێنێتەوەو پاش تاوێک دەگەیتە ئەو راستییەى کەهیچ شتێک ناتباتەوە سەر شتێکى دیکەو دواجار دەچیتە نێو گەمەى راڤەکردنە پەنهانەکان و بەوشێوەیە بەردەوام دەبیت.

 

ئیدریس عەلى: دەکرێت لەنێو دەقە کلاسیکییەکاندا، هەربۆ نموونە دەقە گریکییەکان جیاواز لەدەقى ریالیزمى تەوزیفکردنى خەونى تێدا ببینیتەوە، بەتایبەت ئەوان وەک خۆیان لەقووڵایى میسۆلۆژیاوە هاتوونەتە دەرو لەو گۆشەنیگایەوە نووسەرانیان مامەڵەیان لەگەڵداکردوون، بەوپێیەى کەبەسەرهاتى "ئۆدیب"ى"سۆفۆکلیس"، پێشتر وەک ئەفسانەیەک هەبووەو دواتر"سۆفۆکلیس" لەدوو توێى شانۆنامەیەکدا دایڕشتووەتەوە، چەند دەکرێت بڵێین ئەو بەسەرهاتەى"ئۆدیب" مەگەر تەنها لەخەوندا رووبدات، ئەگینا لەزەمینەى واقیعدا روودانى مەحاڵەو مەبەستى ئەو تراژیدیایە بەڕاى ئێوە چییە؟

 

یوسف عیزەدین: تراژیدیاى"ئۆدیب" بەسەرهاتى کەسێکە کەبووەتە قوربانیى قەدەرێک کەهەڵهاتن لێى مەحاڵەو هەر لەدەستپێکى تراژیدیاکەوە شتێکى زانراوە، قەدەرى"ئۆدیب"ئەوەیە "لایوس"ى باوکى بکوژێت و"یوکاستا"ى دایکى بهێنێت. هەموو ئەو هەوڵانەى بەمەبەستى گۆڕینى ئەو قەدەرە دەخرێنەگەڕ دواجار شکست دەهێنن و هەموو ئەوەى کەپێشتر گوتراوە دێتەدى، "ئۆدیب" باوکى دەکوژێت و دایکى دەکاتە ژنى خۆى و دووکوڕو دوو کچیشى لێدەبێت و ئینجا بەوە دەزانێت چ تاوانێکى کردووە، دواجار هەر دووچاوى خۆى دەردەهێنێت و سەرهەڵدەگرێت. ئەم تراژیدیایە باس لەبێئختیارى مرۆڤ دەکات بەرانبەر بەقەدەرو بێئیرادەبوونى لەدەستنیشانکردن و هەڵبژاردنى شێوە ژیانێکى جیاواز لەوەى کەپێشوەخت بۆى دیاریکراوەو راستییەکەى زۆر راڤەکاریى هەڵدەگرێت، چونکە زۆرێک لەتراژیدیا گریکییەکان بەهەمانشێوە باڵادەستیى قەدەر تێیدا سەرنجت رادەکێشێت، هەر بۆنموونە "سیزیف" کە ئەویش مەحکومە بەئازارکێشانێکى هەتاهەتایى و ناچاریشە بەردەوامبێت و رۆژانە هەمان شت دووبارەبکاتەوە، بەڵام ئەوەى "ئۆدیب" لەزۆر دەقى دیکە جیادەکاتەوە ئاگادارنەبوونى خودى"ئۆدیب"ە لەقەدەرى خۆى، واتە ئەگەر "ئۆدیب" لەوە ئاگاداربووایە کە"لایوس" باوکییەتى نەیدەکوشت و ئەوکاتەش "یوکاستا"ى نەدەبووە ژنى و لەگەڵى جووتنەدەبوو. بەڵام بەپێى تێڕوانینى"فرۆید" تراژیدیاى"ئۆدیب" لەخەونەوە سارچاوەى گرتووە، هەربۆیە ئاماژە بەدیالۆژێکى"یۆکاستا" دەکات، کاتێک دڵنەوایى"ئۆدیب" دەداتەوە و دەڵێت:" چەند کەس هەن پێش تۆ لەخەونیاندا لەگەڵ دایکیان جووتبوون، بەڵام ئەمە سەبارەت بەکەسێک ئاسانە کەگوێى نەداتآ". "فرۆید" پێیوایە لاى هەموو منداڵێکى نێر کۆمپلێکسى ئۆدیب هەیە کەخولیاى کوشتنى باوکى تێدا پەنهانەو بەشێکە لەبەگژداچوونەوەى دەسەڵاتى باوک و دەستگرتن بەسەر هەموو ئەوەى کەباوک هەیەتى و زۆر وردەکاریى دیکە کەلەڕووى شیکارکارییە دەروونییەکانەوە قسە زۆر هەڵدەگرێت.

 

ئیدریس عەلى: ئاخۆ چەند دەتوانین کۆمپلێکسى "ئەلێکترا" وەک پەرچەکردارێکى کۆمپلێکسى"ئۆدیب" ببینینەوە، لەکاتێکدا لەکۆمپلێکسى"ئەلێکترا"دا باوک ئەوەیە کەمنداڵى مێینە دەیەوێت و دایک ئەوەیە کەئێرەیى پێدەبرێت و رەتدەکرێتەوە؟

 

یوسف عیزەدین: خۆى لەراستیدا هەموو ئەو کۆمپلێکس و تەرحە دەروونییانە قابیلى ئەوەن رەتبکرێنەوەو لەگۆشەنیگایەکى سایکۆلۆژیی دیکەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و راڤەبکرێن، ئەمە جگە لەوەى مەرج نییە کەتۆ لەناو ئەفسانەو کولتوورێکى دیاریکراودا ئەو کۆمپلێکسانەت لەدوو توێى دەقەکانیاندا بینییەوە بەهەمانشێوە لەناو ئەفسانەو کولتوورێکى دیکەشدا بیانبینیتەوە، جاگرفتەکە لەوەدایە کەزۆرجار لەدوو توێى ئەو دەقانەشدا شتى لەو چەشنە دەبینیتەوە کە بۆخۆیان لەپێناو حەرامکردن و حەڵاڵکردنى شتەکان و بەو مەبەستە خراونەتەروو. گەر بڕوانینە یەکەمین پەڕتووکى پیرۆز کەبەشێکە لەتەورات و یەکێکە لەپێنج پەڕتووکەکەى شەریعەت و بەپێى سەرچاوە مێژووییەئایینییەکان موسا ئەو پەڕتووکەى نووسیوەتەوە، هەروەک لەپەیمانى نوێدا عیساى مەسیح هەمان راستى دووپاتکردۆتەوە، سەبارەت بەنووسینى ئەو پەڕتووکە لەلایەن موسا-وە، دیارە لەپێشەکى کتێبەکەدا هەموو ئەوەى کەپێشتر ئاماژەم پێدا خراوونەتەروو. خوێنەرى پەڕتووکى"پەیدابوون" رووبەرووى کۆمەڵێک دیمەن و بەسەرهات دەبێتەوە کەپێموانییە دیمەنە سێکسییەکانى نێو رۆمانەکانى"میلان کۆندێرا"ش خۆى لەخستنەرووى بابەتى لەو چەشنەدابێت، تەنانەت لەکردنە فیلمى"پەیدابوون"دا لەلایەن رۆژئاوا خۆیەوە، ئەو بەشانەى لێدەپەڕێنرێت و بەلایدا ناچن، بەتایبەت ئەو دوو بەشەى کەباس لەدوو کچەکەى"ڵووت" دەکات کەپاش سەرخۆشکردنى باوکیان، شەوى یەکەم گەورەکەیان و شەوى دووەم بچکۆلەکەیان لەگەڵى دەخەوێت و سکیان پڕدەبێت و گەورەکەیان کوڕێکى بەناوى"موئاب" دەبێت و گچکەکەشیان کوڕێکى بەناوى "عەممى" دەبێت و لەهەمووشى سەیرتر ئەو دیالۆژەى خوشکە گەورەکەیانە بۆ خوشکە بچکۆلەکەى کەپێشەوەى لەگەڵ باوکیان راکشێن، دەڵێت:"باوکمان پیر بووەو هیچ پیاوێکیش لەم ناوەدا نییە کەبێت بەلاماندا، وەک چۆن داب و نەریتى هەموو زەوییە وەرە بامەى دەرخواردى باوکمان بدەین و لەگەڵیدا راکشێین و لەباوکمانەوە وەچە بنێینەوە". جانازانم چۆن بەدرێژایى ساڵانێکى دوورودرێژ لەدووتوێى تەوراتداو بەمەبەستى هێنانە سەردینى کەسانێک، ئەم دەقە خوێندراوەتەوەو چۆن چۆنى راڤەى بۆکراوە تا گوێرەکانى ئەم دەقە بەئاسایى تێیبڕوانن، لەکاتێکدا کۆڵەکەیەکى سەرەکیى ئایینەکان، رەوشت و بەگژداچوونەوەى لادانە سێکسییەکانە، وەک ئەو پرەنسیپى حەرام و حەڵاڵەى کەبۆخۆیان هەڵگریین. ئەى ئەگەر خودى مەسەلەیەکى ئاوا لەنێو خودى تەوراتدا ئاماژەى پێدرابێت، بۆدەبێت دژایەتى هەموو قەشەو پیاوە ئایینییەکان لەگەڵ دانیشتووانى ئەو دورگانەى کەزلهێزەکان داگیرییان دەکردو ئەوانیان وەک رێبەرێکى ئایینى بۆ دەنارد، بەشێوەیەکى سەرەکى لەو خاڵەدا بووبێت کەئەوان لادانە سێکسییەکان بەلادان نابینن و سیستمێکى خێزانى وەک ئەوەى رۆژئاوایان نییەو سێکسى مابەینى ئەو کەسانەى کەبەپێى ئایینەکان لەیەکتر حەرامکراون، پێساناو ئاساییە.

 

ئیدریس عەلى: "ئیبسن" یەکێکە لەو نووسەرانەى کەتوانیویەتى ململانێى نێوان باوان و منداڵەکانیان لەناو دەقەکانیدا بەرجەستەبکات، گەرچى وەک ئاماژەتان پێدا زۆر لەو چەمک و راڤەکارییانە رێژەیین و لەکولتوورو کۆمەڵگەیەکەوە بۆ یەکێکى تر دەگۆڕێن. بەڵام ئاخۆ دەتوانین بڵێین ئەو باوکسالارییەى لەکۆمەڵگەى کوردیدا هەیە جیاوازە لەوەى لەکۆمەلگەیەکى دیکەدا هەیە، دیارە ئەگەر جیاوازیش بێت، ئەو دەمە ئەدەبیاتێکى کوردى کەباس لەباوکسالارى دەکات، دەبێت لەگەڵ ئەدەبیاتێکى دیکەدا هەر بۆنموونە ئەدەبیاتێکى رۆژئاوا جیاوازبێت، تاچەند ئەدەبیاتى کوردى لەمامەڵەکردنى لەگەڵ باوکسالاریدا باس لەباوکى کورد دەکات؟

 

یوسف عیزەدین: ئێمە خاوەنى ئەفسانەیەکى وەک ئەو ئەفسانەیەى"کرۆنۆس" نین کەدواجار "زۆس"ى کوڕى دەیخەسێنێت و لەجێى دادەنیشێت و هەموو دەسەڵاتەکانى ئەو دەگرێتەدەست. ئەگەر میدییەکان باوانى کوردبن، ئەوە دەبینین "داهاک یان زوحاک"ى دواپاشاى میدییەکان بەدەستى یەکێک لەنەوەکانى خۆى دەکوژرێت و لەجێى ئەوەى خۆى جێیبگرێتەوە، حوکم و دەسەڵاتیش بۆ"کیرۆس"ى ئەخامەنى جێدەهێڵێت و لەجێى هەستکردن بەئازارى ویژدان، یادى ئەو رۆژەى کردووەتە سیمبۆلى نەتەوەیى خۆى و پێیوایە کەسێک بەناوى کاوەى ئاسنگەرەوە کەبۆخۆى کوردبووە کوردى لەستەم و زوڵمى زوحاک رزگارکردووە. هەرگیز کورد پرسیارى لەوە نەکردووە ئەگەر نەورۆز یادەوەریى سەرکەوتنى کوردان بێت، بۆ دەبێت ئازەرى و کازاخستانى و قیرغیزى و فارس و هەروەک "ئیبن بەتووتە"ش لەکتێبەکەیدا ئاماژەى پێدەدات، لەمیسرو زۆر شوێنى دیکەشدا لەو زەمەنەى ئەودا یادى نەورۆز کراوەتەوە. تائەمڕۆش یەکێک لەگرفتەکانى تاکى کورد لەدژایەتیکردنى باوکدا ئەگەر وەک دەسەڵاتێک تێبڕوانین، ئەوە نییە کەبۆخۆى پرۆگرامێکى هەیە بۆ جێگرتنەوەى، بەڵکو تەنها ئەوەندەیە کەلەناوى بەرێت، بۆ ئەمەش دەست لەگەڵ هەر دوژمنێکى باوکیدا تێکەڵ دەکات بەمەبەستى لەناوبردن و کوشتنى. سیستمى باوکسالارى لاى کورد بەسیستمى باوکسالاریى رۆمانەکان ناچێت، چونکە سیستمى باوکسالارى لاى رۆمانەکان دواجار لەبونیادى دەوڵەتێکدا دەگاتە ترۆپکى دەسەڵات و حوکم. بەڵام لاى کورد ئەمە بەچەشنێکە دیکەیەو کەمجار دەسەڵاتى باوک سنوورى بنەماڵەو عەشرەت و کۆمەڵ و گروپەکانى کوردى تێپەڕکردووە. بەدرێژایى مێژوو کورد کۆتەڵ و شتێکى رەمزى بۆ باوک دروستنەکردووە، هەروەک لاى میللەتانى دیکە دەبینرێتەوە و خاوەن"کارێزما"و"ئۆتۆریتە" نییە، نەک هەر بەبەراورد لەگەڵ رۆژئاوادا بەڵکو بەبەراورد لەگەڵ رۆژهەڵاتیشدا ئەو جیاوازییە دەبینرێتەوە. زاڵبوونى باوکى کورد شتێکى رێژەییەو بۆخۆى کەسایەتییەکى ناجێگیرو شلۆقى هەیە، زیاتر بەلاساییکردنەوەى باوکانى غەیرە کوردو لەمیانى دیدوبۆچوون و بیرو هزریى ئایینى ئەوانەوە هەوڵى سەپاندنى خۆیداوە، گەرچى لەسەدا سەد نەیتوانیوە ببێت بەوان. "میهرداد.ئیزەدى" لەکتێبى"کوردەکان"دا سەبارەت بەکەسایەتى کورد زۆرشت دەخاتەروو کە لەزۆر شوێندا دووروویى ئەو کەسایەتیەمان بۆ رووندەبێتەوە، هەر بۆنموونە لەکاتێکدا کورد بەمیواندارێتى و رێزگرتنى لەمیوان ناسراوە، "میهرداد" ئاماژە بەوە دەکات کەکورد هەرچییەکى هەبێت ئامادەیە لەپێناو میوانەکەیدا سەرفى بکات و ئەوەى کورد بۆمیوانى دەکات بێوێنەیە، بەڵام هەربۆخۆشى ئاماژە بەوە دەکات کەئەمە تائەو کاتە بڕدەکات کەمیوان بێدەنگ و سەنگ گوێڕادێرى خانەخوێیەو سەرى رەزامەندى بۆ دەلەقێنێت، ئەگینا ئەگەر میوان یەک راوبۆچوونى پێچەوانەى خانەخوآ بڵێت، ئەوە بێسێودوو لەو حاڵەتەدا دەکرێتە دەرەوە. کەواتە مانەوە لەنێو سیستمى کۆمەڵایەتى کوردیدا، پەیوەستە بەبێدەنگبوونى تاکى کوردەوە، پەیوەستە بەپرسیارنەکردن و لێخووردنەبوونەوەى، ئەمە جگە لەوەى کەبەشێوەیەکى گشتى کارێکى بەخوێندنەوەو زانینى مێژووى خۆى نییە، هەروەک"میهرداد" ئاماژەى پێدەدات و دەڵێت:" ئەگەر سەرانى کورد مێژووییان بخوێنایەتەوەو لێى ئاگاداربوونایە، هەمیشە هەمان هەڵە مێژووییەکانى پێشووترى خۆیانیان دووبارە نەدەکردەوە.

 

تەنانەت لەرووى ئایینیشەوە سەبارەت بەئایینى خۆیان نەرمونیان بوون و سەرسەختانە بەرگرییان لێنەکردووە، بێجگە لە"ئیزیدى و یەریسانییەکان"، "میهرداد" سەبارەت بە"یەزدانى" کەئایینێکى کۆنى کوردان بووە دەڵێت:" دەتوانین بڵێین نەرمونیانییان فاکتەرى سەرەکى پەرتەوازەبوون و پەرشوبڵاوبوونەوەى خودى رێبازە ئایینییەکان بووە، هیچ کاتێک خەیاڵى دروستکردنى زاتێکى رەهاى هاوچەشنى مەسیح و شاڵاوبردنە سەر سەر رێبازە ئایینییەکانى تریان نەبووە". بەپێى تێڕوانینى مەسیحییەکان خواوەند باوکەو مەسیح-یش کوڕیەتى، ئەم تێڕوانینە سیستمى باوکسالارى و دەسەڵاتى لەبوونێکى ماتریاڵییەوە دەگوێزێتەوە بۆ بوونێکى رەها، لەکاتێکدا یەزدانییەکان تەنها باوەڕیان بەرۆحى رەها هەبووەو لەواتا گشتییەکەیداو بەو پێیەش نەک هیچ پرسیارو پەرچەکردارێکیان بەرانبەر بەئایینییەکانى دیکە نەبووە، بەڵکو پێیانوابووە ئایینییەکانى دیکەش لەلایەن رۆحى رەهاوە نێردراون بۆ رزگارکردنى مرۆڤایەتى، کەواتە کورد تەنها تەسەوورى رۆحى رەهاى کردووەو لەهیچ شکڵ و شێوەو ئیماژێکدا بەرجەستەى نەکردووەو هەوڵى هیچ ئیزافەکردنێکى بۆسەر ئەو تەسەوورەى خۆى نەداوەو نەپەرستگەى بۆ دروستکردووە، نەکەسى تایبەتى ئایینیشى بۆ بڵاوکردنەوەى ئایینەکەى داناوە.

ئیدریس عەلى: بەو پێیەى کەکورد رۆحى رەهاى لەئیماژێکدا بەرجەستەنەکردووەو زاتێکى رەهاى وەک"مەسیح"ى بۆ نەخووڵقاندووە تا لەپشت ئەوەوە بەرگرى لەئایین و بیروباوەڕى خۆى بکات، کەواتە باوکیش لاى ئەو وەک رەمزێکى دەسەڵات هیچ ئیماژێکى نییە، لەکاتێکدا باوکسالارى کوردو دەسەڵاتى باوک بەیەکێک لەدیاردە بەرچاوەکانى سیستمى کۆمەڵایەتى کوردى، ئێوە ئەمە چۆن دەبینن؟

 

یوسف عیزەدین: رەنگە گەورەترین گرفتى کورد وەک میللەتێکى دێرینى رۆژهەڵات لەوەدا بێت کەبەپێى کەمى سەرچاوەو بەڵگەى پێویست، هەمیشە بەئەگەرو گریمان هێنرابێتە ناو قسەو باسەکان و مامەڵەى لەگەڵدا کرابێت، "میهرداد" ئاماژە بەوە دەدات کەلەمۆزەخانە جیهانییەکاندا جێماوى سەرەتایترین خێڵ و گروپ دەبینینەوە، بەڵام ئەوەى دەبێتە مایەى سەرسوڕمان و پرسیارکردن ئەوەیە کەبۆ دەبێت سەرەنێزو تیرو رمێک لەمێژووى کۆنى کورد نەمابێتەوە تا لەمۆزەخانەکاندا بخرێنە پێشچاو، یان ئەگەر هەن چییان لێهات و چۆن هەر هەمووى ونبوون. یان رەنگە بەشێکى زۆریان وننەبووبێتن و لەپەلامارى میللەتانى دیکەدا بۆ سەرکوردستان، دەستیان بەسەردا گیرابێت و لەئێستاشدا بەناوى ئەوانەوە لەمۆزەخانە جیهانییەکاندا بەدنیا بناسێنرێت. ئەگەر بڕوانینە سەرچاوە مێژووییەکان دەبینین کاتێک لەشکرەکەى"سەعدى کوڕى وەقاس" ئێران داگیردەکات، سەعد سەرى سووڕدەمێنێت لەو هەموو پەرشومێن و دەستنووس و بەڵگەو کتێبانەى کەهێندە زۆرن نازانێت چییان لێبکات و بەناچارى نامەیەک بۆ خەلیفە دەنێرێت سەبارەت بەوەى چییان لێبکات، بەتایبەت عەرەبەکان وەک خۆیان سەرى لێدەرناکەن و بەحوکمى زماننەزانینیان نازانن چى تێدا نووسراوە. خەلیفەش لەوەڵامدا دەڵێت، هەرهەمووى فڕێبدەنە ناو ئاوى رووبارێکەوە، چونکە ئەگەر راستییەکى تێدا بێت ئەوە هێندەى قورئان راستنییە و ئەگەر ناراستى و عیلمێکى شەیتانیشیى تێدا بێت، ئەوە لەهەردوو حاڵەتەکەدا بەفڕێدانى رزگارمان دەبێت، ئیتر ئەوەبوو هەموو ئەو کتێب و دەستنووس و بەڵگە مێژووییانەو هەموو ئەوەى کەدواتریش لەو سەردەمەدا وەچنگیان دەکەوت فڕێیان دەدانە نێو رووبارەکان. بێگومان لەگەڵ ونبوونى ئەو دەستنووس و سەرچاوە مێژووییانە، زۆر شتى گرنگ سەبارەت بەمێژووى کورد لەگەڵ ئەواندا ونبوون و لەئێستادا نەزانراون. ئەوەى کە لەئێستاشدا سەبارەت بەکورد زانراوە جێگەى مشتومڕو قسەو باسە، هەر بۆ نموونە بۆ دەبێت یەزدانییەت وەک ئایینێکى کۆنى کوردان، لاى ئێزیدى و عەلەوى و یەریسانییەکان لەکۆمەڵێک پرەنسیپ و تێڕوانینى گشتیدا مابێتەوەو بەدرێژایى مێژوو، کوردە ئێزیدى و عەلەوى و یەریسانییەکان سەربارى ئەو هەموو کوشت و کوشتارو زوڵم و زۆرەى کە رووبەرووى بوونەتەوە، سەرسەختانە بەرگرییان لەخۆیان کردبێت و تائێستاش لەبیروباوەڕى ئایینى خۆیان لایان نەدابێت، لەکاتێکدا ژمارەیەکى زۆرى کورد دەستبەردارى ئەو ئایینە دێرینەى خۆیان بووبێتن و چووبێتنە سەر ئایینى غەیرە کوردو لەدوژمنەکانى کورد زیاتر بەگژ هاوڕەگەزەکانى خۆیاندا چووبێتنەوە. بەڵام کە بەوردى دەڕوانیتە بیروباوەڕى ئایینى کورد بەشێوەیەکى گشتى سەربارەى ئەو ئینتیمایەى کە ژمارەیەکى زۆرى بۆ ئایینێکى دیکە هەیانە، دەبینیت هەموو کورد لەرووى بیروباوەڕى ئایینییەوە هێشتاکە قەناعەتیان بە"خدرى زیندە" هەیە کەئەمە بیروباوەڕێکى تەواوى یەزدانییەکان بووە بەکەسێکى نەمرو هەمیشە زیندوو، ئەمە جگە لەپیرۆزیى ژمارە حەوت، تەنانەت میدییەکان دیوارى بیناکانیان بەحەوت رەنگ بۆیە کردووەو"هیرۆدۆت" لەو بارەیەوە ئاماژەى بەشوورەو دیوارى چواردەورى تەپۆڵکەکانى شارى میدییەکانى هەمەدانى کردووە کەبەحەوت رەنگى "ئاڵتوونى، زیوى، سپى، رەش، مۆر، شین، سوور" لەپێش زاییندا رەنگکراون. جا سەبارەت بەدەسەڵاتى نێرینەى کوردو باوکسالارى و رۆڵى باوک لەنێو خێزان و سیستمى کۆمەڵایەتى کوردیدا، رووبەرووى چەند وێنەیەکى باوک دەبیتەوە، گەرچى هەر هەمووى لەبنەڕەتدا دەسەڵاتى نێرى تێدا زەقدەبێتەوەو بەشێوەیەکى گشتى لێکچووى هەموو باڵادەستییەکى لەو چەشنەیە، بەڵام هەندێک  تایبەتمەندێتى جیاوازیشى هەیە، لەهەندێک ناوچەى کوردستاندا رەدووکەوتنى کچان و ژنانیان لەلایەن پیاوانیانەوە بەشتێکى ئاسایى سەیردەکرێت و بەشێکە لەتێڕوانینى دەستەجەمعى و کولتووریان و سەربارى ئەوەى کەزۆرێک لەو کوردانەى کە ئەم سونەتە لەناویاندا باوە لەئێستادا موسڵمانن. بەڵام هیچ کاتێک بەپێودانگى ئیسلام نەیانڕوانیوەتە ئەو سونەتەى کەبەپێى ئیسلام حەرامە. لەکاتێکدا لەنێو کۆمەڵ و دەستەیەکى دیکەى کورددا، نەک هەر ئافرەت بۆینییە بەئیختیارى خۆى رەدووى پیاوێک بکەوێت، بەڵکو حەزو خۆشەویستى و تەنانەت بچووکترین سەرەتاتکآ و جموجۆڵ دەرئەنجامەکەى بەکوشتنى مێینە تەواو دەبێت. جا پرسیارەکە لەوەدایە کە بۆ دەبێت دوو کۆمەڵى کورد کەهەردووکیان موسڵمانن و پابەندن بەجێبەجێکردنى پرەنسیپەکانى ئیسلام، بەڵام سەبارەت بەئیختیارى مێینە بۆ پیاوێک یان تەجاوزێکى سێکسى و رەدووکەوتن و شتى لەو چەشنە، هەریەکێکیان بەچەشنێک مامەڵەى لەگەڵدا بکات. یەکێکیان لووتى دەبڕێت، دەیسووتێنێت، بەردەبارانى دەکات، دەیکوژێت، ئەویتریشیان وەک کردەیەکى زۆر ئاسایى تێدەڕوانێت و بەحیکایەتەکانى عەیبەو شەرەف و نامووس و حەرام و ئایین و شتى لەو چەشنە نییە، بۆیە دەبینین ئەگەر ئەوەى کەپێشتر ئاماژەمان پێدا وەک دوو نموونە سەیر بکەین، ئەوە دوو نموونەى پیاوى کوردیشمان لەبەرچاودا بەرجەستەدەبێت.

 

ئیدریس عەلى: کەواتە کورد بەکاریگەریى کولتوورو ئایینى میللەتانى دراوسێى دەستیداوەتە کوشتنى هەموو ئەو مێینانەى کەبەپێودانگى ئەو ئایین و کولتوورانە کارێکى پێچەوانەى رەوشت و دابەنەریتیان ئەنجامداوە کە لەئێستادا ئەم کوشتنى مێینەیەیان گوێزاوەتە بۆ پانتاییەکى جوگرافى جیاوازو لەناو کوردە پەناهەندەکاندا بۆتە شتێکى باو و هەر ئەوەندە دەزانیت رۆژنامە و کەناڵەکانى میدیا باس لەدەستگیرکردنى پیاوێکى کورد دەکەن کەکچەکەى خوشکەکەى یان ژنەکەى خۆى لەسەر مەسەلەى نامووس کوشتووەو لەکارەکەشى پەشیمان نییەو شانازى پێوەدەکات، ئاخۆ هەموو ئەو تاوانانەى کە پیاوى کورد دژ بەمێینە ئەنجامى دەدات وێنەى کورد لەدنیاى دەرەوەى ئێمەدا ناشرین ناکات؟

 

یوسف عیزەدین: بەراستى سزادان یان کوشتنى مێینە لەسەر هەر داواکاریى یان هەڵوێست و کردەیەک کەپەیوەست بێت بەدنیاى سێکسى و ئارەزوەکانییەوە، یان لەسەر دەستبەرداربوونى لەپیاوێک و ئیختیارکردنى پیاوێکى دیکەو زۆر شتى دیکەى لەو چەشنە کەپەیوەستە بەهەر شتێک کەپیاو بۆخۆى بەڕەواى دەبینێت و بۆ ئەو ناڕەوا، ئەوە کارێکى زۆر دزێوو نائینسانى و دڕندانەیە. تۆ ئەگەر کوشتنى مێینەت کردبێتە بەشێکى فەرهەنگ و کولتوورت و بەئینسانکوژیى خۆتەوە بنازیت، دەبێت بە چ روویەکەوە ئەگەر پێویستیکرد باس لەلایەنە جوانەکانى ئەو کولتوورەى خۆت بکەیت، نازانم لەچ شوێنێکى ترى دنیادا مێینە لەبەر ناشرینییەکانى پیاوو سیستمەکەى خۆى دەسووتێنێت، یان دەسووتێنرێت و دواتر دەڵێن خۆى سووتاند. لەیەکێک لەرۆژنامەکاندا باس و خواسى ئەو پیاوە کوردەم کەوتە پێشچاو کەدواى ئەوەى لەیەکێک لەشەقامەکانى شارێکى ئەڵمانیدا ژنى پێشووى خۆى داوەتە بەرچەقۆ و کوشتوویەتى، دڵى بەوەندە ئاوى نەخواردۆتەوەو دواجار سووتاندوویەتى. یان حیکایەتى ئەو پیاوەى  کە لەبەریتانیا کچێکى خۆى بەچەقۆ کەلەپاچەکردووە و دواتر لەباخچەیەکدا ناشتوویەتى. چەندان حیکایەتى تریش سەبارەت بەزۆرێک لەو پیاوە کوردانەى کەساڵانى دوورودرێژى تاراوگە نەیگۆڕیوون و نایانگۆڕێت و تاوتوێکردنیشى باس و خواسێکى گشتگیرو دەرفەتێکى بەرفراوانترى گەرەکە.

 

ئیدریس عەلى: شیعرى کوردى وەک ژانرێکى ئەدەبى مێژوویەکى دێرینى هەیەو ئامادەباشییەکى بەرچاوى لەنێو پانتایى ئەدەبیاتى کوردیدا هەبووە، دەقە شیعرییەکانى"بابا تاهیرى هەمەدانیش" لەرووى مێژووى نووسینیانەوە کەهەزار ساڵێک لەمەوپێش نووسراون گەواهى ئەو راستییە دەدەن، لەکاتێکدا مێژووى چیرۆکنووسین و رۆماننووسینى کوردى کۆن نییە، لەکاتێکدا میللەتانى دیکە زۆر لەپێش ئێمەوە خۆیان لەبوارى چیرۆک و رۆماندا تاقیکردۆتەوەو لەئێمە بەئەزموونترن، دەبێت دواکەوتنى نووسینى ئەو ژانرە ئەدەبیانە لاى کورد هۆکارەکەى چیبێت؟

 

یوسف عیزەدین: هەرچەندە حیکایەتیش لەنێو کورددا دەماودەمى کردووەو زۆر لەکۆنیشەوە هەر هەبووە، جا چ ئەو حکایەتانەى کەکورد لەمیللەتانى دیکە بیستوونى و رەنگە زۆریشیان تائێستاکە مابێتن و هەر بگێڕدرێنەوە، یان ئەو حیکایەتانەى کەکەسانێکى کورد بەخەیاڵیاندا هاتووەو گێڕاویانەتەوە، بەڵام لەبەر هەر هۆو هۆکارێک بووبێت نەنووسینەوەى ئەو حیکایەتانە، بەبەراورد لەگەڵ شیعردا کەنووسراوەتەوە جێگەى پرسیارە. سەبارەت بەئەدەبیاتى رۆژئاواش گەرچى هەن مێژووى نووسینى کورتەچیرۆک دەبەنەوە بۆ سەردەمێکى پێش"ئیدگەر ئەلن پۆ"، بەڵام نکوڵى لەوەش ناکرێت کەهەر ئەو بوو توانیى کورتەچیرۆک وەک هونەرێک لەحیکایەت و نۆڤێللا جیابکاتەوەو سەرنجى ئەدیبەکانى بەلادا رابکێشێت و پێش سەدو شەست ساڵێک لەمەوپێش لەلایەن ئەدیبە ئەمریکى و فەرەنسى و روسییەکان ئاوڕى لێبدرێتەوە. بەڵام دیارە مێژووى رۆماننووسین و نۆڤێللا لەرۆژئاوادا زۆر لەمێژووى نووسینى کورتەچیرۆک کۆنترەو هۆکارەکانیشى زۆرن و راستییەکەشى"ئیدگەر ئەلن پۆ" رۆڵێکى بەرچاوى بینى لەجیاکردنەوەى کورتەچیرۆک وەک ژانرێکى ئەدەبیى جیاواز لەچیرۆکە تەقلیدییە کۆنەکان کەبەجێکردنەوەى یەک دنیا وشەو رستەو پەرەگرافى وەسفیى لەکارکەوتوو قەرەباڵغ دەکرا. لەکاتێکدا بەپێى راوبۆچوونى"پۆ" ناکرێت یەک وشەى زیادە بترجێنینە نێو بونیادى کورتەچیرۆکەوە، هەروەک چۆن دەرهێنانى یەک وشەش لاسەنگى دەکات، ئەمە جگە لەوەى کەجیاواز لەچیرۆکى درێژ کورتەچیرۆک لەیەک دانیشتندا دەخوێنرێتەوەو زۆر وردەکاریى تەکنیکى دیکەش کە دەکرێت هەموو ئەمانە وەک ئەلف و بێى چیرۆکنووسین و کلاسیکیى ئەو ژانرە ئەدەبییە تێى بڕوانین، ئەگینا وەک"کارلۆس فۆێنتس" دەڵێت:" دیارە هیچ دەقێک لەکاتى نووسینەوەیدا حیساب و کیتابى بۆ ناکرێت و دەق بۆخۆى ئاراستەى خۆى دەدۆزێتەوەو بەباڵەکانى لەشەقەى باڵ دەدات و خودى نووسەرەکەى دەخاتە پەراوێزەوەو دەیسڕێتەوە". تەنانەت لەرووى تەکنیکیشەوە زۆرێک لەچیرۆکنووسان پابەندى ئەو پێودانگە پێشینەیەى چیرۆکنووسین نەبوون و بەپێى دنیابینى خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ کردوون. هەر بۆنموونە"بۆرخیس" کار لەسەر بەحیکایەتکردنى چیرۆک دەکات و لەشوێنێکدا دەڵێت:" ناڵێم من-ئیزۆب-م بەڵام حیکایەتەکانم وەک حیکایەتەکانى-هەزارو یەک شەو-ە ئامانجیان هەژاندن و چێژبەخشینە". ئەگەر بگەڕێمەوە سەر پرسیارەکەتان من وەک خۆم کێشەکە لەبەروارو مێژووى چیرۆک و رۆمانى کوردیدا نابینمەوە، لەرووى ئەوەى کەوەک زەمەنى نووسینیان نوێترن لەچاو ئەدەبیاتى رۆژئاوادا یان تەنانەت تارادەکیش لەگەڵ گەلانى دراوسێدا، بەڵکو کێشەکە لەوەدایە کە لەئێستادا چیرۆک و رۆمانى کوردى لەچ ئاستێکدایە. لەمڕۆدا کەکۆمەڵێک لەرۆماننووسە مەغریبییەکان نەخشەى تەقلیدیى رۆمان دەگۆڕن و لەفەزاو ئەتمۆسفێرێکى جیاوازدا رۆمانەکانیان دەخووڵقێنن و دەیان پرسیار لاى خوێنەر دروستدەکەن، کەس لەوە ناپرسێت چۆن دەبێت رۆمانەکانى ئەوان خوێنەرانى دنیا تووشى هەژان و سەرسامیى بکات، لەکاتێکدا رۆمانى مەغریبیى لەرووى مێژووییەوە بەبەراورد لەگەڵ رۆمانى رۆژئاواییدا پێشینەیەکى کلاسیکى و کۆنى نییە. نووسین بەگشتى وەک"مۆراکامى" ئاماژەى پێدەدات کارێکى زۆر خودگەراییانەیەو ئیگۆ تێیدا زاڵە. هەر بۆیە ناکرێت بۆ دەقە خراپەکانى ئەدەبیاتى کوردى دەیان پاساو بهێنیتەوەو پەیوەستى بکەیت بەبارودۆخى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و سیاسى و زۆر شتى دیکەى لەو چەشنە. تۆبڵێى حاڵووەزعى"سێرڤانتێس" زۆر لەنووسەرانى ئێمە باشتر بووبێت کاتێک رۆمانێکى جوانى وەک"دۆن کیخۆتە" دەنووسێت، نەخێر بەپێچەوانەوە"سێرڤانتێس" یەکێکە لەو نووسەرە بەدبەختانەى دنیاو لەهەموو روویەکەوە کۆڵەوارو داماو بووە، کەچى هەر هەموو ئەمانە نابنە لەمپەرى نووسینى رۆمانێکى وەک"دۆن کیخۆتە".

 

ئیدریس عەلى: ئاخۆ نووسەرێک کە لەئێستادا دەیەوێت دەقێکى جوان و جدیى بخووڵقێنێت، بەبێ ئاگاداربوون و خوێندنەوەى دەقى نەوەکانى پێش خۆى دەتوانێت دەقێکى لەو چەشنە بنووسێت؟

 

یوسف عیزەدین: خوێندنەوەى دەق و بابەتە جوان و جدییەکان کارێکى گرنگە بەمەبەستى بینینى دیوە پەنهان و شاراوەکانى، من وەک خۆم لەگەڵ خوێندنەوەى رووکەشییانە یان سەرپێیدانیم.

 

ئیدریس عەلى: ئێوە وەک خۆتان لەکەیەوە دەستتان داوەتە خوێندنەوەو لەرووى زەمەنییەوە دەگەڕێتەوە بۆ چ ساتەوەختێکى تەمەنى ئێوە، حەز دەکەین بزانین ئێوە قۆناغى منداڵى خۆتانتان چۆن گوزەراندووەو چین ئەو شتانەى کەکاریگەرییان لەسەرتان هەبووە؟

 

یوسف عیزەدین: دیارە هەر لەمنداڵیمەوە بەشێوەیەکى سەیر خولیاى خوێندنەوەم هەبوو، بەو پێیەى کەباوکیشم تا لەژیاندابوو هیچ کاتێک رێى ئەوەى نەدەدام وەک منداڵێکى ئاسایى تێکەڵ بەدنیاى دەرەوە ببم و وەک هەر منداڵێک گەمەبکەم، تەنها ئەو کاتانەى کەدەچوومە قوتابخانە بۆم هەبوو لەدەرکەى ماڵەکەمان بچمەدەرو بەدنیای دەرەوە ئاشنابم. باوکم پیاوێکى گۆشەگیرو تەنیا بوو، هیچ سەردان و هاموشۆیەکى دەرودراوسآو خزموکەسى نەدەکرد، ئەویش تەنها مەگەر ئەو کاتانەى کەوەک فەرمانبەرێک دەبووایە چووبایەتە فەرمانگەکەى لەماڵ چووبایەتەدەر، ئەگینا زۆر بەبێدەنگى خەریکى خوێندنەوە دەبوو، یەکێک لەو کتێبانەى کەزۆرجار بینیبووم دەیخوێنێتەوە کتێبێکى لاپەڕە بۆرى بێبەرگ بوو، پاش مەرگیشى لەنێو هەموو کتێبەکانیدا زۆر بۆ ئەو کتێبەگەڕام و بەشوێنیدا ئەوداڵبووم، بەڵام ئێستاشى لەگەڵدابێت نەمزانى ئەو کتێبە چیبوو کەهەمیشە بەبێدەنگى دەیخوێندەوە. بەدرێژایى تەمەنى کورتى پێکەوەبوونى لەگەڵمدا( چونکە تازە لەقۆناغى منداڵییەوە پێم دەنایە قۆناغى مێرمنداڵى کەئەو کۆچى دواییکرد)، کەمجار قسەى ئاسایى لەگەڵ دەکردم وەک ئەوەى هەر باوکێک لەگەڵ منداڵى خۆى دەیکات. بەحوکمى ئەوەى چەند زمانێکى دەزانى دەیویست منیش فێرى ئەو زمانانە ببم، ئەوە بوو ئەو دەمەى لەپۆلى سێیەمى سەرەتایى بووم، فێرى زمانى عەرەبى کردم و کەپاش چەند ساڵێک توانیم لەمیانى ئەو زمانەوە هەموو ئەو کتێبانە بخوێنمەوە کەباوکم لەنێو سآ باوڵ و پێنج کارتۆنى گەورەدا هەڵیگرتبوون. بۆ یەکەمجار تەورات و دیوانى "ئەبى نەواس و ئەختەڵ و دەقەکانى مەنفەڵووتى و عەقادو چارڵزدیکنزو شکسپیر"و دنیایەک کتێبى موغامەراتم لەنێو ئەو کتێبانەدا بینییەوەو بەمەبەستى خوێندنەوەیان زۆربەى کاتەکانم لەهەورەبانى ماڵەکەماندا دەبردەسەر کەسآ باوڵ و پێنج کارتۆنە گەورەکەى باوکمى لێبوو. باوکم کەسێکى کەمدووبوو، تەنها لەکاتى سەعیپێکردنمدا قەریحەى قسەى دەکرایەوەو جگە لەو وانەیەى کەبۆى باسدەکردم، جارجارە باسى باوکى خۆى بۆ دەکردم و کەمجار شتێکى لەبارەى خۆیەوە بۆ باسدەکردم ، نەمدەزانى چۆن دەڕوانێتە ژیان و باوەڕى بەچى هەیە. لەمیانى قسەو باسەکانییەوە گوێبیستى حیکایەت و ماجەراکانى باپیرم دەبووم، دەمزانى ئەو پیاوە لەسەردەمى عوسمانییەکاندا کولیەى حەربییەى لەئیستانبول تەواوکردووەو بووەتە ئەفسەرو دواتر گەیشتووەتە پلەى یوزباشێتى و یەکێک بووە لەوانەى کە"شێخ مەحمود"ى زۆر خۆشویستووەو لەشۆڕشەکەیدا بەشداربووە، لەکاتێکدا"رەزا بەگى" براى سەر بەئینگلیز بووەو حیکایەتى ناکۆکى ئەو دوو برایەش زۆر لەوە دوورودرێژترە کەبتوانم لێرەدا باسى بکەم. بەهەرحاڵ یەکێک لەشتە سەیرو سەمەرەکانى باپیرم ئەوە بووە کەهەژدەژنى هێناوەو هەر لەهیندى و عەرەب و تورک و جولەکە و فارس و کورد و زۆر رەگەزى دیکە،پێنج شەش زمانى زۆر بەباشى زانیوەو ئەمە جگە لەوەى نیوەى جیهان گەڕاوەو پارەوپوولى خۆى لەسەفەرو ماجەراکانیدا سەرفکردووە. دیارە ئەوەى کەلێرەدا لەبارەى باپیرمەوە دەیخەمەروو و ئەوەشى کەدەیزانم هەر هەموویم لەباوکمەوە نەبیستووە، بەڵکو هەندێکى لەچەند مامۆستایەکى وەک"جەمال بابان"و"کەریم زەند" و چەند کەس و خزمێکى خۆمان و ئەمە جگە لەوەى لەکتێبى "شارى سلێمانى"دا لەبەشى تایبەت بەو ئەفسەرە عوسمانییانەى کەخەڵکى سلێمانى بوون ناوى باپیرم و "رەزا بەگى"براى تێدایە.

 

ئیدریس عەلى: رەنگە هەر ئەوانەى کەپێشتر ئاماژەتان پێدا، هۆکارى نەبوونى کەسایەتى باوک بێت لەدەقەکانتدا، یان ئەگەر هەشبێت بەچەشنى زۆرێک لەنووسەرانى کورد هێرشتان نەکردۆتە سەر کەسایەتى باوک کە لەزۆر دەقى کوردیدا باوک وەک دڕندەو تارماییەکى ترسناک وێناکراوە، ئێوە لەچیرۆکى"خورافاتى چاویلکەکەى باپیرم" کەنووسەرو مامۆستاى بەتوانا"عەلى ئەشرەف دەروێشیان" لەگەڵ کۆمەڵآ چیرۆکى دیکەى کوردیدا کردویەتییە فارسى و لەدووتوێى کتێبێکدا بڵاویکردۆتەوە. لەوێدا باستان لەکۆمەڵێک شتى تایبەت بەباپیرتان کردوووە، تەنانەت لەرۆمانى"دیوێکى دیکەى حیکایەتە نەنووسراوەکان"یشدا، ئێوە لەرێى نۆستالژیاو یادەوەرییەوە هەر دەگەڕێنەوە بۆ باسکردنى باپیرتان و وێنەى باوک لەو رۆمانەدا و لەدەقەکانى تریشتاندا ونە، ئاخۆ ئەمە بەتەواویى پەیوەستە بەقۆناغى منداڵیتانەوە یان هۆکارى دیکەشى هەیە؟

 

یوسف عیزەدین: وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا، کەسایەتى باوک یەم وێنەو شکڵ و شێوەى نییە، ئەوەى کەباوکێکى سەر بەبنەماڵە یان ناوچەیەکى کوردى پێى حەرامە یان لاى نەنگیى و عەیبەیە، لاى باوکى شوێنێکى دیکەى کوردستان وانییەو بەڵکو بەتەواویى پێچەوانەیە، کچانى کوردە عەلەوییەکان بەبەرچاوى باوکیناوە سەمادەکەن، بەئاگادارى ئەوان حەز لەپیاوان دەکەن و رەدووى دەکەون و زۆر شتى دیکەش کە ئەگەر کچانى کوردى زۆر ناوچەى ترى کوردستان پێیهەڵبستن دەرئەنجامەکەى کوشتنە. بەشیوەیەکى گشتى مۆدێلى باوکى کوردى لەرووى ئۆتۆریتەو کارێزماوە، باوکێکى جێرمەنى یان باوکێکى ئینگلیزى ئۆرستۆکرات نییە، هەروەک چۆن پیاوە ئایینییەکانمان سام و رەهبەتى قەشەو راهیب و پیاوە ئایینییەکانى ئەوانى نییە. من ناڵێم لەوان نەرمونیانتر و بەبەزەیترن، مەبەستم لەوەیە باوکى کوردى بەلاساییکردنەوەى باوکانى غەیرە کورد، هەمیشە ویستوویەتى دەسەڵاتى خۆى بەسەر ژن و ماڵو منداڵیدا بسەپێنێت، هەردەم بەئیحاى مەرجەعە ئایینییەکان باوکایەتى خۆى وێناکردووەو بەکاریگەریى زۆر کولتوورو دابونەریتى غەیرەکوردى، کەسایەتى ترسناکترین باوکى لەخۆگرتووەو هەموو ئەو دنیابینییە پڕ لەحەرامەى هێناوەتە نێو خانەوادەکەیەوە، ئەگینا سەردەمانێک لەنێو کورددا بەرزترین پلەى ئایینى و باوکایەتى لەنێو کەسایەتى کەسێکدا بەرجەستەکراوە کە"پیر"ى پێگوتراوەو لەدیدگەیەکى میستیکى و سۆفیستییەوە راوانیویەتییە هەموو ئەوەى کەهەبووەو بانگەشەى یەکبوونى بوون و خۆشەویستى هەموو شتەکانى کردووە. ئاستەمە باوکێکى ئەو سەردەمە لێدان و فەلاقەکردن و  کوشتنى منداڵانى خۆى پآ ئاسایى بووبێت، ئەمە جگە لەوەى کەباوکایەتى وەزیفەیەکە سیستمێک دەیسەپێنێت و هەموو ئەوەى بەسەریدا فەرزدەکرێت، دواجار بۆ پاراستنى خودى ئەو سیستمە خۆیەتى. سەیرە تۆ بتەوێت بەهاندانى مێردمنداڵان و گەنجان لەبەگژداچوونەوەى باوکانیاندا گۆڕانکاریى لەکۆمەڵگەدا بکەیت، چونکە تۆ پێشئەوە سیستم و فەرهەنگ و کولتوورێکت هەیە کەباوکى لەنێو خێزاندا کردووەتە گاردیان و ماڵیشى کردووەتە ئەو زیندانەى کە باوک ئەندامەکانى خێزانەکەى تێدا زیندانى دەکات، تابتوانێت شکۆمەندى خۆى لەنێو کۆمەڵگەکەیدا بپارێزێت. جا سەبارەت بەدەقەکانیشم وەک بەرێزتان هەستتان پێکردووە، لەرووى ئەوەوە کە باپیر لەجێى باوک ئامادەگى هەیە، رەنگە یەکێک لەهۆکارەکانى ئەوە بێت، کەباوک و باپیرو پشتاوپشتى سولالەیەک دواجار هەر هەموویان کەسایەتى باوکێک پێکدەهێنن. تەنانەت ئەگەر لەزۆر رووەوە لێکچووبن یان جیاوازو لێکنەچوو. ئەمە جگە لەوەى کەباوکم هەمیشە شانازى بەباوکى خۆیەوە دەکردو بەسڵ و سامێکى گەورەوە زۆرجار دەیڕوانییە شمشێرو تفەنگەکەى کەدواتر دەبوو بەبێ ئاگادارى ئێمە زۆر بەباشى لەشوێنێکى نەزانراوى ماڵەکەماندا بیشارێتەوە.

 

ئیدریس عەلى: بەپێى سەردەمە جیاوازەکان ئاراستەى خوێندنەوەى خوێنەران گۆڕانى بەسەردا دێت، هەر بۆ نموونە کاتێک دەزانیت خوێنەرێکى زۆرى دنیا روودەکاتە خوێندنەوەى ئەدەبیاتى هیندى یان ئیسپانى یان ئینگلیزى، ئاخۆ بەراى ئێوە هۆکارەکەى چییەو بۆ دەبێت لەئێستادا خوێنەران کەمتر ئەدەبیاتى رووسى بخوێننەوە، لەکاتێکدا سەردەمانێک هەموو دنیا سەرقاڵى خوێندنەوەى ئەدەبیاتى رووسى بوون؟ بەراى ئێوە کەناڵەکانى میدیاو هۆکارەکانى راگەیاندن و میدیا، لەئاڕاستەکردنى خوێنەردا چەند رۆڵیان هەیە؟

 

یوسف عیزەدین: لەمڕۆدا ئەو ئیماژە بەرجەستەکراوانەى کە لەسکرینى تەلەفزیۆن و هۆکارە تەکنەلۆژییەکانى دیکەوە پێمان دەگات، لەخودى راستییەکان دوورماندەخاتەوەو ناهێڵێت تەواوى دیمەنەکان وەک خۆیان ببینین، چونکە هەمیشە بەهەڵوەشاوەیى شتەکانمان پیشاندەدات و مەوداکان هێندە تەنگەبەر دەکات کەهیچ دەرفەتێکمان بۆ ناهێڵێتەوە تا بەچەشنێکى دیکە راستییەکان ببینین، هەر بۆنموونە تەلەفزیۆن لەپیشاندانى رووداوێکدا کەدەیان کەسى تێدا کوژراوە، بەچەشنێک دەیهێنێتە پێشچاوت کەهەست بەئێش و ئازارى کەسەکان نەکەیت و دووبارەکردنەوەى پەیتاپەیتاى وێنەکانى رووداوەکەش هێندەى دیکە شتەکانت لائاسایى دەکات و وات لێدەکات دواتر بەئاسانى لەبیرى نەکەیت، ئەو جۆرە کارکردنەى کەلەئێستادا باوەو بەسەرسامکردنى بینەر دەستپێدەکات، تەنها بۆ ئەوەیە کاریگەرییەکى کاتى لەسەر بینەر هەبێت و بەئاسانى لەبیر بچێتەوە. ئەمە جگە لەوەى لەمڕۆدا ریکلامکردن بۆ ئەدەبیات وەک هەر کاڵاو کەلوپەلێکى دیکە، پانتاییەکى بەرچاوى میدیاو کەناڵەکانى تەلەفزیۆن داگیردەکات و مەبەست لەفرۆشتنى کتێبە ئەدەبى و بابەتە هەمەجۆرەکانە، کتێبێکى ئەدەبیات و کتێبێکى چێشتلێنان هێندەى یەکتر ریکلامیان بۆ دەکرێت، یان خراپترین کتێب باشترین ریکلامى بۆ دەکرێت و باشترین بازاڕى کتێبفرۆشتنى بۆسازدەکرێت. لەدنیادا ئەوانەى ئیشى ریکلام دەکەن، تەنها مەبەستێکیان پەیداکردنى زۆرترین پارەیە، کآ زۆرترین بڕەپارەیان بداتآ باشترین ریکلامى بۆ دەکەن، هەموو ئەم ئاشووب و جەنجاڵى و سەرگەردانییە بمانەوێت و نەمانەوێت کاریگەرییەکى نێگەتیفانەیان لەسەر خوێنەرى سادە هەیەو تواناى ئیختیارکردنى خودیى تێدا تێکدەشکێنن. بەو پێیەش کە ئاماژەتان بەئەدەبیاتى رووسى-دا، گەرچى لەسەردەمى حوکمى سۆڤیەتى پێشوودا، بەبەرنامە ئەدەبیات و بابەتە هەمەجۆرەکانى خۆیانیان وەردەگێڕایە سەر زۆربەى زمانە زیندووەکانى دنیاو بەدنیادا بڵاویان دەکردەوە، سەربارى ئەو ئامانجە سیاسییەى کەلەپشت وەرگێڕانى ئەو کارانەوە ئیشى دەکرد، بەڵام دەبینیت سەرجەم کلاسیکى ئەدەبیاتى خۆیانیان وەردەگێڕا. لەکاتێکدا"ڤلادیمێر ئیلیچ لینین" نووسەرێکى وەک "تۆلستۆى" بەکۆنەخواز لەقەڵەم دابوو، یان راوبۆچوونێکى زۆر خراپى لەسەر رۆماننووسێکى بەوتواناى وەک"دۆستەیڤسکى" هەبوو، بەڵام راوبۆچوونى کەسێک کەلیدەرو دامەزرێنەرى حکومەتى سۆڤیەتى بوو، ئەمە جگە لەوەى کەئەو دەزگاى وەرگێڕانانەش سەر بەو حکومەتە بوو، کەچى نەبووە مایەى وەرنەگێڕانى شاکارەکانى"تۆڵستۆى و دۆستەیڤسکى"و زۆر نووسەرى ترى لەوجۆرەى کەبیروباوەڕیان لەگەڵ بیروهزرى دەسەڵاتى سۆڤیەتیدا نەدەهاتەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە رۆڵێکى گەورەیان لەناساندنى ئەو نووسەرانەدا بینى و خوێنەرێکى زۆریان بەدەقەکانیان ئاشناکرد. دیارە من لێرەدا مەبەستم لەوەنییە کەبڵێم ئەگەر هەوڵوتەقەللاى ئەو دەزگایانە نەبایە ئەوا ئەو نووسەرانە نەدەناسران، بەڵکو مەبەستم ئەوەیە لەرووى پۆپویلارکردن وناساندنیان بەپانتاییەکى بەرفراوانى خوێنەران رۆڵیان هەبووە. واتە ئەوان توانییان سەرجەم ئەدەبیاتى کلاسیکیى خۆیان بەدنیا بناسێنن، بەڵام دواجار هەر خوێنەرى جدییە کەدەتوانێت دەستنیشانى ئەو دەقانە بکات کەپرسیار دەورووژێنن  یان دنیایەک جوانى لەخۆدەگرن. رەنگە لەو سەردەمەدا بەحوکمى باڵادەستى ئایدۆلۆژیایەک لەکایە ئەدەبى و فیکرییەکاندا، دەقەکانى "مەکسیم گۆرکى" هێنرابێتە پێش و بەزۆرترین ژمارە لەخوێنەران ناسێنرابێت و تەنانەت وەک ئەرک و بەرپرسیارێتییەک خوێنرابێتەوە، بەڵام ئەمڕۆ باس و خواسێکى "مەکسیم گۆڕکێ" لەگۆڕێ نییە، کەچى دۆستەیڤسکى رۆژ لەدواى رۆژ خوێنەرى زیاددەکات. بۆیە سەربارى ئەو کاریگەرییە بێوێنەیەى ریکلامکردنى ئەمڕۆو بانگەشەو ئەو هالە بۆ دروستکردنە کە بەمەبەستى دەرخستنى نووسەرانێک و شاردنەوەى نووسەرانێکى دیکە دەکرێت، بەڵام هەموو ئەمە ناتوانێت دەقێکى ناجدیى لەبەرچاوى خوێنەرانیدا بکاتە شتێکى زیندوو. سەبارەت بەئەدەبیاتى رووسى-یش هەرچەندە خوێنەرانى کورد لەمڕۆدا کەمتر ئاگادارى ئەدەبیاتى رووسى-ین لەرووى ئەوەوە کەچى نوێ نووسراوەو لەدنیاى دەرەوەدا دەخوێنرێتەوە، بەڵام رۆمانى "لیزکا و کوڕەکان"ى "ئەلێکساندر ئیکۆننیکۆڤ"، لەمڕۆدا یەکێکە لەو رۆمانانەى کەخوێنەرێکى زۆرى هەیەو باس لەئێستاى رووسیا دەکات، لەرووى ئەو پاشاگەردانییەى کە رژێمى پێشووى سۆڤیەت لەدواى خۆى جێهێشتووە، "لیزکا" کاراکتەرى سەرەکى رۆمانەکەیە کچێکى گەنجەو بەدنیایەک ئومێدەو هیواوە گوندەکەى خۆى جێدەهێڵێت و روودەکاتەشار، بەڵام لەوآ ناچار دەبێت لەپێناو بژێوى خۆیدا زۆر کاربکات، "ئەلیکساندر ئیکۆننیکۆڤ" وەک یەکێک لەنووسەرە گەنجەکانى رووسیا، لەمیانى خستنەرووى حکایەتى"لیزکا" و بەسەرهاتەکانى پانۆرامایەکى ئێستاى رووسیامان دەخاتە پێشچاو. نووسەرێکى دیکەى ناسراوى ترى رووسیش هەیە کەناوى"ئەلێکساندرا مارینیا"یەو کتێبەکانى بۆ بیست زمانى زیندووى جیهانى وەرگێڕدراون و لەدنیادا خوێنەرێکى زۆرى هەیە، زۆر نووسەرى دیکەى رووسیش هەن کەلەمڕۆدا دەنووسن و دەتوانم بڵێم لەدنیادا ناسراون و ترادەیەکى باش خوێنەریان هەیە.

 

ئیدریس عەلى: لەچیرۆکى"بەسەرهاتى سەگێک لەسێبەرەکەیدا"و لەرۆمانى"دیوێکى دیکەى حیکایەتە نەنووسراوەکان"دا، جۆر ئیشکردنێک دەبینرێتەوە کە زۆر جیاوازە لەشێوازى ئشکردنەکانى پێشووترتان و خەم و حوزنێکى شاراوەى تێدا پەنهانەو هەمیشە لەپانتاییەکى دوورەدەستەوە دەگەڕێیتەوە بۆ نێو ئەو شارەى کەتەمەنێکى خۆتت تێدا بردۆتەسەر، دیارە ئەم گەڕانەوەیەش لەمیانى یادەوەرى و نۆستالژیاوە بەئەنجام دەگەیەنیت و هەمیشە بەجەستە لەشوێنێکى تریت و بەڵام بەرۆح و خەیاڵ هەر لەو شوێنەى کەجێتهێشتووە."کاروان کاکەسوور" پێیوایە ئێوە نووسەرێکن کەدەتوانن لەسەر مەنفا بنووسن، بەواتایەکى دیکە ئێوە دەتوانن گوزارشت لەپەنهان و نهێنیەکانى نێو ناخى مرۆڤى کوردبکەن کەلەمەنفادا دەژى، جیاوازى ئەدەبیاتێکیش کە بەئەدەبیاتى مەنفا ناودەبرێت، رەنگە سەرەکیترین رەگەزێکى چەشنى مامەڵەکردنى بێت لەگەڵ شوێن، ئێوە وەک خۆتان چۆن تێی دەڕوانن؟

 

یوسف عیزەدین: "مۆراکامى" دەڵێت:"هەر یەک لەئێمە جێگەیەکى تایبەت بەخۆمان هەیە، ژوورێکی تاریک وتایبەت، ژوورێک لەنێو خۆماندایە، کاتێک من لەسەر ئەو رووبەرە تاریکەى نێو خۆم دەنووسم، هەموو خوێنەرێک لەو رێگەیەوە راستەوخۆ دەتوانێت رووبەرە تاریکەکەى نێو خۆى بناسێتەوە". راستییەکەى تواناى نووسەر لەوەدایە کەبتوانێت لەسەر ئەو رووبەرە تاریکەى نێو خۆى بنووسێت، چونکە ئەوە کارێکى ساناو ساکار نییە و بێگومان جورئەت و گەڕان و کەشفکردنى دەوێت، چونکە ناکرێت بەئاسانى سەر بەنێو ئەو ژوورە تاریکەى نێو خۆتدا بکەیت و هەموو ئەوە ببینیتەوە کەساڵانى تەمەن و دزێویى و ناشرینییەکانى ژیان و کێشمەکێش و بگرەو بەردەکان وەک کاریگەرییەک بەسەر تۆوە جێیان هێشتووە، بێجگە لەو هەموو خەونەى کەتۆ لەکاتێکدا پێتوان تەنها لەساتەوەختێکدا بینیووتن و ئیدى نایانبینیتەوە، بەڵام هەموو ئەمانەو دەیانن یادەوەرى و شتى دیکەش هەتا تۆ هەبیت ئەوانیش لەژوورە تاریکەکەدا هەر دەمێنن. "میشێل دى ژیلدرود" پێیوایە ئێمەى مرۆڤ هەمیشە لەرووناکیدا ماسک لەدەمووچاو دەکەین و تەنها لەتاریکیدا دایدەکەنین، ئیدى تاریکى چ لەنێوماندا بێت، یان لەدەرەوەماندا بێت، سڵ و سامێکمان لادروست دەکات و ناهێڵێت درێژە بەو رۆڵە بدەین کە رۆژانە لەبەرچاو خەڵکیدا دەیبینین. تاریکى دەمانباتەوە بۆ نێو دنیاى دەنگ و سەدا، دنیاى گریان و هاوارەکانمان. تاریکى مەرگ و گۆڕت بیردەخاتەوە، دەتباتەوە نێو دنیایەک کەتەنها بەتەسەوورکردنى لەم دنیایە بێئومێد دەبیت و هەوڵدەدەیت حیکایەتى راستەقینەى خۆت بۆ کەسێک یان چەند کەسانێک بگێڕیتەوەو لەو کەشە رۆحییەدا حەز دەکەیت دان بەتاوانەکانتدا بنێیت، ناشرینى و چەوتى و درۆکانى خۆت بگێڕیتەوە. ئاشکرایە نووسەر جیاواز لەکەسێکى ئاسایى، هەموو ئەو شتە شاراوانەى نێو ژوورە تاریک و تایبەتەکەى نێو خۆى لەساتەوەختى چوونە نێویدا، لەگۆشەنیگاو دنیابینى خۆیەوە راڤەى دەکات. بەڵام کردەى نووسین شتێکى دیکەیە من وەک خۆم هیچ پلانێکى پێشوەختم نییەو مەبەستم نییە بەشێوازێک لەشێوازەکان بنووسم، چونکە بەتەواوى هەوڵى ئەوە دەدەم بچمە دەرەوەى شتەکان، یەکەم دێڕو یەکەم وێنەى زەینى رامدەکێشێتە نێو دنیاى نووسینەوە کەدواجار بۆخۆم سەرسام دەبم بەوەى کەئەو وێنە زەینییە پەیوەستە بەدنیایەک وێنەى دیکەوە کەلەبێئاگایمدا رەنگە زۆر دەمێک بێت خۆى حەشاردابێت. کردەى نووسین هەموو ئەو شتانە دەورووژێنێت و دواجار وێنەو دیمەنە زەینییەکان لەمیانى وشەو دێڕو پەرەگرافەکانەوە لەشێوازو شکڵێکدا دەخووڵقێن. خودى نووسین لەزۆر رووەوە بە سەفەرکردنێک  دەچێت  بەرەو  مەجهول ، نووسەریش ئەو  موسافیرە سەرکێشەیە  کە قایلە بەو موغامەرەیەى کە دەیکات و نابێت  سڵ لەو شتە سەیرو سەمەرانە بکاتەوە کەرەنگە بێنەسەر رێى و دەبێت بزانێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و چۆن چۆنى درێژە بەسەفەرەکەى دەدات.