١٩\٣\٢٠١٥
گلەیی و سەركۆنەی
پیاوان، ئەی ژنان چی؟
هەژێن
ئەوەی كە پیاو شایستەی زۆر ڕەخنە و سەركۆنەیە، هیچ گومان و نكۆڵی
هەڵناگرێت، بەڵام ئایا ئەو پیاوانە لەتەك لەدایكبووندا بەو جۆرەن و
دارای ئەو كەسایەتییەن و بەشێكە لە سروشتییان و سروشتیان لە سروستی
دایكیان جیاوازە؟
ئەی ئەوە چییە كە ساوایەكی نێرینەی فریشتە دەكات بە منداڵیكی توندوتیژ
و پیاوێكی نێوگەڵبرسی و چەپاوڵگەر و پاوانگەر و خۆسەپێن و سەركەوتگەر و
ژنكوژ ؟ ئایا هۆرمونەكانی ژاراویدەبن یا گۆڕانێكی فیزیكی و ئۆرگانیك لە
جەستە و مێشكیدا ڕوودەدات؟
ئەگەر كەمێك سەرنجی پیاوان بدەین، ئەوا دەبینین كە لە ڕووی كەسایەتی و
كۆمەڵایەتییەوە دەبن بە دوو دەستەوە؛ كەمینەیەكی زۆر كەم، كە
بیردەكەنەوە و خەریكی كایەی هۆشین و سێكس بۆ ئەوان وەك هەر
پێداویستییەكی دیكەی جەستە و دەروون ئاسایی كات و وزەیان داگیردەكات،
لە بەرانبەردا زۆرینەیەكی زۆر، كە سێكس و خواردن و دەسەڵات هەموو ژیانی
داگیركردوون و بێجگە یەكێك لەوانە یا ئەوانە، هیچی دیكە لە ژیانیاندا
بوونی نییە. بەڵام بەو جۆرەی لە سەرەتادا پرسیم؛ ئایا ئەو كەمینە
هۆشمەند و زۆرینە ئاڵۆشاوییە هەر لە لەدایكبوونەوە ئاواهین و ئاوابوون؟
ئەی دابەشبوونی ژنان لە هەمان كۆمەڵدا چۆنە؟
ئایا بەپێچەوانەی پیاوانەوە هەموو ژنان خەریكی كایەی هۆشیین و گیرۆدەی
چڵێسی سێكس و خواردن و دەسەڵات نەبوون؟ ئایا ئەوان لە كایەی
ئاڵۆشبازیدا هیچ ڕۆڵیان نییە؟ ئایا ئەوان دەوڵەمەندیی و چەپاوڵ و
پاوانگەریی لە كڕۆكە مرۆییەكەیان كەوڵینەكردوون؟
ئایا دایكان وەك باوكان كوتەككاریی منداڵانیان ناكەن، ئایا خوشكان وەك
برایان كوتەككاریی خوشك و برا گچكەكانیان ناكەن؟ ئایا ژنانی ئیسلامی
وەك پیاوانی ئیسلامی منداڵان بە دۆزەخ ناترسێنن و هەموو پرسیار و
سەرنجێكیان تێدا ناكوژن؟ ئایا فێركارانی ژن وەك فێركارانی پیاو
فێریارەكانیان كوتەككاریی جەستەیی و دەروونی ناكەن؟ هەروەك ئەوان بە
دەمارگیریی ئایینی و ناسیونالیستی و شۆڤێنیزم و فاشیزم گۆشیانناكەن؟
هەروەك ئەوان یەزدان و دەوڵەت و باوك پیرۆزناكەن؟ ئایا ژنانی ڕامیار و
پارتییچی وەك پیاوانی ڕامیار و پارتییچی ژێردەستان بۆ خۆشباوەڕبوون
ڕاناكێشن و نایانكەنە كۆیلەی پارتایەتی، منداڵان ناچەپێنن؟ ئایا ژنانی
دەسەڵاتدار وەك پیاوانی دەسەڵاتدار فەرمانی سەركوتی خەڵك نادەن؟ ئایا
ژنانی سەرمایەدار وەك پیاوانی سەرمایەدار كرێكار و جوتیار و فەرمانبەر
و كرێچی و ..تد ناچەوسێننەوە؟ ئایا ژنانی پۆلیس و ئەمن وەك پیاوانی
پۆلیس و ئەمن خۆنیشاندەران سەركوتناكەن؟ ئایا ژنانی نێو دەزگە
سیخوڕییەكان وەك پیاوان سیخوڕیی ناكەن؟ ئایا ژنانی دەڵاڵی بازار و
دەسەڵات و پارتایەتی وەك پیاوانی دەڵاڵ تاكە ناچارەكان بۆ سەروەران و
سەرمایەداران دەستەمۆناكەن؟
لێرەدا پێش ئەوەی خوێنەری پاساودەر بیەوێت بابەتەكە بەرەو لایەكی دیكە
بەرێت یا تۆمەتبەخشیی بكات، پێویستە ئەوەش بۆ بابەتەكە زیادبكەم، كە:
- هیچ شتێك ناتوانێت پاساوی كوشتن بێت، تەنانەت كوشتنی دڕندەترین
ئاژەڵێش!
- هیچ شتێك ناتوانێت پاساوی جەنگ و سەركوت و لەسێدارەدان و زیندانیكردن
بێت!
- هیچ شتێك ناتوانێت پاساوی پلە-چەندیی و سەركوتكردن و كوشتنی ژنان!
- هیچ شتێك ناتوانێت پاساوی چەندژنە و یاسای کێرسالانەی پارلەمانی
هەرێمی كوردستان بێت!
- هیچ شتێك ناتوانێت پاساوی زاڵیی و سەروەریی پیاوان بێت!
- هیچ شتێك ناتوانێت پاساوی توندوتیژی بێت!
- هیچ شتێك ناتوانێت پاساوی سەروەریی هیچ چین و توێژ و دەستە و خێزان و
کەسێك!
ڕاستییەکەی ئامانجی من لێرەدا لە بەراوردكردن و ڕیزكردنی ئەو
پرسیارانەدا پشتیوانی هیچ پیاوێك نییە، بەڵكو ئامانجم هاندانی پیاوان و
ژنانی ڕەگەزپەرستە [سێكسیستە] بۆ بیركردنەوە و دەربازبوون لە
دەمارگیرییی خودنێوەندبوون، كە ئەوە بنەما كولتووریی و ئابووریی و
ڕامیاریی و ئایننییەكانن مرۆڤ ئاوا دەبەنگ و ئاراستەدەكەن، تا
سووكایەتی بە كەسێك بكات و بە نیوە و لاواز و كەمهوشی بزانێت، كە خۆی
لە ئەو بووە و بۆجارێكیش لەخۆی ناپرسێت؛ چۆن دەكرێت منی هۆشمەند لە
دایكێكی كەمهۆش دروستببم؟ هەروەها ئەوانەی پیاو بە سروشت تاوانبار
دەزانن، ناپرسن چۆن دەكرێ پیاو لە ژن بێت و سروستی لە ژن جیاوازبێت؟
ئایا وەها كەچییەك لە بیركردنەوەدا بۆ ئەو بۆچوونە نادروستە
ناگەڕێتەوە، كە پێیوابوو منداڵ لە پشتی پیاوەوە دروستدەبێت و ڕۆڵی ژن
تەنیا هەڵگرتنی كۆرپەكەیە بۆ ماوەی نۆمانگ و دەبەنگی ئایینی بواری
دیتنی هێلكەی ژنی وەك بەشی سەرەكی و یەكەمی كۆرپەلە نەدابوو؟
بەبۆچوونی من بۆ خۆڕزگارکردن لە جاڵجاڵۆکە و تەلیسمی خۆشباوەڕییەکان،
پێویستە وەڵام بەم پرسیارە بدەینەوە: ئەی ڕۆڵ و هەوڵدانی ڕامیاران بۆ
دەبەنگهێشتنەوەی تاك و توێژ و چینی ژێردەست [پڕۆلیتێرەكان] و
خەریككردنیان بە خێڵگەریی و ناوچەگەریی و شارچیەتی و نەتەوەچییەتی و
ڕەگەزەپەرستی و نەژادپەرستی و شۆڤێنیزم و فاشیزم و خۆشباوەرهێشتنەوەیان
بە پێداویستبوونی مانەوەی سەروەریی و سیستەم و بەرێوەبەرایەتی چینایەتی
[دەوڵەت]، لەم بارەوە چی بووە و چییە؟
١٧\٣\٢٠١٥
ماڵپهڕی ههژێن
|