په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\١٠\٢٠١١

گیرفانى خانەوادەکان و رەحمەتى بڕیارى قوتابخانەکان.


بێستون حەسەن  

 

سستەمى یەک پۆشى لە سەرجەم ناوەندەکانى خوێندن دا بڕیارێکى ئەرێنى و بوێرانەبوو کە وەزیرەکانى خوێندنى باڵا و پەروەردە دایان لە کاتى خۆیدا هەرچەندە دەبوو ئەم بڕیارە ساڵانێک بەر لە ئێستە بدرایە تا جیاوازى چۆنایەتى و چینایەتى لە نێوان قوتابیان و خوێندکاراندا بنبڕ بکردرایە .. هەڵبەت من قسە لەسەر لایەنێکى ترى ئەم بڕیارە ئەکەم کە بۆتە هۆى گللەیی و گازەندەى زۆرێک لە کەس و کارى قوتابى و خوێندکارەکان و هەموو ئەو خانەوادانەى کە کەمتازۆرێک لە ڕووى وەدەست خستنى توانا داراییەکانەوە سنوور دارن و ناتوانن هەموو کات ئەو بڕیارانە جێبەجێ بکەن کە دەدرێ بۆ خزمەتکردنى قوتابى و خوێندکارەکانیان...


ئەگەر کەمێ ڕوونتر قسە بکەم دەمەوێ بڵێم هەر لەگەڵ دەستپێکردنى وادەى ساڵى نوێى خوێندن و قەرەباڵغ بوونى قوتابخانە و خوێندنگەکان لە ئاپۆراى خوێندکاران و قوتابیان ئیدى جۆرێکى ترى پشێوى سەرى هەڵداوە بەوەى هەموو ناوەندێکى خوێندن ئازادانە هاتووە و لەگەلڕ تاجرێکدا یان کۆمپانیایەکى جل و بەرگ یان تازە دەوڵەمەند بوویەکدا ڕێک دەکەوێ بەمەبەستى دابین کردنى پۆشاکى سەرجەم ناوەندەکەیان کە مەبەست خوێندکار و قوتابیەکانیانە.


گرفتەکە لێرەدایە کە ئەگەر بەهەر هۆیەکە بووبێ چۆنێتى ئەو گرێبەستەى کە ناوەندى خوێندنەکە لەگەڵ کۆمپانیاکە دەریدەخات کە دەبێ هەر قوتابیەک یان خوێندکارێک ئەو بڕە پارەیە دابین بکا کە قوتابخانەکە بۆى دەبڕێتەوە و نرخەکەى بۆ دیارى دەکات . ئەمە لەلایەک ، لەلایەکى ترەوە کە دەبێ ئاماژەى پێبدەم ئەوەیە لەهەندێ ناوەند و لە ڕۆشنایی هەندێک لەو گرێبەستانە هیچ بایەخێک نەدراوە بە چۆنێتى و چەندایەتى ئەو پۆشاک و کاڵایەى کە دەفرۆشرێت بە قوتابى و خوێندکارەکە و تەنانەت هیچ پرس و ڕاوێژێکیش بە کەسانى پسپۆڕ ناکرێ.


جێى داخە کە بە بەراورد کردنى چۆنێتى و چەندایەتى ئەو کاڵایە بە هەمان جۆر و نرخانەى کە لە بازاڕدا هەیە جیاوازییەکى ڕٍەها و دییار ئەبینرێ کە ئەمە بۆخۆى بەتاڵاًن بردن و گوێنەدانى گیرفانى کەس و کار و خانەوادەى هەموو ئەو قوتابی و خوێندکارانە دەشکێتەوە کە ڕۆڵەکانیان داوەتە دەست ڕەحمەتى بڕیارى قوتابخانەکان و لەسایەى پەکپۆشی دا زۆرێک لە هاوڵاتیانى کەمدەرامەت دەبنە قوربانى ئەو بڕیار و بارودۆخە.


دەشێ وەزارەتەکان خۆیان هەستن بەو کارە و لە سێ مانگى پشووى هاوینەدا هەموو ئامادەکارییەک بکەن بۆ ئامادەکردنى ئەو سستەمە باش و ئەرێنییەى کە هەیە و کارى پێدەکرێ.لەگەڵ ڕێزدا نەک هەندێ گیرفانبڕ و قۆرخکارێک هەستن بەم کارە جوانەى کە ڕووى ناوەندەکانى خوێندن بە ئاقارێکى گەشاوە و یەک ڕیز خستندا دەبەن و ئەو جیاوازییەى کە هەبوو لەنێوان دەرامەتدار و بێدەرامەتدارەکاندا بنبڕ بکردرایە...


ماڵپه‌ڕی بێستون حه‌سه‌ن

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک