٢٢\٩\٢٠١٦
گرنگە ئەزموونی
١٧ی شوباتی ٢٠١١ باش لەبەرچاو بگیردرێ!

تاهیر حەسەن
وادیارە کۆمیتەیەک بەناوی بەرگری لەمافەکانی خەڵکی پێکھێنراوە تائەوەی
لە ٢٧/٩/٢٠١٦ خۆپیشاندانی سەرتاسەری ڕابگەیەنێت لە پارێزگاکانی
سەربەھەرێمی کوردستاندا. ئاستی ژیان و گوزەرانی چین وتوێژە کرێ
وەرگرەکان لەھەرێمدا ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو سەختی زیاتر دەڕوات،کەچیتر مایەی
تەحەمول کردن نیە بۆیان. حکومەتی ھەرێم و دەسەڵاتدارانی باڵادەستی
حزبی،ھۆکاری ئیفلیج کردنی ژیانی چینوتوێژە زەحمەتکێش و
بەرھەمھێنەرەکانن و خودی قەیرانێکی ئابوری کەبەرھەمھێنراوە تەنھا
بەرھەمی ئەم قۆناخەی ئێستا نیە.بیستوپێنج ساڵی حوکم ڕانی بەرەی درەبەگ
بۆرژوازی کورد،بۆخۆی ھیچکات ساڵێکی بێ قەیرانی تێپەڕ نەکردوەو ھەمیشە
ململانێ حزبیەکان و شەڕکڕدنیان لەسەر خۆسەپاندنیان،بوەتەمایەی
خراپترکردنی ژیانوگوزەرانی چینوتوێژە ھەژارکراوەکان.لەم
نێوەیشدا،بەردەوام ئاستی ناڕەزایەتیە پچڕپچڕەکانیش بونی ھەبوەو
جارناجارە چوەتە قۆناخی ڕژانە سەرشەقامەکانیش.
دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕان لە ٢٠٠٩ دا وادەھاتە پێش چاو کەئەو
بزوتنەوەیە لەخزمەتی بەرژەوەندیەکانی چینوتوێژە زەحمەتکێشەکانی ھەرێمدا
بێت،بەڵام دواجار ڕوون بویەوە کەئەویش نوێنەرایەتی لەچینی ناوەند دەکات
و ھەروەک بزوتنەوە ئیسلامیەکان ھەڵگری ئەو چەمک و
ئایدۆلۆژیایەن،کەدەیانەوێت ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان لەنێو بەرژەوەندیە
چینایەتیەکانی خۆیاندا بەکار بھێنن و دواجار ناڕەزایەتیە
جەماوەریەکانیش بەرەو خامۆشی ببەن و خەبات بگوازنەوە بۆنێو ھۆڵی
پەرلەمان. دواجار بینیمان ئەوان بەئامانجەکانی خۆیان گەیشتن و جەماوەری
کرێ وەرگریش ڕۆژ بەڕۆژ ژیانیان بەرەو خراپتر بوون ڕۆیشت.
ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی ھەرێم لە ٢٠١١ دا،گەرچی لەسەرەتاوە بەشێوەیەکی
باش ھاتە مەیدان،بەڵام دواجار چونکە ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریانە لەڕوی
ڕێکخراو بونی چینایەتی و نەبونی ڕابەرایەتیەکی بەتوانا،بەلاڕێدا براو
لەلایەن بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکانەوە بەرەو تێک شکاندن
براو،مەبەست و ئامانجەکانی خۆپیشاندەران ئاراستەکەی گۆڕا بۆ
پەلاماردانی بارەگای پارتی و دواجار قۆناخ خوێن ڕشتنی تێ کەوت. یەک دوو
ساڵ پێش ئێستایش دیسان ناڕەزایەتیەکان دیسان بەلاڕێدا براو دیسان خوێن
ڕشتنی تێکەوت. دیارە حزبە دەرەبەگ و خێڵەکی و بۆرژواکان،ھەمیشە چەکی
دەستیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان پەلامارەو لەڕێی
ھێزەوە دەتوانن وەڵام بەداخوازیە ڕەواکانی چینوتوێژە زەحمەتکێشەکان
بدەنەوە.
ئێستا کێشەی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان تەنھا کارا کردنەوەی
پەرلەمانە.پەرلەمانیش سوێندی لێخوراوەو گەر ھەمو خەڵکی کوردستان لەسەری
بەکوشت بدرێن،لەلایەن پارتیەوە ڕێگا نادرێت نەکارا بکرێتەوە،وەنەسەرۆکی
پەرلەمانیش بچێتەوە سەر کورسیەکەی. بۆخەڵکی زەحمەتکێشی ھەرێم و کۆی چین
و توێژە کرێ وەرگرەکانی،کارا کردنەوەی پەرڵەمان ئەسڵ نیە،چونکە
پەرلەمان لەھەرێم و وڵاتانی چوار دەوریشدا تەنھا دەورێکی کارتۆنی
دەبنێت و ھیچ بەرژەوەندیەکی تێدا نیە بۆ پێشوەچونی بەرژەوەندیە
پێویستیەکانی ئەو چینوتوێژانەی کە ھەژار کراون. پەرلەمان و
پەرلەمانتاران تەنھا وەک نوێنەری چینی دەسەڵاتدار بونیان ھەیەو مێژووش
شاھیدی ئەو ووتەیە. لەو شوێنەیشدا پەرلەمان توانای کاری بەپێزی
ھەبێت،ھەڵبەت دەبێت لەوێشدا چینی کرێکاری ھۆشیار و ئامادە لەمەیداندا
بونی ھەبێت.
گرنگە ئەو خۆپیشاندانەی قەرارە سەرتاسەری بێت و ئەنجام بدرێت گشت چین و
توێژە زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵگە پشتگیری لێ بکەن،چونکە بەکۆی ھاتنە
مەیدانی ئەو چینوتوێژانە دەتوانرێت ئەڵقەی ڕێکخراوبونەکە بەھێزبکرێت
کەپچڕانی ئاسان نەبێت. ئەگەر ژیان و گوزەرانی چینوتوێژە کرێ وەرگرەکان
باش بکرێت و موچەی تەواویان لەکاتی خۆیاندا وەرگرن،ئەوکات دوکاندارەکان
و خاوەن پاس و خاوەن تەکسیەکان و دەستگێڕەکانیش تا دەگات
بەجوتیارەکانیش سوود مەند دەبن و ڕزگاریان دەبێت لەکزی بازاڕیان و
مەسەلەی قەرز و ئێحراج بونە مەعنەویەکانیشیان. ھاتنە مەیدانەکان بۆ
مامۆستایان گرنگە،ھێندەیش بۆ باوک و دایکی مناڵانی خوێندکاریش
گرنگە،چونکە گەر مامۆستایان خاوەنی موچەی خۆیان بن ئەوکات دەتوانن
ئاستی خوێندن و پەروەرووەیش بەباشی بچێتە پێشەوە. ئەمە بۆ دکتۆرەکانیش
و بۆ کرێکارانی گشت کەرتەکانیش ھەروایە. بیھێننە پێش چاوتان گەر دوو
ڕۆژ کرێکارانی شارەوانی حاویەکان پاک نەکەنەوە،گەڕەک و کۆڵان و شارەکان
دەبنە چ زبڵ خانەیەک،کەواتە ئەرکی ھەرمرۆڤێکی جوامێرە پشتگیری لەدانی
ھەقدەستەکانیان بکات و لەخۆپیشاندانەکاندا خەڵکی گەڕەک و گوند و
شارەکان بچنە پشتی داواکاریە ڕەواکانی ئەو کرێکارانەوە.
جەنگی دژ بەداعش، تەنھا ماڵ وێرانیەکەی بۆسەر ئەو چینوتوێژە
زەحمەتکێشانەیە و بۆ دەوڵەتانی ناوچەکەو دەسەڵاتدارانێک کەئێستا جڵەوی
حاکمیەتیان بەدەستەوەیە،وەک دیاریەکی خودای وایە،چونکە لەنێو گێژاودا
بواری زۆر بۆ دزینی زیاتری قوتی خەڵکی ھەیە. ئەگەر داعش خێرێکی بۆ
دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی نەبوایە ئەوا ئێستا دەمێک بوو لەناویان بردبوو.
بۆیە گرنگە لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا ھێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و
پێشمەرگە نەچنە ژێر ڕکێفی خواستی حزبەکان و خەڵکی نەدەنە بەر ڕێژنەی
فیشەکەکانیان،ئەو خەڵکانەی دەڕژێنە سەرشەقامەکان ھەر لەھەمان ئەو چینەی
ئێوەن ئەی چەکدارانی چەک بەدەست.
خاڵی گرنگ و ئەزمون بەخش لێرەدا ئەوەیە کەڕێگا نەدرێت ئەو حزبانەی وەک
ئیسلامیەکان و بزوتنەوەی گۆڕان دزە بکەنە نێو خۆپیشاندانەکانەوەو وەک
١٧/شوباتی لێ بکەن. سەرکەوتنی ئەم جارەی خۆپیشاندان دەکرێت
بەجیاکردنەوەی ڕیزەکانی خۆیان بێت و دوور لەبەرژەوەندیەکانی ئەو حزبانە
بێت و بەشێوازێکی مەدەنیانە دەتوانن چۆک بەدەسەڵات و حکومەت دابدەن.
١٩\٩\٢٠١٦
ماڵپهڕی تاهیر
حهسهن
|