په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١\٢٠١٣

گرنگی هونەر لە نەخۆشخانەکاندا.


مەریوان جەلال     


بە شێوەیەکی گشتی لەمڕۆدا هونەر بە بەشێکی گرنگی ژیان دادەنرێت وە تێکەڵاوی هەموو باری کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و ئابوریی بووە، لە هەمان کاتدا بۆتە ڕەنگدانەوەی هەموو بوارەکانی ژیانمان وە ناتوانرێت فەرامۆش بکرێت. جا ئەگەرئەم هونەرە لە ناو گەلەرییەکاندا بێت یان لە مۆزەخانەکان وە یاخوود لە ماڵ و شەقام و بازاڕەکان وەیان لەنەخۆشخانەکاندا بێت.


لێرەدا دەمەوێت تایبەتی گرنگی (هونەری گشتی - هونەری جەماوەر- Public art) لە ناو خەستەخانەکاندا وە چ کایگەریەکی دەبێت لەسەر باری دەروونی نەخۆش و وە ژینگەی نەخۆشخانە و کارمەند و هەموو ئەوانەی پەیوەندیان هەیە بەم شوێنەوە.

 


(هونەری گشتی-هونەری جەماوەر- Public art) دەکرێت هەموو بەشەکانی هونەر بەشداری پێبکەین- پەیکەر، فۆتۆگراف، رووناکی، وێنەکێشان، وێنەی جووڵاو و بڕۆجێکشن، بیناسازی کاری شووشە، کاری بەئاسن بکرێت، نوسین یان دەق، چنین، (هونەری گشتی-هونەری جەماوەر- Public art) دەکرێت کە شێوەی گەورە یان پچووک بێت، لەسەر دیوار بێت یان بە پێوانەی گەورە بێت کە شێوێنیکی گەورە داپۆشێت. دەکرێت لە دەرەوە بێت یان لە ناوەوە، وە هەرووەها دەکرێت کارێکی کاتی بێت یان هونەرمەند تەنها بۆ چەندا کاتێک نمایشی بکات و وە بیگۆازێتەوە شوێنێکی تر. دەکرێت کە کارە هونەرییەکە پەیوەندی بە کەلتوور و کەلەپووری و خواستی کۆمەڵگا و ناوچەکەوە بێت یان بە ڕەنگ و ماددەی ئەو شوێنەوە بێت.


ئەوەی کە زۆر سەرنجی ڕاکێشام بۆ نووسینی ئەم بابەتە کردنەوەی ئەو پیشانگەیەیە کە ئەمرۆ لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بە تایبەتی ئەکرێتەوەو وە پاش تەواو بوونی پیشانگەکە کارەکان کۆدەکرێتەوە دەگەرێنەوە بۆ ناو ماڵی هونەرمەند و دەبێتە خۆراکی تۆز و خۆڵ. لەولاشەوە کە زۆر لە دیواری شوێنەگشتیەکان بەتاڵن. وە ئەگەر لەو شێونانەش تابلۆیەک یان کارێکی هونەری هەبێت ئەوە بە هەوڵی تاکە کەسێک کراوەو نەبۆتە پڕۆژە و خەمی گەورەی دەسەڵاتداران و تەنانەت دەزگا هونەرییەکانیش وە چۆن هونەر بخەنە خزمەتی مرۆڤایەتیەوە. کردنەوەی پیشانگە و پڕکردنی هۆڵ و گەلەرییەکان تەنها ڕێگا نین بۆ پیشاندانی کاری هونەری کە بە بڕوای من دەکرێت هونەرمەند لە هەرچ بوارێکدا بێت دەکرێت بەشداری هەبێت لە هونەری جەماوەری دا.


گەورەبوونی شار و وە دوور کەوتنەوەی خەڵک لە ناو شارو وە دروست بوونی گۆمەڵگا گشتیەکان لە خانوو و بازاڕ تەنانەت لە ئێستادا هەندێک لە بەرێوبەرایتیەکانیش کەوتونەتە دەرەوەی شار، کە ناکرێت هونەرمەند ئەمانە بێبەش بکات لە بینینی کاری هونەری نمایشە هونەرییکانی خۆی. وە لەلایەکی ترەوە سەرقاڵبوونی خەڵک لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی ژیاندا ڕوو لە زیادبوونە بەڵام ناکرێت بڵێن کاریگەری هونەر کەم دەبێتەوە بەڵکو بەڕای من ئێستا زۆر لە جاران بە گرنگ تری دەزانم وە ئەگەر واش نیە کەواتە کردنەوەی ئەم هەموو پەیمانگە و کۆلێژە هونەریانە بۆچی؟ وە کاریگەریان چیە لەسەر پێکشەوتنی هونەر؟


شوێنەگشتیەکان وە باتیبەتی نەخۆشخانەکان کە رۆژانە خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن تائێستا بە شێوەیەکی بەرفراوان لای لێ نەکراوەتەوە، هەروەک لەسەروە باسم کرد هەوڵە تاکەکان هەمیشە بەردەوامن و وە کاریگەری کاتی لای بینەر درووست دەکات، بەڵام نەبووەتە کارێکی بەردەوام و بەردەوامی وەربگرێت وەک کردنەوەی پیشانگە لە ناو خەستەخانەکاندا چ لە بەشی منداڵان یان گەورە، دانانی کاری هونەری لەناو باخچەو دەورووپشتی ئەم شوێنانە.


گرنگی پێدانی ئەم پڕۆژانە لە شۆێنێکی وەک نەخۆشخانەکان ژیان لەبەردەم کەسانی نەخۆشدا جوانتر کراوەتردەکات و هیوای زیاتریان پێدەبەخشێت. بۆ چەند ساتێکیش بێت لەو ئازار و گرفتانەی هەیەتی دووریان دەخاتەوە.


ئامانجی سەرەکی هونەری گشتی دروستکردنی ژینگەیکی چاککەرەوەیە کە دڵخۆشی و حەوانەوە دەبێتە لەبیربردنەوەی ئازار لەلای نەخۆش، ژینگەیەکە کە نەخۆش وەڵامی خۆی تیادا وەردەگرێت، دەبێتە هۆی سەرنجڕاکێشان و جووڵەو خۆشی بۆ نەخۆش و کارمەندان و وە هەرووەها ئەوانەی سەردانی خەستەخانە دەکەن. دەبێتە ناسنامەیەکی بەهێز بۆ خەستەخانەکەو ڕەنگدانەوەی کەلتوور و ناسنامەی ئەو کۆمەڵگایە. دروستکردنی ژینگەیەکی نایاب لەکارکردن بۆ کارمەندان. بەشداریکردن لەگەڵ کەرتی گەشت وگوزاری بۆ ئەو ژینگەیە. دەبێتە هۆی لەدایکبوونی هەستی شانازیکردن بە شارستانیەتیەوە وە دەبێتە هۆی کارئاسانی بۆ دۆزینەوەی ئەو شوێنە. هەرروەها دەکرێت ئەم پرۆژەیە بە شێوەیەکی زۆر سەنگین کاری بۆ بکرێت و هونەرمەندان و پیشەوەرانیش ببنە بەشێک لەم پرۆژەیە.

 
کاری بە کۆمەڵ یان دەکرێت سەرەتا بە هەندێک کاری کاتی دەست پی َبکرێت تا جەماوەر یش ببێتە بەشێک لەم پرۆژەیە، ئەگەر چی ئێمە مێژوویەکمان لەم کارانەدا نیە و وە ئەوەشی کراوە نازانین چییە و لە کۆی کراوە، وە ئەمرۆشی لەسەر بێت چۆن ئەو هەموو پیشانگە هونەرییانە دەکرێنەوە بە تەنها بە هەواڵێک لە بەرنامەکی تەلەفزێون یان رۆژنامەیەکدا دەیان بینیت وە لە ماوەیەکی کەمدا لە بیری بینەردا دەسڕێتەوە.


دەکرێت دەزگا هونەرییەکان خۆیان ڕاستەوخۆ ئەوپەیوەندییە لەگەل َنەخۆشخانەکاندا دروست بکەن کارووچالاکییەکانیان بگۆێزنەوە بۆ بەردەمی بینەر لەو شوێنە گشتاینە بەمەش پەیوەندیەکی رۆحی لەلای بینەر دروست دەبێت بەرامبەر بە هونەرمەند. دەکرێت کاری زۆر تایبەت بەو شوێنانە بکەن نموونەی کاری هونەریش زۆرن کە هونەرمەندان تایبەت بە خەستەخانەکان کردوویانەو لە رێگای کارەکانیشیانەوە پەیامە مرۆڤایتەکانی خۆیانیان گەیاندووە وەک کاری هونەرمەند Tom Otterness کە کارەکانی لە زۆربەی شوێنەگشتیەکاندا دەبینرێت بە شێوەیکی زۆر سادە گوزارشت لە پەیامەکانی دەکات وە هەندێک لە کارەکانی بوونەتە بەشێک لەو یاریانەی کە لەناو پارکی نەخۆشخانەکاندا دانراون بۆ منداڵان. بۆ ئەم کارانەش ماتریاڵی جیاواز و رەنگی کراوە بەکار هاتوون تا دڵتەنگی و ناخۆشی لای نەخۆش وکەسی نەخۆش کەم کاتەوە.


وە دەکرێت ئێمەش چاو لەو بابەتانە بکەین و کاری هونەرمەندانی ئێمەش ببێتە بەشێک لە هەڵمەتی ووشیاری و ڕازاندنەوەو بەگەرخستی ئەو شوێنە گشتیانە. بە سوود وەرگرتن لە ئەزممونی یەکتری و وە ئەزموونی کارە جیهانیەکان، وە ئەمەش دەبێتە یاردەدەرێکی گیانی بۆ پزیشک و کارمەندەکانی ناو نەخۆشخانەکان وە هێوەرکردنەوەیەکی دەروونیش دەداتە نەخۆش وە هەرووەها بوونی چەند تابلۆیەک یان هەرکارێکی هونەری لە ژووری چاوەروانیدا دەبێتە جێی سەرنج ڕاکێشانی ئەو کەسانەی لەوێدان و وە بێزاری چاوەروانکردنیان ناهێڵت و وە هەرووەها ئەمە بۆ نەخۆشخانەکانی منداڵان زۆر گرنگە بە تایبەتی کە منداڵ تۆیژێکی ناسکەو بەتایبەتیش لە کاتی نەخۆشیدا زۆر نائارام دەبێت وە لەم ڕێگایەوە کەش و هەوایکی جیاوازی بۆ دەخوڵقینرێت دەکرێت کەمێک ئارامی پێببەخشرێت وە هەرووەها کەش و هوای ناو نەخۆشخانەکەی لا خۆشەویست تر دەکەیت وە ترسەکانی لە نەخۆشخانە ئەڕوێنیتەوە.


ماڵپه‌ڕی مه‌ریوان جەلال
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک