په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٠\٢٠

گرنگییەکانی چیڕۆکە ئەفسانەییەکان بۆ منداڵان.


رەزا ساڵح         


(ئه‌لـبێرت ئەنیشـتاین) دەڵێ:" گەر دەتـەوێ منـداڵەکەت زیـرەک بێ، چیڕۆکی خەیـاڵی بۆ بخـوێنـەوە. گەر دەتـەوێ زیرەکـتر بێ، چیڕۆکی خەیـاڵی زیاتـری بۆ بخـوێنـەوە..".

زاراوەی "چیڕۆکی ئەفسانەیی" و "چیڕۆکی خەیاڵی" لە زمانی کوردی و لە زمانەکانی زۆربەی گـەلانی جیهـانیشدا، بە دوو زاراوەی هـاومان دادەنرێـن، بە زۆریـش لە جـێی یەکتری بەکـاردەهـێنرێن. لەم نووسینەمـدا هـەردوو وشەکەم بەکارهـێناون. هەنـدێ لە نووسەرانی بواری فۆلکـلۆر، ئەوەیان پێ باشە، کە بۆ چیڕۆکە ئەفسانەییەکان، زاراوە ئەڵمانییەکە (مارچـین) یا (چـیروكه‌ سه‌یـره‌كـان) بەکاربهـێنرێ.

چیڕۆکە ئەفسانەییەکان، چیڕۆکی خەیـاڵئامێزن، بەشێکی دیاریکـراون لە چیڕۆکە میللییەکان. ئاسان نییە کە بتوانین جیاوازی لەنێوان ئەم دوو جۆرە چیڕۆکەدا بکەین. هەردوو جۆرەکەش بەشێکـن لە فـۆلکـلۆر.هەر نەتەوەیەکیش لە نەتەوەکانی جیهان، خاوەنی چیڕۆکی ئەفـسانەیی تایبەت بە خۆیانن و شانـازی پێوە دەکـەن. کـۆمەڵـێک چیڕۆکی ئەفـسانەییش هـەن، بـوونە بە چیڕۆکی گـلۆباڵـیزمی، هەر نەتەوەیـەک بە چیڕۆکی خۆیـانی دەزانـن.

چیڕۆکە ئەفسانەییەکان، جۆرێکن لە چیڕۆکی کورت. بە زۆریش تایبەتن بە منداڵانەوە.


جیاوازی ئەم چیڕۆکانە لەوەدایە، کە بە زۆری لە چوارچێوەیەیەکی جـادوویی دان و بە بە گـشتی جـادوو بنەمـای سەرەکی و بەشـێکە لـەم چیڕۆکە ئەفـسانەییانە، پاڵـەوان و کەسایەتی و کارەکتەرەکانی خەیـاڵی و ئەفـسانەیین، وەکو:"جـنۆکە، شـەوە، جادوگـەر، دیـۆ و درنـج، ئەژدیها، رمـۆزن، مەڕنەمووکە، لـۆژەنـد، ئەرژەنگ، چەتەوڵ، شۆمقار، سیمرخ، ئەسپی باڵـدار، گۆڕنەتـەڵە، مـاری حەوت سەر، پەنجەبـاڵا، چەرخ و فەلـەکی ئەفسووناوی، قەقنەس، چەندین دەعبای خەیاڵی تر" یا دەربارەی رووەک و هێزەکانی سرووشتین وەکو:"باران، بەفر، بروسکە، رەشەبا و زریان، لافاو، گەرما، گەردەلوول، داربـەڕوو، دارگوێـز، گـوڵ، سـیۆ،...هـتد" هەموو ئەم رەگەزانەش، تایبەتمەندییەکانی مرۆڤـیان هەیە،باوە کە لە چیڕۆکە ئەفـسانەییەکاندا، ئاژەڵان قسە دەکەن، دار دەڕوات، باڵنـدە بە زمانی کوردی قسەدەکـا. شاخ دەتـۆرێ، گـوڵ زیـزدەبێ، پەپوولە گلەیی دەکـا، هەتـاو پێـدەکەنێ، ئاژەڵەکـان بۆ سەرکەوتن بەسەر کێشە و کۆسپەکـان و نەیارەکـانیادا یەکدەگـرن،فریشەکان دەبن بە فریاڕەسی لێقەوماوان، سیمرخ دەبێ بە تاکسی ئاسمان، چەرخ و فەلەک دەبێت بە کەشتی ئاسمانی و لەسەر ئەستـێرە گەشەکـان دەنیشێتەوە. منـداڵانیش ئەمانەیـان پێ سەیـر نین و ناشـپرسن،کە چـۆن ئـاژەڵ دەدوێ، یا چـۆن باڵندە فـێری زمانی کوردی بووە، یا چـۆن ئەسپ باڵی هەیە و دەفـڕێت، چـۆن مانگ سەردانی زەوی دەکـا؟

بەشێکی زۆریش لە چیڕۆکە ئەفـسانەییەکان، پاڵەوان و کارەکتەرەکـانیان کەسایەتی مـرۆڤ، وەک (شا، شاژن، شازادە، میـرزادە، جـووتیار، شـوان، لاو، منـداڵ، پیـرەژن، ریش سپی، فاڵـچی، جـادووگەر،...هتـد).

ئەم چیڕۆکانە پـڕن لە کاری جادوویی، سەرکێشی، جەربەزەیی، ملهوڕی، شەڕانگێزی، پێکەنین، گریـان، خۆشەویستی، تـرس، ئیرەیی، هەڵخەڵەتـاندن، کـاری لە توانابـەدەر.


زۆر جـار پاڵەوانەکـانیان، لە شەڕێـکی دژواری دەستەویەخـەدان، بـەڵام لە کۆتـاییدا، بەسەر هەمـوو مەترسیـیەکانـدا، زاڵـدەبن و نەیارەکـانیان دەبەزێـنن و سەردەکـەون و ئاهەنگی خۆشی دەگێڕن. سەرکەوتن هەردەم یاوەری ئازایانی کۆڵنەدەر و پیاوباشان و چاکەخوازان و ژیر و داناکانن.بە زۆریش کچـانی جـوانی شاکان، دەبـن بە دەزگـیرانی کوڕانی ئازا و سەرکێش و براوەی گرەو و مەرجەکانی شاکان، یا میرزادە جوانەکانی و رزگـاربووی جادوولێکـراوەکـان.

پەنابردن بۆ جادوو لەم چیڕۆکانەدا ناچارییە، چونکە ئامانجەکـان بە رێگـای ئاساییەوە نایەنـەدی، دامـان و رامـان و بێ دەسـەڵاتی پاڵـەوانەکـانیش دەگـەنە لـووتـکە، لە رێی جـادووە و ئامانجەکـان دێنـەدی، بە خـۆشی و شـادی کۆتـاییان دێ.

هەنـدێ جـاریشجـادوو بۆ نیاز و مەبەستی خراپ بەکاردەهـێنرێ، بەڵام بە زۆری ئەم جـادووە خـراپانە، لە کۆتـاییدا بە کـارێکی چاکە و خـێرخوازی، بەتـاڵ دەکرێنەوە. وەکو لە چیڕۆکی (بەفـرین) و (شـازادە و بـۆق) و چەنـدین چیڕۆکی تـردا.

تەنـانەت بەشـێکی زۆر لە چیڕۆکنووسان و رۆماننوسانی ئەم سەردەمەش، پەنایان بۆ جـادوو بردوون. بۆ نموونە، خاتوو (جـوان رۆلینگ: ١٩٦٥ـ لە ژیان دایە) نووسه‌ری چـیرۆكی (هـاری پـوتـه‌ر)، کە بە شاکـاری بـەرزی جـیهـانی ئـەدەبی منـداڵان دادەنـرێ. جـوان رۆلـینگ بۆ ئەنجامـدانی کارێکی لە تـوانابەدەر و سەرکەوتن و زاڵـبوون بەسەر تەگەرەکان و نەیاری پاڵەوانی سەرەکی چیڕۆکەکەی (هـاری پوتـەر) پەنـای بـۆ جادوو بـردووە، نەیتـوانیوە لـە چـوارچـێوەی چیڕۆکی ئەفــسانەی کـلاسـیکی دەربچـیت.

لە چیڕۆکی ئەفسانەیی کوردیشدا، چیڕۆکی (پیرەژن و چەرخوفەلک) کە پیرەژن لە رێی جادووەوە بە چەرخوفـەلکێک دەفـڕێت. شاعـیری گەورەی گەلەکەشمان ئەحمەدی خانی (١٦٥٠ـ١٧٠٧) لـە شاکـارە جیهـانییە نەمـرەکەیـدا (مـەم و زیـن) پـەنـای بـۆ جـادوو بـردووە.لە (ئیـنجـیل) و (قـورئـان) یشـدا، چـەنـد چیڕۆکـێکی ئەفـسانەیی هـەن.

لە دوای هەموو شتێک هەروەکو چیڕۆکنووسی بەناوبانگ (هانز كریستیان ئه‌نده‌رسین) جـارێکـیان وتی:"ژیـان خـۆی نایـابتـریـن چیڕۆکـی ئەفـسانـەییـە ".

مێـژووی چیڕۆکی ئەفـسانەیی:

ئەستەمە کە بتوانین بە شێوەیەکی کۆنکـریتی، رەسەنـایەتی و مێـژوو و کات و شوێنی سەرهەڵدانی چیڕۆکە ئەفسانەییەکان دیاری بکەین. بە تایبەتیش ئەو چیڕۆکانەی کە بە زارەکی گـێڕاویانەتەوە. بەڵگە نووسراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە مێـژووی چیڕۆکە ئەفـسانەییەکان بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە. ئەم چیڕۆکانە بە زارەکی و بە شـێوازێکی درامی، نـەوە لە دوای نـەوە گـێڕاویانەتـەوە و گواسـتوویانەتـەوە، تا بە ئەمـڕۆ گەیشـتوون. ئـەو دەقـە چیڕۆکە ئەفـسانەییانەی کە لە ئەمـڕۆدا دەیـانبـینین، بە درێـژایی ساڵانیرابـردوو دەستکـاری کـراون و گـۆڕانکـارییان تێیانـدا کـردوون. بـۆیە سەیر نییە کە بە چەند شێوازی جیاواز، چیڕۆکە ئەفسانەییەکان بەرچاومان دەکەون، یا بۆمان دەگـێڕنەوە. لەگەڵ ئەوەشـدا، بەشێک لە چیڕۆکە ئەفـسانەییەکان لە فۆلکلۆری گەلان و وڵاتانـدا لەیەکـدەچـن، گەرچی جیاوازی لە کات و شوێنیانـدا هـەن. بۆ نموونە: چیڕۆکی ئەفسانەیی (کۆڵـوانەسوور) لە ئێستا وەکو یەکـێک لە چیڕۆکەکانی نووسەری فەرەنسی (چـارلـز پیـرۆ: ١٦٢٨ـ ١٧٠٣) دەخوێنـرێتەوە. بەڵام لە راستـیدا، مێـژووی ئەم چـیرۆ بۆ زیـاتر لە هـەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتـەوە.

چیڕۆکی کۆڵـوانـەسوور لە دەقـە کۆنەکەیـدا، دەربارەی کچێکی بچووکە، کە زەمبیلێک کـێکی پێـیە، کە بیـبات بـۆ داپیـرەی، رێگـاکە کەوتـۆتە نـاو دارسـتانێکەوە. گورگـێکی نەگـریس رێ لە کۆڵـوانەسوور دەگرێت، ئەوەی لێبیست کە بۆ مـاڵی داپیـرەی دەچـێت، کە لە ئەوپـەڕی دارستانەکەدایە.. لەم دەقـە کۆنـەدا، گوورگـە داپیـرەی دەخـوات.

بەڵام لە دەقەکانی دواییدا دەستکاری کراوە، داپیـرەی خۆی دەشارێتەوە، گورگةەش لە جێگـای داپیـرە راکـشاوە و چـاوەڕێی کۆڵـوانەسوور دەکـات، کە بێـت و بیخـوات. بەڵام (دارەکەرێک) لە هەندی دەقی تردا (راوكه‌رێک) دەبێت بە فـریاڕەس و کۆڵوانەسوور و داپرەی رزگـار دەکـا. چیڕۆکەکە بە مـەرگی گـورگـەکە و بە خـۆشی کـۆتـایی دێـت.

لە دەقـی ئەم چیڕۆکەدا بۆ منـداڵان، لە ئـەدەبی فـۆلکـلۆری (چـین) دا، کە مێـژووی بۆ زیاتر لە (١٢٠٠) سال پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، لە جیاتی گورگەکە، پڵنگێکی نەگریسە.

لە دەقە کۆنەکەیدا، چیڕۆکی ئەفـسانەیی (بەفـرین)دا،بەفـرین وانە و پەنـد لە هەڵەکەی فـێردەبێت، بەڵـێنی ئـەوەش دەدا، کـە دووبـارە سەرپێـچی لـە ئامـۆژگـارییەکانی دایـکی نەکات. کە دەچـێت بۆ مـاڵی داپیـرەی پلانێکی پاراستـنی بۆ دانـراوە، لە گـورگ نزیـک نابێتەوە، نیـاز و رازی خـۆی بۆ گـورگ بـاس ناکـات.

لە چیڕۆکی (بەفرین) دا، کە داهێنەری فیلمی کارتۆن و سینەماکاری ناسراوی ئەمریکی و جیهـانی (واڵـت دیـزنی: ١٩٠١ـ١٩٦٦) کردوویـە بـە فـیلمی کـارتـۆنی ئەنیـمەیـشن، دەستکاری دەقـەکەی کـردووە، زۆری لێ گۆڕیـوە. بۆ نموونە لە پێشەکی ئـەم فـیلمەدا، واڵت دیزنی نووسیوێتی:"جارێکیان شازادەیەکی جوان، ناوی سنۆوایت (بەفرین)بوو، قژێکی رەش وەکو شەو، لێوەکانی سووربوون وەکو گوڵ، پێستی سـپی وەکو بەفـر".


بەڵام لە دەقـە کلاسیکییەکەیـدا، پێشـەکی ئـەم چیڕۆکە، بـەم شێوەیـەیە:" جارێکـیان لە ناوەڕاستی زستانـدا، کە بەفـر وەک پـەڕی سپی لە ئاسمانەوە دەهـاتە خـواروە،شـاژن لای پەنجەرەیەکی کۆشکەکەوە دانیشتبوو، خەریکی دروومان بوو، داری پەنجەرەکەیان لەداری ئەبەنـۆسی رەشبـوو.شـاژن لـە دیمـەنی بەفـربـارینیەکـەی دەڕوانی، خـەیاڵ بـردییەوە. لە پڕێکـدا دەرزییەکە چوو پەنجە تووتەی دەستە چەپیدا، خوێنی لێهات، سێ تنۆک خوێنی ئاڵ کەوتنە سەر بەفـرەکە. شاژن لەبەر خۆیەوە وتی: ئایا منداڵێکم دەبێت، سپی بێت وەکو بەفر، سوورە بێت وەکو خوێن، قـژی رەش بێت وەکو داری چوارچێوەی پەنجـەرەکە؟". دەبینین ئەم پێشەکییە دەوڵەمەنـدە بە وشـەی جـوانی زمـان، منـداڵان بە خوێندنـەوەی یا بە بیستـنی ئەم پێشەکییە، چـێژ لەو وشـە جوانـانە وەردەگـرن.

دوو تیۆر هەوڵی ئەوەیان داوە، کە رەسەنایەتی و رەگەزە هاوبەشەکانی نێوان چیڕۆکە ئەفـسانەییەکـان لێکبـدەنەوە. کە لەنـاو گـەلانی هەمـوو کێـشوەرەکانـدا بڵاوبـوونـەتەوە.


تیـۆری یەکـەم، دەڵێ: هـەر چیڕۆکێکی ئەفـسانەیی دیاریکـراو، لە رەسەنـایەتی یـەک سەرچاوەوە سەری هەڵـداوە. دوایش بە درێژایی ساڵان بڵاوبۆتەوە و لە کولتوورێکەوە بـۆ کولتـوورێـکی تر گوێـزراوەتـەوە.

تیۆری دووەم: ئاماژە بەوە دەکا، کە چیڕۆکە ئەفسانەییەکان، بەری ئەزموونی هاوبەشی مـرۆڤـایەتیـن، کە لـە دوییـدا بـە شـێوازێـکی رەسەنـایەتی جیـاواز دەرکـەوتـوون.

تا ئەمڕۆش چەنـدوچـوون دەربـارەی لێکـدانەوەی ئەم دوو تیۆرە هەیە، ساغ نەبۆتەوە کە کامیـان راسـتە.. دەشێـش لە تـێکـەڵی هـەردوو تیـۆرەکە پێکهـاتـبن.

چیڕۆکەکـانی، ئەفـسانەنووسی بەناوبـانگی یۆنـانی (ئیـزۆپ : ٦٢٠-٥٦٠ : پ. ز)لە نێوان یەکەمین چیڕۆکە ئەفـسانەییە نووسراوەکانە، کە لە هـەموو جـیهانـدا ناوبانگـیان دەرکـردووە.بەشێکی زۆریشیان بۆ سەر هـەموو زمانەکانی گەلانی جیهان وەرگێڕاون.


نووسەری رۆمـانی (فـویـدرۆس) لە ساڵی (٣٢٠) ی پێش زایینی، بەشێک لە چیڕۆکە ئەفـسانەییەکـانی( ئیـزۆپ) ی وەرگـێڕانەتە سـەر لاتیـنی. ئیـزۆپ، زیـاتـر لە (٦٠٠) چیڕۆکی ئەفـسانەیی نـووسـیوە.

چیڕۆکنووسێکی تـری یۆنـانی، بە نـاوی (هـیزیـۆدۆس) لـە پێـش ئیـزوپ، لـە سـاڵی (٨٠٠) ی پێش زاینی کۆمەڵـێک چیڕۆکی ئەفـسانەیی نووسـیوە.

چیڕۆکە ئەفسانەییەکانی، فەیلەسووفی هیندی (به‌یده‌با) ‌ له‌ژێر ناوی (كلیله‌ و دیمنه‌)دا، مێـژووی ئەم چیڕۆکە ئەفـسانەییانەش بۆ سـاڵانی پێـش زاینی دەگـەڕێنەوە.

نووسەری بە ناوبانگی فەرەنسی (جان دی لافـۆنتین : ١٦٢١-١٦٩٥) لە پەرتووکێکی دوانـزە بەرگـیدا (٢٤٣) چیڕۆکەشیعـری ئەفـسانەی نووسیون و چـاپی کـردوون.

(چارلـز پـیرۆ: ١٦٢٨ـ ١٧٠٣) نووسەرێکی فەرەنسی بە ناوبانگە و بە کەڵەنووسەری چیڕۆکە ئەفـسانەییەکانی منـداڵان دادەنـرێ، کۆمەڵـێک چیڕۆکی ئەفـسانەیی بۆ منـداڵان نووسـیووە، کە هەنـدێکـیان بە شاکـاری جیهـانی ئـەدەبی منـداڵان دانـراون. لەوانـەش: سانـدرێـلا، یا (سانـدرێلا و پێڵاوە شووشەییەکە)، کۆڵـوانەسوور، شۆخـە نووستووەکە، ریش شیـنەکە، پشـیلەی چەکمـەلـەپێ.


برایانی ئەڵمانی (یاكـوب كـارڵ گریـم : ١٧٨٥- ١٨٦٣) و (ولیـه‌م كارڵ گریـم: ١٧٨٦-١٨٩٥) لە ساڵی (١٨١٢) دا (١٥٦) چیڕۆکی ئەفـسانەییان، کۆکـردنەوە ودووبـارە نووسییاننـەوە و لەژێـر نـاوی (چـیرۆك بـۆ منـداڵان و مـاڵان) لە بەڕلـین چاپکـراوە.

هەر لە شێوازی برایانی گریمی ئەڵمانی، دوو چیڕۆکنووس و فـۆلکلۆریستی نەرویجی، ناویـان (پیـتەر کـریستین ئـاسبیورنسن: ١٨١٢ـ ١٨٨٢) و (یـۆرگـن ئینگـبریتسن مـۆ: ١٨١٣ـ ١٨٨٥) لـە نێـوان سـاڵانـی (١٨٤١-١٨٤٤)یەکـەمیـن کۆمـەڵـە چیڕۆکی ئەفسانەیی نەرویجییان کۆکردنەوە و نووسییانەوە و لەژێـر ناوی (چیڕۆکە نەرویجـیـیە میلـلییەکـان) دا چـاپیان کـرد، کە بەشـێکیزۆریـان بۆ منـداڵان دەشــێن.

کەڵە چیڕۆکنووس و شانـۆنووسی بەناوبانگی دانیـمارکی و جیهـانی، (هـانـز كریسـتیان ئه‌نـده‌رسن: ١٨٠٥-١٨٧٥).هـانز ئەنـدەرسن بە بـاوکی چیڕۆکی منـداڵان لە جیهـانـدا دانـراوە ، هـانز لە ساڵی (١٨٣٥) دا یەکـەمین پەرتـووکی خـۆی لەژێـر ناوی (چـیرۆكه‌ ئەفـسانەییەکـان بـۆ منـداڵان) چاپکـرد و بـڵاوی کـردەوە. لەوانـەش ( پێـڵاوی سـوور، تۆمالیزا، کچە شقارتەفـرۆشەکە، کاڵای باڵای ئیمپراتـۆرە تازەکە، جـووچـکە مراوییەکی ناشیرین، شازادەی بەفـر، کچە شـوانەکە، قـازە کێوییەکان، سەربازێکی تەنەکە، پەرییە بچکۆلەی دەریـا، شازادە و دەنکە فاسۆلیا، چیڕۆکی دایکـێک، رۆژنامەنووس،... هتد)تێکـڕا هـانـز ئەنـدەرسـن (١٥٠) چیڕۆکی ئەفـسانەیی بـۆ منـداڵان نووسـیوە. ژمـارەی پەرتـووکە چاپکـراوەکـانیشی (١٦٨) پەرتـووکـن.

چیڕۆکنووسی بەناوبـانگی ئینگـلیزی (لـویس كـارۆل: ١٨٣٢- ١٨٩٨)، کە چیڕۆکی (ئەلـیس لە وڵاتی عـاجـباتییەکـان) ی نووسیوە، کە بە شاکـارێکی چیڕۆکی ئەفسانەیی منـداڵان لە جیهانـدا دادەنرێ. پاڵەوانی ئەم چیڕۆکە کچێکی بچـووکی (١٢) ساڵانە، بە ناوی (ئەلـیس) ەوە. دەکەوێتە وڵاتـێکی ژێـر زەوییـەوە، کە خەڵکـییەی لەگـەڵ مـرۆڤی سەرزەویدا زۆر جیاوازن، شتی عاجباتی وسەیرلە وڵاتەکەیاندا هـەن. لە دواییدا ئەلیس بە هـۆی جادووگـەرێکەوە، دێتـەوە سەر زەوی و دەگـەڕێتەوە بـۆ مـاڵی خـۆیـان.

جـوانی لە چیڕۆکە ئەفـسانەییەکانـدا:

زاناکـان دەڵێن چیڕۆکە ئەفسانەییەکان، جەخت لەسەر جـوانی دەکەن، نموونەی جوانی مێـینە و گرنگـیدان بە بـەژنی جـوان پانتـاییەکی زۆریـان لە چیڕۆکە ئەفـسانەییەکـاندا، گرتوونەتـەوە، ئاماژە بەوە دەکـرێ کە جـوانی و ناشێرینی لە (٩٤%) چیڕۆکەکانن. لە چیڕۆکی (سانـدرێـلا) دا (١١٤) جـار ئامـاژە بە جـوانی مێـینە کراوە، بەڵام (٣٥)جـار ئاماژە بە جـوانی نێـرینە کـراوە.

لە پەرتووکەکەیبرایانی گریمی ئەڵمانی (جاكوب و ولیەم) کە چیڕۆکەکانیان خەیاڵی و ئەفـسانەیین، کە سەرەتای لەسەدەی حەڤـدەیەمـدا بە زمـانی ئەڵمانی نووسیویانە و لە ساڵی (١٨٥١) دا وەریـان گـێڕاوە بـۆ ئینگـلیزی، بـە زۆری کەسایـەتییە شەڕخـواز و بەدکـارەکـان، کەسانی ناشـیریـن و بـەدن. کارجوانەکـانیشکەسانی بـاش جـوانـن.

زۆربەی پاڵەوانەکانی چیڕۆکە ئەفسانەییەکان، لە کچە شۆخ و جوانەکانن، کە گوزارشت لە دڵپـاکی و چـاکە و کارجـوانی و خۆشی و سـۆزداری و خۆشەویستی و ژیـان دەکەن. ناشیرینەکانیش کە لە (١٧%) ی چیڕۆکە ئەفـسانەییەکانن، گوزارشت لە شەڕخوازی و بەدکاری و ستەمکاری دەکەن. جوانی و ناشیرینی، وەکو توانـای هـەر کەسایەتییەک بۆ بـاشی و خـراپی بەکـاریان هـێناون. بـەڵام بەدەریـش لـەم یاسـا و بۆچـوونـەدا هـەیە بۆ نموونە: باوەژنەکـەی بەفـرین ژنێکی جـوان بوو، بەڵام نیاز و رەفـتاری بەد و ناشیرین و خراپ بوون. لە چیڕۆکە ئەفـسانەییەکاندا، زەحمەتە کەسانێکی ناشیرین بـدۆزرێنەوە، کە دلـۆڤـان و دڵپـاک بـن.

کەواتە پەیـوەندییەکی گـەورە لە نێـوان جـوانی و چـاکەدا هـەیە، بە پێچـەوانەشەوە، لە نێـوان ناشةیرینی و تەمـەڵی و خـراپە و شـەڕدا هـەیە.

لە بەشـێکی زۆر لە چیڕۆک بۆ منـداڵان، کچـێکی بچـووک و ژیـر و زیـرەک و جـوان بـووە بە پاڵـەوان یا کەسایەتی سەرەکی چیڕۆک.

لە زۆر زنجیرە دراما و فیلمی سینەماییدا، رۆڵی سۆزداری و خۆشەویستی و جوانکاری و دلۆڤـانی، دراوە بە کچێکی جـوان یا کوڕێکی شـۆخ و شەنگ یا پێکەوە رۆڵیان هەیە. رۆڵی شەڕخوازی و دڵڕەقی و بەدکاری و خـراپە، بە زۆری دراوە بە کچێک یا کوڕێکی رووخسار ناشیرین. وەکو وتمـان بـەدەر لەم یاسایەشـدا هـەن.

لە زۆربـەی چیڕۆکە ئەفـسانەییەکـانـدا، کـات و شـوێـن دیـاری نەکـراون. بە زۆری، بە پەرگـرافی جارێکـیان دەست پێـدەکەن. چیڕۆکە ئەفـسانییە کوردییەکان بەم دەستەواژانـە دەستپـێـدەکـەن: (هـەبـوو نـەبـوو) یاـ ( جـارێـک لە جـاران) یاـ ( سـاڵـێک لـە سـاڵان). کۆتـاییەکـانیشیان: بە: (چەپـکی گـوڵ و چەپـکی نـێرگـز.. مـەرگـتان نەبـیـنم هـەرگـیزاو هـەرگـیز) یا (منیش هـاتمەوە.. کەوشـەکەم یا ـ كـڵاشه‌كه‌م ـ دڕا.. هـيچـیشم پـێ نەبـڕا). من پێموایە کە جوانترین سەرەتا و جوانترین کۆتایین، لە هـیچ چیڕۆکێکی ئەفـسانەیی گـەلانی تـردا، سەرەتـا و کۆتـایی جـوانی وام بەرچـاو نەکـەوتـوون.

گرنگییەکانی چیڕۆکە ئەفـسانەییەکان بۆ منـداڵان:

هـیچ لە لێکۆڵینەوەکان، لەگەڵ ئەوەدا نین، کە چیڕۆکە ئەفسانەییەکان لە لیستی چیڕۆک بۆ منـداڵان لابـدرێن. لیکۆڵـینەوەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکـەنەوە، کە چیڕۆکە خەیاڵی و ئەفـسانەییەکان، ســوود و گرنگـییەکی زۆریـان بۆ منـداڵان هـەیە. منـداڵانی ئەمڕۆش چـێژ و خـۆشی لەو چیڕۆکەئەفسانەییانە وەردەگـرن.کە چەنـدین سەدە پێـش ئێستا بە زارەکی بۆ منـداڵانیان گـێڕاونەتەوە. بە کورتی ئەمانە بەشێکن لە گرنگییەکـانی چیڕۆکە خەیـاڵی و ئەفـسانەییەکـان بـۆ منـداڵان:

١ـ زۆربەی چیڕۆکە ئەفسانەییەکان، هـیوابە منداڵان دەبەخـشن. ئەوەیان فێردەکەن کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، پێویستیان بە هەوڵ و تێکۆشان و کۆڵنەدانە، فـێری ئەوە دەبن، کە چۆن بەسەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەدا سەربکەون کە دێنە رێیان. چۆن گرفت و کـێشەکانیان چـارەسەربکەن. چـۆن لەگـەڵ هەڵـوێستە تـرسناکەکـاندا مامەڵە ورەفتار بکەن. چـۆن رووبـەڕووی هەمـوو ئەو مەتـرسییانە ببـنەوە کە رووبـەڕوویان دەبنەوە. تێدەگەن کە جیهان تەنیا لە گەزۆ و لۆکە و گوڵ و تیشکی خۆر و پەلکەزێڕینە و بەهار دروست نەبـووە، بە گـوژاڵک بـەردی رەق و دڕک و شەوزەنگ و بروسکە و زسـتانی سەخـتیش دروست بـووە.

٢ـ چیڕۆکە ئەفـسانییەکان، رووڵـێکی گرنگـیان لە رۆشنبیریکـردنی منـداڵاندا هـەیە. لە رۆشنبیریی سەردەمەکـانی کـۆن، بەڵام راستییەکان هـێشتا پەیوەنـدییان بەم سەردەمەوە هـەیە. گـەلێ چیڕۆکی ئەفـسانەیی هـاوبەش لە نێوانی کولتووری گەلانـدا هەیە. چونکە کێشەکان هەمان کێشەن کە رووبەڕوویان بوونەتەوە و دەبن. لە هەر شوێنێکی جیهانـدا بـژین، هـەمـووان بـۆ زاڵـبوون بەسـەر هـەژاری، سـتەم، زۆرداری، چـەوسـانـەوە، کوێرەوەری و بۆ لە ناوبـردنی ئەژدیهـاکـانی (دیکتاتـۆرەکانی) ئەمـڕۆ تیـدەکـۆشـن.

٣ـ لە دیدی زانستییەوە، منداڵانی خوێنەرانی بچووکی ئەمڕۆ، رۆشنبرانی داهاتوون، بە گوێگـرتن و خوێنـدنەوەی چیڕۆکە ئەفـسانەییەکان. بە شـێوازێکی بابەتیـانە، بنەماکانی چیڕۆک فێردەبن( ئامادەکردن، کەسایەتی، پاڵـەوان، کارەکتەر، گـرێ، بڕیـار، جـووڵەی بۆ سـەرەوە، لووتـکە، وردبیـنی و چارەسـەر، کۆتـایی) جیـاوازیش لە نێـوان چیڕۆکی خەیـاڵی و راستـیدا دەکـەن. کە منـداڵان لەو چیڕۆکـانە تێـبگـەن، دەبـنـە پاڵـپشـت بـۆ پێشبیـنیکـردن و تێگـەیشتن لە چیڕۆکەکانی تـر کە دەیـانخـوێنـنەوە.

٤ـ چیڕۆکە ئەفسانەییەکان، خەیـاڵی منـداڵان فـراونتر دەکەن و زیاتر گەشەیپێدەکەن وپێشیدەخەن. خەیـاڵیش گرنگە. (ناپـلیۆن) دەڵێ:"ئەوە خەیاڵە کە جیهـان بەڕیـۆە دەبـا".

٥ـ چیڕۆکە ئەفـسانەییەکـان، ئەوەیـان سەلمـانـدووە کە خـۆشـەویستی شتـێکی بـاشە، هەمیشەش باشی و خۆشی لێدەکەوێتەوە. لە چیڕۆکی (بەفـرین) دا کە لەژێر کاریگەری جـادوویی باوەژنـەکـەیـدا سڕببـوو، بە هـێزی ماچـکـردنێکی خۆشـەویستی، لە لایـەن میـرزادەیـەکی لاوەوە، جـادووەکە بەتـاڵ بـۆوە و بەفـرین هـاتـەوە هـۆش خـۆی. خۆشەویستی دڕندەیەک دەکات بە میـرزادەیکی نـەرم و نیـان و چاکەخـواز. لە سایەی خۆشەویستیدا، هەمـوو شتـێکی نەرێـنی دەگـۆڕێـن بـۆ ئەرێـنی.

٦ـ چیڕۆکە ئەفـسانەییەکان ئەوەیان سەلماندووە، کە باشی باشترین خەسڵەتی مرۆڤە، بـاشی و چـاکە لەگـەڵ کەسانێک کە پێویستیان بە چـاکە هـەیە، رۆژگـار و ژیـانیان لە تەنگـانە و بێ ئومێـدی و رەشبینی و ناخۆشییەوە، دەگـۆڕێت بۆ هـیواو بۆ گەشبینی و خۆشی و شـادی.

٧ـ چیڕۆکە ئەفـسانەییەکان، گرنگی هـاوڕێی دڵسـۆز بۆ منـداڵان دەسەلـمێنن، کە کەس بە تەنیا نـاژی، هـاوڕێی دڵسۆز لە تەنگانـەدا دەبێت بە فـریـاڕەس و یارمەتی هـاوڕێی دامـاوی دەدات و لە تەنگـانە رزگـاری دەکـات.

٨ـ چیڕۆکە ئەفسانەییەکان، ئەوە فێری منداڵان دەکەن، ژیان هەمیشە لە لە گۆڕانگاری و نـوێبـوونەوە دایە، هـەردەم بە هـیوای ژیـان و داهـاتوویەکی باشتر و گەشترەوە بن.


٩ـ چیڕۆکە ئەفـسانەییەکان ئـەوە فـێری منـداڵان دەکـەن، کە وانـە لـەشکستییەکـانیان وەربگرن و کۆڵنەدەن و .. ئەوەش بزانن کە ئەستەم بـوونی نییە، لە سایەی خـەبات و خـۆڕاگـری و کۆڵـنەدانـدا، هەمـوو خـەون و خـۆزگە و هـیوایەک دێنـەدی.

١٠ـ چیڕۆکە ئەفسانەییەکان، بنەمـای گـرنگ فـێری منـداڵان دەکەن، فـێریان دەکەن کە هەمیشە هـیواخـواز و گەشبـین و لێـو خـەنـدە و پێـکەنین و چاکـەخواز و لێـبووردە و دڵ پڕ لە خۆشەویستی بـن. خۆڕاگـر و متمـانە بە خـۆبن.

١١ـ گوێکـرتن یا خوێندنەوەی چیڕۆکە ئەفـسانەییەکان لایەن منـداڵانەوە، دەرفـەتێکی باشـە بۆ فـێربـوونی وشە و رسـتەی تـازەی زمـان.

١٢ـ چیڕۆکە ئەفـسانەییەکان، کـارتێکـردی درامـی باشـیان لەسـەر منـداڵان هـەیە. بە کەرەستەیەکی زۆر باش دادەنرێن، گەر بە شێوەی یـاری کردن، یا بەشـێوەی نمایشی بووکـەڵانـەی بـزوێنی دروستکـراو بۆ منـداڵان پێشکەشیان بکـرێن.

١٣ـ چیڕۆکە ئەفسانەییەکان، گەشە بە سۆزداری و نیانی دەروونی منداڵان دەکەن. لە چیڕۆکە ئەفـسانەییەکاندا، کێشە راستییەکانی ژیان دەردەکەون، لە سیناریۆی خەیاڵیدا، بە زۆری پاڵەوانەکان نابـەزن و بەسەر هەمـوو کێشەکانـدا سەردەکەون. بەڵام منداڵان پێویستییان بەوە هـەیە، کە بـزانن لە ژینـگەی ئارامیشـدا، خـراپە و کارەسات دێنەرێی هەمـووان. کەس لە بەرهەڵستییەکان پارێـزبەنـدی نییە. بۆیـە پێویستیمان بـەوە هـەیە کە سۆزداری لە دەروونی منـداڵان دا بنیادبنێین، تابتوانن لە کاتە دژوار و قورسەکاندا، رووبـەڕووببـنەوە و خۆڕاگـربن. ئـەوە هـەڵـەیە کـە هـەردەم منـداڵەکـانمان بپارێـزین، خۆیان بە لاواز و بێ دەسەڵات بـزانن، بەرەگەی هـیچ گرفت و رووبەرووبوونەوەیەک نەگـرن کە پێویستیـیان بە هـێز بێت.

١٤ـ چیڕۆکە ئەفـسانەییەکان، زمـانێکی هـاوبەـشن بۆ رۆشنبیریکـردنی منـداڵان، کە پێدەڵـێن (نەهێشتنی نەزانینی رۆشنبیری). بەڵکو ئەم چیڕۆکانە سنووری رۆشنبیری دەبەزێنن، گـەلێ لە کولتوورەکـان هـاوبەشن لە چیڕۆکە ئەفسانەییەکـانـدا. منداڵان لە رۆشنبیری گـەلانی تر کەڵـک وەردەگـرن.

١٥ـ چیڕۆکە ئەفسانەییەکان، هـەلی فـێربوونی، شارەزایی بیرکردنەوەی رەخـنەیی بە دایکـان و باوکـانی منـداڵان دەبـەخـشن.

١٦ـ چیڕۆکە ئەفـسانەییەکان، وانـەن بۆ منـداڵان، بۆ فـێربـوونی رەوشـت و رەفـتاریدروست و پەنـد وەرگرتن وانە فـێربـوون. بۆ نموونە: فـێری ئەو مەبەست و پەنـدانە دەبـن، کە لە چیڕۆکی ئەفسانەیی (ساندرێلا) و (کچە بچـووکەکە ـ گۆڵدیلۆکس ـ و سێ ورچ) و (به‌فـرین) و چەنـدین چیڕۆکی تـردا هـەن.

١٧ـ منـداڵان بـە خوێنـدنەوەی چیڕۆکە ئەفـسانەییەکـان لـە پەرتـووکی وێنـەداری رەنگاوڕەنگی جواندا، خۆشەویستییان بۆ پەرتووک دەبێ و دەبن بە پەرتووکدۆست. چیڕۆکە ئەفسانەییەکان، دەروازەیەکن بۆ چوونە ناو جیهانی ئەفسووناوی پەرتووک. باشتر وایە لە منداڵییەوە، مەیـلی منـداڵان بۆ گرنگـیدان بە لای پەرتووکدا رابکێشین.

١٨ـ گێڕانەوە یا بۆ خۆێندنەوەی چیڕۆکە ئەفسانەییەکان بۆ منداڵان، کاتێکی پەیوەندی زۆر باش لە نێـوان دایکـان و باوکـان و منداڵانـدا دەڕەخـسـێنن. دەتـوانن لە رێی ئـەم چیڕۆکانەوە، ئیلهـامی خوێنـدنەوەی هەمیشەیی بە منداڵەکـانتان ببەخـشن. تا بـبێ بە خوویەکی جوانیان. ئەم راستییەشتان بۆ دەردەکەوێـت، کە منـداڵان چەنـد تامـەزرۆی چیڕۆکی خەیـاڵی و ئەفـسانـەیی خـۆشـن.

١٩ـ چیڕۆکە ئەفـسانەییەکان، منـداڵان فـێری رەخـنە دەکەن، لە میانەی روانینیان لە هەڵوێستەکانی کەسایەتی سەرەکی بۆ هـەموو ئەو سەرکێشییانەی کە ملی پێوە دەنێ. دەتـوانن هەڵـوێستی خۆیـان دیاری بکەن، گەر ئـەوان لە شوێنی ئەو کەسایەتیـیانەی چیڕۆکەکـان بن، بە شێوازێکی جیاوز چیـدەکەن؟ بۆ نموونە لە چیڕۆکی (بەفـرین) دا، گەر ئـەوان لە شوێن بەفـرین بوونـایە، سێوەکەیـان لە (پیـرەژن)ەکە وەدەگرت؟ یا لە چیڕۆکی (کۆڵوانەسوور) گەر ئەوان بوونـایە، ئامۆژگارییەکەی دایکیان لەیـاد دەکرد؟ راز و نیازی خۆیـان بۆ گـورگە دەگـێڕایەوە؟ دەیـان وت: دەچـم بـۆ لای داپیـرەم؟

٢٠ـ چیڕۆکە ئەفـسانەییەکان، ئەوەش فـێری منداڵان دەکەن، بە رەواڵـەت و رووخسار لە کـەس نەڕەوانـن، پیـرەژنێک جـوان و بێتـاوانە لە رووخسـاردا، بەڵام لـە چیڕۆکی بەفـرین دا، شـەڕانی و خـراپە و بـەدکـارە، ئیـرەیی بـە جـوانی بەفـرین دەبـات. بەڵام دەشێ گۆرێـلایەکی گەورە و ترسناک، دلۆڤـان بێتو دڵی لە زێڕ بێت، منداڵێکی ئادەمـیزاد بەخـیوبکا. وەک لە چیڕۆکی (تـەڕەزان و مەیمـوونەکـەی)دا دەبیـنین.

٢١ـ زانای دەروونناسی منداڵان (بـرۆنۆ بتیلهـایم) کە پسپۆرە لە گرنگییەکانی چیڕۆکە خەیاڵییەکان لە قۆناغی منداڵیدا، پێیوایە:"دەشێ چیڕۆکە خەیاڵییەکان یارمەتی منداڵان بـدەن لە رەواندنەوەی دڵەڕاوکێدا، کە هـێشتا ناتوانن لێکدانەوەی بۆ بکەن". بە زۆری لە چیڕۆکە خەیـاڵییەکاندا، منداڵانی کارەکتەر و کەسایەتی سەرەکی چیڕۆکەکان، بەسەر شەڕدا سەردەکـەون.

٢٢ـ چیڕۆکە ئەفسانەییەکان یا خەیاڵییەکان، گەر سەرکێشییان تێیانـدا نەبێ، پاڵەوانەکان ئامادەیی ئەوەیان تێدا نەبێت، لە ناوچـە و چوارچـێوەی خۆیان دەرنەچـن و شتێکی تـازە تاقینەکەنەوە، ئەو چیڕۆکانە چێژێکی ئەوتۆ نابەخشن. گەر منداڵەکانتان ویستیان مل بە کارێکی سەرکێشییەوە بنێن و خۆیان تاقیبکەنەوە، بۆ فـێربوونی شتێکی تـازە، رێگریان لێمەکەن، هەمـوو داهـێنانەکـان لە ئەنجـامی تاقـیکردنـەوەدا هاتـوونـەتـەدی. بـەڵام بۆ ئەنجامدانی هەر تاقیکردنەوەیەک، پێویستە لە پێشا بە وردی بیری لێبکرێتەوە و پـلانی بۆ دابنرێـت و پێشبینی ئەگەر و گریمانەکان بکرێن. بۆ نموونە لە چیڕۆکی خەیاڵی (سێ به‌رازی بچووک) دا، گرتنە بەری رێگای ئاسان، هەڵـبژاردنێکی زیـرەکانە نیـیە. بـەرازە بچکۆلەکە، پـلانی داڕشتبوو، پێشـبینی ئەگەرەکانی کردبـوو. بۆیە خـانووەکەی لە خـشت دروست کرد، کە شوێنێکی دڵنیایی بـوو. بەڵام دووانەکەی تر خانووەکانیان لە پـووش و لە زەل دروست کردن، بۆیـە گـورگـەکە بە فـووکردن هـەردوو خـانووەکەیانی رووخانـد، هەردووکیان رایان کرد و چـوونە ناو خـانووی ورچـۆلە بچـووکەکـەوە. گورگە نەیتوانی نە بە فـوو و نە بە پاڵانـان خانووکـەی بـڕووخـێنێ.

دایکـان و باوکـانی خۆشەویست، مامۆسـتا دڵسۆزەکان، سـوود و گرنگییەکانی چیڕۆکە ئەفـسانەیی و خەیـاڵییەکان لەبەرچاوتان بگـرن. پێویستە حەز و تامـەزرۆیی و متـووی منـداڵـەکـانتان بـۆ چیڕۆک بقـۆزنـەوە، بـە پـێی تـەمـەن و قـۆنـاغـەکـانی گەشـەکـردنی منـداڵەکـانتـان، ئەو چیڕۆکە ئەفـسانـەیی یا خەیـاڵییانەیان بـۆ هەڵـبژێـرن کە گونجـاون بۆیـان، بـە دەنگـێکی ناسـک و بە شـێوازێکی شـیرین و بـە چـێژەوە بۆیـان بگـێڕنەوە یا بۆیـان بخوێینـنەوە. ئەوەش بۆ یەکجاری مەخـەنە دڵی منداڵەکـانتـانەوە، کە چیڕۆکە ئەفـسانەییەکـان هـەردەم ترسناکـن، هـەر لەبـەر ئـەوەی کـە هەنـدێکـیان تـرسناکـن یـا دروست نین. بەڵام لە چاپکـراوە تازەکانی ئەمـڕۆدا، دەستکاری بەشێکی ئەو چیڕۆکە ترسناکـانە کـراون. کۆتاییەکـانیان بە خـۆشی و سەرکـەوتن کۆتـایی پێ هـێناون.
___________________________________________________
بۆ نووسینی ئەم بابەتە، بێجگە لە پەرتـووکەکە چاپکـراوەکەی خـۆم، سوودیشم لە چەنـدین نـووسین، کە لە سایتـە ئینگـلیـزییەکـانـدا بڵاوکـراونەتـەوە، وەرگـرتـوون:
١ـ چـاوپـێخـشانـێک بە مێـژووی ئـەدەبی منـداڵان. رەزا سـاڵح. کەرکـووک. ٢٠١٥.
٢ـ حیکـایەت و چیڕۆک بۆ منـداڵان. لـۆرا مایـزەر . ٢٠١٧.
٣ـ مێـژووی چیڕۆک . سـۆزی مـاکـچی.
٤ـ رەسەنی چیڕۆکە ئەفـسانەییەکـان . سـارا گـراسـاد و جـەمشـید تەهـرانی . ٢٠١٦.
٥ـ سوودەکـانی چیڕۆکە ئەفـسانەییەکـان. نیـپـیان توتـۆرینگ.
٦ـ چیڕۆکە ئەفـسانەییەکـان، جەخـت لەسەر جـوانی دەکەن . ئـیرین هـاتـفی . ٢٠٠٦.


٢٨\١٠\٢٠٢٠ - نەرویـج
ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک