په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٦\٢٠٢٤

گرنگییەکانی ئەندێشە و ئەندێشەکردن بۆ منـداڵان.


رەزا سـاڵح       


لەگەڵ بوونی مـرۆڤ لەسەر هەسارەی زەویـدا، ئەندێشە و ئەندێشەکردن هـاودەمی مـرۆڤ بووە. ئەندێشە بەشێکی گرنگە لە ژیانی رۆژانەمان. هـەمـوو ئەو داهـێـنان و پێشکەوتـن و شارستانی و گۆڕانکارییە نـوێیانەی کە مـرۆڤ بەدی هـێـناون و بەدییان دەهـێـنن. لە سایەی ئەندێشەـدا هـاتـوونەتەدی و دێنەدی. راستییەکانی ئەمـڕۆمان ئەندێشە و خەونەکانی دوێـنـێـمانـن، ئەندێشە وخـەونـەکانی ئەمـڕۆشـمان، دەبـنە راسـتـیـیەکـانی سـبەیـنـێـمـان. چـونکە ئەندێشە کـلـیـلی داهـێنانەکانە. پێکهـاتەیەکی بنەڕەتـییە لە پێکهـێـنانی داهـێنانـدا. بـۆیـە گـرنگـیدان بە ئەندێشە پێـویستـییەکە لە هـەرە پێـویستـییە گـرنـگەکانی مـرۆڤ لە هـەر تەمەنـێکـدا بێـت.


(تایـلـۆر) دەڵـێت:"ئـەوە هـێزی ئەندێشەکـردنە کە کـارەبـای ئـەم شـارەی بەدیهـێـناوە".

(جـان جـاک رۆسـۆ) دەڵـێـت:"جیهـانی راستی سـنووری هـەیە، بەڵام جیهـانی ئەندێشە سـنووری نیـیە".


ئەوە هـێزی ئەندێشەێە کە مـرۆڤی گەیانـدە سەر مانگ و گەڕاندییەوە بۆ سەر زەوی، هەر ئەندێشەی داهـێـنەرانەش، بـەم زووانە مـرۆڤ دەگـەیەنـێـتە سـەر هـەسـارەی مـەریـخ.

ئەوە ئەندێشەیە وا لە مـرۆڤ دەکات گەشبین و هـیواداربێت و بە ژیانی چەقـبەستوو قـایل نەبێـت. هـەمیـشە هـەوڵی داهـێـنانی تـازە و گـۆڕانـکاری و پـێـشکەوتـن و هـێـنانەدیی خەونەکانی بدات. ئەندێشەکردن و داهـێنانیش هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤ دەگرێتەوە.


چەمکی ئەندێشە، بە درێـژایی مـێژوو سەرنـجی بیـرمەنـدانی بـۆ لای خـۆی راکـێـشاوە.


بەڵام بیرمەندان و رەخنەگران و نووسەران لە پێناسەکردن و راڤەکردن و دیاریکردنی چەمکی وشەی"ئەندێشە" دا، ناکـۆکـن و هـاوڕانین. بەڵام هەمـوویان لە بارەی گـرنگی ئەندێشەوە هـاوڕان. گەلێک پێناسەی جیاواز بۆ چەمکی ئەندێشە کراوە. بە کورتی، وەک:


ئەندێشە بریتییە لە توانای دروستکـردنی وێنە زەینییەکان کە لە راستییەکی بەرجەستەیی و بەرکەوتوودا بوونیان نییە. لەسەر بنەمای بەشێک لە توخمە هەبووەکان. ئەندێشەکردن ئـامـرازێـکی تاقـیکـردنەوە و بـیـرکـردنـەوە و چـالاکـیی داهـێـنەرانـە و شـیکـردنـەوە و پـێکەوەنـان و فـێربـوونە. ئەندێشە بەوە ناسـراوە توانـای دروستکـردنی وێنەی بینراوی لەناو مێشکی مـرۆڤـدا هـەیە. ئەندێشەکـردن ئامـرازێـکە بـۆ چارەسەرکـردنی کـێـشەکان.


ئەندێشەکـردن بەو لێهـاتووییە دەوتـرێت، کە بەبێ ئەوەی هـیچ پێدراوەیەکی دەمودەست لە هـەسـتەکانەوە بـوونی هـەبـێت. یان ئەندێشە بە لاساییکـردنەوە دروست دەبێـت. بەو شـتەی کە بـەم جـۆرە لە زەیـندا دروســت بـووە دەوتـرێـت ئەندێشە.


(وێـبـیستەر) دەڵـێت:"ئەندێشە توانـای دروستکـردنی وێنەیەکە لە مـێـشکـدا، دەربارەی شتێک کە نە بـیـنیـوتە و نە تاقـیـتکـردۆتەوە، واتا توانای ئەندێشەکـردنی شتی نـوێ".


ئەوش وتـراوە کە ئەندێشەکـردن، پێکهـاتـن و شێوەگرتنی بەسەرهـاتێکە لەناو زەیـندا. لەوانەیە بەسەرهـاتەکانی رابـردوو کە بە روونی لەبیردا ماونەتەوە خوڵقـانـدێتیانەوە، یان ئـەوەی کە زەیـن دایهـێـنابـێـت. یان لـە پـێکهـێـنای وێـنـەی داهـێـنراوی جیـاواز، دەربارەی بابەتێکی دیاریکـراو، کە پەیوەنـدی بە رابردوو یا ئەمڕۆ یا بە داهاتووەوە هەیە، کە پێشتر مرۆڤ بەو بابەتەدا تێنەپەڕیوە. ئەو کەسە لە شارەزایی و لە هـزر و پێشبینی و تێگەیشتنی خۆیەوە هەڵیهـێنجانـدووە و لە مێشک و هـزریـدا گەڵاڵە بـووە.

ئەندێشە بـەوەش پێـناسە دەکرێت کە کـردارێـکی ئەقـڵی زانستی یە. ئەندێشەی داهـێـنەرانە پـاڵـپشـتـێکی بەهـێزە بۆ داهـێـنان و گـونجـانـدن لەگـەڵ ژینگەدا.


بە شـێوەیەکی گـشتی ئەندێشە بـەوە پێنـاسە دەکـرێـت، کە بـریتـیـیە لە توانـای ئەقـڵی بۆ تاقـیکـردنەوە و دۆزینـەوەی تـازە و بۆ بنیاتـنـان و پـێکەوەنـان و داهـێـنان.


(ئەرستۆ) ش دەڵێت:"ئەندێشە بریتییە لەو پرۆسەیەی کە لە میانەیەوە وێنەیەکی زەیـنی دەنـوێـنیـت".


(ئەلـبێرت ئەنیشتاین) دەڵێت:”ئەندێشە گرنگـترە لە زانین”. زۆر جار زانین سنووردارە بەو شتانەی کە هـەیە. لـۆژیـک لە (ئەلـف) ەوە بۆ (یـێ) یە. بەڵام ئەندێشە چەمکـێکە، لـۆژیـک و سـنووری نیـیە. ئەندێشە دەتبـاتە هـەر شـوێـنـێک کە بتـەوێـت. نە بازگـەی لێ هەیە و نە پاسپۆرتیشی دەوێت. هەر بە ئەندێشەیش ئایندەیەکی دڵخواز بنیات دەنێیت.


(کارڵ مارکـس) دەڵـێت:”ئەو کەسەی ئەندێشەی نەبێت، باڵیشی نییە”. بۆیە لەو کەسەش هەژارتر نیـیە کە لە ئەندێشەـدا هـەژارە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشـدا، وەکو ئەنیشـتاین دەڵێت: "راسـتی هـەمیـشە لە ئەندێشە سـەیـرتـرە".


شاعـیری ئینگـلیزی (کریستۆڤـەر) دەڵێـت:"یەکەم تـوانا کە پێـویستە گـرنگی پێـبدەین، پێـش ئەوەی ژەنـگ بکات، ئەندێشەیە. ئەوە ئەندێشەیە وامان لێـدەکات، کە هەموو رۆژێک بە تـازەیی لە جـیهـان بـڕوانـین".


پێویستە ئەوەش بـزانین جیاوازییـەکی زۆر لە پـلەی ئەندێشەکـردن لە نێـوان خـەڵکـیدا هـەیە. مـروڤ هـەیە ئەندێشە تـیژە، هـەیە ئەندێشە نـاوەنـدیـیە، هـەشـە ئەندێشە کـزە.

گرنگـییەکانی ئەندێشە بۆ منـداڵان:


بە وتەی خاتوو (میلانیا کلاین) ئەندێشەی منداڵان لەکاتی لەدایکبوونیانەوە دەستپێدەکات. کەواتە منـداڵان ژیانیان بە ئەندێشە دەستـپێدەکەن. دواتر وردە وردە دەچـنە ناو جیهـانی راستەقـینەی سەختەوە. بەڵام لوتکەی ئەندێشەی منداڵان لە تەمەنی سێ تا شەش ساڵییە، واتا لە قـۆنـاغی پـێش قـوتـابخـانەی بنـەڕەتی.

 

ئەندێشەی منـداڵان فـراوانە و ئەندێشە زاڵە بەسەر بیرکـردنەوەکانیانـدا. منـداڵان کاتێک کە لە جیهـانی ئەفـسووناویی ئەندێشەییاندا دەژیـن، دڵخـۆش و میهـرەبـانـن و ئاسـوودەن.


دکتۆر (سـۆزان ئەنگـیل) نووسەری کـتـێبی (منـداڵانی راسـتەقـینە: دروستکردنی واتا لە ژیـانی رۆژانەدا) دەڵـێـت:" منـداڵان لە تەمەنی دوو ساڵ و نیـودا، جیاوازی نـێوان راستی و نوانـدن دەزانـن، بەڵام لە کاتی یاریکردنـدا، دەتوانن ئەو جیاوازییە پشتگوێ بخـەن، کە بە لایـانەوە گـرنـگ نـیـیە".


ئەندێشە و خەون بینین لەلای منـداڵان، پانتاییەکی ئازادی داهـێنانە، فەزایەکی بێ سنوور و ئاسۆیەکی فراوانە بۆ زۆرێک لە بیرۆکەکانیان و بۆ هیوا و ئاوات و ئارەزووەکانیان. هەمـوو شـتـێک کە منـداڵان نەتـوانـن لە راسـتـیـدا بەدەسـتـبهـێـن، پەنـا بـۆ ئەندێشە و خـەون دەبـەن بـۆ قـەرەبـووکـردنـەوەی.


ئەندێشەی منداڵان، ئەو ئامرازەیە کە رێگەیان پێـدەدات لە باردۆخێ راستی و سـنوور و کات و شوێـن تێپەڕن. منـداڵان لە رێگەی ئەندێشەوە، گەشتی ئەوپەڕی جیهان دەکەن.


(س. ج. میلـبرانـت) دەڵـێت:"لە منـداڵەکـانت بـگەڕێـن، با باڵـەکانیـان تـاقی بکەنەوە. لەوانەیە نەبـن بە هـەڵـۆ، بەڵام ئەوە بەو مانـایە نییە، کە نابێـت بە ئـازادی بـفـڕن".


شارەزایـان جـەخـت لەسەر پێـویستی پەرەپـێدانی هەسـتی ئەندێشەی منـداڵان دەکـەنەوە. تا لە منـداڵـیـیەوە، تـۆوی داهـێـنان و باڵادەستی، لە دەروون و زەیـنـیانـدا بچـێـنـن. تا لە گەورەییـدا ببـن بە کەسانـێکی سەرکەوتـوو و چـالاک لە کـۆمەڵگەکەیـاندا. چونکە ئەندێشە کاریـگەرییـەکی گـەورەی لەسـەر گەشـەکـردنی کەسـایەتـیی منـداڵان هـەیە.


ئەندێشەی منـداڵان بە دوو بە دوو قـۆنـاغـدا تێـدەپـەڕێـت:


١ـ ئەندێشەی وەهـمی: ئەندێشەی منـداڵانی بچـووک لەم قـۆنـاغـەدا، ئەندێشەـێکی کـێوییە. بە سنووردارکـردنی راستـیـیەوە، سـنووردار نەکـراوە. مـلکەچی یاساکانی لـۆژیـک نـین. لە رێگەی ئەندێشەی وەهـمـیـیەوە، ئەو ئارەزووانەیـان بەدی دەهـێـنـن، کە لە راسـتـیدا ناتـوانـن بەدەستیان بهـێـنـن. جیهـانێکی ئەندێشەی وەنەوشەیی دروستـدەکەن، کە تێـیدا هەمـوو ئارەزووەکانیان بەدی دەهـێـنن. کە لە جیهـانی راسـتیدا، هـیچ رێگەیەک نیـیە بـۆ بەدەسـتهـێـنانیـان. لەبـەردەم ئەندێشەی فـراوانی بێ سـنووریـانـدا، هـیچ ئەسـتەم و بەربەستێک نییە. لە کورترین کاتدا، لەناو کەشـتییەکی دروستکراو لە کارتـۆن، یا بە سـواری پێـنووسـەکـانیان. دەتـوانـن بە چاونـووقـانـێک، بچـنە ســەر مانـگ یان سـەر دوورتریـن هەسارەکان و بگەڕێنـەوە. بەڵام لە راسـتـیدا ئەمەیـان پێـناکـرێـت. ئەندێشەی وەهـمی، لە قۆناغـە سەرەتاییەکانی ژیانی منداڵاندا، یارمەتیان دەدات بۆ دروستکردنی جیهـانێکی ئەفـسانەیی و ئەفـسوونـاوی و فـانتـازیی سەرنجـڕاکـێـش. لـەم قـۆنـاغـەدا منـداڵان خۆشباوەڕن. باوەڕیان بەوە هـەیە، کە ئـاژەڵ و باڵـندە و دار و بەر و هەمـوو شتەکانی تر زمـان دەزانـن. دەتـوانن بە کوردییەکی پەتی قـسەبکەن. دەتوانن، بـڕۆن و بێـن، گـوێ بگـرن، دڵخـۆشبـن، پـێکەنـن، هـەڵـپەڕن، چـاکەخـوازبـن یان خـراپەکاربن، یارمەتیـدەر و فـریـادڕەسـبـن،...هـتـد.

٢ـ ئەندێشەی داهـێـنەرانە: لە ئەنجـامی گەشەکـردن و پـێگەیـشـتـنی دەروون و زەیـنی منـداڵانی قـوتـابخـانەی بنەڕەتی، منـداڵان ئەندێشەـیان ئاراسـتەی ئامـانجـێکی زانـستی دەکـەن، کە لەسەر بنەمـای وەهـم دانەنـراوە.

ئەندێشە گـرنگـییەکی زۆری هـەیە لە یارمەتـیدانی منـداڵان، بۆ تێگەیـشـتـن لە جـیهـانی دەوروبـەریـان. ئەندێشە بەشـێکە لە چـالاکـیـیەکـانی رۆژانـەی منـداڵان. ئەگـەر شـتـێک هەبێت منداڵان تێیدا سەرکەوتووبن، ئەوا توانای ئەندێشەکـردن و دروستکردنی جیهـانی تایبەتی خۆیانە. لە هەمووی گرنگتر منداڵان، ئەندێشەکانیان بۆ گەڕان بە دوای زانیاری و بیرۆکەی نوێـدا بەکاردەهـێنن. بۆ نمـوونە: کە سەردانی رووبـارێک دەکەن، دەکرێت بـبـێـتە هـۆی ئەندێشەکـردنیـان لـە ژیـان لەنـاو ئـاودا.


ئەندێشە لە منـداڵانـدا، یەکـێکە لـەو شـتە بەسـوودانـەی کە بە شـێوەیـەکی سـروشـتی یارمـەتی گـەشـەکـردنی منـداڵان دەدات. بە کـورتی و بـە چـڕی ئەمـانە بەشـێکـن لە سـوودەکـانی ئەندێشەکـردنی منـداڵان:


١ـ لە ساڵانی یەکەمی ژیانی منداڵاندا، ئەندێشە پێگە و جێگەیەکی گەوری لە چالاکییەکانی ئەقـڵی منـداڵان پـڕدەکاتەوە. زۆرێـک لە بیـرۆکە و یـاری و هـیواکانیان، لەسەر بنەمـای ئەندێشە پێکهـاتـوون. ئەندێشە بـوارێـکی گرنـگ و ورووژێنـەرە لە گەشـەکردنی منـداڵان. هـەمـوو منـداڵـێک دەرفـەتی ئـەوەی هـەیە، کـە پـەرە بە داهـێـنان و بە ئەندێشەی بـدات.
٢ـ منـداڵان لە رێـگەی ئەندێشەوە، دەتـوانـن بەسـەر بەربەســتەکانی کـات و شـوێـن و بەسەر ئەستەمـدا بازبـدەن و سـنووری هـێزەکانی خـۆیـان تێـبـپەڕێـنن و دەسـتـیان بۆ ئەوشتانە درێـژبکەن و پەرەیان پێـبدەن، کە لە راسـتییدا ناتوانـن بە دەستیان بهـێـنن.
٣ـ منـداڵان لە رێگەی ئەندێشەکردنەوە، دەتـوانـن بەسەر سەخـتییەکانی ژیانی رۆژانەدا زاڵبن و ئاواتەکانیان بەدەست بهـێـنن. بەردەوامیش بەدوای هەموو شـتێکـدا دەگەڕێن کە تازە و بەسوودبن. بەم شێوەیە گەشەیەکی گشتگیر و تەواو و هاوسەنگ بەدەست دەهـێـنـن.
٤ـ ئەندێشە رێـگەیـەکە بـۆ رێـکخـسـتـنی بەشـێکی زۆری چـالاکـیـیەکـانیـانی منـداڵان. بنەمایەکیشە بۆ راهـێنانی توانا جووڵەییەکانیان و چالاکردنی چالاکـییەکانی دیکەیـان.
٥ـ منداڵانی تەمەن شەش و هەشت و نۆ ساڵان، ئەندێشەەکانیان لە بازنەی سنوورداری ژینگە تێـپەڕیـوە. بـەم رۆڵـەش لە رۆڵەکـانی گەشەکـردنی ئەندێشەی منداڵان، دەوترێـت رۆڵی ئەندێشەی ئـازاد، کە تێیـدا تـامـەزرۆی ئـەو وێـنە زەیـنیـیە ئاڵـۆزانەن کە بۆیـان دەکـێشن، یان بە ئەندێشەی خـۆیـان دروسـتـیان دەکەن. بۆیـە ئـارەزووی وێنەکێشان و چـیرۆک و هـۆنـراوە و پەخشان و شانۆ و ئۆپەرێت و دیالـۆگ و بابەتی تـر دەکەن.
٦ـ منداڵان تا تەمەنی دوانزە ساڵان، دەچنە قـۆناغ و رۆڵێکی ترەوە. کە لە راستییەوە نـزیکە. بایەخـێکی زۆر بە راسـتی دەدەن، بێ ئـەوەی کە واز لە ئەندێشەکـردن بهـێنن.
٧ـ ئەندێشە یارمـەتی گەشـەکـردنی زانـستی (مەعـریفی) و سـۆزداریی منـداڵان دەدات. یارمەتیـان دەدات، بۆ بیـرکـردنەوە و داهـێنان و بـزوانـدنی تواناکانیان و گەشەکردنی ئارەزوو و بەهـرەکانی ژیـانیان. بۆ دۆزینـەوەی چـارەسـەری داهـێنەرانەی ناوازە بۆ کـێشەکانی رۆژانـەی ژیـانیان. یارمەتیان دەدات لە پـرۆسەی پەروەردەی سەرەتایی.
٨ ـ تـۆژینەوە جۆراجۆرەکانی زۆرێک لە پسپۆرانی پەروەردەیی منداڵان، پشتڕاستیان کـردۆتەوە، کە ئەندێشە توانای پەرەپێـدانی زیـرەکی و لـێهاتـووی و متمانە بەخۆبوونی منـداڵانی هـەیە.
٩ـ منـداڵان لە کـاتی (یاریکـردنی ئەندێشەی) کە بە (یاریکـردنی درامی) یش ناودەبـرێت، لەگەڵ خۆیـان و لەگەڵ هـاوڕێکانیانـدا یـاری دەکەن. ئـەم یارییـە تەنیا پـشت بە ئەندێشە دەبەستێت. لە کاتی یاریکردنـدا، زۆر قسەدەکەن. بۆیە لە ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانەیاندا، زمانیان باشتردەبێـت و وشەسازییان فـراوانـتر دەبێـت. لە پـێکهـێـنانی رسـتەدا باشـتر دەبـن. توانـای پەیـوەنـدیکـردنی کـۆمەڵایەتـیـشیان زیـادەکـات. هـەستی هـاوسـۆزیی و پەیـوەندیی هـاوڕێـتـیـیان بەهـێـزتـر و شـیرینـتر دەبێـت. بـۆ نمـوونە لە کوردەواریـدا، کچـانی بچـووکی کـورد (مـاڵـە بـاجـێـنە) دەکـەن، کە یـارییـەکی ئەندێشەی منـداڵانە. یان یـاریی (مامۆسـتا و قـوتـابیـان) یان یاریی (دکـتۆر و نەخـۆش)،... هـتد.
١٠ـ ئەندێشە لە گەشەکردنی کەسایەتی منـداڵانـدا، یەکـێکە لە فـاکتەرە هـەرە گرنگ و چـارەنـووسسازەکان. هـانی منـداڵان دەدات بـۆ بیـرکردنەوە و بۆ داهـێنانی شتی نـوێ.
١١ـ هـاوڕێی ئەندێشەی منـداڵان، لەپێـش چـوونە قوتـابخـانەی بنەڕەتی، لە لای منـداڵان باوە. کە هـاوڕێی ئەندێشەییان هـەیە. وەک، بووکـەڵەی باغـە و پلاسـتیک و ورچـوڵە و لە قـەدیـفە دروسـتکراو. یان پشـیلە و کەروێـشکی راسـتەقـینە. دەروونناسان جەخـت لەسەر سـوودەکانی هـاوڕێـتی ئەندێشەی بـۆ منـداڵان دەکـەنەوە.
دەبینین کچـێکی بچـووک لەگەڵ بووکەشووشەکەیدا، رۆژباش دەکات و قسەی لەگەڵدا دەکات، هەڵـیدەپەڕێنێـت و دەیخەوێنـێـت وەک ئەوەی کە هـاوڕێیەکی رۆح لەبەربێـت.
١٢ـ یارییـە ئەندێشەییەکان یارمەتیی منـداڵان دەدەن، بۆ ئەوەی بە رێـگەیەکی باشتر لە جیهـانی دەوەروبەریـان بـڕوانـن و تـێـبگەن.
١٣ـ ئەندێشە و ئەندێشەکـردن، لە ئەنجـامی بیـرکردنەوەی ئەرێـنیـدا، یارمەتـیی منـداڵان دەدەن بـۆ ئـەوەی لە قـوتابخـانەدا، لە خـوێنـدنـدا سـەرکـەوتـوو و بـاڵادەسـت بـن.
١٤ـ ئـەو منـداڵانەی کە توانـای ئەندێشەکـردنیـان هـەیە، بە رێـگەیـەکی روون، بە زۆری کـنجکاویـن و حـەزی خۆدەرخسـتـنیان هـەیە، توانایەکی زیاتریان بۆ گوزارشـتکـردن لە هەستەکانیان و لە بیـرۆکەکانیان هـەیە، دەیـانەوێت ئەم توانـایـانەیان بۆ هـاوڕێکانیان و بۆ مامۆسـتاکانیـان بسـەلەمێـنن.
١٥ـ ئەندێشەکـردن گەشـبـیـنی و هـیوا و دەروون ئـاسـوودەیی، بـە منـداڵانی ئەندێشەـکەر دەبەخـشـێت. لە میانەی ئەندێشەکـردن لە ژیـانـێکی خـۆشـتر و لە داهـاتـوویەکی باشـتر.

ئەوانە و چەندین سـوود و گرنگی تری ئەندێشە و ئەندێشەکـردن بۆ منـداڵان. گەلێ رێگە و هـۆکار و ئامـراز و کەرەستەش و بابەتی یاریکردنی جۆراوجۆر بەپێی تەمەنی منـداڵان. هـەن، دەتـوانـن یارمەتیی راهـێـنان و گەشەکـردنی ئەندێشەی منـداڵان بـدەن. کە پێـویستە دایـکان و باوکـان بۆ منـداڵەکانیان دابـینیان بکەن. هەنـدێکـیش لە دایکان و باوکان، لە ئەندێشەکـردنی منـداڵـەکانیان نـیگەرانـن، لـەوەی کە لە شـتە راسـتیـیەکان و لە جیهانی راستییەوە دووردەکەونەوە و دەچنە ناو جیهانێکی فانتازیی دوور لە راستییەوە. بەڵام لە راستیدا گیروودەبـوونی منداڵان بە ئەندێشەکردن و بـە یارییـە ئەندێشەییەکـانـەوە، ئـارامی و ئـاسـوودەیی و دڵخـۆشـیـیان پێ دەبـخـشـن و گـۆڕانکاری لە ریتـمی ژیـانیـان و لە شـێوازی بیـرکـردنەوەیـان و داهـێـنانیـان دەکـەن.
____________________________________________
بۆ نووسینی ئەم بابەتە، سوودم لە چەندین سایتی ئینگلیزی و عەرەبی وەرگرتووە.
 

ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح  

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک