په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

 

گرنگی لێکۆڵینەوەی کەلکی ژینگەیی لە پرۆژەکاندا.

 

*ئه‌سوه‌د قادر

 
لێکۆڵینەوی کەلکی ژینگەیی یەکێکە لە فاکتەرە سەرەکییەکانی پارێزگاری کردن لە ژینگە و چاک کردنەوەی. کەلکی ژینگەیی Environmental cost_Benefit Analysis چەمکێکی نوێییە گرنگی پێدانیشی لەم کۆتاییەدا دەستی پێکردووە بۆ لێکۆڵینەوەکانی کەلکی ئابووری تایبەت بە پرۆژەکانی گەشەسەندن کەوا لە کۆنەوە تەنیا گرنگیان بەو لایەنە دەدا، بێ ئەوەی رەچاوی فاکتەری ژینگە بکرێت لە کاتی جێبەجێ کردنی پرۆژەکان، کەوا خۆی لە وەدەستهێنانی لایەنی دارایی پوخت دەبینێتەوە. بێ ئەوەی رەچاوی ژینگە بکات و لایەنە نێگەتیڤەکانی سەر بواری ژینگە دیاری بکات، کە هەیە بەشێوەیەکی راستەوخۆ بێت یاخود ناڕاستەوخۆ روانگەی ئابووریناسەکان دەربارەی پرۆژەکانی پارێزگاریکردنی ژینگەو چاکردنەوەی تێچوونێکی زۆری دەوێت و پێویست ناکات لەم ساتەوەختەوە ئەم کارە بکرێت، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەوان خۆیان بوراندەوە لە روانگە ژینگەییەکان، تەنها رەچاوی لایەنە ئابوورییەکان لەبەرچاوی خۆیان دەگرن. بەڵام لەگەڵ زیادبوونی پاڵەپەستۆ لەسەر ژینگەو لەبارچوونی سامانە سروشتییەکان ئەمەش وایکرد بیروبۆچوونی ئابووریناسەکان بگۆڕێت و رەخنە لەو بۆچوونەی خۆیان بگرن کە هەیان بوو دەربارەی ژینگەو ژینگەپارێزی، گەیشتنە ئەو راستییە، کەوا فەرامۆشکردنی لایەنی ژینگە کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر ئابووریی گشتی پرۆژەکان لە ماوەی درێژخایەندا، لەم کاتەوە داوای ئەوەیان کرد رەچاوی لایەنی ژینگەپارێزی بکرێت لەکاتی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی بواری گەشەسەندن، ئەمەش لەبەر دوو هۆکار;

یەکەمیان: پارێزگاری کردنی ژینگە لە تێکچوونی هاوسەنگییەکەی.

دووەمیان: بەردەوام بوون و سەرکەوتنی پرۆژەکان.


بەشێوەیەکی گشتی سوودی لێکۆڵینەوەی ژینگە خۆی لەوە دەبینێتەوە چۆن دەتوانرێت پارێزگاری لە ژینگە بکرێت لەگەڵ ئەو شێوازە بەکاربردنەی لەسەر ماکەکانی ژینگەدا دەکرێت لەلایەنی مرۆڤەوە بەبێ ئەوەی زیانی پێ بگات لە ماوەی کورت یاخود درێژدا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ.


ئەمەش فەراهەم دەکرێت لە رێگای کۆنتڕۆڵکردنی بەکارهێنانەکانی مرۆڤ لەسەر ماکەکانی ژینگەو زیادەڕۆیی نەکردن لەسەریان و بەفێڕۆنەدانیان لە کاتی جێبەجێکردنی پرۆژەکان، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەشەوە رەچاوکردنی ژینگە لە پرۆسەکانی گەشەسەندن. لەگەڵ ئەوەی دیاری کردنی قەبارەی تێچوونی ماکەکانی ژینگەو لەبارچوونیان کارێکی زۆر گرانە، ئەمەش مانای وانییە ئەوانەی گرنگی بە بواری ژینگە دەدەن ئەم لایەنە فەرامۆش بکەن و هەژماردنی تێچوونی ژینگە و لەبارچوونی وەک فاکتەرێکی سەرەکی رەچاوبکرێت لەکاتی لێکۆڵینەوەی کەلکی ژینگەیی بۆ پرۆژەکان ئەگەربێت شیکردنەوەی تەواو بۆ لێکۆڵینەوەی ژینگە بکرێت لە ژێر رۆشنایی ئامانجی ستراتیژی پلان دانانی داهاتووی دەتوانین ئەوە بڵێین، کەوا دەبێ کەلکی ژینگەیی گرنگی پلە یەکی پێ ببەخشرێت لەکاتی لێکۆڵینەوەی ئابووری پرۆژەکان لە هەر پلانێکی گەشەسەندنی سەرکەوتوو، بۆ گەیشتن بە ئامانجی پەرەپێدانی بەردەوام. چونکە رەچاوکردنی لایەنی ژینگە و ژینگەپارێزی هۆکارێکی سەرەکی گەیشتنە بە ستراتیژی هەر پەرەپێدانێکی بەردەوام.


بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی بڕیار بەدەستن و پلاندانەران و ئابووریناسان گرنگی کەلکی ژینگەیی بزانن، لەم ماوانەی دواییدا شێوازێکی دیکەی هەژمارکردنی تێچوونی ئابووری دەربارەی تێکچوونی ژینگەو بەفیڕۆچوونی سامانە سروشتیەکەی لەلایەنی داهاتی نەتەوەیی حساب کراوە، کەوا ناونراوە بە ژمێرکاری ئابووری ژینگەی تەواوکاری، بەبیانووی ئەوە بەدیلی تەواوی ژمێرکاری کۆن بێت، کەوا ئەژمار بۆ ژینگە نەکردبوو، ئەمەش وا دەکات ئێمە پۆڵینێک بۆ پرۆژەکان دابنێین لە بواری گەشەسەندن، ئەویش بەبێ روانگەی ئابووری ژینگەیی.


گومان لەوە دانییە ناتوانرێت سەیری هەریەک لە کەلکی ئابووری و ژینگەیی بکەن، بەوەی هەردووکیان دژی یەکترن، چونکە هەریەکەیان رووی لایەکی دراون، ئەویش پەرەپێدانی بەردەوامە. یاخود بەشێوەیەکی دیکە بڵێین پەرەپێدانی گرنگ دراوە بە ژینگە، راستی ئەوەش دەرکەوتووە لە زۆربەی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە بە چاودێری بانکی جیهانی(بنک الدولی)کراون.


لە ژێر رۆشنایی گرنگی کەلکی ژینگەیی، ئەو دەزگایانەی هاوکاری پێشکەش دەکەن لەسەر ئاستی جیهانی لە سەرەتای نۆهەدەکانەوە لایەنە ژینگەییەکانیان(کەلکی ژینگەیی)هاویشتۆتە نێو پرۆژەکان لەکاتی سازدانی لێکۆڵینەوەی کەلکی ئابووری بەشێوەیەکی گشتی ئەم کارەش سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ رۆژگاری لوتکەی زەوی لە شاری(ریودی جانیرۆ) لە بەرازیل لە ماوەی(3_14)یونیوی ساڵی 1992 دەتوانین بڵێین سەرەتای لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوەی مرۆڤایەتی بوو بۆ ئەوەی بەخۆداچوونەوەیەک بکات لە هەڵسوکەوتی، کەوا ئەنجامی دەدات دەربارەی ژینگە، بۆ ئەوەی بەکارهێنانەکی تۆکمەو نموونەیی بکات لەسەر سامانە سروشتییەکان کە هەن.

 

لێرەدا پرسیارێک دێتەکایەوە ئەویش ئەوەیە ئاخۆ لە هەرێمی کوردستان تا چەند گرنگی بەم بوارە دەدرێت، ئەگەر تاوەکو ئێستا گرنگی پێ نەدراوە دەبێ لەمەولا زۆر گرنگی پێ بدرێت، لەبەرئەوەی هەرێمەکەمان دەرگای خۆی کردۆتەوە بەڕووی وەبەرهێنەکان لە دەرەوەی وڵات روو لە هەرێمەکەمان بکەن و پرۆژە و چالاکی ئابووری ئەنجام بدەن. ئەگەر لە سەرەتای کارەکانیان رەچاوی ژینگەکەمان نەکەن لە ئایندەدا ژینگەکەمان تووشی کاولکارییەکی ترسناک دەبێتەوە. بۆیە دەبێ بە یاسایەکی تایبەت ئەم کارە چارەسەر بکرێت و رێک بخرێت، بەڵام دەبێ ئەو کەسانەی بەم کارە هەڵدەستن حسابی تێچوونەکان دەکات ژمێرکاری تایبەت بن لە ئاستێکی بەرزی رۆشنبیری ژینگەیی دابن و هەموو شتەکانی ژینگە بزانن و شارەزاییەکی تەواویان هەبێت، لە هەمان کاتیشدا وا چاکە رای هاووڵاتیان وەربگیرێت لەسەر بابەتەکە، چونکە یارمەتیدەر دەبێت لەکاتی لێکۆڵینەوەکە، لە هەمان کاتیشدا ئەو بەشدارییەی هاووڵاتیان پاڵیان پێوە دەنێت ئەوانیش بەرپرسیارییەتی پاراستنی ژینگە لە ئەستۆ بگرن، واش چاکە سوودی زۆر لە لێکۆڵینەوەکانی دیکە وەرگرن، ئەگەر لە وڵاتانی دیکەش بن لەسەر ئەو پرۆژانەی، کەوا بڕیاری ئەوەیە جێبەجێ بکرێت لە هەرێمەکەمان، دەبێ کۆمەڵێک ئەلتەرناتیڤی پێشنیازکراو لەگەڵی پێشکەش بکرێت، تاوەکو یەکێک لەو بەدیلانە هەڵبژیردرێت، کەوا کەمترین زیان بە ژینگەکەمان و دانیشتوانی ناوچەکەو پەرەپێدانی وڵاتەکەمان دەگەیەنێت.

* ماستەر لە بواری ئابووری ژینگەیی.