٦\٦\٢٠١٧
گرنگیی
پەرتووکخانەی ماڵەوە لە رۆشنبیریی منداڵان.

رەزا ساڵح
خوێندنەوە
زۆر گرنگ و پێویستە، لەم سەردەمەدا بووە بە یەکێک لە پێویستییەکانی
مرۆڤ.. کە لە دوای هەڵمژینی هەوای پاک و خواردن و خواردنەوە و نووستن و
یاری کردن، ریزبەندی دێتە سەر خوێندنەوە.. وەکو چۆن لەشمان پێویستی بە
خۆاراکی هەمەجۆرە هەیە بۆ ئەوەی بڕسکێ و گەشەبکات، خوێندنەوەش خۆراکی
مێشکمانە. لە رێگای خوێندنەوەوە زانست و زانیاری هەمەرەنگە بە
دەستدەهێنین بۆ گەشەکردنی هۆش و گۆش و هزر و بیر و زەینمان.. (سـتیل)
دەڵێ:" خوێیندنەوە وەرزشی هۆشە" خوێندنەوە هۆیەکی گرنگی فێربوون و
خۆڕۆشنبیرکردنە.. بنەمایەکە لە بنەما هەرە سەرەکییەکانی دروستبوونی
کەسایەتییەکی دروست و تەواو و سەرکەوتوو لە ژیاندا.
خوێندنەوە یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی رۆشنبیری منداڵان.. شارەزایانی
پەروەردە هاوڕان لەسەر گرنگی چاندنی حەز و خۆشەویستی خۆێندنەوە لە
قۆناخی زووی منداڵیدا لە دەروونی منداڵاندا، باشتر وایە هەر لە
منداڵییەوە، منداڵ هۆگر و ئاشنای پەرتووک و گۆڤارەکانی منداڵانیان
بکەین و، ببنە هاوڕێی هەمیشەی پەرتووک.. خوێندنەوەش ببێت بە خوویەکی
بەسوودیان و دەقی پێوەبگرن و، ببێت بە بەشێک لە ژیانیان.
(داردین) دەڵێ:" تۆ لە ماڵی خۆت دایت و، بە خوێندنەوەی پەرتووک، گوزەری
جیهان دەکەی" لەو رستە جوانانەی کە لەسەر دیوارە بەجێماوەکانی
فەرعەونییە میسرییەکان هەڵکۆڵراون:" رۆڵەکەم وات لێدەەکەم کە چۆن دایکت
خۆشدەوێ.. ئاوهاش پەرتووکت خۆشبوێت.. یا زیاتر".
دەربارەی رۆڵی ئەرێنی دایکیش لە خوێندنەوەدا بۆ منداڵان.. شاعیرێکی
ئینگلیزی لە هۆنراوەیەکدا بە ناوی( دایکی خوێنەر)ە وە.. دەڵێ:
دەشـــــێ ســــامانێکی شـــاراوەی راســــــتیـت هــــەبێ
قوتـــوویەک پـــڕ لە دوڕ و سەنــووقێ زێــڕت هــــەبێ
بـەڵام هـەرگــــــــیز لە مــــن دەوڵەمـــەنـــــــتر نیــــــت
چونکە من دایکێکم هەیە فێرم دەکا و بۆم دەخوێنێتەوە
هەموو ساڵێک، عاشقان لە رۆژی (١٤ی/ فبرایەر) دا بە بۆنەی (جەژنی
خۆشەویستی) یەوە، بە گەرمی پیرۆزبایی دەکەن و، گوڵی سوور پێشکەش بە
یەکتری دەکەن.. بەڵام زۆربەی خەڵکی ئەوە نازانن کە هەمان رۆژ، رۆژی
(١٤ی/ فبرایەر) رۆژێکیشە بە ناوی ( بۆ منداڵەکەت بخوێنەوە) ئەمەش
گوزارشتە لە بەرجەستەکردنی خۆشەویستیی خوێندنەوە بۆ منداڵان.. لە زۆر
شوێنی جیهاندا، لەم رۆژەدا، خێزانەکان هەریەکە بە شێوازێک ئاهەنگ بەم
بۆنەیەوە دەگێڕن و چالاکی ئەنجام دەدەن، وەک: هەڵبژاردنی پەرتووکێکی
منداڵان و خوێندنەوەی لە نێو خێـزاندا.. یان بە کۆمەڵی لە یانەیـەکی
رۆشنبیریدا پەرتووکێک بۆ منداڵان دەخوێننەوە یا لە قوتابخانەدا. یا
خوێندنەوەی چەند پەرتووکێک لە لایەن خودی منداڵانەوە، کە باوکانیان یا
دایکانیان، کاتێ کە منداڵ بوون، حەزیان بە خوێندنەوەی ئەو پەرتووکانە
بووە. یا گەڕان بە پەرتووکخانەکاندا بۆ کڕینی پەرتووک یا گۆڤارێکی
تازە.. خۆزگە ئەم نەریتە جوانە لە کوردستانی ئێمەشدا دەبوو بە باو..
منداڵانی کوردیشمان لەم رۆژەدا لەگەڵ خێزانەکانیاندا پەرتووکیان
دەخوێندەوە و چالاکی جۆراوجۆری رۆشنبیرییان ئەنجام دەدا و پەرتووکیان
پێشکەش بە یەکتری دەکرد.. هیوای ئەوەش دەخوازم کە رۆشنبیریکردنی منداڵە
چاوگەشەکانمان ببێت بە خواست و بە خەمی سەرەکیمان هەموومان.
دێینە سەر باسەکەمان کە گرنگی پەرتووخانەی ماڵەوەیە لە رۆشنبیریکردنی
منداڵدا.. منداڵی ژیر و وریا و زانست و زانیاری پەروەر، لە پشووی
هاویندا کاتێکی زۆری بە دەستەوەیە بۆ ئەوەی سوود لە بەهرە و توانا و
ئارەزووەکانی وەربگرێت.. یەکێک لەو ئارەزووە بەسوودانەش، خوێندنەوەی
پەرتووک و گۆڤارەکانی منداڵانە.. منداڵ لە رێی خوێندنەوەی پەرتووک و
گۆڤارەکانی منداڵانەوە، فێری ئەوە دەبێت کە بە زانست و بە زانیاری
هەمەچـەشنە، زاخـاوی بیر و هـۆش و بەهـرەکانی بدات، و بیر لە داهێنان
بکاتەوە.. ئاسۆی رۆشنبیری فراوانتر و بەرزتر دەبێتەوە.. جیاوازیشی
دەبێت لەگەڵ ئەو منداڵانەی کە ناخوێننەوە.. بایەخی خوێندنەوە لە
دەرەوەی قوتابخانەدا لە بایەخی بەرنامەکانی خوێندن لە ناو قوتابخانەدا
کەمتر نییە، بۆیە پەرتووکخانەی ماڵەوەی تایبەت بە منداڵان بە
پێویستیەکی پەروەردەیی و رۆشنبیری دەزانین.. چونکە درێژەدەر و
تەواوکەری بەرنامە و پرۆگرامەکانی خوێندنە لە قوتابخانەدا.
توێژینەوە زانیارییەکان ئەوەیان سەلماندووە، کە پەیوەندییەکی بەهـێز
هەیە لە نێوان توانای خوێندنەوە و پێشکەوتن لە خوێندنـدا..
پەرتووکخانەی ماڵەوەی منداڵ، هۆکارێکی پەروەردەییە، بۆ زاخاودانی هزری
منداڵ و گەشەکردن و پێشکەوتنی.
وەکو دەڵێن:" فـێربـوون لە مـنداڵـیدا.. وەکو نەقـشی سەر بـەرد وایـە"
.
شارەزایانی پەروەردە و دەروونناسی، جەخـت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە
پێگەیشتنی منداڵ لە خێزانێکدا، کە دایک و باوکی خوویان بە خوێندنەوەی
پەرتووکەوە گرتووە، پەرتووکخانەش بەشێکی گرنگە لە ماڵەکەیان،
منداڵکانیشیان چاویان لێدەکەن و هۆگری خوێندنەوەی پەرتووک دەبن، چونکە
دایک و باوکی خوێنەری پێشەنگ کارتێکردنێکی ئەرێنی تەواویان هەیە، بۆ
ئەوەی منداڵەکانیشیان چاویان لێبکەن.. دەشێ منداڵ سوود لە پەرتووکخانەی
باوک و دایکی وەرنەگـرێت، بەڵام تەنها بوونی پەرتووکخانە لە ماڵەوەدا،
خۆشەویستی زانست و داهێنان لە لای منداڵ بەهێز و شیرین دەکات.. سووریش
دەبێت لەسەر ئەوەی، کە پێویستە ئەمیش پەرتووکخانەی تایبەتی خۆی هەبێت..
گەر لە ماڵەوە پەرتووکخانەی تایبەتی منداڵیش نەبێت، پێویستە دایک و
باوک ئەو پەرتووکانەی هەڵیان دەبژێرن و دەیانکڕن هەمەچەشنە بن، تا بۆ
هەموو کەسانی خێزانەکەیان لەباربن.. پەرتووک بە کەرەستەیەکی زۆر گرنگی
پەروەردەیی دەزانرێت و رۆڵێکی ئەرێنی هەیە لە زۆرزانین و لە گەشەکردن و
دروستی منداڵاندا. لە ئەمڕۆدا زۆری پەرتووکخانەی گشتی و پەرتووکخانەی
قوتابخانە و ماڵەوە و، دەوڵەمەندییان بە پەرتووک و گۆاری هەمە بابەت،
بە پێوەرێکی رۆشنبیری و بە دیاردەیەکی شارستانی و پێشکەوتن و
پەروەردەیی دەزانرێت.
بۆ نموونە لە هەر شارێک و قەزا و ناحیە و گەڕەک و گوندێکی وڵاتی
(نەرویج ) دا، پەرتووکخانەیەکی گشتی گەورە هەیە.. لە هەر
قوتابخانەیەکدا هۆڵێکی گەورە، کراوە بە پەرتووکخانە بۆ قوتابیان و بۆ
مامۆستایان، لە بەردەم هەر پۆلێکدا پەرتووکخانەیەک هەیە، لە ناو هەر
پۆلێکیشدا دۆڵابێکی پڕ لە پەرتووکی تایبەت بە ئاستی خوێندنی ئەو پۆلەوە
هەیە، لە هەر ماڵێکیشدا پەرتووکخانەیەک هەیە، لە ژووری هەر منداڵێکیشدا
پەرتووکخانەیەکی قنج هەیە.. لە هەر شەقام و سەنتەرێکدا پەرتووکخانەی
فرۆشتنی پەرتووک و گۆڤار و رۆژنامەکان هەیە.. تەنانەت لەو مارکێتانەی
کە خواردەمەنی و خواردنەەوە و میوەهاتیش دەفرۆشن، لە بەشێکیاندا
پەرتووکیان بۆ فرۆشتن داناون بە تایبەتیش پەرتووکی منداڵان.. لە
راستیشدا زۆر دەوڵەتی تری ئەوروپی هەن، کە لەم بورەدا لە پێش
نەرویجەوە.
بە لای ئێمەشەوە، پەرتووکخانەی ماڵەوە، لە چێشتخانەی ماڵەوە گرنگترە..
ئەو ماڵەی پەرتووکخانەنەی تێدا نەبێت.. بە ماڵێکی ناتەواوی
دەزانـم..(شیشرۆن) دەڵێ:" ماڵێک بەبێ پەرتووک.. گیانێکی بێ رووحـە"
پێویستە ئەوەش بڵێین، نابێت پەرتووکخانەی ماڵەوە تەنیا وەکو دیکۆرێک بۆ
جوانی و بۆ رازانەوەی ماڵ دابنرێ و، پەرتووکەکانی خوێنەریان نەبن،
پێویستە وا لە منداڵان بکەین کە ببن هاوڕێی هەمیشەی پەرتووک و
خوێندنەوەش ببێت بە بەشێک لە ژیانیان.. پێویستە لە هه ڵبژاردنی
پەڕتووکی بەسوود و لەبار بۆ پەرتووکخانەکانیان هاوکارییان بکەین.
بە لای منەوە: لە دیمەنی ئەو منداڵە ژیرە جوانتر نییە، کە دانیشتووە و
پەرتووکێک یا گۆڤارێکی کراوەی منداڵانی بە دەستەوەیە و بە وردی لێی
دەڕوانێت.
ئامانجەکانی پەرتووکخانەی منداڵان لە ماڵەوەدا:
بە کورتی چەند ئامانجێکی گرنگی پەرتووکخانەی ماڵەوە بۆ منداڵە
چاوگەشەکانمان ، لەم خاڵانەی خوارەوەدا چڕدەکەینەوە:
١ـ پەرتووکخانەی ماڵەوە، یارمەتی منداڵان دەدات کە بە زانست و زانیاری
هەمەچەشنەی بەسوود زاخاوی بیر و هۆشیان بدەن و خۆیان رۆشنبیر
دانەمێنێت.
٢ـ منداڵ هەر لە منداڵییەوە لەسەر خوێندنەوە رادێت و خووی پێوە دەگرێت
و، پەرتووک دەبێت بە هاوڕێی و.. خوێندنەوەش دەبێت بە بەشێک گرنگ لە
ژیانی.
٣ـ رەوشت و خووی جوان فێردەبێت و، بە ئاراستەیەکی راست و دروستدا
دەڕوات، بەهای جوان و پەندی بەرز وەرردەگرێت.
٤ـ بازنەی شارەزایی فـراونتر دەکات، دەرگاکـانی رۆشنبیری لە بەردەمیدا
دەکـرێنەوە. ٥ـ خوێندنەوە چێژ و خۆشی و دڵخۆشی پێدەبەخشێت.
٦ـ زمانی پاراوتر دەبێت و، سامانی وشە و رستەکانی زیاتر دەبن..
دەتوانێت بێ دامان و رامان، بە ئاسانی بە قسە و بە نووسین، گوزارشت لە
هـزر و لە ناخی خۆی بکات.
٧ـ زۆرزانتر دەبێیت و ئاستی تێگەیشتنی بەرزتر دەبێتەوە، بە شێوەیەکی
راست و دروستیش بیردەکاتەوە.
٨ـ کەسایەتییەکی بڕوابەخۆ و دڵنیا دەبێت.. دەتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت
و رووبەڕووی کێشەکانی ببێتەوە و، چارەسەریان بۆ دابنێت.
٩ـ گەشە بە بەهرە و تواناکانی دەدات.. ئارەزووی زنیاری زیاتری دەبێت و،
هەوڵی داهێنان دەدات.
١٠ـ منداڵ گەر پەرتووکی لەبەردەست دابێت لە کاتی پێویستدا سوودیان
لێوەردەگرێت.
١١ـ پەرتووکخانەی ماڵەوە، هاندەرە بۆ بەهێزکرددنی پەیوەندی رۆشنبیری و
دەمەتەقێ و راگۆڕینەوە و لە نێوان ئەندامانی خێزاندا.
١٢ـ بە هۆی خوێندنەوەی ئەو پەرتووک و گۆڤارانەی کە لە بەردەستی منداڵ
دان.. وەڵامی بەشێک لەو پرسیارانەی کە لە هزری دان، دەستیدەکەون.
١٣ـ لە رێی پەرتووکخانەی ماڵەوە، ئارەزووی سەردانی پەرتووکخانەی گشتی
دەکات و، بە دوای پەرتووک و گۆڤار و سەرچاوەی زیاتردا دەگەڕێ.. لە
ئایندەشدا دەبێت بە خوێنەرێکی هەمیشە و دانەبڕاوی پەرتووکخانەی گشتی.
١٤ـ زۆربەی کەڵەنووسەر و شاعیران و رۆشنبیرانی ناسراوی جیهانی لەوانەن
کە لە منداڵییەوە لە ماڵەوەدا، خوویان بە خوێندنەوەی پەرتووکەوە
گرتوون.. یان ئەوان کە لە خێزانێکی خوێنەر و رۆشنبیردا چاویان
هەڵهێناون.. رۆڵی هاندان و کارتێکردنی دایک و باوکیان پێووە دیارن.
بەم وتەیەی (دیگــۆن لایـلی) کۆتایی بەم نووسینەم دەهێنم.. کە دەڵێ:
"پەرتووکخانەکەت پڕبێت لە پەرتووک، باشترە لەوەی کە جزدانەکەت پڕبێت لە
پارە".
٣\٦\٢٠١٧
-
نەرویج
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|