په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٢\٢٠٢٠

گرنگیی سینەما لە ژیانی مرۆڤ.


دانا محەمەد عەبدوڵا  


یەكێك لەو دەزگایانەی بایەخێكی زۆری هەیە ‌و كاریگەریی بەهێزی هەیە لەسەر ژیانی مرۆڤ سینەمایە، واتە سینەما دەتوانێ كاریگەریی لەسەر تێڕوانین و بیرکردنەوە و چۆنیەتیی ژیانی مرۆڤ هەبێ، سینەما خۆی لە خۆیدا هۆكارێكە بۆ دروستكردنی پەیوەندیی لە نێوان ئێمە‌ و ئەوانیدیکە.

هونەر بە شێوەیەكی گشتیی وەك (تۆڵستۆی) دەڵێ بریتییە لە هۆكاری پەیوەندیی لە نێوان تاكەكاندا، واتە پەیوەندیی لە نێوان ئەو كەسەی كە نمایشی هونەرەكە دەكات لەگەڵ كەسی وەرگر، بۆیە ئەم پێناسەیەی (تۆڵستۆی) سەبارەت بە هونەری سینەما ‌و فیلم، راستتر دەكەوێتەوە، شاشە بە گشتیی ‌و شاشەی سینەما بە تایبەتیی، هەمیشە بە یەكێك لە هۆكارە گرنگەكانی پەیوەندیی ناسراوە، سینەما هەمیشە هەوڵی داوە جۆرێك لە هۆگریی ‌و پەیوەستبوون لە نێوان خۆی ‌و بینەردا دروست بكا ‌و لەو پێناوەشدا خۆی بە ئۆرگانێكی زیندووی كۆمەڵ ناساندوە‌ و سوودی لە سەرجەم ئەو بابەت ‌و دیاردانە وەرگرتوە كە کۆمەڵناسیی و دەروونناسیی بە وردیی لەسەریان وەستاوە‌ و هەردەم كەرەستەی توێژینەوە‌و باسوخواسی زانایان بووە... هەر بۆ نموونە گرنگترین بابەت كە لە دەروونناسییدا بایەخی تایبەتی پێدراوە ‌و لە فیلم‌ و سینەماشدا بە زەقیی رەنگیداوەتەوە (زمانی قسەكردن‌ و زمانی جەستە بووە)، ئەم دوو بوارە لە گرنگترین‌ و كاریگەرترین هۆكاری دروستكردنی پەیوەندیین ‌و لە سینەماشدا بایەخی زۆریان پێ دراوە، لە دەروونناسییشدا‌و بە تایبەتیی دەروونناسیی گەشە ‌و كۆمەڵایەتی گرنگیی ‌و پێگەی خۆیان هەیە.

بەشێكی گرنگی سینەماش لەم دوو بەشە پێك دێ، (دیالۆگ ‌و ئاكتین)، هەردووكیان ئامانجەكە تێیدا ئەوەیە پەیوەندیی لە نێوان خۆی ‌و بینەر یاخود وەرگردا دروست بكات ‌و بە ناڕاستەوخۆیی و لە رێگەی شاشەوە پەیامێك بە بینەر بگەیەنێ. لە دەركەوتنی سینەماوە رۆڵی كاریگەریی لە ئاراستەكردن ‌و دروستكردنی دونیابینی مرۆڤ بۆ بابەتە رامیاریی ‌و ئابووریی و كۆمەڵایەتی‌ و دەروونییەكان لە ئاستێكی بەرزدا هەبووە، بە تایبەت ئەو گەلانەی كە هۆگرییان بۆ شاشە هەبووە.

بە بەڵگە دەركەوتووە تێڕوانینی مرۆڤی ئەمەریکایی تا ئاستێكی زۆر كەوتۆتە ژێر كاریگەریی فیلمەكانی هۆڵیودەوە، (سكیب داین یونگ) لەو پەرتووکەی باس لەوە دەكات كە ماوەیەك لە ئەمەریكا لە ژێر كاریگەریی ئەو فیلمانەی لە هۆڵیوود بەرهەمدەهێنران، مامەڵە‌ و تێڕوانینی خەڵك گۆرانیان بەسەردا دەهات، یاخود نیگاكردنی خەڵك بە شێوەیەكی نەرێنیی و ئەرێنیی گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە.

لێرەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی سینەما زۆر جار دەبێتە سەرچاوەی دونیابینی خەڵك بۆ ژیان ‌و دید ‌و تێڕوانینی بینەر یاخود وەرگر بۆ شتەكانی دەوروبەری، بۆیە فیلم دەكرێت جۆرێك بێت لە رامان‌ و دونیابینی بۆ ئەو دیاردانەی كە ئێمە دەیانبینین.

 

ماڵپه‌ڕی دانا محەمەد عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک