٢٦\١١\٢٠٢٢
گرنگیی سروشت بۆ
منداڵان.

محەمەد بەرزی
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا هەموو دەوروبەرمان بە تەکنەلۆژیا تەنراوە ، وەک
: ئینتەرنێت ، کۆمپیتەر ، تەلەفۆنی زیرەک ، ئایپاد و ... هتد . کە
منداڵان چ لە خوێندنگا و چ لە ناو ماڵەکاندا بە بەردەوامی بەکاریان
دەهێنن . ئەمانەش کارێکی وایانکردووە ، بە تەواوی دڵ و مێشکی منداڵان
داگیربکەن ، سەرئەنجامیش شاشەکانی ئەو ئامێرانەیان لە هەوای پاک و
شوێنە خۆشەکانی ناو سروشت پێ خۆشتربێت ، هەر بۆیە زوربەی هەرە زۆری
منداڵان حەزیان لەوەیە لە ماڵدا بمێننەوە و زۆر بە کەمی بچنە دەرەوە و
لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە یاری بکەن ، کە بە داخەوە زۆرجار لە لاپەڕەکانی
ئینتەرنێتدا چاویان دەچێتە سەر بابەتی توندوتیژی و نەشیاوی زۆر خراپی
زیانبەخش ، کە تەمەنییان نەگەیشتۆتە ئەوەی تەماشایان بکەن و لێی تێبگەن
. جا لەگەڵ ئەوەشدا دایک و باوک لەو بارودۆخە بێزارن و بە ترس و
نیگەرانییەوە گلەیی لە منداڵەکانییان دەکەن ، کە کاتی زۆری خۆیان بەو
ئامێرانەوە بە فیڕۆ دەدەن ، لە هەمان کاتیشدا لایان وایە ، چوونە
دەرەوەی منداڵیش لە ماڵ ، جگە لە کوشتنی کات ، هیچ سودێکی تری نییە ،
کە دیارە ئەمەش بیرکردنەوەیەکی ئێجگار هەڵەیە ، چونکە لە ڕاستیدا
ژینگەی دەرەوە بە پێچەوانەی ژینگە بچووک و سنوردارەکەی ناو ماڵەوە ،
شوێنێکی فراوانی بێ سنور بۆ منداڵان دەڕەخسێنێ ، کە هاندەری سەرەکی
جووڵەن ، هەر بۆیە چوونی منداڵان بۆ پارک و دەشت و شاخ و هەڵمژینی
هەوای پاکی سروشت ، یەکێکە لە پێویستییە هەرە گرنگەکانی گەشەکردنیان ،
چونکە پیاسە و یاریکردن لە سروشتدا ، متمانە بە خۆبوون لە منداڵاندا
دروست دەکات ، ئاسۆی خەیاڵ و داهێنانیان فراوانتردەکات ، ڕادەی فشار و
ماندووبوونییان کەمدەکاتەوە ، ئارامی بە دەروونیان دەبەخشێت و چالاکی
جەستەشیان دەبووژێنێتەوە. بێگومان ئەو منداڵانەی بە زۆری ئەو ئامێرانە
بەکاردەهێنن و حەزناکەن چەند ساتێک لە دەرەوە بەسەربەرن و هەوای پاک
هەڵمژن ، تووشی پەتایەک دەبن، کە بە پەتای (کەم سروشتی -
Nature Deficit Disorder) ناسراوە ، ئەمڕۆش
وەک نەخۆشییەک بڵاوە. جا چونکە منداڵانی ئەمەریکایی ڕۆژانە تەنها چوار
تا حەوت خولەک لە دەرەوە یاریی دەکەن ، بەڵام حەوت کاژێر لە ژوورەوە
بەرامبەر شاشەکان بەسەردەبەن ، بە زۆری تووشی ئەو پەتایە دەبن ، لە
هەمان کاتدا تووشی کێشەی هەڵسوکەوتی وەک : ترس لە دایک و باوک و کێشەی
تەندروستیش وەک : قەڵەویی و کەم خەوی و کزیی چاو و ئازاری شان و مل
دەبنەوە ، سەرباری ئەوەی پەیوەندییەکی لاوازیشیان لەگەڵ دایک و
باوکیاندا بۆ دروست دەبێت ، چونکە کاتێکی زۆر کەمییان لە گەڵدا
بەسەردەبەن.
ئەوەی شایانی باسە ئەمڕۆ زوربەی خێزانەکان لە ناو باڵەخانەدا دەژین ،
کە شوێنێکی داخراوی بێ سەوزاییە و بەجارێک لە سروشت دابڕاوە و منداڵی
تێدا بەندکراوە ، هەر بۆیە تووشی نەخۆشی نەفسی دەبن ، چونکە منداڵ
تەنها لە باخچەی گشتی و پارک و ناوچەی کراوە و دەشتودەری سەوز و
زەنوێردا ، دەتوانن بە دڵی خۆیان یاریی بکەن و بەر هەوای پاک و بێگەرد
بکەون . بێگومان ئەوەش ئاشکرابووە ، لە گەورەییدا ئەگەری ئەوە هەیە ئەو
جۆرە منداڵانەی تووشی پەتای کەم سروشتی دەبن ، ٢٠ لە سەدیان تووشی
دڵەڕاوکێ و ٤٠ لە سەدیشیان تووشی تێکچوونی باری دەروونی ببنەوە .
بێگومان زوربەی توێژینەوەکانیش لەسەر ئەوە کۆکن ، ئەو منداڵانەی لە
دەرەوە یاری دەکەن ، لە چاو ئەو منداڵانەی کاتی زۆر لە ژوورەوەدا
بەسەردەبەن ، زیرەکتر ، چالاکتر ، چاوکراوەتر ، دڵخۆشتر و باشتر
بیردەکەنەوە و زیاتریش متمانەیان بە خۆیانە و کەمتریش تووشی دڵەڕاوکێ و
توندوتیژی و خەمۆکی دەبن ، چونکە هەمیشە سروشتی جوان و ئاوهەوا پاکەکەی
، لە شاشەکانی ئامێرەکان قازانج و سوودیان زیاترە . جا جێگای خۆیەتی
لێرەدا ئاماژە بۆ هەندێک لەو خاڵانە بکەین ، کە بۆچی گرنگە منداڵان
کاتی زیاتری خۆیان لەناو سروشتدا بەسەربەرن؟
١- ئەو منداڵانەی کاتی خۆیان لە سروشتدا بەسەردەبەن ، زیاتر دەجووڵێن ،
چونکە ڕووبەرێکی فراوانتریان لە ماڵەکانی خۆیانیان لەبەردەمدایە و
دەتوانن بە ئارەزووی دڵی خۆیان تێیدا بجووڵێن و یاری تێدا بکەن ، ئەمەش
خۆی لە خۆیدا بەشێکە لە وەرزش ، کە تەندروستی بە لەش دەبەخشێت و
پارێزگاری لە جوانی لەشیان دەکات و لە قەڵەوی دەیانپارێزێت و بەهێز و
خێراتریان دەکات و باشتر هاوسەنگی خۆشیان دەپارێزن . بە پێی بابەتێک ،
کە لە بڵاوکراوەی ( تەندروستی زانکۆی هارڤارد) ی ئەمەریکییدا
بڵاوکراوەتەوە ، ڕۆژانە منداڵان بە لایەنی کەمەوە پێویستییان بە
کاژێرێک وەرزشە ، کە دیارە سروشتی دەرەوەی خانوو و باڵەخانەکان ،
باشترین شوێنە بۆ ئەو وەرزشە.
٢- هەمووان پێویستییان بەوەیە ناوە ناوە لە ژاوە ژاو و جەنجاڵی شار و
قاو و قیژی ناو ماڵەکان دووربکەونەوە . توێژینەوەکان ئەوەیان ئاشکرا
کردووە ، تاوێکی ناو سروشت ، ڕادەی فشار و خەمۆکی لە گەورەکان و
منداڵاندا کەمدەکاتەوە . پاشان کەشوهەوای ناخۆشی خوێندنگا و
تاقیکردنەوەکان ، منداڵ تووشی بێزاری و ماندوو بوون دەکەن ، هەر بۆیە
بردنی منداڵ بۆ دەرەوە ئارامییان دەکاتەوە.
٣- ڤیتامین دی ، یەکێکە لەو ڤیتامینە زۆر گرنگانەی پێویستە بۆ
تەندروستی ماسولکە و ئێسقانەکانی مرۆڤ ، یارمەتی لەش دەدات کالسیۆم و
فۆسفات لە خۆراکەوە بمژێت . بەڵام بە داخەوە لەشی منداڵ زۆر کەم
دەتوانی ئەو ڤیتامینەی دەستبکەوێت ، چونکە بە زۆری لە خۆراکی
گەورەکاندایە . بەڵام زۆر بە ئاسانی دەتوانێ لە ڕێگای تیشکی خۆرەوە
بەرهەمیان بهێنێت . بۆ پارێزگاریی کردنی لەشی منداڵانیش لە سووتانەوەی
تیشکی تیژی خۆر ، وا باشترە لەو کاتانەدا یاری بکەن ، کە تیشکی سەروو
وەنەوشەیی کزە و پێویست بە داپۆشینی لەش ناکات ، یان چەوری دژەخۆریان
بۆ بەکاربێت . بێگومان لە هەردوو ئەو حالەتانەدا ، لەشی منداڵ دەتوانێ
ڤیتامین دی بەرهەم بهێنێت.
٤- توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە ، یاریی کردنی منداڵ لە هەوای پاکی
دەرەوەدا ، هۆکارێکە زیاتر دان بە خۆیدا بگرێت و لە تووڕبوون و مانگرتن
و هەڵچوون و تۆران دووربکەوێتەوە و ڕادەی شەڕەنگێزیشی کەمبێتەوە .
چونکە یاریی کردنی منداڵان ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆکاری زیاترکردنی هوروژمی
خوێن بۆ مێشک ، لە ئەنجامدا ئەو دەمارانەی پەیوەستن بە فێربوون و
ئاگاییەوە ، زیاتر دەکرێنەوە و ڕاستەوخۆش باری دەروونی منداڵان هێور و
ئارام دەکەنەوە.
٥- سروشت هەستێکی سەیری سەرسوڕمان لای منداڵان دروستدەکات ، کە هیچ
ژینگەیەکی تر ناتوانێت دروستی بکات . ئەو دیاردانەی ڕۆژانە بە شێوەیەکی
سروشتی لە حەوشەی ماڵ و دەشت و باخچە و پارکەکاندا ڕوودەدەن ، ڕاستەوخۆ
بە چاوی خۆیان دەیبینن ، وا لە منداڵان دەکەن جیهان بەجۆرێکی جیاواز و
نوێ ببینن ، بیربکەنەوە و پرسیار دەربارەی زەوی و ڕووەک و دار و بەرد و
ئاژەڵ و باڵندە و کرم و مار و مێروو بکەن . سەیری کەوتنەخوارەوەی گەڵای
دارەکان بکەن ، گویێ لە جریوە و جووکەی باڵندە و قاڕە و باڕەی بزن و
مەڕ و خوڕەی ئاو بگرن ، بە دوای پەپوولە و خاڵخاڵۆکەدا وەک با بفڕن ،
یاریی بە قوڕ بکەن و خانوی لیێ دروست بکەن ، هەر بۆیە سروشت بە شێکی
گرنگی پەروردەیەکی بەردەوام و خۆڕاییە ، چونکە لە سروشتدا فێری پرسیاری
زۆر و بەرپرسیارێتی دەبن . بۆ نموونە دەگەنە ئەو ڕاستییەی ، ئەگەر وەک
پێویست گرنگیی بە زیندەوەرێک نەدرێت ، یان ماسییەک لە ئاودا دەربهێنرێت
، لە ئەنجامدا دەمرن ، ئەگەر ڕووەکێک ئاوی نەدرێت ، یان گوڵێکی ئێجگار
گەشی جوان لە خاک هەڵبکێشرێت سیس دەبن . بە مانەش هەستەکانی منداڵان
چاڵاک دەبن ، چونکە بە چاوی خۆیان هەموو ئەو شتانە دەبینن .. هەر بۆیە
ئەرکێکی زۆر گرنگی دایک و باوکانە ڕۆژانە لە سروشتدا کاتێکی خۆشی پڕ لە
ئارامی بۆ خۆیان و یاریکردنی منداڵەکانیان تەرخان بکەن ، چونکە دنیای
دەرەوە سوودی ئێجگار زۆریان هەیە ، کە لە ژماردن نایەن . جوانییەکانی
کار لە ڕۆح دەکەن ، ئازادییەکی بێ کۆتایی و خۆڕاگریی بە منداڵان
دەبەخشێت . چالاکییەکانی ناوی زاخاوی مێشک و یارمەتی سووتاندنی کالۆری
زیاتر دەدات و لێدانی دڵ و هێز و توانا و هاوسەنگی و خێراییان باشتر
دەکات ، هۆکارێکیشن بۆ بنیاتنانی جەستەیەکی بەهێز و جوان ، منداڵانیش
لە سەیری شاشە و مەترسی لایەنە خراپەکانی ئینتەرنێت و دانیشتنی
نادروستی سەر دۆشەک و قەنەفە دوور دەخاتەوە ، سەرئەنجامیش پەیوەندی باش
لەگەڵ مندالەکانیاندا دروست دەکەن ، دواڕۆژێکی ئێجگار گەش و ڕووناکیش
چاوەڕوانیان دەکات.
________________________________________
تێبینی:
١ - ئەگەر لە فەرهەنگدا سەیری ناوە ئینگلیزییەکەی پەتای کەم سروشتی (Nature
Deficit Disorder) بکەین ، ئەوا دەبێت بە : (ناتەواوی
سروشتی ، یان تێکچوونی بێ توانایی سروشت)، کە دیارە دوو ناوی درێژ و
ناقۆڵان . جالەبەر ڕۆشنایی زاراوە جوانەکانی زمانە شیرینەکەی خۆماندا
وەک : (کەم خەوی و کەم خوێنی..) نـاوم لێنا (کەم سروشتی). واتە ئەو
کەسانەی کەم بەر سروشت دەکەون.
٢ - بۆ ئەم باسە سوود لە چەند سایتێکی ئەمەریکی وەرگیراوە.
mkbarzy@hotmail.com
|