٤\١٠\٢٠٢٤
گرنگیی و بایەخی دەنگنەدان، بایکۆتی دەنگدان.
زاھیر باھیر
کاتێك لەگەڵ خەڵکدا لەسەر ئەوەی سەرەوە دەدوێی ڕووبەڕوی دوو پرسیار
یاخود دوو وەڵام دەبیتەوە. یەکەم: بایکۆت هیچ ناگۆڕێ و دەچێتە گیرفانی
حیزبەکانەوە و لەو بارەشدا لایەنە هەرە خراپەکە سوودمەند دەبێ. دووەم:
ئەی ئەگەر بایکۆت بکرێ جێگرەوە چیە؟
بە ڕای من ئەو بۆچوونانە هەردووکیان هەڵەن نە چارەیە و نە
گۆڕانکارییەکیش دەکا، چونکە چارە ئەوە نییە کە ئێمە دەنگ بە لایەك
بدەین ، شەر لە بەتاڵی باشتر نییە، شەڕێك نییە یەخەی گرتبێتین و گەر
نەیکەین تیادەچین و زەرەرمەندی هەمیشەیی دەبین. لە ڕاستیدا لە پرۆسەی
هەڵبژاردندا لە نێوان هەموو ئەو بەربژێر و حیزبانەدا تەنها دوو
بژاردەمان هەیە خراپ و خراپترین. لەو بارەشدا ئێمە دەنگ بە خراپەکە
دەدەین تاکو خراپترینەکەمان لە کۆڵ ببێتەوە.
گومان لەوەدا نییە کە لە ناو ئەو بەربژێرانەدا کەسانی زۆر باش و
دڵسۆزیان تێدایە بە هەموو نیاز و ئاوەزی خۆیانەوە وا هەستدەکەن کە
ئەوان دەتوانن گۆڕانکاری بکەن. بەداخەوە کە ئەو هاوڕێیانە ئەوەند
هۆشیارییان نییە و قووڵ نەبوونەتەوە لە کێشە ناوچەییەکان و
جیهانییەکاندا. ئەوان ئیدراکی ئەوە ناکەن کە تۆ هەر جۆرە حکومەتێك
دامەزرێنی ناچاری کە ببیتە پاشکۆی ئەم سیستەمە، پاشکۆی ئەوەی کە پێی
دەلێن کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی. بۆیە لەو بارەدا دەبێ ئەوە بزانین ئەو کەسە
باشانەش کە خۆیان بەربژێر کردووە دەبنە پاشکۆ و سیستەمەکە زۆر بە باشی
دەیانگۆڕێ بەو جۆرەی کە پێویست بکا. ئەوان دەبنە برغویەکی سلاك،
لەکارکەوتوو، کە بێ ئەو برغوانەش پێچکەی عەرەبانەی سیستەمەکە
لەڕۆیشتندایە. ئەمە جگە لەوەی کە ئەوانیش دەبنە بەشێك لە داپڵۆسێنەر و
سەرکوتکەری ئەو چین توێژاڵانەی کە پێشتر داوای دەنگدانیان لێدەکەن و
گوایە 'ئەم و ئەمان' جیاواز دەبن لەوانەی کە ئێستا دەسەڵاتدارن.
بایکۆت هەڵوێستە، لە ساتەوەختێکی ئاوادا هەڵوێست و هەنگاوێکی
شۆڕشگێڕانەیە کە بەرهەمی دەبێ، ڕسوایی و نابەدڵیی و نادڵسۆزیی و جەور و
ستەمی ئەنجامی پرۆسەکە و سیستەمەکە نیشاندەدات. بایکۆت هەنگاوی یەکەمە
بۆ گۆڕانکاریی گەورە لە سیستەمەکەدا، هەرگیز شۆڕش ڕوونادا بێ هەنگاوە
بچووك و پێشەکییەکانی. هەرگیز ساوایەك بێ هەنگاونانی زۆر بچووك فێرنابێ
یا ڕانایە لەسەر هەنگاونانی گەورە و دواتریش ڕاکردن.
بایکۆت واتە پێشەوەچوونی هۆش و گۆشی خەڵکی کە گەورەترین مەترسی لەسەر
دەستەبژێر و حوکمڕانان دروستدەکا کە بە هۆش خۆیان دەهێنێتەوە کە ئەوان
ڕووبەری مەترسی گەورە بوونەتەوە.
ئێمە خۆمان لە ناهۆشیارییمانەوە بایکۆت لەبەرچاو ناگرین بەڵام
سیاسەتمەداران و دەوڵەتمەداران زۆر باش لەبەرچاویدەگرن، ئەوان دەزانن چ
مەترسییەك ڕووبەڕوویان دەبێتەوە . هەر ئەمەشە کە بە ملیۆنان پاوەند و
دۆلار و یورۆ لەو هۆکارەدا خەرجدەکرێ کە بۆچی خەڵك دەنگ نادا؟ ئەوان
ناوەرۆك و راستیی بایکۆت تێدەگەن، ڕووکەشانە نایبینن، یا وەکو
دیاردەیەکی ئاسایی هەڵوێستی دەنگدەر نابینین، ئەوان ئەو دیوی
کارەساتەکان و دیاردەکان دەخوێننەوە کە بایکۆت چەکەرەکردنی دەربڕینی
چالاکی ناڕەزایەتی و دروستبوونی هۆشیارییە، دەزانن کە چ مەترسییەکە
بۆیان، مەترسیی بە هۆشهاتنەوەی جەماوەری ناڕازییە.
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|