په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٨\٢٠٢٢

گرنگ، یەکخستنی گیرفان و تێگەیشتن لە زانکۆیە!

 شوان سدیق*       

سەرۆکایەتی زانکۆی سەلا حەدین دەڵێت "بریارمانداوە، لەزانکۆ یەکپۆشی خوێندکاران جێبەجێ بکرێت.
بیرکردنەوەو هەنگاوەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ دەڵێی کۆپیکراوی بیرۆکەی رێکخراو سەنتەرەکانن، هەنگاوەکانیان زۆر بچووکە وا خۆیان دەخەنەڕوو ئەرکیان نییە، هەڵبەت دیارە ئەرکیشیان نییە، ئەگینا خۆیان بە یەکپۆشی و جلوبەرگەوە سەرقاڵ نەدەکرد.
لەدوورەوە دەبێ ئەم پرسیارانە لە سەرۆکایەتی زانکۆ بکەین، ئاستی زانکۆ ئێستە چۆن؟ ساڵی راردوو ژمارەی توێژینەوەکان گەیشتوونەتە چەند و چەندیان بەکەڵکی ئەوەدێن بۆ ژیانی رۆژانەو کاروباری دەوڵەت کاری پێبکری؟ ئەدی ژمارەی قوتابیانی ناوخۆ و بیانی لە چی ئاستێکدان؟ پەیوەندی زانکۆکەیان لەگەڵ زانکۆی دیکە چۆنەو تاچەند ئاگاداری پێشکەوتنەکانن؟!


من بەراوردی زانکۆی ئیتاڵیاو کوردستان ناکام هەر بەراوردیش ناکرێن ئەمان لە ساڵی ١٠٨٨ خاوەنی زانکۆن بەڵآم دەکرێ بەراوردی تێگەیشتنی مامۆستاو قوتابی بکەین بۆ کار و دەوام و خوێندنیان لە زانکۆ.
لەم زانکۆی ئێمە لە ئیتاڵیا شتێک نیە بەناوی جلوبەرگ و خۆڕازاندەوەو بۆن و مێکیاژکردن، ئۆتۆمبێلی گرانبەها نابینی، قوتابی ھەیە بەجلی یاریەوە دێتە ھۆڵی محازەرە، ھەندێ قوتابی ئەفریقای و ئاسیایش دەبینی بەجلوبەرکی نەتەوەی خۆیان دێن و دەچن، کەسیش سەیری کەس ناکات!
بەڵآم لە زانکۆکە شتێک هەیە پێی دەگوتری هاوسەنگی بەگشتی قوتابی وەکو یەک هاوسەنگی لەژیانی نێو زانکۆیاندا بەدی دەکرێ، ئەو قوتابیانەیش کە هەبوونن کەدێنە نێو زانکۆ ئەمەیان پێوە دیار نییە..
خاڵێکی دیکەیش کە زۆر گرنگە رۆژئاواییەکان کەمتر پێداگیری لەسەر خۆبادان و خۆنمایشکردنیان دەکەن. بەپێچەوانە ئەگەر داهاتیان هەبێ گەشتی پێدەکەن یان لەبوارێکی دیکە خەرجی دەکەن، ژیانی خۆیان نمایش ناکەن، ئەم هاوینە بۆ کارێکی زانکۆ قسەم لەگەڵ دوو هاوڕێمکرد یەکێکیان گوتی "لە تورکیاین" و ئەویدکەیان، لە گەشتی هەرێمی سیچیلیا بوون بە خێزانەوە.
ساڵی ڕابردوو حەفت مامۆستامان ھەبوو یەکێکیان چاکەت و پانتۆڵ و بۆینباخی دەبەست، مامۆستامان ھەیە دوو دکتۆرای لە ئیتاڵیاو فەڕەنسا ھێناوە کەچی تورەکەیەکی لە شانکردەوەو کۆمپیوتەر و دەبەیەک ئاوی تێدایەو ھەر ئەوەیە!
بەگشتی خۆگۆڕین و خۆڕازاندنەوە لەکۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە دەگۆڕدرێت، بۆنموونە لێرە بۆ ئاھەنگ، بۆ سەردانیکردن و تەنانەت بۆ پرسەو قەبرسانیش خەڵک خۆی ئامادە دەکات..


بەڵام لە کوردستان بەپێچەوانەوەیە لەنێو زانکۆکانمان قوتابیان حەزیان بە جلوبەرکی کەشخەو خۆ ڕازاندنەوەیە، کەچی چینایەتیەکی ڕوونیش دیارەو نەبوونەکان زۆر نیگەران دەبن، کاتێ ھەبووەکان دەبینن!
بەڵام لێرە، بەگشتی لە زانکۆکان، بەتایبەت بەژیان و گوزەرانی خوێندکار چینایەتیەکە کەمێک چارەسەرکراوە.
بۆنموونە قوتابیانی کەمدەرامەت لەلایەن دەوڵەتەوە پارەی خوێندن و شوێن و خواردنیشی بۆ خەرج دەکرێ ئەم پشتیوانیە بۆ بێگانەو پەنابەر و ھاوڵاتی خۆیش یەک شتە.


ئەوەی بۆ زانکۆکانی کوردستان گرنگەو پەیوەندی بەژیانی قوتابیانەوەیە چارەسەرکردنی ژیانیانە نەک پرسی جلوبەرگ.
یەکەم: پێویستە ژیانێکی شایستە وەک شوێن و خۆراک و ھاوکاری شەش مانگی بۆ خوێندکار دەستەبەر بکرێ.
دووەم: دەکرێ پرۆژەیەک ھەبێ بۆ پێدانی قەرزی درێژخایەن بەخوێندکار ئەم پڕۆژەیە چینی مامناوەند و کەمدەرامەت بگێتەوە..
سێیەم: پەیوەندیگرتن لەگەڵ زانکۆکانی دیکە با وڵاتانی دراوسێیش بێ بۆ ئەوەی قوتابیان بەبێ جیاوازی بتوانن لەدەرەوە بخوێنن.
چوارەم: پرۆژەی دۆزینەوەی دەرفەتی کار بۆ قوتابیان لەکەرتی گشتی و حکوومی گرنگە زانکۆکان دەتوانن ئەم رۆڵە بگێڕن نەک ڕێکخراو سەنتەرەکان، بەشێکیان گەنجان ناچار بەکاری حزبیش دەکەن.


لەم قۆناغە ئەمانە بەکەڵکی خوێندکارو گەنجانی وڵات دێ پێویستە لەبری ھانابردن بۆ جلوبەرگ، گیرفانی خوێندکارەکان گەرمبکرێتەوە..
چارەسەرکردنی جیاکاری بە یەکپۆشی جلوبەرگ نابێ ئەوان ژیانێکی شایستەیان دەوێ داھاتووی کۆمەڵگە دەکەوێتە دەست گیرفان بەتاڵەکان!

__________________________________
* شوان سدیق، خوێدنکاری زانستەسیاسی و کۆمەڵایەتیەکان.

 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک