٢٥\٣\٢٠٢٠
گرووپی هاوپشتیی
کۆڵان
گرووپە خۆجێییەکانی هاوپشتیی گەڕەک.
هەژێن
لەنێو هەر کۆڵانێک کە ئێمە دەژین، کەسانێک هەن، کە بە هۆکاری پیریی و
نەخۆشیی و پەککەوتەیی و کەمئەندامیی توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی
خۆیان نییە، چ بە هۆکاری نەتوانین و مەترسیی دەرچوون لە ماڵ، چ بە هۆی
نەبوونی توانای کڕین.
ئێمە وەک هاوسێ و وەک مرۆڤ و وەک بەرپسیاریی هوشیاربوون، ئەرکی
هاوپشتیکردنی ئەو کەسانە دەکەوێتە ئەستۆ، هەڵبەتە ئەگەر خۆمان لە باری
تەندرووستیی و جەستەیی لەبار و گونجاو بین.
لەوانەیە بەهۆی دانەچڵەکانی ئەو هەست و بەرپرسیارییە کۆمەڵایەتییەی
سەرشانی خۆمان، هێشتا ئێمەی لە دوای پاساو بگەڕێین و وەک خۆدزینەوەیەک
بپرسین؛ ئەی منداڵان و خزمانی خۆیان نایێن و ئەو ئەرکە لە ئەستۆناگرن و
ئەنجامنادەن؟
بێجگە لەوەی کە ئەو پرسیارە لە هوشیاریی و لۆجیک دوورە، دەکرێت
پرسیارەکە پێچەوانە بکەینەوە و لە خۆمان بپرسین؛ ئەگەر ئێمە لە دایک و
باوکی خۆمان دوور بووینایە و بەهۆی قەدەخەبوونی هاتووچۆ یان دووریی
شوێنی ژیان یان نەخۆشبوونی خۆمان توانای فریاگوزاریی خزمانی خۆمان
نەبووایە، چی؟ ئایا هەر ئاوا وەک ئێستا کەمتەرخەمانە و نادەربەسانە
دەمانگوت: بۆچی منداڵان و خزمانی خۆیان فریای ئەوان ناکەون؟
بەبێ گومان نەخێر و بەپێچەوانەی ئەوە خۆزگەخواز دەبووین و زۆر
سوپاسگوزار دەبووین، ئەگەر هاوسێیانی خزمانی ئێمە لە کاتی تەنگانە
فریای ئەوان بکەون و پێداویستییەکانی ئەوان دابینبکەن.
دەی لەسەر هەمان بنەما، پێویستە هەر یەک لە ئێمە لە شوێنی ژییانی خۆمان
[لە ئاستی گوند و کۆڵان و گەڕەک] بۆ پێکهێنانی (گرووپی هاوپشتیی
هاوسێیان) بانگەوازبکەین و ژمارە تەلەفۆنێک بۆ پەیوەندیکردن
دەستنیشانبکەین. هەڵبەتە تاکو ئەو کاتەی کە (گرووپی هاوپشتیی کۆڵان) و
(گرووپەکانی هاوپشتیی گەڕەک) پێکنەهاتوون، پێویستە هەر کەس لەنێو
کۆڵانەکەی خۆی، لەوێ کە هاوسێکان ئەو دەناسن و بڕوای کۆمەڵایەتییان بە
ئەو هەیە، پێویستە هەر کەس بەخۆبکەوێت و چاوەڕێی درووستبوونی گرووپی
کۆڵان نەبێت [هاوکاتی هەوڵدان بۆ درووستبوونی گرووپی هاوپشتیی
کۆڵانەکەی خۆی، هەوڵبدات خۆی بە تەنیا ئەو ئەرکە ئەنجامبدات]، چونکە
گرووپە خۆجێییەکان لەو دەستپێشخەرییە کەسییانەوە دەستپێدەکەن و
سەرهەڵدەدەن و پابەندکردنی بەشداریکردنی هەر کەسێک و چاوەڕوانمانەوەی
هەر کەسێك بۆ درووستبوونی گرووپەکان، دەبێتە هۆی دواکەوتنی درووستبوونی
گرووپەکان، بە واتایەکی دیکە، بەو ڕادەی کە هەر کەسێک زووتر لە شوێنی
ژییانی خۆی بەخۆدەکەوێت، بە هەمان ڕادە درووستبوون و سەرهەڵدانی
گرووپەکان نزیکتر دەبێت.
چۆنیەتی سەرهەڵدانی گرووپی هاوپشتیی کۆڵان؟
وەک پێشتر ئاماژەدرا، کەسێک بە ڕاگەیاندنی ئامادەیی خۆی بۆ
هاوپشتیکردنی هاوسێیانی پیر و نەخۆش و پەککەوتە و کەمئەندام یان هەر
کەسێکی دیکە کە کۆمەک و هاوپشتی ئێمەی پێویست بێت، لەنێو کۆڵان بە
هەڵواسینی بانگەوازێک بۆ پێکهێنانی گرووپێک بۆ هاوپشتیی هاوسێیان یان
بڵاوکردنەوەی بانگەوازەکە لەنێو تۆڕی کۆمەڵایەتیی و نووسینی ژمارە
تەلەفۆنێک بۆ پەیوەندی، هەڵبەتە ئەگەر بکرێت لەسەر بانگەوازە
چاپکراووەکە وێنەی کەسی بانگەوازکەر هەبێت، تاکو بڕوای کۆمەڵایەتیی
هاوسێیان بەدەستبهێنێت، هەر ئاوا بۆ ئەوەی هەوڵی هاوپشتییانەی ئێمە لە
هەوڵ و هەلپەرستیی کەسانی دیکەی ساختەچی و دەستبڕ یان پڕۆپاگەندەکەرانی
ڕامیار و مشەخۆر جیابکرێتەوە.
پاش پەیوەندیکردن و ئامادەیی کەسانی دیکە، لەنێو کۆبوونەوەیەکی ئاشکرا
و بە لەبەرچاوکردنی باری تەندرووستی و ئاسایی ئێستا، دەکرێت کۆبوونەوەی
پێکهێنانی گرووپەکە لەنێو چات-مەسینجەرێک بێت و هەموو هاوسێیان بتوانن
بەشداریبکەن، بۆ نموونە چات-گرووپی فەیسبووکیی لە عیراق و چات-گرووپی
تێلەگرامیی لە ئێران، لەبەر ئەوەی کە لەو دوو وڵاتە زۆبەی خەڵک
بەکاربەری ئەو دوو تۆرانەیە و نائاشنا نییە و بەکاربردنی ئەوان ئاسانە،
ئەگەر نا چات-مەسینجەری دیکەی وەک سیگناڵ Signalو جیتسی Jitsiهەن، کە
زۆر باشتر و پارێزراوترن. بەڵام بەداخەوە وەک فەیسبووک مەسینجەر و
تێلەگرام گەلیی و گشتیی نەبوونەتەوە و زۆبەری خەڵک ئاگاداری بوونی
ئەوان نییە.
لەنێو کۆبوونەوەکە، کەسانی ئامادەی هاوپشتیکردنی هاوسێییان خۆیان
دەناسێنن و ژمارە تێلەفۆنی خۆیان بۆ پەیوەندیی ڕادەگەیێنن و بەشدارانی
دیکە دەتوانن ژمارە تەلەفۆنی ئەو کەسانە بە هەموو دانیشتووانی کۆڵانەکە
بگەیێن.
بەو جۆرە کۆڵان بە کۆڵان تاکو ئاستی گەڕەک و شار گرووپەکان پێکدێن و لە
کاتی پێویست چالاکانی کۆڵانەکان دەتوانن فریای کۆڵانەکانی دیکە بکەون،
بەڵام ئەوە بەس لە باری پێویستی و گرفتاریی چالاکانی ئەو کۆڵانە. چونکە
هاوپشتیی هاوسێییان بڕوا و ناسین و دڵنیایی پێویستە، بەتایبەت کەسانێک
کە کەمتر لە ماڵ دەردەچن و پیر و نەخۆش و پەککەوتە و کەئەندامن،
پێویستە دڵنیایی زۆرتریان هەبێت. هەڵبەتە، بە بەردەوامبوونی
چالاکییەکان، بڕوای کۆمەڵایەتیی پتەوتر و جێگیرتر و فراوانتر دەبێت و
تەنانەت ئاستی کۆڵان و گەڕەکیش تێدەپەڕینێت. بەڵام سەرەتا درووستکردن و
گێڕانەوەی پێویستە، چونکە هەزاران و سەدان ساڵە ئیمپڕاتۆرییەکان و
دەوڵەت و پارتییە ڕامیارییەکان و دەزگەکان و ڕامیاران خەریکی
لەنێوبردنی بڕوا و هاوپشتیی کۆمەڵایەتین و درووستکردنەوە و گێڕانەوەی
ئەوەی لەنێوبردراوە، شێلگیرییەکی بەردەوامی پێویستە.
ئەرکەکانی گرووپی هاوپشتی کۆڵان؟
لەباری نائاسایی ئێستا کڕینی خۆراک و پێداویستییەکانی دیکە بۆ ئەو
کەسانەی کە بە خۆیان توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی خۆیان نییە،
گەیاندنی ئەو کەسانە بە پزیشک و نەخۆشخانە، بەسەرکردنەوەی بەردەوام بە
هۆی تێلەفۆن و تەنانەت سەردانیکردن بەلەبەرچاوگرتنی ڕێنوێییە
تەندرووستییەکان بۆ خۆپاراستن لە بڵاوکردنەوە و تووشبوون بە پەتاکان.
بەڵام لە باری ئاسایی و نەبوونی پەتاکان، دەکرێت شەونشینی و گەشت و
پیاسەکردن لەتەک کەسانێک کە هاوپشتی ئێمە دەخوازن. بۆ نموونە لە یابان
خوێندکاران [قۆناخی نێوەندیی و ئامادەیی] هەر کەسە وەک بەشێک لە
پراکتیک سەردانیکردن و کڕین و چێکردنی خواردن و پیاسەکردن لەتەک
نەخۆشان و پیران و پەککەوتان و کەمئەندامان لە ئەستۆدەگرێت و بەگوێرەی
کات و حەزی خۆی ڕۆژانە یان چەند جارێک لە هەفتە ئەو کەسانە
سەردانیدەکات و زۆر جار دەکرێت چەند خوێندکارێک لە کەسانی
سەرپەرشتیکراو گرووپێک بۆ سەیران و گەشت و چوونە سینەما یان چوون بۆ
پەڕتووکخانەی گشتتیی و باخی گشتیی و شوێنەکانی سەرگەرمیی ڕێکبخەن، یان
ڕێکخستنی کۆبوونەوە و خواردنی بەیانی پێکەوە لەنێو نێوەندەکانی کۆڵان و
گەڕەک پێشنیاربکەن.
چۆنیەتی ڕێکخستن و ئەنجامدانی هاوپشتی؟
کەسێک کە هاوپشتیکردنی کەسانی پیر و نەخۆش و پەککەوتە و کەمئەندام
ئامادەیی خۆی دەربڕیوە و ژمارە تەلەفۆنی خۆی بڵاوکردووەتەوە، لەلایەن
ئەو کەسانەی هاوپشتییان پێویستە تەلەفۆنی بۆ دەکرێت، یان بە
چات-مەسینجەر لیستی پێویستییەکانی پێدەگات، پێداویستییەکان لەو
شوێنانەی کە کەسی داخوازیکەردەستنیشانیکردووە دەکڕێت و دەگەیێنێتە
بەردەگە و بە تەلەفۆن بڕی پارەکە بە کەسەکە دەڵێت و کەسەکە
هاوپشتیکراوەکە پارەکە لەنێو زەرفێک دەنێت و لەبەردەرگەکەی دادەنێت.
لەباری هەبوونی نەخۆشی و گرانەتا، لەبەر ڕۆشنایی ڕێنوێنییە
تەندرووستییەکان، کەمترین نزیکبوونەوە و بەریەککەوتن درووست دەبێت.
بەڵام ئەگەر پێویستییەکان بەشێک لە کۆمەکە کۆمەڵایەتییەکانی بەخشینی
خۆراک و پۆشاک و شمەکی دیکە بێت، ئەوا بە گەیاندنی کۆمەکەکە بە
بەردەرگەی کەسە هاوپشتیکراوەکە، بۆ بردنی کۆمەکەکە ئاگاداردەکرێت و
گرفتی پێدانی پارە و تووشبوونی پەتا نابێت.
چۆن لە خراپەکاریی و فڕوفێڵی کەسانی خراپەکار بەردەگیردرێت؟
بەداخەوە، لەم کاتە کە لە هەموو کات زیاتر مرۆڤەکان بەتایبەت کەسانی
پیر و نەخۆش و پەککەوتە و کەمئەندام ناچارن و کۆمەک و هاوپشتیی
دەخوازن، لە زۆر شوێن، تەنانەت لە ئۆروپا کەسانێک پەیدابوون کە بەناوی
ڕێنوێنی تەندرووستیی و بیمەی دەرمانیی و تیمی پشکنین و تەنانەت بەناوی
کۆمەک و هاریکاری لە خەڵکی ناچار پارە دەکێشنەوە.
لەبەرئەوە، پێویستە هاوکاتی ڕاگەیاندنی ئامادەیی خود بۆ کۆمەک و
هاوپشتیی هاوسێییان و درووستکردنی گرووپی هاوپشتیی هاوسێیان، وێنە و
ژمارە تێلەفۆن و ناونیشانی خود بە چالاکانی گرووپی هاوپشتیی کۆڵان و
کەسانێك کە بە ئەوان کۆمەک و هاوپستیی دەگەیێنین، بدەن و چالاییەکان
ئاشکرا و ڕاگەیێندراو بن. هەر ئاوا دانیشتووانی کۆڵان بەتایبەت پیران و
نەخۆشان و پەککەوتە و کەمئەندامان لە هەوڵی خراپکارانەی کەسانی
نەناسراو ئاگادار و وریابکرێنەوە.
هەڵبەتە نابێت، ئەو ئاگادارکردنەوە و وریاکردنەوانە ببێتە هۆکاری
لەنێوبردنی بڕوای کۆمەڵایەتیی بە یەکدی و گومان درووستکردن لەنێو
هاوسێیان، بەڵکو پێویستە بەس بە ڕادەی بەرگرتن لە هەوڵی خراپکارانەی
کەسانی مشەخۆر و دەستبڕ و بۆرجوا سیفەت، ئاگادارکردنەوەکان بەردەوام
بن.
چۆنیەتی یەکگرتنەوە و هاریکاری نێوان گرووپی کۆڵانەکان و یەکگرتنەوەیان
لەنێو تۆڕی هاوپشتیی گەڕەک؟
لەتەک درووستبوونی گرووپی هەر کۆڵانێک، پێویستە دەستبەجێ بۆ
بانگەوازکردن و هاندانی دانیشتووانی کۆڵانەکانی دیکە هەوڵبدرێت و تاکو
ئەو کاتەی کە لە کۆڵانی تەنیشت گرووپی هاوپشتیی درووستنەبووە، پێویستە
وەک نیشاندانی نموونەیەک لە باشیی گرووپی هاوپشتیی کۆڵان، بەگوێرەی
توانا و کات لە پیران و نەخۆشان و پەککەوتان و کەمئەندامانی کۆڵانەکانی
دیکە هاوپشتیی بکرێت و ئەزموون و ڕێنوێنییەکانی خود بە ئەوان
بگەیێندڕین، ئەزموونەکان و چالاکییەکان و نموونەکان لەنێو شەونشینی
خێزان و پەیوەندی و گفتۆی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکرێنەوە.
کاتێک گرووپەکانی هاوپشتیی دوو کۆڵان لەنێوان خۆیان هاریکارییدەکەن و
گرووپی دیکە درووستدەبن، پێویستە بۆ پێكهێنانی تۆڕی گرووپە
هاوپشتییەکانی گەڕەک هەوڵبدرێت و هەر وەک کۆبوونەوەی ئینتەرنێتیی
چالاکانی گرووپی هاوپشتیی کۆڵانێک لە باری نائاسایی وەک ئێستا، یان
کۆبوونەوەی خۆجێی لە باری ئاسایی دوور لە مەترسی پەتا و قەدەخەبوونی
هاتوچۆ، چالاکانی گرووپە هاوپشتییەکانی گشت کۆڵانەکانی گەڕەکێک
کۆبوونەوە بکەن و گفتوگۆبکەن و پەیوەندیی و چالاکییەکانی خۆیان
ڕێکبخەن.
چۆنیەتی سەرپەرشتیکردنی گرووپەکان و ڕێکخستنی بڕیاردانەکان؟
گرووپە هاوپشتییەکانی کۆڵان و گەڕەک، گرووپی خۆبەخشانە و هاریکاریی و
دوور لە قازانج و پلە و پایەی ئابووریی و ڕامیاریی دەبن و لەوەش زیاتر
گرووپەکان دارای هیچ پەیوەندی و تایبەتمەندییەکی پارتییایەتی و
ئایدیۆلۆجیی و ڕامیاریی نابن و نابێت بە پڕۆپاگەندەی ڕامیاریی پارتیی و
ڕێکخراوە ڕامیارییەکان بواربدرێت؛ فیلۆسۆفیی گرووپی هاوپشتیی کۆڵان و
تۆڕەکانی هاوپشتیی گوند و گەڕەک و شار بریتی دەبێت لە ( هاوپشتیی هاوسێ
بۆ هاوسێ) و بنەمای هاوپشتیکردن و پەیوەندییەکەش بنەما و پەیوەندییەکی
کۆمەڵایەتیی دەبێت و پێویستە لە هەموو پەیوەندییەکی بازرگانیی و
ئابووریی و ڕامیاریی و دەستەبژێریی دووربگیردرێت.
کاتێک ئەوە ئامانج و ئەوە شێوازی چالاکییکردنی گرووپە خۆجێییەکانی
هاوپشتیی کۆڵان و گەڕەکەکان بێت، بەبێ بێگومان شێواز و ئاستی
سەرپەرشتیکردن و بڕیاردانیش گشتیی و کۆڕابەریی (هەمووان ڕابەریی، یان
نەبوونی ڕابەریی) دەبێت و هیچ کەس سەرۆک و هیچ کەس هاوسەرۆک نییە و
سەرۆکایەتی و ڕێکخستن و بڕیاردانی قووچکەیی بوونی نابێت، هەر ئاوا کە
لە باری ئاسایی هاوسێییان هیچ کەس سەرۆک و هیچ کەس ملکەچ، هیچ کەس
فەرماندەر و هیچ کەس فەرمانبەر نییە، هەر ئاوا لە ڕێکخستن و
سەرپەرشتیکردن و بڕیاردانی گرووپەکانی هاوپشتیی کۆڵان و گەڕەک هیچ کەس
سەرۆکی کەسێكی دیکە یان گرووپەکە نییە، هەمووان هاوئاست و هاودەنگ و
هاوبڕیار و هاوئەرک و هاوبەرپرسایریی دەبن، ڕێک بە هەمان شێوەی سرووشتی
ژییانی کۆمەڵایەتیی.
ئامانج لە درووستکردنی گرووپی هاوپشتیی کۆڵان و تۆڕی گرووپە
هاوپشتییەکانی کۆڵانەکانی گەڕەک، بەس هاوپشتیی و کۆمەک و هاریکاریی
کاتیی ئەم سەردەمەی بڵاوبوونەوەی پەتا نییە و پێویستە بە ئاسۆی
بەردەوامیی پاش تێپەڕاندنی ئەو پەتایە و بۆ بوارەکانی دیکەی ژییان و
پێداویستییەکانی کۆلانەکان و گەڕەکان و گوند و شارەکان پەلبهاوێت و وەک
تان و پۆی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییانەی دانییشتووان مرۆڤی کۆمەڵی ئازاد و
یەکسان و دادپەروەر پەرووەردەبکەن
بێجگە لەوە، لە باری ئاسایی و تێپەڕاندنی باری نائاسایی بڵاوبوونەوەی
پەتا و مەترسییەکانی دیکە، دەکرێت گرووپەکانی هاوپشتیی کۆڵان پێکهێنانی
بنکەی ئالووێرکردن و بەخشینی شمەکە زیادەکان، درووستکردنی باخچە
کشتوکاڵییەکانی کۆڵان و گەڕەک، بردن و هێنانەوەی منداڵان بۆ باخچە و
فێرگە و ڕێکخستنی گەشتکردن و سەیرانی هاوسێییان، درووستکردنی سندووقی
کۆمەکی هاوسێییان، پێکهێنانی دەستەکانی پاراستنی کۆڵان و دابینکردنی
ئاساییش بۆ دانیشتتووان لە باری هەبوونی مەترسیی جەنگیی و سەربازیی و
هەر ئاوا خاوێنکردنەوەی ژینگە و پاراستنی ژینگە و بازنەکانی هاریکاری و
ئاڵووێرکردنی بەرهەم و پێداویستییەکان و … تد
نموونەی زیندوو لەو بارەوە، هەر ئێستا لە ئەمەریکا و ئۆروپا لەسەر
بنەماکانی (کۆمەکی بەرانبەرانە) درووستبوون و پێکدەهێندرێن و تەنانەت
ئامانج و چالاکیی ئەوان زۆر لەو ئاستە زیاتر و فراوانترە، کە من لەنێو
ئەم نووسینە وەک نموونە ئاماژەمداوە. ئەوەش بۆ شێوەی ڕێکخستنی ژییانی
کۆمەڵەکان دەگەڕێتەوە، کە لەنێوان هەرێم و کۆمەڵەکانی ئۆروپا و
ئەمەریکا جیاوازییەکی چەندایەتی و چۆنایەتیی هەیە و لەو بارەوە
نووسینەکەی من فرەتر ئاراستەی کۆمەڵی هەرێم و کۆمەڵەکانی خۆرهەڵاتی
ناوین دەبێت، بەڵام هاوکاتیش وەک پێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ
پێکهێنانی گرووپەکانی هاوپشتیی هاوسێیان لەنێو کۆمەڵەکانی دیکەی ئۆروپا
و ئەمەریکا ئەو هەنگاوانە هەر بنەما دەبن.
١٩\٣\٢٠٢٠
ماڵپهڕی ههژێن
|