په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٤\٢٠١٥

گرووپی "ژیوار" لە تاران

کۆنسێرتی گۆرانی و موزیکی کوردیی ساز کرد.
 

مەنسوور جیھانی


یەکەمین کۆنسێرتی گرووپی موزیکی "ژیوار" بە دەنگی خانمە گۆرانیبێژی کورد "ژیوار شێخولئیسلامی" بە شێوەی گشتیی لە فەرھەنگسەرای نیاوەرانی شاری تاران بەڕێوەچوو.


گرووپی موزیکی "ژیوار" بە سەرپەرەستیی و بە دەنگی خانمە گۆرانیبێژی سنەیی "ژیوار شێخولئیسلامی" و بە ئاوازدانەری و دابەشکردنیی موزیک لە لایەن موزیکزانی لاوی ئێرانی "محەمەدعەلی نەجەفپوور"، بە جلووبەرگی رازاوەی کوردیی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە بۆنەی ھاتنی نەورۆز کۆنسێرتی گۆرانی و موزیکی کوردیی و فارسیی لە تەلاری سەرەکیی فەرھەنگسەرای نیاوەرانی شاری تاران ساز کرد.


ئەم کۆنسێرتەی گرووپی موزیکی "ژیوار" کە بۆ یەکەمین جار بە شێوەی گشتیی ھاوکات بۆ پیاوان و ئافرەتان سازکرا لە دوو بەشدا بەڕێوەچوو، لە بەشی یەکەمدا چەندین پارچە موزیک و گۆرانی فارسی بە شیعری شاعیرانی ئێرانی و بە ئاوازدانەری "محەمەدعەلی نەجەفپوور" پێشکەش کران، لەوانە: گۆرانی "کرانەوە"، گۆرانی "فڕین لەگەڵ ھەتاو" بە شیعری "فەرەیدوون موشیری"، تاکژەنی ئامێری تار بە ژەنیاری "محەمەدعەلی نەجەفپوور" و خاتوو "ساینا تەھماسب زەمانیان"، گۆرانی "سرتە ئاڵۆزەکان" بە شیعری "سەعدی"، گۆرانی "لەوپەڕی نووراو" بە شیعری "مەولانا"، تاکژەنی ئامێری قانوون بە ژەنیاری خاتوو "موژگان محەمەدحوسەینی"، گۆرانی "دای کاتۆ"، تاکژەنی ئامێری عوود بە ژەنیاری خاتوو "یاسەمەن شاەحوسەینی"، گۆرانی "شاری خامۆش" بە یادی موزیکزانی کۆچکردووی ئێران و ژەنیاری پێشەنگی ئامێری سێتار مامۆستا "یۆسف فرووتەن" بە شیعری "محەمەدڕەزا شەفیعی کەدکەنی"، تاکژەنی ئامێری نەی بە ژەنیاری خاتوو "سۆگوڵ خوجەستە" و گۆرانی "رەنگی ئاوا" بە شیعری "مەولانا".


لە بەشی دووەمیشدا کە تایبەت بوو بە موزیک و گۆرانی کوردیی گرووپی موزیکی "ژیوار" بە جلووبەرگی رازاوەی کوردیی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانەوە ھاتنە سەر سەحنەی کۆنسێرتەکە کە لە لایەن ئامادەبووانە بە چەپڵە پێشوازییان لێکرا و لە درێژەدا چەندین پارچە موزیک و گۆرانی کوردییان پێشکەش کرد، لەوانە: گۆرانی "خەیاڵی سوور" بە شیعری خاتوو "ژیوار شێخولئیسلامی" کە بە کۆبانی و ھەموو کچان و ئافرەتانی قارەمان و خەباتکاری ئەم شارە پێشکەشکرا، گۆرانی "ھەروایە" بە شیعری "کەژاڵ ئەرغەوانی"، پێکەوەژەنینی چوار مێزراب، گۆرانی "بۆ لای یار دەچم" بە ئاوازدانەری خاتوو "ژیوار شێخولئیسلامی" و بە شیعری "حیسامەدین ئەمین"، گۆرانی "قاسم خان" و گۆرانی "دەنگی فەرھاد" بە شیعری سەید "یەعقووب ماھیدەشتی".


دوای تەواوبوونی ئەم بەشەی بەرنامەکە ئەندامانی گرووپی موزیکی "ژیوار" لە لایەن ئامادەبووانە بە چەپڵەلێدان و پێشکەش کردنی چەپکەگوڵ پێشوازییان لێکرا و داوای گۆرانی دیکەیان لەم گرووپە دەکرد کە ئەوانیش لە درێژەی بەرنامەکەدا گۆرانی "ئاخ لەیل و داخ لەیل"یان بە دابەشکردنیی "ژیوار شێخولئیسلامی" پێشکەش کرد.


پێشکەشکاری ئەم بەرنامەیە لە ئەستۆی توێژەری موزیکی سونەتی ئێران "عەلیرەزا پوورئومید" بوو، لەم کۆنسێرتەی گرووپی موزیکی "ژیوار"دا چەندین موزیکزانی ناوداری کورد و ئێرانی و ھەروەھا ئەکتەرە ناودارەکانی سینەما، شانۆ و تەلەڤیزیۆنی ئێران ئامادەبوون، لەوانە: ئەندامی گرووپی موزیکی کامکاران و ژەنیاری بەتوانای سەنتوور "پەشەنگ کامکار"، ئامێرژەنی بەئەزموونی تار "ھووشەنگ زەریف"، ئەکتەری بەئەزموونی سینەما و تەلەڤیزیۆن "ھادی مەرزبان"، ئەکتەری سینەما و شانۆ خاتوو "فەرزانە کابولی"، ئەکتەری ناوداری سینەما و تەلەڤیزیۆن خاتوو "فاتمە گوودەرزی"، ئەکتەری بەئەزموونی سینەما و تەلەڤیزیۆن خاتوو "میھرانە مەھین تورابی"، ئەکتەر و پێشکەشکار خاتوو "مەعسوومە ئاقاجانی"، خاتوو "ئافاق یۆسف زەمانی" ھاوسەر و ھەروەھا خاتوو "ھایدە یۆسف زەمانی" کچی موزیکزانی کۆچکردووی کورد مامۆستا "حوسێن یۆسف زەمانی"، موزیکزانی لاوی ئێرانی و ژەنیاری کەمانچە "نەوید دێھقان"، مامۆستای بەشی موزیکی زانکۆی تاران "حوسێن میھرانی"، ژەنیاری سێتار "عەلی بەیانی"، گۆرانیبێژی ئازەربایجانی "عەلی خودایی"، وێنەگر و ئەکتەر "یارتا یاران" ، وەرزشوانی پێشەنگی ئێرانی "محەمەدڕەزا تاڵەقانی"، ھەڵگری میداڵیای ئۆڵەمپیا و زۆرانبازی ناوداری جیھان "محەمەد نەسیری"، رۆژنامەوان و نووسەر و توێژەری موزیک "مەنووچێھر جیھانی"، ھونەرمەندی شێوەکاری کورد خاتوو "ھێرۆ شێخولئیسلامی" و چەندین کەسایەتیی دیکە.


دوایین کۆنسێرتی گۆرانی و موزیکی کوردیی گرووپی موزیکی "ژیوار" ڕۆژی ١٩ی شوباتی ٢٠١٥ لە بەشی ئافرەتانی ٣سییەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی موزیکی فەجر لە تەلاری سەرەکیی فەرھەنگسەرای نیاوەرانی شاری تاران بەڕێوەچوو.


ئەندامانی گرووپی موزیکی "ژیوار" لە کۆنسێرتی فەرھەنگسەرای نیاوەراندا بریتی بوون لە:


"ژیوار شێخولئیسلامی" ـ سەرپەرەستی گرووپ و گۆرانیبێژ، "فەڕشاد رۆستەمی" ـ ژەنیاری قەیچەک و ھاوخوانی بەشی کوردیی، "محەمەدعەلی نەجەفپوور" ـ ئاوازدانەر و دابەشکردنی موزیک، ژەنیاری تار و ھاوخوانی بەشی فارسی، "ساینا تەھماسب زەمانیان" ـ ژەنیاری تار، "یاسەمەن شاەحوسەینی" ـ ژەنیاری عوود، "سۆگوڵ خوجەستە" ـ ژەنیاری نەی، "مەھزاد خێرەدمەند" ـ ژەنیاری کەمانچە، "موژگان محەمەد حوسەینی" ـ ژەنیاری قانوون، "سپیدە شایان ڕاد" ـ ژەنیاری زەرب و "زەھرا نادری" ـ ژەنیاری دەف.


گرووپی موزیکی "ژیوار" ساڵی ٢٠٠٠ لە لایەن خاتوو "ژیوار شێخولئیسلامی" لە شاری تاران دامەزراوە و لە سەرەتای دامەزراندییەوە تا ئێستا لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران و ھەروەھا لە فیستیڤاڵەکانی موزیکی ناوخۆی ئێران و دەرەوەی وڵات و ھەرێمی کوردستان بەشداری کردووە و چەندین خەڵاتیشی بەدەستھێناوە.


ئەم گرووپە لە ١٨مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی موزیکی فەجرەوە تا ئێستا بەردەوام بەشداریی لەم فیستیڤاڵەدا کردووە، ئەندامانی ئەم گرووپە ھەروەھا دوو ساڵ پێش ئێستا بێجگە لە بەشداری لە بەشی ئافرەتانی بیست و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی موزیکی فەجر لە ڕێوڕەسمی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵەشدا کۆنسێرتیان پێشکەش کرد کە زۆربەی موزیکزانانی پێشەنگی موزیکی کوردستان و ئێران لە تەلاری وەحدەتی تاران ئامادەبوون و پێشوازییان لە بەرنامەی ئەم گرووپە کرد.


"ژیوار شێخولئیسلامی" ساڵی ٢٠١١ لەگەڵ گرووپی موزیکی "باڵوەشان" لە شاری ماینز لە وڵاتی ئەڵمانیا، لە شارەکانی گێنت و ئانتوێرپێن لە وڵاتی بەلژیکا و لە شارەکانی ئێستۆکھۆڵم، وێستروس، ماڵمۆ و یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید کۆنسێرتی گۆرانی و موزیکی کوردیی ساز کرد.


ئەم گۆرانیبێژە کوردە لەگەڵ گرووپی موزیکی "ژیوار" لە یادی موزیکزانی کۆچکردووی کورد مامۆستا "حەسەن یۆسف زەمانی" لە فەرھەنگسەرای ئەرەسبارانی تاران، لە یاد و بیرئانینی کەسایەتیی ناوداری کورد ئەستێرە و ئەفسانەی شیعر، ئەدەب و عیرفان و یەکەمین مێژوونووسی ئافرەتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست "مەستوورەی ئەردەڵان" لە شاری سنە، لە کۆتایی ڕێوڕەسمی بیرئانینی یەکەمین ژەنیاری بەتوانای نەی ئێرانی موزیکزانی کۆچکردوو "حەسەن کەسایی" لە فەرھەنگسەرای ئەرەسبارانی تاران، لە سێیەمین خولی فیستیڤاڵی کەلتوورە جۆراوجۆرەکان لە شاری رانیە لە ھەرێمی کوردستان، لە کۆڕ و کۆبوونەوە جۆراوجۆرەکانی شاری تاران و ھەروەھا باڵیۆزخانەی وڵاتانی بیانی لە تاران بە جلوبەرگی رازاوەی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانەوە کۆنسێرتی گۆرانی و موزیکی رەسەن و فۆلکلۆری کوردییان پێشکەش کردووە.


ئەم گرووپە بڕیاروابوو ساڵی ٢٠٠٩ لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیکی "ئۆلینکان" لە وڵاتی مەکزیک کۆنسێرت گۆرانی و موزیکی کوردیی پێشکەش بکات، کە بە ھۆی بڵاوبوونەی نەخۆشی کوشەندەی ئەنفۆلانزای بەراز لەم وڵاتە ئەم بەرنامەیە بۆ کاتێکی دیکە دواکەوت.


گرووپی موزیکی کچانی "ژیوار" ھەروەھا ساڵی ٢٠١٢ لە فیستیڤاڵی موزیکی ھەولێر لە پێتەختی ھەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک گۆرانی و موزیکی کوردی پێشکەش کرد و پلەی یەکەمی ئەم فیستیڤاڵەی بەدەستھێنا.


بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنیی گشتیی گرووپی موزیکی "ژیوار"

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک