١٩\٤\٢٠١٣
راگەیاندنی
''گرووپی مۆر بۆ گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ مرۆڤ''.
بۆ
بەردەم:
رای گشتی، پەرلەمانی کوردستان، حکومەتی
هەرێمی کوردستان،
رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دەزگاکانی
راگەیاندن.
بابەت/ راگەیاندنی گرووپ.
سڵاو...
ناو/ گرووپی مۆر
ناسنامە/ پێکهاتووین لە چەند ژنێک لە بواری پرسی ژنان و مافی تاک و
جیاوازی نەکردن لەسەر بنەمای رەگەزی کارمان کردووە، لە بەر رۆشنایی
چاودێری بارودۆخی مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەت ژنان، ئەو توندوتیژییە
زۆرەی رووبەڕووی ژنان دەبێتەوە، هەروەها هەموو ئەو پێشێلکاریانەی
بەرامبەر تاکەکان ئەکرێن وەک هەستکردن بە لێپرسراویەتی کۆبوینەتەوە تا
لەسایەی گرووپێکدا کار بۆ بڵاوکردنەوەی کلتوری نتوندوتیژیی ومرۆڤدۆستی
بکەین و هەڵ بدەین بە رێگای جۆراو جۆری مەدەنی کۆمەڵگە بەماف و
ئازادیەکانی تاک ئاشنا بکەین.
دروشممان/ گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ مرۆڤ.
دەستپێک:
توندوتیژیی دیاردەیەکی بەرچاوی کۆمەڵگەی کوردیە، بە پاساوی ئەوەی ئەم
دیاردەیە لەگەڵ مێژووی مرۆڤایەتیدا هەبووەو لەهەموو کۆمەڵگایەکدا بوونی
هەیە هەندێجار چاو پۆشی لێدەکرێت، ئەوەی لە کاتی ئێستا و لەم سەردەمەدا
لە کوردستان دەگوزەرێت لەژمارەدا زۆرو لە شێوازو جۆردا هەڵکشانی بەخۆوە
دیوە، هەر چەند ئەستەمە بتوانرێت ئاماری وورد بۆ ئەم دیاردەیە
بخرێتەڕوو لەبەر ئەوەی تا ئێستا هەموو توندوتیژیی و کەیسێک بەرەو یاسا
ناڕوات و چارەسەرکردنیان یا راستتر شاردنەوەیان لە بەر هۆکاری
کۆمەڵایەتی و بوونی تارمایی لەسەر سەروەربوونی یاسا، بەڵام رۆژانە
رووداوو توندوتیژیی دڵتەزێن دەبینین و لە کەناڵەکانی راگەیاندن و تۆڕە
کۆمەڵایەتیەکانیش نموونە و وێنەی زۆر تراجیدی دەبینین، بێجگە لەوە
کەلتوری توندوتیژیی لە زۆر بواری تری وەک سیاسی و پەروەردەیی ... تاد
بووەتە دیاردەی باو.
ئێمە ئەمە بەمەترسی گەورە بۆ سەر کۆمەڵگەکەمان دەزانین و بەشێک دەبین
لەهەوڵی بڵاوکردنەوەی کلتوری نتوندوتیژیی و مرۆڤدۆستی و مافی تاک، لە
پێناو هاتنە ئارای کۆمەڵگەیەکی تەندروست و دوور لە توندوتیژیی، هەروەها
داواکارین دادگاو یاسا سەبەخۆو سەروەر بکرێت و هەموو تاکەکان بەرامبەر
یاسا یەکسان بن و ئامانجەکانمان بەگشتی لەم خاڵانەدا دەخەینەڕوو:
ئامانجمان:
١- کارکردن بۆ بڵاوکردنەوەی هوشیاری کۆمەڵایەتی، بەمەبەستی
رووبەڕووبونەوە ی جیاکاری رەگەزی.
٢- ناساندنی کۆمەڵگە بە بیری نتوندوتیژیی و مرۆڤدۆستی و بەرزراگرتنی
شکۆمەندی مرۆڤ.
٣- بەدەستهێنانی رایگشتی بۆ پاڵپشتی لە پرسی ژنان و ئەو پرسانەی شکۆی
تاکەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە.
٣- چاودێری و بە دواداچوون بۆ ئەو یاساو بڕیارو بەڵێنانەی بۆ پرسی ژن
دەردەچن.
٥- هەڵسەنگاندنی ئەو دامەزراوانەی بۆ پرسی ژن دامەزراون، نیشاندانی
لایەنە ئیجابی و سلبیەکان و دەستنیشانکردنی کەموکورتیەکان و خستنەرووی
پێشنیاز بۆ کاراکردنیان یان بە رەمزی نەمانەوەیان.
بانگەواز:
بانگەوازی هەموو ئازادیخوازێک دەکەین بە هەر جۆرێک دەتوانن هاوکاریمان
بکەن بە سوپاس و پێزانینەوە پێشوازی لێدەکەین بۆ پەیوەندی بە ئەندامانی
گرووپەوە لە رێگەی ئەم ئیمێلەی لای خوارەوە.
لەگەڵ رێزی ئەندامانی
گرووپ:
چلورە هەردی
چیمەن محەمەد رەشید
سۆز عەبدولقادر
سەمیرە محەمەد
سەیران عەبدوڵا
|