٢٢\٤\٢٠١٧
گشتپرسیی لە ژێر
سایەی باری نائاسایی دیکتاتۆریەتدا!

هیوا ئەحمەد
بەپێی راگەیەندنی لێژنەی ھەڵبژاردنەکانی تورکیا لەپاش جیاکردنەوەی
زیاتر لە ٩٩٪ی دەنگەکان بۆ ھەموارکردنەوەی دەستوری تورکیا ،دەنگی
بەڵێ لە ٥١,٢٪ و دەنگی نەخێر ٤٨,٦٦٪ بوە.ھەروەھا نزیکەی
٢٤ ملیۆنو ٣٠٠ ھەزار کەس بە بەڵێو نزیکەی ٢٣ ملیۆنو ١٠٠ ھەزار کەس
بە نەخێر، دەنگیاندا. بەلەبەرچاوگرتنی ھەلومەرجی سیاسی وسەربازی و
دەستێوەردانی دارودەستەکانی ئەردۆگان ئەم ئەنجامانە پێشبینیکراو بون
وجێگای ھیچ سەرسوڕمانییەک نییە!
ئەم دوو ڕێژەیە لە ئەنجامەکان زۆر لەیەکەوە نزیکن. ئەمە لەکاتێکدایە
کەلە دوای کۆدتا شکستخواردوەکەی سوپا لە تەموزی ساڵی پاردا باری
نائاسایی لە تورکیادا ڕاگەیانراوە و بەتاوانی لایەنگری لە بەڕێوەبەرانی
کۆدتا سەدان ھەزار کەس لەدامودەزگا حکومیەکاندا لە لایەن دەسەڵاتەکەی
ئەردۆغانەوە دەرکراون و دەیان ھەزار کەسیش لە نەیاران و ھەڵسوڕاوە چەپ
و ڕادیکاڵ و ئازادیخوازەکان خزێنراونەتە ناو زیندانەکانەوە، ھەروەھا
بەشێکی زۆر لە شار و شارۆچکەکانی کوردستانی
تورکیا لەژێر ھێرشی فرۆکە وتانک و تۆپەکانی سوپاکەی ئەردۆغاندا
کاولکراون و ھەزاران کەس کوژراو وبریندار و ئاوارە و ماڵوێران بوون،
ئەمە سەرەڕای دەسەڵات و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئاکەپە و سیخوڕو
پیاوکوژەکانی ئەردۆغان لە ھەموو کاروبارە ئیداری و حکومیەکانی
کۆمەڵگەدا بە قازانجی دیکتاتۆریەتی ئەردۆغان و بەم پێیەش دەستئاواڵایی
تەواوی دارودەستەکەی ئەدۆغان لە ساختەکردن و گٶڕینی ڕێژەی دەنگەکانی
گشتپرسییدا. بەم حاڵەشەوە ئەردۆغان و ئاکەپە و شۆڤێنیستەکان بە
جیاوازیەکی زۆر کەم بردویانەتەوە.
ئایا بەلەبەرچاوگرتنی ئەم ھەلومەرجە نائاسایی و سەرکوتگەری و گرتن
وتۆقاندنەی کە ئەردۆغان و حکومەتەکەی و دارودەستەکانی سەپاندویانە
بەسەر کۆمەڵگە وخەڵکی تورکیادا دەکرێت گشتپرسیی و ئەنجامەکانی دەنگدانی
خەڵک موسداقیەتی ھەبێت و ڕاستیەکی تێدا بێت؟! بەدڵنیاییەوە وەڵامی ئەم
پرسارە نەخێرە. ئەگەر گشتپرسیی لە کەشێکی ئاسایی و ئازاد و ئارام و بێ
دەستێوەردانی دارودەستەکەی ئەردۆغان ئەنجام بدرایە بێشک دەنگی "نەخێر"
زۆر زۆر زیاتر دەبوو ھەروەک چۆن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکەمدا
ئاکەپە لوتی شکا و ئەوەندە دەنگی نەھێنا کە بتوانێت بەتەنھا حکومەت
دروست بکات. سەڕای ئەوە ھێشتا لەژێر سایەی ئەم ھەلومەرجە سەربازی و
سەرکوتگەری و دەستتێوەردانەدا دەنگی نەخێر ٤٨,٦٦٪ بوە کە ئەمە
خۆی لە خۆیدا دەنگیکی نەخێری گەورەیە و ئەوە نیشان دەدات کە ئەردۆغان
بۆ جێگیرکردنی دیکتاتۆریەتەکەی وخەونی زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی
عوسمانی ڕیگرێکی گەورەی لەبەردەمدایە، کە ئەویش ناڕەزایەتی خەڵکی
ئازادیخوازی تورکیایە.
ھەرچەندە ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠١٤ وە کە بوە بە سەرۆک کۆمار وەک
دیکتاتۆرێک ڕەفتار دەکات و سیاسەتە فاشیستی وئیسلامیەکانی دەباتە
پێشەوە بەلام ھەنگاوھەڵگرتنی ئەردۆغان و ئاک پارتی و پارتە شۆڤێنیستە
تورکەکان بەرەو جێگیرکردنی دیکتاتۆریەت و بە یاسایکردنی، بە پێچەوانەی
زۆرێک لە بۆچۆن و لێکدانەوە ڕوکەشیەکانی میدیاکانەوە، لەبەھێزی و
ئاسۆڕۆشنی ئەردۆگان و پارتەکەی و چینی دەسەڵاتداری بۆرژوازی تورکیاوە
نییە و نابێتە ھۆی بەھێزبونی زیاتری، بەڵکو ڕێک زیاتر و زیاتر دەکەونە
بەرامبەر ڕیزی ناڕەزایەتی و ڕقی جەماوەری ئازادیخوازی تورکیا.
ھەنگاوھەڵگرتن بەرەوجێگیرکردنی دیکتاتۆریەتی ئەردۆگانی و فاشیزمی
ئیسلامی لەلایەن چینی دەسەڵاتدار وھەوڵدان بۆ یەکدەستکردنەوە و
کۆکردنەوەی دەسەڵات لەدەستی دیکتاتۆرێکدا نیشانەی بەھێزیان نییە، بەڵکو
ئاکامی ئەو بنبەستە سیاسی و حکومەتی و ئابوری و کۆمەڵایەتییە کە دوچاری
ھاتون. داخرانی دەرگاکانی چونە ناو یەکێتی ئەوروپا و بنبەستی تەواویان
لە پەیوەست بونیان بە سەرمایە و بازاڕی ھاوبەشی ئەوروپی و لێرەشەوە بە
سەرمایەی جیھانییەوە ھەروەھا گرژبون و ئاڵۆزبونی پەیوەندیەکانیان لە
گەڵ ڕوسیا و سەرەگێژەیی لە ھەڵبژاردنی کام بلۆکی سیاسی و ئابوری جیھانی،
بنبەست و نەتوانینیان بۆ ئەنجامدانی سادەترین چاکسازی لە ژیان و
گوزەرانی خەڵک و خزمەتگوزاریەکانی کۆمەڵگەدا و ھەرچی زیاترخراپتربونی
باری ژیان و گوزەرانی خەڵک و چونەسەری ئاستی بێکاری بەشێوەیەکی
مەترسیدار، قوڵبونەوەی ھەرچی زیاتری ناکۆکیە سیاسی و حکومیەکانی نێوان
دەسەڵاتەکەی ئەدۆغان و سوپا و باڵەکانی تری ناو چینی دەسەڵاتدار لە
دوای کۆدتای تەموزی ساڵی پار ونەبونی ئاسۆیەک بۆ دەرچون لێی، بە
بنبەستگەیشتنی چارەسەری کێشەی کورد لە کوردستانی تورکیا و نائارامبون و
ئاڵۆزبونی زیاتری ناوچەکە، ریسوابونی زیاتری ئەردۆغان و حکومەتەکەی و
پارتەکەی لەسەر ئاستی جیھانی و ناوچەکە و ناوخۆ بەھۆی پشتیوانیان لە
ھێزێکی دڕندەی وەک داعش و ھێزە ئیسلامیە تیرۆریستیەکانی تر لە ناوچەکە
و سوریادا، ئەمەو دەیان کێشەی تر کە وەلامێکیان بۆیان نییە ئەو ھۆکارە
سەرەکیانەن کە دیکتاتۆریەت و تاکڕەوی لەدەسەڵاتدا بۆتە تاکە ڕێگەیەک کە
چینی دەسەڵاتداری تورکیا دەیەویت لە ریگەیەوە دەسەڵاتی مافیاکان و
سوڵتانەکان و سەرمایەدارانی تورکیا و حکومەتەکەیان دریژەپێبدەن و لە
مەترسی شۆڕشی برسیەکان و جەماوەری ئازادیخواز و ھەژارانی تورکیا
بیپارێزن. بەڵام دیکتاتۆریەت و دەسەڵاتی تاکڕەوی قەیرانی سیاسی وئابوری
وکۆمەڵایەتی ھەرچی زیاتر قوڵدەکاتەوە و ناتوانێت چینی دەسەڵاتدار لەم
قەیرانە سیاسی و ئابوری وحکومەتیە قوڵە ڕزگار بکات و تەنھا ڕێگەیەک کە
بەدەستیوەیەتی سەرکوتکردنە کە ئەویش بەلەبەرچاوگرتنی ململانێی ھێزە
سیاسیەکان و نارەزایەتی چینایەتی و جەماوەی خەڵک زۆر سنوردارە و دەستی
ئاواڵا نیە، ھەربۆیە ڕەوتی ڕوداوەکان و ململانێکان کێشە سیاسی
وکۆمەڵایەتی وئابوریەکان زیاتر قوڵدەکنەوە بەمەش خەبات و ناڕەزایەتی
جەماوەری خەڵک زیاتر پەرەدەگرێت و ئەدۆغان و دیکتاتۆریەتەکەی وچینی
دەسەڵاتداری تورکیا زیاتر دەکەونە بەر پەلاماری جەماوەری خەڵکی نارازی
تورکیاوە.
١٦\٤\٢٠١٦
ماڵپهڕی هیوا ئهحمهد
|