٢\٦\٢٠١٧
گشتپرسیی،
رێڕەوەکان و ھەڵوێست.

نادر
عەبدولحەمید
١. ڕێڕەوەکان. ئەم مەسەلەیە لە ڕێڕەوێکی
سیاسی دیاریکراوەوە ھاتۆتەئاراوە. دەتوانرێت لە سێ خاڵدا ئاماژەی
پێبدرێت:
ﺋ) ڕێڕەوی کێشمەکێشەکانی دەسەڵاتی بورژوازی لە دەوڵەتی لۆکاڵی ھەرێمی
کوردستاندا، وە بە دیاریکراویش ڕێڕەوی کێشمەکێشەکانی "پارتی" وەک حیزبی
بورژوا ناسیونالیستی پاوەنکاری دەسەڵات و ئابووری کوردستان لەبەرامبەر
دەسەڵاتی بورژواز ئیسلامی شیعەگەرا لە دەوڵەتی ناوەندی عێڕاقدا.
ا) ڕێڕەوی کێشمەکێشە سیاسی و حیزبیەکانی ناو بزوتنەوەی کوردایەتی
لەناوخۆی کوردستانی عێڕاقدا، بۆ باڵادەستی "پارتی" و پاشەکشە پێکردن،
لە قاڵبدان و بەپاشکۆکردنی سیاسی "یەکیەتی"، "گۆڕان" و حیزبە
ئیسلامیەکانی کوردستان و یەکخستنەوەی "ماڵی کورد" پاش ئێکسپایەر بوونی
سەرۆکی ھەرێم و ئیفلیج بوونی حـکومەتی بنکە فراوان و لەکارخستنی
پەرلەمانەکەیان.
ب) ڕێڕەوی چاوبەستەگی و فریودانی جەماوەر لەلایەن دەسەڵاتەوە بۆ کپ
کردنەوەی ناڕەزایەتیەکان و بەرگرتن بە تەقینەوەی جەماوەری دەستەنگ و
نەدار لە کرێکاران و زەحـمەتکێشانی کوردستان بەڕووی ئەم دەسەڵاتەی کە
نەک ھەر خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەکانی دابین نەکردوە بەڵکو موچەکانیشیان
بە چەند مانگ جارێک ئەویش بە نیوەناچڵی دابین دەکات.
٢. تاکتیک. گرتنەبەری سیاسەتی گشتپرسیی بەرھەمی ستڕاتیژێکی سیاسی حیزبە
بورژوا ناسیونالیستەکانی کورد نیە کە ئامادەکاری و زەمینەسازی
پێشوەختیان بۆ کردبێت چ لە ناوخۆی کوردستان و چ لەسەر ئاستی
نێودەوڵەتیدا، تا بیانەوێت لە ئێستادا بە عەمەلی بکەنەوە، بەڵکو وەک
لەسەرەوە ئاماژەی پێدراوە تاکتیکێکی ناو ھاوکێشە سیاسیەکانە لە
ململانێی حزبە بورژوا ناسیونالیستەکانی کورد چ لە ناوخۆی ھەرێمی
کوردستاندا و چ لەبەرامبەر دەسەڵاتی بورژوا قەومی-مەزھەبی دەوڵەتی
ناوەندیدا، بە تایبەتیش لە کاتێکدا کە جەنگی ھەڵپێچان و وەدەرنانی
"داعش" بەرەوە کۆتایی دەڕوات و ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی و نەفرەتێکی
بەرفراوانی جەماوەریش بونەتەوە. ڕاگەیاندنی پێشوەختی حزبە بورژوا
ناسیونالیستەکانی کورد، کە مەرج نیە دوای گشتپرسیی پابەند بن و ڕێز
بگرن لە دەنگدان و ئیرادەی خەڵکی کوردستان بۆ سەربەخۆی و پێکھێنانی
دەوڵەتێک لە کوردستاندا، ئەم ڕاستیە دەردەخات.
٣. گشتپرسیی و کێشەی نەتەوایەتی کورد لە عێڕاقدا.
ﺋ) بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد نەک ھەر لە ھەرێمی کوردستانی عێڕاقدا
دەسەڵاتدارە، بەڵکو لە دوای ڕوخانی دەوڵەتی "بەعس"، لە ساڵی ٢٠٠٣
بەدواوە ھێزێکی ئەسڵی بووە لە شکڵدانەوە بە دەوڵەتی ناوەندی عێراق و
لەو ڕێگەشەوە دەستی لە چمکێکی دەسەڵاتی ناوەند گیربووە و بۆتە پایەیەکی
دەسەڵات لە دەوڵەتی بوژوازی عێڕاقدا.
ا) زوڵم و ستەمێکی نەتەوایەتی کە بەدرێژایی مێژووی دەوڵەتی عێڕاق و
بەتایبەت لەسەردەمی دەوڵەتی "بەعس"دا بەسەر خەڵکی کوردستانەوە ھەبوو،
بەشێوەیەکی گشتی لە ئارادا نەماوە.
ب) کێشەی نەتەوەیی کورد لە عێڕاقی دوای ساڵی ٢٠٠٣، نەک لە زوڵم و ستەمی
نەتەوایەتیدا، بەڵکو لە دووخاڵدا بەرجەستەبۆتەوە؛ یەکەم کێشمەکێشی
حیزبە بورژوا ناسیونالیستەکانی کورد لەسەر پشک و بەشی دەسەڵاتی سیاسی و
ئابوری لەبەرامبەر دەوڵەتی ناوەندی. دووەمیش لەسەر مادەی (١٤٠)ی
دەستوری عێڕاقە کە بە "ناوچە جێناکۆکەکان" گوزارشی لێکراوە. ئەویش
بەدوای ھاتنی "داعش" لە ھاوینی ٢٠١٤ وە بە عەمەلی کەوتونەتەوە ژێر
دەستی ھێزی پێشمەرگەی "پارتی" و "یەکیەتی"ەوە.
پ) لێرەوە مەسەلەی گشتپرسیی بۆ چارەسەری زوڵم و ستەمێکی نەتەوایەتی نیە
کە لەسەر خەڵکی کوردستان بێت، بەڵکو بۆ پچڕینی بەش و پشکی زیاترە لە
دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری، وە بۆ پەیاکردنی پارسەنگێکی بەھێزی
ناسیونالیستی کوردە لەبەرامبەر ھەردوو ڕەوتی ناسیونالیستی عەرەب و
ئیسلامی سیاسی لە دەوڵەتی ناوەندیدا.
٤. گشتپرسیی و دوو ھەڵوێست. گەرچی زوربەی شیکاری و لێکدانەوەکان
لەڕوانگەی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستیەوە (بە ھەڵسوڕاوانی سەربەخۆ و
گروپ و حیزبەکانیەوە) بۆ مەسەلەی گشتپرسیی، بەگشتی ھاوڕاییەکی پێوە
دیارە، بەڵام دوو ھەڵوێستی سیاسی عەمەلی جیا لانی کەم لەبەرامبەر ئەم
گشتپرسییەدا بەرجەستە بوونەتەوە.
ﺋ) ھەڵوێستی یەکەم بە پشت بەستن بەو شیکاری و لێکدانەوانەی سەرەوە، لە
ھەڵمەتی پڕوپاگەندەی ڕیسواکاریاندا دژی خاوەنانی پڕۆژەی گشتپرسیی کە
حیزبە بورژوا ناسیونالیستەکانی کورد و بەتایبەت "پارتی"ە، پێدادەگرنەوە
لەسەر ناجدی بوونی خاوەنانی پڕۆژەکە و پابەند نەبوونیان بە ئاکامی
گشتپرسییەکەوە. لێرەوە لەمەیدانی سیاسی عەمەلیدا دەکەونە جێگەوڕێگەی
گروپێکی فشار بۆ پاڵێوەنانی خاوەنانی ئەو پڕۆژەی گشتپرسییە کە بە جدی
بێنە ژێرباری ئامادەکاری زەمینەکانی و پابەند بن بە ئاکامەکانیەوە. ئەم
پاساوانەی خوارەوە بەڵگەی ئەم ھەڵوێستەن "ھەتا ئەگەر ئەو دەوڵەتە
سەربەخۆیە قەومی کوردی و ئاوێتەکراو بە ئیسلامیش بێت، ھێشتا دەتوانی بۆ
یەکجاری مەسەلەیەک بە ناوی مەسەلەی کورد کۆتایی پێ بھێنێت، رێگا خۆش
دەکات بۆئەوەی جەماوەری کرێکار و زەحـمەتکیش ئاسانتر لەژێر ھەیمەنەی
ناسیۆنالیزم بێنە دەرەوە و مەیدانێکی تەخت و رێگایەک سەر راست دەخاتە
پێش بۆ پەرەگرتنی خەباتی چینایەتی و یەکلاکردنەوەی کێشەی بورژوازی و
پرۆلیتاریای کوردستان." وەیا "سەربەخۆیی کوردستان .... ڕێگا ئاسان
دەکات بۆ ڕزگار بوون لە دەسەڵاتی گەندەڵ و مافییای ناسیونالیزمی کورد،
ھاوسەنگی ھێز و پۆلاریزە بوونی کۆمەڵگە لە دەوری تێکۆشان بۆ
دامەزراندنی دەوڵەتی ئازاد و یەکسان و سۆشیالست فراھەم دەکات." و
لێرەوە پێیان وایە "ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان خۆی پرۆسەی ڕزگاری
خەڵکی کوردستانە لە دەسەڵاتی ناسێونالیزمی کورد نەک قایم کردنی
دەسەڵاتی ئەوان"، بۆیە ھەموو خەڵکی کوردستان بانگەواز دەکەن "بۆ فشار
ھێنانی جدی بۆ سەر حیزبە ناسێونالستیەکانی کوردستان بۆ مل دان بە بەرپا
کردنی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان".
بنەمای ئەسڵی ھەڵوێستێکی عەمەلی سیاسی و پاساوێکی فکری سیاسی لەم
چەشنەی سەرەوە، لە ستڕاتیژی سیاسی ئەو ڕەوت و حیزبانەدایە کە پێشوەخت
ستڕاتیژەکەیان لەسەر "سەربەخۆیی کوردستان" دامەزراوە، نەک لەسەر بە
دەسەڵات گەیشتنی کۆمۆنیزم لە کوردستان و کردنی بە پایەگای شۆڕشێکی
کۆمۆنیستی لە عێڕاقدا.
من لە باسێکدا لەژێر ناونیشانی "ئەناتۆمی کۆمۆنیزمی کرێکاری کوردستان"،
ھەڵساوم بە ڕەخنە گرتن لە "ستڕاتیژی سەربەخۆیی کوردستان وەک
ڕێگەخۆشکەری خەبات بۆ سۆشیالیزم"، بۆیە لێرەدا ناچمەسەری، بەڵام
دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە ئەم پڕۆژە سیاسیەی باڵی ڕاست و کۆنەپەرستی
ناسیونالیستی کورد جارێکی تر بووە دەرخەری ناوەڕۆکی ئەو بەشە لە
بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی کە چۆن خۆیان وەک گروپی فشار لەلای چەپی
ھەمان بزوتنەوەی کۆمەڵایەتیەوە دەبیننەوە. تەواوی ئەو پاساوە فکری و
سیاسیانەی سەرەوە و ھەڵوێستێکی عەمەلی ئاوا، ماناکەی ڕۆشنە کە
جێگەگرتنە لەلای چەپی بزوتنەوەی ناسیونالیستی لە کوردستاندا.
ا) ھەڵوێستی دووەم کە لەسەر ھەمان شیکاری و لێکدانەوەکانی سەرەوە بۆ
ڕێڕەوەکانی ھاتنەئارای ئەم پڕۆژەی گشتپرسییە و ڕیسواکاری حیزبە
ناسیونالیستەکانی کورد، پێدادەگرێت لەسەر پوچەڵی ئەم پڕۆژەیە و ڕۆڵی
کۆنەپەرستانەی بەدەست حیزبە ناسیونالیستەکانەوە بەتایبەتیش "پارتی" لە
ھەڵفریواندنی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بۆ کپ کردنەوەی
ناڕەزایەتیەکانیان و بۆ سەرکوتی دەنگی ئازادیخواز و ھەر بەرەنگاریەک
دژی ملھوڕیەکانی دەسەڵات لە کوردستاندا. وە لەبری ئەوەی بیەوێت ببێتە
گروپێکی فشار و لەلای چەپی ھەمان پڕۆژەوە بوەستێت، دەیەوێت ئەم بۆنەیە
بکاتە ھەلێک بۆ ھەرچی بەرچاوڕۆشنی جەماوەری کرێکار و زەحـمەتکێش و
ئازادیخوازان و ڕێکخراوبونێکی ھەرچی زیاتریان بەدژی ئەم دەسەڵاتە و
پەرەدارکردنی ئاڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی. ئەمە ھەڵوێستێکی دروستی
مارکسیستیە تا ئەوکاتەی کە ئەم پڕۆژەیە دێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە
وەک ھەر تاکتیکێکی تر بەپێی بارودۆخی سیاسی ئەو کاتەی ئەم مەسەلەیەی
تیا بەڕێوە دەچێت ھەڵوێستە تاکتیکیەکە دیاری دەکرێت، ئایە بایکۆت
دەکرێت یان بەشداری، ئایە دەنگ بە جیابوونەوە و سەربەخۆیی کوردستان
دەدرێت یان نا؟
ب) جیاوازی ئەم دوو ھەڵوێستە تاکتیکیە. لە بنچینەدا دەگەڕێتەوە بۆ
جیاوازی دوو خەتی ستڕاتیژی جیا لە بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کوردستانی
عێڕاقدا، کە لەم مەیدانە دیاریکراوەدا بەم شێوەیە خۆیان دەخەنەڕوو.
٥. خاڵی کۆتایی. ئەوە بڵێم "مافی بڕیاردان" لەسەر چارەنوس و جیابوونەوە
و پێکھێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ، مافێکی حـاشا ھەڵنەگر و بەڵگەنەویستە لە
ڕوانگەی کۆمۆنیزمەوە، و ئەوە ھەڵەیە کە چەپ و کۆمۆنیزمی کوردستان لەسەر
بنەمای ئەو ڕۆڵەی ئەم پڕۆژەی گشتپرسییە لەم چرکە ساتەدا ھەیەتی بە
دەستی حیزبە بورژوا ناسیونالیستەکانی کوردەوە، پێشوەخت بکەونە دژایەتی
بەڕێوەچوونی گشتپرسییەکە، ھەروەک پێچەوانەکەشی نادروستە کە پێشوەخت خۆی
کردوە بە لایەنگر و وەک گروپی گوشار لە لای چەپیەوە وەستاوە. مەسەلەی
ئەسڵی ئەوەیە چۆن ستڕاتیژی تێکشکانی دەسەڵاتی حیزبە ناسیونالیستەکان و
گرتنەدەستی دەسەڵات لە لایەن کۆمۆنیزمەوە لە ڕێگەی ڕێکخستن و
ڕابەرایەتی ناڕەزایەتیەکانی جەماوەری کرێکار و زەحـمەتکێش و
ئازادیخوازەوە، لەم مەسەلە موشەخخەسەدا ڕەنگ پێدەدەیتەوە.
٢٥\٥\٢٠١٧
ماڵپهڕی
نادر عەبدولحەمید
|