په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٨\٢٠١٧

گشتپرسیی دوو میرنشین!

شێرزاد وڵاتدۆست     


گشتپرسیی یان گشتی پرسی دوو وشەی سواوی ھەنوکەی سەر ڕایەگەیاندنەکانی ھەرێمی کوردستانن ، بەجۆرێک خەڵک بەم بابەتەوە سەرقاڵ کراوە زۆربەی قەیران و گرفتەکانی تری ژیانی خۆی بیرچۆتەوە، لەگەڵ ئەوپەڕی خراپی باردۆخی حکومڕانی و ژیان لە ھەرێم خەمی خەڵک ئەوەیە دوای گشتپرسیی چ ماڵوێرانیەکی تر چاواڕێیان دەکات ،ئاخۆ ئەم گشتپرسییە ئەگەر بکرێت دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرتر و گرانی و برسێتی و دەربەدەری بۆ میللەت بە دوای خۆی دێنێت یاخود سەربەخۆی خۆشگوزارانی و دیموکراسی دێنێت و وڵات دەبێتە بە شامی شەریف!.


ئەگەر چاوێک بە مێژوو چەند ساڵی ڕابردوودا بخشێنین ، ئەوە دەبینین دوای دەیان ساڵ لە قوربانی دان و زوڵم و زۆرداری گەلی کورد لە باشوری کوردستان لەژێر چەپۆکی ڕژێمە یەک لە دوایەکانی دەوڵەتی عێراق ،ھەتا لە ساڵی ١٩٩١ توانرا بە ڕاپەرین و دواتر بوونی کۆڕوە مەزنەکە ، کە کاریگەری بەھێزی ھەبوو بۆ ڕاکێشانی ڕای گشتی وڵاتان بۆ وە دەرنانی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق لە بەشێک لە خاکی باشوری کوردستان ، بەڵام ھەر لەگەڵ پێکھێنانی پەرلەمان و حکومەت گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایان دوو حزبی شاخ (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان) زیاتر بوونی بەرژەوەندی دەسەڵات لەلایان ئەم دووھێزە چەکدارەوە ، لەجێگای دروستکردنی کیان و دەسەڵاتێکی مەدەنی و دیموکرسی کە ببێتە وێنەیەکی جوان بۆ پارچەکانی تری کوردستان و داگیرکەرانی خاکی کوردستان و تەواوی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەم دو حیزبە کەوتنە ململانێی چەکداری و لەناوبردنی یەکتری ، کە شەڕی چەند ساڵەی ناوخۆ وکوژران و ئاوارابوونی دەیان ھەزار کەسی لێکەوتەوە.


لە ئەنجامی ئەم ململانێ و ڕکابەریە چەکداریەی لەسەر دەسەڵات لەلایان ئە دوو حیزبەوە ھاتە ئاراوە ئەنجامەکەی دروستبوونی دوو میرنشین بوو لە ھەریەکەیان ناوی دەسەڵاتی ڕەوای ھەرێمی کوردستانی لە خۆی نابوو ، ئەم دوو میرنشینە ھەروەک میرنشینە دێرینەکانی مێژووی کورد ویستیان بە سود وەرگرتن لە دەوڵەتانی تورک یان فارس یان عەرەب بەسەر ئەوی تر زاڵبێت ، کە زۆر کات ھاتنی ‌ئەو ھێزانەمان بە چاوی خۆمان بینی ، تەنانەت تا ھەنوکەش بەشێک لەو ‌ھێزانە لە باشوری کوردستان ماون ، لەگەڵ ھاتنی ھێزی ئەمریکا لەساڵی ٢٠٠٣ و کۆتایی ھێنان بە ڕژێمی بەعس و زۆر کردن لەو دوو میرنشینە بۆ یەکگرتن و بەژداربوون لە پرۆسەی سیاسی لە دەوڵەتی عێراق ، لەساڵی ٢٠٠٥ بەرگێک کرا بە ناوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرا بە دەسەڵاتی ئەو دوومیرنشینە ، لێ لەگەڵ ئەنجامدانی چەند ھەڵبژاردن و گۆڕانکاری لە کورسیەکانی پەرلەمان ، بەڵام ھەتا ئێستاش ھیچ لە دەسەڵاتی میرانی ئەم دوو میرنشینە کەم نەبوویەوە نە گۆڕانکاری بەسەرھات ، بەڵکوھەریەکەیان ھەتا ئێستاش لە بەشەکەی خۆیان ئاغا و کوێخان و بەشێکی خاکی باشوری کوردستانیان بۆ بنەماڵە و داردەستەی خۆیان قۆرخکردووە.


ئەوەی سەیر و جێی تێرامانە دوای ٢٦ ساڵ حوکمی ئە دوو میرنشینە ، نە ھیچ بڕیار و فەرمانێکی میرنشینی ئەم دیو لەم دیو کاری پێدەکرێت نە ھی ئەمدیوش لەم دیو جێبەجێ دەکرێت و “دێگەلە” سنوری ھاوبەشە ، لەگەڵ ئەوەشدا دەستیان داوەتە بانگەشەی ڕێفراندۆم و سەربەخۆی و بوون بە دەوڵەتێکی مۆدێرن و دیموکراسی لە ناوچەکە ، جگە لەوەی خۆیان بەشێک بوون لە ھۆکاری لەت بوونی باشوری کوردستان و مانەوەی بەشی ھەرەگرنگی خاکی کوردستان ، کە ناوچە کوردستانەیەکی دەرەوری ھەرێم ناوی دەبرێت لە ژێر ھەیمەنەی دەوڵەتی عێراقی ، تازەبەتازە ئەو دوو ھێزە دەیانەوێت گشتپرسییێک بکەن بۆ سەربەخۆی کوردستان.


لەگەڵ سەرفکردنی بەسەدان میلۆن دۆلار لە ماوەی ڕابردوو لە ژێرناوی ڕاکێشانی ڕایگشتی دونیا بۆ دۆزی کورد و مافە ڕەواکانی ، بەڵام لەم چەند مانگەی بانگەشەی رێفراندۆم باش ڕونبوویەوە کە ئەمان چۆن لە ناوخۆ تا گەرویان نوقمی گەندەڵی بوون لە دەرەوەش بە ھەمان شێوە لە جێگای دروست کردنی پشتیوانی و لۆبی ڕایگشتی وڵاتان بەم ملێۆنەھا دۆلارە خەرکی کرینی کۆمپانیا و شوقە و بازرگانی تەکاکەسی بوون ، شکست ھێنانی شاندی بەناو ڕێفراندۆم و پشتگیری نەکردنی ھیچ وڵاتێک دەرخەری ئەو ڕاستیەیە.


لە کۆتایی دا پێویستە بڵیین خەونی دروستبوونی دەوڵاتێک بە ناوی دەوڵەتی کوردستان خەونی ھەر کوردێکە لەھەر گۆشەیەکی ئەم جیھانەدابێت ، بەڵام ئەوە تەواو ڕوونبوەتەوە بۆ ھەموو لایەک ، کە دەوڵەت بە کەسانێک دروست نابێت لە دوای ٢٦ ساڵ لە دەسەڵات بەدەسەتەوبوون جگە لە سیستەمێکی نا دیموکراسی و حکومڕانیەکی گەندەڵ و شکستخواردوو نەیان توانیەوە شتگەلێکی تر بەرھەمبێنن ، دەوڵەت کەسانێکی دەوێت پێش ئەوەی خەمی دەوڵەمەندکردن و پاراستنی ماڵ و منداڵ وھۆز و حیزبەکەی خۆی بێت ، خەمی باشترکردنی ژیانی میللەت و مافی مرۆڤ و پێشخستنی وڵاتەکەی بێت.

 

 

sherzad.wllatdost@gmail.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک