په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٤\٢٠١٧

گشتپرسیی یان ئەندێشە و تەلیسمی گشتپرسیی؟؟

شەماڵ عادل سەلیم  


لێرەدا هەوڵدەدەم لەسەر چەند خالێکی تایبەت بەلێدوانەکەی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی بەتەمای خودا ، کاک (نێچیرڤان بارزانی) بێمە گۆ، کە لە میانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ماڵپەڕی (فیلیی ئەمریكی) لەسەر پرسی گشتپرسیی ڕایگەیاند و گوتی: لەم ساڵدا گشتپرسیی ئەنجام دەدەین بەلام دەستبەجێ كار بە ئەنجامەكەی ناکەین. هەروەها گوتی: ئەوەی گرنگە لە ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە، کە بۆ هەموو لایەک و لەپێش هەر هەمووشیان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەربکەوێ کە هاووڵاتیان چیان دەوێ!!


من لێرەدا زۆر بە پەلە چەند خاڵێک وەبیر بەرێز (بارزانی) و هەموو ئەو بەرێزانەی کە باس لە ئەنجامدانی گشتپرسیی بەبێ ئامادەکردنی زەمینەیەکی لەباروگونجاو دەکەن، وەبیریان دەهێنمەوە و دەڵێم:


گشتپرسیی مافێکی نەتەوەیی و تایبەتە بەسەرجەم کوردستانیان لەهەر شوێنک هەن ، بۆەیە پێش ئەوەی باسی رێفراندۆم بکەین ، پێویستە کاربکەین بۆ:


کاراکردنەوەی دەسبەجێی پەرلەمانی بێدەنگ و پەککەوتوو ، ئامادەسازیەکی باش بۆ بەشداری پێکردنی سەرجەم کوردستانیانی هەندەران لەرێگای (بالێوزخانە و کونسوڵخانەکان) بکرێ، هەروەها ئالیەتێکی گونجاو بۆ بەشداریپێکردنی کوردستانیانی ناوچە کێشەلەسەرەکان بدۆزرێتەوە ، دابین کردنی بودجەیەکی زەبەلاح، هەروەها بۆ ئەوەی ئەنجامی گشتپرسیی وەک بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر و متمانە پێکراو و باوەڕ پیکراو ببێت، زۆر گرنگە گشتپرسیی لەژێر چاوەدێری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کۆمکاری عەرەبی و وڵاتانی ئیقلیمیدا بەرێوە بچێت، دیارە ئەنجامدانی ئەم خاڵانەیش کارکردن و خۆئامادەکردنێکی باش و ئیرادەیەکی پۆڵاین و باوەڕبەخۆبوون و یەکریزی و هەروەها کاتێکی باشی دەوێت، چونکە گشتپرسیی بەپەرتەوازەیی و مڵملانێی حزبی و ملشکاندنی یەکترو بەو نەهامەتیانەی کە ئەمرۆ لەهەموورویەکەوە یە خەوبەرۆکی هەر هەموومانی گرتووە، نەک سەرناکەوێت ،بەلکو هەولێکی نەزۆکە و هیچی لێ شین نابێ.


بۆ ئەوەی گشتپرسیی وەک مافێکی نەتەوەیی و لە چوارچێوەی موزایەدەو بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی دەربچێت، بۆ ئەوەی گشتپرسیی لە دروشم و موزایەدە و ریکلام ببێتە دیفاکتۆ، پێویستە ئەم خاڵانەی لەسەرەوە بە کورتی ئاماژەم پێ کردن، بەزووترین کات هەوڵی جێبەجێکردنیان بدرێ.


پێویستە هەر هەموومان زەمینەیەکی لەبار بۆ گشتپرسیی بە چاودێری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕەخسێنین. چونکە بەداخەوە هەتا ئێستا گشتپرسیی وەک کارتێکی گوشار لە لایەن سیاسەتمەدارەکانی هەرێمی بەتەمای خودا بەکارهاتووە، دوا لێدوانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان کاک (فازیل میرانی) کە گوتی (ئەگەر لەگەڵ بەغدا رێک بکەوین پێویستمان بە ئەنجامدانی گشتپرسیی نییە)، بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە هەتا ئێستا گشتپرسیی وەک کارتی گوشار بەکار هێنراوە.


لە کۆتاییدا دەڵێم، گشتپرسیی بە ئەندێشە و تەلیسم ئەنجام نادرێت، بەڵکو کاری راشکاوانە و لەخۆبردوویی و یەک دەنگی و یەک ریزیی و پشتگیریی بەغدا و رەزامەندیی زلهێزانی جیهان وڵاتانی دراوسێ، بە تایبەتی (تورکیا و ئێران)ی دەوێ.

 

ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک