په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١٠\٢٠١٤

گیڤارا و ئەفسانەی ''نالین''.


گەرمیانی حەمەی پوور 


ساڵی ١٩٢٨ شاری ڕۆزارییرۆی ئەرجەنتین منداڵێکی بە دنیا بەخشی، ئەو ماڵەی (چێ)ی تێدا گەورەبوو ٣٠٠٠ کتێبی تێدابوو، ئەو بوو بە خوێنەرێکی باش، دواتر لە شاری بۆینس ئایرسی پایەختی ئارجەنیتن چێ گیڤارا خوێندنی پزیشکی تەواو کرد، بەڵام ئەو بۆ ئامانجێکی تر خولقابوو، خەباتگێڕی دژ بە ئیمپریالیست و ڕزگار کردنی ژێردەستەکان.


شۆڕشی گیڤارا و ھاوڕێکەی فیدڵ کاسترۆ دژ بە (باتێستا)ی دیکتاتۆری کوبا و ڕزگارکردنی ئەو وڵاتەو دواتر ڕەتکردنەوەی پلەو پۆست (وەزیری پیشەسازی) و بەردەوامیدان بە شۆڕش تا ساتەوەختی شەھید بوونی لەو کاتەی لە ساڵی ١٩٦٧ و لە تەمەنی ٣٩ ساڵیدا لەسەر چیاکانی ئاند لە پۆلیڤیا کە وەک خۆی وتوویەتی ئەبێت گەلێکی تریش لە ژێردەستەیی ڕزگار بکات، ئەوی کرد بە ھێمای شۆڕشگێڕی لە جیھاندا، بەجۆرێک ھەرچی شۆڕشگێڕی مەزنە لە نێو گەلەکەی خۆیدا بەوی دەچوێنن.


ئێستا (میسا عەبدۆ)ی دایک و (نالین عەفرینی)ی شەڕڤانی کورد، بووەتە سەردێڕی زۆر رۆژنامەی پڕ خوێنەری جیھان و میدیای پڕ بینەری ئەم زەمینە.


نالین بە چل ساڵی تەمەنەوە سەرپەرشتی جەنگێکی ئەفسانەیی دژ بە نوێنەرانی جەھالەت دەکات ھەزاران کوڕ و کچی لاو لە ژێر سەرپەرشتی پلانە سەربازییەکانی ئەودا نوێنەرایەتی ھەموو جیھان دەکەن دژ بە گەورەترین بەرەی تیرۆر و جەھالەت.


خەباتی نالین و ھاوڕێکانی خەباتێکی ئەفسانەییە، تەنھا لە چیرۆک و فیلمەکاندا نمونەکانی بینراون و بیستراون، تەنانەت لەم ماوەیا لە زۆر نووسەرم بینیوە نووسیویانە وشەیان نییە و نەبووە بۆ پێناسەی ئەفسانەی نالین، ھەر ئەوەندە نەبێت کە زۆرێک لە کورد لە دڵسۆزییان بە چێ گیڤارایان چوواندووە.


چێ ھێمایەک بوو و ھەیە.


بەڵام نالینەکەی ئێمە بەو بەراورد ناکرێت بەھیچ کەسێک بەراورد ناکرێت!


ئەو ئەفسانەیەکی سەربەخۆیە، نە خەباتی وێنەی ھەیەو نە توانای کەس وەک ھی ئەون، خەباتی کەس لە ھی ئەو ناچێت.


ئەو، گیڤارا نییە، نالینی کوردە، نالینی ژنە لەو ڕۆژھەڵاتەی کە پێیان وایە ژن تەنھا بۆ خزمەت و خاڵی کردنەوەی حەزە سێکسییەکان پیاو ئافرێنراوە، ئەو زادەی کۆمەڵگایەکە کە تەنھا بە ڕووتی لە جەستەی ژن دەڕوانن!


ئەو ئەفسانەیە!


ئاخر کێ ئەفسانەی نالینی ئێمە دەنووسێتەوە؟

 

ماڵپه‌ڕی گه‌رمیانی حه‌مه‌ی پوور

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک