په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٧\٢٠١٦

گوێچکەی بەراز.

محەمەد بەرزی     


ئەو سەردەمەی وەک ئێستا قاتوقڕی و نەداری هەموو هەرێمی کوردستان گرتبۆوە و مامۆستا بەشەرفەکان سەری بەرزیان بۆ مووچە نەوی نەدەکرد ، ڕۆژێک لە سلێمانییەوە هونەرمەندێکی ناسراو نامەیەکی بۆ ئەمەریکا بۆ ناردبووم و ڕووی لێنابووم خۆم و کوردەکانی هاوڕێم چوارسەد دۆلارێکیان بۆ گردبکەینەوە تا کامێرایەکی پیێ پەیدابکەن ، ئەو کامێرایەش کارە هونەرییەکانیان چاکتر و چالاکتر دەکات و کامێرا شکاوەکەشیان لە کۆڵدەکاتەوە ... هەر هەمان ڕۆژ هاوڵاتییەکی ئەمەریکیی بە ناوی ( جۆن هانس مان ) ەوە هەر خۆی بە تەنها چوارسەد و پەنجا ملیۆن دۆلاری بەخشیبوو بە زانکۆیەکی ئەمەریکا بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەتی بۆ توێژینەوە و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی شیرپەنجە.

هەڵویستی مەردانەی ( جۆن هانس مان ) ی بەخشندە ورەی نایە بەرم و ڕووم لە چەند کەسێک نا . یەکەم کەسییان ئەوەیانبوو ، کە بۆ دۆزی کورد گریانی دەهات و بۆ کوردستانی ئازیزیش بۆکڕوز لە ناخییەوە هەڵدەستا ، کە چوومە لای سەرقاڵی سەگە تیسکنەکەی بوو ، یەکسەر ووتی : ( ئەم سەگەی من زۆر حەزی لە گوێچکەی بەرازە ، مانگی بایی بیستوپێنج دۆلاری بۆ دەکڕم ، ئاخر گوێچکەی بەراز ددانەکانی سەگ ئاڵدەکاتەوە ).

ڕاستیشیدەکرد ، سەگە تیسکنەکە کرتە کرت گوێچکەی وشکەڵاتووی بەرازی دەکرتاند و واش خۆی بە فەرشەکەوە نووساندبوو ئاگای لە یاری و هەڵبەزە و دابەزە و وەڕین نەمابوو . پاشئەوەی مەبەستی هاتنەکەمم پیێ ڕاگەیاند ، وەک بروسکە لەسەری دابێ ووتی : ( جا کیێ دەڵێ ئەو هونەرمەندانە موحتاجن ؟ ... ئەی کیێ ناڵێ ئەو پارەیە ڕێک ناخەنە ناو تەنکەی باخەڵیانەوە و لە دوورەوە پێمان پیێ ناکەنن و گۆرانی دەبێنە بێنەمان بۆ ناڵیێن ؟ ... ئەی باشە کاری حکومەت چییە ئەگەر نەتوانێت مووچە و پێویستییەکانی ئەو خەڵکە دەستەبەر نەکات؟).

ئەم وشە بێ ئاگایانە شوولێکی تەڕبوون و بەردەوام سەری لووتمی دەتەزاند و تک تک ئارەقی شەرمەزاریم دەڕشت و هەزار خۆزگەم دەخواست ئەو داوایەم لەم کوردە بێ ئاگایە نەکردایە ... هەرچۆنێکبوو بیستوپێنج دۆلاری لیێ هەڵوەری و بە دڵێکی شکاو و دوو دڵنیایی تەواوەوە لە بەردەمیدا ئاوابووم .. یەکەمیان : هەتا لە ناو کورد و ئەو میللەتانەی تینووی ئازادی و ژیانێکی باشترن ، مرۆڤی بەشەرەف و بەخشندەی وەک (هانس مان) یان لە نێودا دروست نەبێت و بۆ هەموو گۆڕانکارییەک هەر تەنها چاویان لە کیسە و گیرفانی دەوڵەت بێت ، مەحاڵە بە چاوی خۆیان ژیانێکی باشتر ببینن و بگەنە ئاستی میللەتە پێشکەوتووەکانی دنیا ، ئاخر مەزنی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ مرۆڤە مەزنەکانییان ، ئەوان نەک هەر بە سەر و سامانیان هاوکاری و کۆمەکی حکومەت و دامودەزگا خزمەتگوزارییەکانی خۆیاندەکەن ، بەڵکو بەر لە مردنیان ئەندامە بەنرخەکانی لەشی خۆشیان دەبەخشن بە نەخۆشخانەکان ، تا دوای خۆیان ژیانی ئەو کەسانەی پیێ ڕزگار و ئاسودە بکەن ، کە پێویستییان بەو ئەندامانەیە ... دووەمیشیان : تا ئەو کوردە کەرتوپەرتە پەڕاگەندە دەربەدەرەی وەک ئاردی ناو دڕکان بە هەندەراندا بڵاوبوونەتەوە و هەر یەکێکیان لە ئاشێک دەکەن و دروشم و خۆپیشاندان و قسەی زلیان لە کۆمەک و یارمەتی لا گرنگتربێت و لە کاتی پێویستی و تەنگانەدا دۆلار و گوێچکەی بەراز بخەنە پێش نیشتمانەوە، ئەوا مەحاڵە ئەو شتە دروستبێت ، کە پیێ دەڵێن: لۆبی کوردی.

 


mkbarzy@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک