په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١\٢٠١٠

گوێم لێبگرن گەلۆ!


زانا هەورامی

ده‌زانم ده‌یزانن گەلۆ،


لەوەتی حکومەتی سەدام نەما، لە هەمووان زیاتر مەلاکانی ئێران خۆشحاڵن. خەڵکی عێراق خۆشحاڵن بەوەی سەدام نەما. وەلێ مەلاکان لەبەإر ئەمە خۆشحاڵن کە عێراق کەوتە بەردەستیان و بە ئارەزووی خۆیان خاکی ئەم وڵاتەیان کردووەتە شوێنی تەڕاتێنکردن و رەمبازێن بۆ خۆیان.لە شەڕێکی 8 ساڵاندا شکستیان هێنا و نەگەیشتن بە «کەربەلا» کە لەوێشەوە بەرەو ً«قودس» بچن و ئیمپراتۆرییەتی ئیسلامی بەرپا بکەن! بە ملوێن کەسیان دا بە کوشت و بە ملیارد دۆڵاریان بۆ خەرج کرد بەڵام بە هیچ نەگەیشتن لەوەبەدر کە بیروڕای گشتی و هێز و توانای خەڵکی ئێران و ئازادیخوازانی ئەم وڵاتەیان بە لاڕێدا برد و سیمای راستەقینەی ئێران و ئێرانی، ئیسلام و ئیسلامییان شێواند و بوون بە گەورەترین «مافیا»ی جیهان و دێوەزمەی فۆندەمێنتالیزمی ئیسلامی ئەم سەردەمە.


هەر ئەوان بوون ئەمریکای زلهێزیان لە خشتە برد و بەرەو شەڕی عێراقیان برد، بۆ ئەوەی خۆیان لە رووخان رزگار بکەن. گەر چی رووخانی حکومەتی سەدام، ئاوات و ئارەزووی گەلی چەوساوەی عێراق بوو!


هەر ئەوان بوون بە دانووستان و پڕوپوچ، سەری رۆژئاوایان قاڵ کرد و خۆیان لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆم نزیک کردووەتەوە!


هەر ئەوان بوون بە پارە و نەوت، دەوڵەتانی رۆژئاوایان بەرەو ناودێرکردنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە لیستی تیرۆر برد!


هەر ئەوان بوون کرێگرتەکانی خۆیان رژاندە ناو خاکی عێراق و بە ناوی جیاجیای دەعوە و مەجلسی ئەعلا و بەدر و حیزبوڵڵا و و شەهیدی مێحراب و .... خۆیان دەرخست و لێرە و لەوێ شەڕی براکوژی و شەڕی تایفیان ساز کرد و لە هەمانکاتیشدا، بە سەدان تەقینەوەی ورد و درشتیان ئەنجامدا و سڵیان نەکردەوە لە هیچ تاوانێک دەرهەق بە خەڵک!


لە بەرانبەردا ناهەقی نەکەین و ئەوەش بڵێین کە مەلاکانی ئێران زۆر مامۆستان لە هەڵخەڵەتاندنی ئەم و ئەو. بە تایبەتی کە سەروەت و سامانی وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک ئێرانیشیان لەبەر دەستدایە بۆ کڕینی خەڵًکانی نەفەس نزم و خۆفرۆش.

 
ده‌زانم ده‌یزانن گەلۆ،


کەس نیە لەمانە ئاگادار نەبێت و نەتوانێ ئەم حکومەتە پێناسە بکات. لەم سەردەمەدا کە سەردەمی زانست و زانینە، هەواڵ و زانیاری و بیروبۆچوون و رووداو و پێشهات و ... زۆر بە خێرایی خۆی بە دەروون و جەستەی مرۆڤدا دەکات. هەربۆیە راستە کە دەڵێن نەخوێندەوارێکی ئەم سەردەمە لە هەزاران زانای کۆن زاناترە!


ئەی جا چۆنە هەندێًک هێز و لایەن، خۆیان دەبەستنەوە بەم رژێمە و دەبنە زمان و دەست و قاچی ئەم رژێمە و خۆیان لە خەڵک و هێز و لایەنە مرۆڤدۆستەکان دادەبڕن و ڕەدووی دەکەون!!


ئەم کارەی ئەوان لە ترسان بێت یان لە برسان، بە خۆی بێت یان بەوانی دی، بچوک بێت یان درشت، هەرچیەک بێت ناڕەوایە و دوورە لە پرەنسیب و ئەخلاق. خزمەتکردن و یارمەتیدانی ستەمکار، لە وڵاتی خۆت بێت یان وڵاتێکی دی، دوورە لە پرەنسیب و بایەخە مرۆییەکان.


بە باوەڕی من گەلۆ،


ئەوانەی حکومەتی ئێران بە حکومەتێکی ئیسلامی، ئینسانی، دۆست و مرۆڤدۆست دادەنێن و دەیناسێنن، گەر نەزان بن، لە هەڵەیەکی گەورەدان و با بڕواننە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاکان و سەیری شەقامەکانی ئەم وڵاتە بکەن. کارنامەی ئەم حکومەتە هەڵدەنەوە و سەیری سەدان هەزار شەهید و برینداری و ئەسیری خەڵکی ئەم وڵاتە بکەن. سەیری زیندانەکانی حکومەت و ئەشکەنجە و لێدان و دەستدرێژیکردن و ئیعدامی زیندانیەکان بکەن و بزانن لە کام وڵات و بە پێی کام یاسا و ریسا، 30 هەزار زیندانی سیاسی لە ماوەی 2 مانگدا کوشتار کراوە؟ بزانن لە کام وڵًات، کورد، بە تۆمەتی کوردبوون، فتوای جیهادی لە دژ دەکراوە؟ لە کام وڵات پەتی سێدارە بۆ رۆڵەکانی گەل ئاوها ریز کراوە؟ لە کام سەردەم، ئیسلام ئاوا بەدناو کراوە کە مەلاکانی ئێران کردوویانە گەلۆ!


ده‌زانم ده‌یزانن گەلۆ،


ئەوانە ده‌یزانن و ده‌یکەن. نایانەوێت ئەم رژێمە بکەوێت، نایانەوێت ئەوەی بۆیان رەخساوە لە کیسی بدەن. هەر بۆیە بوون بە بەشێک لەم رژێمە و کاری بۆ دەکەن. نەک بێدەنگ نین و هاودەنگن لەگەڵ ئەم رژێمە بەڵکو، بە وتەی خۆیان، ئاسایشی کۆماری ئیسلامی بە لایانەوە زۆر گرینگترە لە زۆر شتی دی. مەلاکانی ئێران بەردەوام دەست لە کاروباری عێراق وەردەدەن، خەڵک تیرۆر و سنوورەکان تۆپباران دەکەن، بەڵام ئەمانە پاکانەی بۆ دەکەن. نەک تەنیا پاکانە بەڵکو هێز و توانا و ئیمکانیاتی دەوڵەتی عێراق دەخەنە بەر دەستی و پەلاماری پەنابەرانی بێچەک و بێدیفاعی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران دەدەن گەلۆ!


نەک بەڵگەی تاوانەکان لەم و لەو ئەشارنەوە بەڵکو میوانداریی کاربەدەستانی ئێرانی دەکەن و فەڕشی سووریشیان لە بەر پێ رائەخەن گەلۆ! رۆژ و شەو، شەو و نیوەشەو، هەرکات حەزیان بگرێت، دەرکەی بۆ ئاواڵە دەکەن و دیداریان لەگەڵ ساز دەکەن، باڵاخانەیان بۆ دابین و تریبون و تەلەڤیزیۆنیان بۆ ئامادە دەکەن. وایان بەسەردا هەڵدەڵێن کە گوایا فریشتەیان لە ئاسمانەوە بۆ نازڵ بووە. بە جۆرێک ئەمانە لە ئامێز دەگرن و راموسیان لەگەڵ دەکەن و میوانداری 60-70-80 ساڵان لە دووی جاش و جاشولکەی ئێران هەنگاو دەنێن مرۆڤ رشانەوەی پێی دێت،. تۆ بڵێی ئەمە سیاسەت بێت گەلۆ ؟ سیاسەت وایە گەلۆ! رەنگە وەک خۆیان دەڵین سیاسەت بێدایک و باوک بێت گەلۆ!!


ئەرێ گەلۆ لە سیمای مەلا تیرۆریستەکانی ئێران دزێوتر و
لە تەوقەکردن و راموسان لەگەل دیپلۆمات تیرۆریستەکانی ئەم رژێمە ناشیرینتر و
لە تاوانەکانی ئەوان دڵتەزێنتر و
لە هاوکاریکردنی ئەمان ناڕەواتر
شک دەبەن گەلۆ!!!