په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٨\٢٠١٩

گوێڕادێرە ئەی مارکسیست!

 

    مەری بوکچین

وەرگێڕانی: زاھیر باھیر

- بەشی دووەم -


ئەم هەوڵ و پەرۆشیی و بەدووچوونە لە ڕابوردویەك کە زەمانەت و ئاسایشی هەبووە، ئەم کۆششە لە دۆزینەوەی بەهەشتێك لەبڕوایەکی دۆگمایی بێ ڕۆحدا، لە ڕێکخستنێکی هیرراشیانەی جێگرەوەی بیر و هزرێکی خولقێنەر و پراکتکردنێکی زیندووانەدا، ئەمانە تاڵترین بەڵگەن بۆ زانینی ئەوەیکە زۆرێك لە شۆڕشگێڕان کەمتر دەتوانن لە " خۆشۆڕشگێڕکردنی خۆیان و شتەکانا ،" تاکو لە بە شۆڕشگێڕکردنی تەواوی کۆمەڵ. ڕەگی قوڵی مەیلی کۆنەپارێزێتی لە"شۆڕشگێڕان"ی باڵی پێشکەوتوخوازی پارتی کار،PLP [١] تا ڕادەیەکی زۆر بەڵگەی ئازاراوین ، کە سەرکردە و ڕابەری دەسەڵاتخواز و هیرراشییەت شوێنی باوكسالاریی و بیرۆکراسی قوتابخانە دەگرێتەوە ، زەبت و ڕەبت [دسپلینی] لە بزوتنەوەکەدا جێگای زەبت و ڕەبتی کۆمەڵی بورجوازی دەگرێتەوە، کۆدی دەسەڵاتخوازانەی جەماوەری گوێگری سیاسیانە جێگەیی دەوڵەت دەگرێتەوە، پەیامی بیروباوەڕی " مۆراڵی پڕۆلیتاریانە" جێگەی نەریتی ئەخلاقی کارکردن و puritanismدەگرێتەوە [puritanism: دەستەیەك لە ئینگلیزە پرۆستانتەکان بوون لە چەرخی شازدە و حەڤدەدا بەدوای پاکێتی/ پوختەییدا (نقییەتی) دا دەگەڕان تاکو کەنیسەی ئینگلەند لە هەڵسوکەوت و خووی ڕۆمانە کاسۆلیکییەکان پاکبکەنەوە ..- وەرگێڕ] توخم و دیاردەکانی کۆمەڵی [کۆمەڵگە] چەوساوە لە فۆرمە نوێیەکاندا دووبارە دەردەکەوێتەوە کە خۆی لە ئاڵایەکی سوورەوە پێچاوە، بە وێنە و تابلۆی ماوتسیتۆنغ و ( یاخود کاسترۆ یا گێڤارا) دیکۆر و نەخشێنراون، هەروەها بە " کتێبە سوورە" بچوکەکە لەگەڵ پەیام و دەستەواژەی دیکەی پیرۆزدا، زەخرەفەکراوە.


زۆرینەیەك لە خەڵك کە ئەمڕۆ لەPLPدان ، شایستەی ئەوەن. ئەگەر ئەوان بتوانن لەتەك بزوتنەوەیەکدا بژین بە دروشمە تایبەتییە گاڵتەجاڕییەکانیانەوە کە لەتەك لەقتەکانی تەپڵدا بروات [٢] ، ئەگەر ئەوان لە توانایاندایە کە گۆڤارێک بخوێننەوە کە پرسیاری ئەوە دەکات ئایا مارکۆس " پۆلیس بووە یا پۆلیسێکی نابەرپرسیار " ، ئەگەر ئەوان قەبوڵی " زەبت و ڕەبتێك" بکەن کە بۆ ئاستی یاریکەرێکی یاری پۆکەر دایانبەزێنێت کە لە دەمووچاویا هەست و جوڵەی نەخوێنرێتەوە، بە بەرنامەیەکی ئۆتۆماتیکی پڕۆگرام کرابێت، ئەگەر ئەوان بتوانن لە ناشیرینترین تەکنیكەکانی ( تەکنیکەکانی کە لە زێرابی پرۆسەی بزنسی بورجوازیی و پەڕلەمانتاریزم) لە هەڵخەڵاتاندنی ڕێکخراوەکانی دیکە، بەکاربهێنن، ئەگەر بتوانن هەموو چالاکییەك و خودی بارودۆخەکە کە تەنها تەشەنە بە گەشەکردنی پارتییەکانیان دەدات، لە کار بخەن هەتا ئەگەر ئەمە بەزاندن و تێشکانی خودی چالاکییەکانی خۆیان بێت- ئەگەر ئەمان بتوانن هەموو ئەمانە بکەن ، ئەو کاتە ئەوان قێزەوەن و بێزراون. بۆ ئەو کەسانە کە هەموویان 'سوورن' و خۆیان بە سوور دەزانن، باسی هێڕشکردنە سەریان وەکو ڕاوکەرانی 'سوور' ببینن، ئەمە شێوازێکە لە شێوازەکانی McCarthyism بەڵام بە ئاڕاستەیەکی پێچەوانە [McCarthyismهەڵمەتێکی بەهێز بوو دژی ئەوانەی کە گوایە کۆمۆنیستن لەناو حکومەتی ئەمەریکا و دەزگەکانی دیکەدا، ئەم هەڵمەتەش لە لایەن سێنەتەر جۆزیف مەکاسییەوە لە نێوانی ساڵانی ١٩٥٠ بۆ ١٩٥٤، دەستیپێکرد. زۆرێک لەوانەی کە تۆمەتبارکران خرانە لیستی ڕەشەوە و کارەکانیان لە دەست دا، گەر چی بەڵگەیەك نەبوو کە ئەوانە سەر بە پارتی کۆمۆنیستبوون]. ئا لێرەدا دەتوانین هەمان داڕشتنەوەی بڕگە شیلاوییەکەی ترۆتسکی سەبارەت بە ستالینیەت بەکار بهێنین کەدەلێت: ئەوانە نەخۆشی سفلیسن،pallidumن لە بزوتنەوەی ڕادیکالانەی لاوانی ئەمڕۆدا، بۆ ئەم نەخۆشییەش تەنها چارەسەرێك هەیە ئەویش بەکارهێنانی ئەنتی بایۆتیکە نەك لیدوان و مشتومڕ.


پەرۆشیی ئێمە لێرەدا بۆ ئەو شۆڕشگێڕە شەریفانەیە کە ڕوویانکردۆتە مارکسیزم، لینیننزم، یاخود ترۆتسکیسزم، لەبەرئەوەی ئەوان زۆر بە جددی دووی دیدێکی کۆمەڵایەتی مەحکەم، هەروەها ستراتیجییەکی کارا و هەژموندار لە شۆڕشدا، کەوتوون . هەروەها ئێمە نیگەرانین دەربارەی ئەوانەی کە سەرسامن بە چەکی تیئوری ئایدۆلۆجی مارکسییەت و لە بزریی [غیابی] جێگرەوەیەکی زیاتر مەنهەجیانە، بەخێرایی دەستبەرداری دەبن. ئیمە بانگەوازی ئەوانە دەکەین کە وەکو برا و خوشکی خۆمان دەیانبینین و داوای لێدوان و مشتومڕێکی جددیانە و هەڵسەنگاندێکی هەمەلایەنانەی تەواو دەکەین. ئێمە باوەڕمان وایە کە مارکسیزم دەستەوەسانە و دەستنادات بۆ ئەم سەردەمەمان نەك لەبەر ئەوەی کە زۆر دیدمەند و شۆڕشگێڕانەیە ، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە دیدمەندیی و شۆڕشگێڕیی تەواوی [ کافیی] تیادا نییە. ئێمە باوەڕمان وایە کە مارکسیزم بۆ سەردەمی کەمیی یاخود نوقسانییپێداویستییەکانلەدایك بووە و ڕەخنەیەکی یەکجار چاك و نایابی سەردەمەکە بووە بەدیاریکراوی لە سەرمایەداریی پیشەسازیی، بەڵام بۆ لەدایکبوونی سەردەمێکی نوێ، دامەزراو و تەواو نەبووە و پێشبینییەکان تەنها یەكلایەنانە و جوزئیانە بووە. کێشەی ئێمە ئەوە نییە کە مشتومڕی "لاوەخستنی" مارکسیزم بکەین یا بانگەشەی " لەکارکەوتنی" بکەین، بەڵکو دەمانەوێت لە ڕووی جەدەلییەوە[دیالیکتی] تێپەڕی بکەین، هەر وەکو چۆن خودی مارکس فەلسەفەی هییگلییەکانی، ئابوریی ڕیکاردۆکانی، تاکتیکی بلانکییەکان و شێوازی ڕێکخستنەکانیانی، تێپەڕاند. ئێمە پێویستە ئەرگویمێنتی قۆناخێکی پێشەوەچوو لە سەرمایەداریی، بکەین، زیاتر لەوەی کە مارکس چەرخێك لەمەوبەر لە تەکیا کردویەتی، هەروەها قسە لەسەر قۆناخێکی پێشکەوتووتر لە تەشەنەکردنی زیاتری تەکنەلۆجیا بکەین، لەوەی کە ئاشکرایە مارکس توانیبێتی پێشبینی بکات. هەر لەبەر ئەمەش ڕەخنەی نوێ زەروورییە کە ئەمەش بە ڕۆڵی خۆی بانگەوازی مۆدێکی نوێی تێکۆشان و خەباتکردن دەکات یا داخوازی جۆرێك لە ڕێکخستن، لە پاگەندە و جۆری ژیان، دەکات. بۆ ئەم بارودۆخە تازەش چۆن ئارەزوو دەکەیت ناوی لێ بنێ، بەڵام ئێمە ئەم بەرخوردە نوێیەی پاش سەردەمیی کەمیی، نوقسانیی پێداویستییەکان بە ئەنارکیزم ناودەبەین، ئەم ناولێنانەش بە هۆی ژمارەیەک هۆکاری زەروورییەوە هەڵدەبژێرین و بەڵگە موقنیعەکانی ڕوونکردنەوەی ئەمەش، لە لاپەڕەکانی دواترا دەخەینەڕوو .
 


- بەشی سێیەم -

 


سنووری مێژوویی مارکسیزم.


ئەو بیرۆکەیەی لای کەسانێك، کە پیاوێك [ بوکچین مەبەستی مارکسە - وەرگێڕ] کە گەورەترین بەشداریکردنی تیئورییستیانەی لە نێوانی ساڵانی ١٨٤٠ و 1880 کرد، توانیبێتی تەواوی جەدەلییەتی [دیالەکتیکێتی] سەرمایەداریی، "ببینێت" ،ئەوە لە حەقەتدا نەفیکردنەوەی ئاوەزە، لۆژیکە. ئەگەر هێشتا بمانەوێت زیاتر لە دیدی مارکس تێبگەین، هەر ئاواش دەتوانین زیاتر لە هەڵە حەتمییەکانی پیاوێك کە نەدەکرا خۆی لێبپارێزێت فێربین کەهی سەردەمی کەمییو نوقسانی کەرەسەکان [ مەتیریاڵ] و تەکنەلۆجیا بوون، کە بەدەگمەن بە وزەی کارەبا کاریکردووە، ئەمانەش توانای مارکسیان سنووردارکردبوو. لە ئێستادا ئێمە دەتوانین فێربین لەوەی کە چەندێك جیاوازی لە نێوانی سەردەمی ئێمە و ئەوەی کە مێژوو بەڕێیکردووە، هەیە، هەروەها ناسین و پێزانینی ئەو ئیمکانییەتەی کە لە ڕوی نەوعییەتەوە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، کە چ جۆرێک لە پرسە دەگمەنەکان و شیکردنەوە و بەکردەکردنیان، لە بەردەممانا داناوە. ئەگەر بمانەوێت شۆڕشێك بکەین نەك لەباربردنێکی دیکەی مێژووییانە، دەبێت بە ئاگا بین لە هەموو ئەمانە کە ناومان هێنان.


گرفتەکە ئەوە نییە کە مارکسیزم " مێتودێکە" کە دەبێت لەگەڵ " بارودۆخە" نوێیەکەدا بگونجێنرێت، یاخود " neo-Marxism " دەبێت گەشەی پێبدرێت تاکو سنووردارێتیی " مارکسیزمی کلاسیکیانە" تێپەڕێنێت. کۆششی ڕزگارکردنی ڕەچەڵەکی یاخود ئەسڵی مارکسیزم بە پێداگرتن یا سەپاندنی مێتودەکانی لەسەر سیستەمەکە یاخود بە زیادرکردنی وشەی " نوێ -neo " بۆ سەر وشە پیرۆزەکە [ مەبەستی بوکچین ووشەی مارکسیزمە -وەرگێڕ] ئەوە تەواو نادیار [ غامض] و فێڵێك دەبێت، زیاتر لەوەش، ئەمەش کاتێكئەگەر دەرنجامە پراکتیکەڵەکانی سیستەمەکە بە شێوەیەکی تەواو لەگەڵ ئەم کۆشش و هەوڵانەدا، ناکۆک بن[٣]. دەی ئەمەش دەقاو دەق بارودۆخی شرۆڤەکردنی مارکسیستیەکانی ئەمڕۆیە. مارکسیستەکان بڕوا دەکەنە سەر ئەو فاکتە کە سیستەمەکە شیکردنەوەیەکی نایابی سەبارەت بە ڕابوردوو خستۆتە بەردەست، ئەمە لە کاتێکدا بە ئەنقەست فەرامۆشی هەڵخەڵەتاندنی تەواوی ڕواڵەتەکانی مامەڵەکردنی ئێستاو ئایندەش دەکەن.مارکسیستەکان پەنا بۆ یەکێتی نێوانی ماتریاڵی مێژوویی و شیکردنەوە چینایەتییەکەی مارکس دەبەن کە لەوێوە شرۆڤەی مێژوو کراوە و دید و تێگەیشتنی ئابووریی لە کاپیتاڵ کە گەشەی سەرمایەداریی پیشەسازیی تیادا خراوەتە بەردەست، هەروەها نایابێتی شیکردنەوەکانی مارکس سەبارەت بە شۆڕشەکانی سەرەتا و ئەو بەرەنجامە تاکتیکیانە کە مارکس بینای کرد بێ ئەوەی بزانرێت و دەرك بەوە بکرێت کە جۆرەکانی کێشە نوێیەکان کە لە ئێستادا هەن، هەرگیز لە ڕۆژانی ئەودا [ مارکس] نەبوون . ئایا بەڕاستی ئەو گرفتە مێژووییانە و ئەو مێتودانەی شیکردنەوەی چینایەتی کە لەسەر تەواوی بناخەی کەمیی، نوقسانیی پیداویستییەکان کە حەتمی بوون [خۆپاراستن لێیان نەدەکرا] ، کراوە دەتوانرێت لە سەردەمێکی نوێ لە زۆری هەبوونی ئیمکانیاتەکانا شەتڵ بکرێت؟ ئایا لۆژکیانەیە شیکردنەوەی ئابوورییەك کە بە پلەی یەکەم چەقی لەسەر بیدایەتی یا سەرەتای سیستەمی " ململانێی ئازادانە" ی سەرمایەداریی پیشەسازیی گرتووە، دەتوانرێت بۆ سیستەمی بەڕیوەبردنی سەرمایەداریی بگوێزرێتەوە کاتێك دەوڵەت و مۆنۆپۆڵییەکان یەکدەکەون و ئاوێتەی یەکدی دەبن بۆ یاریکردن بە ئابووریی ژیان؟ ئایا ماقوڵە کە ستراتیجییەت و تاکتیکانەی بەرهەمهێنەر لە فۆرمیلەی سەردەمێك بێت کاتێك کە پۆڵا و خەڵووز بەشێك دەبن لە بناخەی پیشەسازیی تەکنەلۆجیا، بتوانرێت بگوێزرێتەوە بۆ سەردەمێك کە لەسەر بنەمای ڕادیکالانەی سەرچاوەکانی وزە و ئەلەکترۆنەکان و cybernation خۆی گرتووە؟


لە دەرەنجامی ئەم گواستنەوەیەدا، لای ئەمان دەکرێت تێکستە تیئورییەکان کە چەرخێك لەمەوبەر فریاڕەس بوون بگۆڕرێن بۆ چاکەتێکی بەبەراکراوی ئەمڕۆ. هەر بەو هۆکارەش ئێمە داوامان لێدەکرێت کە قورساییمان بخەینە سەر چینی کرێکاران وەکو " بریکارێك" لە گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانەدا لە کاتێکدا کە سەرمایەداریی بە بەرچاوەوە ڕاوەستاوە و بەرگریی لەبوونی خۆی دەکات و شۆڕشگێڕان لە نێو هەموو ئەو توێژاڵانەی نێو کۆمەڵدا بە تایبەت گەنجان، بەرهەمدەهێنێت. ئێمە داوامان لێدەکرێت ئەو " قەیرانە درێژخایەنە ئابوریی"یەی کە بە بەرچاوەوەیە بکەینە ڕێپیشاندەری [دەلیلی] مێتودە تاکتیکییەکانمان، گەرچی ڕاسستییەك هەیە ئەوە بۆ ماوەی سی ساڵە هیچێك لەم ئەزمانە، ڕووینەداوە [٤]. داوامان لێدەکرێت کە "دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریا" پەسەند بکەین،... " سەردەمێکی گواستنەوەی " درێژ، کە وەزیفەکەی تەنها سەرکوتکردنی دژە-شۆڕش نییە، بەڵکو لەسەرو هەموویەوە بۆ گەشەپێدانی تەکنەلۆجیایە بۆ زیادکردنی کەرەسەکان لە کاتیکدا ئەم تەکنەلۆجیانە لە ئێستادا لەبەردەستایە. داوامان لێدەکرێت کە ئاراستەی " ستراتیجییەت" و " تاکتیکەکانمان" بەرانبەر برسێتی و نەبوونیی هەروەها بارودۆخی هەژاریی ئابووریی، بکەین، لە کاتێکدا کە هەست و سۆزی شۆڕشگێڕیی زادەی بێ بایاخی و ناگرنگی ژیان لە سای مەرجەکانی یا بارودۆخی زیادیی ماتیریاڵەکاندایە. داوامان لێدەکرێت کە پارتە سیاسییەکان، ڕێکخستنە نێوندگەرییییەکان، قووچکەیی هەروەها دەستەبژیرە " شۆڕشگێڕەکان" دروستبکەین لەتەك دەوڵەتێکی نوێ لە کاتێکدا دەسگە سیاسسییەکان هەموو چوون یەك بۆگەنیان کردووە، ئەمانە هەمووی لە کاتێکدا کە نێوەندگەریی، دەستەبژێرێتی و دەوڵەت، بوونەتە جێگای پرسیار تا ئەو ڕادەیەی کە پێشترهەرگیز لە مێژوی کۆمەڵی قوچکەییانەدا ئەمە نەبووە.
__________________________________________
تێبینییەکان:
١- ئەم چەند دێڕە کاتێك نوسراون کە باڵی پێشکەوتووخوازی پارتی کار (PLP) هەژموونێکی گەورەی لەسەر SDSهەبوو. گەر چی لە هەنووکەدا ئەم پارتە زۆری هەژموونی خۆی لەسەر بزوتنەوەی قوتابییان لەدەستدا بەڵام ئەم ڕێکخستنە هێشتا نموونەیەکی باش لە مێنتەڵێتی و بەها لەناو چەپی کۆنا، پێشکەش دەکات. ئەو باس و خواسەی سەرەوە بە هەمان شێوە ڕاستە بۆ گروپە مارکسیی- لینینییەکان، هاوکاتیش ئەم پەڕەگرافە و ئاماژەکردنەکانی دیکەش بۆ باڵی پێشکەوتووخوازی پارتی کار لە جەوهەردا نەگۆڕاون.
٢- بزوتنەوەی نقابەی شۆڕشگێڕ بەشێك بوو لە ڕابتەی کتلەی کرێکارانی شۆڕشگێڕ لە شاری دیترۆیت- ئەمەریکا، کە لە ڕاستیدا بزوتنەوەیەکی حیلاویی بوو.
٣- پێش هەموو شتێك مارکسیزم تیئوریێکی پراکتیکانەیە، یاخود خستنە بەردیدی پەیوەندییەکانەلە پێگەیەکی دروستەوە و لە بە کردەکردنی تیئوەکە. ئەمە تەواوی واتای تەحەولە دیالەکتیکییەکانی مارکسن، ئەمەشی لە بابەتی ڕەهەندگەراییەوە وەرگرتووە( لە کاتێکدا هیگلییە لاوەکان هێشتا لە هەوڵی ئەوەدابوون ڕوانگەی هیگل سنووردار بکەن) لە ڕەخنەیەکی فەلسەفییەوە بۆ چالاکییەکی کۆمەڵایەتی، بۆ ناو خودی بابەتەکە خۆی. ئەگەر تیئوری و پراکتیك لەیەك جیاببنەوە ، ئەمە کوشتنی مارکسیزم نیە، بەڵکو ئینتیحارێتی. هەوڵ و کۆششی شێوێنەرە دووکەوتەکانی مارکس کە بە ئاگا بوون لە مارکس، دەیانویست سیستەمەکە بە زیندویەتی لەگەڵ تێکەڵەیەك لە ڕێكخستنەوە و دروستکردنەوە و نیوە ناچڵییەك لە " مەعریفەیەکی" بەدەستهێنراو بهێلنەو، وەکو " la Maurice Dobb و George Novackکردیان کە ئەمەش سوکایەتی و هێنانەخوارەوەی ناوی مارکسە، تۆز و غوبارێکی پیسی بێزراوە لەسەر هەموو شتێك کە مارکس باوەڕی پێی بووە .
٤- لە ڕاستیدا مارکسیستەکان ئەم ڕۆژانە زۆر بە کەمی قسە لەسەر " قەیرانی درێژخایەنی سەرمایەداریی " دەکەن... وێڕای ئەو ڕاستییەی کە ئەم چەمکە خاڵی بناخەیی و بەیەکەوەگرێدراوی تیئورە ئابورییەکەی مارکس پێكدەهێنێت.

__________________________________________

بەشی یەکەم: www.emrro.com/giweradereeym.htm

 

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک