٧\١١\٢٠١٥
گیانی کورد؛
گیانێکی نەخۆش؟!

ستار محەمەد قادر
مێژووی کورد ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ، ئەم میللەتە گیانی نەخۆشە، گیانێک
تەنها وێنەیەکی زۆر بچووکی کوردبوونی هەیە و کوردبوون بە واتا و چەمکە
فراوانەکەی لە ناویدا شوێنی نابێتەوە.
ئەم گیانە هەمیشە دوژمنێکی سەرسەختی کورد بووە و کوردی بە شێوەیەک
گیرۆدە و لە قاڵب داوە، کوردبوون بە هەڕەشە و مەترسیی دەزانێ بۆ سەر
خۆی و هەر کاتێک تەوژمی کوردبوون لە هەڵکشاندا بووبێ ڕووبەڕووی
دەبێتەوە و خۆی لەناوی دەبا.
گیانی کورد، بریتییە لە گیانێک، تەنها شتی زۆر بچووک، جیهانبینیی زۆر
تەسک، دەتوانن شوێنی خۆیان بگرن و لە ناخیدا دەرفەتی وەرگرتنیان هەبێ.
ئەو ماڵە لێکترازاوەی کورد، ئەو پرۆسەی داگیرکردنی خاک و ژێردەستەییە،
لە زیرەکیی و لێهاتوویی گەلانی تورک و فارس و عارەبەوە سەرچاوە ناگرن،
گوزارشت لەوە ناکەن ئەوان خاوەن ئیرادەن و کوردیش بێ ئیرادەیە، بەڵکو
یەک راستیی هەیە دەبێ دانی پێدا بنێین، ئەویش ئەوەیە گیانی کورد هەموو
ئەو شتانەی تێدایە کە لەواندا بەرجەستەیە، بەڵام ئەم گیانە هەردەم
شوێنگەی شتی بچووک بووە، ئەگەر قووربانی زۆر گەورەیشی دابێ، تەنها
مەبەستی ئەوە بووە شتی بچووک وەچنگ بهێنێ!
بە واتایەکی تر، ئەم گیانە هەمیشە کوردی تووشی شەڕ و ماڵکاولیی کردوە و
لە دوژمنەکانی زیاتر بەربەستی دروستکردوە بۆ ئەوەی کورد خۆی لەو
ئاستەدا نەبینێ یان ئەو باوەڕەی لە لا درووست نەبێ، کە بۆی هەیە و
مافێکی سرووشتی خۆیەتی خەونی گەورەی هەبێ و کار بۆ وەدیهێنانی بکات لە
واقیعدا، بۆیە وەکو زۆرجار ئەوە دەبینین، ئەوە خودی خۆمانین خەونەکانی
خۆمان تێکەڵ بە ئەندێشە ئەکەین و مافە رەواکانمان دەکەین بە تراویلکە و
کۆسپ و تەگەرە دروست ئەکەین بۆ ئەوەی بە دەستی ئەو واقیعە تاڵ و
دژوارەی ئەو گیانە نەخۆشەوە بتلێینەوە و خەونەکان وەکو مێردەزمە وێنا
بکەین.
هەر چەندە دەسکارییکردنی گیان، لە توانای ئەفرێنەر دایە نەک مرۆڤ،
کەواتە تا خاوەنی ئەو گیانە نەخۆشە ببین، نابێ باس لە یەکڕیزیی و
رێکخستنی نێو ماڵی کورد بکەین، چونکە بە شێوەیەک لەژێر کاریگەریی ئەو
گیانە نەخۆش و مەترسییدارە داین، بە جۆرێک هەژموونی بووە بە (ئەمری
واقیع) بەسەرمانەوە، توانای هۆشەکیی و جیهانبینییمانی رام و کەوی
کردوە، هەزار و یەک پاکانە دەهێنینەوە بۆ ئەوەی هەر سەردەمە بە شێوازێک
نوێی بکەینەوە، هەر جارەی لە ژێر ناو و ناونیشانێکەوە بیکەینە بە
هەوێنی تێکدانی ئارامیی و دەرخستن و زەقکردنەوەی ناکۆکییەکان و یەکتری
ناشیرینکردن و بە ئەهریمەنکردنی کورد لە کۆی وێنە گشتیەیکەدا!
لە کاتێکدا هەر هەموومان باش ئەو ی دەزانین، کە لە بارودۆخێکی وەهادا،
لە کەشێکی نائارام و پڕ لە ناکۆکیی و دژواردا، هیچ هێزێکی سیاسیی
سوودمەند نابێ، بەڵکو کۆی پرۆسەکە و کورد بە پلەی
یەکەم تیایدا زیان دەکا، ئەی کەواتە چی شتێک وا لەم خەڵکە خاوەن
پێنووس و خوێندەوارانە دەکا، هەمیشە کار بۆ دووبەرەکیی و ناتەبایی و مل
شکانی یەکتری بکەن، چ (حیکمەت)ێک لە پشتی دروستکردنی وەها دۆخێکەوە
دەبێ پەنهان بێ، جگە لەو گیانە نەخۆشە کە کوردی بەم رۆژە گەیاند، دوای
سەد ساڵ لە ئەتککردن و ستەمکاریی و داگیرکاریی دوژمنەکانی، وەئاگا نەیێ
و نەزانێ یان بای ئەوەندە بەرچاوروونیی نەبێ، کە کورد تەنها بە
یەکڕیزیی دەتوانێ خەونەکانی لە واقیعدا بەرجەستە بکا، نەک بە پشێویی و
لێکترازان، ئەگەر کاریگەریی ئەو گیانە نەخۆشە نەبێ، خۆ دەکرێ ئەزموون
لە مێژوو وەربگرین؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|