٢٢\٦\٢٠١٥
ناڕەزایەتینامەی فیدراسیۆن
لە رۆژی جیهانیی پەنابەراندا:
گیانی مرۆڤەکان لە
مەرگی بەکۆمەڵی دەریایی بپارێزن.
ڕۆژی
٢٠ ی جونی ڕۆژی بەرەسمیەت ناسینی پەیماننامەی جیھانیی ساڵی ١٩٥١ی جنیفە
لە پەیوەند بە مافەکانی پەنابەرانەوە. ھەموو ساڵێک بۆ ماوەی ھەفتەیەک
رێکخراوەکانی داکۆکیکار لەمافەکانی پەنابەران لەسەراسەری جیھاندا بە
چالاکی جۆراجۆر ڕۆژی پەنابەران وخواستەکانیان بەرز ڕادەگرن.
ئێستا ٦٤ ساڵ بەسەر پەیماننامەی جیهانیی مافەکانی پەنابەران بۆ
فریاکەوتنی قوربانیەکانی جەنگی جیهانیی دووەم تێپەردەبێت، بەڵام ھێشتا
دیاردەی کۆچ و ئاوارەیی و پەنابەریی ملیۆنی بەھۆی بەردەوامی جەنگ و
کێشمەکێشی سیاسی و میلیتاریزم و فەناتیزمی دینی و نەتەوەپەرستی و
تیرۆریزم و ڕاسیزمەوە بەشەریەتی سەرگۆی ئەم زەمینەی ھەراسان کردوە.
ڕکابەری سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکا ن و دەوڵەتە زلھیزەکانی جیھان
ومۆنۆپۆڵەکانی ناو بازاری ئازاد لە پێناو قازانجی زیاتروسودپەرستی
وگۆرینی ھاوکیشە سیاسیەکانی جیھان، ئەحزابە گۆی لەمستەکانیان و گرووپ
ودەستەو تاقمە مرۆڤکوژەکانیان بۆ وەبەرھێنان و ناردنی سەرمایەو
بەدەستھێنانی ھێزیکاری ھەرزان، ھەڵومەرجێکی لەرادەبەدەر نامرۆیی و
نائارامی و شەرو دەعوای ئاینی و قەومییان بە سەر بەشێکی زۆر لە
کۆمەڵگای بەشەریدا داسەپاندوە.
تەنھا جەند مانگی رابوردوو، خەڵکی دونیا شاھیدی تراژیدیای مەرگی
بەکۆمەلی دەیان ژن و منال و پیرو پەککەوتەن کە قوربانی دەستی گرووپ
ورێکخراوەی مرۆڤکوژو دڕندە و رژێمە سەرکوتگەرو چینە دەسەڵاتدارو
کۆنەپەرستەکانی خۆرھەڵات و باکوری ئەفریقا بوون لەدەریای سپی ناوەڕاست،
لە بەرامبەر ئەم کارەساتە مرۆییەدا، حکومەتەکانی ئەوروپا ناچاربوو
کۆببنەوە و رێگا چارەی جۆراجۆر بخەنە بەرنامەی حکومەتەکانیان و دەزگا
تایبەتیەکانی فرۆنتیکسەوە تا وەڵامێک بە قەیرانی مەرگی بەکۆمەڵی
پەنابەران بدەنەوە، دە بەندیان دیاریکرد، کە جگە لە چاودیریکردنی
سنورەکان و دەرگا داخستن بەرووی قوربانیەکان و بەرھەڵستی کردنی
ئەوباندو دەستانە کە بازرگانی بە گیانی مرۆڤەکانەوە دەکەن، ھیچ
ئاماژەیەکی کارسازو عەمەلی تیادا نابینرێت. ھەرچەند رۆژ دوای تیپەربوون
بەسەر کۆبوونەوەکانی حکومەتەکانی ئەوروپا، ئاکامەکانی شکستی ئەو رێگا
چارانە کەوتنە بەردەم رای گشتی خەڵکی جیھان، تەنھا لە ماوەی دوومانگدا
زیاتر لە ١٧٠٠ پەنابەر لەدەریای سپی ناوەراستدا گیانیان لەدەستداوە و
رۆژانە زیاتر لە ١٠٠ ھەراز پەنابەر دەگەنە جەزیرەکانی یۆنان، ١٠٣ ھەراز
لەو پەنابەرانە خەڵکی سوریاو ئەفغانستان و عێراق ولیبیا وسۆمال
وئەریتریان..بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتوەکان، تەنھا لە ساڵی ٢٠١٤
قوربانیانی دەریای سپی ناوەراست ٣٥٠٠ پەنابەر بوو، ئەمە جگە
لەقوربانیەکانی جەزیرەکانی یۆنان و ئەندەنوسیاو ئوسترالیا. ئامارەکانی
ریکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان لەجیھاندا سەبارەت بەدیاردەی ئاوارەی
بە٥٠ملیۆن دەخەمڵێنرێت.
حکومەتەکانی ئەوروپا کە ھەر خۆیان لە ئیمزاکەرانی پەیماننامەی جنیفی
١٩٥١ لە پەیوەند بەمافەکانی پەنابەرانن، نەک ھەر پاشەکشێیان کردوە،
بگرە دەیان یاسای دیکەی دژی پەنابەران و کۆچکردوانیان ھێناوەتە گۆرێ و
ڕۆژ لەدوای رۆژ پەلاماری مافەکانی پەنابەران دەدەن. زیندانیکردن و
دیپۆرت، داسەپاندنی ھەڵومەرجی کاری سەخت و سەعاتکاری زیادوپارەی کەم،
تا فڕێدانیان بۆ سەر جادەو لێسەندنەوەی مافی کارو بیمە کۆمەڵایەتی و
تەندروستیەکان، دوورخستنەوەیان لە دووری شارەکان و دورگە دورە دەستەکان
و کەمپ و گرتووخانە دەستبەسەرەکان و جێگیرکردنیان لە ژێرزەمینە
سەربازییەکاندا و تەنانەت وەک تاوانبارمامەڵە بکرێن، ھەموو ئەمانە
کراونەتە بەرنامەی ئەم حکومەتانەوەو لە پیش بەھا مرۆییەکان و رێزگرتن
لە مافەکانی مرۆڤەوە دانراوە. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە ئەم حکومەتانە
نەک ھەر نایانەوێت وەڵامدەرەوە بن بە پیداویستیەکانی مرۆڤەکان و
پاریزەری مافەکانیان بن، بەڵکو ڕێز لە پەیمانیکیش ناگرن کە خۆیان
ئیمزایان لێداوە.
حکومەتەکانی ئەوروپا ھەرخۆیان بەھۆی ناکۆکیەکانی سیستەمی سەرمایەداری و
شەری نیوان بەرژەوەندی چینەکان و وەلامدانەوە بەقەیرانەکانیان بەشێکن
لە رووداو و رەوەندە سیاسیەکانی ئەو ناوچانە بەشیوەی دەخاڵەتی سەربازی
و سیاسی وستراتیژی و پشتیوانیان لە دەسەڵاتە سەرکوتگەرو دژە
ئازادیەکانی ناوچەکە، ئەمەش بۆتە ھۆی ئەوەی مرۆڤەکانی ئەو
کۆمەڵگایانەیان ناجارکردوە کە کەشتی مەرگ ھەڵبژیرن و ژیانی خۆیان و
خیزان و منالەکانیان بخەنە ریسکی گەورەوەو پەنا بۆ دەریاکان بەرن تا
لەکەنار ژیانێکی ئارام وئاسایشدا لەنگەر بگرن.
بھێنە پێش چاوت کە لە ووڵاتەکەی خۆت ڕاوبنرێیت، لەسەر دەربڕینی بیرورات
زیندان بکرێیت یان بکەویتە بەر ھەڕەشەی کوشتن، پارووی منداڵەکانت
بڕفێنردرێت و بۆشت نەبێت بچیتە سەر جادە و ناڕەزایەتی دەرببڕی و ئەبێ
ملکەچ و سەرکوتکراو بیت و بەبەرچاوتەوە تاڵانی بکرێ، قبوڵی بکەیت. کەچی
کاتێک لەو بارودۆخە ھەڵبێیت و مەترسیدارترین ڕێگا بگریتە بەر و بەمجۆرە
لە دەستی دەسەڵاتێکی ھار دەربچیت و بکەویتە دەمی قاچاخچیانێکی
قازانجپەرەست کە بۆ سودی خۆیان، دەیان و بگرە سەدان کەس بخزێننە نێو
کەشتیە کۆن و داڕزیوەکانەوە تا بگەیتە وڵاتێکی ئارام، لەم لاشەوە
سەرانی دەسەڵاتی ئەم ووڵاتانەش چارەنوست گرێ بدەنەوە بە ساتوسەودا و
بەرژەوەندیان لەگەڵ ئەو ووڵات و ھێزانەی کە لە دەستیان ھەڵھاتوویت.
چەندە سەختە لە دەستی مەرگ ھەڵبێت و بە چاوی خۆشت مەرگی کۆرپەکانت یان
ئازاری مەرگی خۆت بچێژیت!!.. ئایا لە دوای ٦٤ ساڵ لە دەرچوونی
پەیماننامەیەک کە مافەکانی مرۆڤی بە نیوەناچڵیش بیت جێگیر کردووە! ئەبێ
مرۆڤەکان لەم ژیان و بارودۆخەدا بژین؟! ئێستا ئیتر ئەبێ ببینین و
بزانین بەرژەوەندی سەرمایەداری جیهانیی، کۆمەڵگاکانی لە چ ئاستێک لە
ژیاندا داناوە! پرسیار ئەوەیە ئایا ئێمەش بەرەی مرۆڤدۆستی جیهانیی ئەمە
قبوڵ ئەکەین؟ بەو ئەندازەیەی بیر لە ژیان و ھەناسەدانمان ئەکەینەوە،
بەو ئەندازیەش بیر لە ڕەتکردنەوەی ئەم ھەلومەرجە ئەکەینەوە؟
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی لە رۆژی جیهانیی پەنابەراندا،
سەرباری ئەوەی کە ھیشتا بەندەکانی مافی مرۆڤی جیهانیی و پەیماننامەکانی
کۆنفیدراسیۆنی جیھان بە مافی مەرجدارو بەرتەسک دەزانیت و پێیوایە کە
ئازادی و یەکسانی مرۆڤەکان مسۆگەر ناکات، تەواوی ھەڵسوراوانی مەیدانی
پەنابەری و رێکخراوە مرۆیی و داکۆکیکارەکان لەمافەکانی مرۆڤ و یەکێتییە
کرێکاری و ئازادیخوان و مرۆڤدۆستان بانگەوازدەکات، کە لەگەڵماندا لە
پێناو بەرگری لە بەھا مرۆییەکان و گۆرێنی یاسا پەنابەریەکان رێگا
چارەیەکی کارسازو عەمەلی بۆ بەرگرتن بە مەرگی بەکۆمەڵی دەریایی
پەنابەران و مافەکانی کۆچکردوان، پشتیوانی لەم نارەزایەتینامەیە بکەن:
١. راگرتنی بەلێشاوی دیاردەی ئاوارەیی و کۆچکردن، پیش ھەرشتێک بەندە بە
کۆتاییھێنان بە جەنگ وراگرتنی دەخالەتی سەربازی و میلیتاریزمی ئەمریکاو
غەرب لەلایەک وروسیاو چین و حکومەت و ئەوھیزو دەسەلاتانەی بەسەر ئەم
دوو بەرەیەدا دابەش بوون.
٢. . پێویستە دەوڵەتانی ئەوروپا و غەرب ناچاربکرێن بەدەستھەڵگرن
لەسیاسەتی دەخالەت و پشتیوانی لەدەستەوتاقم و حکومەتە سەرکوتگەرەکان
کەخەڵکی ئەو کۆمەڵگایانەیان لەگەڵ جەنگ و پشێوی کۆمەڵایەتی و نائارامی
و برسێتی بەرەو رووکردۆتەوە.
٣. جەنگی ئەمریکاو ھاوپەیمانانی تەنھا رژێمی بەعسی نەروخاند، بەڵکو
کۆمەڵگای عێراقی بەرەو وێرانەیەک پاڵپێوە ناوە شیرازەی مەدەنی کۆمەڵگای
لەبەریەک ھەڵوەشاندوە وعێراق بۆتە مەیدانی و کێشمەکێشی تیرۆریستان،
ئیستاش سالیک تێپەڕیوە بەسەر داگیرکردنی بەشێکی زۆر لە ناوجەکانی عێراق
لەلایەن ھێزێکی دڕندەی وەک داعش وھەزارن کەس بەھۆی جەنگ وکیشمەکێش و
ئیستیبدای ئەو ھیزانە وە گیانیان لەدەستداوە، ئاوارە و مالویران و
دەربەدەر بوون وژیانی ئاوارەیی و پەنابەری بۆتە گۆشەیەکی ژیانی رۆژانەی
خەڵکی عێراق، ھەربۆیە ئەمریکاو دەولەتەکانی رۆژئاوا بەتەواوی لێی
بەرپرسیارن.
٤. ئەو ووڵاتانەی کە ھاوکاری داعشیان کردووە، بەتایبەتی حکومەتی تورکیا
وسعودیە نەک ھەر ئەبێ سەرکۆنە بکرێن، بگرە ئەبێ بەرپرس بکرێن بۆ ئەو
ھاوکاریە سەربازی و داراییەی کە پێشکەش بە داعشیان کردووە و
لێپرسینھوھیان لێبکرێت لھو بارھیھوە.
٥. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووکان بۆ کاروباری پەنابەران لەو وولاتانەی
لە ئیستادا لەگەل جەنگ و کێشمەکێشی سیاسی و کۆمەلایەتی بەرەو ڕون،
ئەکتیڤ بکرێن بۆ بەھاناوە چوونی ئاوارەکان وپەنابەران ولەوڕێگایەوە
حکومەتەکانی ئەوروپا ناجار بکرێن بۆ داننان بە مافەکانی پەنابەران
وھاوکاری ئاوارەکاندا..
٦. ھەنگاوی خێرا بگیرێتە بەر بۆ یارمەتیدانی تەندروستیی وخۆراک و پۆشاک
وشۆینی نیشتەجی بونی گونجاو و سەلامەتی ژیانیان. بۆ ھەموو ئەو ئاوارەو
و بێخانەولانانەی بە بۆنەی جەنگی داعش و ھیزە میلیشایاکان وقاعیدەوە..
لەشۆین و ژیانی خۆیان ھەڵکەنراون بە جیا لە دین و ڕەگەزیان، لە ڕێگای
رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی وریکخراوە پەنابەریەکانەوە.
٧. پاراستنی ھەموو ئەوانەی بەڕێگای دەریایی دەگەنە سنورەکانی ولاتانی
ئەوروپاو کردنەوەی دەرگا بە رووی قوربانیاکاندا.
٨. دابینکردنی ئیمکانیات و پیداویستی گونجاو بە شێوەیەکی پلاندارێژراوو
بە مەبەستی ھەرچی زووتر جێکەوتنی پەنابەر وکۆچبەران لەنیو ئەو
کۆمەڵگایانەی ھانای بۆ دەبەن و بەھرەمەند بوونیان لە ھەمووپێداویستیەکی
فەردی و کۆمەڵایەتی وئابووری بەشیوەیەکی یەکسان.
٩. بەرەسمیەت ناسینی مافی پەنابەری بۆ ھەموو ئەوانەی کە وەک پەنابەری
سیاسی بەھۆی جەنگ ودەعوای قەومی و مەزھەبی وەیان بەدەلیلی جنسی لەشۆێنی
ژیانی خۆیان ھەڵکەنراون وھاوکاریان بۆ دەستپیکردنەوەی ژیانی ئاساییان.
١٠. پشتیوانیکردن لەو رێکخراو وکۆمەڵانەی کار بۆ دامەزراندنی
سیستەمێکی سکولار وئازایخوازانە دەکەن لە وڵاتەکانی خۆرھەڵاتی
ناوەراستدا کەمافەکانی مرۆڤ و مافە فەردی و مەدەنیەکانی تیا پارێزراو
بێت.
١١. حکومەتەکانی ئەوروپا ناجاربکرین بۆ چەسپاندن و ریز گرتن لەم ماف
داواکاریانە و ودانپیدانان و پەیرەویکردنی بەشیوەکی جیهانیی لە نیو
خودی ئەم دەولەتانە.
با بە ھەموومان ئەم دەنگە ناڕەزایەتیە بڵند و بڵندتر رابگرین.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
٢٠\٦\٢٠١٥

________________________________________________
IFIR:PO.BOX1575، ILFORD، IG1 3BZ، LONDON
ifir@hotmail.co.uk,
00447856032991, 07895976547
Fax: 08715288651,
www.federationifir.com
|