په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٩\٢٠١٠

گۆڕان.*

فەرهاد کەریم  


رەنگە زۆر شت مابێ فێریبم، بەڵام بەو واتایە نا نەزان و دەبەنگ بم، من تا سەر ئێسقان حەزم لە گۆڕانە، مەبەستم گۆڕانی ناخە، نەک گۆڕانی شار و گرد و شاخە، لە گەرەکیک ئاشنا بووم بەو جیهانە پڕ بوو لە شەقوەشێن و شاعیر، شێت و شۆرەشگێر، شەل و شەوکوێر، شین و مراوی، شایی و کەلەشێر، فەریکەشیوعی و مێش، نوشتیی و مێروستان، زەنگەزۆرە و گۆرستان، گوڵه‌بەرۆژە و پەرستگا، ریخ و فاتە رەشەی برژاو، ئاژەڵی شێت و هوورتکەنان، شامینۆک و هونەر، وەرزش و (سەر و دەست و پێ)شکان، زۆر شتی تریش... تەنها ئارامیی تێدا نەبوو، ئەوکات شەڕ لە بەتاڵیی باشتربوو، زۆر گۆتنیش لە قورئان خۆشتر بوو... تەمەنێک بەر لە ئێستا بە من و بە منداڵانی گەڕەک گوتراوە حەرامزادە، ئێستاش هەمان قەوانە کۆن لێدەدرێتەوە.

 

زۆر چاک لە بیرمە و هەرگیز لە بیرم ناچێتەوە، رۆژێکیان بەفرێکی زۆر باریبوو تازەش لە فێرگە هاتبوومەوە، باوکم گوتی:
- کوڕم نوێژت کردیە؟

- نەوللا

- دە هەستە حەرامزادەی سەگی سەگباب پێش ئەوەی نانەکەت بخۆی نوێژەکەت بکە.

- ئێ بابە سەرمایە.
هەستاوە.. زانیم قەوما، غاردە بە پێخواسی لە سەر ئەو بەفرە ساردە و ئەویش بە دوامەوە وەک ورچ و خۆمی بەرخم دێتەوە بەرچاو تا نەیگرتم وازی نەهێنا، کە گرتمی میزم بە خۆدا کرد لە ترسان، سوپاس بۆ باوە ئەزموونێکی باشم پەیدا کرد لە میز بەخۆداکردن، عەیامێکە گوتوومە باوک لە خودا میهرەبانترە، گوتی:

 

 

- سەگی سەگباب دەوت بکەوە.

 

 

زانیم مەبەستی چیە، بە هەر شێوەیەک هەوڵی خۆممدا و دەمویست لە دەستی راکەم، بەڵام زۆر ئاستەم بوو رزگاربوون، بە هەردوو دەستی توند دەویکردمەوە و تفێکی لە ناو دەوم کرد، هەر لەو کاتە و هەتا ئێستاش ئاین و خواپەرستی وەکو دووشەش لە ناو دەستی باوکم تۆپی، زۆر سوپاس بابە... ئەوەی زۆر پێی نیگەرانم تا مردیش نەیزانی (بسم اللە) بە کوردی واتای چی، چونکە عەرەبی نەدەزانی، مرۆڤی نەخوێندەواریش هەتا دەمرێ هەر دەبێ بڵێ خوایە هاوار شوکرم بە بەشم لە رەحمەتی خۆت بێبەشمان نەکەی، هەر دیتت لەگەڵ ئەو نووزانەوەیە گێزەر و گندۆرە و گوو باری.. مەبەستیشم لە نەخوێندەواریی هزرە نەک قوتابخانە و تەرەماشخانە، هاوڕێکەشم وای گوت، لە قۆناغی ناوەندی بووم ئایەتێکم لەبەر نەکردبوو مامۆستاکەشم رقی لێم هەڵستا و تفێکی مزری لە ناو دەوم کرد هەفتەیەکیش دوای ئەو تفە موبارەکە هەر هێلنجم دەهاتێ و دەڕشامەوە، دەشلێن مامۆستا وەک دایک و باوکە گەر لوشکەش باوێ... ئەگەر چاوەرێی زانست و هۆشیاربوونەوە بین لەو جۆرە باوک و مامۆستایانە، هەر دەبێ ئەو گۆرانیەی دەڵێ (هەی لە دوور لە دوور لە دوور لەو دوورە دێیە) بێژین.

 

 

 

لە سایەی هەموو رۆژێکمان بەهارە، هەڕەشە و تەور و گولله‌شی هاتە سەر... ئێستاش بێ دەستنوێژ بە کوردی و عەره‌بی و ئینگلیزی ئاینەکان دەخوێنمەوە و دەبینم و دەبیسم، نە بۆ بە هەشتە و نە بۆ خواپەرستی.. هەر بۆ ئەوەی بزانم لە سەر گرتن و قەراسە چیتر فێربم و چیتر ببینم و ببیسم.. تۆش ئازادی شەکرۆکە دەمژی، فوو لە دەبدەبە دەکەی، بنێشت دەجووی، حەیرانی گەنم و هەنار بی.. تۆ ئازادی، لەوبەر شەقامیش مەستی ژیان بی، عەشقی تەمبەلیی و کەر بازاڕی ئەوبەریش بی، تۆش ئازادی ئازاد ززززززززززز...

______________________________
* رووداوەکان راستەقینەن و لە گفتوگۆی چەند ئازیزێکدا وەرمگرتوون.


ماڵپه‌ڕی فه‌‌رهاد که‌ریم