په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٦\٢٠١٢

گۆرانیبێژی کورد بیژەن کامکار پەرتووکی فێربوونی دەفی بڵاوکردەوە.

 

مەنسوور جیهانی


پەرتووکی فێربوونی ئامێری "دەف" لە لایەن گۆرانیبێژ و دەفژەنی ناسراوی کورد بیژەن کامکار بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لە لایەن کۆمپانیای فەرھەنگی و ھونەری قۆقنووس لە وڵاتی ئێران بڵاوکرایەوە.


بە پێی راپۆڕتی بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی گروپی موزیکی کامکاران، دوای ساڵانێک چاوەڕوانی، پەرتووکی فێربوونی ئامێری کوردی "دەف" لە لایەن بیژەن کامکار ژەنیاری بەتوانای دەف و ئەندامی سەرەکی گرووپی موزیکی کامکاران بە زمانەکانی فارسی و ئینگلیزی لەگەڵ دوو سی دی لە لایەن کۆمپانیای فەرھەنگی و ھونەری قۆقنووس لە وڵاتی ئێران بڵاوکرایەوە.


ئەم پەرتووکە بێجگە لەوەی کە بۆ ئەو کەسانە گرینگە کە لە سەرەتای فێربوونی موزیکدان، زۆربەی نۆتەکانی ئامێری دەفی لەو پارچە موزیکانە لە خۆگرتووە کە لە لایەن ئەندامانی گرووپی موزیکی کامکاران پێشکەش کراوە، کە بۆ ژەنیاران ئامێری دەف زۆر جێی سوودمەندییە.


پەرتووکی "دەف" لە قەوارەی رەحلی لە ١٥٨ لاپەڕەدا و لە تیراژی ٣ ھەزار بەرگ، دوو وێنەی مێژوویی یەکەمین بەشداربوونی ئامێری دەف بە ژەنیاری ھونەرمەند بیژەن کامکار لە کۆنسێرتی گرووپی موزیکی "شەیدا" بە سەرپەرەستی موزیکزانی ناوداری ئێران محەمەد رەزا دەرویشی و بە دەنگی گۆرانیبێژی ناوداری ئێران محەمەد رەزا شەجەریان لە ساڵی ١٩٧٥ لە باغی فیردەوس لە گەڕەکی شمیرانی تارانی لە خۆگرتووە.


کامکار، پەرتووکی ئامێری "دەف"ی بە ھاوسەری خۆی خاتوو "نەجمە تەجەدود" بە ھۆی ھەوڵی بێوچان و ھاندانی بۆ چاپی و بڵاوکردنەوەی و ھەروەھا رۆحی پاکی مامۆستاکانی خۆی بەڕێزان "حەسەن کامکار" و حاجی "کەریم سەفوەتی" پێشکەش کردووە.


بیژەن کامکار لە پێشەکیی پەرتووکی فێربوونی ئامێری "دەف"دا نووسیوییەتی: نووسینی پەرتووکێک سەبارەت بە ژەنینی دەف زۆر لە مێژە یەکێکە لە کەڵکەڵە سەرەکییەکانی من، بەڵام ئەم کارە گرینگە بە ھۆی جۆراوجۆر ئەنجامنەدرا و گرینگترین ھۆیەکەشی ئەوە بوو کە ھەموو کات لەو باوەڕەدابووم و ئێستاش ھەر ھەم کە بوونی ئەزموونی زۆر لە وانە گوتنەوەی دەف، گرینگترین تایبەتمەندی نووسەران و کۆکردنەوەی ئەم جۆرە بەرھەمانە دێتەئەژمار. لەڕاستیدا ژەنیاری و وانە گوتنەوە، دوو مەسەلەی جیاواز لە یەکترین، ھەر چەندە کە ژەنیار توانایی و شارەزاییەکی زۆری لە ژەنینی ئامێرەکەیدا ھەبێت. شێوازێک کە لە ژەنینی دەف لەم پەرتووکەدا ھێناومە ئاکامی ئەزموونی چل ساڵەی منە لە بوارەکانی ژەنین و وانە گوتنەوە و فێرکردنی قوتابیاندا.


کامکار لە سەرەتای پەرتووکی "دەف"دا نووسیوییەتی: ئامانجی سەرەکی ئەم پەرتووکە، فێرکردنی شێوازی جۆراوجۆری ریتمگەلی ئاسایی ژەنینی ئامێری دەفە و نە پێشکەشکردنی ریتمە قورسەکان و جۆراوجۆری تێکەڵکردنی سەختی وێنەکانی کاتی نۆتەکانە واتە (فیگۆڕەکانی ریتمیک). ھەر بەم مەبەستەیە کە وانەکانی پەرتووکەکە بە پێی ئەم جۆرە ریتمە سەرەتاییانە دابەشکراوە، تا ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ئەم ئامێرە فێربن لە سەرەتاوە بتوانن لەگەڵ ئەو ریتمانە شارەزاییان ھەبێت کە سرنجی ئەوان بۆ لای خۆی رابکێشێت و لە کردەوەدا لە مۆسیقای سونەتی و عیرفانی ئێراندا بەکاردێت.


ئەندامی سەرەکی گرووپی موزیکی کامکاران لە بەشی "چاوخشاندنێک بۆ مێژووی دەف لە ئێراندا" نووسیوییەتی: دەف یەکێکە لە ئامێرە کوتراوەکانی ئێران و ئامێرێکی عیرفانییە چونکە لە رابردوویەکی زۆر کۆنەوە ئەم ئامێرە تەنیا لە تەکییە و خانەقاکانی کوردستان ژەندراوە. نەوای ئەم ئامێرە کۆنە لەگەڵ زیکری پیاوچاکان و پاکان و نەفەسی ئەھلی تەریقەت ھاوڕێی بووە. نووسەری پەرتووکەکە لە گەڕان بەدوای مێژوو و رابردووی دەفدا، پێش لە بەکارھێنانی ئەم ئامێرە لە مۆسیقای سونەتی ئێرانی ٣٠ ساڵی رابردوودا، بێجگە لە نیشتمانی کوردستان، پێگەیەکی دیکەی بۆ نەدۆزرایەوە.


ھەروەھا نووسیوییەتی: ئەم ئامێرە سەرەتا باوکم خۆالێخۆشبوو مامۆستا حەسەن کامکار لە گرووپی سەر بە فەرھەنگ و ھونەری ئەو کاتی کوردستان کەڵکی لێوەرگرتووە و پاشان من لە ساڵی ١٩٧٤ لە گرووپی موزیکی "شەیدا" دەستم بە ژەنینی کردووە، لەڕاستیدا ئەم دوو کاتە دەتوانین بە خاڵی سەرەتایی پەرەپێدانی ژەنیاری ئامێری دەف لە وڵاتی ئێران دەستنیشان بکەین.


موزیکزانیی کورد بیژەن کامکار، گۆرانیبێژ و ژەنیاری ئامێرەکانی دەف و روبابی گرووپی موزیکی کامکاران، لەگەڵ بنەماڵە تاکوو ئێستا کۆنسێرت گەلی جۆراوجۆری لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران، ھەرێمی کوردستان و سەرتاسەری جیھان پێشکەش کردووە و لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵی گرینگی نێونەتەوەیی موزیک بەشداری کردووە، لەوانە: فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیکی "وومەد" Womad (بە سەرپەرەستی موزیکزانی بەریتانی "پیتێر گابرییەل" Peter Gabriel) لە وڵاتی بەریتانیا، فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیکی "ریئۆرییەنت" Reorient لە وڵاتی سوید، فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیکی "لیۆینگ فایر" Living Fire لە وڵاتی بەریتانیا، فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیکی "وومەد"ی ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیمارات، فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیکی "فاڵۆن"Falun لە وڵاتی سوید، فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیکی "وی نی پەگ" Winnipeg لە وڵاتی کەنەدا، فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیکی "سامر استیج" Sammer Stage لە شاری نیۆیۆرک لە وڵاتی ئەمەریکا، فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی موزیکی "تیمیتار" Timitar لە شاری ئاگادیر لە وڵاتی مەغریب، کۆنسێرت لە بارەگای یۆنسکۆ (فەرەنسا، بە بۆنەی ھەزارەی حافز)، کۆنسێرت لە بارەگای خەڵاتی ئاشتی نۆبێل لە وڵاتی نۆروێژ و کۆمەڵێک فیستیڤاڵ و کۆنسێرتی گرینگی دیکە.


ئەم موزیکزانە کوردە وەکوو گۆرانیبێژ، ژەنیار و ئاوازدانەر، کۆمەلێک بەرھەمی جۆراوجۆری بە شێوەی دەنگ و وێنە بڵاوکردۆتەوە و لە ماوەی ئەم ٤٠ ساڵەدا بێجگە لەگەڵ گرووپی موزیکی کامکاران، لەگەڵ گرووپە ناودارەکانی موزێکی ئێران، لەوانە: شەیدا، عارف، دەستان و تەنبووری شەمسیش ھاوکاریی کردووە.
 


بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی گروپی موزیکی کامکاران.

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک