گۆڕانکاریی و
نوێبوونەوە لە زانکۆدا: هەستى نەتەوایەتى وەک بزوێنەر.
د.ئیبراهیم محەمەد جەزا*
هەڵبەت لەئێستادا نەم دەویست لەبابەتى تایبەت بەخوێندنى باڵا و بە وردى
سەبارەت بەزانکۆ لە ناو
کوردستاندا بنووسم، بەڵام دیسانەوە
خەمى گەورەى زانکۆ وکێشەکانى هانیدام ئەم باسەبنووسم. ئەگەر
خوێنەربپرسێت بۆ ئێستا نامەوێت سەبارەت بەخوێندنى باڵا بنووسم؟ ئاخۆ
تەواوبوونى گشت کێشەکانى زانکۆیە؟ یان کورد وتەنى ئاسنى سارد کوتینە؟
یان خەمساردى وەزارەتى پەیوەندیدارە بەنووسینەکانى خەڵکى؟ بێگومان
کاتێک لەسەر خوێندنى باڵا و بەتایبەت لەسەر زانکۆ نووسیومە،هەوڵمداوە
هەندێک ( ئەوەى کە عەقلم بۆى دەچێت) هۆکارى دواکەوتنى زانکۆ بخەمەڕوو و
لەهەمان کاتدا چارەسەریان بۆبدۆزمەوە یان هەندێکیان پێویستەوەزارەت
چارى بکات. لەهەمانکاتدا بەشێوەیەکى زانستیانە نووسیومە و یەکەم هەنگاو
لەخۆمانەوە دەستم پێکردووە (مەبەستم مامۆستایانە) لەم دەزگایەدا، چونکە
مامۆستا ڕاگرى سیستەمى خوێندنى باڵا یە و بێئەو پرۆسەى بەڕێوەچوونى
خوێندن ئەنجام نادرێت. پاشان هاتومەتە سەر باسى خوێندکاران کە ئامانجە
سەرەکییەکەى زانکۆ لەخوێندکاردا دەردەکەوێت،و دواى ئەوان ئنجا باس لە
پرۆگرامى خوێندن کراوە کەلەدانان و پێشخستنى مامۆستایانە
بەبەشدارى خوێندکاران. بەهەرحاڵ بۆ ئەوەى ئەوبابەتانەى
کەلەنووسینەکانى پێشومدا ئاماژەم پێداوەدووبارەنەبنەوە، خوێنەر
دەتوانێت بەئاسانى بگەڕێتەوەبۆ هەندێک لەو وتارانە(1 -12).
ئەوەى کە ئازارم دەدات و سەرنجم ڕادەکێشێت
بێدەنگى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستییە سەبارەت بەو
وتارو بابەتانەى کەلەدەزگاکانى چاپ وبڵاوکردنەوە لەسەر ئەم
وەزارەتەدەنووسرێت! نەک تەنها بێدەنگە بەرامبەر قسەڕاست و دروستەکان
بەڵکو هەندێکجار وتارى زۆر نابابەتییانە و دوور لەئامانجێکى پۆزەتیڤانە
ولەلایەن کەسانى ناپسپۆڕو نەشارەزا دەنووسرێت ،کەناکرێت وەڵام
نەدرێتەوە، کەچى لەئاست ئەوانەشدا هەربێدەنگە! لەیەکێک لەوتارەکانمدا (
13) وتم ئیتر لەجیاتى سەرۆکایەتى زانکۆ ى سلێمانى وەڵام دەدەمەوە بەڵام
کەبینیم ئەوە لە تواناى مندا نییە و دەبێت گشت کاتم دانێم بۆ ئەو کارە
و کەسیش نەیوت دەتوانیت یان ناتوانیت یان دەست خۆش یان ..... . نامەوێت
زۆر درێژەى پێبدەم بەڵام تا لەسیستەمى خوێندنى باڵا دا یاساى پاداشت و
سزا بەکارنەیەت پێشکەوتن ڕوونادات. کەسێک لەدەزگایەکى ئاوا بەرزو
ناودار وپیرۆزدا کاربکات و هیچ چالاکییەک و بەرهەمێکى نەبێت جگە
لەوتنەوەى چەند وانەیەکى سەرپێى و مانگانەکۆڵێک پارە وەربگرێت و کەسیش
پێى نەڵێت بەرى چاوت کلى پێوەیە و جیاوازى نەبێت لەگەڵ دڵسۆزێکى سوتاو
تاسەر ئێسقان بۆ خوێندن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانکۆ ، ئیتر بۆ خۆى
ماندوو بکات و بخوێنێتەوە وبنووسێت ! لەسەرۆک بەشێکەوە تاکو وەزیر کەس
سزا نادەن وکەسیش پاداشت ناکەن، واتەلێپرسینەوە ناکرێت گرنگ ئەوەیە کار
بڕوات خوێندکاران کێشەدروست نەکەن، خۆپیشاندان ومانگرتن نەکەن و
لەکۆتایدا دەربچن . هەرکاتێکیش پرسیاریان لێکرا ئەوا وشەکانى " ئێمە
هەوڵدەدەین ..."و "هەوڵمانداوە..." بەئاسانى کارەکان پینەدەکەن.
لەبەر ئەوەى کەبەندە یەکێکەلەدەروێشانى بیرى نەتەوایەتى وهەمیشە هەوڵ
وکۆششم لەوپێناوەدا کردووە، بەبەردەوامى لەنووسینەکانمدا و بۆ
خوێندکارەکانم ئەوەڕوون دەکەمەوە کە گۆڕان لەخۆمانەوە دەکرێت لە
پتەوکردنى هەستى نەتەوایەتى و خۆ بەکەم نەزانین بەرامبەر بە بیانى
سەرچاوەدەگرێت. ئەمە تەنها بەقسە نابێت بەڵکو کارو چالاکى بەردەوام و
دڵسۆزى دەوێت. ئیستا دەزگاکانى خوێندنى باڵا لەڕووى کەلوپەل و ئامێرەوە
زۆر لەساڵانى پێشوو لەپێشترن،لەڕووى کادرى ئەکادیمییەوە زۆر زیاترە
لەچەند ساڵێکى ڕابردوو،ئەى ماناى چى کەئێستا هەستى نەتەوایەتى کەمترە
وەک لەجاران؟ ئەم قسەیەم مامۆستایان وخوێندکارانى ناوئەم دەزگا گرنگە
دەگرێتەوە بەبێ جیاوازى. دەبێت ئەم بیروڕایەم لەچییەوەسەرى گرتبێت؟
ئاخۆ ئەمەماناى ڕەشبینى و وەلاوەنانى ڕۆڵ و پێگەى خوێندنى باڵایە
لەکوردستاندا؟ نەخێر ئەمەزەنگ و بەئاگاهێنانەوەى گشت لایەکە،ئەمەپەیامى
نوێبوونەوەیەبۆ گشت لایەک ئەگەر کوردمان خۆش دەوێت ئەگەر زمانى کوردى
پیرۆزەلەلامان باوورد بینەوە با بەئاگا بێینەوە.
کامەیە هەستى نەتەوایەتى لەلاى خوێندکاران و مامۆستایان کاتێک سەرۆکى
زانکۆى کوردستان بە چرکەیەک لادەبرێت و ئەفسەرێکى خانەنشینکراوى
ئینگلیز دەکرێت بەسەرۆکى زانکۆ؟ بۆ هیچ نەکرا ؟ لەوکاتەدا ویستم لەسەر
ئەوبابەتە بنووسم، بەڵام مامۆستا ڕێبوار سیوەیلى بە وتارێکى پڕمانا و
بوێرانە هیچى بۆ من نەهێشتەوە(14). ئەم هەموو پرۆفیسۆر و مامۆستا
بەتوانایەى کورد لەم باشورى کوردستانە کەسێکى تیا نەبوو بتوانێت ببێت
بەسەرۆکى زانکۆ؟ دەبوو خوێندکاران لەبەردەم زانکۆدا مانیان بگرتایەتاکو
کوردێک دەکرایەسەرۆکى زانکۆ،بەڵام نەوەکو ئاهەنگى دەرچوونیان دوابکەوێت
و دامەزراندنەکەیان دوا بکەوێت نقەیان نەکرد... جارانیش لەسەر
بەشدارینەکردن لە تەنها مانگێک مەشقى سەربازى لەهاویندا خوێندکار
لەزانکۆ دەردەکرا! ماناى چى مانگى پێشوو خوێندکارانم برد بۆ گەشتى
زانستى،هێشتا پاسەکە لەکەمپى زانکۆ دەرنەچوو بوو گۆرانى عەرەبى
بەرزبووەوە بەمەرجێک یەک خوێندکارى عەرەبمان نییە! ئەمە ئازادى
تاکەکەسى نییە ،ئەمەپەروەردەکردنە و دەبێت بگۆڕدرێت . چەندین نمونەى تر
هەیە کە گشتیان ئاستى نزمى هەستى نەتەوایەتى پیشان دەدات لە ناوئەم
دەزگا گرنگەدا و ڕۆژانە بەبەرچاو هەموومانەوە بەشانازییەوە ڕوودەدات،
باسیان ناکەم، بەڵکو دەمەوێت هۆکارەکانى ئەم لاوازییە ئەم ڕێزنەگرتنە
لە خۆمان ئەم سوک سەیرکردنى زمانەى خۆمان ئەم کڵۆڵیە ئەم ناوازەییە کە
لەدنیادا وێنەى نییە باس بکەم ، بەڵکو پێکەوە هەموومان بەخۆماندا
بچینەوە و بیگۆڕین و لەجیاتى ئەوەى شەرم بکەین باسى هەستى نەتەوایەتى
بکەین بەکاریبهێنین وەک گەلانى گشت دنیا و شانازى پێوە بکەین ( هەڵبەت
ئەوهۆکارانەى کە لەوتارەکانى پێشوومدا باسم کردوون لێرەدا دووبارەى
ناکەمەوە):
1- بەهۆى بوونى ژمارەیەک
لەمامۆستایانى عەرەبەوە کە لەم چەند ساڵەى دواییدا هاتونەتەکوردستان،
ئێستا لەزۆر لەکۆبوونەوەکانى بەشەکاندا بەزمانى عەرەبى گفتوگۆکان
بەڕێوە دەچێت و لەبەر خاترى یەک دوو مامۆستاى عەرەب دەبێت ئەو بیست
مامۆستایەى تر بە زمانى عەرەبى بدوێن. تەنها وەڵام بۆ ئەم خاڵەئەوەیە
لە بەسرە ئەم بارە ڕەچاو دەکرێت ئەگەر دوومامۆستاى کوردى لێبوو؟ ئەى
باشەبۆ ئەم میللەتى کوردە لەهەموو دنیا زیاتر ڕێزى بیانى لەلایە، بەڵام
ڕێزى خۆى نا!
2- سیاسەتى بەرز و سەرەوەى وڵات
بەئاراستەیەکى نادروستدا دەڕوات و هەستى نەتەوایەتى لاوازکردووە
لەبەردەم خەڵکیدا و لەپێناو دەستکەوتى هەنوکەیدا. چۆن هەستى نەتەوایەتى
لاى لاوەکان کز نابێت لەکاتێکدا وەزیرى دەرەوەى عێراق کەکوردە دەست
لەناو دەستى وەزیرى دەرەوەى تورکیا دەکات وڕێکدەکەون لەسەر کردنەوەى
شوێنێک لە هەولێر بۆ هەواڵگرى تورکیا سەبارەت بە پێکەکە. بێگومانم کە
چەند ساڵێکى تر کاتێک لەو پۆستەدا نامێنێت لەیادگارەکانى خۆیدا ئەو
کارە بەیەکێک لەهەڵەمێژووییەکانى خۆى دادەنێت و پاساوى بۆ دەهێنێتەوە
کەگوایە لەپێناو خەڵکى کوردستاندا کردوییەتى چونکەئێمەئەگەر بەغدا
پارەمان لێببڕێت ئەوا دەمرین ! خوێندکار کەئەوەدەبینێت دڵى چى خۆش بێت
بە هەستى نەتەوایەتى و شانازى بەچییەوەبکات و چۆن کارى بۆ بکات!
3- هەوڵنەدان بۆ دانان و
وەرگێڕانى کتێب بەزمانى کوردى . ئەمە تاوانى ئێمەى مامۆستایانە لەلایەک
و تاوانى سەرۆکایەتى زانکۆکانە کە هانى ئەوکارەنادەن. ئەگەر ئەم
قسەیەلەساڵانى 1992 یان 1994 بکرایە من خۆم دەمگوت وردەوردە دەست
پێدەکەین، بەڵام ساڵ ساڵى 2009 یە واتە هەژدەساڵ دواى ڕاپەڕین. ئەوکات
کادر نەبوو ئێستا کادریش هەیە ئەى ماناى چى لەزۆر لەکۆلیجەکانى یاسا و
بەڕێوەبردن وکشتوکاڵ و هونەر و ...هتد، تا ئێستا بەزمانى عەرەبى
وانەدەڵێنەوە و ئەگەر بپرسیت بۆ ؟ وەڵامت دەدەنەوە کەکتێبەکان زۆربەیان
بە زمانى عەرەبین، ئەى کوا هەوڵدان بۆ دانان و وەرگێڕان بەزمانى کوردى؟
ئەم هەموو مامۆستایە ئێستا لەزانکۆدا کەزۆریان هەفتانە کۆیبکەیتەوە سێ
ڕۆژ دەوام ناکەن بۆ نانووسن و کتێب وەرناگێڕن؟ بەڵام بۆ بیکات کەس
نەلێى دەپرسێتەوە نەیەک دینار لەمانگانەکەى کەم دەبێتەوە. ئەمە لاوازى
و بێبەرنامەیى بەشەکانى کۆلیجەکانە، زۆر لە مامۆستاکان ڕۆژ بە چا
خواردن و باسى ئەملاو ئەولاوە بەڕێدەکەن بەڵام سەرۆکایەتى بەش یەکێک
ڕاناسپێردرێت نەک کتێبێک دابنێت بەڵکو وتارێک بنووسێت.
4- یەکێک لە خاڵەگرنگەکان و
پەیوەندى بەخاڵى یەکەمەوەهەیە ئەویش وانەوتنەوەیە بەزمانى عەرەبى لە
هەندێک لەکۆلیجەکاندا وبە فەرمیش لەیاسادا هەیەکە مامۆستا دەتوانێت
بەزمانى عەرەبى وانە بڵێتەوە، کە ئەمە دیسانەوە ئەمان گێڕێتەوە بۆ
ئەوەى کەئایا مامۆستایەکى کورد لە شارى نەجەف دەتوانێت بەزمانى کوردى
وانەبڵێتەوە؟ وەڵامەکەى نەخێر و دەبێت فێرى عەرەبى ببێت ،ئەى باشە ئەو
برا یان خوشکە عەرەبە سەرچاو هاتۆتەئێرە بەڵام با فێرى زمانى کوردى
ببێت و بەکوردى وانەکەبڵێتەوە. کاتێک چوومەوڵاتى لیبیا ولەزانکۆى
قاریونس وانەم دەوتەوەپێویست بوو بە زمانى عەرەبى وانەبڵێمەوە ئنجا با
کوردیش بم. کاتێک مامۆستایەکى کورد کەلەمن وتۆش کوردپەروەرترە لەزانکۆى
ئۆپسالاى سویدى وانەدەڵێتەوەدەبێت بە زمانى سویدى وانەبڵێتەوە گفتوگۆ
بکات نەک بە زمانى کوردى. مەبەستم ئەوەیە کە هەستى نەتەوایەتى ڕێگر
نییە لەهاتنى بیانى بۆ ناودەزگاکانى کوردستان بەڵام لەسەر ئەو
بنەمایانەى کە زیان بەم هەستەلەلاى خوێندکارەکان نەگەیەنێت و
زمانەکەمان بەدەستى خۆمان لەناو نەبەین. هەرکاتێک زمانى کوردى بەکارهات
لەزانکۆى بەغداد ئەوکات دەکرێت بەزمانى عەرەبى لەزانکۆى سلێمانى
وانەبوترێتەوە.
5-خاڵى کۆتایى سەبارەت بە نەوەى تازەى مامۆستایانى کوردە کەئێستا
هاتونەتە بوارى پەروەردەو فێرکردنەوە، ڕاستە زۆربەیان لەبوارەکەى
خۆیاندا زیرەک ولێهاتوون بەڵام نابێت "ڕۆبۆت" ئاسا بن و هیچ گرنگیەک بە
هەستى نەتەوایەتى وزمانى کوردى نەدەن و بگرەهەندێکیان بۆیان بکرێت
بەکوردى قسەناکەن و لەوانەشە پێیان شەرم بێت جلى کوردى لەبەر بکەن و
ئاگادارى مێژوو و کولتوورى کوردى نین. ئەمەیەکێکە لەئەنجامەکانى
نەخوێندنەوە و بەئاگا نەبوونە لە هەستى نەتەوایەتى.
__________________________________________________________________
پەراوێزەکان:
1- حیزب وزانکۆ،چاوپێکەوتنى ڕۆژنامەى ڕۆژنامە، ژمارە 204، 22/4/2008 ،
ل12.
2-کۆنفرانسى خوێندنى باڵا وچەند پرسیارێک؟2007، ماڵپەڕى سبەى:
www.sbeiy.com
3-ئایا گەندەڵى لەزانکۆدا هەیە؟،بەشى سێیەم، ڕۆژنامەى ڕۆژنامە، ژمارە
120، 16/12/2007 ، ل 13.
4- ئایا گەندەڵى لەزانکۆدا هەیە؟،بەشى دووەم، ڕۆژنامەى ڕۆژنامە، ژمارە
119، 13/12/2007 ، ل 13.
5- ئایا گەندەڵى لەزانکۆدا هەیە؟،بەشى یەکەم، ڕۆژنامەى ڕۆژنامە، ژمارە
118، 12/12/2007 ، ل 13.
6- گفتوگۆ لەسەر زانکۆ، تەوەرى ماڵپەڕى کڵاوڕۆژنە، 2007 ،
www.klawrojna.com
7- زانکۆدەبێت چۆن بێت؟ بەشى دووەم ،گۆڤارى خاک، ژمارە 116 ، ل 31-35 ،
فێبریوەرى 2007
8- زانکۆدەبێت چۆن بێت؟ بەشى یەکەم ،گۆڤارى خاک، ژمارە 114 ، ل 24-27 ،
دیسەمبەرى 2006
9-هەنگاوەکانى داهاتوو بۆ زانکۆیەکى هاوچەرخ، بەشى یەکەم، خوێندنى
لیبرال،ل6 ، ژمارە 12، مانگى 6/2003
10- هەنگاوەکانى داهاتوو بۆ زانکۆیەکى هاوچەرخ، بەشى دووەم، خوێندنى
لیبرال،ل8 ، ژمارە 13، مانگى 10/2003
11- هەنگاوەکانى داهاتوو بۆ زانکۆیەکى هاوچەرخ، بەشى سێیەم، خوێندنى
لیبرال،ل8 ، ژمارە 14، مانگى 11/2003
12-زانکۆو بڕیارى عبور، خوێندنى لیبرال،ل8 ، ژمارە 16، مانگى 12/2003 .
13- تاکەى خۆبەکەم زانین؟ ، ماڵپەڕى سبەى: www.sbeiy.com ، 7 / 3
/2008.
14- سیوەیلى، ڕێبوار ، "عەباسى وەلی" تان دەرکرد؟ جەنابى سەرۆکى
حکومەت:بۆچى؟، ڕۆژنامەى ڕۆژنامە، ژمارە 224، 20/5/2008 ،
ل11.
*پڕۆفیسۆرى
یاریدەدەر، بەشى زەویناسى، زانکۆى سلێمانى.
ibrahimjaza@yahoo.com
|