گۆڕان لە بۆتەی
دۆگما بووندا!

ستار محەمەد قادر
چەمکی گۆڕان یەکێکە لە پێویستییە ژیارییەکانی هەر میللەتێک، ئەگەر
هەستی پێ بکەن و وەکو پێویستییەک لێی بنواڕن.
کاتێک کە پرسیاری ئەوە دێتە ئاراوە بۆ بگۆڕێین و مەبەستمان لەو گۆڕانە
چییە؟! ئەو کات لە هەوڵی ئەوەدا دەبین لە سەر شێوازێکی تەندرووست بیر
لە گۆڕان بکەینەوەو لە گەڵ بیرۆکەی گۆڕاندا ئاشنایەتی درووست بکەین،
چونکە بە بێ ناسینی خودی گۆڕان و چەمک و چییەتی گۆڕان، لە تووناماندا
نابێت ئەو ئامرازانە بدۆزینەوە کە بە هۆیانەوە دەتوانین گۆڕان بەرجەستە
بکەین.
ئەمڕۆ لە هەر سەردەمێک زیاتر ئێمە دەبێت لە هەوڵی ئەوەدا بین بیرۆکەی
گۆڕان لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا تەوزیف بکەین، چونکە تا نەگۆڕێین؛ مەحاڵە
بتوانین پێش بکەوین، وەکو ئاشکراشە ئەو گۆڕانەی ئێمە بە ئاواتییەوەین
زۆر بووار و پانتایی دەگرێتەوە لە دونیاماندا ، هەر لە گۆڕانی
پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە تا دەگات بە پرۆسەی ئیداریی و سیاسیی،
ئەمەش ئێمە دەخاتە بەردەم دوو ئەگەرەوە:
یان ئەوەتا بە شێوەیەکی سەر زارەکی لە شێوەی رەخنە دەمانەوێت ئیش لە
سەر پرۆسەیەک بکەین کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەو لێ وردبوونەوەی
شێلگیرانەو ماندوو بوونێکی ماندوو نەناسانەی دەوێت و دەبێت خەڵکانی
بیرمەند پێشڕەوی بکەن و باجەکەشی هەر چی بێت لێی نەسڵەمێینەوە.
یانیش دەبێت پێش ئەوەی باس لەو پرۆسەیە بکەین دەبێت لە هەوڵی
بیرکردنەوەدا بین تا گۆڕان وەکو چەمک بناسین و لە بارتەقاماندا بێت
ئامرازەکانی ئەو پرۆسەیە بخەینە بەردەستی کۆمەڵانی خەڵک و بیرۆکەی
گۆڕان لە نێویاندا تەوزیف بکەین، چونکە تا گۆڕان نەبێت بە زەروورەتێک و
کۆمەڵانی خەڵکی بە وێنەی گۆڕان ئاشنا نەبن، دەبێت خوازیاریی گۆڕانێکی
سەر زارەکی بین لە نێو دونیایەکی تژی لە چەق بەستن و دۆگما بووندا!
star_qadr@yahoo.com
|