په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٧\٢٠١١

گۆڕان و یەکێتی,
یەکگرتنەوە یان دابڕان و دژایەتی ریشەیی؟

ئەگەری یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتی لە قۆناغی دوای مام جەلال روودەدا
.


راپۆرت: ستیڤان ئەحمەد


ئینشقاق بەشێک بووە لە کولتووری سیاسیی حزبەکانی کوردستان، رەنگە هەستیارترین ساتەوەخت و دەسپێکی ئینشقاقی حزبیی لە باشووری کوردستاندا، بگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1964، ئەو کاتەی باڵی مەکتەبی سیاسیی پارتی، لە باڵی بارزانی جیابوونەوە. لەم مێژووە بەدواوە دەبینین گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان دەیان ئیشقاقی بچووک و گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. یەکێتی سێ جار لە ماوەی 36 ساڵدا رووبەڕووی ئەو جۆرە ئینشقاقانە بۆتەوە، بەڵام دەبینین دوو ئیشنقاقی پێشووتر بە گەڕانەوە بۆ باوەشی حزبی دایک کۆتاییان هاتووە، چوونکە سەرکردەکانی سۆسیالیست لە نموونەی "رەسوڵ مامەند، عەدنان موفتی، شێخ محەمەد شاکەلی، بەهرۆز گەڵاڵی ...هتد" سەرئەنجام پاش پانزە ساڵ دابڕان گەڕانەوە ناو یەکێتی. رابەرانی ئیشقاقی دووەمیش "ئاڵای شۆڕش" بۆ وێنە "مەلا بەختیار، سالار عەزیز، عیماد ئەحمەد، شێخ عەلی، بابەکر دڕەیی ..هتد" جارێکی دیکە لە سەرکردایەتی یەکێتیدا خۆیان دۆزیەوە. ئەوەی دەمێنێتەوە "گۆڕان"ە، ئاخۆ ئەویش هەمان ئەزموون دووبارە دەکاتەوە یان رێگەی خۆی بە تەواوەتی لە حزبی دایک جیا دەکاتەوە؟

تۆڵەی سیاسیی.

بەشێکی بەرچاو لە سەرکردەکانی یەکێتی وا بیردەکەنەوە، گۆڕان بەشێوەیەکی سروشتی لە دایک نەبووە، هەر لەم سۆنگەوە بەردەوام بە دوای تۆڵەی سیاسیدا دەگەڕێن، ئەوان پێیانوایە ئەو هەڵمەتەی لە دەزگا راگەیاندنە فەرمی و سێبەرەکانی گۆڕانەوە، دەکرێتە سەر یەکێتی و سەرکردایەتییەکەی، تەنیا جۆرێکە لە تۆڵەسەندنەوە و تەسفیەی حیساب، لە بەرامبەریشدا هەڵسوڕاوانی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕان، رەتیدەکەنەوە تۆڵەی سیاسیی و شەخسییان کردبێتە پرنسیپی کار، بەڵکو ئەو جۆرە تۆماتەنە بۆ لاوازکردنی ئاستی متمانەی جەماوەرە بەو بزووتنەوە ئۆپۆزیسیۆنەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە ژێر ناونیشانی "گۆڕان"دا کاریکردووە.

سڵێمان عەبدوڵڵا یونس، ئەندامی ئەنجوومەنی مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی، پێیوایە گۆڕان دوو تەوژمە و تەوژمی باڵادەست ئەوانەن لە یەکێتی جیابوونەتەوە و بەردەوام هەوڵدەدەن تۆڵە لە حزبی پێشوویان بکەنەوە. ئەو لە قسەکانیدا وتی: گۆڕان بەردەوام ئەو گرفتەی هەبووە نەیتوانیوە تەجاوزی ئەو ئینشقاقە حزبییە بکات لە یەکێتی کردوویەتی. بێگوومان گۆڕان دووبەش و کوتلەیە، بەشێک لەوانەی زادەی ئینشقاقە حزبییەکەن و خاوەنی هەیمەنە و دەسەڵاتی یەکەم و دووەم و سێیەم و تا دەیەم زیاتریشن، ئەمانە بەردەوام بە دوای تۆڵەکردنەوەن لە حزبە مێژووییەکەی خۆیان، ئەوان کێشەیان هەیە لەگەڵ جەنابی مام جەلال و کاک کۆسرەت و کاکەکانی تری ناو مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، کێشەکەش زیاتر شەخسییە، بەڵام بەردەوام هەوڵیانداوە بەناوی گۆڕان و چاکسازییەوە تەرحی بکەن. بۆیە ئەوەی دەگوترێ گۆڕان تۆڵەی سیاسیی دەکاتەوە راستە بۆ ئەو بەشەی زادەی ئینشقاقە حزبییەکەن، بەشەکەی تر کە زادەی ئینشقاقە کۆمەڵایەتییەکەیە، خاڵییە لە رق و تۆڵەکردنەوە، خاڵییە بەو مانایەی خاوەنی خەونی خۆیەتی و خاوەنی گووتاری چاکسازییە، بەڵام بەداخەوە ئەم بەشە بەردەوام پەڕاوێزخراو بووە لەسەر هەموو ئاستەکان.

سەرکردایەتی یەکێتی پێیانوایە، بانگەشەی گۆڕان و چاکسازیی تەنیا ماسکێکە بۆ داپۆشینی ئەو ململانێیەی کە لەگەڵ یەکێتی دەکەن، چوونکە خەونی ئەوان لە بنەڕەتەوە بریتیبوو لە دەستبەراگرتنی یەکێتی نەک پرۆسەی چاکسازیی. "مەلا شاخی" سەرکردەی یەکێتی و نوێنەری پێشووی تاڵەبانی لە کەرکووک، پێیوایە: نەک تەنیا کاک نەوشیروان بەڵکو هەموو هەڵسوڕاوانی گۆڕان، پێش چەند ساڵێک، تا لە نێو یەکێتی دابوون شانازییان بە سەروەرییەکانەوە دەکرد، بەداخەوە ئێستا بە پێچەوانەوە، هەوڵی کاڵکردنەوەی دەدەن..! هۆکارەکەش ئەوەیە، هەوڵی رووخان دەدەن (تاخۆیان چۆنیان دەوێ وای دروست بکەنەوە) نەک چاکسازیی بکەن.

سەرکردەکانی گۆڕان لە وەڵامی ئەمەدا، رایدەگەیەنن تەسفیەی حیساب و تۆڵەی سیاسیی تەنیا دوو تۆمەتی یەکێتی و دەسەڵاتە، بۆ خۆلادان لەو راستییەی گۆڕان بۆ راستکردنەوەی ئەو دۆخەی شێواوە دروستبووە کە هەر دوو حزبی فەرمانڕەوا دروستیان کردووە. "هەڤاڵ کوێستانی" هەڵسوڕاو و پەرلەمانتاری گۆڕان، پێیوایە بزووتنەوەکەی ئامانجی ریفۆرم و گۆڕینی سیستمە نەک تەسفیەی حیساب. وتیشی: گۆڕان بۆ تەسفیەی حیسابات لەگەڵ هیچ لایەنێکدا درووست نەبووە. بەرنامەکانی خۆیشی لەسەر پەرچەکرداری هیچ حزب و لایەنێکی تر داناڕێژێ و وەک بزووتنەوەیەکی ئۆپۆزیسیۆنیش، دەتوانێ هەموو رێیەکی شارستانییانە و ئاشتیخوازانە بگرێتەبەر لەپێناوی هێنانەدی بەرنامەکانی خۆیدا.

کێشەی نێوان دوو دەسەڵاتدار.


بۆچوونێک هەیە و بەردەوام لایەنگرانی زیاد دەکەن، ئەوەیە کە جیابوونەوەی گۆڕان لە یەکێتی پەیوەندیی نییە بە بنکەی جەماوەریی یەکێتییەوە، بەڵکو بەشێکە لە پرۆسەی ململانێ و کێشەی نێوان دوو کەسێتی دەسەڵاتداری وەک تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا. بێجگە لەمە لەسەر هەموو ئاستەکان و لەهەموو روویەکەوە نزیکایەتی و هاوسۆزیی بەتین هەیە لە نێوان بنکەی جەماوەریی گۆڕان و یەکێتیدا، تا ئەو ئەندازەیەی بەشێکی زۆر لە بنکەی گۆڕان خۆیان بە یەکێتی دەزانن و بەپێچەوانەشەوە، زۆرینەی ئەندامانی خوارەوەی یەکێتی هێشتا وەلائێکی گەورەیان بۆ سەرۆکی بزووتنەوەی گۆڕان هەیە. نموونەی کرداریی ئەم هەست و مەیلە لە ماوەی زیاتر لە مانگ و نیوی یەکەمی خۆپیشاندانەکانی پارێزگای سلێمانی دەرکەوت. بۆ نموونە تێکڕای خۆپیشاندەران هاواری چوونە دەرەوەی پێشمەرگەی "زێرەڤانی"یان دەکرد، بەڵام وتاربێژەکانی سەرا تا پێش 19 نیسان هاواریان دەکرد پێشمەرگە برامانن، پارێزەری مافمانن. کە دیارە مەبەستیان ئەو پێشمەرگانەی یەکێتی بوو وەک پاسەوان بە چوار دەوری سەرای سلێمانیدا بڵاوەیان پێکرابوو.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی، لە دوا دیمانەی خۆیدا لەگەڵ رۆژنامەی "شەرقو ئەلئەوسەت" بە روونی دانی بەوەدانا کە کێشەی سەرەکیی هەرێمی کوردستان، بریتییە لەو کێشەی شاری سلێمانی کە لەنێوان یەکێتی و گۆڕاندا بوونی هەیە، ئەویش کێشەی جیابوونەوەیەکی حزبییە. ئەم بۆچوونەی بارزانی ئەگەرچی ناڕەزایەتی زۆری بزووتنەوەی گۆڕانی لێکەوتەوە، بەڵام ئەمە روانگەی پارتی سەبارەت بە سروشتی کێشەکە دەخاتەروو، کە پێیوایە ئەوەی هەیە پەیوەندیی بە خزمەتگوزاریی و ماف و ئازادییەکانی خەڵکی وڵاتەوە نییە، بەڵکو ئەوە ناونیشانێکە و شەڕێکی حزبیی لەژێردا ئەنجام دەدرێت. دروشمی گۆڕین و چاکسازییش چەترێکە پرۆسەی ململانێ و تەسفیەی حیساباتی لە ژێردا بەڕێوە دەچێت. هەر دوای دیمانەکەی بارزانی، سکرتێری گشتی یەکێتیش لە دیمانەیەکدا لەگەڵ هەمان رۆژنامەی ناوبراو ئەوەی خستەروو، جیابوونەوەکە پەیوەندیی بە ناکۆکی نەوشیروان مستەفاوە هەبووە لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی،. تاڵەبانی ئاماژە بۆ دوا دیداری خۆی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا دەکات و دەڵێ: نەوشیروان وتی من چیتر ناتوانم لەگەڵ ئەو ئەندامانەی مەکتەبی سیاسییدا کاربکەم، بۆیە دەچمە دەرەوەی حزب و دەزگایەکی راگەیاندن و توێژینەوە دادامەزرێنم. ئەگەرچی تاڵەبانی باسی ناکۆکی نێوان خۆی و نەوشیروان مستەفای نەکردووە، بەڵام هۆکاری سەرەکیی جیابوونەوەی باڵی ریفۆرم ئەو ناکۆکییە سەختە بوو لەنێوان تاڵەبانی و نەوشیرواندا لەو چەند ساڵی دواییدا دروستببوو.

یەکگرتنەوە یان دابڕان؟

پرسیارێک هەمیشە لە ناوەندی سیاسیی و رۆژنامەوانیدا دووبارە ببێتەوە، ئەوەیە: ئاخۆ یەکێتی و گۆڕان، سەرئەنجام یەکدەگرنەوە یان وەک دوو حزبی سەربەخۆ بۆ هەمیشە دەمێننەوە؟. ئایا قۆناغی دوای تاڵەبانی چارەنووسی ئەو دوو هێزە بەرەو کوێ دەبات؟. ئایا گۆڕان دەگەڕێتەوە ناو یەکێتی یان دوای مام جەلال یەکێتییەکانی ئێستا ناچار دەبن لە ژێر چەتری نەوشیروان مستەفادا کۆببنەوە؟. چاودێرانی سیاسیی بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە سێ ئەگەری جیاواز دەخەنەروو. یەکەم: لە قۆناغی دوای مام جەلال گۆڕان و یەکێتی دەبنەوە بەیەک و نەوشیروان مستەفا جڵەوی سەرکردایەتی دەگرێتە دەست، ئەمە ئەگەرە زۆر بەهێزەکەیە. دووەم: یەکێتی لە دوای مام جەلال دەبێتە دوو بەش، زۆرینە بەرەو گۆڕان و کەمینەش بۆ لای پارتی دەڕۆن، ئەمەش ئەگەرێکی دوور نییە. سێیەم: یەکێتی وەک حزبێکی سەربەخۆ بەبێ ئینشقاق و هیچ پەرتەوازەبوونێک خۆی رێکدەخاتەوە، ئەمەش لاوازترین ئەگەرە.

عوسمان بانیمارانی، هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان، باس لە بانگهێشتەکەی مام جەلال دەکات لە مەراسیمی 36 ساڵەی یادی یەکێتیدا و پێیوایە کاتی ئەوە هاتووە یەکێتی و گۆڕان دایەلۆگ بکەن نەک یەکبگرنەوە. ئەو وتیشی: مام جەلال ئەگەر دۆستایەتی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان بکات بۆ خۆی‌ باشە نەک دوژمنایەتی‌ بکات، ئەگەر مام جەلال ئەو بەیانەش بدات تەنیا بۆ ئەوەیە دوژمنایەتی‌ گۆڕان ناکات، ئەمەش بۆ خۆی‌ کارێکی‌ باشە ‌و هیوادارم بیکات، ئەگینا مەسەلەکە ئەوە نییە مام جەلال ئەگەر شتێک بکات جارێکی‌ تر گۆڕان‌ و یەکێتی‌ یەکبگرنەوە ‌و لەچوارچێوەی‌ یەک حزبدا کاربکەن، ئەوە موستەحیلە‌ و هەرگیز روونادات. بەڵام مام جەلال بە هەنگاو هاویشتنی‌ بۆ دۆستایەتی‌ گۆڕان پێش هەر کەس‌ و لایەنێک خۆی‌ پێی‌ گەورە دەبێت‌ و خۆی‌ سوودمەند دەبێت لە ئەنجامی‌ هەنگاو هاویشتنەکەی‌.

هەڤاڵ کوێستانی، هەمان بیروبۆچوونی هەیە و وێڕای ئەوەی هیچ شتێک لە دونیای سیاسەتدا بە موستەحیل دانانێت، بەڵام پێداگریی لەسەر ئەوە دەکات یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان ئەگەرێکی دوور و لاوازە و دەڵێت: گۆڕان بزووتنەوەیەکی جەماوەریی خۆڕسک و سەربەخۆیە و لە یەکێتی جیا نەبۆتەوە و لەدەرەوەی یەکێتی و پێویستی ژیانی دیموکراسی وبەرژەوەندیی و چارەنووس و ئایندەی خەڵک درووستیانکردووە، راستە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندام و کادیر و سەرکردەی ناو یەکێتی، بەتایبەتیش ریفۆرمخوازانی ناو یەکێتی لە ناو گۆڕاندان، بەڵام ئەوە ناکاتە ئینشیقاق لە یەکێتی. لە ناو گۆڕاندا هەزاران لایەنگر و هەڵسوڕاو هەن کە رۆژێک لە رۆژان یەکێتی نەبوون. خۆ ئەگەر پێش یان پاش مام جەلالیش یەکێتی تووشی لەتبوون ببێ و زۆرینەشیان روو لە گۆڕان بکەن، هەر مانای بوونەوە بەیەک نییە.

عەتا قەرەداغی، نووسەر و رووناکبیر، بۆچوونێکی جیاوازی هەیە و پێیوایە کە ئەوە تەنیا یەکێتی نییە لە قۆناغی دوای تاڵەبانیدا دەرگیری کێشە و تەنگوچەڵەمەی زۆر دەبێتەوە، بەڵکو ئەم کێشەیە رووبەڕووی هەموو هێزەکان دەبێتەوە، بۆیە ناکرێت گرەو لەسەر ئەوە بکرێت دوای تاڵەبانی یەکێتی لەگەڵ گۆڕان یەکدەگرێتەوە، چوونکە بە نەمانی نەوشیروان مستەفا، گۆڕانیش رووبەڕووی هەمان گرفت دەبێتەوە کە یەکێتی دوای تاڵەبانی تووشی دەبێت،. بۆیە بە راشکاوانە دەڵێت: دوای مردنی سەرۆک یان سکرتێری گشتی زۆرینەی حزبەکانی کوردستان بوونێکی ئەوتۆیان نامێنێت شایانی باس بێت. هەرچەندە بە بۆچوونی من پارتی ئەو تاکە حزبەیە ئەو کێشەیەی نییە، چوونکە هەرچۆن لەدوای کۆچی دوایی بارزانی دووچاری قەیرانی سەرۆکایەتی نەهات، لە قۆناغەکانی داهاتووشدا ئەگەری ئەوە زۆر کەمە پارتی دووچاری قەیرانی سەرۆکایەتی بێت، بەڵام لەپاڵ ئەوەدا پارتی بەدەست قەیرانی خنکێنەری عەقڵی خۆپارێز و دژەنوێبوونەوە و دژە گۆڕانکارییەوە دەناڵێنێت، کە هیچی کەمتر نییە لەو قەیرانی سەرۆکایەتییەی یەکێتی لەدوای مام جەلال دووچاری دەبێت و گۆڕانیش لەدوای کاک نەوشیروان رووبەڕووی دەبێتەوە، کەواتە ئەوەی کێشەی سەرەکی حزبی کوردییە یەکەم باڵادەستبوونی ئەو عەقڵیەتە تەقلیدییەیە، پێیوایە مێژوو لەودا کۆتایی دێت، واتە بەم شێوازەی ئێستاوە حزبی کوردیی توانای خۆنوێکردنەوە و هاوچەرخبوونی نییە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت قۆناغی مێژووی ئەم جۆرە حزبە بەسەرچووە. دووەم: کێشەی شێوازی پێکهاتەی هەڕەمئاسای ئەم دامەزراوانەیە، کە لەهەرەسهێنانی لوتکەی هەڕەمەکەدا ئیتر ئەگەری رووخاندنی هەڕەمەکە زۆر نزیکە، چوونکە رۆحی هەڕەمەکە لە لوتکەکەیدا کۆبووەتەوە.

بەشێوەیەکی گشتیی دیارنییە ئاخۆ سەرئەنجام گۆڕان و یەکێتی یەکدەگرنەوە یان وەک دوو حزبی نەیاری یەکتر دەمێننەوە، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەو دوو حزبە هەرچی چۆنێک بێت ناتوانن بەم دڕدۆنگی و نەیارییەوە تاسەر مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەن، ئەزموونی دڕدۆنگی و شەڕ و نەیاریی نێوان پارتی و یەکێتی لە ماوەی چەندین دەیەدا، وانەیەکە پێماندەڵێت: یەکێتی و گۆڕان ناتوانن بۆ هەمیشە ململانێی دوژمنکارانەی یەکتری بکەن، ئەمەش راستییەکە ناکرێت نادیدە بگیرێت.
 

 

Shamzini79@yahoo.com

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک