په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\١١\٢٠١٦

     گۆڕبزر ..

فەره‌یدوون سامان

نەتانزانی ئەو کێیە
ئەو کە لەگەڵ ھەورە برووسکەدا گۆشکرا
شیری لەمەمکی تاشەبەردەکاندا نۆشی
بەئاوی زوڵالی رووبار خۆی دەشۆری
لەناو خۆڵدا پاک دەبۆوە..
لەسەرماو سۆڵەشدا
بەرگی ئاگر دەپۆشی…
ترۆپکی کێوەکانی دەکرد بە ماڵی خۆی
بۆ ژوانی ئەستێرەکان
بست بە بستی خاک و خۆڵی دەپێوی…
ھەر نەیزانی تۆ کێ بووی ؟
ئەو ھەڵۆی بەرزەفڕی حەوت چینەکەی ئاسمان بوو
ئەوان ھێند کەڕولاڵ و کوێرن
تەنانەت ناتوانن بەری خۆرەتاویش بخوێننەوە!
ھەنگاوە شەپۆل ئاساکانی نابینن
ئاخر ئەو تووڕەیی ھەڵچوونی دەریا بوو
ھەرگیز بۆ دواوە ئاوڕی نەدایەوە
تیری کەوانی گەردەولوول بوو
نەدەگەڕایەوە
رۆیشت و ھەڵکشا بە رووی شاخ و
لوتکەکانی کرد بە ماڵی خۆی..
کەچی ئەوان بۆ خۆشیان نازانن
چما بەری رۆناکییان گرتووە
لەنەبوونی توولەڕێیەکدان
لەغیابی مردووەکانیش
گۆرستانیش بەنەفرەتی کردووە
تۆ مەشخەڵێکت بەدەستە
عاشقە سەرسەختەکەی باو بارانی
نە خاکی سەر زەوی
نەچینێک لەچینەکانی ئاسمان
نە گەردوون لەخۆیت دەگرێ
ئێرە لەھەموو وەرزێکی قات و قڕدا
لافاوێکی تووڕبوونی پێدا دەڕوا
ھەرچی خەڵتەی … ھەیە ڕایدەماڵێ
کە ھەنگاوی ھەڵدێنن
بەرەو لوتکە بڕۆن
لەوێ لەھەتاو ڕامێنن
بزانن پڵنگەکان
چۆن خوێنی خۆیان لەناو لەپی خۆیان کردووە
لەگەڵ مەرگدا سەما دەگێڕن
ئاخر ئەوان خوێنی ناو لەپی خۆیان دەڕژێنن
لەگەڵ باراندا دەبارن
و
تیشکی ھەتاو ئاسا
پڕشنگ دەھاوینە ھەموو ماڵێ
سوچێک نییە ڕوناکی نەکەنەوە ،
ئیترلەوە زێتر دەتوانن خۆرەتاو سەر بڕن
تا ئەوان لە بەھارێکی سەوزدا دەڕوێننەوە
لەگەڵ کشانی ھەر ئەستێرەیەکدا
جریوەی دەرکەوتنی دەیان و سەدان ئەستێرەی تر
لە ئاسمانەوە مژدەی ڕوناکییەکی نوێی
گەیشتن بە حەقیقەتمان پێدەدات..


٢٧
\٩\٢٠١٦

ماڵپه‌ڕی فه‌ره‌یدوون سامان


 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک