گۆڕستانێكی مێژوویی لە سنە دۆزرایەوە.
كوردستان
و كورد نیوز: دوا بە دوای بڵاو بوونەوەی هەواڵی دۆزینەوەی چەندین تەرمی
مومیایی لە چەند حەوتووی رابردوودا لە سنە ئەم جارەیان هەواڵی
دۆزینەوەی گۆڕستانێكی مێژوویی سەردەمی كەونارا لەو شارە بڵاو بوویەوە.
ئەم گۆڕستانە مێژووییە كە لە سنە دۆزراوەتەوە، هەروەك لە وێنەكاندا
دەبینرێ لە هەر گۆڕێدا كۆمەڵێك ئاسەواری ئەو سەردەمە بەدی دەكرێ.
كارناسێكی بواری كەوناراناسی سەبارەت بە بڵاو بوونەوەی پەیتا پەیتای
دۆزینەوەی شوێنەواری مێژوویی بە " كوردستان و كوردنیوز"ی راگەیاند:
تەرمە مومیاییەكان زیاتر لە شتێكی ساختە دەچوون و كەوناراناسانی
ئێرانیش تا ئێستاش لە سەر ئەو باوەڕەن كە لە ئێران یان بە واتایەكی
دیكە ئەو شوێنانەی كە لە رابردوودا لە ژێر دەسەڵاتی زنجیرە
فەرمانڕەواییەكانی ئێران دا بوون، مردووەكانیان مومیایی نەكردووە و تا
ئێستاش نموونەی وا نەدۆزراوەتەوە.
ئەو كارناسە هەروەها لە درێژەدا سەبارەت بە ئەگەری لە ئارادابوونی
پیلانێك لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە بۆ تاڵان كردنی شوێنەوارە
مێژووییەكانی كوردستان وتی: بە باوەڕی من بڵاو كردنەوەی هەواڵی
دیتنەوەی تەرمە مومیاییەكان لەلایەن خودی بەرپرسانی رێژیمەوە بووە،
ئەمەش بۆ ئەم مەبەستە بووە كە رای گشتی خەڵكی كوردستانی پێ چەواشە بكەن
بۆ ئەوەی لە داهاتووش دا بە هیچ هەواڵێكی لەو چەشنە كە لەلایەن دڵسۆزان
و لایەنگرانی شوێنەوارە مێژوویەكانی كوردستان بڵاو دەبێتەوە باوەڕ
نەكەن و لەوەها حاڵەتێكدا ئەوان بتوانن بە ئاسانی و بە رۆژی رووناك
شوێنەوارە مێژووییەكانی كوردستان تاڵان بكەن، بێ ئەوەی كە هیچ
ناڕەزایەتییەكی لێ بكەوێتەوە.
ناوهندی ههواڵی کوردستان و کورد
news@kurdistanukurd.com
|