١٥\١\٢٠١٩
گۆشەخەیاڵ.
- بەرھەمەکانی عەتا محەمەد
وەک نموونە -

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا
قسەکردن لە گۆشەخەیاڵ لە رووی تێگەیشتنی زمانەوانییەوە لە گۆشەنیگا
نابێتەوە، بەڵام ئەوەی گۆشەخەیاڵ و گۆشەنیگا لێکجیا دەکاتەوە، ئەوەیە
کە گۆشەنیگا گۆشەیەکی خاوەن پلەیە و بە ئاڕاستەی ئاسۆییدا دەجولێ،
بەڵام گۆشەخەیاڵ پلەدار نییە و لە بەرھەمەکانی عەتا محەمەددا (بۆ
نموونە) رەنگاوڕەنگ دەکەوێتەوە! من لەو نوسینەدا دوو ئاڕاستە دیاری
دەکەم، ئاڕاستەی یەکەم رووە و (داھاتوو)ە و ئاڕاستەی دووەم رووە و
(رابردوو)ە...
دەشێ ئاڕاستەی یەکەم جوانتر لە (شوێن)دا دەربکەوێت، بەڵام ئاڕاستەی
دووەم لە (زەمەن)دا دەیدۆزینەوە، بەو مانایەش گۆشەخەیاڵ لە
بەرھەمەکانیدا دوو وەزیفە لە ئەستۆ دەگرێت، لە یەکەمیاندا بونیادی (جولەی
گێڕانەوە)ی لە سەر دادەمەزرێ، بەڵام لە دووەمدا (کردە-Acte)ی لە سەر
بونیاد دەنرێت! دوو دەرئەنجامیشی لێدەکەوێتەوە، دەرئەنجامی یەکەم (چێژ)
دەوڕوژێنێ و دەرئەنجامی دووەم لە (عەدەم)ەوە دێتەوە بوون، چێژ بەرەو (ژیان)
دەبێتەوە و عەدەم (مردن) دەبزوێنێ...
دواجار ئەو ھەموو بەنێویەکداچوونانە بە جۆرێک لە جۆرەکان تەکنیکی (خۆرخێ
لویس بۆرخیس Jorge Luis Borges ١٨٩٩- ١٩٨٦))مان لە گێڕانەوەدا بیر
دەخاتەوە.
بە کورتی ئەوەی لە کارەکانی عەتا محەمەددا بەرەو پێشەوەمان دەبات،
جولەی گێڕانەوەیە، بەڵام ئەوەی بەرەو نەبوونی و بەرەو دواوەمان دەبات،
جولەی کردەیە! لەبەر ئەوەی جولەی گێڕانەوە شوێن دەبڕێ و جولەی کردە
زەمەن نیشان دەدات... بۆیە ئاڕاستەی جولەی شوێن بەرەو پێشەوەیە و
ئاڕاستەی جولەی زەمەن بەرەو دواوە دەجولێ! بەو مانایەش ھەمیشە چێژ روو
لە داھاتووە و ھەمیشە عەدەم رابردوو و نەبوونمان بیر دەخاتەوە.
دواجار پانتایی کارکردنی گۆشەخەیاڵی عەتا محەمەد لە وەزیفەی گێڕانەوە و
وەزیفەی کردەدا بە نێویەکدادەچن و لەوێشەوە دەتوانین وەزیفەی گێڕانەوە
تەرجەمەی (بیرکردنەوە) وەزیفەی (کردە) تەرجەمەی (ئارەزوو) بکەین... بە
شێوەیەکی گشتی ئەو بە نێویەکداچوونە بەرەو داھاتووییەک دەمانبزێوێ، کە
پشتمان لێیەتی.
(١)
بیرکردنەوە لە زەمەندا دەکەوێتە سەر رابردوو، بەو مانایەش پرسیارکردن
لە بیرکردنەوە، پرسیارکردن نییە لە عەقڵێکی رووت، بە قەد ئەوەی
بیرھێنانەوەی رابردووە، بەڵام بێ پرسیارکردن لە خەیاڵ پرسیارکردن لە
بیرکردنەوە کورتی دێنێت! خەیاڵ ھێزی روانینمان لەو شتەی کە بیری
لێدەکەینەوە واڵا دەکات، ئەو کاتەش ھێزی بیرکردنەوە دەردەکەوێت، کە بە
(دۆزینەوەکان) دەگەین!
بەڵام ئارەزوو لە جولەی کردەدا (لە چالاکی کاراکتەرەکان) دێتە بەرھەم،
ھێزی چێژ لەو شتەی کە بەدوایدا دەگەڕێین دەوڕوژێنێ، ئەو کاتەش ھێزی چێژ
دەبزوێ، کە بە (دۆزینەوەکان) دەگەین...
ئەگەر دۆزینەوەی یەکەم ھێزی خۆی لە (خەیاڵ)دا بە دەست بھێنێ، ئەوە
دۆزینەوەی دووەم ھێزی خۆی لە (زمان)دا دەستەبەر دەکات! نوسین ئەو شتەیە
کە ئارەزووەکانمان بەتاڵ دەکاتەوە!
بە کورتی لە ھەردوو باردا ئەوە گەڕان و دواتر دۆزینەوەکانن چێژمان
پێدەبەخشن... بەو مانایەش دەتوانین ئاوێتەبوونی (بیرکردنەوە و ئارەزوو)
وەک یەکێک لە میکانیزمەکانی کار کردنی عەتا محەمەد بخەینە روو.
(٢)
ئەوەی لە کۆی کارەکانی عەتا محەمەد بە مانا تایبەتییەکەی گرنگە رۆڵی
خەیاڵە، کە بەرەو رابردوومان دەبات، ھەڵبەتە رابردوو لە رووی ناسنامە و
رەمزەوە، نەک لە رووی مێژوو و زەمەنەوە (بۆ نموونە –سەبتاتیڵ- لە
زۆربەی رۆمانەکانیدا کەسایەتییەکی رابردوو، یان شاعیرێکی رابردوومان
بیر دەخاتەوە)...
کەچی زمان وەک ئەوەی لە کارەکانی عەتا محەمەددا لە حاڵەتی نوسیندا دێت،
وەک ئەوەی شتێکە ھەمیشە لە پێش ئێمەوەیە، وەک ئەوەی شتێکە ھەمیشە بوون
بە نوسین دەبەخشێ... بە ھەمان ئەندازەش بایەخی خۆی لە نەخشەسازی بۆ
داھاتوودا دەبینێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە دەتوانم بڵێم زمان لە کۆی بەرھەمەکانیدا وەک چۆن
ھەڵگری جوانییە، ھەڵگری ئیشکالیەتێکیشە، ئەو ئیشکالیەتە لە ئێستادا (یان
لە حاڵەتی نوسیندا) وا دەردەکەوێت، کە ھەڵوەشێنەرەوەی رابردوو بێت،
بەڵام بچووکی پانتایی (زەمەنی ئێستا) کە شوێنکەوتووی کردە و بڕی
کاریگەری چرکەساتی نوسینە، دواجار دەبێتە بەرئەنجامی خەسڵەتی گێڕانەوە
و پەیوەندی خوێنەر بە زەمەنەوە... لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا جیاوازییەکی
ئاشکرا لە نێوان زمان و خەیاڵدا ھەیە، بنەمای سەرەکی ئەو جیاوازییەش لە
جەختکردنەوەی رابردووەوە ھاتووە، بەڵام ھەمیشە نوسەر ھەمەڕەنگی و
راڤەکردنە شیاوەکانی زمان ئاوێتەی یەکتر دەکات، بە مانایەکی دیکە
رابردوو بە زمان دەنەخشێنێ.
بێگومان رابردوو وێڕای ھەموو بۆچوونە جیاوازەکان و چارەسەرەکراو و
نەکراوەکانی مەسەلەیەکە روویداوە و لە پشتمانەوەیە، بەڵام بوونی
داھاتوو لە پێشمانەوەیە و لای نوسەر ئەوە زمانی نوسینە ئەو کارە دەبات
بەڕێوە! زمان لای عەتا محەمەد ئەو شتەیە کە تەواوی دنیای رابردوو دابەش
و پارچە پارچە دەکات، بەو مانایەش ھەوڵدەدەم بڵێم چرکەساتی نوسین لای
عەتا محەمەد ئەوەیە کە بە زمانی دادێ، ئەو قسەیەش تێزی (مرۆڤ بەرھەمی
زمانە)ی (ژاک لاکان)مان بیر دەخاتەوە، کەواتە بۆ ئەوەی لە مرۆڤ بگەین،
پێویستە لە پەیوەندی بنەڕەتی نێوان (زمان) و (ئارەزوو) بگەین...
(٣)
ئارەزووە تێرنەکراوەکانمان یان چەپێنراوەکانمان دەخەینە نائاگاییەوە،
بۆیە ئاگامان لەو واقیعە نییە، کە تێیدا دەژین... یان وەک (کارل مارکس)
دەڵێ ئاگامان لەو دەستکەوتە کۆمەڵایەتیانە نییە، کە فۆڕمێک بە ژیانمان
دەبەخشێت! دەتوانم بڵێم چرکەساتی نوسین لای عەتا محەمەد لە نائاگاییەوە
دەجولێ، یان بە مانایەکی دیکە بەو جۆرە دەجولێ، وەک ئەوەی ئاگای لە
دەستکەوتەکانی زمان یان رووداو نەبێت، کە شێوەیەکی مردنی لە سەر خەلق
دەکرێت.
بۆ زێتر روونکردنەوەی ئەو رستەیەی سەرەوە "فیلیب شملا"ی لاکانناس بیر
دەخەینەوە، کە لە وتارێکی لە نێو کتێبی (اللغە الخیالی الرمزی) قسە لە
تێزی مرۆڤ وەک بەرھەمی زمان دەکات و دەڵێت، تاکی مرۆیی دەکەوێتە ژێر
کاریگەری زمان و لەوێوە (خود)ێک پێکدەھێنێ، کاتێک ئەو (خود)ە قسان
دەکات، دەبێ ھەوڵبدات ئەویدیکەی بەرامبەر (other) لێی تێبگات، کاتێک
داوایەک یان ناوکۆییەک بەرز دەکاتەوە، لەسەری پێویستە ئەرزش بۆ
داواکاری و ناوکۆییەکانی ئەویدیکەش دابنێ... دەتوانم بڵێم رووداو یان
زمان لە نوسینی عەتا محەمەددا پەیوەندی بەوەوە ھەیە، کە کاریگەری
نائاگایی لە کردەدا دەردەکەوێت، ئەوەش دەمانخاتەوە سەر تێزەکەی لاکان
کە پێیوایە نائاگایی بونیادێکی زمانەوانی ھەیە، ھەر بەو مانایەش
نائاگایی گوتاری ئەویدیکەیە، بەڵام ئەی ئەویدیکە لە کوێوە دێت؟ ھەڵبەتە
بە بڕوای لاکان شوێنی ئەویدیکە نائاگاییە...- (اللغە الخیالی الرمزی،
ێ١٢). لێرەوە دەتوانم بڵێم بۆگێڕەوەی عەتا محەمەد نائاگاییە...
(٤)
وەک چۆن رابردوو بۆ ئێمە (لانیکەم) شیاوی گۆڕان و دەستکاری نییە، (بۆگێڕەوە)ی
عەتا محەمەدیش نزیک لە نائاگاییە و کەمتر شیاوی گۆڕان و دەستکارییە!
بەڵام داھاتوو بە تەواوی دیاری نەکراوە...
بۆیە لەو نوسینەدا داھاتوو تەرجەمەی زمان دەکەین، بەو مانایەش وەک
پێویست رابردوو دەبێ لە خەیاڵ ھەڵگرینەوە و داھاتوو لە رێگای زمانەوە
نەخشەسازی لە کردەدا دابڕژێت... دەمەوێ بڵێم لە کۆی کارەکانیدا خۆی
دەداتە دەست قەڵەمڕەوی خەیاڵ و لە رێگای زمانەوە پەرت و بڵاویان
دەکاتەوە...
لێرەدا خەیاڵ و زمان، لە ئامادەیی گێڕانەوە و کردەدا خۆیان دەنوێنن،
بەڵام وەک چۆن خەیاڵ لە رێگای زمانەوە بەرجەستە دەبێت، زمانیش ھێزی
داھێنەرانەی خۆی لە خەیاڵەوە بە دەست دەھێنێت، چونکە خەیاڵ لە کردەی
بونیادنانی فیکریدا لە تێگەیشتن ھەڵدەقووڵێ و لە ھوشیارییدا جێگیر
دەبێت، بەو مانایەش خەیاڵ ئەو پانتایەیە، کە خودی بیرکەرەوە تێیدا
تێگەیشتنەکانی خۆی لە جوانی نزیک دەکاتەوە! بۆرخیس دەڵێت: تامی سێو
لەخودی سێودا نییە، لەدەمی ئەو کەسەشدا نییە کە دەیخوات، بەڵکو لە
بەیەکگەیشتنی ھەردووکیاندایە.
بە کورتی کردەی زمانی، ھێزی خۆی لە خەیاڵدا ھەڵدەگرێتەوە، یان بە
مانایەکی دیکە کردەی زمانی بە رێگای تایبەتی خەیاڵەوە بوونی خۆی لە
رێگای چالاکییەوە کەشف دەکات... کەواتە جولەی کاراکتەرەکانی عەتا
محەمەد لە رێگای خەیاڵەوە ھەموو ئەو شتانەی دەکرێت بکەونە پێشییانەوە و
پەرت و بڵاویان دەکاتەوە!
دواجار لای عەتا محەمەد رەتبوون بە سنوری نێوان گێڕانەوە و کردەدا وەک
بەشێک لە (جوانی دەق) کە خوێنەر وەک رووداوێکی رابردوو دەیانبینێ، لە
دەمی زماندا نادۆزینەوە، بەڵکو لە رێگای بە نێویەکداچوونی (رابردوو و
داھاتوو)دا دەیانخوێنینەوە.
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|