په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٨\٢٠٢١

گۆشەیەکی پرشنگدار لە مێژووی چینی کرێکاری ئەمەریکا.


عامر سابیر       

پێشەکییەکی کورت و پێویست:


لە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٢٩ دا سیستەمی سەرمایەداری لە ئاستی دنیادا تووشی داڕوخان و قەیرانێکی قوڵ بوو. کە لەبەر گەورەیی داڕمانەکە و کارەساتبارە ترسناکەکانی بە (گرەیت دیپرێشن) ناسراوە. کە لە زمانی کوردیدا بە (گرانی گەورە) ناوبراوە. کە تیایدا لە وڵاتیکی وەک ئەمەریکادا ٢٥٪ی ھیزی کار بێکارکران و بە دەیان ملیۆن کرێکار کارەکانیان لەدەستدا. بە ملیۆنان کەس لە خانووەکانیان دەرکران و بێ لانە کران. ھەژارییەکی زۆر و برسێتییەکی بێ وێنە بڵاوبۆوە.

بەڵام خاڵی پڕشنگدار و ھیوابەخشی ئەو کۆمەڵگایە لە کاتی ئەم ئەزمە قوڵەدا، ئەوە بوو کە سێ حیزبی گەورەی چەپ و کۆمۆنیستی تیادا ھەبوو، لەگەڵ کۆنفیدراسیۆنێکی نەقابەکرێکارییەکانی ئەمەریکا. کە بریتی بوون لە:
حیزبی کۆمۆنیستی ئەمەریکا
حیزبی سۆشیالیستی ئەمەریکا
حیزبی سۆشیالیستی کرێکاری ئەمەریکا
یەکێتی نەقابە کرێکارییەکانی ئەمەریکا کە بە (ڕێکخراوەکانی کۆنگرەی پیشەسازی) ناسراوبوو.
Communist Party of the United State of America (CPUSA)
Socialist Party of America (SPA)
Socialist Labor Party of America (SLP)
Congress of Industrial Organizations (CIO)


وەڵامی کرێکارانی ئەمەریکا بە گرانی گەورە (گرەیت دیپرێشن):

چینی کرێکاری ئەمەریکا بۆ وەڵامدانەوە بە دەرئەنجامە ترسناکەکانی ئەم ئەزمەیەی سەرمایەداری. خۆیان زیاتر ڕێکخراوکرد و بە ڕیزی ملیۆنی پەیوەست بوون بە نەقابە کرێکارییەکان و حیزبە کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکانەوە. ئەندامانی ھەریەک لەم حیزبە سیاسی و نەقابە کرێکاریانە بە دەیان جار چووە سەرەوە. خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جمەی ئەھات لە شارەکانی ئەمەریکادا. ئەم سێ حیزبە و نەقابە کرێکارییەکان، کواڵەیشنێکێان (ھاوپەیمانێتی)یەکیان پێکھێنابوو و وە یەکیان گرتبوو تیایدا.

لە ساڵی ١٩٣٣دا، کاتێک فرانکلین رۆزەڤیڵت (١٨٨٢-١٩٤٥) کە سەر بە حیزبی دیموکرات بوو، تازە ببوو بە سەرۆکی ئەمەریکا (٣٢ ھەمین سەرۆکی ئەمەریکا). ڕۆزەڤیڵت کۆبوونەوەیەکی کرد لەگەڵ نووێنەرانی حیزبی کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکان و نەقابەکرێکارییەکان کە لە کواڵەیشنێکدا پێکەوە خۆیان ڕێکخستبوو. ئەم نووێنەرانە داخوازییەکانیان دا بە ڕۆزەڤیڵت تا بە زوویی بۆیان جێبەجێ بکات. وە پییان وت کە ئەگەر جێبەجێی نەکەی ئەوا ڕێگەی تر ئەگرینەبەر و باسیان لە شۆڕش ئەکرد. ڕۆزەڤیلت سیاسییەکی زیرەک بوو، پێی نەوتن نا. وتی ڕێگەم بدەن بیری لێبکەمەوە و وەڵامتان ئەدەمەوە.

لە پاش دوو سەعات لەم کۆبوونەوەیە، ڕۆزەڤیلت تەلەفۆنی کرد بۆ سەرمایەداران و بزنس کۆمیونیتی ئەمەریکا و داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کردن. کە ئەمە ئاسان بوو بۆ ئەو، چونکە ئەو خۆشی یەکێک بوو لەوان و زۆربەیانی ئەناسی و برادەری یەکتربوون.


لەم کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ سەرمایەدارانی ئەمەریکادا، ڕۆزەڤیلت پێی وتن کە من تۆزێک پێش ئێستا کۆبوونەوەم لە گەڵ نووێنەری کۆمۆنیست و سۆشیالیست و نەقابە کرێکارییەکاندا ھەبوو. کە ئەوان زۆر توڕەن و داخوازییەکانیان داوە بە من تا بۆیان جێبەجێ بکەم. ئێستا ھاتووم بۆ لای ئێوە و دوو داواکاریم لیتان ھەیە:
یەکەم: داواتان لێ ئەکەم کە ڕێگریم لێ نەکەن لەوەی ئەیکەم بۆ یارمەتیدانی ئەوان.
دووەم: داواکارم کە نەک ھەر ڕێگریم لێ نەکەن، بەڵکو یارمەتیم بدەن تا بتوانم یارمەتی خەڵکی ئەمەریکا بدەم لەم ئەزمەیەدا.


ڕۆزەڤیڵت پێی وتن، خۆتان ئەزانن کە لەم ئەزمەیەدا خەڵک زۆر بێکار بووە. حکومەت پارەی نییە و باجی نایاتە دەستەوە تا بتوانێ یارمەتی ئەوان بدات. بۆیە ئەبێت ئێوە بەشێک لە پارەکانی خۆتانم بەنێ تا یارمەتی خەڵکی پێ بدەم. وە ئامۆژگاریتان ئەکەم کە ئەمە بکەن، ئەگەر نا، ئەوا ئەو کۆمۆنیستە تووڕانە باس لە شۆڕش ئەکەن. پێی وتن ئەزانن شۆڕش یانی چی؟ یانی وەک ئەوەی چەند ساڵێک لەمەوپێش لە ڕوسیا ڕوویدا. بۆیە ئەگەر یارمەتی من نەدەن، ئەوا ئەوان کارێک ئەکەن کە پارەتان ھیچ نەمێنێ. بۆیە ئامۆژگاریتان ئەکەم کە بەشێک لە پارەکانتان بدەن بە من تا داخوازییەکانی ئەوانی پێ جێبەجێ بکەم.

ئەم قسانەی ڕۆزەڤیڵت سەرمایەدارانی کرد بە دوو بەشەوە. بەشێکیان ڕازی نەبوون و قاعەکەیان بەجێھێشت و تووڕەبوون. بە ڵام توانی نیوەیان ڕازیبکات. ئەمە بەس بوو بۆ ئەو، بە نیوەی ئەوان توانی داخوازی نوێنەرانی کواڵەیشنەکە جێبەجێ بکات.


ڕۆزەڤیڵت ڕۆیشتەوە بۆ لای کۆمۆنیست و سۆشیالیستەکان و پێی وتن کە من ھەموو داخوازییەکانتان بە زیادیشەوە بۆ جێبەجێ ئەکەم بەڵام بەو مەرجەی کە ئیتر ئێوەش باسی شۆڕش نەکەن و لە ئەجندای خۆتان دەریکەن. نوێنەرەکان زۆربەیان نەک ھەموویان ڕازیبوون بەم ڕێکەوتنە.

ڕۆژی دواتر ڕۆزەڤیڵت چووە سەر ڕادیۆ (کە لەو ڕۆژگارەدا تەلەڤزیۆن نەبوو ھەر ڕادیۆ ھەبوو) و سیستەمی سۆشیال سیکیوریتی (تەئمینی کۆمەڵایەتی) ڕاگەیاند. کە بۆیەکەم جار بوو لە مێژووی ئەمەریکادا و وتی ھەر کەسێک لەسەرو ٦٥ ساڵەوەیە تا ئەو کاتەی لە ژیاندا بێت، مانگانە لە لایەن حکومەتی ئەمەریکاوە چەکێکی بۆدێت تا ژیانی پێ دابین بکات.


ئەمە گۆڕانکارییەکی گرنگ بوو. تا ئەو کاتە کە بەخێوکردنی کرێکارانی خانەنشینکراو کەوتبووە سەر شانی نەوەکانی ئەو کرێکارانە خۆیان. بەم بڕیارە نەوەکانیان لە خەمی ژیانی ئەوان ڕزگارکران، تا زیاتر بپەرژێنە سەر ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان.

ڕۆژی دواتر بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەمەریکادا ڕایگەیاند کە ھەر کەس بێکار بێت ئەوا بیمەی بێکاری پێ ئەدرێ تا ئەو کاتەی ئیشێکی شیاو ئەدۆزێتەوە.

ڕۆزەڤیڵت ھەر لەوماوەیەدا ڕۆیشتەوە سەر ڕادیۆ و ڕایگەیاند، کە حکومەتی ئەمەریکا یارمەتی ئەوانە ئەدات کە بێکارن و ئیشیان بۆ ئەدۆزێتەوە. ڕۆزەڤیڵت وتی خەڵک زۆر بێکارە، ئەگەر کەرتی تایبەت و سەرمایەداران و کۆمپانیاکان ناتوانن یان نایانەوێ ئیش بدەن بە کرێکارانی بێکار. ئەوا ئەرکی سەرشانی من و حکومەتی ئەمەریکایە کە ئیش بۆ دانیشتوان بدۆزێتەوە. وە بەپێی بەرنامەیەکی نەخشە بۆ داڕێژراو ١٥ ملیۆن کرێکاری کردە سەر کار و لە کەرتی گشتی دایمەزراندن. ئەم ١٥ ملیۆن کەسە لە کرێکارێکی ناشارەزاوە تا دارتاش و پەیکەرساز و ئەندازیار و میوزیک ژەنی تیادا بوو. زۆربەی ئەو باخچە (پارک) ە نایاب و پەیکەرە سەرنجڕاکێش و پردانەی ئێستای ئەمەریکا، بەرھەمی دەستی کرێکارانە کە لە گرانی گەورەدا لەم بەرنامەیەدا ئیشیان کرد.

سەرنج بدەن، لەوکاتەدا سەرجەم دانیشتوانی ئەمەریکا نزیک بە ١٢٧ ملیۆن کەس بوو. دەوڵەت ١٥ ملیۆن کرێکاری لە کەرتی گشتی دامەزراند. یانی ئەگەر بەراوردی بکەین بە ئێستا کە دانیشتوانی ئەمەریکا نزیک بە ٣٣٠ ملیۆنە، واتە حکومەت ٣٨ ملیۆن ھەلی کار لە کەرتی گشتی بڕەخسێنێ بۆ کرێکاران.

ھەر لەو کاتەدا (١٩٣٣) ڕۆزەڤیڵت بۆ جارێکی تر چۆوە سەر ڕادیۆ و بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا لانی کەمی کرێی دیاری کرد کە ٠.٣ دۆلار واتە (٣٠ سێنت) بوو بۆ ھەر سەعاتێک. کە لە ئێستادا (٢٠٢١) لانی کەمی کرێی حکومەتی فیدراڵی ئەمەریکا (٧.٢٥$) دۆلارە، کە لە ئێستادا نزمترینی لانی کەمی کرێیە لە نێو وڵاتانی (ئۆ ئی سی دی)دا.
OECD= Organisation for Economic Co-operation and Development


ئەم بڕیارانەی کە سەرۆکی ئەمەریکا فرانکلین ڕۆزەڤیڵت لەو کاتەدا دەریکرد لە ژێر فشاری چینی کرێکاری ئەمەریکادا بوو کە خۆیان ڕێکخستبوو لە حیزبی کۆمۆنیست و دوو حیزبی سۆشیالیست و سەندیکا کرێکارییەکاندا. دەرکردنی ئەم بڕیارانە، ئەم سەرۆکەی کرد بە خۆشەویستی خەڵک و شەعبییەتی بەرزبۆوە و چوار جار لەسەر یەک ھەڵبژێردرایەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا. تا لە ١٢ی ئەیپرڵی ١٩٤٥ دا بە جەڵتەی مێشک کۆتایی بە ژیانی ھات، لە کاتێکدا لە تێرمی چوارەمی سەرۆکایەتییەکەیدا بوو.


ڕۆزەڤیڵت بۆ ئەوەی پارە دابین بکات بۆ ئەو بڕیارانەی کە لە بەرژەوەندی چینی کرێکاردا دابووی. زەریبەی سەر کۆمپانیاکانی سەرمایەدارانی زیاد کرد. ڕۆزەڤیڵت لەبارەی زیادکردنی باجی سەر کۆمپانیاکان، بڕیاری نارد بۆ کۆنگرێس و داوایکردبوو کە ھەر کۆمپانیایەک ئەگەر ساڵانە لە سەرو ٢٥ ھەزار دۆلار (بە پێوەری ئێستا واتە نزیک بە ٤٩٠ ھەزار دۆلار) زیاتر قازانج بکات، ئەوا ئەبێت ١٠٠٪ بیدات بە دەوڵەت.


ناردنی ئەم بڕیارەی ڕۆزەڤیڵت بۆ کۆنگرێس، سەرمایەدارانی تووڕە کرد و موناقەشەی زۆری لەسەر کرا لە کۆنگرێسدا. تا سەرئەنجام بە ٩٦٪ ڕازیبوون. تەنانەت تا ساڵانی ١٩٧٠ش باجی سەرکۆمپانیاکان ٧٠٪ بوو.


لە ٢٠١٧ دا باجی سەرکۆمپانیاکان ٣٥٪ بوو. دۆناڵد ترامپ بڕیاری داو ئەمەشی کەمکردەوە و لە ١/١/٢٠١٨ ەوە بوو بە ٢١٪. وە ئێستا جۆ بایدن نیوەی ئەوەی ترامپ بڕیبووی زیاد کردەوە و کردی بە ٢٨٪.


سەرنج بدەن، ئەگەر ئێستاش وەک سەردەمی گرانی گەورە، باجی سەرکۆمپانیاکان بکرێ بە ٩٦٪. لە کاتێکدا لە ئێستادا قازانجی ھەر یەک لەو کۆمپانیا گەورانە دەیان بلیۆن دۆلارە ساڵانە. ئایا ئەتواندرێ چەند گۆڕانکاری گەورەی لەبەرژەوەندی ٩٩٪ی دانیشتوانی ئەمەریکادای پێ بکرێ.

ھێڕشی پێچەوانەی سەرمایەداران و چینی بۆرژوازی ئەمەریکا بۆ سەر چینی کرێکار:

ڕۆزەڤیڵت پێش ئەوەی بمرێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پرسیاریان لێکرد کە، ئایا باشترین شت تا ئێستا لەماوەی سەرۆکایەتییەکەتدا کردبێتت بۆ ئەمەریکا چییە؟ لە وەڵامدا وتی باشترین شت کردبێتم ئەوەیە کە سیستەمی سەرمایەداریم لە ئەمەریکادا پاراست.


لە پاش مردنی ڕۆزەڤیڵت، سەرمایەداران و حیزبی کۆماری یاسای تازەیان دەرکرد و بڕیاردرا کە لەمەودوا ھیچ سەرۆکێک نابێت لە دووجار زیاتر خۆی کاندید بکاتەوە بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

سەرمایەداران و چینی بۆرژوازی ئەمەریکا ئەوەیان لا ڕۆشن بوو کە ڕۆزەڤیڵت لە ژێر فشاردا ئەو بڕیارانەی لە دژیان دەرکردبوو. بۆیە ھێڕش و ڕوی ڕمیان کردە ئەو ھاوپەیمانێتییەی کە لە بەینی کۆمۆنیست و سۆشیالیست و نەقابە کرێکارییەکاندا ھەبوو.


سەرەتا ھێڕشی یەکەمیان کردە سەر گونجاوترین ئەڵقەی ئەو ھاوپەیمانێتییە. کە حیزبی کۆمۆنیست بوو بۆیان. لەماوەی شەو و ڕۆژێکدا کۆمۆنیستەکان لە ڕابەرانی خۆشەویستی خەڵکەوە، لە نوێنەرانی باوەڕپێکراوی مامۆستایان و کرێکاران و ناوەندەکان و گەڕەکەکانەوە، لە بیرمەندی بە ئیعتیباری زانکۆکانەوە، کرانە سیخوڕ و بەکرێگیراوی بێگانە و یەکێتی سۆڤییەت. ھەندێکیان تیرۆرکران یان ئەشکەنجە و زیندانی کران، یان دیپۆرت کران و ڕەوانەی ئەو وڵاتانە کرانەوە کە خۆیان یان باوباپیرانیان لێوەی ھاتبوون. بە ڕەسمی کار و چالاکیان قەدەغە ڕاگەیەنرا و بە دوژمنی وڵات و دانیشتوانی ئەمەریکا وەسفکران.


سەرمایەداران کە لەم کارەدا سەرکەوتووبوون و حیزبی کۆمۆنیستیان تێکشکاند. ئینجا بە ھەمان بیانوو ھێڕشیان کردە سەرحیزبە سۆشیالیستەکان و وتیان ئەمانیش ھەر کۆمۆنیستەکانن و تەنھا ناوەکانیان جیایە. ئەمانیشیان قەدەغە کرد و لەناویانبردن و نایاسایی ڕاگەیەنران.


کە لەم کارەشدا سەرکەوتووبوون، ئینجا بە شێوەیەکی سیستیماتیک ھێڕشی بەربڵاویان کردە سەر نەقابە کرێکارییەکان و لاوازیان کردن و تەبلیغی ژەھراویان لە دژ ڕاگەیاندن و ڕێگریان بۆ دروستکردن تا کەسانی تر پێیانەوە پەیوەست نەبن. ڕابەرەکانیان زیندان ئەکردن و ئەشکەنجەیان ئەدان.


بۆ ئەوەی نەقابەکان نەتوان ئەندامگیری بکەن و ئەو ئەندامانەی ھەشیانە لەدەستی بدەن. بڕیاریاندا کە ھەر بڕیارێک ئەوان لەگەڵ خاوەنکارەکاندا لەسەری ڕێک کەوتن ئەوا ئەو بڕیارە ھەر بۆ ئەندامانی نەقابەکان نییە وھەموو کرێکارانی ئەو ڕشتەیە بەھرەمەند ئەبن لێی. لەم ڕێگەیەوە بە ناڕاستەوخۆ بە کرێکارانیان ئەوت بۆ ئەبن بە ئەندامی نەقابە و ئابوونەیان ئەدەنێ. ئەگەر ئەندامیش نەبن ھەر بڕیارێک دەرچێت تۆش ئەگرێتەوە. ئەمانە سەرەڕای تەبلیغی ژەھراوی ئەوەی کە ئەیانوت ئەگەر ببن بە ئەندام ئەوا ئازادی فەردی لەدەست ئەدەن. حیزبە چەپ و نەقابە کرێکارییەکانیان بە دێوە زمە ئەناساند.

ھەر لەوکاتەوە ئیتر کۆمۆنیزم و بزوتنەوەی سۆشیالیستی لە ئەمەریکادا سەرکوتکرا. ڕەخنەگرتن لە سیستەمی سەرمایەداری قەدەغەکرا. بەکارھێنانی وشەی کۆمۆنیست و سۆشیالیست نایاسایی ڕاگەیەنرا. ئەندامانی نەقابە کرێکارییەکان لە ٨٠-٩٠٪ ەوە کەمکرایەوە بۆ کەمتر لە ١٠٪.

ئەم وەزعییەتە لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە درێژەی کێشا، تا سێپتەمبەری ساڵی ٢٠١١. تا کاتێک بزووتنەوەیەکی تازە سەریھەڵدا. کە بەردەوام بزووتنەوەی تازە لێرە و لەوێ گەشە ئەکات و سەردەردێنێ. ئەم بزوتنەوەیە ناوێکی سەیری ھەبوو " ئۆکیوپای ۆڵ ستریت- داگیرکردنی شەقامی ۆڵ". وە لەمەش سەیرتر ئەوە بوو کە ئەمە بزوتنەوەیەک بوو کە گەنجان ڕێکیانخستبوو کە زۆر دلێر و شۆڕشگێڕ و ھێڕشبەربوون و لە ناوەندی شاری نیویۆرکدا لە پارکێک لە مانھاتن خێمەیان ھەڵدابوو. ئەم بزووتنەوەیە وەک ئاگری دارستان پڕیشکی ھاویشت و بڵاوبۆوە، کە لە ماوەی سێ مانگدا لە ٣٥٠ شاری ئەمەریکادا گەنجان ھەمان کاریان دووبارەکردەوە. ئەوەی لەم بزووتنەوەیەدا خاڵی زۆر بەھێز بوو، ئەوە بوو کە ڕەخنەیان لە کەپیتالیزم نەشاردەوە و ئەمانە کارێکیان کرد کە ھیچ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە ماوەی شەست و پێنج ساڵی ڕابردوودا نەیوێرابوو بیکات لە ئەمەریکادا. شیعاری سەرەکیان بریتی بوو لە ١٪ بەرانبەر ٩٩٪. کە ڕەخنەکەیان ھێندە بە سادەیی و کارامەیی بەیان کرد لە دژی سەرمایەداری، تەنانەت سەرۆکی ئەمەریکاش لە پاش دوومانگ ناچار بوو ھەمان شیعار لە وتاری خۆیدا بەکاربھێنێ. ڕەخنەیان لە ئیقتسادی سیستەمی سەرمایەداری ئەوە بوو کە ئەم سیستەمە کۆمەڵگا دابەشدەکات بە ١٪ کە دەسەڵات و سەروەتی زۆی ھەیە، وە لە بەرانبەریشدا ٩٩٪ کە ھیچیانی نییە یان بەشێکی زۆر کەم لە ھەردوکیانی ھەیە. ئەم بزووتنەوەیە زۆر درێژەی نەکێشا، بەڵام ئەمە پێویستە کەس تووشی سەرسوڕمان نەکات. بزووتنەوەی لەم جۆرە ھەڵئەتۆقێ و ھەوڵئەدا جێپێی خۆی بگرێ و زۆر جار لە ھەنگاوی یەکەمدا
سەرکەوتوونابێت.

لە ئێستادا بۆ جارێکی تر بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و سۆشیالیستی لە ئەمەریکادا لە گەشەکردن و پەرەسەندنێکی بەرچاو و بەردەوامدایە و ئومێدی گەورەی لێ چاوەڕوان ئەکرێ.

ھەژموونی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە سەر کرێکارانی ئەمەریکاوە:

شۆڕشی کرێکارانی ڕوسیا، شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ساڵی ١٩١٧ دا بە ڕابەرایەتی لینین و حیزبی بەڵشەفی، گەورەترین ڕووداوی دنیا بوو لە سەدەی بیستەمدا. ھەژموونی ئەم شۆڕشە بەسەر کرێکارانی ئەمەریکا و تەواوی دنیاوە زۆر کاریگەر بوو. ئەوە ڕاستە کە کرێکارانی ئەمەریکا بە خۆ ڕێکخستن و یەکگرتنیان توانیان داواکانیان بسەپێنن بەسەر چینی سەرمایەداردا. بەڵام لە ھەمان کاتدا ھەژموونی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەئاسانی ئەتواندرێ ھەست پێ بکرێ. ئەوەی لە گرانی گەورەدا کرێکارانی ئەمەریکا بەدەستیان ھێنا تا ئەوەی باڵی چەپی بۆرژوازی لە ئەوروپادا زیاتر دەوڵەتی ڕیفای ھەموارکرد و زیاتر داخوازییەکانی کرێکارانیان دەستەبەر کرد، ھەمووی بەرھەمی خەتەری شۆڕشی ئۆکتۆبەر بوو. بەرھەمی خەتەری شۆڕشی سۆشیالیستی بوو لەسەر بۆرژوازی.

دەرسەکانی کرێکارانی ئەمەریکا لە گرانی گەورەدا بۆ ئێمە:

سەرنج بدەن، ئەگەر لە وڵاتێکی گرنگی وەک ئەمەریکادا، ئەگەر لەوھەلومەرجە شۆڕشگێڕانەیەی گرانی گەورەدا، کە سەرمایەداری لە ئەزمەی قوڵدا بوو. کە ناڕازایەتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش شەپۆلی ئەدا، کە کرێکاران بەھرەمەند بوون لە حیزبی سیاسی و سەندیکای کرێکاری خۆیان، کە بە ڕێزی ملیۆنی خۆیان ڕێکخراو کردبوو لە حیزبی سیاسی و ڕێکخراوە کرێکارییەکاندا و ھاوپشتی یەکتر بوون و ھاوپەیمانێتیان پێک ھێنابوو.


ئەگەر ڕابەرانی ھاوپەیمانێتیەکەیان (کواڵەیشنەکەیان) ڕێفۆرم و شۆڕشیان تێکھەڵپێچایە و لە جیاتی ڕازی بوون بەو ڕیفۆرمانەی سەپاندیان بەسەر چینی سەرمایەدار و بۆرژوازیدا، شۆڕشیان ئەنجام بدایە. ئایا ئێستا چارەنووسی نەک ھەر کۆمەڵگای ئەمەریکا، بەڵکو ھەموو کۆمەڵگای بەشەری، شتێکی جیا تر لەمەی ئێستا نەئەبوو؟

بۆ کرێکارانی سۆشیالیست، بۆ کۆمۆنیستەکان، ڕیفۆرم و شۆڕش تەواوکەری یەکترن. ڕیفۆرم و سەپاندنی لانی زۆری داخوازییەکان بەسەر بۆرژوازیدا، نابێت شۆڕش و گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی لە بیری چینی کرێکار بباتەوە. بەدەستھێنانی داخوازییەکانمان و سەپاندنی ڕیفۆرم ئەبێت گوڕو و تینی زیاترمان باتێ و لە ئەنجامدانی شۆڕش و گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی نزیکترمان بکاتەوە، نەک ساردمان بکاتە و پشتی لێ بدەینەوە. ڕیفۆرم و داخوازییە سەرەتایی و بەرحەقەکان ئەگەر ئەمڕۆش بتواندرێ بسەپێندرێ، ئەوا لە سبەی ڕۆژدا بۆرژوازی کەمی ئەکاتەوە و نایھێڵی و ھێڕشی دڵڕەقانەتر ئەکاتە سەر ماف داخوازییە ڕەواکانمان. ئەمە ئەو دەرسە گرنگەیە کە ئێمە ئەتوانین لە تەجرەبەی کرێکارانی ئەمەریکا لە گرانی گەورەدا لێوەی فێربین.


٢٨\٧\٢٠٢١
ماڵپه‌ڕی عامر سابیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک