١٢\١٢\٢٠٢٢
کۆشەیەک لە ژیانی
کرێکارانی
''سوپەر مارکێتی ستی ستار'' لە سلێمانی.

عامر سابیر
''ستی ستار'' کەوتۆتە ناوەندی شاری سلێمانییەوە. بەرانبەر پەرتووکخانەی
گشتییە. بازاڕێکی شەش قاتییە. لە ٨ی بەیانییەوە ئەکرێتەوە تا کاتژمێر
١١ی شەو. کرێکار دوو شیفت ئیشی تیادا ئەکات. ژمارەی کرێکارەکانی نزیک
بە ٨٠ کەسە. کرێکارەکان بەزۆری كچان و ژنانن، وە بەشێک لەو کرێکارانەی
کە کاری پاککردنەوە ئەکەن، پیاوانن و لە کرێکارانی هاتوون بۆ کوردستان.
ئەم بازاڕە لە ٢٤ ی نۆڤەمبەری ٢٠١١ ەوە کراوەتەوە لە سلێمانی.
کرێکاران لە ستی ستار، هەفتەی ٦ ڕۆژ کار ئەکەن. کارێکی زۆر و کرێیەکی
کەم. کرێی کرێکار لە ٣٦٠ هەزارەوە بۆ ٤٦٠ هەزارە لە مانگێکدا. کرێکار
ئەگەر ڕۆژێک نەخۆش کەوێت و نەچێتە سەر کار، ئەوا پارەی ئەو ڕۆژەی ئەبڕن
و نایدەن. کرێکارانی بەشی جل و بەرگ بە تایبەتی، ئەبێت هەموو شیفتەکە
بە پێوە بووەستن و جلوبەرگەکان ڕێک بخەن و بەدەم کڕیارەکانەوە بچن. خۆ
ئەگەر لە ساتێکدا کە سەرقاڵ نین، تۆزێک دابنیشن و ئیسراحەتێک بدەن بە
قاچەکانیان، ئەوا سەرکارێک کە زۆرجار لە کامێرای چاودێرییەوە سەیر
ئەکات، دێت و ئاگاداری کرێکارەکە ئەکاتەوە کە بۆ دانیشتووە و خۆی
ئەخڵافێنێ. لە ستی ستار کرێکاران هیچ پشوویەکی ساڵانە و هیچ پشووی
نەخۆشی و هیچ بیمەیەکی تریان نییە.
کرێکاران لەم بازاڕەدا هەر داواکارییەک بەرزبکەنەوە، یان هەر
ناڕەزایەتییەک دەرببڕن، خاوەنی سوپەرمارکێتەکە کە دوو بران، زۆر بێ
منەتانە و لوتبەرزانە، ئەڵێن ئەگەر ڕازی نیت ئەتوانی بەجێی بهێڵی و
بڕۆی. لە بەرانبەر هەر داواکارییەکدا ئەڵێن، سەرمێزەکەم پڕە لە فایلی
کرێکاری تر، کە سوپاسگوزارن ئیشەکەی تۆ بکەن و ئەگەر ڕازی نیت فەرموو
بەجێی بێڵە.
زۆربەی کات ئەگەر کرێکارێک نەچێ بۆ ئیش، ئەوا داوا لە کرێکاری ئەو بەشە
ئەکەن کە ئەبێت بمێنێتەوە و ئیشەکەی ئەو کرێکارەی کە نەهاتووە بیکات.
وە ئەو کرێکارەی کاری زیادە ئەکات، واتە داوای لێ ئەکەن کە شیفتێکی
تریش بمێنێتەوە و ئیش بکات، یان ئەگەر کەسێک پاشنیوەڕوان بێت و داوای
لێبکەن کە سبەی بەیانییەکەشی بێت بۆ کار، ئەوا تەنها ١٥ هەزاری ئەدەنێ،
کە پارەی شیفتێکە و هیچ زیاترت نادەنێ بۆ ئەم ئۆڤەر تایمە (کاری
زیادەیە). لەبەرئەوەی کرێکاران مووچەیان کەمە، هەندێ لە کرێکارەکان
مەمنوونن کە شیفتی زیادە هەبێت و بیکەن، تا مووچەکەیان تۆزێک زیاتر بێت
و مەسرەفی خانەوادەکانیان بکەن، بەڵام ئەگەر کرێکارێک لەو بەشەی ئیشی
تیادەکات، داوای لێ بکەن کە ئەبێت بمێنێتەوە بۆ کاری زیادە و شیفتێکی
تریش ئیش بکات، بەڵام ئەگەر کرێکارەکە نەیەوێ بمێنێتەوە لەبەرئەوەی
خاوەن منداڵە و ئەبێت بڕواتەوە بۆ لای منداڵەکەی، ئەوا بەدەست خۆی نییە
و ئیجبارە کە ئەبێت بمێنێتەوە. خۆ ئەگەر دووجار لەسەر یەک ڕەفزی
بکاتەوە، ئەوا ترسی زۆری هەیە کە ئیشەکەی لەدەستبدات، بۆیە لەژێر
فشاردا ناچارە کە بیکات.
لە ستی ستار، جیاوازیی کرێی ڕۆژانی هەفتە نییە و هەمووی وەک یەک وایە.
تەنانەت ڕۆژانی پشووی فەرمیش، ئەوەی لەو ڕۆژەدا کار ئەکات هیچ پارەیەکی
زیادەی بۆ حیساب ناکرێ. نە ئیجازەی نەخۆشی هەیە، نە ئیجازەی ساڵانە
هەیە. زۆربەی کرێکارەکان بەتایبەتی ئەوانەی شیفتی پاشنیوەڕۆیان ئیش
ئەکەن، ناچارن چەند کەس پێکەوە تەکسی بگرن بۆ ڕۆیشتنەوە بۆ ماڵەوە. زۆر
لە کرێکارەکان مانگانە نزیک بە ١٠٠ هەزار بۆ ١٣٠ هەزاری موچەکەیان
ئەدەن بە تەکسی و ڕێگەی هاتوچۆ. کرێکاران هەر شیفتەی تەنها ٣٠ خولەک
ئیسراحەتیان هەیە بۆ نانخواردن. ژووری ئیسراحەتی کرێکارەکان زۆر بچوکە
و هیچ خزمەتگووزارییەکی تیا نییە. بە بیانووی ئەوەی گوایە کرێکارەکان
پیسی ئەکەن، دەرگای مەتبەغەکەشیان داخستووە، نە کترییەکی کارەبایی لێیە
تا ئاوی پێ گەرم بکەی و چایەک بخۆی، نە ئامێری خواردن گەرمکردنەوەشی
لێیە. لە ستی ستار ژمارەی چوون بۆ تەوالێتەکانیشت لەسەر حیسابە و ئەبێ
ئاگاداربی کە چەند جار ئەچی.
لە کوردستاندا، کرێکارانی کۆگا و دوکان و ڕیستۆرانت و مۆڵ و سوپەر
مارکێتەکان، لە بێبەشترین کرێکارانی کوردستانن. کاتژمێر کاری زۆر، کرێی
کەم، تەئمین نەبوونی کارەکە و ئەگەری دەرکردنت لە هەر کات و ساتێکدا کە
خاوەنکار ئارەزووی کرد و مانەوەت لە بەرژەوەندی خۆیدا نەبینێ، ئەوا بێ
هیچ مافێک بێکار ئەکرێی.
لە کوردستاندا بە هۆی ڕێژەی زۆری بێکاری و هەژاری و نەهامەتییەک کە
سەرمایەداران و دەسەڵاتەکەیان سەپاندوویانە بەسەر کۆمەڵگا و چینی
کرێکاردا، کرێکاران ناچارکراون کە سەخترین هەلومەرجی کار بە کرێیەکی
کەم قبووڵ بکەن. بەداخەوە کە دەربڕینی ناڕەزایەتی ئاشکرا و
خۆڕێکخراوبوونی کرێکاران لە نزمترین ئاستدایە. ئەم وتارە بەرهەمی
وتووێژێکە لەگەڵ دوو کرێکاری ستی ستار کە یەکێکیان سێ ساڵ لەوێ ئیشی
کردووە و پار ساڵ وازی هێناوە، وە دووەمیان ئەوە ساڵ و نیوێکە لەوێ کار
ئەکات. هیچ کام لەم دوو کرێکارە ڕازی نەبوون کە ناو و وێنەیان
بڵاوبکرێتەوە، بە بیانووی ئەوەی کە ئەوان لە ڕێگەی ناسین و دۆستایەتی
خاوەنکارەوە ئیشیان پێدراوە و ئەگەر ئێستا بیانناسن کە گلەییان هەیە و
ناڕازین لە ئیشەکەیان ئەوا پێیان ئەوترێ لە باتی یارمەتیدان و کار
پێدانت، سەزەنشتمان ئەکەی و ناڕەزایەتی دەرئەبڕی، وە لە ترسی ئەوەی کە
بێکار بکرێ و لەسەرکار دەربکرێ. بەداخەوە ئەمە هۆکارێکی واقعیی تاڵە لە
کوردستاندا کە کرێکاران هێندە ناچار و بێ مافکراون کە ناتوانن ناو و
وێنەی خۆیان بڵاوبکەنەوە و بە ئاشکرا ناڕەزایەتی دەرببڕن.
با بەکورتی باسی هەندێ لە مافەکانی کرێکارانی هەمان ڕشتە لە وڵاتێکی
وەک ئوسترالیا بکەین و بەراوردی بکەین بە مافی کرێکارانی ستی ستار.
لە ئوسترالیا هەموو کرێکارێک چوار هەفتە بۆ شەش هەفتە پشووی ساڵانەی
هەیە بە کرێی تەواوەوە.
پشووی شفتێکی ٨ کاتژمێری لە ڕۆژێکدا لانی کەم ٥٠ خولەکە، ٢٠ خولەک
بەجیا و پاشان ٣٠ خولەکی تر بەجیا.
هەموو کاری زیادەیەک، دوو کاتژمێری یەکەمی ١.٥ وەردەگری و بۆ
کاتژمێرەکانی تر ئەبێت بە ١.٧٥ تا ٢ هێندە. واتە بۆ نمونە ئەگەر
کرێکارێک کاتژمێری ٢٤ دۆلار وەربگرێ، ئەوا بۆ کاری زیادە بۆ دوو
کاتژمێری یەکەم ٣٦ دۆلار وەئەگرێ و بۆ کاتژمێرەکانی تر ٤٢ تا ٤٨ دۆلار
وەرئەگرێ.
لە ئوسترالیا یاسای (پەناڵتی ڕەیت) هەیە، کە ڕۆژانی شەمە و یەکشەمە کە
پشووی کۆتایی هەفتەیە، لە ڕۆژی شەماندا کرێکار ١.٥ واتە بۆ نموونەکەی
سەرەوە ئەگەر کاتژمێری بە ٢٤ دۆلار ئیش بکات ئەوا (٣٦ دۆلار) وەرئەگری،
وە لە ڕۆژی یەکشەماندا ١.٧٥ (٤٢ دۆلار) وەرئەگری.
لە هەموو ڕۆژێکی پشووی فەرمیدا، کرێکار بۆ هەر کاتژمێرێک ٢.٥ واتە دوو
هێندە و نیو وەرئەگرێ. واتە بۆ نموونەکەی سەرەوە ئەگەر کاتژمێریك ٢٤
دۆلار وەربگڕی، ئەوا لە ڕۆژی پشووی فەرمیدا ئەبێت بە ٦٠ دۆلار لە
کاتژمێرێکدا.
لە ئوسترالیا ئەگەر کرێکار ٣ مانگ لە شوێنێک بەردەوام ئیشی کرد، ئیتر
ئۆتۆماتیکی وەک ئیشی دائیمی بۆی حیسابە و خاوەنکار ناتوانێ یەکسەر بە
بێ مافی دەریبکات.
کرێکار هەر ساڵی ٨ ڕۆژ (٦٤ کاتژمێر) پشووی نەخۆشی هەیە. ئەم ڕۆژانە
ئەگەر لە ساڵی یەکەمدا بەکاری نەهێنێ ئەوا هەموو ساڵێک بۆ ساڵانی
ئایندە کۆئەبێتەوە بۆی و ئەتوانێ لە ساڵانی داهاتوودا بەکاریبهێنێ.
ژووری پشووی کرێکارەکان ئەبێت هەموو خزمەتگوزارییەکی تیابێت و خاوێن
ڕابگیرێ.
ئەگەر کرێکارێک کاتی بێت (کاژوەڵ)، ئەوا ١٠٪ پارەی زیاتر ئەدرێتێ بۆ
قەرەبووی ئەو ئیمتیازات و پشووانەی کە نایدرێتێ. واتە کرێکارەکە بۆ هەر
کاتژمێرێک لە جیاتی ٢٤ دۆلار، ٢٦.٤ دۆلار وەرئەگرێ.
هەموو ساڵێک خاوەنکار، ئەبێت بەپێی هەڵئاوسان (گرانی شتومەک -
ئینفلەیشن) کرێی کرێکار زیاد بکات. کە زۆربەی کات ئەمە
نەقابەکرێکارێیکان بە گفتووگۆ لە گەڵ خاوەنکار و حکومەتدا، ڕێکدەکەون
لەسەری. وە زۆربەی جار سەندیکاکان و کرێکاران ناچارن مانگرتن و
خۆپیشاندان بکەن، تا ئەو ڕێژەیەی بە حەقی خۆیانی ئەزانن بیسەپێنن بەسەر
خاوەنکارەکاندا.
بە پێی یاسای کار خاوەنکار ئیجبارە کە هەر دووهەفتە جارێک (لە
ئوسترالیا کرێی کرێکار هەموو دوو هەفتە جارێک ئەدرێ) بیمەی خانەنشینی
بۆ کرێکارەکە بدات، کە لە حیسابێکی تایبەتی کرێکارەکە خۆیدا، بۆی
هەڵئەگیرێ و کە کرێکارەکە خانەنشین بوو، ئەتوانێ دەریبکات و بەکاری
بهێنێ. ئەمانە سەرەڕای پێدانی پشوو بە کڕێی تەواوەوە لە کاتی
منداڵببوندا (لە ١٣ بۆ ٢٦ هەفتە). وە مافی کرێکار پارێزراوە لە
بەرانبەر هەر هەڵاواردنێکی تەمەن و ڕەگەز و لە کاتی هێڕش و گێچەڵی سێکی
بۆ سەر کرێکار. ئەمانەی سەرەوە بەشێکن لەو مافانەی کرێکار لە ئوسترالیا
بە خەباتی دەیان ساڵی ڕابردووی توانییوێتی بیسەپێنێ بەسەر خاوەنکاردا.
مێژووی سیستەمی سەرمایەداری، بەردەوام مێژووی کێشمەکێشی بەینی کرێکار و
خاوەنکار بووە. سەرمایەداری لەسەرەتای هاتنیدا ١٦ کاتژمێر کاری ڕۆژانەی
بەسەر کرێکاردا سەپاندبوو. سەرمایەداران هەرگیز لە بەخشندەیی و ئینسانی
بوونی خۆیانەوە نییە کە ئێستا کرێکار ڕۆژانە ٧ کاتژمێر و ٨ کاتژمێر کار
ئەکات و لە زۆر وڵاتی دنیادا بە هەندێ لە مافە سەرەتاییەکانی تری خۆی
گەیشتووە. بەڵکو هەموو ئەو داخوازیانەی ئێستا سەپێندراوە، بەرهەمی
خەبات و کۆڵنەدان و ناڕەزایەتی و مانگرتن و خۆڕێکخستنی چینی کرێکار و
سەندیکا کرێکارییەکان بووە، کە داواکاری و مافەکانی خۆی سەپاندووە
بەسەر سەرمایەداران و سیستەمەکەیاندا.
کرێکارانی کوردستانیش، جگە لە هاوپشتی یەکتر و خۆڕێکخستن و بەرگریکردن
لەیەکتر، ڕێگەیەکی تری لەبەردەمدا نییە، تا مافەکانی خۆی بسەپێنێ بەسەر
سەرمایەداران و حکومەتەکەیاندا. هەنگاوی یەکەم لەم ڕاستایەدا ئەوەیە کە
کرێکارانی هەر مارکێت و مۆڵ و ئوتێل و خواردنگە و کۆگایەک، قسەوباس
لەگەڵ یەکتردا بکەن و خۆیان ڕێکخراوبکەن و نووێنەری خۆیان دیاری بکەن،
پاشان لە ئاستی شاردا هەموو ئەم نووێنەرانە، هاوکاری یەکتربن و لە
ئاستی شاردا پێکەوە کاربکەن و داخوازییەکانیان بسەپێنن بەسەر خاوەنکار
و دەسەڵاتداراندا.
ماڵپهڕی عامر سابیر
|