په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١١\٢٠١٢

گۆڤاری ململانێ، بەدوێژیی دەکاتە تلیقانێ؟!


ھیوا رەش       


(لە کۆنسێرتەکەدا کامەران عوسمان برای ھونەرمەندی گیانبەختکردوو وتەیەکی پێشکەش کرد)، ئەمە واژەیەکە لە ڕاپۆڕتە ھەواڵێکی ژمارە - ٣٧ - ی بەرواری تشرینی دووەمی ٢٠١٢ ی لاپەڕە - ٤١ - ی گۆڤاری ململانێدا، لەو ڕاپۆڕتەی باس لە کۆنسێرتەکەی کاروان عوسمانی کۆچکردوو دەکات کە لە سلێمانی بۆی ساز کرا، ئامادەکاری ڕاپۆڕتەکە ( کامەران ڕەواندزی ) یا ھیچ زانیارییەکی لەبارەی کاروان عوسمانەوە نیە وەیان بە مەبەستی کاسبی دەیەوێ بە ھەر شێوە و شێوازێک بێت شتێک بنوسێت ، ئەگینا دەبوایە لە چەمکی گیانبەختکردوو بگەییشتبایە و بیزانیایە چ مانایەک دەبەخشێت!


کاتێک ئێمە پێشمەرگە بووین ، ھاوسەنگەرێکمان دەپێکرا و گیانی لەدەست دەدا ، شانازیمان پێوە دەکرد کە لە پێناوی گەل و نیشتمانەکەیدا گیانی بەخت کردووە و گوندنشینان لە باتی کەسوکاری دوورەدەستی ماتەمیان بۆ دەگێڕا و جاری واش ھەبوو ھاوڕێیانی شەھید لەگەڵ ھەنسکی تاساویان شیعریان بۆ دەنووسی ، ئێستاش کاتێک گەریلایەک شەھید دەبێت ، بە گیانفیدا و گیانبەختکردوو ناوزەد دەکرێت ، چونکە لە پێناوی سەروەری گەلەکەیدا گیانی بەخشیوە ، لێ ئەوەی من بزانم و ئەوەی بەڕێز ( شوان داودی ) ورووژاندی و ئاشکرای کرد ، بەو پێیە بێت کامەران ڕەواندزی شەکری شکاندووە و گۆڤاری ململانێش ناھەقی فەرمووە ئەگەر کاروان عوسمان گیانبەختکردوو بێت ، ئەگەر وایە با پێمان بڵێن لە پێناوی چیدا گیانی بەخت کرد ، گەریلا بوو یان پێشمەرگە ؟ ئەو تاوانەی کاروان گیانفیدایی بێت لای ئەوان ، پێویستە وەکو ئەرکێکی خۆیان لەھەر شوێنێک کە دەستیان پێی دەگات و لێی دەڕوات با ھەوڵی بڕینەوەی موچەی شەھیدانیشی بۆ بدەن.


جا گۆڤاری ململانێ بۆ ئەوەی لە ڕاستییەکان ئاگادار بێت و خەڵک چەواشە نەکات با بفەرموون بۆ خوێندنەوەی ئەو بەڵگانەی شوان داودی خستوویانیەتە بەرچاو کە تەنانەت ناوی ئەو دادوەرانەش بریتین لە ( دادوەران : شێخ لەتیف و ئەحمەد ساڵح - باوکی دکتۆر بەرھەم - و دادوەرێکی عەرەب ) کە فەرمانی لەسێدارەدانی کاروانیان دەرکردووە لە پای ئەو تاوانە قێزەونەی ئەنجامی داوە ، تۆ بڵێی گۆڤاری ململانێ جیاوازیی لە نێوان ئەو دادوەرانە و - عەواد بەندەر - یش نەکات؟!


لەویش سەیرتر ئەوەیە بە گیڤییەوە باس لەوە دەکەن کە (( ساڵی ١٩٨٩ لە لایەن ڕژێمی بەعسی ئێراقییەوە دەستگیر دەکرێت دواتر لە ساڵی ١٩٩١ لە زیندانی ئەبوغرێب لە بغداد لە سێدارە دەدرێ )) ، پەە پەە لەم پیاوە غەمخۆرانە چۆن بە کەس ناگیرێن و کوردایەتی و تاوان ئاوێتەی یەکتر دەکەن ، دەڵێن لە ڕاپەڕینەکەی ١٩٩١ دا تاڵانچییەک پاش ئارەقە و ماندووبوونێکی زۆر لە نھۆمی سەری سەرەوەی تەلاری حەسیب ساڵح - سلێمانی پاڵاس - ی ئێستا ، دەیان پلیکانەی سەرەوخوار دەبڕێ و بە ھەزار فەلاکەت تەلەفزیۆنێکی قەبە بە کۆڵ دەھێنێتە خوارێ و لە شەقامەکە دەیپەڕێنێتەوە و لەبەردەم باغی گشتیدا بە پیاوێک دەڵێت : کاکە گیان توخوا یەک دەقە چاوت لەمە بێت ئێستا دێمەوە . ھەر لە قسەکەی دەبێتەوە بە ھەڵەداوان دەگەڕێتەوە بۆ حەسیب ساڵح تا بیپەرژێتە سەر تەلەفزیۆنێکی تر ، بە ھەمان نەزمی پێشوو بە شەڵاڵی ئارەقەوە تەلەفزیۆنێکی دیکە بە کۆڵیەوە دەنێ و دەگاتەوە شوێنی پێشووی ، تەماشا دەکات نەکابرا و نە تەلەفزیۆن ھیچیان دیار نەماون ، بە ھەناسەیەکی ساردەوە تەلەفزیۆنەکەی دووەم لە کۆڵی دادەنێ و دەڵێ : دە وەرە وەرە کوردایەتی بۆ ئەمانە بکە ! دیارە گۆڤاری ململانیش دەیەوێت دزی و کوردایەتی بکات بە جمک ؟

ھەموو زوڕنایەک بۆ ھەڵپەڕین دەست نادا.

 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک