گرێبەستەکەى عەلاوى لەگەڵ Barbour Griffith & Rogers پڕۆژەیەکى نیشتمانى یان هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەى دیکتاتۆریەت.
محەمەدى مشیر
رەنگە قێزەوەنترین دیاردە لە گۆڕەپانى سیاسى عێراقى ئەمڕۆدا ئەوەبێت کە مرۆڤ وەک عەلاوى بانگەشەى نیشتمانپەروەرى بکات کەچى زۆر بێشەرمانە وابەستەیى خۆى بە وڵاتێکى دەرەکى یان لایەنێکى تایبەت لەو وڵاتەدا رابگەیەنێ و لە هەمان کاتیشدا بانگى ئەوە رادێرێ کە گوایە پڕۆسەیەکى گرنگى لە بەردەستە بۆ چاکسازى بارودۆخى وڵاتەکەى کە رەنگە"بارودۆخى عێراق سەراوژێرکاو کردەکانى کوشتنى تایفەگەرى کەمبکاتەوە." سەرەتاى پڕۆسەى سیاسى لە عێراقى دواى دیکتاتۆریەتدا گەلانى عێراق هێندە بایەخیان بە چییەتى و سیاسەتەکانى ئەو هێزە نەدەدا کە لە دیکتاتۆریەت رزگارى کردن، بەڵکو دڵیان بەوە خۆشبوو کە ئیدى لە سەر دەستى هەر هێز و لایەنێک بێت، تەنانەت بە شێوەیەکى کاتیش بێت، ، دەتوانن نەفەسێکى درێژتر لە جاران هەڵمژن و لە کەش و هەوایەکى ئازاد و دیموکراسیانەدا گوزارش لە بیرو بۆچوونەکانیان بکەن و سەربەستانە نوێنەرانى سیاسى خۆیان دەستنیشان بکەن. ئەم تامەزرۆییە سیاسییەى خەڵکى عێراق لە دەرەنجامدا، هەروەکو ئەمڕۆ بەدیاردەکەوێت، جۆرێک لە بەڕەڵڵایى و سەرلێشێواوى و گێژەنگى سیاسى لەو وڵاتەدا هێنایە ئارا کە بە هیچ شێوەیەک پێشینەى حوکمى دیموکراسى نەبووە، بۆیە سەرەتا ئاسایی بوو کە خەڵک رازى بێت بەوەى کەسێکى کۆنە بەعسى نەناسراو و ئاشکرا نەبووى وەک ئەیاد عەلاوى لە گێژاوى بارودۆخى سیاسى ئەوکاتدا قەبوڵ بکاو بە یەکەمین سەرۆک وەزیرانى بپەسەندێ، هەڵبەت لەمەشدا هۆکارى دەرەکى رۆڵى سەرەکى هەبوو.
ئەو کات تەنانەت لە نێو ئێمەى کورد و کوردستانیشدا واباو بوو کە عەلاوى مرۆڤێکى شارەزایەو لە سەر دەستى ئەودا دەکرێ ئایندەیەکى باشتر بۆ گەلانى عێراق دابین بکرێ و هەر گەلێک بە مافە رەواکانى خۆى بگات و تەواوى ئایین و مەزهەبەکاى عێراقیش بە بێ جیاکارى مومارەسەى مەراسیمەکانى خۆیان بکەن. رەنگە ئەو بۆچوونە لە کوردستاندا لەوێوە سەرچاوەى گرتبێ کە:-
یەکەمیان: عەلاوى سەر بە مەزهەبێکە کە بە درێژایى مێژوو لە عێراقدا چەوسێنراوەتەوەو، کەسێکیش بووە لە گەڵ حزبەکەى خۆیدا(حزبى بەعس) ناکۆکى هەبووە.
دووەمیان: کورد و نەتەوەکانى دیکەى غەیرە عەرەبیش لە رووى چەوساوەییدا هاوبەش و هاودەردن لە گەڵ شیعەدا و دژایەتى هەمان حزبەکەى پێشووترى عەلاویان کردووە.
سێیەمیشان : چونکە سەرکردایەتى سیاسى کورد لە سەربنەماى ئەو خاڵانەى سەرەوە عەلاوى بە دۆستێکى دێرین و هاوپەیمانێکى بە هێز و لە پێشى خۆى ئەژماردەکرد لە عێراقى دواى دیکتاتۆریەتدا.
بە هەرحاڵ نە عەلاوى توانى دان بە خۆیدا بگرێ و زوو کارنامە راستەقینەکەى ئاشکرا نەکات و نە گەلانى عێراقیش لە سەردەمى ئاشکرانەبوونى ئەودا هەستیان بە گۆڕانێکى ئەوتۆکرد لە بوارى ئاسایش و چارەسەرکردنى کێشە رەواکانیان. ئەوەبوو هەر دواى کشانەوەى یەکجارەکى لیستى(الوگنیە العراقیە) لە حکومەتەکەى مالیکى و تاوانبارکردنى لە لایەن Late Editionعەلاوییەوە بەوەى کە(حکومەتێکى سەربە ئێرانى پێکهێناوە)، لە دیدارە تایبەتەکەى بەرنامەى ئهم دواییهی تۆڕی(سیئێنئێن)بەدەرکەوت کەعەلاوى بۆگەڕانەوەى بۆدەسەڵات ئامادەیە هەموو شێوازێکى نادروستو ناڕەوا بگرێتە بەر و تەنانەت لە پشتەوەى هەموو فراکسیۆن و هێزە سەرەکییەکانى عێراقیش بسوڕێتەوە و گرێبەستێکى نهێنى ،که تایبهته به پەیوەندییە گشتییەکانى سەر بە حزبى کۆمارى Barbour Griffith & Rogers لهگەڵ کۆمپانیایەکى وەکو فەرمانڕەوا لە ئەمریکادا، مۆربکات بۆ ئەوەى پڕوپاگەندە و زەمینەسازى بۆ بکەن تاوەکو حکومەتى ئێستاى عێراق لاوازتر بکەن و ئەو بگەڕێننەوە دەسەڵات. ئەمە ئەگەر هەر شتێک بگەیەنێت ئەوا سەرەتا بەو مانایە دێ کە عەلاوى هەر لە سەرەتاى پڕۆسەى سیاسى لە عێراقى دواى دیکتاتۆریەتدا تاوەکو ئێستا هەرگیز بەفیکرى پاراستنى بەرژەوەندە باڵاکانى ئەم وڵاتە و گەلانى نەبووە، بەڵکو هەر بانگەشەیەکیشى لەمبارەیەوە کردبێ تەنها بۆ ئەوە بووە پێگەى خۆى لە دەسەڵاتدا سەقامگیرتر بکات.
پڕۆژەى چاکسازى و دیموکراسیەتێک کە کەسێکى وەک عەلاوى ئەمڕۆکە بە نیازە لە رێگەى کۆمپانیایەکى بیانییەوە بۆ گەلانى عێراقى بهێنێ و کێشەکانى ئەوانى پێ چارەسەر بکات دەبێ تا چەند رەوابێ و چ جۆرە گۆڕانکارییەک بە سەر دۆخى سیاسى عێراقدا بهێنێت کە بەرژەوەندى پێکهاتە سەرەکییەکانى ئەم وڵاتەى تێدا پارێزراو بێت؟؟
رەنگە وەڵامى ئەم پرسیارەى سەرەوە زۆر بە کورتى ئەوە بێت کە چین و توێژە فرە زەرەرمەندەکانى دەستى تیرۆر و کوشتنى تایفەگەرى و بارى نائارامى عێراق پێویستە زۆر منەتبارى کەسێکى وەک عەلاوى بن کە لە بەرنامەکەدا، دواى ئاشکراکردنى کۆپیەکى ئەو نامە ئەلیکترۆنیەى کۆمپانیاى(ئاڕ بی گی) ئاراستەى عەلاوى کردووە ، کە تێیدا ئاماژە بەو کرێیانە دەدات کە دەکەونە ئەستۆى عەلاوى و پێویستە هەر 3 مانگ جارێک بە شێوەى باجى نەگۆڕ و بە بڕى 150 هەزار دۆلار بیداتە کۆمپانیاکە، دواى کەمێک سەرسامى رایبگەیەنێ کە" ئێمە داوامان لەو کۆمپانیایە کردووە تاکو یارمەتیمان بدات بیرو بۆچوونەکانمان بخەینە بەردەست عێراقییە نیشتمانپەروەرەکان نەوەکو عێراقییە تایفەگەرەکان". سەیرە کەسێک ئاوا بێشەرمانە باس لە عێراقى بوون و نیشتمانپەروەرى بکات کەچى خۆیشى توسقاڵێک نیشتمانپەروەرى تێدا نەبێت!!
* تێبینى وتە خوازراوەکانى نێوان دوو کەوانە لە دەقى ئەو دیدارەدا هاتوون کە تۆڕى(سی ئێن ئێن) ماوەیەک لەمەوبەر بڵاوی کردۆتەوە و جیگەى ئاماژەپێکردنیشە کە پڕۆژەکەى عەلاوى لە گەڵ کۆمپانیاى ناوبراودا بە پێى گوتەى پەیامنێرى (سى ئێن ئێن) لە کۆشکى سپى (ئێد هێنرى) بەناونیشانى(( سەرکردەیەکى نوێ لە عێراقدا)) یەو، بە قسەى هێنرى ئەو نامەیە لەو رۆژەدا گەیشتووە کە وێرنر و لیفین داوایان لە پەرلەمانى عێراقى کردووە کە مالیکى بگۆڕن. هەروەها پەیامنێرى ناوبراو بۆ راستى ئەو گرێبەستە لە گەڵ جێگرى کۆمپانیاکە دواوە کە دانیپێداناوە عەلاوى لە گەڵ کۆمپانیاکەى کرێبەستى بۆ ئەم مەبەستە مۆرکردووە. لە لایەکى دیکەدا لەوەڵامى پرسیارێکى پەیامنێرى تۆڕى (سى ئێن ئێن) دا کە چ هۆکارێک وادەکات کۆمپانیایەکى نزیک لە کۆشکى سپى بەم کارە هەڵسێت؟ وتەبێژى کۆشکى سپى( گۆردن جۆندرۆ) روونیکردۆتەوە کە گرێبەستێکى لەم چەشنە لە نێوان عەلاوى و ئەو کۆمپانیایەدا هەیە و رەنگە هۆکارەکە ئەوەبێت کە پارەیەکى زۆریان دەست دەکەوێت!!
|