٨\١٢\٢٠١٧
گرنگیی پەرتووک لە
دیدی ناوداراندا.

رەزا ساڵح
پەرتووک
یەکەمین مامۆستای مرۆڤە، سوودەکانی خوێندنەوەی پەرتووک هێندە زۆرن
نایەنە هەژماربکەین.. جیاوازییەکی زۆریش لە نێوان ئەو کەسانەدا هەیە کە
پەرتووک دەخوێننەوە لەگەڵ ئەوانەی کە پەرتووک ناخوێننەوە.. وەکو دەڵێن
زێڕنگەر نرخی زێر دەزانێت، تەنها خۆێنەری راستیشە کە بایەخ و چێژ و
خۆشیی و گرنگیی و سوودەکانی خوێندنەوە پەرتووک دەزانێت.
پەرتووک بانکێکی پڕ لە زانست و زانیاری هەمەڕەنگەیە، کانییەکی ئاو
سازگاری روون و هەمیشە خوڕە. هەرکەسێک بە خوێندنەوەی پەرتووک گۆش و
گەورە کرابێت، هەرگیز بچووک نابێتەوە. پەرتووکجوانترین و بەهادارترین
دیارییە. ئەگەرچی هەندێک پێیان وایە لەم رۆژگارەدا، بە هۆی تەکنۆلۆژیا
و داهێنانی ئامێری تازەوە، بە هۆی ئێنتەرنێت و خوێندنەوەی
ئەلیکترۆنییەوە، کەمتر پەرتووکی چاپکراو دەخوێنرێنەوە، بەڵام هەرچەند
تەکنۆلۆژیای پێشبکەوێت و ئامێری تازەش بێنە کایەوە، چێژی خوێندنەوەی
پەرتووکی نووسراو و چاپکراوی باش و بەسوود کاڵ نابێتەوە.
توێژینەوەیەکی پراکتیکی نوێی ئەمریکی، ئەوەی سەلماند کە خوێندنەوەی
پەرتووک، کاریگەرییەکی ئەرێنی و باشی دەبێت بۆ دوورخستنەوەی مرۆڤ لە
دوودڵی و خەمۆکی و بێزاری و گوشار و باردۆخی نەرێنی دەروونی.
پێویستە دان بەو راستییەدا بنێین کە هەموومان، بە تایبەتیش رۆشنبیران و
نووسەران تا رادەیەکی زۆر قەرزاری خوێندنەوەی پەرتووکی هەمەچەشنەین.
خوێندنەوەی پەرتووک هۆیەکی سەرەکییە بۆ دەوڵەمەندبوونمان بە زانست و بە
زانیـاری هەمەچەشنە،بۆ زیاتر رۆشنبیری بوونمان، هۆیەکە بۆ زمان پاراوی
و بۆ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی زمانمان بە وشە و بە زاراوەی نوێ، کە
دەبێتە هۆی ئەوەی کە بتوانین باشتر وجوانتر گوزارشت لە بیر و خەیاڵ و
بۆچوونی ناخی دەروونمان بکەین.
لەگەڵ تێپەڕبوونی کات دا، خوێنەری دەق گرتوو و خووگرتوو بە خوێندنەوەی
پەرتووک بۆی دەردەکەوێت، کە پەرتووک باشترین هاوڕێیە و، پەشیمانیش نییە
لە بە سەربردنی ئەو کاتانەی کە بە خوێندنەوەی پەرتووک بەسەری بردن، هەچ
را و تێبینی و سەرنج و را و بۆچوونێکی جیاوازیشی دەربارەی پەرتووکەکان
هەبن، لە بایەخیان کەم ناکاتەوە خۆی بە قەرزارباریان دەزانێت.
دایکان و باوکانی خۆشەویست، مامۆستا دڵسۆزەکان، هەر لە منداڵییەوە،
منداڵەکانتان و قوتابییەکانتان بە خوێندنەوەوەی پەرتووکی باش و بەسوود
رابهێنن و هانیان بدەن و بیانکەن بە دۆستی هەمیشەی پەرتووک، تا
خوێندنەوەی پەرتووک و گۆڤارەکانی منداڵان ببن بە خوویەکی رۆژانەیان و
بە ئارەزوویەکی هەمیشەییان.
پێم خۆشە کە چەپکی وتەی جوان و شیرین دەربارەی بایەخی پەرتووک بخەمە
بەر دیدی خوێنەرانی خۆشەویست، کە لە گوڵزاری گوڵ هەمەڕەنگەی وتەکانی
ناودارانی جیهانەوە بۆم گوڵبژێر کردوون.
(*) تۆ لە ماڵی خۆت دایت و بە خوێندنەوەی پەرتووک گوزەری جیهان دەکەیت.
" دارین "
(*) من بەبێ پەرتووک ناتوانم بژیم.
" تۆماس جێڤرسۆن "
(*) لە ژیانم دا لەو کاتانە خۆشتر و شادترم نەبینیوە، کە لە نێوان
پەرتووکەکانم دا بەسەرم دەبردن.
" جێمس شیرلی "
(*) ماڵی بێ پەرتووک وەکو جەستەیەکی بێ گیانە.
" تشسترۆن "
(*) پەرتووکە باشەکان هاوڕێی راستن.
" فرانس باکۆن "
(*)کۆڵەکەی پێشکەوتن لە سەدەی نوێ دا، پەرتووک و رۆژنامەیە.
" رۆزڤێڵت "
(*) پەرتووک مامۆستایەکی بێدەنگە.
" ئۆلۆس جالینۆس "
(*) وا دەزانم هەموو ئەو شتانەی لە ژیانم دا دەیانزانم، لە پەرتووکەوە
فێریان بووم.
" جان پۆل سارتەر "
(*)ئەو پارەیەی کە وڵاتێک لە کڕینی پەرتووک دا خەرجی دەکات، گەر لەو
بڕە پارەیە زیاتر نەبێت کە بۆکڕینی (بنێشت) خەرجی دەکات،ئەوە وڵاتێکی
ناشارستانییە.
" ئەلبێرت هیوبارد "
(*) پەرتووکەکان کۆمەڵێک کاغەزی مردوو نین، ئەوان هۆشن و لەسەر
رەفتەکانن دا دەژین.
" گیلبەرت تهایت "
(*) پەرتووک تەنها هاوڕێ نییە، بەڵکو هاوڕێیانیشت بۆ دروست دەکات.
" هێنری میللەر "
(*) پەرتووکێک ئەو چێژەی نەبێت کە چەند جارێک بخوێنرێتەوە، هەرگیز
شایانی ئەوەش نییە کە بخوێنرێتەوە.
" ئۆسکار وایڵد "
(*) زۆر پەرتووک هەن باشترین شت تێیاندا، تەنها بەرگەکانیانن.
" چارلس دیکنز "
(*) تا پەرتووک زۆرتربن، زانیاریش زیاتر دەبێت.
" ئۆمەر هانسیس "
(*)نووسەر تەنها نیوەی پەرتووکەکەی دەنووسێت، نیوەکەی تری خوێنەر
دەینووسێت.
" یوسف کۆنزاد "
(*) باشترین پەرتووک، ئەو پەرتووکانەن کە خوێنەران وا هەست دەکەن، کە
خۆیان نووسیویانن.
" باسکال "
(*) پەرتووکێک دەتوانێت بە تەنها، تەوای پەرتووکخانەیەک ئاوەدان بکات.
" ئەمەرسۆن "
(*) بەسوودترین پەرتووک ئەو پەرتووکانەن، خوێنەر هاندەدەن بۆ
تەواوکردنیان.
" ڤۆڵتێر "
(*) کە پەرتووک کۆدەکەیتەوە، واتە شادی کۆدەکەیتەوە.
" ڤینست ستاریت "
(*) بەختەوەر کەسێکە کە بە یەکێک لەم دوو شتانە شادبێت: بە پەرتووکە
باشەکان یان بە هاوڕێیانی پەرتووکدۆست.
" ڤیکتۆر هۆگۆ "
(*) پەرتووک ئەو هاوڕێ دڵسۆزەیە، کە بە بێدەنگی هەڵەکانی من راست
دەکەنەوە.
" هەودا "
(*) تۆ لە یەک شەودا ئەم پەرتووکە دەخوێنیتەوە، بەڵام من لە پێناوی
نووسینی دا، تەواوی مووی سەرم سپی کردووە.
" منتکیۆ "
(*) مرۆڤی ژیر، پەرتووک ژیان هەردووکیان دەخوێنێتەوە.
" لین یۆتانگ "
(*) ئەگەر تۆ باخچەیەک و پەرتووکخانەیەکت هەبێت، واتە لە هیچت کەم نییە.
" مارکۆس تۆلیوس سیکەرۆ "
(*) هەرگیز پەرتووک بە ئامانەت بە کەس نەدەیت، تەنانەت ئەگەر بڕوای
تەواویشت بەو کەسانە هەبێت، لە پەرتووکخانەکەی مندا تەنها ئەو
پەرتووکانەی تێدان کە بە ئامانەت لە خەڵکیم وەرگرتوون.
" ئاناتۆل فرانس "
(*) ئەو شتانەی کە من حەزدەکەم بیانزانم لە پەرتووک دان، چاکترین
هاوڕێشم ئەو کەسەیە کە پەرتووکێکم پێشکەش بکات کە من نەم خوێندۆتەوە.
" ئابراهام لینکۆڵن "
(*) پەرتووکخانەکەت پڕبێت لە پەرتووک، باشترە لەوەی کە جزدانەکەت پڕبێت
لە پارە.
" دیگۆن لایلی "
(*) کێشەی نێوان من و ژنەکەم ئەوەیە، ئەو بڕە پارەیەی پاشەکەوتمان
کردووە، ئەو دەیەوێت بازنگێگی زێڕی پێ بکڕێت، منیش دەمەوێت پەرتووکێمی
پێ چاپ بکەم.
" گۆردن مۆریس "
(*) هەر کەسێک پەرتووکێکی بەسوود لەناوبەرێت، واتە مرۆڤێک دەمرێنێت.
" میلتۆن "
(*) وریابە، کاتێک کە پەرتووکێک دەربارەی تەندروستی دەخوێنیتەوە،
لەوانەیە هەڵەیەکی چاپ کۆتایی بە ژیانت بهێنێت.
" مارک توین "
(*) کە بۆ یەکەمین جار پەرتووکێک دەخوێنمەوە،وا هەست دەکەم کە
هاوڕێیەکی تازەم گرتووە، کە بۆ دووەمین جار دەیخوێنمەوە، هەست بەوە
دەکەم کە هاوڕێیەکی کـۆنم بەسەردەکەمەوە.
" ئۆلیڤەر سمیس "
(*) پەرتووک رابەرە لە بچووکیدا، خۆشی بەخشە لە گەورەییدا، هاوڕێیە لە
تەنیاییدا.
" جۆنسۆن "
(*) بە ـ ئەرستۆـ یان وت: چۆن کەسێک هەڵدەسەنگێنیت؟ لە وەڵام دا وتی:
لێی دەپرسم چەند پەرتووک دەخوێنیتەوە و، چی دەخوێنیتەوە؟
(*) ببە بە گەورەی پەرتووک، نەک بە کۆیلەی.. بخوێنەوە بۆ ئەوەی بـژی،
مـەژی بۆ ئەوەی بخوێنیتەوە.
" ئەدوارد لیتۆن "
(*) درێژە بە خوێندنەوەی پەرتووک بدە، بەڵام ئەوەت لە یادبێت کە
پەرتووک تەنها پەرتووکە.. پێویستە تۆ فێری ئەوە بیت کە بیر لە خۆت
بکەیتەوە.
" مەکسیم گۆرگی "
(*) هەندێک پەرتووک ئازادیمان پێدەبەخشن، هەندێکی تریان ئازادمان دەکەن.
" ئەمەرسۆن "
(*) مێژووی پیشەسازی، پەرتووکێکی کراوەیە بۆ تواناکانی مرۆڤ.
"کارل مارکس"
(*) ئەو تاوانەی کە لە سووتاندنی پەرتووکێک مەترسیدارترە، ئەوەیە کە
نەیخوێنیتەوە.
"جۆزیف برودسکای".
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|